نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی گشتیی ئیتاڵیا لە بەغدا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری بەخشینی بەرزترین مێدالیای دەوڵەتی ئیتاڵیا "سوارچاکی خاچی مەزن"ـی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئەو خەڵاتە لەلایەن سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییە دیارانەی رۆڵی گرنگیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە.
نیکۆلۆ فۆنتانا، سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەو پەیوەندییانەدا دەڵێت: "سەرۆک بارزانی دۆستێکی زۆر باشی ئیتاڵیایە و هاوپەیمانێکی جێی متمانەیە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان "کەسایەتییەکی سەرەکی بوو لە بڕیاری ئێمە بۆ دامەزراندنی کۆنسووڵخانە لێرە و بەرزکردنەوەی بۆ کۆنسووڵخانەی گشتی".
باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک "نێوەندگییرێکی جێی متمانە و سەرکردەیەکی پراگماتیک" باسدەکات و، جەختدەکاتەوە کە بەهۆی تواناکانی لە تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، نێچیرڤان بارزانی لە ئەوروپا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت. فۆنتانا ئاماژە بەوەش دەدات کە لە دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتاڵیا لە مانگی ئایاری 2026، گفتوگۆیەکی "زۆر ئەرێنی" لەگەڵ سەرۆک ماتارێلا ئەنجامداوە، کە ئەوەش وەرچەرخانێکی دیکەیە لە پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: بەڕێز فۆنتانا، بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ رووداو. خۆشحاڵم کە لێرە لەگەڵمانن.
نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆر سوپاس. زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لێرە. سوپاس.
رووداو: ئەمە ساتێکی زۆر گرنگە کە تێیدا قسە دەکەین، هەروەها وەرچەرخانێکە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستانی عێراق، نەک تەنیا هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵکو کورد بەگشتی. چۆن بوو کە دەوڵەتی ئیتاڵیا و سەرۆکی ئیتاڵیا بڕیاریان دا ئەم مێدالیایەی دەوڵەت ببەخشنە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: یەکەم شت، ئێمە لێرە باسی مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا دەکەین. ئەمە شانازییەکە، وەک باست کرد، لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتەکەمان، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا، دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە پێگەی جیاوازدا رۆڵی گرنگیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە. سەرۆک (نێچیرڤان) بارزانیش بەڕاستی یەکێکە لەوان. هەر بۆیە سەرۆککۆمارمان بڕیاریدا بەرزترین پلەی مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا، کە سوارچاکی خاچی مەزنە، پێی ببەخشێت.
رووداو: پێموایە سوارچاکی خاچی مەزن بەرزترین پلەیە.
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، دروستە، راست دەکەیت. لە رابردوودا، ئەم مێدالیایە بەخشراوەتە کەسانی دیکەی زۆر دیار، جا سەرکردەی سیاسی بووبن یان خاوەن کار. تەنیا بۆ نموونە بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان.
رووداو: ئیتاڵیا چۆن سەیری رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی لەگەڵ ئیتاڵیا دەکات؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: ئەگەر بمەوێ کورتی بکەمەوە، دەڵێم سەرۆک بارزانی دۆستێکی زۆر باشی ئیتاڵیایە. ئەو هاوپەیمانێکی جێی متمانەیە و هەمیشە، سەرەتای وەک سەرۆکوەزیرانی کوردستان، ئێستاش وەک سەرۆک، پشتیوانێکی گەورەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نێوان کوردستان و عێراق و ئیتاڵیا بووە. سەرۆک بارزانی رۆڵی لە راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بۆ ئەم بازاڕە گێڕاوە. ئەو کەسایەتییەکی سەرەکی بوو لە بڕیاری ئێمە بۆ دامەزراندنی کۆنسووڵخانە لێرە و بەرزکردنەوەی بۆ کۆنسووڵخانەی گشتی، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر هەیە. بەڕێزیان چەندین جار سەردانی ئیتاڵیای کردووە، دواجار لە مانگی ئایاردا بوو کە کۆبوونەوە و گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتمان، سەرۆک ماتارێلا، هەبوو.
رووداو: پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا چۆن پێناسە دەکەیت؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: دەڵێم کە لە ئاستێکی نایابداین. پێم وایە ئێمە هەمیشە لە بواری سیاسی و کولتووریدا زۆر نزیک بووین. ئەگەر راشکاوانە بڵێم، لە کەرتی ئابووریدا دەتوانین زیاتر کار بکەین و بۆ ئەوەش پابەندین. پێموایە توانایەکی بەرچاو هەیە کە تاوەکو ئێستا سوودی لێ وەرنەگیراوە بۆ پەرەپێدانی هاوبەشیی نوێ، راکێشانی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بۆ کوردستان و عێراق، هەروەها برەودان بە بازرگانی، چونکە لەم وڵاتانەدا بەگشتی، خواستێکی زۆر بۆ ئیتاڵیا و بەرهەمی ئیتاڵی هەیە.
