هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رەنج سەنگاوی، باسی فیلمە نوێیەکەی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت" دەکات، کە بووەتە بەربژێری فەرمیی عێراق بۆ خەڵاتی ئۆسکار. هەڵکەوت مستەفا، ئاشکرای دەکات کە چەخماخەی فیلمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلوولی 2014، کاتێک لە بەرەکانی شەڕ ژنە پێشمەرگەکانی بینیوە بە کڵاشینکۆفەوە "بەرامبەر داعش وەستابوون و زەردەخەنە لەسەر لێویان بوو." دەشڵێت، "من شەرمم دەکرد ئەو فیلمە دروست نەکەم."
ئەو دەرهێنەرە کوردە، نهێنییەکانی پشت هەڵبژاردنی ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکەی ئاشکرا دەکات. ئەو دەڵێت، چوار ئەستێرەی ناسراوی جیهانی، کە دووانیان پێشتر بەربژێری ئۆسکار بوون، بۆ رۆڵی سەرەکی لەبەرچاو گیرابوون، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی کارەکتەرەکە کورد بێت، بۆیە ئاڤان جەمالی هەڵبژاردووە. هەڵکەوت مستەفا، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئاڤان "چەندین مانگ مەشقی کرد بۆ ئەوەی بتوانێت قەناسێکی 50 کالیبەر بتەقێنێت."
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: بینەرانی بەڕێز، سڵاوتان لێبێت. ئەوە کاک هەڵکەوت مستەفای دەرهێنەرە. بۆ خۆتان دەزانن باس، باسی فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفایە؛ "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت". دیارە هەر نایبینیت. ئەم فیلمە چییە؟ چیرۆکەکانی پشتی ئەم فیلمە چین؟ ئەم فیلمە هێشتا نەچووەتە ئۆسکار، بۆچی وا بووە بە بۆمب؟ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لە ئیتاڵیا لێی کرا و لە زۆر وڵاتی جیهان لەسەری دەنووسرێت. بینەری کورد کەی دەتوانن وەک یەکەم نەتەوە لەسەر شاشەی سینەماکانی کوردستان فیلمەکە ببینن؟ حەز دەکەم کاک هەڵکەوت بدوێنم و کۆمەڵێک پرسیاریشی ئاراستە بکەم بۆ ئەوەی بەر لەوەی ئێوە بچن فیلمەکە ببینن، شتێک لە پاشخانی فیلمەکە بزانن. هیوادارم بتوانم گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ کاک هەڵکەوت بکەم. سەرەتا زۆر سوپاس کە لەگەڵمانی. یەکەم پرسیاریش لەوەوە دەست پێ دەکەم، هەندێک رستم لەسەر تۆ گوت، ئەوە رای منە لەسەرت، تۆ خۆت بە عەمدەن ئاوا یاخییانە بیر لە سینەما دەکەیتەوە؟
هەڵکەوت مستەفا: زۆر سوپاس، زۆر خۆشحاڵم کاکە رەنج. بینینی من بۆ سینەما ئەوەیە، یەکەم شت وەک دەرهێنەر و هونەرمەند پێگەیەکی ئەخلاقیم هەیە. دووەم شت ئەوەیە کە من بتوانم دیدگایەکی سینەمایی نوێ بۆ ئەو چیرۆکانەی کاریان لەسەر دەکەم دروست بکەم و ئەوەی لە توانامدا بێت وەک دەرهێنەر دەیکەم بۆ دۆزینەوەی شوناسی خۆم و بۆ ناساندنی کولتووری خۆم بە جیهان و ئەم فیلمەش کە ئێستا لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە، ئەوە ئامانجی سەرەکیی من بوو.
رووداو: سینەما بۆ جیهان؟ ئێستا بۆ خۆت دەزانیت بەڕاستی جیهان بەدەست تەنگژە و قەیرانێکی زۆر ئاڵۆزی جەنگ و قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت. سینەما دەتوانێت مرۆڤ لەم هەموو قەیرانە رزگار بکات؟
هەڵکەوت مستەفا: یەکەم ئەرکی سینەما ئەوەیە کە دەتوانێت گەشتێکی رۆحی بە بینەر بکات و لەو ژیانە جەنجاڵەی رۆژانەی هەیەتی، دایببڕێت. دووەم شت، سینەما دەتوانێت دیدگایەکی نوێ، دەربڕینێکی نوێ و رێگەیەکی نوێ بدۆزێتەوە. دەتوانێت دەستکاریی سیاسەت و دیدگای سیاسییەکان بکات. سینەما نەک هەر دەتوانێت دەستکاریی دیدگای سیاسی بکات، بەڵکو دەتوانێت رێگەی نوێ بۆ چارەسەری سیاسیش بدۆزێتەوە. بۆ نموونە لە عێراقدا، شارێکی وەک خانەقین لەبەر ئەوەی سینەمای هەبووە، دەبینیت کاریگەریی لەسەر سەرکردە سیاسییەکان و بەشێک لە کەسە ناسراوەکانی عێراق هەبووە کە خەڵکی خانەقینن. سینەما دەتوانێت رۆشنبیرییەکی گشتیی زۆر قووڵ دروست بکات. سینەما بە نهێنی دەتانباتە ژوورێکی تاریکەوە کە تۆ دەتوانیت دەرگای نهێنییەکانی رۆحی خۆتی تێدا بکەیتەوە. بۆیە سینەما کاریگەریی هەیە.
رووداو: بەستنەوەیەکی جوانت کرد. پێت وایە ئەو رۆشنبیرییە قووڵە سیاسی و نەتەوەییەی لە خانەقیندایە، سەرەتا بەرهەمی سینەما بووە؟ سینەما ئەم ئاوەزەی جووڵاندووە؟
هەڵکەوت مستەفا: بەدڵنیاییەوە. بۆ نموونە، ئێستا نموونەیەکی زۆر روون لەبەردەمماندا ئێرانە، کە وڵاتێکی دراوسێمانە. ساڵی پار باشترین فیلمی فیستیڤاڵی کان، فیلمێکی ئێرانی بوو کە بەربژێری فەرەنسا بوو بۆ ئۆسکار. ئێران ساڵانە بوونێکی قووڵی لە هەموو فیستیڤاڵە گرنگەکانی جیهان هەیە تاوەکو دەگاتە ئۆسکاریش، لەبەر ئەوەی هونەر و سینەما، دەربڕی رۆحی ئەوانە. هەمیشە رێگەیەکی نوێیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆک هەیە. زۆر کاریگەریی هەیە.
رووداو: بەڕاستی کەم گەل هەیە لە دنیادا سینەمای وەبەرنەهێنابێت و خزمەتی سینەمای نەکردبێت و سینەماش خزمەتی ئەوانی نەکردبێتەوە. بەڵام با باس لە گەلە بەش رەشەکەی خۆمان بکەین. بۆ خۆت دەزانیت بەڕاستی لە مێژوودا ئێمە زۆر کراوین بە سینەما، بەڵام ئایا ئێمە خۆمان توانیمان ئەو بە سینەمابوونەی خۆمان، بکەین بە سینەما؟
هەڵکەوت مستەفا: با راشکاوانە بیڵێم، تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە و ئەم فیلمەش بەس نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین سینەما وەک رێگەیەک بۆ ناساندنی کولتوور و شوناسی خۆمان بە جیهان بەکاربهێنین. من وەک هەڵکەوت کە لە نەرویج گەورە بووم و دواتر لە ساڵی 2016 فیلمی "کلاسیکۆ"م برد بۆ ئەمریکا، هەستم کرد لە رێگەی سینەماوە دەتوانم زیاتر خۆم و شوناس و کولتووری خۆم بناسم. هەستم کرد کورد زیاتر پێویستی بە منە وەک لەوەی من بچم فیلمێکی هۆلیوود بەرهەم بهێنم. بەڕاستی ئامانجی من وەک هەڵکەوت ئەوە بووە کە بتوانم پێگەی خۆم بۆ زیاتر ناساندنی کولتوورەکەم بەکاربهێنم.
رووداو: کەواتە ئێستا کە ناوبانگت سنوورە لۆکاڵییەکانی بڕیوە، پشت لە چیرۆکە کوردییەکان و چیرۆکەکانی نەتەوەکەت ناکەیت؟
هەڵکەوت مستەفا: هەرگیز. ئامانجی من ئەوەیە کە ئەو پێگەیەی خۆم بۆ ناساندنی شوناس و کولتووری خۆم بەکاربهێنم و دەرگایەکیش بکەینەوە. ئێستا ئێمە دەرفەتێکمان هەیە کە لەناو سیستەمی بۆکس ئۆفیسی جیهانیدا کاردەکەین. ئامانجم ئەوەیە هاوکاریی هونەرمەندانی کوردیش بکەم کە بتوانن لەو سنوورە نێودەوڵەتییە، هەم لایەنی دارایی پەیدا بکەن و هەم فیلمەکانیان بڵاوبکەنەوە، چونکە سینەما جیا لەوەی کە دەتوانێت بمانناسێنێت، لایەنێکی بازرگانیشی هەیە و دەتوانێت داهات بۆ وڵات بهێنێت.
