رووداو- هەولێر
چارەسەری کیمیایی یەکێکە لە رێگەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجە کە لەو رێگەییەوە دەتوانرێت خانەشێرپەنجەییەکان لەناوببرێن و مەترسیی سەرهەڵدانەوەشیان کەمدەکاتەوە.
کاتێک کەسێک وەک تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێت، پزیشک پلانێکی تایبەتی چارەسەری بۆ دادەنرێت، بۆیە لەوانەیە کەسەکە هەم نەشتەرگەری بۆ بکرێت و هەمیش چارەسەری کیمیایی و تیشکی پێبدرێت، کاریگەری ئەم رێگەیانەش بۆ چاکبوونەوە لە شێرپەنجەکە پەیوەندی هەیە بەو قۆناخەی کە شێرپەنجەکەی تێدا دەستنیشان دەکرێت.
خانەکانی جەستە بەشێوەیەکی بەردەوام زۆردەبن، بەڵام ئەم پرۆسەیە کۆنترۆڵکراوە، کاتێک پرۆسەی زۆربوونی خانەکان لە کۆنترۆڵ دەردەچێت خانەکان بەشێوەیەکی نائاسایی زۆردەبن، بۆیە کاتێک کەسێک چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت ئەو چارەسەرە رێگە لەو زۆربوونە نائاساییە دەگرێت، چارەسەری کیمیایی لەوانەیە تەواوی جەستە یان بەشێکی بگرێتەوە.
چارەسەری کیمیایی رێگە لە زۆربوونی خانەکان دەگرێت و هەروەها خانە شێرپەنجەییەکان دەکوژێت، هەندێکجار چارەسەری کیمیایی بەر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێیە شێرپەنجەییەکان دەکرێت، یان دوای نەشتەرگەری بە نەخۆشەکە دەدرێت ئەمەش بەپێی حاڵەتی نەخۆشەکە دەگۆڕدرێت.
چارەسەری کیمیایی بێگرفت نییە، چونکە لەرێگەیی ئەم چارەسەرەوە نەک تەنیا خانە شێرپەنجەییەکان بەڵکو خانە ساخەکانی جەستەش لەنێودەچن، لەوانەیە لەو ماوەیەدا تووشبووەکە تووشی چەندین گرفت ببێتەوە وەک هێڵنج و رشانەوە، هەڵوەرینی موو، بێهێزی، هەوکردن، کەمخوێنی، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و دابەزینی کێش.
چارەسەری کیمیایی بە چەند رێگەیەک دەدرێتە نەخۆشەکە بۆ نموونە لەرێگەی دەم، خوێن یان لەرێگەی پێستەوە بەپێی قۆناخی شێرپەنجەکەش ماوەکەی دەگۆڕدرێت، لەوانەیە یەک ژەمی دەرمان لە رۆژێکدا بە نەخۆشەکە بدرێت یان لەوانەیە پێویست بکات زیاتر لەو ژەمە وەربگرە.