رووداو: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەمیشە هەوڵ بۆ رێککەوتن و چارەسەری ئاشتیانە دەدات، لەناو کوردستان، عێراق و زۆرجاریش رۆڵ لە چارەسەری ئاشتیانە لە وڵاتانی دیکەدا دەگێڕێت، مەبەستم لە ناوچەکەیە. ئێوە و ئیتاڵیا چۆن سەیری ئەم رۆڵەی نێچیرڤان بارزانی دەکەن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: راست دەکەیت. ئەو رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێ. ئەو نێوەندگییرێکی جێی متمانە و سەرکردەیەکی پراگماتیکە، لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم ناسراوە و لە ئەوروپا زۆر رێزی لێ دەگیرێ بەهۆی توانای لە دروستکردنی پرد و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان. هێشتا یەکەم جارم لەبیرە کە شانازیی کۆبوونەوەم لەگەڵیدا هەبوو، کاتێک دیپلۆماتێکی گەنج بووم. ئێمە پێکەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتمان کۆبوونەوەیەکمان هەبوو و لەبیرمە دوای ئەو دیدارە هەموومان سەرسام بووین بە زانیارییەکانی، نەک تەنیا لەسەر ئەوەی لەم ناوچەیەدا روودەدات، بەڵکو بە زانیارییەکانی لەسەر دۆخە سیاسییەکانی ئەورووپاش.
رووداو: بەڕێز فۆنتانا، کاتێک باسی ئیتاڵیا دەکەین، بێگومان، ناتوانم خۆم رابگرم لە پرسیارکردن دەربارەی هەڵبژاردەی تۆپی پێ.
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵام دەبێت بووەستیت. گاڵتە دەکەم.
رووداو: جۆش و خرۆش کەمترە کە هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئیتاڵیا لە جامی جیهانیدا نابینین. بەداخەوە، ئیتاڵیا سەرنەکەوت. بەڵام ئێمە وەک کورد، لەبیرمان ناچێت کە لە ساڵی 1991، لە کاتی کۆڕەوی کورد، بەهۆی ستەمی رژێمی سەدامەوە، ئەوکات هەموومان لەبیرمانە کە هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئیتاڵیا، هەڵبژاردەی تۆپی پێ، واژۆی خۆیان بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی نارد بۆ نیشاندانی پشتیوانییان بۆ کورد. ئەوکات، باسی 30 ساڵ لەمەوبەر دەکەین، ئەمە شتێکی گەورە بوو. پێموایە ئەمەش بەردێکی بناخە بوو بۆ دامەزراندن یان قووڵکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و ئیتاڵیا. بەڵام دەمەوێ بپرسم، چۆن دەکرێت پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئیتاڵیا زیاتر پتەو بکرێ؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: یەکەم شت، ئەوە تەنیا یەکێکە لە نموونەکانی دۆستایەتیمان. پێموایە گرنگە سەرنج لەسەر پەرەپێدانی هاوبەشییە ئابوورییەکان بێت، بەڵام ئەوەی حەز دەکەم بیکەم ئەوەیە کە باسی ئەو دەرفەتانە بکەم کە دەکرێ لە ئاڵوگۆڕی زیاتری خوێندکاران و هاوبەشییەکی ئەکادیمی باشترەوە بێنە ئاراوە. دەزانیت، هەموو ساڵێک ئێمە سکۆڵەرشیپی ئەکادیمی پێشکێش بە خوێندکارانی عێراقی و کورد دەکەین. ژمارەیەکی زۆر نییە، بەڵام هەنگاوێکی باشە. پێموایە ئەگەر دەست بکەین بەم ئاڵوگۆڕی خوێندکارانە، کاتێک خوێندکاران هێشتا لە زانکۆکانن و خەریکە دەچنە ناو ژیانی پیشەیی خۆیانەوە، تۆوێکی باش لە یادەوەرییاندا دەچێنین. ئەو کاتە ئەوان باشتر لە کولتووری ئێمە تێدەگەن. هەمان شتیش دەتوانین لەگەڵ ئەو ئیتاڵییانە بکەین کە لێرە لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن. بەم شێوەیە لە داهاتوودا ئەم کەسانەمان دەبێت کە دەتوانن ببنە باڵیۆز بۆ هەردوو وڵات. بەو شێوەیە هاوکاری و دۆستایەتی پتەو دەکەیت.