رووداو: کەواتە ئەگەر سینەما بۆ ئەمریکا پیشەسازی بێت، بۆ گەلێکی کوردی 50-60 ملیۆنیی خاوەن ناسنامە و بێدەوڵەت کە رۆژ لە دوای رۆژ لەگەڵ ژیاندۆستییەکەیدا، بەداخەوە تراژیدیاکانیشی زیاد دەکات، سینەما دەتوانێت چی بێت؟
هەڵکەوت مستەفا: سینەما دەتوانێت کردنەوەی دەرگایەکی گەورە بێت بەڕووی شوناسی ئێمە و ناساندنی کولتوور و دەربڕینماندا. بۆ ئەوەی پێگەی کورد بە جیهان بناسێنێت. ئامانجی من لە رێگەی ئەم فیلمەوە ئەوە بوو کە بتوانم سەرنجی دنیا بۆ ناوی پێشمەرگە و بۆ ئازایەتی و قارەمانێتیی ژنی کورد رابکێشم. جیا لەوە، پیشەسازییەکەی وەک بەرهەمهێنانی فیلم، کە تۆ بتوانیت ئێستا بۆ نموونە فیلمێکی کوردی لە ئاستی جیهان مامەڵەی پێوە بکرێت و لە سیستەمی بۆکس ئۆفیسدا بڵاوبکرێتەوە، لە کۆتاییدا جیا لە ناساندنی شوناسی خۆت، دەرگایەکی بازرگانیی قووڵیش بۆ کورد دەکاتەوە. بەڕاستی گرنگترین شتی سینەما ئەوەیە کە دەتوانێت گەشتێکی رۆحی بە خەڵک بکات و بەبێ ئەوەی خۆت وەسف بکەیت، تۆ بە جیهان دەناسێنێت. من لە فیلمی "شاردنەوەی سەدام"ەوە بۆم دەرکەوت کە نازانیت هونەر دەگاتە کوێ. تەنیا لەم چەند رۆژەی دوای فیستیڤاڵی ڤێنیس کە فیلمەکە بڵاوبووەتەوە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو دنیاوە پەیوەندیت پێوە دەکرێت، پرسیاری پێشمەرگە و ژنی پێشمەرگەت لێ دەکەن، چەندین نامەم بۆ دێت و لە گووگڵ بەدوایدا دەگەڕێن.
رووداو: خۆی ناوی فیلمەکەت زۆر سەرنجڕاکێشە، "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت". باشە، بەڵام خۆی باوەکەی ئەوەیە کە دەڵێت "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بکوژیت". تۆ هاتووی ئەمەت پێچەوانە کردووەتەوە. مەبەست لەمە چی بوو لە ناونیشانی فیلمەکەتدا؟
هەڵکەوت مستەفا: رستەکە خۆی پێش دەستپێکردنی فیلمەکە، وەک رستەیەک بۆ راکێشانی سەرنجی بینەر دانرا. یەکێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی نەرویج کە فیلمەکەی بینی، پێشنیازی کرد ئەوە بکرێتە ناونیشانی فیلمەکە. بە راشکاوی بیرۆکەی من نەبوو. ئێمە ساڵێک قسەمان لەسەر ناونیشانی فیلمەکە کرد. لای من دانانی ناونیشان بۆ فیلم پڕۆسەیەکی زۆر قووڵە. بۆ "شاردنەوەی سەدام"یش هەر وا بوو؛ بیرمان لەوە دەکردەوە چۆن بتوانین ناوێک و پۆستەرێک هەڵبژێرین کە دەموچاوی فیلمەکە بێت. لەوانەیە سەیرت لێ بێت ئەگەر بڵێم تەنیا بۆ پۆستەری ئەو فیلمە سێ دیزاینەری بەناوبانگی جیهانی بۆ ماوەی شەش مانگ کاریان لەسەر کردووە.
رووداو: یەکەمجار نییە پێشوازی لە فیلمەکانت دەکرێت، بەڵام پێشوازیی ئەمجارەیان جیاوازیی لەگەڵ جارەکانی دیکە چی بوو؟
هەڵکەوت مستەفا: هەست دەکەم ئەمجارە بینەر لە هەموو دنیا متمانەیەکی زیاتری پێمە. یەکەم، وەک هونەرمەند. دووەم، متمانەیان پێمە کە چیرۆکێکی راشکاوانەیان بۆ بگێڕمەوە. لە فیلمی "شاردنەوەی سەدام" رەخنەیەکی زۆر گیرا کە فیلمەکە باسی چی دەکات. من خۆم بە شێوەیەک لە شێوەکان رەخنەم لە چیرۆکەکە هەبوو، بەڵام لای من راشکاوی گرنگە. فەرەنسییەکان دەڵێن، دەرهێنەر پێگەیەکی ئەخلاقیی هەیە و کە دەچێتە ناوەڕاستی چیرۆکێکەوە، دەبێت بە چاوێکی راشکاوانە چیرۆکەکە بگێڕێتەوە. من لەم چیرۆکەدا، خۆم لە مانگی ئەیلوولی 2014 ژنی کوردم بینی. رۆژێک باران دەباری، کاتێک هەموو دنیا لە جلی پرتەقاڵی و سەربڕین و سووتان دەترسا، من ژنی کوردم دەبینی بە کڵاشینکۆفێکەوە بەرامبەر داعش وەستابوو. ئەو وێنەیە وای لێکردم ئەو فیلمە دروست بکەم.
رووداو: وێنەکە سیناریۆی بۆ دروست کردیت.
هەڵکەوت مستەفا: دەمەوێت بەم فیلمە وێنەیەک... هیچ شتێک لەم فیلمەدا راستی نییە، بەڵام هەمووی لە راستییەوە وەرگیراوە. دەمەوێت وێنەیەکی راشکاوانەی ئازایەتی و قارەمانێتیی ژنی کورد پیشانی هەموو جیهان بدەم. چەندین راوێژکارمان لە پڕۆژەکەدا هەبووە.
رووداو: بۆ دەرهێنەر گرنگە سیناریۆکە هی خۆی بێت؟
هەڵکەوت مستەفا: گرنگە، لەبەر ئەوەی زیاتر دەبێتە چیرۆکێکی شەخسی و دیدگایەکی کەسی. دەتوانێت تێڕوانینی خۆی بێت. ئەگەر بۆ نموونە سەیری ساڵی پار بکەین، هەر پێنج فیلمەکەی کە بۆ ئۆسکار بەربژێر کرابوون، دەرهێنەرەکانیان سیناریۆکەیان نووسیبوو. ئەگەر سیناریۆکە هی خۆت بێت، قووڵتر دەتوانیت بچیتە ناو رۆحی کارەکتەرەکەوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە پڕۆژەیەکی دەستەجەمعی و کاری تیمییە. بەتایبەتی بۆ ئەم فیلمە، زیاتر لە هەزار کەس لە دەیان وڵاتی دنیاوە کاریان تێدا کردووە و ئامانجی من لە سەرەتاوە، واتە لە ساڵی 2017 کە دەستم بەم کارە کرد، ئەوە بوو کە بتوانم تیمێکی نێودەوڵەتیی ئاستبەرز کۆبکەمەوە، لەبەر ئەوەی کورد شایەنی ئەوەیە.
رووداو: باشە، چەخماخەی فیلمەکەت، شتێکی دیاریکراو هەیە کە لەوێوە پریشکەکەی لە ناختا دروست کرد؟
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، لە مانگی ئەیلوولی 2014 باران دەباری. من چوومە بەرەیەکی پێشمەرگە. وێنەی سەربڕین و تۆقاندن و جلی پرتەقاڵیی داعش هەموو دنیای گرتبووەوە، بە ئەورووپاشەوە. کچی 18، 19، 20 و 21 ساڵم بینی بە کڵاشینکۆفێکەوە بەرامبەر داعش وەستا بوو و زەردەخەنە لەسەر لێوی بوو. من شەرمم دەکرد ئەو فیلمە دروست نەکەم. شەرمم دەکرد. کێشەیەکم لە دەستپێکردنی فیلمەکەدا هەبوو، کە دوو ساڵ نەمدەزانی چۆن خۆم رازی بکەم کە وەک پیاوێک، کێ ئەو مافەم پێ دەدات چیرۆکێک لەسەر شەڕڤانێکی ژن دروست بکەم. سێ راوێژکاری نێودەوڵەتیی ژنمان بۆ پڕۆژەکە گرت و من شەش مانگ پڕۆژەکەم دواخست لەبەر ئەوەی ژن نوێنەرایەتیی لە ژووری مۆنتاژدا هەبێت و ژنێک مۆنتاژی فیلمەکە بکات. مافم بە خۆم نەدا کە نوێنەرایەتیی ژنی کورد و جیهان بکەم، دەبوو ژن لە دروستکردنی دەربڕینەکەدا بەشدار بێت.
رووداو: واتە تەنیا خاتوو ئاڤان کە پاڵەوانی فیلمەکەیە رۆڵی نەبووە، بەڵکو تەکنیکارەکانیش لە پشتی بەرهەمەکەوە، ژنانی دیکەش رۆڵیان بینیوە؟
هەڵکەوت مستەفا: هەمووی دەست و پەنجەی ژنە. بە دەیان ژنی ئازا لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا بەشداربوون، بەڵکو بە سەدانیش. رێژەی ژن لەو فیلمەدا زۆر زۆرە، لەبەر ئەوەی فیلمەکە پێویستیی پێی بوو. من وەک پیاوێک دوو ساڵ بیرم لەوە دەکردەوە چۆن ماف بە خۆم بدەم، کێ ئەو مافەم پێ دەدات کە من وێنەی دەربڕینی رۆحی ژنی کورد بکێشم.
رووداو: ئاڤان چەندی فیلمەکەی تۆ پێکدەهێنێت؟
هەڵکەوت مستەفا: ئاڤان... من ساڵێک لەو پڕۆسەیەدا بووم کە چۆن ئاڤان بتوانێت بەشداری بکات. تەنیا خاتوو ئاڤان نەبوو، چوار ئەستێرەی ناسراوی جیهانی کە دووانیان پێشتر بەربژێری ئۆسکار بوون، لە کاستینگی ئەو فیلمەدا بەشداربوون، بەڵام من دەمویست کارەکتەرەکە رەسەن بێت. لەوەشدا شەرمم دەکرد کە ئەستێرەیەکی ناسراوی هۆلیوود بێنم و رۆڵی کچێکی کورد ببینێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی لایەنی دارایی فیلمەکەوە، ئەمە فیلمێکە کە دەبێت لە ئاستێکی بەرزدا بڵاوبکرێتەوە، بۆیە گرنگ بوو کێ رۆڵی سەرەکی دەبینێت.
