رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی بەریتانیا باس لە رێککەوتنی سایکس - پیکۆ دەکات و دەڵێت، "بەوشێوەیەی کە نەخشەی بۆ کێشرا هەڵەبوو."
لۆید رەسڵ مۆیل، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەبێت رێگە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە سووریا.
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "حەزێک هەیە بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ" بۆ رۆژئاوای کوردستان هەروەها "حەزێک هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن" و دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردن کرا هەوڵدەدەن تیمی چاودێریی هەڵبژاردنەکان بنێرن بۆ رۆژئاوای کوردستان.
بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێشیش دەڵێت کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان "باشە دەستیان درێژ بکەن بۆ دیمەشق بە مەبەستی چارەسەرێکی سیاسی کە توانای هەبێت ئۆتۆنۆمی ئەوان لە سووریایەکی گەورەدا بپارێزێ."
لۆید رەسڵ مۆیل، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا رۆژی 13ی شوباتی 2023 سەردانی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی شەهیان تەحسینی دایەوە.
سەبارەت بە یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان گوتی، "پێموایە کێشانی هێڵی سایکس - پیکۆ بەو شێوەیەی کە نەخشەی بۆ کێشرا هەڵەبوو." لە هەمانکاتدا گوتی، "ناکرێت" مێژووی 100 ساڵ هەڵبوەشێننەوە، "بەڵام ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە خەڵکی کورد دیموکراسی، ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینیان هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لۆید رەسڵ مۆیل، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا
رووداو: بەڕێز لۆید بەخێربێن. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەخێرهاتن بۆ رووداو.
لۆید رەسڵ مۆیل: سوپاس، زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان.
رووداو: ئێوە بەم دواییانە لە رۆژئاوای کوردستان گەڕانەوە. منیش دەمەوێت ئامانجی سەردانەکەتان بزانم. بزانم بۆچی چووبوون، چووبوونە کوێ و سەردانی کێتان کرد؟
لۆید رەسڵ مۆیل: بەڵێ، ئەمە سێیەم جارە سەردانی دەکەم. هەموو جارێکیش شاندی پەرلەمانتارانی بەریتانیامان هێناوە بۆ ئەوەی سەردانی دەسەڵاتەکان بکەن، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و هەروەها هێزەکان، مەبەستم HSD یە. هەروەها ئێمە هەوڵدەدەین و دیدار لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی رێکدەخەین، دەزانی لەگەڵ سەندیکاکان و رێکخراوە ناحکومییەکان کە ئێستا لە ناوچەکەدا کار دەکەن. هەڵبەت بەپێی دۆخەکە، ژمارەی کەسەکان [کە دەیانبینین] کەم و زیاد دەکات. دوایین جار، توانیم سەردانی هەندێک لەو کەمپانە بکەم کە لەوێ ئەو خەڵکانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە تێیدا کۆکراونەتەوە. ئەم جارەش، توانیمان سەردانی ژمارەیەک کەمپ بکەین کە کەسانی ئاوارەی نێوخۆیی تێیاندا دەمێننەوە، بۆیە ئەوە بۆ سەیرکردنی پرسە مرۆییەکانە.
ئێمە هیوادارین لە گەڕانەوەمان دا بۆ لەندەن بتوانین لەگەڵ لەندەن قسە بکەین، واتە حکومەتی بەریتانیا لەبارەی پشتیوانی فراوانتر کە ئێمە بتوانین لەڕووی مرۆییەوە ئەنجامی بدەین، بەڵام هەروەها لەڕووی سیاسییەوە، چونکە پێموایە هەموومان نیگەرانین ئیستا ئەوە 12 ساڵە لە سووریا شەڕی نێوخۆیە. دەبێت دڵنیاببین کە دیموکراسی، پێکهاتە سەرەتاییەکانی دیموکراسی کە لە رۆژئاوا چەکەرەیان کردووە لەلایەن سووریا، تورکیا یاخود هێزەکانی دیکەوە لەنێونەبرێن.
رووداو: تۆ باسی ئەو کارەساتە نوێیە یان ئەو رەوشەت کرد کە ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هەیە. کارەساتێکی مەزن روویداوە و خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانی. گلەییەکی گەورە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت، دەڵێن، "هاوکاری ناگەیێننە ئێمە". ئێوە لە نزیکەوە بینیتان و بەرپرسەکانی رۆژئاواشتان بینین، چ رێگرییەک هەیە، چ ئاستەنگییەک هەیە کە هاوکاری ناگەیێندرێنە رۆژئاوا و سووریا؟
لۆید رەسڵ مۆیل: باشە، زۆربەی ئەو خەڵکانەی لە هەرێمی رۆژئاوا دەژین زۆر بەخراپی زیانمەندنەبوون، هەروەها هەرێمەکە خۆیشیان هاوکارییان کۆکردوونەتەوە، بەڵام ئەگەر بچینە سەر ئەو ناوچانەی کە زیاتر و تووندتر کاریگەر بوون، کە نیوەی لەژێر رکێفی حکومەتی سووریایە، نیوەکەی دیکەشی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانن کە زۆریان لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.
کێشەکە ئەوەیە دوو کاروان لە هەرێمی رۆژئاواوە دەستیان بە جوڵەکردووە، هەروەک دڵنیام زۆر یارمەتی و هاوکاریی سەربەخۆی دیکە بە رێگەوەن و، ئەو هاوکارییانە لە چەند خاڵێکی پشکنینی جیاواز گیریان خواردووە. یەک لەو هاوکارییانە لە خاڵێکی ژێر دەسەڵاتی تورکیا گیریخواردووە، تورکیا حەزدەکات هەموو هاوکارییەکان سەرەتا بڕۆنە تورکیا و، دواتر بەڵێنی ئەوە دەدەن بۆ خۆیان دابەشی بکەن. ئاشکرایە ئەمە بۆ دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا دۆخێکی پەسندکراو نییە، چونکە ترس و مەترسی هەیە کە هاوکارییەکە ئاراستەی بگۆڕدرێت بۆ شوێنی دیکە و، ئەوان [رۆژئاوا] دەیانەوێت ئەو هاوکارییانە بە دیاریکراوی بۆ ئەو خەڵکانەبێت کە لە ناوچە زیانمەندبووەکان دەژین. هەروەها نیگەرانییەکی راستەقینەیان هەیە کە رەنگە دەسەڵاتەکانی تورکیا دڵنیانەبنەوە کە هاوکاری بە بەشی پێویست دەگاتە گوندە کوردییەکان، یاخود دەگاتە سوورییەکان و گرووپی ئیتنیکی کەمینەی دیکە. بۆیە ئەوان دەخوازن ئەو هاوکارییانە بگەنە ئەو شوێنانە.
