رووداو دیجیتاڵ
سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر رایدەگەیێنێت، لە جەنگی ئەم دواییەدا تاران هیچ ئامانجێکی لەنێو هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی دا نەبووە. دەشڵێت، بە تەواوی ئەو هێرشانە رەتدەکەنەوە کە کرانە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی قۆناخی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر، چارەنووسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێش جەنگ و لە کاتی جەنگیشدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوون لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و گوتی، "هەڵوێستی هەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە و زانایانە بوو؛ ئەوان گوتیان ئەم جەنگە لە قەبارەی هەرێم گەورەترە و نایانەوێت تێوەبگلێن یان هیچ زیانێک بەر کورد و هەرێمی کوردستان بکەوێت. ئەمریکییەکان بە مانۆڕی سەربازی لەنێو شەقامەکانی هەولێر و هەڵدانی باڵۆن دەیانویست هەرێم تێوەبگلێنن و ئێمە هان بدەن دژی هەولێر، بەڵام بەرپرسانی ئێران زۆر بە دانپێدانانەوە بابەتەکەیان بەڕێوەبرد."
سەبارەت بە کردنە ئامانجی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و نووسینگەی سەرۆکوەزیران، فەرامەرز ئەسەدی بە رووداوی گوت، "سەت لە سەت لەلایەن ئێرانەوە نەبووە. من یەکەم کەس بووم وەک سەرکۆنسووڵ لە کاتی رووداوەکەدا پەیوەندیم کرد و سەرکۆنەم کرد. پاشان وەزارەتی دەرەوە، سوپای پاسداران و دەزگاکانی دیکەش رەتیانکردەوە؛ سیستمی ئەمنیی هەرێمیش زانی درۆنەکە لە کوێی ناوخۆی عێراقەوە ئاراستە کرابوو."
ئەسەدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ئەگەر لە شوێنێک بدات بە فەرمی رایدەگەیێنێت و شەرمی لێ ناکات، "ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەنێو پارتە کوردییەکان و لە بنەماڵەی بارزانی، هیچ ئامانجێکی نەبووە و نییەتی."
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سەرکۆنسوڵی ئێران پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەگەر ئەمریکییەکان لە عێراقدا نەبن و لە ناوخۆی عێراقەوە ئێران نەکەنە ئامانج، هیچ هۆکارێک نییە ئێران دراوسێی خۆی بکاتە ئامانج. ئامانجی ئێمە تەنیا ئەمریکا و داگیرکەران بوون. هەرچەندە هێزە هەواڵگرییەکانیان (CIA) هەر ماون و هەر جووڵەیەکیان دژی ئێران وەک بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێت."
پەیامێک بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
فەرامەرز ئەسەدی ئاماژەی بە بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ئەمە ئاڵنگاریی سەرەکیی نێوان هەولێر و تارانە، "ئەوان رێککەوتنی ئەمنییان پێشێل کردووە؛ تەنانەت لەم رۆژانەی دواییدا چوونەتە نێو ئێران و خەڵکیان شەهید کردووە. ئێمە داواکارین لە رێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە رێکاری یاسایی و ئەمنییان بەرامبەر بگیرێتەبەر و بەپێی رێککەوتنەکە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
ئەسەدی ئەگەری دانوستاندنی لەگەڵ ئەو حیزبانە رەتکردەوە و گوتی، "هیچ وڵاتێک لەگەڵ بکوژانی گەلەکەی دانانیشێت، ئەوان خۆیان خاوەن بڕیار نین و لەلایەن کەسانی دیکەوە ئاراستە دەکرێن؛ بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت وەک هاووڵاتیی ئاسایی بگەڕێنەوە، دەرگای ئێران کراوەیە بۆیان."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئەم کاتان باش بەڕێزان ئێستا لە کونسووڵخانەی گشتی ئێرانم لە هەولێر کاتێک کە بە منیان گوت بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی سەرکونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەیەوێت قسەمان بۆ بکات، بۆ من باڵکێش بوو بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە ئێستا دۆخەکە لەگەڵ نزیکەی دوو ساڵ بەر لە ئێستا جیاوازی هەیە. لە ئەو کاتە کە پێکەوە هەڤپەیڤینێکمان کرد، کۆمەڵێک پرسیارمان هەبوو دۆخەکە زۆر زۆر گۆڕاوە. هەم بۆ هەرێمی کوردستان هەم بۆ ئێران و بۆ ناوچەکەش بەتایبەتی و بەتایبەتتریش لە دوای 30ـی ئەیلوولەوە کە عێراق وەکو رۆژی سەروەری ناوی نا، ئەویش دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئیدی پێویستمان بەوەیە کە بۆچوونێکی دیکەی ئێران بزانین لە دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان. بۆیە دەمەوێت لەم بارەیەوە ئینجا لەنێوان پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران لە دوای ئەو شەڕەی کە تووشی ئێران بوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران هەڵیانگیرسان و لە هەمان کاتیشدا ئایا رۆڵی هەرێمی کوردستان لە دۆخەکەدا ئێستا چۆنە و رۆڵی ئێرانیش لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا چۆنە. ئەمانە دەکەم بە کۆمەڵێک پرسیار لە بەڕێز کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەپرسم و گفتوگی لەگەڵدا دەکەم. زۆر سوپاست دەکەم کە کاتت پێداین.
فەرامەرز ئەسەدی: زۆر سوپاس و زۆر زۆر بەخێربێن.
رووداو: با یەکسەر لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم. پرسیارە هەرە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەولێر و لە بەغدا وەک دوو پایتەخت کشانەوە، چاوەڕێ دەکرێت کە چی دیکە ئێران هێرش نەکاتە سەر هەرێمی کوردستان. ئایا لە دوای ئەمانە، هێرشەکان بەردەوام دەبن یاخود دەوەستێندرێن؟
فەرامەرز ئەسەدی: باشە، بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان. سڵاو و رێزم هەیە بۆ جەنابت، هاوکارە بەڕێزەکانت و بینەرانی بەڕێزی تۆڕی میدیایی رووداو. لەبارەی پرسیارەکەتانەوە، دەبێت بەم جۆرە بیخەمەڕوو؛ سەرەتا فەرمووتان رۆڵی هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟ لەم جەنگەدا سەرەتا دەبێت سێ هەڵوێست بخەمەڕوو: یەکەم، هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسە سیاسییەکان و حوکمڕانانی کوردستان، هەر لە پێش جەنگ و لە رۆژانی جەنگیشدا ئێمە بەیەکەوە لە پەیوەندیدا بووین. هەڵوێستی ئەوان زۆر ژیرانە و زانایانە بوو، ئەویش ئەوە بوو کە ئەم جەنگە لە قەبارەی هەرێمی کوردستان زۆر گەورەترە، بۆیە ئێمە وەک هەرێم نامانەوێت بچینە نێو ئەم جەنگەوە. بابەتی دووەم کە هەرێمی کوردستان هەیبوو، ئەو گوشارە بوو کە دەخرایە سەر هەرێمی کوردستان و ئەو ئاژاوەگێڕییانەی کە لە پێش جەنگەوە کرابوون؛ بۆیە لەم پرسەدا ئەو وەڵامەی هەرێمی کوردستان دایەوە، ئەوە بوو کە ئێمە لەم جەنگەدا نامانەوێت هیچ زیانێک بەر کورد و هەرێمی کوردستان بکەوێت؛ ئەمە روانگەی هەرێم بوو. بەڵام ئەگەر لە ناوچەکەدا بگەڕێینەوە بۆ پێش جەنگ، ئاژاوەگێڕیی زۆر کرا، بە دڵنیاییەوە ئێوە شایەتن و شایەت بوون و بینیتان، هەموو خەڵکی هەرێمیش ئەمەیان بینی؛ پێش دەستپێکردنی جەنگ ئەم باڵۆنە ئەمریکییە لە ئاسمانی فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵدرا بۆ چاودێریکردن. ئەمە بۆ ئێمە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئامانج بووین، بووە جێی پرسیار؛ چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراق بە فەرمی پرسیارمان کرد، بابەتی ئەم باڵۆنە چییە؟ لەسەر خاکی ئێوە بۆچی دەبێت ئەم رووداوە رووبدات؟ بە ویژدانەوە نە هەرێمی کوردستان و نە عێراق ئاگاداری ئەم بابەتە نەبوون و ئەمەش هاندانێک بوو پێش جەنگ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی هەولێر؛ هاندانێک بوو لەلایەن ئەمریکییەکانەوە. بە دڵنیاییەوە ئێوەش بینیتان پێش دەستپێکردنی جەنگ، بە چەندین هەفتە ئەمریکییەکان لە نێو خودی شاری هەولێردا چەند نمایشی (مانۆڕی) سەربازییان هەبوو؛ ئەو هێزە سەربازییانەی کە هەیانبوون چ لە سووریا و چ لە شوێنەکانی دیکە و چ لە فڕۆکەخانە، هەندێک رۆژ بە ئەنقەست لە ئێوارانی سێشەممەدا، پێش ئۆپەراسیۆنەکان ئەم هێزانەیان لە فڕۆکەخانە دەهێنایە دەرەوە، لەم شەقامانەی 120 مەتری و 100 مەتری و رێگەی مەسیف و شوێنە جیاوازەکاندا یاخود لە کەنار رێگاکان رایاندەگرتن، کە هەموو خەڵک ئەمەی بینی. ئێمە ئەمەمان بەوە دەزانی کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت نمایشێک بکەن و ئێمە دژی هەولێر هان بدەن. بۆیە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زۆر ژیرانە و عاقڵانە بابەتەکەیان بەڕێوەبرد و پێشوەختە هیچ جووڵەیەکیان دژی ئەمانە نەکرد، چونکە لە شەقامەکانی هەولێر و لە تەنیشت خەڵک و لەگەڵ خەڵکدا بوون. ئەگەر تۆ ویستبایت ئەمانە بکەیتە ئامانج، بە شێوەیەکی سرووشتی زیان بە هەولێر و بە خەڵکی هەولێر دەگەیشت؛ لە پرسی باڵۆنەکەشدا بە هەمان شێوە بوو. بابەتی دواتر کە روویدا، ئەوانە هی پێش جەنگن و دەیانەویست هەرێمی پێوە تێوەبگلێنن، ئەوەیە کە دژە شۆڕشی کوردی ئێمە، ئەم تاقمە تیرۆریستییانەیان کە پێنج گرووپن، ناچاریان کردن پێکەوە هاوپەیمانی پێکبهێنن، سێ رۆژ پێش جەنگ و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراویان بڵاوکردەوە. ئەمە لە چ دۆخێکدا بوو؟ لە دۆخێکدا کە هەرێم هەفتەیەک پێشتر لە بەغدا لەگەڵ ئێمە رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی واژۆ کردبوو کە ئەم تاقمانە هیچ جۆرە چالاکییەکی پڕوپاگەندەیی، سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، تیرۆریستی و سەربازییان نەبێت، کەچی یەکەم کاری ئەوان ئەوە بوو هاتن پەیوەندیی ئێمە و هەرێمیان تێکدا. بێڕێزی بوو بەرامبەر بە هەرێم، کە ئێوە لە هەرێمن و هەرێم پێ نازانێت، دێن لە نێو هەرێمەوە هاوپەیمانی پێکدەهێنن و بەیاننامە دەردەکەن کە هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی، ئێمە هاوڕێ و هاوکاری ئەوین؛ پێشەکیی باسەکەم ئەوە بوو کە دەمەویست پێتان بڵێم هەم کۆماری ئیسلامی و هەم هەرێم زۆر زۆر بە مشوورەوە توانییان لەم جەنگە و لەم قۆناخە تێپەڕن، بەبێ ئەوەی لەگەڵ یەکدیدا تووشی پێکدادان ببن.
رووداو: سوپاس. بەشێکی پرسیارەکەم ئەوە بوو، کەواتە ئایا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەوەستن؟
فەرامەرز ئەسەدی: بڕوانن، دوای ئەوەی کە ئەم بابەتە روویدا، ئێمە هەمیشە گوتوومانە لە هەرێمدا، کۆماری ئیسلامی دوو ئامانجی هەبوو: یەکەم، ئەمریکییەکان و داگیرکەران و هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؛ دووەم، تاقمە جوداییخوازە دژە شۆڕشەکان. جگە لەمانە، رووداوگەلێک روویانداوە کە لە پرسیارەکانی داهاتووتاندا هەن، کێشە نییە لێرەدا وەڵام بدەمەوە؟
رووداو: فەرموون وەڵام بدەوە.
فەرامەرز ئەسەدی: لە پرسیارەکانتاندا باسێک هەبوو کە ماڵ یان شوێنی حەوانەوە و مانەوەی سەرۆکی هەرێم لە دهۆک کرایە ئامانج، ئێوە وەک تۆڕی میدیایی رووداو، مۆڵەت بدەن ئاماژەی پێدەکەم، هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین بۆ هەموویان وەڵاممان هەیە. ئێوە بە دڵنیاییەوە وەک تۆڕی میدیایی رووداو دەزانن، من لە رێگەدا بووم لە هەولێر نەبووم و لە جادەدا بووم، هەواڵیان پێدام، ئەسەدی یەکەم کەس بوو پەیوەندیی کرد؛ وەک سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکەم کەس بووم کە ئەم کردەوەیەم سەرکۆنە کرد و رەتم کردەوە. دوای ئەوەش لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەزارەتی دەرەوە، دامەزراوە جیاوازەکان، تەنانەت سوپای پاسداران و تەواوی دەزگاکانی دیکەش ئەم کارەی لێدانی ماڵی سەرۆکی هەرێمیان سەرکۆنە کرد و رەتکردەوە. هەر کەسێکیش ئەم کردەوەیەی کردبێت، هەر لە ساتەوەختی یەکەمەوە ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی سەرکۆنەمان کردووە.
رووداو: جا ئەمە بۆ خۆی پرسیارێکە کاتێک کە سەرکۆنەی دەکەن واتا کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە؟
فەرامەرز ئەسەدی: سەت لە سەت لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نەبووە، نەخێر! بڕوانن، سەرۆکی بەڕێزی هەرێم و سیستمی ئەمنیی هەرێم دەزانن درۆنەکە لە کوێوە ئاراستە کراوە و لەوێ بەرکەوتووە.
رووداو: ئێوەش دەزانن؟
فەرامەرز ئەسەدی: بەڵێ؛ ئەو کاتە بە ئێمەیان گوت لە ناوخۆی عێراقەوە بووە، لە دەوروبەری نازانم مووسڵ بوو، تەلەعفەر بوو، شوێنێک بوو.
رووداو: شوێنەکانی دیکەش هەروایە بۆ نموونە بارەگای بارزانی ئینجا دیسان نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.
فەرامەرز ئەسەدی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی رایگەیاندووە و بە قسەی کوردیی ئێوە شەرمیش ناکات؛ ئەگەر لە شوێنێک بدات، رایدەگەیێنێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لە نێو پارتە کوردییەکان و لە بنەماڵەی بارزانی، هیچ ئامانجێکی نەبووە و نییەتی. وەزیری دەرەوەی ئێمە هەر لە ساتەوەختی یەکەمدا کە ماڵی بەڕێز سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئاژانس (ئاسایش) کرایە ئامانج، گوتی ئەمە ئاڵای ساختەیە (False Flag). ئەوپەڕی لێکۆڵینەوەش لە ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا و وەڵام درایەوە بە هەرێم و عێراق.
رووداو: کەواتە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
فەرامەرز ئەسەدی: سروشتییە لەم جەنگەدا و بەو گەورەییە رەنگە لە هەندێک شوێن هەڵە روویاندابێت، بەڵام ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنقەست بیەوێت شوێنێک یاخود خاڵێک لە هەرێم بکاتە ئامانج، شتی وا نەبووە و هەرێمیش زۆر باش ئەمە دەزانێت.
رووداو: هێشتا وەڵامی یەکەمم وەرنەگرتەوە. کەواتە ئێستا هیچ پاساوێک نەماوە کە ئێران هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئێمە دۆسیەیەکی هاوبەشمان پێکەوە هەیە کە عێراق، کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێم لەبارەی ئەم تاقمە تیرۆریستییانەی لە هەرێمی کوردستاندان، ئەمانە لە کاتی جەنگ، پێش جەنگ و لەم رۆژانەی دوای جەنگیشدا دەستبەرداری کارەکانیان نەبوون و پابەندی ئەو بەڵێنانەی کە هەیانە نەبوون. ئێوە بە دڵنیاییەوە زۆر باش دەزانن هەر ئەم تاقمەی کە ئێستا لێرەن لە دیموکرات، دوای جەنگیش چوونەتە ناوخۆی ئێران و هەندێک کەسیان تیرۆر و شەهید کردووە. ئایا ئەمانە لە هەرێم بن و بچنە نێو ئێران، هاووڵاتیی ئێمە، هاونیشتمانیی ئێمە، پێشنوێژێکی ساکاری هەینی لە گوندێک یان مامۆستایەک شەهید بکەن و ئێمەش بڵێین بەڵێ هیچی وا رووی نەداوە؟! نەخێر، ئەمانە تا ئەم ساتەش لەژێر بەدواداچوونی ئێمەدان، ئێمەش لە رووی نێودەوڵەتی و پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە، لە رێگەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە داواکاری ئەوەین کە تاوەکو دوا کەسی ئەم تاقمە تیرۆریستییانە دەبێت رێکاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر و رووبەڕوویان ببینەوە.
رووداو: پرسیارێک لێرە دروست دەبێت. هەرێمی کوردستان ئاگادار بووە کە بۆ نموونە سنوور تێپەڕێنن هێزەکانی وەک خۆتان دەڵێن، دیموکرات بە ئاگاداری هەرێمی کوردستان بووە یان بێ ئاگاداری بووە؟
فەرامەرز ئەسەدی: بڕوانن، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان نە ئاگادار بووە و نە دەشتوانێت بڵێت من ئاگادار بووم؛ شتی واش ئەستەمە و ناکرێت من ئێستا لە وەڵامتاندا بڵێم ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان کراوە، نەخێر بەو شێوەیە نییە. بەڵام تاقمێک کە لە ناوخۆی هەرێم بووە، فەرماندە سەربازییەکەی لە ناوخۆی هەرێمەوە و بە ناوی دیاریکراوەوە ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەڕێوەبردووە؛ ئەو کەسەشی لەوێ تاوانی کوشتنەکەی کردووە و هاووڵاتیی ئێمەی شەهید کردووە، دەستگیر کراوە و دانی بەوەدا ناوە کە فڵانە کەس ئەم ئەرکەی پێسپاردووە، کە فڵان بەرپرسی سەربازیی حیزبی دیموکراتە. هەڵبەت ئەوانە چونکە ئێوە پێداگری دەکەن من دەیانڵێم.
رووداو: دواتر رەنگە پرسیاری دیکە بکەین، بەڵام با بگەڕێمەوە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ ئێستا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەماون. کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کاتێک کە هێزەکانی ئەمریکا کشاونەتەوە؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئێمەش لای خۆمانەوە لەم سەکۆیەوە کەڵک وەردەگرین و پیرۆزبایی دەکەین هەم لە گەل و حکومەتی عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان، کە بە هەر جۆرێک بێت، سەربەخۆیی خۆیان کردە جەژن و کردیانە پشوو، رۆژێکی زۆر زۆر پیرۆزە بۆیان. ئەمریکییەکان و داگیرکەران بە بیانووی شەڕ دژی داعش هاتنە نێو عێراق و هەرێمەوە؛ ئەگەر پێویست بکات من لەبارەی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەیان قسە دەکەم. بە شێوەیەکی سرووشتی ئەگەر ئەمریکییەکان لە عێراقدا نەبن و لە ناوخۆی عێراقەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکەنە ئامانج و ئاژاوەگێڕی نەکەن، هیچ هۆکارێک نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێی خۆی بکاتە ئامانج. نەخێر، ئێمە ئەم رۆژە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێم بە پیرۆز دەزانین، هەروەک چۆن پێکەوە برا و دراوسێ بووین، دراوسێین. زۆر زۆر لە دۆستانی ئێمە لە عێراق و هەرێم چەندین جار گوتوویانە ئەمانە کاتین و رۆژێک دادێت دەڕۆن؛ سوپاس بۆ خودا ئەو رۆژە هات و رۆیشتن. و حاجی مەحموودی سۆسیالیست چی گوت؟ بڕۆن ملیان بشکێت.
رووداو: باشە کەواتە ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیایە کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەماون؟
فەرامەرز ئەسەدی: بەڵێ؛ بەڵام هیزە ئەمنییەکانیان و سازمانی (CIA) هەن و ئاژاوەگێڕی لەسەر جێی خۆیەتی.
رووداو: ئینجا ئەمە نیشانەیەکی پرسیارە.
فەرامەرز ئەسەدی: کاتێک ئەوانە دژی کۆماری ئیسلامیی ئیران بیانەوێت جووڵەیەکیان هەبێت، دووبارە وەک بەشێک لە بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێن.
رووداو: گوتەبێژی سێنتکۆم لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا گوتی "ئیدی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەتوانن بە تەنیا رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە." سەرنجتان چییە لەسەر ئەمە؟
فەرامەرز ئەسەدی: من بابەتێک بە ئێوە رابگەیێنم. کاتێک داعش بەو هێزەوە هاتە عێراق، کێ و کەی لە بەردەم داعش وەستایەوە؟ ئەمریکا و هاوپەیمانی کەی هاتنە نێو عێراقەوە؟ رۆڵی ئەمریکییەکان چی بوو و کەی هاتن؟ ئێوە دەزانن کە...
رووداو: لەبیرمە لە هەڤپەیڤینی پێشوودا گوتت کە ئێران رێگری لە داعش کردووە.
فەرامەرز ئەسەدی: من باسی کۆماری ئیسلامی ناکەم. بە رێککەوتی ئێمە 20ـی جۆزەردان، جا نازانم یەکی حوزەیران دەکات یان 10، داعش مووسڵ و زۆر لە شارەکانی دیکەی عێراقی گرت. ئەمریکا و هاوپەیمانی کەی دێنە نێو عێراقەوە؟
رووداو: مەبەستت دوای رووخانی سەدامە یان دوای داعش؟
فەرامەرز ئەسەدی: نا دوای داعش. 2014. سەیر بکە ئەگەر هەڵە نەبم بە رۆژمێری کۆچی هەتاویی خۆمان دەزانم کە 20ـی جۆزەردان بوو، بەڵام بە رۆژژمێری زاینی 10ـی حوزەیران بوو یان یەک. باش لەبیرم نییە، داعش دەستپێدەکات و ژمارەیەک لە شارەکان دەگرێ و موسڵ دەڕووخێت.
رووداو: بێگومان دواتر هاوپەیمانی دژی داعش دروست بوو کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرد.
فەرامەرز ئەسەدی: چەند رۆژ دواتر داعش دەیەوێت پەرە (بە دەسەڵاتی خۆی) پێبدات، لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و لەوانەش هەرێم. ئەمریکییەکان کەی هاتن؟ کاتێک کە پێشمەرگە، هێزەکانی حەشدی شەعبی، هێزەکانی خەڵکی، سوپای عێراق، تەنانەت پۆلیسی عێراق، پاسەوانی سنوور و کۆماری ئیسلامی هاتن و رێگەیان لە داعش بەست. ئیدی داعش نەیاتوانی لەوە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت. لەکاتێکدا خۆیان رێکخستەوە، بەشێک لە شارەکانیش، من بە ئێوە بڵێم کە ئۆپەراسیۆنی یەکەمی هێرشبردنی عێراق بەرەو داعش دەستی پێکردبوو. هەندێک لە ناوچەکانیش ئازاد ببوون. یەکەم بۆردوومانی ئاسمانی کە ئەمریکییەکان کردیان بۆ سەر موسڵ کەی بوو؟ کاتێک بوو کە ئیدی داعش خەریکی پاشەکشە بوو. بەو شێوەیە نییە. چاو لێبکەن، ئەو گێڕانەوە هەڵانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا ببێتە رزگارکەر. ئەمریکا رزگارکەری عێراق نەبوو.
رووداو: ئێستا ئەو قسانەی گوتەبێژی سێنتکۆم باس لەوە دەکات کە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن دژی تیرۆر بوەستنەوە.
فەرامەزر ئەسەدی: دەمەوێت بڵێم پێشتریش هەر ئەوانە بوون. پێشتریش هەر ئەوانە بوون کە بەرەنگاری تیرۆریست و داعش دەبوونەوە، نەوەک ئەمریکا. کامە هێزی سەربازیی ئەمریکا هات و سەنگەری لێدا و لەپشتی وەستا کە داعش نەیەتە پێشەوە؟
رووداو: دەتەوێت بڵێیت ئەگەر ئێران هەبێت، پێشمەرگە و سوپای عێراق پێویستیان بە کەس نییە؟
فەرامەرز ئەسەدی: من پرسیار دەکەم لە ئێوە، پێشمەرگە و سوپای عێراق ئایا بەو توانایە کە ئێوە دەزانن و منیش دەزانم، کە بڵێین هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار هێزی ئامادەی هەیە بە ئیمکانات و تواناوە، ئایا ناتوانێت لە بەرامبەر داعشی چەند هەزار کەسی بوەستێتەوە؟ من پرسیار دەکەم.
رووداو: من لە ئاستی ئەوەدا نیم وەڵام بدەمەوە. تۆ وەڵام بدەوە.
فەرامەرز ئەسەدی: من بە ئێوە دەڵێم. داعش بە دوو هەزار کەسەوە هات و موسڵی گرت. ناپاکی بەلاوە بنێین. ئایا عێراق بەرگەی دوو هەزار کەس، چوار هەزار کەس، پێنج هەزار کەس ناگرێت بەم هەموو هێزە ئەمنی و ئیمکانیاتەوە؟ بەم هەموو پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە؟!
رووداو: بە بۆچوونی بەڕێزت دەیتوانی؟
فەرامەرز ئەسەدی: 100٪ دەتوانێت.
رووداو: کەواتە لێرە پرسیارێک هەیە؛ پێشمەرگە پێشتر دوو هێزی جیا بوو (یەکەی 70 و 80)، ئێستا یەکیان گرتووەتەوە؛ بۆچوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر یەکگرتنەوەی پێشمەرگە چییە؟
فەرامەرز ئەسەدی: دەڵێم کێشەکەت ئەوەیە لەگەڵ کەسێکدا قسە دەکەیت کە خۆی مێژووی ئەم دۆسیەیە!
رووداو: بەڵێ بێگومان دەزانم کە لە سەرەتاوە ئاگاداریت.
فەرامەرز ئەسەدی: ئەم بەرەی کوردستانییە کە یەکگرتوویی هەموو حیزبە کوردییەکان بوو؛ ئایا خوێندنەوەتان بۆ کردووە کەی دەستی پێکردووە؟ کەی بوو؟
رووداو: بەرەی کوردستانی پێش راپەڕین بوو.
فەرامەرز ئەسەدی: یەکەم جار بە دەستپێشخەریی کێ بوو؟ لە کوێ بوو؟
رووداو: تۆ پێمان بڵێ.
فەرامەرز ئەسەدی: هەندێک کەس دێن کاری ئامادەکراو -بە تایبەتیش پێتان دەڵێم ئەمریکا- دەیانەوێت ببنە خاوەنی و بە ناوی خۆیانەوە دەستی بەسەردا بگرن. ئەم بەرەی کوردستانییە، یاخود بەرەی کوردستانی، یان یەکگرتوویی یەکێتی و پارتی، یان یەکگرتوویی حیزبە کوردییەکان، لە ناوخۆی ئێران و بە نێوەندگیریی ئێران بوو؛ بێگومان حیزبەکانیش بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکە -ئەمڕۆش هەر بە هەمان شێوەیە- رێزیان لە کۆماری ئیسلامی و لە بۆچوونی خێرخوازانە، دڵسۆزانە و راستگۆیانەی کۆماری ئیسلامی گرت و ئەم بەرەیە پێکهات. ئەم بەرەیەش بووە هۆی ئەوەی کە بە هەر جۆرێک بێت بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی... بێگومان ئەو کاتە هیچ کەس لە پشتی کورد نەبوو؛ چونکە کورد لەو رۆژەدا ئەم دەرفەت و ئیمکانیاتەی نەبوو، چونکە لەو رۆژەدا کورد نە حکومەتی هەبوو، نە هەرێمی هەبوو، نە نەوتی هەبوو؛ تەنیا کۆماری ئیسلامی لە پشتی بوو. هاتە نێو هەرێم و لە حاڵەتی خەبات و شەڕدا بوو لەگەڵ سەدام؛ لەو رۆژەدا ئەمە پێکهێنرا و ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەیە؛ با کەسانی دیکە بە ناوی خۆیانەوە دەستی بەسەردا نەگرن.
رووداو: کەواتە موبارەکەی دەکەن؟
فەرامەرز ئەسەدی: بەڵێ، من پێتان دەڵێم، ئێوە ئەمە بزانن ئەمە بە وەک دەڵێن ئەو کارە ئامادەکراوەیەکە کە دۆستان ئێستا دەیانەوێت، دۆستان کە دەڵێم دۆستانی هەرێم ها، نەوەک ئەمریکا و ئەوانی دیکە، دەیانەوێت ئەمە بە هەر حاڵ زیندوو بکەنەوە.
رووداو: باشە، ئینجا ئەم قسانەی بەڕێزت زۆر نزیکیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران پیشان دەدات و بەتایبەتیش هەر لە پێش حەفتاکانەوە، واتە کاتێک کە پێشمەرگە و حیزبە کوردییەکان دژی حکومەتی بەعس وەستاونەتەوە لەو کاتەوە جەنابت باسی دەکەیت تائێستا. بەڵام لەم دواییەدا کە ئەم شەڕە بوو، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، لە لایەن ئێرانەوە و ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێن، نزیکەی 1000 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئینجا پرسیارەکەم ئەوەیە: بۆچی لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان دەڵێ خۆی، حکومەت دەڵێ لە هەرێمی کوردستانەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر ئێران؟ ئەم هێرشە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. وەک دەڵێن ئەمە رەوایە؟
فەرامەرز ئەسەدی: من ئەمەت پێ دەڵێم؛ یەکەم ئەم ژمارە 1000ـە با پێکەوە پێداچوونەوەیەکی پێدا بکەین بزانین بەڕاستی 1000ـە یان نا؟ کارێکی نییە. من دەڵێم نییە و تۆش دەڵێیت هەیە، قسەی تۆ بێت.
رووداو: چونکە بەپێی بەدواداچوونی رووداو هەمووی یەک بە یەک بژێردراوە.
فەرامەرز ئەسەدی: بەڵام، نە، 600 بوو و دواتر بە هەمان شێوە زیاد بوو و رەنگە تاوەکو 10 هەزاریش بڕوات!
رووداو: جاری وا هەیە پێنج مووشەک هاتووە رەنگە بە یەک دانە هەژمار کرابێت لە لای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
فەرامەرز ئەسەدی: ئێستا من پێتان دەڵێم. ئێوە کاتێک دەڵێن 1000 مووشەک، بچن بژمێرن بزانن لە کوێ کەوتوون؟
رووداو: هەندێکی لە کەمپی سڤیل کەوتووەتەوە. لە کەمپێک کە خەڵکی ئاسایی لێیە.
فەرامەرز ئەسەدی: سڤیل لە کوێ دەبێت؟
رووداو: بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان. لە زڕگوێزەڵە، لە تەنیشت هەولێرەوە، لە کۆیە.
فەرامەرز ئەسەدی: زڕگوێزەڵە، کۆیە، شوێنە جیاوازەکان، خودی هەرێم و بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: لە سەردەمی سەدام و حیزبی بەعسەوە کە ئەم گرووپانە لەگەڵ هەمان ئەو حیزبانەی ئەمڕۆ لە هەولێر و سلێمانی دەسەڵاتدارن، تێکهەڵچوو بوون و لە شەڕدا بوون. ئەوە بۆ زانیاریتان. لە ناوخۆی ئێران و لە هەرێمی کوردستان، ئێستا دەڵێین هەرێم ئەو رۆژە عێراق، ئەم حیزبە کوردییە ئێرانییانە، گرووپە تیرۆریستییە ئێرانییەکان لەگەڵ ئەم حیزبە کوردییە عێراقییانە لە شەڕدا بوون و لە یەکتریان کوشتووە. ئەو رۆژە سەدام ئەم خاڵانەی خستە بەردەستی ئەمانە. ئەمە سەربازگەی گرووپە دژە شۆڕشەکانە؛ ئەمە خەڵکی ئاسایی نین. لەم شوێنەوە ئێوە هەموو بەرنامەکان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو هاوئاهەنگییەکان، چۆن ئێوە دەڵێن، دەبێت وەڵام بدرێتەوە: لە هەمان زڕگوێزەوە هێزەکانی هەمان خاڵ سوار دەکەن، دەبەن رژێمی زایۆنی مەشقیان پێدەکات و لە دژی بنکە ئەمنییەکانی ئێمە، ئەتۆمیی ئێمە، بەدوای کاری تێکدەرانە و تیرۆریستین. کەسانێک دەستگیر دەکرێن و لە ئێران دانپێدانان دەکەن کە ئێمە گرووپی کۆمەڵەین، لە کۆمەڵەوە چووین و لە هەمان فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە سوار بووین و چووینە هەندێک شوێن مەشقمان پێکرا و چووین لە ئیسفەهان دەستگیرکراین. کاکە ئەوە بۆ ئاگاداریی جەنابت، هەمووی لە ئێران پارێزراوە.
رووداو: بەڵام یاسای نێودەوڵەتی پێت دەڵێت هەموو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ لە وڵاتێکی دیکە بمێنێتەوە ئەگەر هێزی دژبەری سەربازی نەبێت؛ ئەگەر سنوورەکە تێنەپەڕێنێت.
فەرامەرز ئەسەدی: ئەگەر هەفتەی پێشوو ئێوە چوون، هاووڵاتیی ئێمەتان لە ماڵی خۆیدا شەهید کرد، ئەمە بە چی هەژمار دەکرێ؟ ئەگەر ئێوە لە جەنگ و لە دوای جەنگدا تیم بنێرن بە جلوبەرگ و بە کارتی ناسنامەی حیزب و لەوێ شەش کەس بکوژرێن، تەرمەکانیان، چەکەکانیان، تەقەمەنییەکانیان و هیدایەتەکەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بگریت، ئەمە دەتەوێت ناوی بنێیت چی؟ هیچ جووڵەیەکی سەربازییان نەبووە؟ ئەگەر هێزی ئەمانە بە هاوئاهەنگیی ئیسرائیل بچێت ناوەندی ئەتۆمیی ئێمە بتەقێنێتەوە و زانای ئێمە شەهید بکات، ئەم جووڵە تیرۆریستی و سەربازی نییە، چییە؟
رووداو: باشە بەڕێز سەرکۆنسوڵ، با کەواتە بێمە سەر یەک بابەت لێرەدا: بۆچی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆی بە هێز ئەمە چارەسەر دەکات لە کاتێکدا رێککەوتن هەیە لە نێوان عێراق، ئێران، هەرێمی کوردستان لەسەر مەسەلەی سنوورەکان و ئەو هێزانەی لە نێو عێراق و هەرێمی کوردستانن کە دژی ئێرانن؟ بۆ بە هەرێمی کوردستان و بە عێراق ناڵێن بۆ خۆیان ئەمانە چارەسەر بکەن؟
فەرامەرز ئەسەدی: هیچ کێشەیەک نییە، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئامادەین بەڕێزتان بێن، ئەوەی داخوازیی کۆماری ئیسلامییە بەڕێزتان، بەرپرسانی هەرێم لە ئەمڕۆوە دەستپێبکەن ئەنجامی بدەن. ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت؟ دەیەوێت؟ ئەگەر ئەم ئیرادەیە هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا، ئێمە سوپاسیان دەکەین، گرفتێک چارەسەر بکەن بۆ ئێمە و بۆ خۆیان. ئێمەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق برادەرین و لە نێوان ئەم دوو برایە، ئەم دوو دۆستە، ئەم دوو دراوسێیە ئاڵنگارییەک هەیە بە ناوی ئەم گرووپە دژە شۆڕشە کوردییە ئێرانییانە، وەرن پێکەوە چارەسەری بکەین. ئێمە چەند ساڵە پێکەوە دانیشتووین قسە دەکەین، بەڵام بە بەڵێنەکانی ئەم مانگ و مانگی دیکە و هەفتەی دیکە و ساڵی دیکە، تەنیا کات لە ئێمە دەگرن. بە کردەوە هیچ رووینەداوە.
رووداو: تەواو، ئەمە وەک دەڵێن شتێکی باشە کە ئەگەر هەمووان بێن ئەوە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، دەتوانن هەندێک شتی زیاتریش بکەن.
فەرامەرز ئەسەدی: ئێمە ئامادەین و بۆ دانیشتنەکانی لیژنەی باڵای ئەمنیی هاوبەش کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی هەیە بەردەوام بێت، بەڵام نە بەوەی کە بۆ نموونە یاری بکەین، دوو مانگی دیکە مۆڵەت بدەیت، شەش مانگی دیکە مۆڵەت بدەیت، نا. ئێمە زۆر کارمان کردووە، زۆر ئامادەییمان هەیە، عێراقیش ئامادەیی هەیە، هەرێمیش دەبێت بێتە پێشەوە و ئینشائەڵڵا ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.
رووداو: باشە. ویستم پرسیارێک بکەم لە هێرشەکان، بەڵام نیوەی پرسیارەکە بوو، وەڵامت دایەوە، ئەویش باسی هێرشکردنە سەر بارەگای بارزانی، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. پرسیارەکەم لەوە بوو، باسی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانت کرد، بەس باسی ئەمانەی دیکەت نەکرد.
فەرامەرز ئەسەدی: نە، ئەمانەش، بڕوانن کاتێک من گوتم سەرووی منیش؛ کاتێک نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیران رایگەیاند کە کراوەتە ئامانج، خودی خۆم داوام کرد کە بچین ببینین بۆ بەڵگە و بەرگری، ئیدی تاوەکو وەڵام بدەنەوە درێژەی کێشا و وەڵام نەدرایەوە، بەڵام ئێمە لە ساتەوەختی یەکەمەوە کە ئەمە راگەیێندرا، یەکەمین کەس وەزیری دەرەوەی ئێمە سەرکۆنەی کرد. دەستەواژەی "ناژیرانە"ی بەکارهێنا. ناژیرانە واتە ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە، کەسێکی عاقڵ نەبووە. بە جدی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شوێنی کەوت. هیچ فەرمانێک لە هیچ بەرپرسێکەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی ئەم خاڵە بکرێتە ئامانج دەرنەچووبوو، و هیچ کەسێکیش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوانەی ئەم بابەتانەیان بە دەستە، قبووڵیان نەکرد و ئەم کارەیان نەکردبوو.
رووداو: باشە، با هەندێک واز لە شەڕ و بۆردوومان و ئەو شتانە بهێنین، بێینە سەر بابەتی دانوستاندن و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکردن، ئەوەی کە مرۆڤ بۆ خۆی دەیخوازێت. پرسیارەکەم ئەوەیە: بۆ نموونە ئەگەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبە کوردییەکانی ئەوەی ئێستا دەڵێن دژی [قسەی بێژەری بڕی].
فەرامەرز ئەسەدی: گرووپەکانی دژە شۆڕشی ئێرانی.
رووداو: ئێوە وا ناوی دەبەن. ئێمە ئەوەی کە خۆیان ناویان هەیە، جیاوازە. بۆچی دانوستاندنێک لە نێوانتاندا ناکرێت؟ یان ئێران ئامادەیە لەگەڵ حیزبەکان دابنیشێت بۆ ئەوەی لەبری ئەوەی بە شەڕ ئەمە بەردەوام بێت، بە ئاشتی کۆتایی پێ بێت؟
فەرامەرز ئەسەدی: بڕوانن، هیچ کاتێک، هیچ وڵاتێک لەگەڵ بکوژانی گەلەکەی دانانیشێت. هیچ وڵاتێک لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستیی چەند دە کەسی، کە ئێوە بۆ نموونە کەسەکانی لە هەرێم ئێستا جێگەی گاڵتەپێکردنن؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت لەگەڵ کێ دابنیشێت؟
رووداو: بەڵام هێزیان هەیە، ئەوەتا ئێوە، بۆ نموونە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هێز لێیان دەدات، کەواتە ئەمانەش هێزیان هەیە، وا نییە؟
فەرامەرز ئەسەدی: نا. بڕوانن، من شتێکت پێ بڵێم: ئەگەر ئەمانە لە نێو خەڵکی هەرێم، لە ماڵەکانی خەڵکی هەرێمدا خۆیان نەشارنەوە، لە ماڵەکانی خەڵکدا نەبن، هیچ هێزێک نین.
رووداو: بەس تۆ کەسێک بێتە ماڵەکەت، دەری دەکەیت لە کاتێکدا...
فەرامەرز ئەسەدی: من پرسیار لە تۆ دەکەم: ئێوە بچن لە مێژوو، گەورەکان و دێرینەکانی هەر ئەم حیزبی پارتیی خۆتان بپرسن، حیزبی پارتی کاتێک لەگەڵ ئەمانە لەسەر بابەتێک کە (حەیسییەت)ـی بوو بۆ پارتی... من ئێستا لە رووی ئەخلاقییەوە پێتان ناڵێم، یا لە میدیادا ناتوانرێت بوترێت، کارێکی زۆر ناشیرینیان کرد ئەمانە دژی پارتی لە ناوخۆی ئێراندا. خۆیان دەڵێن، قسەی دوێنێ و پێرێیە، قسەی 50 ساڵ پێش ئێستا نییە: لە ورمێوە تاوەکو شنۆ لە ماوەی سێ رۆژدا هەموو ئەمانەیان وەدەرنا. پارتیی ئەو رۆژە. ئەمڕۆ ئێوە ئەمانە کۆبکەنەوە، ئامارەکەیانم پێ بدەن؛ ئایا ئەمانە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا هێزن؟ بەڵام نا، کۆماری ئیسلامی گەورەیی دەکات، دەڵێت ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوخۆی وڵات، با بگەڕێنەوە. وەک هاووڵاتی ئاسایی، رۆژانە، هەر ئەمڕۆش هەمانبوو، ئەوانەی کە نایانەوێت ئیدی حیزبی بن با بگەڕێنەوە. ئەوانەشی کە دەیانەوێت بمێننەوە، لە هەرێمی کوردستان چارەنووسیان لەگەڵ ئێمە روون بێت. کۆماری ئیسلامی دەڵێت هەرێمی کوردستان وەک دۆستی ئێمە، ئەم دووژمنەی ئێمە لەم ماڵەدا رێگە دەدات؟ ئەوەی ئێوە دەڵێن میوان و ئەم شتانە، هەست و سۆز نییە، باسی سۆزدارانە نییە. ئێوە کۆمەڵێک گرووپی تیرۆریستیتان هێناوەتە ئێرە بەم قسە سۆزدارانە کە ئەمانە میوانن، ئەمانە تیرۆریستن. ئەگەر ئێمە پێنج کەسی تیرۆریستی لە هەرێم، لە عێراق لە ناوخۆی ئێران رابگرین، لە ئێمەی وەردەگرن؟ هیچ وڵاتێک لە جیهان ئەمە قبووڵ دەکات؟
رووداو: باشە بەس ئەمە بۆچوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دەڵێت ئەوانە تیرۆریستن.