رووداو: دوو بەربژێری ئۆسکار و دوو ئەکتەری نێودەوڵەتی؟
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، کە پێشتر بەربژێری ئۆسکار بوون. خاتوو ئاڤان زۆر خۆی ماندوو کرد، چەندین مانگ مەشقی کرد بۆ ئەوەی بتوانێت قەناسێکی 50 کالیبەر بتەقێنێت کە کەم پیاو هەیە بتوانێت بیتەقێنێت. ئەو ناوێکی نێودەوڵەتییە و من پێشبینی دەکەم بەم نزیکانە ببێتە ئەستێرەیەکی ناسراوی جیهانی.
رووداو: کەواتە چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەیت لە فیلمە جیهانییەکان و لە هۆلیوودیش رۆڵی پێ بدەن؟
هەڵکەوت مستەفا: یەکەم رۆژ کە ئەم رۆڵەی پێ درا، داوام لێکرد هەوڵ بدات هیچ کارێکی دیکە لە دوای ئەم فیلمەوە نەکات. هۆلیوود خۆی دەیبات و من باوەڕی تەواوم پێیەتی. ئاڤان دەبێتە نوێنەرێکی کورد لە هەموو جیهان، سەرنجی هەموو دنیا بۆ خۆی رادەکێشێت و من شانازیی پێوە دەکەم کە لەگەڵیدا کارم کردووە.
رووداو: باشە، تۆ لەگەڵ ئەوەی لە نەرویج دەژیت، بەڵام لە کوردستان دانەبڕاویت. بەردەوام رایەڵەیەکی بەهێزت لەگەڵ دنیای هونەریی ئێرە هەیە. چەند توانای دیکەی وەک خاتوو ئاڤان هەیە؟ ئەگەر دیدگامان بگۆڕین و قورساییەکی زیاتر بدەینە سەر سینەما و رۆڵی سینەما، دەتوانین هەموو تواناکانیان وەبەربهێنین؟ دەتوانین هەموویان بە جۆرێکی دیکە شەڕی کولتووری بۆ کوردستان و ناساندنی کولتووری کوردی بکەن؟
هەڵکەوت مستەفا: توانای ژنی کورد، ئەگەر لە دنیادا زیاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەکتەرانی ژنی کورد دەتوانن لە بواری نواندنیشدا سەرکەوتوو بن. بەڵام لە کۆتاییدا پێویستمان بە سەرکردەی باش و سیستەمی باش هەیە بۆ ئەوەی دەرگا لەبەردەم رۆحی ژنی کورددا بکرێتەوە بۆ نواندن و بەشداریکردن لە کایەی هونەریدا. لە هەمووی گرنگتر، ئەوەیە بتوانین سیستەمێکی حکوومیمان هەبێت کە بزانین وەک کورد دەمانەوێت چی بە دنیا بگەیەنین.
رووداو: زۆر گەلی دنیا، ئازایەتیی ژنی خۆیان لە رێگەی هونەرەوە گێڕاوەتەوە. جیاوازیی گێڕانەوەکەی تۆ چییە لەگەڵ ئەو فیلمانەی کە دەیبینین و تێیاندا ژن کارەکتەر و پاڵەوانی چیرۆکەکانە؟
هەڵکەوت مستەفا: هەست دەکەم چەند شتێکە. یەکەم، من کاتێکی زۆرم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی جیاوازتر لە هەموو ئەو فیلمە جەنگییانەی پێشتر بینراون دروست بکەم. دووەم، نواندنەکەی خاتوو ئاڤانە. گرنگترین شت ئەوەیە کە من لە شوێنی رەسەنی خۆی، لەنێو موسڵ و لەناو ژوورەکانی قەناسەکانی داعشدا وێنەی فیلمەکەم گرتووە. دوای ئەوە، ئەو ستافە هونەرییەی لە پشتی کارەکەوەن، توانیویانە کەشێک دروست بکەن. ئێستا بەڕاستی شانازی دەکەم کە رۆژنامەنووسانی ئەمریکا دەڵێن، "هۆلیوود دەبێت لەو فیلمەوە شت فێر بێت". ئەوە تەنیا شانازی نییە بۆ من، بەڵکو بۆ کوردە. لەگەڵ ئەوەشدا، با راشکاوانە پێت بڵێم، ئەو فیلمە ماندووبوونی رۆحی کورد پیشان دەدات. من خۆم لە تەمەنی 14 ساڵیدا کوردستانم بەجێهێشت و چوومە نەرویج. ئێستاش بیری خەفەتی ئەو رۆژە دەکەم کە کوردستانم بەجێهێشت. ئەو رۆحی گەنجێتییەم کە وڵاتی خۆمم بەجێهێشت، وایکردووە ئێستاش عاشقی کوردستان بم. دەتوانم دیدگایەکی جیاواز بهێنم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لەناو راستییەکدا دەژیت کە چۆن بتوانیت دەربڕینێکی کوردی بە جیهان بفرۆشیت. تا گەورەتر دەبیت، قووڵایی و زەحمەتییەکە زیاتر دەبێت. ئێستا زۆر خۆشحاڵم کە عێراق فیلمەکەی بە هی خۆی داناوە، هەروەها سعودیە، ئیمارات، فەرەنسا، نەرویج و تەنانەت ئەمریکاش. فەرەنسا لەبەر ئەوەیە کە دەربڕینەکەی بە شێوازێکی سادەیە.
رووداو: لە راستیدا چەند وڵات خاوەنی ئەم فیلمەن؟
هەڵکەوت مستەفا: لە رووی یاساییەوە، فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای "هەنێ فیلم"ی نەرویجییە لەگەڵ کۆمپانیای "لامیدیا" لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای "چیمنی پۆت"ی سویدی. بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرەنسا، ئیمارات، سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکە بەرهەم هاتووە. وڵاتی دیکەش زۆر بوون کە دەیانویست بێنە ناو فیلمەکەوە، بەڵام بوار نەمابوو.
رووداو: دواجار ئەگەر ئینشائەڵا خەڵاتی ئۆسکار بەرێت، دەبێتە سەرمایەیەکی هونەریی گەورە بۆ عێراق.
هەڵکەوت مستەفا: خەڵاتی ئۆسکار هەروا ئاسان نییە. سەد و ئەوەندە وڵات فیلمی خۆیان دەنێرن، دواتر لیستێکی کورت بۆ 10 فیلم دەردەکرێت، ئینجا پێنج فیلم دەچنە پێشبڕکێوە. بە راشکاوی، لە دڵی خۆمدا، ئەو فیلمە لەوە دەچێت نەتوانێت ئۆسکار بەرێتەوە، بەڵام ئەگەر ببێتە یەکێک لە پێنج فیلمەکەی ئۆسکار، بۆ کورد شانازییەکی زۆر گەورە دەبێت. چونکە من لە کۆتاییدا دەبێت لەگەڵ خەڵکدا راشکاو بم.
رووداو: باشە، خاڵی بەهێزی فیلمەکەت چییە کە بەربژێر کراوە؟ سیناریۆکەت بەهێزە؟ دەرهێنانەکەت؟ وێنەگرتنەکەت؟ پاڵەوانی فیلمەکەت؟ واتە ئەگەر لە خۆت بپرسم، کامیان بۆ تۆ لە هەمووی سەرنجڕاکێشترە کە سەیری دەکەیت، لانی کەم بەراورد بە ئەزموونەکانی رابردووی خۆت؟
هەڵکەوت مستەفا: هەست دەکەم فیلمەکە دەتخاتە فەزایەک یان دنیایەکەوە کە زۆر جیاوازترە لەو فیلمانەی چاوەڕێی دەکەیت. بە زمانێکی شیعری، نهێنیی رۆحی کچێکت پێشان دەدات. جیا لەوە، کارەکتەری خاتوو ئاڤانە، کە ئێمە دوو ساڵ تەنیا خەریکی دۆزینەوەی ئەوە بووین کێ رۆڵی سەرەکیی ئەو فیلمە ببینێت. خاتوو ئاڤان دەموچاوێکی زۆر ئارامی هەیە.
رووداو: کەواتە رەگەزی هەرە بەهێزی فیلمەکەت چییە؟
هەڵکەوت مستەفا: زمانی فیلمەکەیە. زمانی سینەمایی فیلمەکەیە. زۆر جیاوازە لە هەموو ئەو فیلمانەی پێشتر بینراون و ئەوە قسەی رەخنەگرانی جیهانە، نەک قسەی من. دەتخاتە ناو دنیایەکی زۆر تازەوە.