ئەو کاروانەی بۆ سووریا دەچوو، ئەو شوێنەی لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقە، ئێمە گوێمان لێبووە کەمێک زیاتر قورس بووە، ئەمەش لەبەرئەوەی دیمەشق داوای کردووە رێژەیەکی سەدی لە هاوکارییەکە بۆ خۆیان هەڵبگرن. بۆیە گفتوگۆیەک لە ئارادایە لەبارەی ئاخۆ تێدەپەڕێت، ئەوەی بەر لەوەی بگاتە خاڵی کۆتایی چەندی لێ هەڵدەگیرێت.
ئێستا، کاتێک ئێمە قسەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان لە رۆژئاوا کرد، لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پێیان وابوو دانوستاندنەکان بەردەوامن و وا هەستم کرد گەشبین بن کە هاوکارییەکە لە کۆتاییدا دەگاتە شوێنی مەبەست، بەڵام ئەم دواکەوتنانە واتە دواکەوتن لە [پاراستنی] ژیان و، پێموابێت نیگەران بوون کە لایەنەکان هەوڵی خۆیان نەداوە بۆ ئەوەی هاوکارییەکان تێپەڕن.
رووداو: باشە، ئەوە نزیکەی 10 رۆژ بەسەر کارەساتەکەدا تێدەپەڕێت، ژیانی خەڵکیش هەر لە مەترسیدایە، دەمەوێت بزانم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی... بۆ نموونە لەلایەکەوە تورکیا ناهێڵێت، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی سووریا ناهێڵێت، لەلایەکی دیکەشەوە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان ناهێڵن ئەو هاوکارییانە بگەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ نموونە بەریتانیا، لەو لایەنەوە دەبێت چی بکات؟ چونکە پێشتر رۆژئاوا لەجیاتی بابلهەوا داوای کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووریی کرد بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگەنە ئەو ناوچانەی بوومەلەرزە زیانی پێگەیاندوون؟
لۆید رەسڵ مۆیل: ئێمە ناوی خۆمان لەو بانگەوازە نووسیوە، دەشزانم کە حکومەتی بەریتانیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکان، لە سووریا و تورکیا و هەروەها لە عێراق، بۆ ئەوەی هانیانبدات بۆ کردنەوەی دەروازەی زیاتر بۆ ئەوەی هاوکاری بە ئاسانتر بگوازرێنەوە؛ بەڵام بە تەنیا دەروازەی سنووری دەرەکی نا، کێشەکە ئەوەیە خاڵی پشکنینی ناوخۆیی و دەروازەمان هەن. ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە سەرچاوەی گرتووە و لەنێو پەرلەمانیش لە هەفتەی رابردوودا چەند جارێک باس کرا، ئەویش ئەو کاتەی راگەیێندراوێکی لەناکاومان لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە هەبوو لەبارەی ئەم پرسەوە. ئەمە شتێکە پارتەکەم، پارتی ئۆپۆزیسیۆن، چەند راگەیێندراوێکی دیاریکراوم لەم بارەیەوە لە کۆتایی هەفتە بڵاوکردووەتەوە. ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت لەوە زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی داوا بکرێت ئەو دەروازانە بکرێنەوە، خۆ ئەگەر نەشکرێنەوە، ئێمە پێشنیاز دەکەین ئەو گفتوگۆیە ببرێتە ئەنجوومەنی ئاسایش. لە دوایین بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە دڵنیاییەوە بەو جۆرە نەبوو. بۆ هاوکاریی مرۆیی بەشێوەیەکی گشتی بۆ سووریا، ژمارەیەک دەروازە لەو لیستە دەرهێندران، چونکە پێیانوابوو دەبێت تیشکی هاوکارییەکان لەسەر ژمارەیەکی کەم لە دەروازەکان بێت. بوومەلەرزەکە هەموو ئەو شتانەی گۆڕی، بۆیە ئەگەر خۆویستانە ئەو دەروازانە نەکرێنەوە، ئەوکات دەبێت بڕۆینە ئەنجوومەنی ئاسایش و بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەوبارەوە وەربگرین کە رێگە بە کردنەوەیان بدات. من حەزدەکەم خۆمان لەمە بەدوور بگرین، چونکە ئەوە کاتی پێویستە. گرنگترین شت گوشاری دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی ئەو دەروازانە، نەک بە تەنیا دەروازە دەرەکییەکان، بەڵکو دەروازە ناوخۆییەکانیش بکرێنەوە و ئازادبن، ئەویش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی کە دەڵێت، دەبێت هاوکاریی مرۆیی لەکاتی کارەساتەکاندا بەشێوەی ئازاد تێپەڕن.
