رووداو دیجیتاڵ جەنگیز چاندار، سیاسەتەمەدار و نووسەری ناودار و ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی دەم پارتی، پەردە لەسەر وردەکاریی ئەو دیدار و کۆبوونەوانە لادەدات کە لە پشت پەردەوە لە نێوان شاندی ئیمراڵی، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و بەرپرسانی ئاکپارتیدا لە بارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە بەڕێوەدەچن و رایگەیاند، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەری بهێندرێتە پەرلەمان چاندار باس لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان "یاسای پەشیمانی" و ئەو "یاسای چوارچێوەیە" دەکات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک "یاسای ریشەیی" ناوزەندی کردووە. جەنگیز چاندار تیشک دەخاتە سەر گوتارە نوێیەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و رۆڵی نوعمان کورتوڵموش وەک سەرۆکی پەرلەمان لە نزیککردنەوەی لایەنەکان، هاوکات وادەی ئەگەریی گەیشتنی پڕۆژەیاساکە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان دوای لووتکەی ناتۆ ئاشکرا دەکات. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: کەی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەنێردرێتە پەرلەمان، هەروەک سەرۆککۆماری تورکیا باسی کرد. ئایا دەکەوێتە دوای کۆبوونەوەی ناتۆ؟ یان زووتر دەکرێ؟ جەنگیز چاندار: لەم کاتەدا هیچ کەسێک زانیاریی روونی لەمبارەیەوە نییە. بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکرا کە ئایا سەرۆککۆمار لەو گوتارەی ئەمڕۆیدا باسی ئەم بابەتە دەکات یان نا؟ ئەوەبوو باسی کرد. ئەگەر گوێ لە گوتارەکەی بگرین، دەبینین ئەگەری هاتنی ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمان پێش کۆتایی هاتنی مانگی تەممووز، زۆر بەهێزە، مسۆگەر نییە بەڵام بەهێزە. رەنگە رێک دوای لووتکەی ناتۆ بێت. هەفتەیەکی دیکەمان لەپێشە بۆ کارکردنی پەرلەمان، دوای ئەوە لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت. دوای ئەوەش هەر لە 14ی مانگەوە کارا دەبێتەوە. رووداو: بەڕێز چاندار، شیکردنەوە و تێڕوانینی دەم پارتی لە ئامادەکردنی ئەو یاسایەدا وەرگیراوە؟ جەنگیز چاندار: ئەگەر وەک دەم پارتی پرسیارەکە دەکەن، ئەندامانی دەم پارتی کە پێیان دەگوترێت شاندی ئیمراڵی و لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە، لەگەڵ سەرۆککۆماریش کۆبوونەتەوە. لە داهاتووێکی زۆر نزیکیشدا لەمبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی کۆبوونەتەوە. لەم هەفتەیەدا، بەیانی یان دووبەیانی، تاوەکو هەفتەی داهاتوو، چاوەڕوان دەکرا دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی کۆببنەوە. ئەگەر سەرنج بدەینە گوتارەکەی ئەمڕۆی سەرۆککۆمار، دەتوانین بڵێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم دیدارانە دووبارە دەبنەوە. هەر خۆی ئەو هاوڕێیانەمان کە نوێنەرایەتیی دەم پارتی دەکەن، پێش چەند رۆژێک لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش لەمبارەیەوە کۆبوونەتەوە. رووداو: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەتاوەکو ئێستا گەیشتوون، ئەو یاسایە تەنیا خۆڕادەستکردنەوەی ئەو گەریلایانە دەگرێتەوە کە شەڕیان نەکردووە. باشە ئەی چارەنووسی شەڕکەران، فەرماندە و رێبەرانی پەکەکە چی بەسەردێت؟ ئایا لە شاخ دەمێننەوە؟ ئایا چەکەکانیان هەر لا دەمێنێتەوە؟ جەنگیز چاندار: ئێوە ئێستا پرسیاری وەها دەکەن کە لەم کاتەدا وەڵامیان نییە. سەبارەت بەوەی کە ناوەڕۆکی یاساکە چۆن دەبێت، تاوەکو ئەم ساتەش هیچ شتێکی کۆنکرێتی و بەرجەستە لە ئارادا نییە. واتە هێشتا نازانین چەند کەس دەگرێتەوە یان بە چ شێوەیەک دەکرێت. بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا ئەم بابەتە جێگیرتر دەبێت و ئەو کەسانەی باسیان دەکەیت وەک چەند کەس پێناسە دەکرێن، دۆخی ئەوان چی لێ دێت و بە چ شێوەیەک دەبێت. هەروەها چەند کەس لەوە سوودمەند دەبن، بێگومان تەنیا گەریلاکان نین، ئەوانەی دوورەوڵاتن کە زۆربەیان لە ئەورووپا و دیاسپۆران، ژمارەیەکی زۆریش لە زیندانەکانن. یاسایەک دەبێت کە ئەوانیش دەگرێتەوە. ئەوانەی ناتوانن بچنە ناو یاساکەوە ژمارەیان چەندە، کێن و پێگەیان و دۆخی یاسایییان چی دەبێت؟ ئێستا مەحاڵە هیچ شتێک بۆ ئەم بابەتانە بگوترێت. هەرچییەک بڵێین بە تەواوی دەبێتە مەزەندەکردنێکی هەڕەمەکی. هەتا ئێستا هیچ شتێکی بەرجەستە و کۆنکرێتی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیاسایەی کە بڕیارە بێتە پەرلەمان، یان چاوەڕێ دەکرێت بێت، لەبەر دەستدا نییە. ئەگەر کارەکان بە باشی بڕۆن، بەر لە هاتنی تەممووز کۆتایی دێت. رەنگە لە ماوەی دوو هەفتە یان 10 رۆژ دوای لووتکەی ناتۆ کە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، دەستی پێ بکرێت. وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا لەو کاتانەدا دەتوانین بە شێوەیەکی روون وەریبگرین". رووداو: بەڕێز چاندار، هەروەک دەزانن ئێستا یاسای پەشیمانیش هەیە. ئەگەر گەریلا خۆیان رادەست بکەن و پەشیمانی دەرببڕن، دەگیرێن و دوای دوو مانگ، ئازاد دەکرێن. ئایا ئەو یاسایەی ئێستا باس دەکرێت، جیاوازیی لەگەڵ یاسای پەشیمانی هەیە؟ جەنگیز چاندار: رەنگە هەیبێت، چونکە ئەمە یاسای پەشیمانی نییە. ئەمە ئەوەیە کە دەم پارتی بە "یاسای چوارچێوە" ناوزەندی کردووە. خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک "یاسای ریشەیی" پێناسەی کردووە. ئەوەی سەرۆککۆمار لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا وەک "رێکارە یاسایییەکان" وەسفی کرد، واتە ئەو رێکارە یاسایییانەی بە مەبەستی زامنکردنی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەگیرێنەبەر. بە پێناسەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە هەشت نۆ مادە تێناپەڕێت. دیسانەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئاکپارتییەوە پێمان دەگات، یاسایەک دەبێت کە 10-11 ماددە بێت، بەڵام ئەمە یاسای پەشیمانی نییە. ئەمە بە تەواوی پەیوەندیی بەو پرۆسەیەوە هەیە کە ساڵی رابردوو دەستی پێکردووە، یان راستر بڵێین لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێکردووە، بەڵام بە لێدوانەکەی 28ی شوباتی 2025ی ئۆجەلان، خێرایی بەخۆیەوە بینی. دواتر بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە کۆنگرەی پەکەکە کە ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو و راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بوو. هەروەها رۆژی 11ی تەممووزیش بە سووتاندنی چەکەکان لە کوردستانی عێراق دەستی پێکرد و لە دوای ئەوەش لە سەرەتای ئابدا کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا لەمبارەیەوە پێکهێنرا. گوزارشت لەو خاڵە دەکات کە ئەو پرۆسەیە پێی دەگات کە لە شوباتی ئەمساڵ بە راپۆرتی ئەو کۆمیسیۆنە و پێشکێشکردنی راپۆرتێک خێراتر بوو. هەروەها باس لە یاسایەک دەکات کە نوێنەرایەتیی گرنگترین خاڵی وەرچەرخانی خۆی دەکات. بۆیە ئەمە جیاوازە لەو پراکتیکانەی کە تاوەکو ئێستا لەژێر ناوی یاسای پەشیمانیدا جێبەجێ کراون، بە تەواوی تایبەتە بەم پرۆسەیە. بێگومان رەنگە بڕگەی هاوبەشی پەیوەندیدار بە یاسای پەشیمانیش لەخۆ بگرێت، بەڵام باس لە پڕۆژەیاسایەک دەکات کە بە تەنیا گوزارشت لە مۆرێکی ئەم پرۆسەیە دەکات. ئەوەی کە چەندە فراوان دەبێت و وەک کەمێک پێش ئێستاش گوتم هەشت ماددە، نۆ ماددە، 10 ماددە، 11 ماددە زۆرترینە و بە تەواوی بڕگەکانی پەیوەندیدار بەم پرۆسەیە لەخۆ دەگرێت، بەڵام چی و چۆن لەخۆ دەگرێت، تەنیا کاتێک دەتوانین بیبینین و بزانین کە لە رۆژانی داهاتوودا جێگیر بێت، هێشتا لەو خاڵەدا نین. باس لە یاسایەکی لەو شێوەیە دەکات. رووداو: بۆچی پێشتر یاسا دەرناچێت؟