رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، جگە لەو 22 کەسەی کە دەستگیرکراون، پارێزبەندی لەسەر 10 پەرلەمانتاری دیکە هەڵگیراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون، دەشڵێت ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە گەندەڵی تێوەگلاون ئاشکراشی دەکات.
بە گوتەی د.شاخەوان عەبدوڵڵا، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا لە کەرکووک بە بەهای 300 ملیار دینار گەندەڵی کراوە و پێشتریش چەند دۆسیەیەکی گەندەڵییان لەو بارەیەوە رادەستی سەرۆکوەزیران کردووە.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقدا، گەندەڵی گەیشتە لووتکە و قاڵبی بۆ دروستکرابوو لە رێگەی ئەو هەموو "ئیستسنا"ـیەی کە دەدران.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:
رووداو: دوایین زانیارییەکان لە بارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چین و چ رێکارێک بەرامبەر تۆمەتباران، بەتایبەتی پەرلەمانتاران، گیراوەتەبەر؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بێگومان هەڵمەتەکە بەردەوامە و دانپێدانانەکان لەسەر کەسایەتیی سیاسی، پەرلەمانتار، وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی کراون. هەموویان رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر. پشووی یاسادانانی پەرلەمانتاران قۆستراوەتەوە، چونکە بەپێی یاسا ئەگەر لە پشوودا بن، سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت پارێزبەندییان لێ وەربگرێتەوە، کە پرۆسەکە ئاسانتر دەکات.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 8 پەرلەمانتار دەستگیرکراون؛ سێیان لە هەولێر، ئەوانی دیکە لە بەغدا و یەکێکیان لە دیالە. ژمارەی ئەوانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە، زیاترە لەوانەی دەستگیر کراون. بە گشتی، 22 کەس دەستگیرکراون و هەڵمەتەکەش بەردەوامە و هەموویان رەوانەی دادگە دەکرێن. ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، رەوانەی بەغدا کراونەتەوە.
رووداو: هۆکار چییە کە گەندەڵی بەو ڕادەیە لە بەغدا هەیە و بەرپرسان چۆن تێوەدەگلێن؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بەغدا ژینگەیەکی پیسە. ئەگەر ئاگات لە خۆت نەبێت و لە خوا نەترسیت، تێوەدەگلێیت، چونکە هاندان بۆ گەندەڵی و بڕی پارەکە زۆرە. بەداخەوە، لە سەردەمی حکومەتی پێشوو، گەندەڵی گەیشتە لووتکە و قاڵبی بۆ دروستکرابوو لە رێگەی ئەو هەموو "ئیستسنا"ـیەی کە دەکران. وای لێهاتبوو هەر کەسێک نزیک بووایە لە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، پڕۆژەیەکی پێدەدرا و مۆڵەتەکەی دەفرۆشتەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. بۆیە لە دوایین هەڵبژاردنی عێراق پارەیەکی یەکجار زۆر خەرجکرا. بەداخەوە، ئەم ئافاتە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
رووداو: ئەو "ئیستسنا"یانە چۆن بوونە هۆکارێک بۆ گەندەڵی و قۆستنەوەی دەسەڵات؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەو ئیستسنایانە لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران بوون. کاتێک پڕۆژەیەک ئیستسنای بۆ دەکرێت، رێکارە یاساییەکان کەم دەکرێنەوە و راستەوخۆ بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو دەدرێت. بۆ نموونە، پەرلەمانتارێک کۆمپانیایەکی وەهمی دادەنا یان ئاسانکاریی دەکرد بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی دەستبکەوێت و پارەیەکی زۆری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنا. ئەمە قۆستنەوەی پلە و پۆست و دەسەڵاتە.
رووداو: ئایا هیچ بەرپرسێکی کورد لەنێو ئەو کەسانەدا هەیە، کە ناویان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا هاتووە؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بەڵێ، کوردی تێدایە، بەڵام پەرلەمانتاری ئێستا نییە، بەڵکو پەرلەمانتاری پێشوو و خەڵکی دیکەی تێدایە. ئەم دۆسیەیە دەرگای چەندین دۆسیەی دیکە دەکاتەوە و فراوانتر دەبێتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر گەندەڵییەکانی وەزارەتی دارایی هەڵبدرێتەوە، دەیان ملیار دینار لە دەرەوەی یاسای بودجە لەلایەن وەزیری دارایی پێشووی عێراقەوە خەرجکراوە. من بەڵگەم لایە کە 25 ملیار دیناری بۆ کەسێکی نزیک لە خۆی خەرجکردووە و خراوەتە سەر بودجەی ماددەی 140.
رووداو: ئایا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری دارایی پێشووی عێراق دەرچووە؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: نازانم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە یان نا، بەڵام ناوی لە دۆسیەی داراییدا هەیە.