رووداو: ئەو کارەساتە نەک ئەوەی هاوکاریی زیاتری نەهێنا، بەڵکو ئەو هاوکارییە مرۆییانەیشی هەبوون بۆ ماوەیەک دەرگەیان بە روودا داخرا. دەمەوێت بزانم، لەجیاتی ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییانەی ئێوە بۆ کردنەوەی ئەو رێیانە، ئێوە وەک پەرلەمانتار و ئۆپۆزیسیۆن هیچ داوایەکتان هەیە کە بەریتانیا هاوکاریی زیاتر بۆ سووریا و تورکیایش بنێرێت، بەتایبەتی سووریا؟
لۆید رەسڵ مۆیل: چەند گفتوگۆیەکی رژد هەن و، گوتیشم کە ئێمە هەفتەی رابردوو لەوبارەوە راگەیێندراوێکی بەپەلەمان هەبوو لە پەرلەماندا، بەجۆرێک ئێمە داوای هاوکاریی بەپەلەی زیاترمان کرد. ئێستا حکومەت دەڵێت، هەوڵەکانیان زیاتر دەکەن. من سەر بە پارتی ئۆپۆزیسیۆنم، بۆیە بەدڵنیاییەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە حکومەتی بەریتانیا بەداخەوە دوو ساڵ لەمەوبەر پابەندییەکانی سەبارەت بە هاوکاریی مرۆیی بەشێوەیەکی گشتی کەمکردووەتەوە، لەکاتی قەیرانی کۆڤید ئەوەی کرد و، چیدی زیادی نەکردووەتەوە، بەپێچەوانەی حکومەتەکانی دیکەوە کە زیادیان کرد. بۆیە ئێمە حەز دەکەین، من حەز دەکەم حکومەتەکەم قەبارەی هاوکارییەکان زیاتر بکات و هەروەها دیاریکراوتر ئاماژە بدات کە بڕێکی سەدی دیاریکراو بۆ کاتی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە خەرج بکرێت، بەڵام ئێستا ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەم مەبەستە جیانەکراوەتەوە.
ئێستا گفتوگۆیەک هەیە کە ئێمە لە پەرلەمانی بەریتانیا درێژەی پێدەدەین، ئەمانە گفتوگۆی دوور مەودان و پێموابێت هەموولایەک حەز دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ بگەینە ئەو ئامانجە. ئەوەش فریای تورکیا یان سووریا ناکەوێت بۆ دۆخی ماوە کورت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبێت تیشکی بخەینە سەر ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی ئایا پێویستییەک هەیە بیگەیێنینە ئەوێ. شتێک کە ئێمە دەبێت بیکەین و ئێستا لە بەریتانیا روودەدات، ئێستا بانگەواز بۆ خەڵک کراوە تاوەکو پارە ببەخشن و حکومتیش لای خۆیەوە بە قەبارەی هەمان بڕی بەخشراو لەلایەن خەڵکەوە دەبەخشێت، لە رێگەی چەند میکانیزمێکەوە، بۆ ئەوەی بڕێک ببەخشێت کە هاوتابێت لەگەڵ قەبارەی بانگەوازی بووژانەوەی کاتی کارەسات. ئێمە لە بەریتانیا ئەمە دەکەین. بۆیە مەرج نییە پارە کێشە بێت، ئێستا کێشەکە رێگەپێدانە. هەر ئەوەی بتوانین رێگەپێدان وەربگرین بۆ چوونە ناوەوە، ئەوکات دەتوانین هێندەی دڵ بخوازێت پارە کۆبکرێتەوە.
رووداو: باشە، تۆ باسی حکومەت و سەردانی خۆت کرد بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان، سەردانی بەر لەمەی ئێستایشت بۆ ناو کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، دەمەوێت باسی ئەو هاووڵاتییە بەریتانییانە بکەم کە لەلای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن و لە زیندانی ئەواندان کە هەندێکیان لەناو داعشدا بوون و دەبێت تاوانی گەورەیان کردبێت، بەڵام حکومەتی بەریتانیا دەستی خۆی لێ شۆردوون و ئەوانی لەوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر واز لێهێناون کە بەڕاستی ئەوانیش دەسەڵاتی دارایی نییە و کەلوپەلیان کەمە. بۆچوونی تۆ لەسەر ئەو پرسە چییە کە بۆ نموونە ئەو هاووڵاتییە بەریتانیانە تاوەکو ئێستا لەنێو کەمپی هۆل یان زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا ماونەتەوە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: ئەم بابەتە چەند بوارێک لەخۆ دەگرێت، ئەگەر ئەوانە چەکداری پێشووی داعش بوون، بە باوەڕی من دەبێت لە ناوچەکە دادگایی بکرێن، دەڵێم دەبێت لە ناوچەکە دادگایی بکرێن، چونکە تاوانەکان لە ناوچەکە کراون و، بەڵگەکانیش هەر لە ناوچەکەدان. لەگەڵ ئەوەدا، پێموایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەریتانیاوە دەبێت تێچووی پرۆسەی ئەو دادگەیە لەئەستۆبگرن.
ئێمە پێشتر نموونەی هاوشێوەمان بینیوە، جا لە سیرالیۆن بێت یاخود رواندا، لەو شوێنانەی دادگەی نێودەوڵەتی پێکهێنراون، بەدڵنیاییشەوە لە لایبریاش بە هەمان شێوە. ژمارەیەک لەو دادگەیانە یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆییان تێکهەڵکێش کردووە و، هەرکات ئەو تێهەڵکێشە کراوە، بەهێزتری کردووە. ئەگەر دەرکەوت ئەو کەسە بەریتانییانە تاوانبارن، کە پێموایە ئەگەری هەیە وابن، هەر یەک لەوانە، ئەوکاتە ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی بەریتانیایە دڵنیابێتەوە کە بەند دەکرێن، یاخود تێچووی راگرتنەکەیان بدات. شتێکی راست نییە ئەو قورساییە بخرێتە سەر ملی دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا. بەڵام پێموایە، کاتێکیش لەوێ لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان قسەم کرد، تێگەیشتنی من ئەوەبوو وەک بڵێی پێشنیازی ئەوە بکەن کە ئەوان دەیانەوێت دادگایی ئەو خەڵکە لە ناوخۆ بکرێت و لە ناوخۆ دادگەری بەرپابێت، چونکە تاوانەکان لەوێ کراون.
ئێستا، ئەگەر خێزانێکی ئەو کەسانەت هەبێت کە سەر بە داعش بوون، ئەوکاتە پرسیارەکە قورستر دەبێت. چونکە بەدڵنیاییەوە، ئەگەر هیچ بەڵگەیەکیان نەبێت کە ئەوان بەشدارنەبوون لە کوشتنێکی راستەوخۆ، یاخود بەشێک نەبوون لە رژێمی دڕندەی داعش، ئەوکات دۆخێک دێتە ئاراوە کە یان دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و پاشان دادگایی دەکرێن، یاخود دەبێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پارەی دادگاییکردنیان لە ناوچەکە بدەیت.