رووداو: من خوێندکارم بینیوە و خەڵک لە هەرێمی کوردستان دەناسم، کۆمەڵە گەنجێک کە لە ئیتاڵیا دەخوێنن. ئەوان خۆشەویستییان بۆ ئەو وڵاتە هەیە و هەمیشە ستایشی گەلی ئیتاڵیا دەکەن و هەست بە نزیکیی کولتوورەکانمان دەکەن، بەتایبەتی کاتێك باسی بەها خێزانییەکانمان کرد. باست لەوە کرد کە ئەمە ئەو بوارەیە دەتوانن کاری لەسەر بکەن. هیچ پلانێکتان هەیە؟ بۆ نموونە، هیچ تیمێک هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان؟ هیچ پلانێکی کرداری لەم بوارەدا هەیە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: لە راستیدا دەستمان پێکردووە. دەزانی، ئەم هەرێمە سەقامگیرییەکی ناسراوی هەیە و ئارامی هەیە. بۆیە داوا لە زانکۆ ئیتاڵییەکان دەکەین کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆ باشەکانی ئێرە لە هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەن. من سەردانی چەندین زانکۆم کردووە و هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا هاوکاریی زیاترمان هەبێت.
رووداو: هەر لەسەر کولتوور با شوێنەواریش لەبیر نەکەین. شوێنەوار یەکێکە لەو بوارانەی کە پێموایە ئیتاڵیا یارمەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق دەدات و ساڵانێکە ئەو یارمەتییەی پێشکێشی دەکەن گەورەیە. شتی نوێ چییە لەو بارەیەوە؟ ئێستا لەڕووی کولتووری و شوێنەوارییەوە، ئەو یارمەتییانە چین کە ئیتاڵیا پێشکەشی هەرێمی کوردستانی عێراقی دەکات؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: سوپاس بۆ باسکردنی ئەم بابەتە. کاتێک باسم لەوە کرد کە پەیوەندییە کولتوورییەکانمان لە ئاستێکی نایابدان، لە مێشکی مندا، مەبەستم لە هاوکارییەکانی تایبەت بە شوێنەوار بوو. ئێمە دوو وڵاتین کە میراتێکی زۆر گرنگمان هەیە. شارستانیەتی ناسراومان هەیە کە پێویستە بیانپارێزین و برەویان پێبدەین. ئەوە بەتەواوی ئەو شتەیە کە تیمە شوێنەوارییەکانی ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەیکەن. با تەنیا یەک داتات پێبدەم. ئیتاڵیا 22 تیمی شوێنەواری لە عێراق هەیە، 11 لەوانە لە هەرێمی کوردستانن. ئەمە بەرزترین ژمارەی تیمی شوێنەوارییە کە لە جیهاندا هەمانە.
رووداو: بەرزترین ئاست لە کوردستانە.
نیکۆلۆ فۆنتانا: نەخێر، نەخێر، مەبەستم لە هەموو عێراقە، 22.
رووداو: دەزانم، بەڵام 22. ئەمە بەرزترین ژمارەیە کە لە هەر وڵاتێکی جیهاندا هەتانە.
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، لە هەر وڵاتێکی جیهاندا. بێگومان ئەوە گرنگە، بەهۆی شارستانیەتەکانی رابردوو و هەروەها هەموو ئەو شتانەی لەدوای خۆیان بەجێیان هێشتووە. ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە کە ئەو میراتە بپارێزین، و لێرە لە کوردستان زۆر سەرکەوتووین. خەریکین لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا یەکەم پارکی شوێنەواری لە نزیک دهۆک بکەینەوە. هیوادارم لەو بۆنەیەشدا بتوانین یەکدی ببینین، تاوەکو هەموو بینەرەکانت دەربارەی ئەوە بزانن.
رووداو: کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئیتاڵیا لە هەولێر کاتێک هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ کرد، لەبیرمە نامیلکەیەکی پێدام دەربارەی پرۆژەکانی ئیتاڵیا لە بواری شوێنەوار لە کوردستان، پێموایە خەڵک دەتوانن بچنە سەر ئینتەرنێت و بیبینن.
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، راستە. پێویستمان بە وەشانی نوێکراوەی ئەوە دەبێت.
رووداو: بە دڵنیاییەوە، بە دڵنیاییەوە. کارێکی گەورەیە، من بەڕاستی خۆشحاڵ بووم کە هەموو کارەکانم بینی.
نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆر باشە، پێزانینم هەیە بۆ ئەوە.