رووداو: مەبەستت لە تەواوی ژنانی قارەمان و نەچەماوەی کوردە بە درێژایی مێژوو، یان هێزێکی دیاریکراوە؟ واتە بۆ نموونە ئەمە لەیلا قاسمە؟ ژنێکی ئازایە لە کۆماری مەهاباد؟ ژنێکە لە باکوور؟ ژنێکە لە رۆژئاوا؟ یان لە دیدگای تۆدا هەموویەتی پێکەوە؟
هەڵکەوت مستەفا: ئەو فیلمە هەموو ئەو وێنانەی تێدایە کە من بە درێژایی ژیانی خۆم بینیومە. من ژنی کوردم لە کۆڕەوەکەوە بینیوە. تەمەنم پێنج-شەش ساڵان بوو کە کۆڕەوەکە روویدا. یادگاریی سەرەتای منداڵیی من کۆڕەوەکەیە کە فڕۆکە دەهات و خواردنی هەڵدەڕشت. ژنی کوردم بینیوە منداڵی بە باوەشەوە بووە و چوار منداڵی لەناو ئەو قوڕەدا بوون، بەڵام زەردەخەنە لەسەر لێوی بوو. ژنی کوردم لە بەرەی رووبەڕووبوونەوەی داعش بینیوە، کە هەموو دنیا دەترسا، زەردەخەنەی دەکرد، گۆرانیی دەگوت و هەڵدەپەڕی پێش ئەوەی بچێتە بەرەی شەڕ. هەموو ئەوانە ئیلهام بوون بۆ من. جگە لەوەش، تاوەکو ئێستاش هەزاران کچی ئێزدیمان هەن کە لای داعش ماونەتەوە یان منداڵی داعشیان هەیە و ناتوانن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە. ئەوانە هەمووی ئیلهامن. بۆیە دەڵێم ئەو فیلمە تەنیا بەرهەمی ئەو ستافە نییە، بەڵکو بەرهەمی ماندووبوونە.
رووداو: لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا، چەند کاتت خایاند؟
هەڵکەوت مستەفا: کاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکە نۆ ساڵ بوو. نۆ ساڵە خەریکی ئەم فیلمەیەم. دوو ساڵیش پێش ئەوە بیرم لێ دەکردەوە چۆن ماف بە خۆم بدەم، کێ ئەو مافەم پێ دەدات کە من چیرۆکێک لەسەر ژنێکی کورد دروست بکەم. ئەوە لای من... من پێش ئەوەی هەر فیلمێک دروست بکەم، ساڵێک بۆ دوو ساڵ بیر لەوە دەکەمەوە بۆچی من دەبێت ئەو فیلمە دروست بکەم. هەستم کرد دەبێت ئەم فیلمە دروست بکەم، لەبەر ئەوەی من خۆم وێنەگر بووم، هەموو بەرەکانی شەڕم بینیوە، زۆر لە نزیکەوە رۆحی ژنی کوردم بینیوە؛ لە ماڵەوە خواردن دروست دەکات و لە بەرەی شەڕیش فیشەک دەتەقێنێت. دوای ئەوە، هیچ هەڵبژاردنێکی نەبوو جگە لەوەی چۆن بەرگری لە شەرەف و کەرامەتی خۆی بکات. هەستم کرد دەبێت لە ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتییدا بیکەم و هیوادارم توانیبێتم بەو ئاستەی کە مەبەستم بوو بیکەم. ئێستا دڵخۆشم کە لە ڤێنیس نمایش کرا، عێراق کردی بە بەربژێری خۆی و ئەم فیلمە لە هەموو سینەماکانی جیهان بە سیستەمی بۆکس ئۆفیس بڵاودەکرێتەوە. بۆ من شتێکی زۆر خۆشە بەڕاستی.
رووداو: هەندێکجار دوای هەموو فیلمێک کۆمەڵێک رەخنە و رەخنەگر دروست دەبن و ئەمەش ژیان و هونەر پێش دەخات. ژیان بەبێ رەخنە دەوەستێت و دەبێتە گۆمێکی وەستاو و دواتر بۆگەن دەکات. چاوەڕێی رەخنەیت؟ ستایشت لەوانەی فیلمەکەیان بینیوە بیستووە، بەڵام بە هەمان شێوە چاوەڕێی شەپۆلی رەخنەشیت؟
هەڵکەوت مستەفا: کاکە رەنج، من نهێنییەکی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە. من چۆن فیلم دروست دەکەم؟ ئەو رۆژەی کە فیلم مۆنتاژ دەکرێت، لە هەموو شارە گەورەکانی دنیا سینەما بە کرێ دەگرم و بینەری جیاواز دادەنێم بۆ ئەوەی فیلمی من ببینن. ئەو رەخنانەی کە چاوەڕێ دەکەین دوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکە دروست ببن، وەریاندەگرین. لەوانەیە لات سەیر بێت، لە پاریس، لە نیویۆرک... بەڵێ، پێش ئەوەی خەڵک فیلمەکە ببینێت، تۆ دەزانیت رەخنەکان چی دەبن. لەوانەیە زیاتر لە هەزار کەس لە نیویۆرک، پاریس، ستۆکهۆڵم و لۆس ئەنجلس ئەم فیلمەیان بینیبێت و رەخنەیان لێ گرتبێت. من بۆ فیلمەکەی سەدامیش وام کرد. کە فیلم دێتە سینەما، هەموو ئەوەی خەڵک قسەی لەسەر دەکات، ئێمە پێشتر گفتوگۆمان لەسەر کردووە؛ لە ناونیشانی فیلمەوە تا رەگەز و شێوازی بڵاوکردنەوەی. لای من سینەما پڕۆسەیەکی زۆر قووڵە. تەنیا بۆ پۆستەری فیلمەکە شەش مانگ کار کراوە، تەنیا بۆ ناوی فیلمەکە ساڵێک کار کراوە. تەنیا بۆ ئۆرکێسترا و تۆمارکردنی دەنگی کچێکی کورد وەک خاتوو کەویار کە بەو دەنگە سیحرییەی گۆرانی دەڵێت...
رووداو: دەنگی هونەرمەند کەویارت بەکارهێناوە؟
هەڵکەوت مستەفا: دەنگی خاتوو کەویار لە فیلمەکەدا، لەوانەیە هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم زۆر لە فیلمی "Gladiator" جوانترە. زۆر سیحراوییە.
رووداو: رەنگێکی سەحرایی کوردی، چریکەی هەورامان.
هەڵکەوت مستەفا: زۆر. من و خاتوو ئاڤان و جەمالی، یەکترمان لە رۆژی تۆمارکردنەکەدا بینی و خۆم گریام. دەنگێکی زۆر سیحراوییە. من لەوەشدا هەستم کرد چۆن ئەو دەنگە رۆحە شاخاوییەی کورد...
رووداو: ستافەکەت زۆربەیان خەڵکی بیانی بوون؟ ستافی کامێرا و ئیداری؟
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، زیاتر نەرویج و سوید بوون.
رووداو: گرنگترین شت، کاردانەوەی ئەوان چی بوو بۆ دەنگی کەویار، بۆ چیرۆکەکەت، بۆ گێڕانەوەکەت؟
هەڵکەوت مستەفا: یەکەمجار پێشنیاز ئەوە بوو کە دەنگێکی نێودەوڵەتی بەکاربهێنین، بەڵام لام گرنگ بوو کە رۆحی کوردی لە مۆسیقا و دەنگەکاندا هەبێت. خاتوو کەویار هەر لە مێشکمدا بوو، بەڵام کە هاتە ستۆدیۆ و ئەو دەنگەیان لە ستۆدیۆیەکی 67 کەناڵیی سینەماییدا بیست، گوتیان "واو!".
رووداو: پێت وایە... بۆ خۆت دەزانیت یەڵماز گونەیمان هەیە، بەهمەنی قوبادیمان هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆیش کۆمەڵێک دەرهێنەری گەنجمان هەیە کە ئینشائەڵا هەموویان دەبنە ناوی گەورە. پێت وایە بەرهەمەکەت بای ئەوەیە کە ببێتە جێی شانازیی ئەو رۆحە هونەرییەی کە ئەوان لەناو دنیای هونەریی کورددا چاندوویانە؟
هەڵکەوت مستەفا: کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە پێمان دەڵێن ئەم فیلمە لە دوای فیلمی "Yol"ی یەڵماز گونەیەوە، گەورەترین رووداوی سینەمایی مێژووی کوردە. واتە دەرفەتێکی زۆر هەیە کە ئێستا ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ سینەمای کوردی. ئاستی فیلمەکە و ئەو کۆمپانیایانەی کە فیلمەکە بڵاودەکەنەوە... ئاواتی من ئەوەیە کە ئەو فیلمە پاڵنەرێک بێت بۆ رۆحی هونەریی کوردی و هونەرمەندانی کورد پشتگیریی ئەو فیلمە بکەن. دەرگایەکی زیاتر بەڕووی جیهاندا دەکرێتەوە. من ئێستا زۆر دڵخۆشم کە ئەوە دەبینم. بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئێستا فیلمێکی کوردی، فیستیڤاڵی قاهیرە شەڕی لەسەر دەکات، هەموو وڵاتانی عەرەبی دەڵێن دەبێت لە قاهیرە نمایش بکرێت. سعودیە شەڕی لەسەر دەکات و دەڵێت دەبێت لە سعودیە نمایش بکرێت. ئیماراتیش بە هەمان شێوە. پێشتر شتی وا رووی نەداوە. ئێستا کۆمپانیا گەورەکانی ئەورووپا پارە دەخوێننەوە بۆ ئەوەی دەرفەتیان هەبێت ئەو فیلمە بڵاوبکەنەوە. هۆلیوود دەیەوێت لە ئەمریکا بڵاوی بکاتەوە. ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە ئاستێک کە دەبێت ئەو پێگەیەی خۆمان بەکاربهێنین بۆ ئەوەی دەرگا بەسەر گێڕانەوەی چیرۆکە کوردییەکاندا بکەینەوە. من زۆر خۆشحاڵم، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە بەرهەمی ماندووبوونی بە هەزاران کەسە. من سوپاسێکی زۆر زۆرم بۆ حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم، بۆ حکومەتی عێراق و هەواڵگریی عێراق هەیە کە ئەو تیمەیان پاراست. کۆمپانیای لامیدیا لە هەرێمی کوردستان کە زۆر هاوکار بوون و هەروەها هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئەورووپا. بەڕاستی ئەو فیلمە ماندووبوونی هەزاران کەسە. پشتگیریی ئەو کەسانەی هاوکارییان کردووین بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە، زۆر گرنگ بوو.
