رووداو دیجیتاڵ
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد دەڵێ، هەناردەی ئامەد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە "رێژەی 42% و بۆ سووریاش بە رێژەی 35% دابەزیوە" و هۆکارەکەش بۆ "سیستمی نوێی باج" و "داخرانی دەروازە سنوورییەکان" دەگەڕێنێتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "لە کاتێکدا عێراق هەمیشە لە ریزبەندی پێنج وڵاتی یەکەمی هەناردەی تورکیادا بووە، ئێستا دەبینین بازاڕەکە بۆ وڵاتانی وەک ئیمارات و چین لەدەست دەدەین. تورکیا لە پلەی یەکەمی هەناردەوە بۆ عێراق بۆ پلەی سێیەم دابەزیوە."
دەقی هەڤپەیڤینی محەممەد کایا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو
رووداو: هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی هەناردەی ئامەد چییە؟ ئایا بەرهەمهێنان کەمی کردووە یان کێشەی گەیاندن و لۆجیستی هەیە؟
محەممەد کایا: بەدڵنیاییەوە کاتێک سەیری ئامارەکانی هەناردەکردنی پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵی دیاربەکر دەکەین، چ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و چ بۆ سووریا، دەبینین دابەزینێکی بەرچاو هەیە. ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەو سیستمە باجە نوێیەیە کە جێبەجێ دەکرێ و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە. ئێمە باس لە دابەزینی رێژەی 42% دەکەین، واتە هەناردەمان بۆ عێراق نزیکەی نیوە کەمی کردووە. ئەمە جگە لەو کێشانەی پەیوەستن بە بەرهەمهێنان لە تورکیا و قەیرانی ئابووری و بەرزیی نرخی کەرەستەی خاو کە کێبڕکێی قورس کردووە، هاوکات رێکخستنەوەی باج لە عێراقیش هۆکارێکی بنەڕەتی بووە. کۆبوونەوەی هەموو ئەمانە لەم ساڵدا بووەتەهۆی دابەزینی بەرهەمهێنان لە ناوچەکە و لاوازبوونی توانای کێبڕکێ. هەروەها ئەو سیستمە گومرگییەی جێبەجێ دەکرێ، گەورەترین هۆکاری دابەزینی هەناردەیە بۆ عێراق.
رووداو: هەناردەکردن بۆ سووریاش کەمی کردووە. هۆکاری چییە کە هەناردەتان بۆ سووریا بەو رادەیە دابەزیوە؟
محەممەد کایا: سەبارەت بە سووریا دۆخەکە جیاوازە. کاتێک سەیری هەناردەی گشتیی تورکیا بۆ سووریا دەکەین، زیادبوونێکی بەرچاو دەبینین. بەراورد بە پێنج مانگی ساڵی رابردوو نزیکەی 24% زیادی کردووە، بەڵام هەناردەی دیاربەکر بە رێژەی 35٪ کەمی کردووە. ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە ئێستا پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی سووریا دروستبووە. راستە ئامارەکانی هەناردە زیادیان کردووە و کێشەکانی دەروازەی جیلوەگۆزو هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر کراون، بەڵام ئەمە تەنیا لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی رۆژئاوای تورکیادایە، چونکە دەروازەی جیلوەگۆزو نزیکەی 600 کیلۆمەتر لە دیاربەکرەوە دوورە، ئێمە ناتوانین بەو مەودا زۆرە کێبڕکێی کۆمپانیاکانی کۆنیا، مێرسین و ئەدەنە بکەین بۆ فرۆشتنی کاڵا بە سووریا، بۆیە هاوبەشە بازرگانییەکانمان لەدەستداوە. کێشەی سەرەکی لێرەدا لۆجستیە. بۆ ئەوەی کاڵایەک لە دیاربەکرەوە بنێرین بۆ سووریا، دەبێت تاوەکو جیلوەگۆزو بڕۆین، لە کاتێکدا دەروازەکانی نوسەیبین، شەنیورت و جەیلانپینار کە تەنیا 170 کیلۆمەتر لێمانەوە دوورن، داخراون. ئەگەر ئەم دەروازانە نەکرێنەوە، ئەم رێژەیە زیاتریش دادەبەزێ.