رووداو: کارێکی سەرنجڕاکێشە لە راستیدا. پرۆژەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان ئێستا کەرەستەی بیناسازی لە ئیتاڵیا دەکڕن. هەروەها کۆمپانیای ئیتاڵیش هەن کە لە کوردستان کاردەکەن. بەڵام لە چ کەرتێکدا هەلی باش هەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان و عێراق؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: راست دەکەیت. کۆمپانیای ئیتاڵی هەن کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەڵام پێویستیمان بە زیاترە. ئەوەش بەتەواوی ئامانجی ئێمەیە وەک باڵیۆزخانە و وەک کۆنسووڵخانەی گشتی لێرە لە هەولێر. سەبارەت بە کەرتەکان، دەزانیت، تا ماوەیەکی لەمەوبەر زۆربەی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لەم وڵاتەدا لە بواری وزەدا کاریان دەکرد، کە شتێکی باشە. بەڵام ئەوەی دەمانەوێ بیکەین ئەوەیە کە ئامادەییمان هەمەجۆر بکەین و دەست بکەین بە چالاکبوون لە کەرتە جیاوازەکاندا. بۆیە دەتوانین کار لەسەر کشتوکاڵ بکەین، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی-پیشەسازی لەگەڵ پاکەتکردن و هەموو شتێک کە لەگەڵیدا دێت. دەتوانین کار بکەین لەسەر بەڕێوەبردنی ئاو، ژێرخان، پیشەسازیی تەکنەلۆژی. من لە کۆمپانیا ئیتاڵییەکانەوە لە کەرتە زۆر تایبەتەکاندا پەیوەندیم پێوە دەکرێ و هەست دەکەم کە هەلێکی باش هەیە دەربارەی دەرفەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دڵنیا دەبینەوە کە یارمەتیی ئەو کۆمپانیایانە بدەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن.
رووداو: ئەوە سەرنجڕاکێشە. باست لە کشتوکاڵ کرد. هەروەها باسی بیناسازیشمان کرد. بەڵام ئیتاڵیا تەنیا ئەمە نییە. ئیتاڵیا بریتییە لە شتی جوان، خواردن، قاوە و رووخساری جوان وەک خۆت. دەربارەی ئەم کەرتانە چی؟ هیچ گرنگی پێدانێک دەبینیت؟ خەڵک قاوە دەخۆنەوە، ئیتاڵیا زۆر بەناوبانگە بە قاوە و هەموو شتێکی دیکە. لەم بوارانەدا، هیچ دەرفەتێک هەیە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ، پێموایە دەرفەتی زۆر گەورە هەیە. بێگومان، ئەو بەرهەمانە رەنگە بۆ ئەم بازاڕە تا رادەیەک گران بن، بەڵام دەزانم خواستێکی زۆر هەیە و خەریکە دەست دەکەین بە بینینی زیاتر و زیاتری بەرهەمی ئیتاڵی لە بواری خواردن، جلوبەرگ، مۆبیلیات لێرە و هەروەها لە بەغدا. من شایەتحاڵی ئەم گرنگیپێدانە روولەزیادەم و ژمارەیەک کڕیاری نوێ بۆ ئەوانە هەن. بۆیە هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین قاوەیەکی ئیتاڵی رەسەن بخۆینەوە و فرۆشگای مۆبیلیاتی جوان لێرە لە هەولێر ببینین و هەموومان بە پەرۆشین بۆ ئەو ساتە.
رووداو: دەزانیت نەک تەنیا قاوە، ئایس کرێمیش دێت. نازانم ئاگاداریت یان نا، بەڵام هاوڕێیەکم بازرگانە و تازە دەستی بە هاوبەشییەکی گەورە کردووە؛ هاوبەشییەکی چەندین ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئایس کرێمی ئیتاڵی. لە راستیدا تازە دەستی پێکردووە.
نیکۆلۆ فۆنتانا: کەواتە دەبێت تاقی بکەمەوە....باشە، من ئامادەم ببمە تاقیکەرەوەی جێلاتۆ، وەک خۆمان دەڵێین.