فەرامەرز ئەسەدی: ئێوە تیرۆریست بە کێ دەڵێن؟ ئێوە پێمان بڵێن کێ تیرۆریستە؟
رووداو: هەر کەسێک ئێستا پێناسەی جیاوازە؛ بۆ نموونە ئەمریکا تیرۆریست بە کۆمەڵێک خەڵک دەڵێت، ئێران تیرۆریست بە کۆمەڵێک خەڵکی دیکە دەڵێت، تورکیاش بە کۆمەڵێکی دیکە دەڵێت.
فەرامەرز ئەسەدی: تیرۆریست ئەوەیە کە بچێت خەڵک بکوژێت، دەی ئەمانە دێن خەڵک دەکوژن.
رووداو: بە بۆردوومانەکانی ئێرانیش خەڵک کوژراوە، دەتوانی بڵێیت [تیرۆریستن]؟
فەرامەرز ئەسەدی: بڕوانن، ئەوە جەنگە، جەنگێکی سرووشتییە.
رووداو: تەواو، جەنگ جەنگە، وایە؟ ئەویشی تێدایە. پرسیارەکە لەوەیە، ئێستا بۆ نموونە تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا لە دانوستاندندایە، وایە؟ هەردوو لا پێکەوە قسە دەکەن، دواتر لەسەر ئەمە پرسیارێک دەکەم؛ بەڵام دەمەوێت پرسیارەکەم ئەوە بێت کە ئێران لەگەڵ ئەم حیزبانە ناچێتە دانوستاندنەوە؟ بۆچی گفتوگۆ ناکات؟ ئینجا ئەگەر یەک نەفەر بێت یاخود 100 نەفەر بێت، گفتوگۆ باشتر نییە لە شەڕ؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئافەرین. ئێوە دەڵێن یەک کەس بێت یاخود 100 کەس، ئەم یەک کەس یان 100 کەسە من بە ئێوەی دەڵێم، ئەزموونی خۆم دەڵێم: دڵنیابن خۆیان بڕیاردەر نین.
رووداو: کێیە؟
فەرامەرز ئەسەدی: دڵنیابن کەسانی دیکە بڕیاریان بۆ دەدەن، بەکرێگیراون ئەمانە.
رووداو: بەس رۆژێک ئێران باوەشی کردەوە و بڵێ وەرن فەرموون با گفتوگۆ بکەین...
فەرامەرز ئەسەدی: بۆ ئاگاداریت تاقیکراوەتەوە، ئەم بابەتە تاقیکراوەتەوە. ئەم بابەتە تاقیکراوەتەوە و ئەمانە هیچ دەسەڵاتێکیان لە خۆیانەوە نییە.
رووداو: واتا ئەگەر خۆیان بڕیار بدەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت دابنیشێت لەگەڵیان؟
فەرامەرز ئەسەدی: ناتوانن، بڕوانن من شتێکت پێ دەڵێم: ئەمانە ناتوانن، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەمانە وەک گرووپی تیرۆریستی و هەڵوەشاوە دەزانێت.
رووداو: لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا هیچ دانوستاندنێک نەبووە؟
فەرامەرز ئەسەدی: چەندین جار هەبووە.
رووداو: کەواتە بۆچی بەردەوام نابێت؟
فەرامەرز ئەسەدی: بووە،و کاتێک کە ئەمانە گەیشتوونەتە ئەو شوێنە، پلانەکەیان تێکداوە؛ چونکە خۆیان بڕیاردەر نین، کەسانی دیکە بڕیاریان بۆ دەدەن.
رووداو: بەس ئەوانیش دەڵێن بۆ نموونە ئێران خەڵکی لێ تیرۆر کردووین، سەرکردەی لێ تیرۆر کردووین.
فەرامەرز ئەسەدی: سەرکردەی کێ تیرۆر کرا؟ لە کوێ تیرۆر کرا؟ بۆچی تیرۆر کرا؟
رووداو: لە کاتی دانوستاندندا.
فەرامەرز ئەسەدی: لە کاتی دانیشتندا، دوو کەس کە پێکەوە دانیشتبوون، دانیشتنەکەیان کەسانێک کە دژ بوون دایانە بەر دەستڕێژی گوللە. هەم نوێنەری کۆماری ئیسلامی بریندار بوو و هەم قاسملوو کوژرا. ئەمە کێ دەڵێت؟ لەو دانیشتنەدا کەسێک کە هاتە ژوورەوە دانیشتنەکەی دایە بەر دەستڕێژ، لە ئێران نەبوو کە، لە عێراق نەبوو، لە نەمسا بوو.
رووداو: بێگومان ئەوە زۆر وردەکاری هەڵدەگرێت، ناچینە نێو وردەکارییەوە.
فەرامەرز ئەسەدی: دەمەوێت پێت بڵێم ئەو کەسەی هاتە ژوورەوە دژی دانیشتنەکە بوو. ئەمڕۆ من و جەنابت دانیشتووین، مرۆڤێک بێت لە دەرگاوە من و جەنابت بداتە بەر دەستڕێژ، دژی دانیشتنەکەی ئێمەیە.
رووداو: بەڵێ. باسی تورکیام کرد؛ چۆن دەڕواننە پرۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە؟
فەرامەرز ئەسەدی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر بابەتێک کە بۆ ئاسایشی ناوچەکە بێت، پشتیوانی دەکات. ئەم بابەتە، بابەتی ناوخۆیی تورکیایە و بە دڵنیاییەوە تورکیاش بەرژەوەندی و قازانجەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەمانە دانوستاندن دەکات و بە ئینسافیشەوە بڵێین ئەوانەش هەرچی تورکیا ویستی هاوکاری کرد.
رووداو: ئێران دەیەوێت چۆن بێت ئەم پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە؟ هیچ بۆچوونێکی هەیە؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئێران پەسندی دەکات، هاوڕایە، یارمەتی دەدات؛ هەڵبەت با نەڵێم یارمەتی دەدات، دەڵێن بابەتێکی ناوخۆیی تورکیایە.
رووداو: کەواتە پشتیوانیی پرۆسەکە دەکات؟
فەرامەرز ئەسەدی: بەڵێ. باسێکمان نەبووە، واتە من ئێستا زانیارییەکم نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بەڵام دڵنیام کۆماری ئیسلامی لە هەر جۆرە بابەتێک کە بۆ ئاسایشی ناوچە و دراوسێکان بێت، پشتیوانی دەکات.
