رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان 53 سەنتەری پاراستنی منداڵ هەن کە خزمەت بە زیاتر لە 57 هەزار منداڵ دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکانی نێوان یونیسێف و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و گفتوگۆکانیان بەردەوامە بۆ دابینکردنی بودجەیەکی جێگیر بۆ بەردەوامیدان بەم پڕۆژە هاوبەشانە.
ئێدوارد بێگبێدەر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر رۆڵ و گرنگیی سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵ لە پارێزگا و قەزاکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی پێشکێشکردنی پاڵپشتیی دەروونی، کۆمەڵایەتی و فێرکردنی لێهاتووییەکانی ژیان بە منداڵان و دایک و باوکان.
بێگبێدەر لەم هەڤپەیڤینەدا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی کارای سەنتەرەکان لە رێگریکردن لە تووندوتیژی، پەیامێکی پڕ لە هیوای رێکخراوەکەی دەگەیێنێتە منداڵانی کوردستان بۆ سازدانی پاشەڕۆژێکی گەشتر و پێگەیاندنی نەوەیەکی بەهێز لەناو کۆمەڵگەدا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز ئیدوارد، بەخێربێن بۆ کوردستان. دەمانەوێ بزانین گرنگیی ئەم سەنتەرە بۆ منداڵان و ژنانی کوردستان چییە و چ خزمەتگوزارییەک پێشکێش دەکات؟
ئێدوارد بێگبێدەر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا: ئەمە یەکێکە لە 53 سەنتەری پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن حکومەت و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگار و قایمقامیەتەکان بەڕێوەدەچێت. ئەم 53 سەنتەرە خزمەتی زیاتر لە 57 هەزار منداڵ دەکەن. ئێرە شوێنێکە کە تێیدا منداڵەکان چەق و بنەمای سەرەکین. لێرە وانەی جۆراوجۆر و خزمەتگوزاریی پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکێش دەکرێت، لەگەڵ فێربوونی لێهاتووییەکانی ژیان تاوەکو منداڵەکان گەشە بکەن. وانەکانی وەک وێنەکێشان، زمانی ئینگلیزی و چەندین چالاکیی دیکە هەن کە ژینگەیەک بۆ منداڵان دەڕەخسێنن تاوەکو باسی کێشەکانیان بکەن، چ کێشەکانی ناو ماڵ یان قوتابخانە بێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن بەوەی باشتر لە دۆخەکە تێبگەن. وانەکانی تایبەت بە دایک و باوکان زۆر گرنگن، چونکە ئەوانیش بەشدارن لە کارەکانی ئەم سەنتەرە. هەروەها فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و توێژەرەکان چاودێریی وردی ئەو کەیسانە دەکەن کە ئاڵۆزن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دایک و باوک و دامەزراوە حکومییەکان کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەن.
رووداو: ئەم سەنتەرانە و دایک و باوکان چۆن دەتوانن رێگری لە تووندوتیژی و خراپ مامەڵەکردن دژی منداڵان بکەن؟
ئێدوارد بێگبێدەر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا: ئەم سەنتەرانە رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە رێگریکردن لە توندوتیژی، چونکە دەتوانن زووتر جۆری تووندوتیژییەکان دەستنیشان بکەن، چ ئەو تووندوتیژییانەی لە ماڵەوە روودەدەن یان لە قوتابخانە. لێرە منداڵان ئاشنای مافەکانی خۆیان دەبن و متمانەیان بەخۆیان زیاد دەکات. پەندێکی ئینگلیزی هەیە دەڵێ: "هەر دۆلارێک کە لە رێگریکردندا خەرج دەکرێت، لە داهاتوودا چەندین دۆلار لە تێچووی چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکان دەگەڕێنێتەوە"، بۆیە ئەم سەنتەرانە کارێکی زۆر گەورە دەکەن.
رووداو: ئاستی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان یونیسێف و حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
ئێدوارد بێگبێدەر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا: ئێمە زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کار دەکەین و ئەمەش نموونەیەکە. حکومەت لە رێگەی فەرمانبەرانی خۆیەوە ئەم سەنتەرانە بەڕێوەدەبات و یونیسێفیش لە رێگەی چالاکییەکانەوە پاڵپشتییان دەکات. پێویستە ببینین کەوا چۆن دەتوانین هاوکاربین. ئێستا گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەت بەردەوامە بۆ ئەوەی چۆن ئەم پڕۆژانە بۆ ساڵانی داهاتوو بەردەوامبن و بودجەیەکی جێگیریان بۆ دابین بکرێت تاوەکو بتوانین ژمارەی سەنتەرەکان زیاد بکەین.
رووداو: لەبیرمە ساڵانی 2004 و 2005 یونیسێف هاوکاری منداڵانی کوردستانی دەکرد، پەیامی ئێوە بۆ منداڵانی کوردستان چییە؟
ئێدوارد بێگبێدەر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا: پێموایە پەیامی ئێمە پەیامی هیوایە. منداڵی بریتییە لە هیوا و هەنگاونان بەرەو پێشەوە. دەبێت منداڵان لە قوتابخانە و لەم سەنتەرانەدا زانیاری و لێهاتوویی بەدەستبهێنن تاوەکو بەهێزتر بن بۆ گەیشتن بە تەمەنی هەرزەکاری و دواتریش پێگەیشتن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی کاریگەر لە ناو کۆمەڵگەدا.
رووداو: زۆر سوپاس