رووداو: دەربارەی دەروازەی سنووریی نوسەیبین، هەفتەی رابردوو هەواڵ هەبوو کە دەکرێتەوە، بەڵام دواتر گوترا هەر داخراوە. ئایا هۆکارەکەی تورکیایە یان سووریا؟
محەممەد کایا: بە پێی ئەو کۆبوونەوانەی تا ئێستا کراون، پێشتر هۆکاری داخرانی دەروازەکان بۆ حکومەتی تورکیا دەگەڕایەوە، بەڵام لە دیدارەکانی ئەم دواییەدا پێیان راگەیاندین کە تورکیا خوازیاری کردنەوەی دەروازەکەیە و تەنانەت ژێرخانی تەکنیکی دەروازەی نوسەیبین دوای 13 ساڵ داخران، چاککراوە. بەڵام دەڵێن هۆکاری سەرەکیی داخرانەکە حکومەتی ناوەندیی سووریایە و دیمەشق جگە لە جیلوەگۆزو، لەبارەی دەروازەکانی دیکەوە تێبینی و رێگری هەیە. ئێمە پێمان وایە تاوەکو پەیوەندییەکانی حکومەتی ناوەندیی سووریا لەگەڵ ناوچە کوردییەکانی باکووری رۆژهەڵات چاک نەبێت، ئەم دەروازانە ناکرێنەوە. حکومەتی تورکیا دەڵێت دیمەشق مەرجی هەیە. بەداخەوە، سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکان، دوای پێنج مانگ هێشتا دەروازەکانی نوسەیبین و مورشیتپینار بۆ بازرگانی و بۆ کاری مرۆییش داخراون. تەنانەت ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لە دیاربەکرەوە بۆ کۆبانی کۆمان کردبوونەوە، نەمانتوانی لەو دەروازانەوە بیانبەین و ناچار بووین لە رێگەی دەروازەی "چۆبانبەی"یەوە بیگەیەنین.
رووداو: کێشەی سیستمی ئەسیکۆدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو چارەسەر دەچێت. ئایا بەوە رێژەی هەناردەتان زیاد ناکات؟
محەممەد کایا: ئێمە هەمیشە دەڵێین، لەو ماوەیەی پەیوەندییەکان باش بوون لە ساڵانی 2013-2015، تەنیا لە ساڵی 2014دا قەبارەی بازرگانیمان گەیاندە نزیکەی 15 ملیار دۆلار، کە تا ئێستا ژمارەیەکی وا دووبارە نەبووەتەوە. 55٪ی تێکڕای هەناردەی دیاربەکر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە. عێراق هەمیشە لە ریزبەندی پێنج وڵاتی یەکەمدا بووە کە تورکیا زۆرترین هەناردەی بۆ دەکات. کاتێک پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق باش دەبن، دەگەینە ژمارەی زۆر گەورە. زیاتر لە 3000 کۆمپانیای تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەن و بەو ئەندازەیەش کۆمپانیای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا هەن. ئەمە دەریدەخات ژێرخانی بازرگانی هەیە، بەڵام کێشەی سەرەکی باج و ئاستەنگەکانی دەروازە سنوورییەکانە. ئەگەر دەروازەکانی وەک شەمزینان، دێرەلووک و ئوزوملو بە تەواوی کارا بکرێن و ژێرخانی رێگاوبان چاک بکرێت، گەیشتن بە 30 ملیار دۆلار کارێکی قورس نییە. لە ساڵی 2014 تورکیا لە پلەی یەکەمی هەناردەدا بوو بۆ عێراق، بەڵام لە ئامارەکانی 2025دا دەبینین ئیمارات بووەتە یەکەم و چین دووەم و تورکیا بۆ پلەی سێیەم دابەزیوە. هۆکارەکەش ئەوەیە تورکیا نەیتوانیوە پەیوەندییەکی بازرگانیی دروست لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت و ئاستەنگەکان لابدات، بۆیە بازاڕەکەمان بۆ وڵاتانی کەنداو و چین لەدەست دەدەین. تورکیا دەبێت قۆناخێکی نوێ بۆ لابردنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی کێشەی باج و گومرگ لەگەڵ عێراق دەستپێبکات.