بۆچوونی من ئەوەیە، ئێمە پێشوەختە دەزانین لە بەریتانیا تاوان بووە پەیوەندیت بە داعشەوە هەبێت، هەر دەبێت بەوشێوەیەش بێت. بۆیە ئەگەر کەسانێک هەن پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت و دەسەڵاتەکان پێیانوایە پێویست ناکات لە ناوچەکە دادگایی بکرێن، ئەوکات پێموایە دەبێت بهێندرێنەوە بەریتانیا و دواتر دادگایی بکرێن. باوەڕم وایە کارێکی راستبێ ئەو خەڵکە بنێردرێن بۆ وڵاتێکی سێیەم، وڵاتێک کە رەنگە هیچ کات ئەو کەسانە پەیوەست نەبووبن پێوەی. یان دەبێت لە ناوچەکە دادگایی بکرێن، یاخود دەبێت بگەڕێندرێنەوە بەریتانیا و دادگایی بکرێن.
شتێکی زۆر ئاسانە وڵاتان دەستی خۆیان لە کێشەکە بشۆن، بۆیە من و هاوکارەکانمان هەوڵمانداوە پاڵنەربین بۆ حکومەتی بەریتانیا تاوەکو پێیان بڵێن دەبێت یەک لەم دوو شتانە بکەن. دەبێت سیستەمێکی گونجاوی دادگە پارەداربکەن، لێرە لە ناوچەکە - لە سووریا - یاخود دەبێت بگەڕێندرێنەوە و دواتر بەردەوام بین. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام ئەمە پرسێکی ئاڵۆز و قورسە.
بەریتانیا خراپترین تاوانبار نییە، رەنگە بەهەموویەوە چەند سەد کەسێکمان لە کەمپەکاندا هەبێت، بەڵام تێکڕا نزیکەی زیاتر لە 20 هەزار کەس هەن کە یان داعشن یاخود پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، چ لە کەمپ بن یاخود لە زیندان بن. رەنگە بەشێکی زۆر، زۆرترینیان، بە تێگەیشتنی من، خەڵکی یەكێتیی سۆڤیەتی جارانن. دەزانی زمانی زۆربەیان رووسییە. لەوێ کێشەیەکی گەورەترمان هەیە، ئەوان قبووڵ ناکەن ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بۆیە دەبێت لە ناوچەکە دادگایی بکرێن و رووبەڕووی یاسا ببنەوە. بۆیە ئەرکی دادگەی نێودەوڵەتییە تێچووەکەی دابین بکات.
رووداو: وێڕای پرسە ئەمنییەکان، داعش و رەوشی ئاوارەکان کە ئێوە باستان کردن، دەمەوێت بزانم ئێوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان بەدەر لە پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD، ئێوە دانیشتنتان هەبووە؟ وەک بەریتانیا بۆ ئێوە چەندە گرنگە کە هەردوو لایەنی رۆژئاوا کە ناکۆکییان لەگەڵ یەکدا هەیە لێک نزیک ببنەوە؟ رۆڵی ئێوە چییە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: ئێمە مەبەستمانە پارتەکان پێکەوە کار بکەن، هەڵبەت بەدڵنیاییەوە تۆ ئیدارەیەکی دیفاکتۆت هەیە کە ئێستا لەلایەن پەیەدەوە سەرکردایەتی دەکرێت، بۆیە دەبێت لەوبارەیەوە راستگۆ بین کە ئەوان ئاراستەی زۆربەی چالاکییەکان لە سێ کانتۆنە سەرەکییەکە دەکەن لە رۆژئاوا. ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتییان کۆبووینەوە، ئێمە بە تایبەت باسی هەڵبژاردنمان کرد، هەروەها باسی ئەوەمان کرد خەڵک ئازادبن لە دەربڕینیان لەبارەی ئەوەی حەز دەکەن پشتیوانی لە کێ بکەن، چونکە لە 2017-وە هەڵبژاردن نەکراوە، هەرچەندە ئەوە ماوەیە هێشتا لە ماوەی پێنج ساڵەی یاسایی خۆی لاینەداوە، بەڵام تاوەکو لەو کاتە دوور بکەوینەوە، زەحمەتتر دەبێت بزانین کێ پشتیوانی لە کێ دەکات. بۆیە حەزێک هەیە بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ، دەستوورێک کە هەموو لایەک لە خۆبگرێت و، ئێمە باسی پشتییوانی ئەوەمان کرد. هەروەها حەزێک هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. کێشەکە ئەوەیە، ئەگەر بەردەوام پەلکێشانی تورکیا هەبێت، ئەو کاتە ئاخۆ چەندە دەگونجێت هەڵبژاردنێکی گشتگیرمان هەبێت، ئەمەش شتێکە پێویستی بە پشتیوانییە.
ئێمە باسمان لەوە کرد، ئەگەر هەڵبژاردن کرا، چۆن ئێمە هەوڵدەدەین و تیمی چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەنێرین بۆ ئەوەی سەردانیان بکەن، هەروەک چۆن هەمان شت دەکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە لە جیهان و، پەرلەمانتار دەنێرین بۆ چاودێری تاوەکو بزانین هەڵبژاردنەکان ئازاد و بێگەرد بوون. بەڵام بۆ ئێستا، پرۆسەیەک هەیە کە دەبێت بکرێت. لە ستۆکهۆڵم گفتۆگۆی دیکە هەن کە لەلایەن ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتەوە سەرپەرشتی دەکرێن. ئەوەی دەبێت بیکەن، بە بۆچوونی ئێمە، ئەوەیە لێکنزیک ببنەوە لەگەڵ گرووپەکانی دیکە، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە سووریا، هەروەها لەڕووی بنەماشەوە، دەستیان درێژ بکەن بۆ دیمەشق بە مەبەستی چارەسەرێکی سیاسی کە توانای هەبێت ئۆتۆنۆمی ئەوان لە سووریایەکی گەورەدا بپارێزێت.