رووداو: باسی وەبەرهێنانمان کرد و ئەم وەبەرهێنان و هاوبەشییە پێویستی بە زەوینەیەکی باشە. پێموایە گەندەڵی یەکێک بووە لەو ئاستەنگانەی کە هەموو وڵاتێک لە عێراقدا هەیەتی. سەرۆکوەزیرانی نوێ عەلی زەیدی دەستی بە هەڵمەتێکی گەورە کردووە دژی گەندەڵی لە عێراق. ئایا ئەمە رێگە خۆش دەکات بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان؟ ئایا گەندەڵی ئاستەنگێکی گەورە بووە بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان تا لە عێراق کار بکەن؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: یەکەم شت، با بڵێم کە من شانازیی کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێدا هەبوو و پەیامێکی پیرۆزباییم لەلایەن سەرۆکوەزیرانمان، جۆرجیا مێلۆنی، پێگەیاند. دەزانیت، هەبوونی دڵنیایی یاسایی زیاتر بێگومان بەشدار دەبێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی کاری باشتر و بەمەش کۆمپانیای ئیتاڵی زیاتر دێن. ئێمە وەک ئیتاڵیا پشتیوانیی حکومەتی نوێی عێراق دەکەین و باوەڕمان وایە کە ئەوەی دەیکەن یارمەتیی عێراق دەدات لە کەرتی ئابووریشدا گەشە بکات.
رووداو: سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، چۆن سەیری پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان دەکەیت دوای هەڵبژاردن و هەروەها شکستهێنان لە پێکهێنانی کابینەی نوێ لە هەرێمی کوردستان؟ لەگەڵ کێدا لەم بارەیەوە قسەت کردووە؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: دەزانیت، یەکەم سەردانی من بۆ کوردستان نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بوو، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی کۆتایی 2024. ئەوە ئەنجامێکی زۆر نایاب بوو بە رێژەیەکی بەرزی بەشداربوون و بەڵگەیەکی دیکەی سیستمی دیموکراسیی کوردی بوو. جێگەی داخە کە نەتوانرا حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێ، بەڵام دەزانیت، وەک ئیتاڵییەک هەموومان دەزانین چۆن داینامیکە سیاسییەکان هەندێکجار بەرەو جیاوازیی تووند لەنێوان پارتەکاندا دەچن. ئەوەی لێی دڵنیام ئەوەیە کە سەرکردە سیاسییەکانی کورد بەردەوام دەبن لە باشترین هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانیان و لە کۆتاییدا لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەت پێکدەهێنن. سەبارەت بە کۆبوونەوەکان، من هەمیشە لەگەڵ هەموو سەرکردە سیاسییەکان لێرە و لە سلێمانی کۆدەبمەوە.
رووداو: ئیتاڵیا هەروەها یەکێکە لە وڵاتە زۆر چالاکەکان لە پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە. تا ئێستا پرۆسەکە چۆن دەبینیت؟ لەڕووی ئاسایشەوە، ئەو یارمەتییە چییە کە ئیتاڵیا پشتیوانی و پێشکەشی هەرێمی کوردستانی دەکات؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: دەزانیت، لەڕووی مێژووییەوە، دەتوانین بڵێین ئامادەیی سەربازیمان لێرە لە سەربازانی ئیتاڵی وەک راهێنەری پێشمەرگە هەیە. لە دوایین کۆبوونەوەکانمەوە، پێموایە چەندین هەنگاوی ئەرێنی باش لەو پرۆسەیەدا نراون، و لە کۆتاییدا تەواوبوونی ئەم چاکسازییە، وەک خۆت باست کرد، بەم زووانە دەبێت. بۆ ئاسایشی ئێمە، پێموایە، وەک پێشتر گوتم، ئەمە هەرێمێکی زۆر ئارامە و سەربازەکانمان رۆڵێکی گرنگیان لە یارمەتیدانی کوردستان بۆ گەیشتن بەم دۆخەی ئێستا گێڕاوە.
رووداو: ئایا لە ئەنجامی چاکسازیی پێشمەرگە دڵخۆش و ئەرێنیت؟
نیکۆلۆ فۆنتانا: من هێندە ئامادەکاریم بۆ ئەوە نەکردووە. من باوەڕ بەوە دەکەم کە سەربازەکانمان، سەرکردە سەربازییەکانمان لێرە پێم دەڵێن و ئەوەی هەندێک سەرکردەی سیاسی پێیان گوتم. پێیان گوتم هەندێک هەنگاوی ئەرێنی هەبوون، بۆیە هیوادارم لە داهاتوودا هەندێکی دیکەش هەبن.
رووداو: بەڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا، بەڕاستی خۆشحاڵم کە لێرە لەگەڵمانن و بەخێربێن بۆ رووداو.
نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆر سوپاس.
رووداو: هیوادارم زۆرتر بتبینینەوە و جاری داهاتوو رەنگە بابەتی جیاواز و شتی باشمان هەبێت بۆ قسەکردن لەسەریان.
نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆر سوپاس. بەڕاستی پێزانینم هەیە. بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەم بۆ ئێرە.
رووداو: هەمیشە بەخێربێیت.
نیکۆلۆ فۆنتانا: سوپاس.
رووداو: دووبارە بەخێربێیت.


