رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی هەولێر، چەند رێنوێنییەکی گرنگ لەبارەی قوربانیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتدا دەداتە هاونیشتمانییان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێکارە تەندروستییەکان لە سەربڕخانەکان بە باشی جێبەجێ دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-5-2026 د. سۆران عەبدوڵڵا، پزیشکی ڤێتێرنەری لە بوڵتەنی تەندروستی داوایکرد، هاونیشتمانییان ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە سەرنەبڕن و بۆ ئەو مەبەستە سەردانی سەربڕخانەکان بکەن، چونکە لەوێ رێکارە تەندروستییەکان بە وردی جێبەجێ دەکرێن.
چۆن گۆشتێکی تەندروست هەڵبژێرین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟
پزیشکە ڤێتێرنەرییەکە چەند خاڵێک بۆ ناسینەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتی تەندروست دەخاتەڕوو:
رەنگی گۆشت: گۆشتی تەندروستی مانگا رەنگی سووری گەشە، مەڕ و بزنیش رەنگی پەمەییە.
رەقبوونی گۆشت: گۆشتی تەندروست تووندە و کاتێک پەستانی دەخەیتە سەر، راستەوخۆ دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
هەڵگرتنی گۆشت: دوای سەربڕین، پێویستە گۆشت بۆ ماوەی 24 کاژێر لە پلەی گەرمی 8 بۆ 10 پلەی سیلیزی هەڵبگیرێت، ئینجا بخورێت.
مامەڵەی وریایانە: پێویستە هاونیشتمانییان بە وریاییەوە و بە بەکارهێنانی دەستکێش مامەڵە لەگەڵ گۆشتدا بکەن، دوای تەواوبوونیش دەبێت ئەو کەلوپەلانەی بۆ لەتکردنی گۆشت بەکارهاتوون، بە جوانی بشۆردرێن.
لە کۆتایدا د. سۆران عەبدوڵڵا هۆشدارییەکی توند دا لەبارەی ئەو ئاژەڵانەی کە لەسەر زبڵخانە و شوێنە پیسەکان بەخێودەکرێن و دەڵێت، "ئەو ماددە زیانبەخشانەی لەنێو زبڵخانەکاندان، لە گۆشتی ئەو ئاژەڵانەدا دەمێننەوە و مەترسیی گەورەیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەرز دەکەنەوە."