رووداو: باشە. با لە رۆژئاواوە بێینەوە بۆ هەرێمی کوردستان. کێشەکانی هەرێمی کوردستانیش هەر هەمان کێشەن، بەڵام بەشێوازێکی جیاواز. دەزانن کە لێرە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوو حیزبی سەرەکین و ناکۆکیان هەیە. بۆ نموونە ناکۆکی ئەو دوو حیزبە بووەتە هۆکاری زۆر شتی وەک ئەوەی هەڵبژاردن نەکراوە، بودجە بۆ پەرلەمان نانێردرێت و، رەوشی خەڵک خراپە. جا من دەمەوێت بزانم کە ئێوەی بەریتانیا لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانتانەوە پەیامی روون و ئاشکراتان بۆ ئەو دوو حیزبە چییە؟ بۆ ئێوە چی گرنگە؟ رۆڵی بەریتانیا چییە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: سەیرکە، ئەوە هیچ یارمەتیدەر نابێت ئەگەر پارتەکان لە چەند ناوچەیەک دەستیان بە سەر ئۆرگانەکانی دەوڵەتدا گرتبێت، بەجۆرێک کە ئەوانی دیکەی لێ بێبەش کرابن. من دەزانم بەریتانیا و ئێمەش بۆ خۆمان ویستێکمان هەیە بۆ پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو کە بتوانێت یەکبخرێتەوە، هێزەکانی ئاسایش یەکبخرێنەوە و لەیەک جیا نەبن، بەڵام هێشتا زۆری ماوە تاوەکو ئەوە بێتەدی. راستییەکەی نەخوازراوە لەکاتێکدا کوردستان ئاوا دابەشبووە، بەغدا دەتوانێت بەردەوام حوکمی خۆی بکات. ئێمە پێویستیمان بە کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتووە لێرە لە باکووری عێراق، بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆیەکی شیاو هەبێت لەگەڵ بەغدا. بەڵام لەکاتێکدا کوردستان دابەشبووبێت، ئەوە کارەکە زەحمەتتر دەکات بۆ هەبوونی ئەو گفتوگۆیانە، هەروەها بۆ ئەمنییەت و بەردەوامبوونی هەرێمەکە.
ئەوەی تەواو هیوادارین ئەوەیە کە حکومەتی ئێستا، هەرچەندە ئێستا یەک حیزب زاڵە بەسەریدا، بە دۆخێک گەیشتووە بەجۆرێک ئەگەر سەیری ئەندامانی کابینەکە بکەیت، ئەوان خەڵکی بەشەکانی دیکەی هەرێمیش لەخۆ دەگرن، ئەوان خەڵکانێکیان هەیە کە تەنیا پاشخانی حیزبییان نییە، بەڵکو پاشخانی رێکخراوە ناحکومییەکان و مافەکانی مرۆڤیان هەیە. ئێمەش کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی کابینەی حکومەت کردووە کە هەڵگری ئەو پاشخانانەن. ئەمەش کەمێک مایەی دڵنیاییە کە حکومەتێکت هەیە خاوەنی توانای جیاوازە و، دەبێت گشتگیربێت. ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت، ئەوە پرۆسەیەکی ئەرێنییە و دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ شتی دیکە. ئەوە کۆتایی نییە، بەڵام بە روون و ئاشکرا دیارە کە ئاراستەی نیگەرانکەر هەن سەبارەت بە ناکۆکیی نێوان دوو پارتەکە.
رووداو: ئەو ناکۆکیانە وایانکردووە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت. سەدان ساڵە بەریتانیا وڵاتێکی دیموکراسییە و پەرلەمانی خۆی هەیە و داوودەزگای خۆی هەیە. هەندێک جار هەست دەکەم دەبێت بەرپرسەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بیریان بخرێتەوە کە سازنەکردنی هەڵبژاردن و نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان چەند کاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسە دیموکراسییە دەبێت کە لە هەرێمی کوردستان هەیە. بە بۆچوونی تۆ زیانی ئەوە چییە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: بەڵێ، حکومەتی بەریتانیا هەمیشە لەگەڵ ئەوەبووە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە هەڵبژاردنە نێوخۆییە دیموکراسییەکان لەکاتی خۆیان بکرێن و بەردەوام بن، لەجیاتی ئەوەی تیشک بخەنە سەر پرسی دیکە، گشتپرسی و شتی دیکە. یەک لەو شتانەی کە دەبێت هاوتەریبی هەڵبژاردن بێت بریتییە لە سەرژمێرییەکی دروست و بزانیت کێ لێرەیە، ئەوانەش بڕیاری سیاسیی قورسن، بەڵام دەبێت بکرێن، چونکە هەرێمەکە دەبێت لەسەر بنەمای دانیشتووان بێت، بزانرێت ئێستا کێ لە کوێیە. ئێمە تێدەگەین ئەمانە پرسی هەستیارن، بەڵام تاوەکو زیاتر دوای بخەیت، زەحمەتتر دەبێت. بۆیە هەستم وایە ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، ئێمە دەبێت ئامانجمان بێت ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت. نابێت هەر بەردەوام دوای بخەین، دەبێت رێکەوتێکی بۆ دیاری بکەین و کار بکەین تاوەکو لەو رێکەوتە بکرێت. حکومەتی بەریتانیاش، لە رێگەی دامەزراوەکانمان، بۆ نموونە دامەزراوەی وێستمینیستەر، بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردنی هەموو لایەنەکان، لە هەموو ئاراستەکان دا، بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە دروستکردنی بڕیاری دیموکراسی دا.
رووداو: باش. نیشانەی دەرکەوتنی دیموکراسی لە جێیەک بریتییە لە پرسی ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی چالاکڤانان و رۆژنامەڤانان. ئێمە لە ساڵی 2022دا زۆر پێشێلکاریمان بەرامبەریان بینی. بەریتانیا خۆیشی لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانییەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا قسەی کردووە. نیگەرانیی بەریتانیا لەو پرسەی مافی ئازادیی رادەربڕین و پێشێلکارییەکاندا لە چییە؟ نیگەرانیی ئێوە چییە؟ قسەتان چییە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: پێموایە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری دووانەیەکی پێکەوەن. ئەمە کێشەیەک نییە تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان. مەبەستم ئەوەیە، سەیرێکی دراوسێیەکان بکە، تورکیا زیاتر لە هەر وڵاتیكی دیکە لە جیهان رۆژنامەڤانی دەستگیرکردووە، زۆرجار بە شێوەیەک زێدەڕۆیی تێدا دەکات و دادوەرانە نییە. لە سووریا رژێمێکی بەعسی لە سووریا هەیە کە رۆژنامەڤان و خۆپێشاندەر بەبێ جیاوازی دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەیان دەدات. لەلایەکی دیکەش ئێران هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی هەموو دەرفەتێکی ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندەران خامۆش بکات، بەتایبەت ئەو حوکمە بێمانایانەی لە دژی ئەو کەسانە دەریدەکات کە بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە لە چوارچێوەی خۆیدا سەیر بکەین. شتەکان سەر بە کێشەن، بەڵام مەرج نییە هێندەی هەندێک لە دراوسێیەکان خراپ بن.
