رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی ئەڵمانی دەریخستووە، ئەو گوشارە دەروونییەی مرۆڤ لە منداڵیدا تووشی دەبێت، ئەگەری تووشبوونی بە ئازاری درێژخایەن و دڵەڕاوکێ لە گەورەییدا زیاد دەکات، بەتایبەتی لە خانماندا.
توێژینەوەکە، کە لە زانکۆی هایدڵبێرگ ئەنجامدراوە، ئاشکرای دەکات کە گوشاری دەروونیی قۆناخی منداڵی، گۆڕانکاریی هەمیشەیی لە پەیوەندیی نێوان ئەو بەشانەی مێشک دروست دەکات کە بەرپرسن لە هەستکردن بە ئازار و مەترسی.
بەگوێرەی توێژەران، ئەم گۆڕانکارییە وەک "کاریگەرییەکی شاراوە" لە مێشکدا دەمێنێتەوە. کاتێک ئەو کەسە لە داهاتوودا تووشی هەر پێکانێکی جەستەیی دەبێت، ئەو کاریگەرییە دەردەکەوێت و وا دەکات هەستکردن بە ئازار زۆر بەهێزتر و درێژخایەنتر بێت.
د. سێباستیان ڤیلاند، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "گوشاری دەروونی لە قۆناخی منداڵی دەتوانێت شوێنەواری بەردەوام لە مێشکدا بەجێبهێڵێت، ئەمەش هەستیاری بۆ ئازاری درێژخایەن زیاد دەکات".
چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا:
- دیاریبکە چی دەبێتە هۆی گوشاری دەروونی وەک فشاری کار، نیگەرانیی دارایی، کێشەی پەیوەندییەکان، کێشەی تەندروستی، یان گۆڕانکارییە گەورەکانی ژیان
- قسەکردن و هاوبەشیکردن
- ئەنجامدانی جووڵەی بەردەوام وەک رۆیشتنی خێرا، مەلەکردن، یان پایسکل سواری
- کات بۆ پشوودان و چێژوەرگرتن تەرخان بکە
- هەوڵبدە خەوێکی رێک و سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگت هەبێت



