رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی سەنتەری ماکس دێلبروک لە ئەڵمانیا دەریخستووە، دووکەڵی جگەرە گەشەی وێڵاش تێکدەدات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی کۆرپەلە دروستدەکات، تەنانەت لە چەند هەفتەی یەکەمی دووگیانیشدا.
د. فلۆریان هێرس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، روونیدەکاتەوە، "پێشتر دەمانزانی جگەرەکێشان زیان بە فرمانی وێڵاش دەگەیەنێت، بەڵام ئێستا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم زیانە لە چەند هەفتەی یەکەمی دووگیانییەوە دەستپێدەکات."
توێژینەوەکە دەریخستووە، لە خانمانی دووگیانی جگەرەکێش، خانەکانی وێڵاش چالاکییان تێکدەچێت، هەروەها ئەگەری زیادبوونی خوێن مەیین لەسەر رووی وێڵاش زیاد دەکات، کە دەتوانێت رێڕەوی خوێن بۆ کۆرپەلە کەمبکاتەوە.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە وازهێنان لە جگەرەکێشان لە هەر قۆناخێکی دووگیانیدا بێت، سوودی بۆ دایک و کۆرپەلە هەیە و رایدەگەیەنن، "پەیامی توێژینەوەکەمان روونە: هەرچەندە خانمانی دووگیان زووتر واز لە جگەرەکێشان بهێنن، باشترە."
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، جگەرەکێشان لە کاتی دووگیانیدا، مەترسیی لەدایکبوونی پێشوەخت، کێشی کەمی منداڵ و لەبارچوون زیاد دەکات. هەروەها دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە گەشەی کۆرپەلە و دروستبوونی ناتەواوی لەکاتی لەدایکبووندا، وەک لێو و مەڵاشووی شەقبوو. جگە لەوەی کێشەی تەندروستیی درێژخایەن بۆ منداڵەکە دروستدەکات، مەترسیی مردنی لەناکاوی کۆرپەش (SIDS) بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە. ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە تەنانەت دوای لەدایکبوونیش بەردەوام دەبن و زیان بە تەندروستیی دایک و منداڵ دەگەیەنن.