بەڵام شتێک کە نابێ رێگە بە خۆمان بدەین رووبدات ئەوەیە کە ئاراستەکە بگۆڕێت، چونکە ئامانج لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو کە دەستپێکردن بێت بە دامەزراندنی جۆرێک لە دیموکراسی کە رێگە بە کوردەکان، هەروەها کەمینەکان بدات خۆبەڕێوەبردن و ئازادیی رادەربڕینیان هەبێت. بەڵام ئەگەر ئەوە لەبیر بکەین و رووبکەینە سیستمێک کە جۆرێکی دیکە لە بۆچوونی تاکڕەوی بسەپێنێت، ئەوکات لە کۆتاییدا ئێمە دەچینە نێو بازنەیەک لە تووندوتیژی و ناڕەزایی، چونکە رەنگە ئەگەر رێگە بە ئازادیی رادەربڕین نەدەیت، ئەوکات خەڵک ناچار بکەیت بە شێوەی تووندوتیژتر و تووندتر بۆچوونی خۆیان دەربڕن. لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، ئازادیی رادەربڕین دەرچەی خۆخاڵیکردنەوەیە لە تووندوتیژی، بۆیە دەبێت ببینین ئازادی هانبدرێت. بەڵام ئێمە کێشەیەکی جیهانیمان هەیە، ئازادیی رادەربڕین لە رووێکەوە لەسەر ئینتەرنێت بێ قەید و بەندە، بەڵام لەڕووی دیکەوە، حکومەتەکان ئامرازی زیاتر بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی ئازادیی خەڵک. بۆیە بەڵێ، ئێمە کێشەیەکمان هەیە و، بەڵێ لێرە چەند شتێک باسکراون، بەڵام دەبێت بیخەینە دووتوێی خۆی، لە چوارچێوەی وڵاتانی دراوسێ دا.
رووداو: باشە. تۆ باسی ئێرانت کرد. ئەوە شتێکی بە بیری من هێنایەوە، هێرشە بەردەوامەکانی درۆنەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە ئەو سەقامگیرییە لەنێو هەردوولادا کەم بوو، زیاتر نەیهێشتووە. لەبەرئەوە هێرشە بەردەوامەکانی ئێران لە ماوەکانی رابردوودا، مەترسییەکی مەزن لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەکەن. ئێوەیش دەیان دیپلۆماتی بەریتانیتان لێرە هەیە. ئەوە وایکردووە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە بکرێت، بەڵام کردار نەبووە؛ ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو هێرشانە چۆن دەبینن؟
لۆید رەسڵ مۆیل: ئێمە ئێستا پێویستیمان بە داواکارییەکی فەرمی حکومەتی عێراق هەیە، حەز بکەیت یاخود نا، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بۆیە ئەوە حکومەتی عێراقە مافی ئەوەی هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا بکات. بەبۆچوونی من کە حکومەتی عێراق و بەدڵنیاییەوە کە سەرۆکیش کوردە دەبێت سکاڵایەکی نووسراو بداتە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بکات سەیری ئەو بابەتە بکات. دەبێت داوای سەپاندنی سزا بکات، ئەگەر دۆخەکە ئەوەی خواست، دەشتوانێت - بۆ مەبەستی کۆتایی - داوا لە هێزی نێودەوڵەتی بکات تاوەکو بەرگری لێبکات. من دەمەوێت خۆمان لەوە بەدوور بگرین، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ خۆی هەر ئێستا زیاد لە توانای خۆی سەرقاڵی شەڕی نەخوازراوی ئۆکراینایە، بەڵام ئەوە یەکەم جار نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت و پشتیوانی لە عێراق بکات، بەڵام دەبێت عێراق ئەو داوایە بکات. من ناتوانم، وڵاتەکەم ناتوانێت، ئەڵمانیا و فەرەنسا ناتوانن، ئەمریکاش ناتوانێت بە نوێنەرایەتی ئەوە بکات، چونکە ئێران درۆنی مەترسیدار بەکاردەهێنێت. ئێران ئەوە لە زۆر شوێن لە جیهاندا دەکات. بەڵام با راستگۆ بین، ئێمە لە دۆخی سیاسیی عێراق دەگەین، ئەمە وادەکات ئەوە زۆر زەحمەت بێت، بەهۆی ئەوەی لایەن و خەڵکی جیاواز پەیوەندیی جیاوازیان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی ئەو داخوازییە لە لایەن ئەوانەوە نەیێت، تاوەکو ئەوکاتەی لە بەغداوە ئەو داوایە نەکرێت، ناتوانم رێگەیەک ببینم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری بکات.
ئێستا بە کردار، ئەگەر ببینین چەکی قەدەخەکراو بەکاردەهێنرێن، چەکی کیمیایی، ئەگەر تاوانی فراوانتر، تاوانی جەنگ ببینین، ئەوکات دەکرێت بنەمایەک هەبێت بۆ خەڵکانی دیکە تاوەکو بیگەیێننە کۆمیتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام لەم قۆناخەدا و بۆ ئێستا کە درۆن بەکاردەهێنرێن بۆ بە ئامانجکردن و کوشتنی سیاسی و سەربازی، بەداخەوە پێموایە وادەخوازێت عێراق خۆی سکاڵا بکات.