رووداو: پێت وانییە لە سەردەمی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانیدا کە فیلمێکی کوردی دەکەن بە بەربژێری عێراق و دەڵێن نوێنەری عێراقە، ئەمەش رۆحی باوەڕبوون بە پێکەوەژیان قووڵتر دەکاتەوە؟
هەڵکەوت مستەفا: من زۆرم پێ خۆش بوو. یەک شت زۆر دڵخۆشی کردم؛ کەس نەیدەزانی ئەو لیژنەیە کێن کە فیلمەکان دەبینن. هەستم کرد ئەوە متمانەیەک لای دەرهێنەرەکان دروست دەکات. فیلمەکەمان نارد و تەنیا لەگەڵ یەک کەسدا پەیوەندیمان هەبوو کە سەرپەرشتیی لیژنەکەی دەکرد. کاتێک تەلەفۆنەکەم بۆ هات لە بەغدا، گوتیان هەموو لیژنەکە بە هەموو ئەو پاشخانەی کە هەیانە، دەنگیان بە فیلمەکەی تۆ داوە. هەستێکی زۆر خۆش بوو. لە ژێرەوە رەخنەیەکی زۆریان لێ گیرا کە فیلمەکە باسی پێشمەرگە دەکات، بەڵام ئەوان لە کۆتاییدا گوتیان ئێمە هونەرەکە و فیلمەکە هەڵدەبژێرین. گوتیان باسی پێشمەرگە قووڵ نییە و رەگەزپەرستی لە هونەردا نییە.
رووداو: نەخێر، ئامانجی هونەریش ئەوەیە. ئێمە هەموومان دەچینە ژوورێکی تاریک، چیرۆکێک دەبینین و بە نهێنی دەرگای رۆحمان دەکاتەوە.
هەڵکەوت مستەفا: من خۆم تاوەکو ئێستا حەز دەکەم لە تەلەڤیزیۆن سەیری فیلم بکەم، بەڵام نایکەم. پێم گوناهە لە مۆبایل و لاپتۆپ سەیری بکەم. یان دەچمە ماڵەوە کە سینەمام لە نەرویج هەیە، یان دەچمە سینەمای دەرەوە. هەست دەکەم غەدر لە فیلمەکە دەکەم، چونکە رۆیشتنی تۆ بۆ ژوورێکی تاریک بۆ خۆی گەشتێکی رۆحیت پێ دەکات و نهێنیی سینەما ئەوەیە. ئەگەر ئێستا بیبینیت، بەتایبەتی لە دوای ئەم هاوینەوە، بینەری سینەما لە هەموو جیهان زۆر زیادی کردووە، چونکە ئێستا سینەما تەنیا بۆ ئەوە نییە کە دەچیتە ژوورێکی تاریک.
رووداو: ئەمە راستە. سەبارەت بە کورد، چاوەڕوانیت لە پێشوازیی خەڵکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و کەرکووک بۆ بینینی فیلمەکە چییە؟
هەڵکەوت مستەفا: ئەمە سێیەم یان چوارەمین فیلمە بڵاوی دەکەمەوە و هەست دەکەم متمانەیەک لە نێوان من و بینەراندا دروست بووە. بینەر تێگەیشتنێکی هەیە کە کارەکانی من چۆنن.
رووداو: کەواتە لێرەوە، لەم شاشەیەی رووداوەوە، با بینەرانی بەڕێز بزانن هەڵکەوت مستەفا خۆی چیتان پێدەڵێت و هەموو کوردێک دەتوانێت فیلمەکەی لەسەر شاشەی سینەماکان ببینێت. نەک تەنیا کورد، بەڵکو لە جیهانیشدا، بەڵام بۆ کورد هەڵبەتە قسەی خۆی هەیە.
هەڵکەوت مستەفا: من دەڵێم، هاونیشتمانیانی خۆشەویست، ئەو فیلمە بەرهەمی ماندووبوونی سەدان ساڵەی رۆحی ئێوەیە کە ئیلهامی بە من بەخشیوە بۆ ئەوەی ئەو فیلمە بەرهەم بهێنم. بۆ یەکەمجار بڕۆنە سینەماکانی کوردستان و بە ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتی فیلمێکی کوردی ببینن. دڵنیابن بە دڵتان دەبێت.
رووداو: چێژی لێ دەبینن؟ دەگرین؟ پێدەکەنن؟ یان هەموویەتی؟
هەڵکەوت مستەفا: حەز دەکەم خەڵک خۆی دوای بینینی فیلمەکە ئەو وەڵامەی دەست بکەوێت.
رووداو: خۆت کە یەکەمجار بینیت، هەستی خۆت چی بوو؟
هەڵکەوت مستەفا: هەست دەکەم ئەو فیلمەم زۆر بە راشکاوانە دروست کردووە و شانازی دەکەم کە ئەوەی پێویست بوو بۆ فیلمەکەم، کردم. شتێکی تێدا نییە بڵێم خۆزگە شتێکم هەبووایە باشترم بکردایە. لەوە باشترم پێ نەدەکرا و ئەوەی پێویست بوو، کردم. هەرچیم ویست، کردم.
رووداو: دوای تەواوبوونی وردەکارییەکان و کاتێک وەک فیلمێکی سینەمایی هاتە بەردەستت و سەیرت کردەوە، پرسیارم ئەوەیە هەستت چی بوو؟
هەڵکەوت مستەفا: خۆم زۆر گریام، زۆر زۆر گریام. کاکە رەنج، شتێکت بۆ دەگێڕمەوە. ئێمە پێشتر تێستی زۆرمان کردووە؛ بینەر لە دوای بینینی فیلمەکەوە تاوەکو پێنج خولەک قسەی بۆ ناکرێت. بەڕێوەبەری "ئێس ئێف ستۆدیۆ" لە ستۆکهۆڵم فیلمەکەی بینی، دوای 10 خولەک سڵاوم لێ کرد، گوتی: "هەڵکەوت، give me five minutes". گوتی پێنج خولەکم پێ بدە. لەبەر ئەوەی فیلمەکە راتدەچڵەکێنێت. دەتخاتە ژوورێکی نهێنییەوە و دوای 110 خولەک، ئاوێنەیەکت روو دەکاتە ناو رۆحی خۆت.
رووداو: چیت پێ بڵێم. باشە، ئەگەر... خۆت دەزانیت فیلمەکان پۆلێن دەکرێن؛ ئەمە فیلمی بەڵگەنامەییە، ئەمە ئەکشنە، ئەمە رۆمانسییە... ئەگەر پۆلێنی بکەین، ئەم فیلمەی هەڵکەوت مستەفا چ جۆرە فیلمێکە؟
هەڵکەوت مستەفا: کاکە رەنج، دەتوانم بۆت ئاسانتر بکەم. ساڵانە چوار بۆ شەش هەزار فیلم لە جیهاندا دروست دەکرێت. زۆر زەحمەتە فیلمێک دروست بکەیت ببێتە یەکێک لە 10 باشترین فیلمەکانی جیهان. من باوەڕم وایە، بەپێی ئەوەی ئێستا دەیبینم، ئەم فیلمە یەکێکە لە 10 باشترین فیلمەکانی ئەمساڵ کە لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەکرێتەوە. بەڵام هەموو ئەو فیلمانە گەورانەی بەرهەم دەهێنرێن، لە بیرۆکەوە تا تەواوبوون، بە گشتی لە جیهاندا پێنج ساڵی پێدەچێت. هۆکاری ئەو کوالێتییە بەرزەی ئەم فیلمە، کاتەکەیەتی. من بۆ ئەوەی وێنەی دارێک بکێشم، تەنیا چوار وەرزەکەم سەیر نەکردووە، بەڵکو نۆ ساڵ سەیرم کردووە. باوەڕ و تێگەیشتنی من، ئەو قووڵاییەیە. لە هەموو دنیا ئێستا بینەر کات بە قووڵی دەکوژێت. ئێستا خەڵک کاتی نەماوە. من کە نۆ ساڵ تەنیا بە سەیرکردنی وێنەیەکەوە بەسەر دەبەم، هەست دەکەم ئەو قووڵاییە لای بینەر گرنگە. لە فیلمی سەدامیش ئەوەم بینی. 14 ساڵ خەریکی فیلمی سەدام بووم. لە کۆتاییدا تۆ زۆر بە سادەیی بینیت، پیاوێک بە عەگالەوە دانیشتووە. بەڵام فەلسەفەی کارکردنم ئەوەیە. لە هەموو دنیا ئەو پێشوازییەی لێکرا لەبەر سادەییەکەی بوو. لەوانەیە لات سەیر بێت، بۆ فیلمی سەدام سەدان نامەم لە هەموو دنیاوە بۆ هاتووە، دەڵێن "لە سینەما هاتوومەتە دەرەوە و چوومەتەوە ماڵەوە، بەڵام عەگالەکە هێشتا لەناو مێشکمدا دانیشتووە". فیلمی باش ئەوەیە کە دوای هاتنەدەرەوە لە سینەما، فیلمەکە دەست پێ دەکات. دڵنیام و هیوادارم ئەو فیلمە لای بینەری کوردیش وابێت.
رووداو: پێت وایە بینەر بەدیار فیلمەکەتەوە ناگریێت؟
هەڵکەوت مستەفا: هەستە.