بۆچی دەوڵەت چەکدانان دەکاتە مەرجی یاساکە؟ محەممەدئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری دەڤا، دوێنێ میوانمان بوو و گوتی؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەوڵەت رێککەوتوون کە پەکەکە بێ مەرج چەک دابنێت. جا ئەگەر یاسا دەربچێت یان نا. هەر بۆیەش دەوڵەت دەیەوێ بەر لە دەرچوونی یاسا، پەکەکە چەک دابنێ. ئێوە لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟ جەنگیز چاندار: نابێت زۆر گوێ بدەینە ئەو جۆرە قسانە. دوێنێ عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش قسەی کرد. ئێستا ئێمە لە خاڵێکی زۆر هەستیارین. هەتا ئاستێکی دیاریکراو، هەموو رێکخراوێکی سیاسی لێدوان دەدات، بە مەبەستی بەدەستهێنانی رەزامەندی بنکەکەی، لایەنگرانی و رای گشتی، بە جۆرێک کە لە پرۆسەکەدا بیانهێڵێتەوە. پێدەچێت ئەمە بەردەوام بێت. ئێستا هیچ کاتێک ئەمە نەگوتراوە؛ کە هەموو چەکەکانی پەکەکە بە ژمارەی زنجیرەیییەوە سەرژمێرییان بۆ دەکرێت، دەستنیشان دەکرێن، ئەمانە رادەگەیەنرێن و دواتر یاساکە دەردەچێت. قسەیەکی لەو شێوەیە هیچ کاتێک نەکراوە. تەنیا گوترا پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن. ئەگەر هەر ئێستا پەنا بۆ لێدوانەکانی ئەمڕۆی سەرۆککۆمار ببەین، ئەگەر ئەوە بکەینە بنەما کە دەبێت بیکەین، دەتوانین بڵێین ئەم بابەتە تا رادەیەکی زۆر لە خاڵی پێگەیشتن نزیک بووەتەوە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەنگاو دەبینین و زۆر درێژ نابێتەوە، چونکە سەرۆککۆماریش باسی پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکانی کرد. بەتایبەتی رەشنووسێک، پڕۆژەیاسایەک دێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا. کاتێک دەگەینە ئەو خاڵە، ئەوکاتەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردنیان بۆ ئەم چەکانە کردووە. بۆیە پێویستە مرۆڤ بەبێ ئەوەی زۆر لەسەر وشەکان رابوەستێت، دەست بە کرۆکی بابەتەکەوە بگرێت. ئایا چەکەکان دادەنرێن، یاساکە بەو شێوەیە دەردەچێت، پێشتر دەردەچێت، دواتر دەردەچێت، با ئەمانە تێپەڕێنین. ئێستا لە دوو کاژێری رابردوودا، بەتایبەت دوای لێدوانی سەرۆککۆمار تەیب ئەردۆغان. رووداو: منیش بۆیە وادەڵێم، چونکە سەرکردەکانی پەکەکە دەڵێن، هەتا یاسا دەرنەچێت چەک دانانێن. جەنگیز چاندار: ئێستا هەموو ئەمانە وەک گوتم، لەو پرسیارەی ئێستا لێت کردم گوتت "بەرپرسانی پەکەکە وا دەڵێن". بەڵام لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دیدار دەکرێت. هەندێکی دەزانین، هەندێکی نازانین، بەڵام دەزانین کە ئەم دیدارانە سازکراون و بەردەوامیش دەبن. بۆیە من بە پێداگری و سەرسەختییەوە گوتارەکەی دوو کاژێر لەمەوبەری سەرۆککۆمار دەکەمە بنەما. چونکە ئەوە خاڵی کۆتایییە کە پێی گەیشتووین. ئێستا ئەگەر ئەو رستانەی ناو ئەو گوتارەی سەرۆککۆمار کە کەمێک پێش ئێستا خستتانە سەر شاشە جێبهێڵین و بڵێین "پێش دوو رۆژ فڵان کەس وای گوت"، "پێش پێنج رۆژ فیسار وای گوت"، ناتوانین بەرەو پێش بچین. بنەمای ئێمە لەم خاڵەدا سەرۆککۆمارە کە بەهێزترین دەسەڵاتە لەمبارەیەوە.
هەڤپەیڤین24-06-2026ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بۆ رووداو: هەناردەمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان 42% دابەزیوە
هەڤپەیڤین22-06-2026ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماڵی دیپلۆماسی ئێران: شاند بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی ئازادکردنی پارەی بلۆککراو دەچێتە مەسقەت
هەڤپەیڤین20-06-2026وەزیری بازرگانی عێراق بۆ رووداو: شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێ