رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نوێدا بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی، لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا دەستیان بەسەر 137 ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 1400 تۆن کاڵای جۆراوجۆری قاچاخدا گرتووە. دەشڵێت: "لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچە فیدراڵییەکان جێگیر بووین."
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی "رووداو" بوو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد؛ وردەکاریی ئەرکی نوێی هێزەکانیانی لە دەروازە سنوورییەکان و بازگەکان خستەڕوو.
ئەرشەد حاکم رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی راستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێککەوتی 18-06-2026ـەوە، هێزەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووری چووەتە نێو دەروازەکان. گوتیشی: "ئێمە جێگەی هیچ دامەزراوەیەکمان نەگرتووەتەوە، بەڵکو وەک هێزێکی هەواڵگری و تەکنیکی، هاوکار و تەواوکەری کاری گومرگ و دەروازەکانین بۆ ئاشکراکردنی ساختەکاری و خۆدزینەوە لە باج."
بە گوتەی حاکم، دەزگاکەیان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و "ژیریی دەستکرد" بۆ چاودێریکردنی دەروازەکان و بازگەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی رێگە لە هەر جۆرە قاچاخچیەتییەک بگرێت.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماری کارەکانیانی لە ماوەی نێوان 20ی حوزەیران تاوەکو 5ی تەممووز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوە کورتەدا ئەم دەستکەوتانەیان هەبووە: دەستبەسەرداگرتنی 137 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار، دەستبەسەرداگرتنی 20 ئۆتۆمبێلی مارسیدس، کە بۆ قاچاخچێتی ئامادەکرابوون، دەستگیرکردنی 6 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 1409 تۆن و 6600 کارتۆن کاڵای جۆراوجۆر.
سەبارەت بە جۆری کاڵاکانیش، ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوە کرد کە پێکهاتبوون لە "مریشکی قاچاخ، گەنم، جگەرە، خواردنەوە کحولییەکان، دەرمان، کەرەستەی کارەبایی و خۆراکی."
سەبارەت بە شوێنی جێگیربوونیان، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی گوتی: "هێزەکانمان لە دەروازەکانی ئوم قەسر، شەیب، زرباتیە، مونزیریە، ترێبیل و وەلید بڵاوەیان پێکراوە. هەروەها لە بازگە سەرەکییەکانی بەغدا و کەرکووک ئامادەییمان هەیە. هەروەها لە بازگەکانی نێوان ناوچە فیدراڵییەکان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش جێگیر بووین بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵەی کاڵاکان."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی پەیامێکی ئاراستەی بازرگانان کرد و گوتی: "ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی بازرگانە یاساییەکان و مسۆگەرکردنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە."
بۆ قاچاخچییەکانیش گوتی: "هەموو ئەو رێگایانەی قاچاخچییەکان هەوڵی بۆ دەدەن، لای ئێمە ئاشکرا بوون. هەرچەندە شێوازەکانیان پەرەپێبدەن، ئێمە لەوان پێشترین و رادەستی دادگایان دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
رووداو: بۆچی دەزگاکەتان چووەتە نێو دۆسیەی دەروازە سنووری و بازگەکانەوە. لەسەر چ بنەمایەک ئەم بڕیارەتان داوە؟
ئەرشەد حاکم: دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگایەکی ئەمنی و هەواڵگرییە و گرنگی بە هەموو ئەو بارودۆخ و دیاردانە دەدات کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتییەوە هەیە. بێگومان دۆسیەی ئاسایشی ئابووری یەکێکە لە دۆسیە سەرەکییەکان کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کاری لەسەر دەکات. هاتنەناوەوەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەکی جیا نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای راسپاردەی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو لە رێککەوتی 18-06-2026، کە داوای کرد دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بچێتە ناو دەروازەکان و چاودێریی هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە بکات، کە روودەدەن. هەروەها راپۆرتی ئەمنی و هەواڵگریی تایبەت بەوە بەرز بکاتەوە. هەروەها ناوەڕۆکی بڕیارەکە کاراکردنی رۆڵی ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بوو لە دەروازە و بازگەکاندا و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتیی هەر سەرپێچییەک کە لە چوارچێوەی پسپۆڕییەکەیاندا روودەدات. هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی بەڕێز باسم بەدری، سەرۆکی دەزگاکە، کۆبوونەوەی فراوانی لەگەڵ هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ناو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرد و دەستیکرد بە دانانی پلانێکی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی ئەم راسپاردە و رێنماییانەی لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچوون. هەروەها ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکەکان کرد و چووە بازگەکان و دەروازە سنوورییەکان و لەوێ ئەرکی وەرگرت. هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی گومرگەکان و دەستەی دەروازە سنوورییەکان لەسەر ئەم بابەتە کرا. هەروەها سەرۆکی دەزگاکە ئاراستەی کردن کە هەموو ئاستەنگەکان چارەسەر بکەن و پشتیوانیی تەواو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووریی سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دابین بکەن بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.
رووداو: دەزگاکەتان جێگەی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی گرتووەتەوە؟
ئەرشەد حاکم: بێگومان ئەم بابەتە زۆر گرنگە. دەزگاکە شوێنی هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەتی عێراقدا کاردەکات و بە هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرز لەگەڵ دەستەی گومرگەکان و دەروازە سنوورییەکان کاردەکات و هەریەک لەم لایەنانە پسپۆڕی و کاری خۆی هەیە. هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادی و دادوەرە بەڕێزەکان و ئەو دادوەرانەی پسپۆڕن لە دۆسیەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کار دەکەن. ئەرکی دەزگاکە ئاشکراکردنی ساختەکاری و خۆدزینەوەیە لە باج. هەروەها ئاشکراکردنی هەر سەرپێچییەک کە روودەدات و چارەسەرکردنیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی دادوەری و مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی یاسا. وەک باسمان کرد، دەزگاکە شوێنی هیچ دامەزراوەیەکی نەگرتووەتەوە، بەڵکو وەک بەشێکی تەواوکەری سیستمی دەوڵەتی عێراق هاتووە.
رووداو: کاری ئێستای ئێوە لە دەروازە سنوورییەکان چییە؟
ئەرشەد حاکم: بێگومان ئەرکەکانی دەزگاکە دیاریکراو و روونن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەرییە. کۆمەڵێک ئەرک کە بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سپێردراون، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری و بەشی بازگەکانەوە جێبەجێ دەکرێن. لەو ئەرکانەی کە لە رێنماییەکاندا باسکراون، کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ئامادەکردنی پلانی ئەمنین. هەروەها بەشداریکردن لە لیژنە ئەمنییەکان، دۆزینەوەی کەلێنە ئەمنییەکان و چارەسەرکردنیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەروەها چاودێریکردنی هەر گەندەڵییەکی ئیداری یان دارایی و بەدواداچوونی پشکنینی گومرگی. هەروەها بەدواداچوونی شێوازەکانی قاچاخچێتی و شاردنەوە کە بەکاردەهێنرێن. ئەمانە ئەرکە دیاریکراوەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانین و ئەم ئەرکانە لە دوو لایەنەوە کاردەکەن: لایەنی یەکەم، لایەنی هەواڵگریی مەیدانییە. هەروەها لایەنێکی دیکە هەیە کە لایەنی تەکنیکییە و لە رێگەیەوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێکهێنراوە کە راستەوخۆ لەژێر چاودێریی سەرۆکی دەزگادا بەڕێوەدەبرێت، کە بەردەوام و خێرا چاودێریی کارەکان دەکات لە رێگەی ئەم ژوورەی ئۆپەراسیۆنەوە کە تەکنیکی ئاستبەرزی تێدا بەکاردەهێنرێت، لەنێویاندا تەکنیکی ژیریی دەستکرد.
رووداو: ئێستا نەخشەی بڵاوبوونەوەتان چۆنە؟ لە کام دەروازە سنوورییەکان و بازگەکاندان؟
ئەرشەد حاکم: بێگومان دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستی بە وەرگرتنی بازگە و دەروازە سنوورییەکان کردووە لە دەستەی گومرگەکان و دەستەی دەروازە سنوورییەکان و لە هەموو پارێزگاکان و دەروازە و بازگە سەرەکییەکانی بەغدا بڵاوبووەتەوە. لە ئوم قەسر، لە پارێزگای میسان لە دەروازەی شەیب، لە زرباتیە، لە مونزیریە، هەروەها لە پارێزگای ئەنبار لە ترێبیل و لە دەروازەی وەلید بڵاوبووەتەوە. ئێستا لە هەموو ئەم دەروازانەدا بڵاوبوونەوە و بوونی هەواڵگریی مەیدانیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هەیە، سەرەڕای بازگە سەرەکییەکانی پایتەخت بەغدا.
رووداو: لە کەرکووک نیتانە؟
ئەرشەد حاکم: لە هەموو پارێزگاکان، بەڵێ، بەتایبەتی پارێزگای کەرکووک. بازگەی سەرەکی هەن کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی تێیاندا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئامادەیی هەیە.
رووداو: لە هەرێمی کوردستانیش؟
ئەرشەد حاکم: لە بازگەکانی نێوان ناوچە فیدراڵییەکان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
رووداو: دیارترین ئەو سەرپێچییانەی بینیووتانە، شێوازەکانی قاچاخچییەتی کامەن ئێستا زۆر باون. توانیووتانە ئاشکرایان بکەن.
ئەرشەد حاکم: بەڵێ، شێوازی زۆر هەن کە هەندێک لە خەڵکی دەروونلاواز هەوڵدەدەن بۆ خۆدزینەوە لە ئەرک بەکاریان بهێنن. دیارترین ئەو شێوازانە یان سەرپێچییانەی ئاشکراکراون بریتین لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج، خۆدزینەوە لە پێدانی رەسمی گومرگی و ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان. جیاوازی لە کێشی کاڵاکاندا هەیە، جیاوازی لە وەسفی کاڵاکاندا هەیە. بۆ نموونە، هەندێک کاڵا وەک کشتوکاڵی پۆلێن دەکرێن، بەڵام پیشەسازین. بۆیە لەم بابەتانەدا ساختەکاری هەیە. جیاوازی لەنێوان ناوی شۆفێرەکان، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و ژمارەی بارەکاندا هەیە. هەروەها هێنانی کەرەستەی قەدەخەکراویش هەیە. ئەمانە دیارترین ئەو سەرپێچییانە بوون، کە لەلایەن مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستنیشانکراون و کاریان لەسەر دەکرێت.
رووداو: گرنگترین ئەنجام لەوەتەی لە دەروازە سنوورییەکان کار دەکەن چین؟ ئەنجامەکانی چی بوون؟
ئەرشەد حاکم: بەڵێ، ئامارێکی ماوەی نێوان 20ی حوزەیران تاوەکو 5ی تەممووزم لەبەردەستە، کە نزیکەی دوو هەفتەیە. مەفرەزەکانی دەزگاکە لە بازگەکانی بەغدا و دەروازە سنوورییەکان چەندین دەستکەوتیان هەبووە. باسی دەستبەسەرداگرتنی 137 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار دەکەین. باسی دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل لەناو دەروازەکان و گۆڕەپانەکانی پشکنین لەلایەن مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەکەین. هەروەها دەستبەسەرداگرتنی 20 ئۆتۆمبێلی جۆری مارسیدس کە بۆ قاچاخچێتی ئامادەکرابوون. هەروەها فەرمانی دادوەری جێبەجێکرا و شەش کەس دەستگیرکران کە هەوڵیان دەدا مادەی هۆشبەر لەم دەروازانەوە ببەنە ژوورەوە. هەروەها دەست بەسەر شەش بارهەڵگردا گیرا کە کەرەستەی قەدەخەکراویان بارکردبوو. کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان زیاتر لە هەزار و 409 تۆن و 6600 کارتۆن بوون، کە کەرەستەی خۆراکی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و مریشکی قاچاخیان لەخۆگرتبوو. هەروەها گەنم، جگەرە، خواردنەوە کحولییەکان، کەرەستەی کارەبایی و دەرمانیان بارکردبوو. هەموو ئەمانە لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا دەستیان بەسەردا گیرا، کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەم دەروازە و بازگانەدا هەبوو.