رووداو: لەگەڵ هەموو کۆمپانیا گەورەکانی دنیا دانیشتوویت، لەگەڵ نێتفلیکس کۆبوویتەتەوە. بەڵام بۆ نموونە، هەندێکجار تۆش تەنیا تراژیدیات گێڕاوەتەوە یان زیاتر لە تراژیدیایە؟
هەڵکەوت مستەفا: نەخێر، بە پێچەوانەوە. من حەزم لە هەستی ناخۆش نییە. بە هیچ شێوەیەک. زۆرم پێ گرنگ بوو کە ژنی کورد پیشان بدەم. رەخنەی من لە چیرۆکی کوردی ئەوەیە کە تەنیا رووداوەکەت پێشان دەدات. چیرۆک هەر ئەوە نییە کە ئۆتۆمبێلێک بە رێگەیەکدا بڕوات و بکەوێتە خوارەوە، وەک لە کوردستان دەیکەن. چیرۆک ئەوەیە وەک هۆلیوود، ئەم ئۆتۆمبێلە چاک بکەیتەوە و بەو شاخەدا بیهێنیتەوە سەرەوە و ژیان بەردەوام بێت. من ئەو فیلمەم دروست نەکردووە بۆ ئەوەی بڵێم کورد چ ناخۆشییەکی بینیوە. ئەو فیلمەم دروست کردووە بۆ ئەوەی بڵێم ژنی کورد دەیەوێت ژیان جوان بکات.
رووداو: بەڵێ، بەڵێ.
هەڵکەوت مستەفا: فەلسەفەی هونەر ئەوەیە: یەکەم، چیرۆکێکی رەسەن و دووەم، زمانێکی سینەمایی نوێ بدۆزیتەوە بۆ فۆرمی گێڕانەوەی چیرۆکەکەت. ئەمە ئێستا لە دنیادا گرانترین شتە.
رووداو: تۆ لێرەدا کلیلەکەت دەستکەوتبوو؟
هەڵکەوت مستەفا: کاکە رەنج، با نهێنییەکت بە هاوڕێیانە بۆ بگێڕمەوە. من کە فیلمێک دەست پێ دەکەم، ئەگەر ئەو فیلمە باش دەرنەچێت، بڵاوی ناکەمەوە. ئێستا پڕۆژەم هەیە بە سەدان هەزار دۆلاری تێدا خەرج کراوە و بڵاوی ناکەمەوە. نەک لەبەر خەڵک، لەبەر خۆم. من یەکەم شت فیلم بۆ رۆحی خۆم دروست دەکەم.
رووداو: بەڵێ.
هەڵکەوت مستەفا: من سێ جار نێتفلیکس داوایان لێکردووم بۆ پڕۆژەیەک، بەڵام نایکەم لەبەر ئەوەی کلیلی کۆتایی پڕۆژەکە بە دەستی خۆم نییە. دەتوانێت بەرهەمهێنەرێک پڕۆژەکەم رابگرێت. من ئامادە نیم.
رووداو: بەڵام نێتفلیکس بەرامبەر بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کورد کەمتەرخەمە؟ ناتوانیت لەوێش بۆ نموونە کار لەسەر دەیان چیرۆکی کوردی بکەیت؟
هەڵکەوت مستەفا: دانیشتین. گلەیی من لە نێتفلیکس ئەوە بوو کە ئەوان پێم دەڵێن پڕۆژەیەک دروست بکەین کە سیاسی و دینی نەبێت. واتە دەبێت خاتری هەردووکیان بگرین. گوتم جا من دەتوانم چی بگێڕمەوە؟ باشە، و ئەو زمانی گێڕانەوەیە... ئێستاش کە لەگەڵیاندا لە گفتوگۆدام بۆ پڕۆژەیەک، من نامەوێت بە دیدگای ئەمریکی بێم چیرۆکێکی کوردی بگێڕمەوە. گلەیی من لە هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە ئەوەیە، من فیلمێک دروست ناکەم کەسێکی ئەوروپی بێت و تەنیا بۆ خۆشی سەیری بکات. یەک شتت بۆ دەگێڕمەوە، لە دانیمارک بانگهێشتیان کردم بۆ پڕۆژەیەک کە باسی پیاوێکی هاوڕەگەزخوازی ئەفغانیی دەکرد. منیش سەیری بەرهەمهێنەرەکانم کرد و گوتم بۆچی ناچم بۆ گرینلاند بزانم دانیمارک لە شەستەکاندا چی لە گرینلاند کردووە؟ واتە تۆ دەتەوێت کەسێکی ئەفغانی بەو شێوازە ببینیت؟ من نامەوێت بیبینم. من ئەو چیرۆکە دروست ناکەم. خۆم بە شێوەیەک لە شێوەکان بچووک ناکەمەوە بۆ ئەوەی یان لایەنێکی داراییم دەست بکەوێت یان سەرنج راکێشم. من دەمەوێت لە رێگەی چیرۆکەکانی خۆمەوە دەنگی خۆم بە جیهان بگەیەنم. فیلمی سەدامیش بە هەمان شێوە بوو.
رووداو: کەواتە تۆ وەک کوردێک پێت وایە سینەما ئامرازێکە بۆ گەلەکەت و نەتەوەکەت؟
هەڵکەوت مستەفا: هەموو دنیا شەڕی لەسەر یەک شتە؛ کێ چ بەشێکی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە. بە هەموو ئەو جەنگانەشەوە کە ئێستا لە چواردەورمان دەیبینیت.
رووداو: بەسە کورد خۆی چیرۆکگێڕەوەی خۆی نییە. ئەوە خەفەتی منە. کورد چیرۆکی خۆی ناگێڕێتەوە.
هەڵکەوت مستەفا: لە نەرویج ساڵانە یەک ملیار کرۆن خەرج دەکەین بۆ ئەوەی... یەکەم مەرجی نەرویج دەزانیت چییە؟ ئەوەیە کە سیناریۆکەی بە نەرویجی بنووسرێت. زمان. فەرەنسا ساڵانە دوو ملیار یۆرۆ، نازانم چەند ملیار یۆرۆیە، خەرج دەکات بۆ ئەوەی سەنتەری کولتووری لە هەموو جیهاندا هەبێت، تاوەکو زمانی فەرەنسی، دیدگای فەرەنسی و کولتووری فەرەنسی... منی کورد چیم هەیە؟ من لەوە خەفەت دەخۆم.
رووداو: ئێستا یەکێک لە کێشە گەورەکان، تۆ پەنجەت خستە سەری، بینەرانی بەڕێز. واتە کێشەکەمان ئەوەیە، تەنانەت مێژووەکەشمان خەڵکی دیکە بۆمان دەگێڕنەوە. بۆیە بەردەوام یان شتیان خستووەتە سەری یان لێیان کەمکردووەتەوە. هەرچەندە من دڵنیام لەوەی کە مێژووی ئێمە مێژوویەکی زۆر گەورەیە و بەردەوام لێی کەمکراوەتەوە. بەڵام هەڵکەوت مستەفا دەڵێت گەورەترین کێشەی من ئەوەیە کە کورد خۆی گێڕەرەوەی چیرۆکی خۆی نییە لە سینەماشدا. جیاوازیی ئەوە چییە خۆت چیرۆکی خۆت بگێڕیتەوە و خەڵک بیگێڕێتەوە؟
هەڵکەوت مستەفا: راشکاوانەتر دەبیت. کوردێک باشتر لە کوردێک تێدەگات. بەڵام ئێمە لە سینەمادا شتێکمان پێ دەڵێن "زمانێکی سینەمایی". هەست دەکەم لە کوردستان تەنیا رووداوەکە دەگێڕینەوە. لە سینەمادا تەنیا رووداوەکە گرنگ نییە. خاڵێکی وەرچەرخان و زمانێکی سینەماییمان هەیە. وەک باسم کرد، ئۆتۆمبێلێک بە رێگەیەکدا دەڕوات و لە شاخەکەوە دەکەوێتە خوارەوە، ئێمە تەنیا ئەوەندە دەگێڕینەوە. هونەر ئەوەیە ئەم ئۆتۆمبێلە چاک بکەیتەوە و بیهێنیتەوە سەر رێگەکە و بڕوات، ژیان بەردەوام بێت. ئێمە نەمانتوانیوە رێگەیەکی هیوابەخش، ئارامیی رۆحی و کلیلی کردنەوەی دەرگای نهێنییەکانی رۆحی تاکی کوردی بدۆزینەوە. دەربڕینی هەستمان لە کوردستان نییە. خەڵک هەمیشە فۆرمێکی لە گێڕانەوە دروستکردووە کە دەبێت چیرۆکەکەت وا بگێڕیتەوە. بەڵام وڵاتێکی وەک فەرەنسا ملیارەها یۆرۆ خەرج دەکات بۆ ئەوەی...
رووداو: لەناو ئەم کولتوورەی ئێمەدا، سینەماکار ئازادە یان خۆت سانسۆری پێشوەختەی خۆت دەکەیت لەبەر کولتوور و داب و نەریت؟
هەڵکەوت مستەفا: سینەما دەتوانێت کۆمەڵگە و دیدگای سیاسی بگۆڕێت، سینەما دەتوانێت رۆح بکاتەوە. تاوەکو هونەرمەند نەتوانێت دیدگایەکی جیاوازتر بۆ کۆمەڵگە بکاتەوە، کەسی دیکە ناتوانێت بیکات. هونەرمەند دەبێت شەڕی رۆحی خۆی بکات.