رووداو: هەڵوێستی ئێوە وەک فراکسیۆنی پارتی چییە لەسەر ئەم هەڵمەتە و چاوەڕوان دەکەن چی لێبکەوێتەوە؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: ئێمە لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریمان لەم پڕۆسەیە کردووە، چونکە کاریگەریی نەرێنیی گەندەڵی لەسەر عێراق، لە تیرۆر کەمتر نییە. ئەم هەنگاوانە کاتێک مایەی دڵخۆشین کە فراوان بکرێنەوە و گەورەترين کەسانی گەندەڵ بگرێتەوە. گەندەڵی لە پارێزگاکان زۆر زیاترە لەوەی لە وەزارەتە فیدراڵییەکان کراوە. بۆ نموونە، ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی لە کەرکووک بکرێتەوە، خەڵکێکی زۆر لەسەر ئاستی فیدراڵیش تۆمەتبار دەکرێن.
رووداو: بۆچی پێشتر دۆسیەی گەندەڵیتان نەجووڵاندووە، بەتایبەت لە کەرکووک؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: من یەکێکم لەوانەی نائومێد بووم. 12 دۆسیەی گەندەڵیم لە کەرکووک بە بەڵگەوە تەسلیمی سەرۆکوەزیران کرد، بەڵام هیچ رێکارێک نەگیرايەبەر. تەنانەت کاتێک بەرپرسێکی گەندەڵ لە وەزارەتی نەوت بڕیاری لادانی بۆ دەرچوو، وەزیر تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی بەهۆی دەستێوەردانی سیاسییەوە بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت. لە کەرکووک، پڕۆژەیەک کە تێچووەکەی 130 ملیار دینار بووە، لە بەغدا گوتوویانە 150 ملیاری دیکەی بخەنەسەر ئینجا بۆمان بنێرن. بەپێی بەڵگەکان، تەنیا لە یەک ساڵدا لە کەرکووک 300 ملیار دینار گەندەڵی کراوە.
رووداو: ئایا لەو دۆسیانەی کەرکووک کە باسی دەکەیت، تەنیا پارێزگاری پێشوو تۆمەتبارە یان کەسانی دیکەش هەن؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: کورد و عەرەبی تێدایە. نەک هەر پارێزگاری پێشوو، ئەگەر هەر کەسێکی دیکە لەوانەی دۆسیەیان لەسەرە بگیرێت، خەڵکی وا تێوەدەگلێت کە لە بەغدا پلەی جێگری وەزیر و وەزیری هەبووە. بەڵگەی هەموو ئەو گەندەڵییانە لای ئێمە هەیە.
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەنگاوانەی ئێستا، ئایا دۆسیەکانتان سەرلەنوێ دەنێرنەوە؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بەڵێ، ئەم هەنگاوە هیوای دروست کردووە. ئێمە هەموو ئەو دۆسیانە، چ لەسەر ئاستی کەرکووک یان فیدراڵی، رادەستی دەستەی دەستپاکی و خودی سەرۆکوەزیران دەکەینەوە. پێشتر دۆسیەیەکی گەورەم نارد، بەڵام سەرۆکوەزیرانی پێشوو تەنیا لەسەری نووسیبووی "بۆ ئەمینداریەتیی گشتی"، لەجیاتی ئەوەی رێکاری پێویست بگیرێتەبەر. ئەگەر هیوایەک دروست بێتەوە، ئێمەش هاوکار دەبین.
رووداو: هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێگەی ئێمەوە وەک فراکسیۆن، بە فەرمی پشتگیریی هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران دەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەک هەر بە قسە، بەڵکو بە کردەوەش پشتگیریی ئەو هەنگاوانە دەکات. دەستگیرکردنی 9 کەس لە هەولێر، کە شیعە و سوننە و پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتییان تێدایە و رەوانەکردنەوەیان بۆ بەغدا، باشترین بەڵگەیە. هەر کەسێک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت، هەرێمی کوردستان دەستگیری دەکات و رادەستی بەغدای دەکاتەوە.
رووداو: وەک کەسایەتییەک کە ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا کار دەکەیت، چۆن خۆت لە گەندەڵی پاراستووە؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: زۆر جار کۆمەڵگەکە خۆی هانت دەدات بۆ گەندەڵی. بەڵام ئێمە لە بەغدا ئەگەر بەدوای کێشەی ماددەی 140، مووچە، هەڵەبجە و ئەنفالەوە بین، ناتوانین دەست بۆ گەندەڵی ببەین، چونکە ئەو کاتە دەممان دادەخەن و ناتوانین بەرگری لە خەڵکی خۆمان بکەین. لە هەمووشی گرنگتر، ئێمە سەرۆکێکمان هەیە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی، شەرمە بۆ ئێمە ئەگەر یەکێک لە پارتی دەست بۆ گەندەڵی ببات.
رووداو: ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی خۆتان یان کەسایەتییەکی دیاری پارتی تێوەگلابوو، هەڵوێستتان چی دەبێت؟
د. شاخەوان عەبدوڵڵا: ئێمە بڕیارمان داوە و بە فەرمی رامانگەیاندووە، هەر کەسێک تێوەگلابێت، تەنانەت ئەگەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی منیش بێت، وەزیری ئێمە بێت، یان هەر کەسایەتییەکی دیاری ئێمە بێت، ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت، ئێمە رادەستی دەکەین.