رووداو: چی لەو کاڵایانە دەکەن کە دەستیان بەسەردا دەگرن؟
ئەرشەد حاکم: دابەش دەبێت بۆ دوو بەش. بەشی یەکەم، ئەگەر کەرەستەکان رێگەپێدراو بن بۆ هاوردەکردن، بەڵام سەرپێچییان کردبێت، ئەوا رەوانەی نزیکترین بنکەی گومرگی دەکرێن بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست. بەڵام ئەگەر هاوردەکردنیان قەدەخە بێت، ئەوا فەرمانی دادوەری وەردەگیرێت و بەپێی ناوچەی جوگرافی رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن. هەموو کەرەستە و ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ و بنکەکانی پۆلیس کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بەپێی یاسا.
رووداو: ئەی چارەنووسی قاچاخچییەکان چی دەبێت؟ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن؟
ئەرشەد حاکم: سەرپێچیکاران بە هەموو ناونیشانە جیاوازەکانەوە رەوانەی لایەنە دادوەرییەکان دەکرێن بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست و بەپێی ئەوەی دادوەری پسپۆڕ بە گونجاوی دەزانێت و هەروەها بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.
رووداو: ئاماری دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانت لەلایە؟ چەند کەس گیراون؟
ئەرشەد حاکم: ژمارەی دەستگیرکراوان تاوەکو ئەم ساتە بە دڵنیاییەوە لە زیادبووندایە. لەگەڵ هەر ئۆتۆمبێلێکدا شۆفێرێک دەستگیر دەکرێت و لەگەڵ هەر سەرپێچییەکدا بەرپرسانی ئەو سەرپێچییە دەستگیر دەکرێن، بەڵام ئەو ئامارانەی باسمان کردن، ئاماری فەرمین تاوەکو ئەم ساتە.
رووداو: ئەوانەی دەگیرێن خەڵکی خۆمانن یان بیانین؟
ئەرشەد حاکم: بەبێ گوێدانە رەگەزنامەی کەسەکە، جا عێراقی بێت یان بیانی، یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێت. بۆیە، گرووپی جیاواز هەن کە لەنێویاندا عێراقی و بیانی هەن.
رووداو: پەیامتان بۆ ئەو کەسانە چییە کاری قاچاخچیێتی دەکەن؟ بە تایبەتی ئەوانەی هەوڵدەدەن زیان بە ئابووریی عێراق بگەیێنن؟
ئەرشەد حاکم: پەیامی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی روونە و دوو ئاراستەیە. ئاراستەی یەکەم پەیامێکی دڵنەواییە بۆ هەموو بازرگانان و ئەوانەی پابەندی یاسان، کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگاکانی دیکە بۆ پاراستنی ئەوان و رێکخستنی کاری ئەوان و مسۆگەرکردنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە بازرگانیدا هەیە. بەڵام ئەوانە قاچاخچێتی دەکەن، پێیان دەڵێین کە هەرچەندە شێوازەکانی قاچاخچێتی و هەوڵی خۆدزینەوە لە ئەرک یان شاردنەوە پێشبکەون، ئەوا پێشکەوتنێکی دیکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە. بەڵگەش ئەو دەستبەسەرداگرتنانەیە کە لەم ماوەیەدا لە بازگەکانی بەغدا روودەدەن. زیاتر لە 173 ئۆتۆمبێل لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە کە کەرەستەی قاچاخ و شاراوەیان هەڵگرتبوو. هەموو ئەو رێگایانەی قاچاخچییەکان هەوڵی بۆ دەدەن، لای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە ئاشکرا بوون.