رووداو: خۆت دەزانیت هونەرمەندی داماوی کورد خەونیان زۆرە، چاویان زۆر شت دەبینێت، بەڵام دەستیان کورتە. لە کوێوە دەست پێ بکرێت بۆ ئەوەی سینەما لێرەش ببێتە پیشەسازی و هەلی کار دروست بکات و خەڵک بهێنێتەوە لای خۆی؟ سینەما بەهۆی هەندێک فیلمی خراپیشەوە، با راستییەکەی بڵێم، فیلم و درامای خراپ... ئێستا کارەکتەر هەیە بەڕاستی درامای لەسەر کراوە، دەڵێم خۆزگە ناشیرینیان نەکردایە. پێت وایە دەرفەتەکە گونجاوە بۆ ئەوەی سینەما بکەینە پیشەسازی و هەلی کار و گیرفانی هونەرمەندانی کورد گەرم بکاتەوە و ژیانیان بگۆڕێت؟
هەڵکەوت مستەفا: لە هەموو شوێنێک، حکومەت دەبێت دیدگای کولتووریی ئەو وڵاتە دیاری بکات. من لەناو سیستەمێک لە نەرویج و ئەورووپا کار دەکەم. حکومەتی نەرویج و وەزارەتی رۆشنبیری، دیدگای ئەو وڵاتەیان دیاری کردووە. نەرویج 10 ساڵ لەمەوبەر پلانێکی بۆ 10 ساڵی داهاتوو هەبوو، بۆ ئەوەی بتوانێت کوالێتیی هونەریی خۆی بەرز بکاتەوە و چیرۆکەکانی خۆی بە ئاستێکی بەرز و رۆشنبیریی سینەمایی بگێڕێتەوە. لە هەمووی گرنگتر، دیدگای کولتووریی وڵاتەکەیە. چونکە کە دیدگات نەبوو و شێواز و فۆرمت دانەنا کە ئەو وڵاتە چۆن دەتوانێت دەربڕینی خۆی لە رووی سینەماوە بدۆزێتەوە، هونەرمەندان هیچیان پێ ناکرێت.
رووداو: بۆ نموونە، ئێستا ئەگەر بەڕێز مەسرور بارزانی بودجەیەکی تایبەت لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی دابنێت بۆ بووژانەوەی سینەما بە شێوەیەکی سیستەماتیک، داڕێژراو و خاوەن دیدگا، پێت وایە ئەو پارەیە بە فیڕۆ دەچێت یان دەکرێت چەند قات زیاد بکات؟
هەڵکەوت مستەفا: پارە دەبێت عەقڵی لەگەڵدا بێت. من لە نەرویجەوە فێر بووم شتی باش بە پارە ناکرێت، بەڵکو بە عەقڵ دەکرێت. تاوەکو سیستەمێکی باش دروست نەکەین، ئەگەر پارەش بخەیتە ناو پڕۆژەی هونەرییەوە، هیچ شتێک قورس نییە. بەڵام دەبێت دیسپلین و دیدگایەک هەبێت. ئێمە وەک کورد دەمانەوێت بە سینەما چی بە دنیا بڵێین؟ شوناسی خۆمان پیشان بدەین؟ چیرۆکە تراجیدییەکانی خۆمان بگێڕینەوە؟ یان دەمانەوێت وەک پارچەیەک لە هونەر بتوانین دیدگای خۆمان بسەپێنین؟
رووداو: بۆ نموونە، تراژیدیاش بگێڕینەوە. ئەگەر فیلم نەبووایە، لەوانەیە سەربازێکی ئەمریکی نەگەڕابایەوە بۆ ڤێتنام بۆ داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانییەک. بۆ نموونە، هۆلۆکۆست ئاوا دەچووە ناو مێشکی منداڵان و خەڵکەوە ئەگەر فیلمەکان نەبوونایە؟ فیلمی "The Pianist" چ رۆڵێکی گەورەی بینی؟ "Life Is Beautiful" چی نەکرد؟
هەڵکەوت مستەفا: راستە، بە دڵنیاییەوە. دەتوانین لە هەموو شێوازەکاندا فیلممان هەبێت و دەتوانین لە هەموو شێواز و فۆرمەکاندا گێڕانەوەمان هەبێت. بەڵام لە کۆتاییدا حکومەت دەبێت ئەو فۆرمە دابنێت بۆ ئەوەی هونەرمەندان بتوانن لەو چوارچێوەیەدا کار بکەن. یەک نموونەت بۆ دەگێڕمەوە کاکە رەنج، لەوانەیە زۆر سەرنجڕاکێش بێت بە لاتەوە. لە نەرویج، ئەگەر من لە 10 هەزار بلیت زیاتر لە سینەما بفرۆشم، حکومەتیش ئەوەندە بلیتەم لێ دەکڕێتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر من سبەی 50 هەزار بلیت لە سینەما بفرۆشم، حکومەت پارەی 50 هەزار بلیتەم پێ دەداتەوە. دەزانیت بۆ؟ لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکەی تۆ بتوانێت رکابەریی هۆلیوود بکات. ئەوە دیدگایەکە حکومەت دایدەنێت، نەک من. لەبەر ئەوەی هەڵکەوت مستەفا ناتوانێت کۆمپانیاکەی رکابەریی هۆلیوود بکات ئەگەر حکومەت پشتگیریی نەکات. نەرویج، وڵاتێکی پێنج ملیۆن کەسی، بەو سیستەمە بەرەنگاری ئەمریکا دەبێتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت حکومەتەکەت دەیەوێت چۆن پشتگیریی خۆی بکات. بەڵام لە نەرویج لە کوێ لە منی وەردەگرێتەوە؟ کاتێک من فیلمەکەم بە دنیا دەفرۆشمەوە، پارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەرویج و لە 22%ی داهاتەکەم لێ دەسێنێتەوە. واتە پارەکەی هەر بۆی دەگەڕێتەوە. باوەڕ بکە، لە فیلمی سەدام، نەرویج پارەیەکی زۆری دەستکەوت کاتێک ئەو فیلمە لە وڵاتە عەرەبییەکان بڵاوبوویەوە. لە 22%ی داهاتەکەی بۆ گەڕایەوە. لە کۆتاییدا پارەکە هەر دەگەڕێتەوە. سیاسەت و سیستەمەکەیە کە دەتوانێت ئەو پارەیە بخاتە کولتوورەوە و جارێکی دیکە بیهێنێتەوە ناو کۆمەڵگە.
رووداو: تۆ باسی تراژیدیات کرد. هەرچەندە ئێمە وەک کورد حەقی خۆمانە تراژیدیاکانیشمان بگێڕینەوە. مێژووی کورد، بینەرانی بەڕێز، خۆتان دەزانن کە کوردن و مێژووی ئێمە تەنیا تراژیدیا نییە. مێژووی ئێمە پڕە لە ژیاندۆستی. چەندین کارەکتەری ئەدەبیی گەورەمان هەیە کە دەکرێت ژیانیان ببێتە فیلم و دراما. چەندین کارەکتەری سەرکێشمان هەیە. پاڵەوانەکانی ئێمە پاڵەوانی راستەقینەن، نەک پاڵەوانی سەر فەرشی سوور. راستە، سبەی ئاڤانی فیلمەکەی تۆ لەسەر فەرشی سوور پاڵەوانە، بەڵام بەڕاستی ئاڤانەکان لە راستییشدا هەر پاڵەوانن، چونکە مێژوویەکی گەورەی پاڵەوانێتی لە پشتیانەوەیە. بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە گەورەیان بکەین. پاڵەوانەکانی ئێمە راستەقینەن، بەڵام دەکرێت بیانخەینە ناو فیلمیشەوە. ئێمە چیرۆک و داستانەکانمان... پێت وایە "مەم و زین"ی خانی لە "Romeo and Juliet" کەمتر بێت؟
هەڵکەوت مستەفا: یەک شتی سەرنجڕاکێشت بۆ باس دەکەم. ئێمە لە کوردستان چیرۆکمان هەیە کە دەتوانێت ببێتە داهات و سەرمایەیەکی زۆر گەورە. ئاڤاتاری کورد کێیە؟ باتمانی کورد کێیە؟ سوپەرمانی کورد کێیە؟ ئێمە چەندین چیرۆکمان هەیە. کە دەڵێم سینەما دەتوانێت کۆمەڵگە بباتە ئاستێکی زۆر بەرزتر... ئێستا نەرویجم بە نموونە هێنایەوە، وڵاتێکی پێنج ملیۆنی، فیلم هەیە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس چووە بۆ سینەما بۆ سەیرکردنی، لە پێنج ملیۆن کەس. ئەوە لەبەر رۆشنبیریی وڵاتەکەیە. فیلمی سەدام تەنیا لە ئیمارات 66 هەزار کەس چووبوون بۆ سەیری لە سینەما. ئەوە لەبەر رۆشنبیریی کۆمەڵگەکەیە. 20 ساڵ پێش ئێستا فیلمم لە ئیمارات بڵاوبوویەوە، خەڵک لەناو سینەماکەدا سەیری مۆبایلەکەی دەکرد، رۆشنبیرییەکەی نەبوو. بەڵام ئێستا بڕۆ بۆ ئیمارات، هەموو کۆنسێرت و فیلمەکان زۆرترین بینەریان لە ئیماراتە. رۆشنبیری و کولتوور هاتە ناو وڵاتەکەوە. لە کوردستان دەتوانین دروستی بکەین و لە کوردستانیش هەیە. خەڵک عاشقی هونەر، سینەما و دەربڕینی کولتوورییە. بەڵام نابێت بە فیلمی خراپ بینەر تووڕە و بێزار بکەین. چونکە ئەگەر من لەگەڵ بینەردا راشکاو نەبم، بینەر متمانەم پێ ناکاتەوە. هونەر لە کۆتاییدا متمانەیە.