رووداو: باشە، هەر باسی بەرەو ئاشتی و چەکدانانە، پرۆسەیەکی چەکدانان یان رێکخستنەوەی چەک لە عێراق هەیە بۆ گرووپەکان، لەمە چۆن دەڕوانن؟
فەرامەرز ئەسەدی: لەوێش هەر هەمان شتە. بڕوانن، لە عێراقیش ئێوە ئەمە بزانن، ئەم هێزانەی کە دەڵێن هێزەکانی موقاوەمە یا حەشدی شەعبی، لە ئاسمانەوە نەهاتوون، هەر بەرپرسانی عێراقین سەرکردەی ئەم گرووپانە. پێکەوە رێکبکەون، لە هەمان چوارچێوەی کە بووە، ئێوە چۆن پێشمەرگە لای ئێوە پیرۆزە، بە هەر حاڵ لەوێش پیرۆزە بۆیان، هێزی موقاوەمە و هێزی حەشدی شەعبی. لەو چوارچێوەیەی راگەیێندراوە، لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوڕایە و هاوکاری دەکات.
رووداو: ئینجا لەدوای شەڕ، پێویستی بە بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کولتووری و رۆشنبیری و ئەوانە هەیە. دۆخی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە دوای وەستانی شەڕەکە و ئیدی ئێستا وردەوردە دەستیپێکردووەتەوە، چۆنە ئێستا؟
فەرامەرز ئەسەدی: من بە ئێوە بڵێم: ئێمە لە بارودۆخی جەنگیشدا کارەکان دەکراب، واتە بەو شێوەیە نەبوو کە بڵێین سنوور داخرا، جگە لەو چەند کاژێرەی کە سەرەتای جەنگ بوو. لە هەمان دۆخی جەنگیشدا هاتووچۆ و گەشت و بازرگانی بەردەوام بوو، ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەمە وەک شتەکانی دیکە نییە؛ لە بازرگانی هەردوولا قازانج دەکەن، لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوولا سوودمەند دەبن. ئەمەیە کە پێویستمان بە یەکدییە. ئێمە دراوسێین، بمانەوێت یان نەمانەوێت، خەڵکی شارەکانی ئێمە، کە شارە سنوورییەکانی ئێمەن، پارێزگا سنوورییەکانی ئێمەن، پێویستیان بە یەکدییە. بەرژەوەندیی (ئیمتیاز) پارێزگایەکی سنووری ئەوەیە کە لە سنوور کەڵک وەربگرێت. هەڵبەت دووژمن دەیەوێت سنوور ناسەقامگیر و نائارام بکات، گرووپە تیرۆریستییەکان دەیانەوێت نائارامی بکەن، بەڵام خەڵک بەدوای کەڵکوەرگرتنی سنوورین.
رووداو: دەتوانن چی بکەن بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی بازرگانی؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئەو نموونەیەی جەنابت ئاماژەت پێدا، ئێمە یا شەخسی خۆم کە لێرە لە خزمەتتاندام، باسی ئێمە ئەوەیە پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە بگەیێنینە شوێنێک کە ئەم پرسانە، هەرچی کێشە و ئاستەنگ و گرفت هەیە، ئینشائەڵڵا پێکەوە چارەسەریان بکەین لە ئاسانکاریی کاری بازرگانیی خەڵکی ناوچەکە پێکەوە یارمەتیدەر بین،
رووداو: دوا پرسیارم لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستان و ئێران بەتایبەتی، لەبەر ئەوەی کە ئەمریکا گوتی ئەوانە سزا دەدەم کە گەشتی ئێران بەردەوام بکەن. ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکان؟
فەرامەرز ئەسەدی: نە، بڕوانن ئەمریکا قۆناخ بە قۆناخ، من بە ئێوە بڵێم: لە هەر قۆناخێکدا کە شکستی هێناوە مۆڵەت دیاری دەکات. سەرەتا پێش دەستپێکردنی جەنگ هاتن گەمارۆیان خستینە سەر، گەمارۆی ئابووری ئەنجامی نەبوو، ناچار بوون هاتنە نێو جەنگی سەربازی. گوتبوویان سێ رۆژ و پێنج رۆژ و هەفتەیەک و 40 رۆژ، بەڵام ئەنجامی نەبوو. لە جەنگدا نەگەیشتنە ئەنجام و ئامانجەکانیان و شکستیان هێنا. هاتن دانیشتن، من بۆ ئێوەم هێنابوو، بەڵام کاتمان رێگەی نەدا، ئەو 14 مەرجەی کە لە دانوستاندنەکانی پاکستاندا بوو ترەمپ واژۆی کرد، هەمووی لێرەدایە. ئەو 14 خاڵە رێککەوتنی لەسەر کرا و واژۆی کرد، بۆ بەیانی پاشگەز بووەوە. شانازیی ترەمپ ئەوەیە کە درۆ دەکات، زۆر بە ئاسوودەیی درۆ دەکات. لەم پرسانەدا کاتێک ئەنجام وەرناگرێت، دێتە قۆناخێکی دیکەوە: لە جەنگی سەربازیدا ئەنجامیان نەبوو، لە دانوستاندنی سیاسی شکستیان هێنا، هاتنە نێو پرسی دەریا و گەمارۆی دەریایی. لەوێش دەزانن گوتبوویان سێ رۆژی دیکە ئێران دەچێتە سەر ئاگر و کۆگەکانی پڕ دەبن، ئەمە رووینەدا. قالیباف سەرۆکی مەجلیس گوتی سێ مانگی دیکە یەکدی دەبینینەوە، سێ مانگ تێپەڕی و ئەنجامی نەبوو. قۆناخ بە قۆناخ دەڕۆنە پێشەوە، لەم پرسانەشدا شکست دەهێنن. چونکە مۆڵەتیان دیاریکردووە: 10 رۆژی تێپەڕی، گوتیان دوو هەفتە، چوار رۆژی دیکەش تێدەپەڕێت، چوار مانگی دیکەش تێدەپەڕێت؛ ئەنجام بەدەست ناهێنن. و ئەمەش روویداوە هەم خەڵکی عێراق و هەم بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەزموونی ئەمانەی زۆر هەیە. ئێمە لەم قۆناخانە دەرباز دەبین، هەڵبەت بە یارمەتیی خودا، چونکە ئێمە پشت و پەنامان بە کەسێکە کە لە ترەمپ و ئەوانی دیکە دەسەڵاتی زۆرترە و پشتیوانی ئێمەیە.
رووداو: زۆر سوپاس.
فەرامەرز ئەسەدی: سوپاس.
رووداو: بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، سوپاس کە کاتت پێداین.
فەرامەرز ئەسەدی: سوپاستان دەکەم. ببوورن لە راشکاویمان، دەبووایە ئەم پرسانە روون ببێتەوە بۆ خەڵک و هەرێم. هەم هەرێم و هەم عێراق و هەم ئێران کار دەکەن و رۆژانی باشتر لە پێشن و دەیبینن لەنێوان خەڵکی هەرێم و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
رووداو: زۆر سوپاس.