رووداو: تێگەیشتم، بەڵام درۆنەکانی ئێران خەڵكی سڤیلیان کردووەتە ئامانج و منداڵ و ژنیش بوونەتە قوربانی، گوند چۆڵ کراون؛ ئامانجی ئەوان تەنیا لەسەر بنکە سەربازییەکان نییە. پرسەکە تەنیا ئەوە نییە کە سەربازی بێت، بەڵکو خەڵکی سیڤیلیش دەکرێنە ئامانج؟
لۆید رەسڵ مۆیل: بەڵێ، ئەگەر ئەوە بەردەوامبێ و پەرەبسەنێت بۆ قۆناخێکی بەرفراوانتر، ئەوکات بنەمایەک هەیە کە کەسانی دیکە لای نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا بکەن. شتێکی دیکە بەدڵنیاییەوە ئەوەیە کە عێراق ئەندامێکی تەواوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی نییە، بۆیە لەبارەی تاوانی جەنگەوە، ئەگەر ئەو تاوانانە لێرە ئەنجامدرابن، ئەمە هەمان کێشەی چەکدارەکانی داعشە، ئەوە شکستی عێراقە لە بە ئەندامبوونی تەواوەتی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و، ئەمە ئیشەکە زەحمەتتر دەکات بۆ داگاییکردنی خەڵک لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی کاتێک تاوانەکە لێرە ئەنجامدرابێت. بۆیە هاوڕام لەگەڵتدا کە ئێمە دەبێت کرداری زیاتر بکەین، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی ئێستا بە جۆرێک داڕێژراوە کە دەوڵەت، نەک خەڵک، باڵادەستن. من حەزدەکەم پێچەوانە بووایە، بەڵام من ناتوانم ئەوە بگۆڕم، هیچ نەبێت ئەگەری نییە لە ژیانی مندا رووبدات.
رووداو: دەمەوێت لەبارەی پرسی بەغدا و هەرێمی کوردستانیشەوە بزانم. لەنێوان ئەوانیشدا ناکۆکی هەیە، هەرچەندە ئێستا لەنێوان حکومەتی هەردوولادا گفتوگۆ هەیە، بەڵام کاتێک سەیر دەکەیت دەبینیت کە دادگەی فیدراڵی پار بڕیارێکی دەرکرد و ئەمساڵ بڕیاری دەرکرد، بەتایبەت باسی پرسی وزە دەکەم. ئەوە وایکرد کە دوو-سێ کۆمپانیای نەوتی جیهانی لە کارەکانیان بکشێنەوە. ئەو بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی وایانکردووە کە بەریتانیایش بیر لەوە بکاتەوە کە بازرگانیی وزە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا رابگرێت یان کەم بکاتەوە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: ئەوە من نیم بڕیاربدەم ئاخۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن. هیوادارم بەردەوام بن. کاتێک چەند ساڵ لەمەوبەر سەردانی ئێرەم کرد، من سەردانی بەغدام کرد و لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ئەوێ قسەم کرد. بۆیە پێویستییەک هەیە پێکەوەبن. ئەو پێکەوەبوونەش دەبێت لەسەر دوو ئاراستە بێت. یەکەم لەبارەی ئەو هێڵە شینەی کوردستانە و، ئەو گشتپرسییەی کە پێویستە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بکرێت، دەبێت بەڕاستی رووبدات. ئاراستەی دووەم دەبێت کێشەی ئەم پارەی نەوتە چارەسەر بکەین. بە بۆچوونی من، شتێکی ژیرانە نییە چاوەڕێ بکەی هەموو پارەی نەوت بنێردرێت بۆ بەغدا و دواتر دەست بە نزا و پاڕانەوە بکەیت تاوەکو بەڵکو پارەکە بنێرنەوە بۆ کوردستان. بەڵام دەبێت ژمێریاری و وردبینی گونجاو هەبێت، پێوەرەکانی وردبینی لە راستیدا لێرە زۆر باشن و لە بەغداش زۆر خراپ. بۆیە بەدڵنیاییەوە، ئەگەر لەجێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوومایە، دەمگوت، نامەوێت بینێرم بۆ بەغدا بەوهیوایەی لە بەغداوە بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا بەغدا بۆ خۆی وردبینی ژمێریاری خۆی ناکات. کاتێک بەغدا رەچاوی پرۆسەی وەکیەکی ناکات. بۆیە بەتەواوی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێدەگەم. بەڵام دۆخی یاسایی ئەوەیە کە داهاتی نەوت هەمووی بگەڕێتەوە بەغدا و دوایی جارێکی دیکە ئەوان بینێرنەوە، ئەوەش بابەتێکی دەستوورییە. بۆیە کارەکە زەحمەت دەکات. ئێمە دۆخێکی دیفاکتۆمان هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی پارە دەکات، دواتر دۆخێکی یاساییمان هەیە کە داوادەکات بەغدا کۆنترۆڵی بکات. من دڵنیام، لێرەدا سازشێک هەیە لەبارەی وردبینیی گونجاوەوە، رێگە بە هەموو لایەک بدرێت بزانن پارەکە لە کوێیە و متمانە دروست بکرێت، بەڵام بۆ ئێستا پێموایە دەبێت بەغدا هەنگاوی یەکەم بهاوێژێت.