رووداو: ئەوە قسەیەکی زۆر راستە. راشکاوی. لە ئەدەبدا شتێک هەیە دەڵێن چەند راشکاوی لای نووسەرەکە هەبێت، ئەوەندە پەیام و دەقەکەی لەسەر دڵی خوێنەر دەنیشێت. کەواتە ئەمە بۆ سینەماش راستە؟
هەڵکەوت مستەفا: بەتایبەت لە سینەما. مرۆڤ تەنیا لە پشتی وشەوە ناتبینێت، تۆ لەناو ژیانەکەیدایت و هەست بەو نزیکییەی ژیان دەکەیت. هەموو فیلمە باشەکانی دنیا ئەوانەن کە گەشتێکی رۆحیت لەگەڵ خۆیدا پێ دەکات بۆ دنیایەک کە بۆ تۆ تازەیە، یان نهێنییەکانی رۆحی خۆتی پێ ئاشنا دەکات. دەرگاکردنەوەیە لەو نهێنییەی رۆح و زۆرجار دیدگایەکی نوێ یان گەشتێکی رۆحیی نوێت پێ دەکات. بۆیە بە باوەڕی من راشکاوی گرنگترین خاڵە. یەکەم، دووەم، دەرهێنەر پێگەیەکی ئەخلاقی لە ناوەڕاستی چیرۆکەکەدا بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
رووداو: باشە، سبەی، دووسبەی، بینەری کورد هەست دەکات بەر فیلمێکی تازەی کوردی دەکەوێت بە هەموو واتاکانییەوە؟
هەڵکەوت مستەفا: رەخنەگران دەڵێن ئەو فیلمە لە "American Sniper" باشتر دروستکراوە کە هۆلیوود بەرهەمی هێناوە. رەخنەگران دەڵێن هۆلیوود دەبێت لە فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفاوە فێر بێت. نازانم چیت پێ بڵێم. ئەوە قسەی من نییە، قسەی رەخنەگرانی هۆلیوودە.
رووداو: بەڵام من رەخنەیەکم هەیە. رەخنەکەشم ئەوەیە کە ستافەکەت زۆریان بیانی بوون. دڵنیات دەکەمەوە لەوەی لەم چەند ساڵەی کە تۆ لە کوردستان دابڕاویت، خەڵکی تەکنیکیی زۆر باڵا و بەرز دروست بووە کە دەتوانن لە فیلمی ئەنیمەیشنەوە تا هاوشێوەی فیلمەکەی جەنابت بەرهەم بهێنن. دەزانم پڕیت لە بیرۆکەی جوان بۆ ئایندە. بیرت لەوە نەکردووەتەوە زۆرترین سوود لە ستافی کوردی وەربگریت؟
هەڵکەوت مستەفا: بە دڵنیاییەوە. ستافی کوردی لەو فیلمەدا هەن و کوالێتییەکی زۆر بەرزیان هەیە. جگە لە خاتوو ئاڤان، وەک ئەکتەرە سەرەکییەکان، تەنیا یەک کەسی نەرویجی، توربیۆرن هار، کە لە زنجیرە درامای "Vikings" رۆڵی گێڕا، بەشدارە. ئامانجم ئەوەیە کە لە داهاتووشدا ستافی کوردی زیاتر بەشدار بن. بەڵام کاکە رەنج، دەبێت راشکاو بین، باسی راشکاوییت کرد. ئێمە ستافێکی زۆرمان لەوانەی لەو فیلمەدا بەشدارییان کردووە، بەربژێری ئۆسکار بوون یان ئۆسکاریان بردووەتەوە. فیلمێکی ئاست بەرزی نێودەوڵەتییە. نەک تەنیا لە ئەورووپا، بەڵکو لەناو ئەورووپاشدا، بۆ نموونە لە سکاندیناڤیا، باشترین کۆمپانیای پۆست-پرۆدەکشن کە "Chimney Pot"ە لە ستۆکهۆڵم، ئیدارەی پڕۆژەکەیان کردووە. لەناو نەرویجیشدا، ئەوانەی کاریان کردووە چەند کەسێکیان پێشتر بەربژێری ئۆسکار بوون. واتە تەنیا ئەوە نییە کە ئەوروپی بێت. زانست و زانینی ئەو کەسە گرنگە. ئەو کەسە جاری وایە کوردە، جاری وا هەیە ئێرانییە، جاری واش هەیە خەڵکی هەر وڵاتێکی دیکەیە. لای من رۆشنبیری و پێگەی هونەریی کەسەکە گرنگە، نەک خەڵکی کوێیە. ئەگەر بە راشکاوی پێت بڵێم. چونکە لای من ژنە، پیاوە، خەڵکی کوێیە، گرنگییەکەی لایەنە هونەرییەکەیەتی.
رووداو: بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ چیرۆکی کوردی دەگێڕیتەوە. چیرۆکەکە کوردییە، بەڵام دروستکردنی هەلی کاریش بۆ گەنجی کورد، ئەوەش بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی هەموومانە. تۆ وەک گەنجێکی کورد کە لێرە لەدایک بوویت، لە دایکێکی هەڵەبجەیی، راستە لە نەرویج باڵت گرتووە و هونەرەکەت گەشەی کردووە، بەڵام دیسان بەرپرسیارێتیت بەرامبەر بە زمان و هاوزمانەکەت هەیە. لەو لایەنەوە دەڵێم. ئەوەندەی تۆ بناسم، دەزانم خەون و پڕۆژەت بۆ ئەوانیش هەیە، وانییە؟
هەڵکەوت مستەفا: بە دڵنیاییەوە. هەر هێنانی پڕۆژەکە بۆ کوردستان، دۆزینەوەی هەلی کاری زۆرە بۆ خەڵک. هێنانی ئەو لایەنە داراییە بۆ هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی لێرە، جارێکی دیکە بۆ خۆی دەبێتەوە بە سەرچاوەی دارایی و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خەڵک.
رووداو: باشە، با یەک-دوو پرسیاری دیکەشت لێ بکەم. ئاگات لە سینەمای ئێرە هەیە؟ کام لە دەرهێنەرە گەنجەکان سەرسامیت پێیان؟ حەز دەکەیت لە ئایندەدا کاریان لەگەڵدا بکەیت؟ دوو-سێ کەسیان ئەگەر بیانناسیت؟
هەڵکەوت مستەفا: وەڵاهی ئەوەی من چەند فیلمێکم لە ئێرە بینیبێت، تەنیا گلەییەک کە هەمە، هەست دەکەم زوو بڕیار دەدەن و خێرا پڕۆسەکە کۆتایی پێ دەهێنن. دەبێت هەوڵ بدەن دەربڕینێکی رەسەنی خۆیان بۆ سینەما بدۆزنەوە. کاک شەوکەت ئەمین، کاک شوان عەتووف، کاک سرووش، وابزانم فیلمێکی دروست کرد کە من فیلمەکەم نەبینیوە، بەڵام پارساڵ بینەری زۆر بوو لێرە. چەندین گەنجی دیکە هەن کە فیلمیان بەرهەم هێناوە، وەک کاک بەختیار فەتاح. بەڕاستی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرهێنەری زۆر باشیان هەیە، بە تایبەتی سنەی سەربەرز.
رووداو: راستە.
هەڵکەوت مستەفا: دەرهێنەری زۆر باشمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە. هونەرمەندی زۆر باشمان هەیە. کوردستان دەتوانێت ببێت، بە تایبەتی باشووری کوردستان، بە شوێنی کۆکەرەوەی توانای هونەریی هەر چوار پارچەی کوردستان. بەبێ ئەوەی کێشەی سیاسیش دروست بکات، دەتوانێت ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی. من هەموو کات ئیمارات بە نموونە دەهێنمەوە. ئیمارات بووەتە سەنتەرێکی وزە و کۆکردنەوە بۆ ئەم ناوچەیە. باشوور دەتوانێت ئەو ملیۆنان کوردە، هەرێمی کوردستان وەک سەنتەرێکی دەربڕینی کولتووری و لە رووە بازرگانییەکەشیەوە بەکاربهێنێت. بەڵام لە کۆتاییدا فۆرمێکی سیاسی و بەڕێوەبردنمان بۆ ئەو شتە دەوێت، چونکە هونەرمەندان لە چوارچێوەی یاسادا کار دەکەن و ئەو شتە زۆر گرنگە.
رووداو: چەندێک دوای ئەم گفتوگۆیەی من و تۆ، خەڵک دەتوانن فیلمەکە لە سینەما ببینن؟
هەڵکەوت مستەفا: لە 22ی ئەم مانگەوە، واتە 22ی 9، لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.
رووداو: زۆر باش بوو باسی ئەوەت کرد کە ئەمجارە فیلمەکەت یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان پیشان دەدرێت، چونکە رەخنەی ئەوەیان لێ گرتبووی کە هەموو شوێنێک فیلمەکە دەبینێت ئینجا دێتەوە ئێرە.
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ.
رووداو: خۆت دەزانیت ئێمە بەردەوام دەڵێین رووداو هی هەمووانە، لەبەر ئەوە من بەجێت دەهێڵم خۆت هەندێک لەگەڵ بینەران قسە بکەیت لەبارەی فیلمەکەتەوە و چۆن بانگهێشتیان دەکەیت و ئەو رستانەی کە بە منت نەگوتووە. فەرموو، خۆت و بینەرانی رووداو.
هەڵکەوت مستەفا: سڵاوتان لێ بێت، من هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمی "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت". فیلمەکە لە 22ی ئەم مانگەوە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان پیشان دەدرێت و بۆ من جێگەی شانازییە کە ئێوە یەکەم بینەرن لە هەموو جیهاندا فیلمەکە دەبینن. فیلمەکە لە 7ی 1ی ساڵی داهاتووەوە لە هەموو سینەماکانی جیهان بڵاودەکرێتەوە. شانازی دەکەم کە ئێوە یەکەمجار فیلمەکە دەبینن. لە 22ی مانگەوە، کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەر بەرن. شانازیتان پێوە دەکەم. شەویشتان شاد.