رووداو: باشە. کاتی ئێمە بەرەو تەواوبوون دەچێت. لە راستیدا دوو پرسیارم ماوە. یەکێکیان پرسی کوردانی ئێزدییە. بۆ نموونە، ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆری لەسەر شنگال داناوە. شنگال خزمەتگوزاری و ئەمنییەتی نییە. بچیتە کەمپەکان دەبینیت کچێک کە پێنج ساڵ لە دەستی داعشدا بووە و ئەشکەنجە دراوە، دەبینیت چوار ساڵیشە لە کەمپە و هیچیان بۆ نەکراوە. جارێکی دیکە بووەتەوە قوربانی. دەمەوێت بزانم دیدگەی بەریتانیا بۆ ئەو کێشەیە چییە؟ بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان جینۆسایدە. ئایا هەوڵێک هەیە کە پەرلەمانتارانی بەریتانیا، چ ئۆپۆزیسیۆن چ ئەوانەی دەسەڵات، شتێکی وابکەن، پلانێکی وایان هەبێت کە ئەوانیش بە جینۆسایدی بناسێنن؟
لۆید رەسڵ مۆیل: بۆچوونی من ئەوەیە جینۆساید بە دیاریکراوی واژەیەکی یاساییە و دەبێت بە پرۆسەیەکی یاسایی گونجاودا تێپەڕێت. ئێستا پرۆسەیەکی یاسایی گونجاو بەشێوەی ئاسایی لە رێگەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت کە عێراق بەتەواوی نەبووەتە ئەندامی. بە بۆچوونی من ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئەگەری جینۆسایدەوە دەتوانێت بیگەیێنێتە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و، دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە لێکۆڵینەوە لە تاوانکارییەکان بکرێت. ئەوەش بۆچوونی منە لەسەر ئەنجامدانی بە شێوازێکی دروست. بۆیە بۆچوونی من ئەوە نییە من دەبێت بە جینۆساید بیناسێنم، بەڵکو باوەڕم وایە دەبێت حکومەتی بەریتانیا بڕواتە ئەنجوومەنی ئاسایش و، داوای لێکۆڵینەوەیەکی کراوە بکات بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و دواتر شوێن داگاییکردنی بکەون، ئەگەر سەلمێنرا. ئەوە بۆچوونی منە کە ئەگەری هەیە بسەلمێنرێت. بەڵام دادگەری دەبێت رێڕەوی خۆی وەربگرێت، ئەوەش شێوازە دروستەکەیە، بەڵام ئێستا دادگەری رێگری لێکراوە، چونکە عێراق ئەندامی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی نییە و، لە ئەنجوومەنی ئاسایش داواکاری پێشکێش نەکراوە. لەسەر ئەو بابەتە، پێویست ناکات ئێمە چاوەڕێی عێراق بین، هەر کام لە ئەندامەکان دەتوانێت داواکاری بداتە ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ ئەوەی رەوانەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت. ئەوەش ئەو شوێنەیە کە دەبێت بەریتانیا کارێک بکات. من دەزانم زۆر لە هاوکارەکانم، من قسەم لەگەڵ کردوون، دەخوازن داواکاری لەو شێوە ئەنجامبدرێن.
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە کە بەر لە 100 ساڵ کوردستان لەسەر زۆر نەخشەی جیهان هەبوو، بەڵام دوای رێککەوتنی سایکس-پیکۆ و پەیماننامەی لۆزان، واتە بەر لە نزیکەی 100 ساڵ کوردستان لەسەر نەخشە نەما ، مەبەستی من کوردستانی گەورەیە. ئەمساڵ 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، ئەوجا ئێوە وەک بەریتانیا هەست دەکەن کە بەریتانیا بەرامبەر کوردستان بەرپرسیارێتییەکی لەسەر شانە؟
لۆید رەسڵ مۆیل: شانشینی یەکگرتوو زۆر بەرپرسیارێتی هەیە و مێژووەکەشی تەواو نییە. دەمەوێت ئەوە بڵێم بەریتانیا لە مێژوودا لە زۆر شت هەڵەی کردووە. بەڵام لە کۆتاییدا هەوڵدەدەین شتەکان راست بکەینەوە... یەک لەو شتانەش کە پێویستە راستی بکەینەوە...
رووداو: پارچە پارچە کردنی کوردستانیش یەکێک لەو هەڵانە بوو؟
لۆید رەسڵ مۆیل: پێموایە کە کێشانی هێڵی سایکس-پیکۆ بەوشێوەیەی کە نەخشەی بۆ کێشرا هەڵەبوو. پێموابێت ئەوە روونە. مەبەستم ئەوەیە، زۆربەی خەڵک لە بەریتانیا کاتێک باسی کورد دەکەیت، سەرەتا دەڵێت، "ئۆ، ئەو خەڵکەن کە نیشتمانیان لێ زەوتکراوە و نادادییەک کراوە". بەدڵنیاییەوە، ناتوانین مێژوو سەر لە نوێ بنووسینەوە. ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە ئەوکاتە و کات هەڵبوەشێنینەوە. 100 ساڵیش کاتێکی زۆرە و، لە 45-ەوە سنوورەکان چەقبەستوون. ئەوەبوو کە لە دوای رێککەوتنی 45 روویدا، لە جەنگی جیهانی دووەم و دروستکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێمە گوتمان با سنوورەکان لەوکاتەدا چەقبەستووبن و سنوورەکان ئیدی بە سێ رێگە دەکرێت دەستکاری بکرێن: لە رێگەی ناکۆکیی تووندوتیژەوە کە ئێمە دەمانەوێت خۆمان لەم رێگەیە بپارێزین، یان لە رێگەی جیابوونەوەی ئاشتییانە، ئەمەش ناکرێت چونکە عێراق گشتپرسیی قبووڵ نەکرد؛ یان لە رێگەی پرۆسەی دانوستاندنەوە لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە هەرگیز رووینەداوە. واتە بەپێی رێککەوتننامەی مۆنتەڤیدەیۆ. بۆیە لە دۆخێکی قورسداین. لەبەرئەوە پێم وانییە هەرگیز مەبەست لەمە گەڕاندنەوەی کوردستان بێت بۆ سەر نەخشە بەوشێوەی کە هەبووە، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە خەڵکی کورد دیموکراسییان هەبێت، ئازادییان هەبێت و، مافی چارەی خۆنووسین. ئەوەی ئەوان ئێستا سەر بە کام دەوڵەتن، پێموایە ناتوانین ئەوە بگۆڕین، بەڵام ئەوەی پێمان دەکرێت و، دەبێت کاریگەریی خۆمان هەبێت ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لێرە، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، باشووری تورکیا بەدڵنیاییەوە و رۆژهەڵات لە ئێران، ئازادی بدەنە کوردو مافی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت و پێموایە دەتوانین وردە وردە بەو ئاراستەیەدا بڕۆین.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ بەڕێز لۆید رەسڵ، پەرلەمانتاری بەریتانیا. سوپاس بۆ ئەوکاتەی بە ئێمەت بەخشی. سەرکەوتن بۆ شاندەکەتان لەم سەردانەدا. سوپاس.
لۆید رەسڵ مۆیل: سوپاس.

