رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانێ هەرێمییەکان، بەڵام "هەندێک لایەن" هەوڵی پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ناو شەڕ دەدەن. دەشڵێت: "پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەرەو هێوربوونەوە دەچن و ئومێدێکی زۆر هەیە بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان."
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان. د. چنار ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دەستی ئاشتی بۆ هەمووان درێژ کردووە و گوتی: "پێویستە بە زووترین کات دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی ببینین بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، چونکە مەترسییەکان جددین و تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانین رووبەڕوویان ببینەوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن و پەیامی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: بەداخەوە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە بە هەواڵێکی ناخۆش رۆژیان کردەوە. سەرەڕای ئەوەی سیاسییەکان و گوتەبێژە فەرمییەکانمان هەمیشە ئەو پەیامەیان داوەتە دراوسێکانمان کە هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدرێت پەلکێش بکرێین بۆ ناو ئەو کێشانە. ئێمە ئەو هێرشە سەرکۆنە دەکەین و هیوادارین حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی بێتە سەر خەت بۆ رێگری لەو پەلامارانە. پەیامی ئێمە روونە، بەتایبەتی لە 16ی ئاب، لە 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لە پەیامی سەرکردایەتیماندا ئاماژەمان بەوە کرد، نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانمان و پێداگرین لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.
رووداو: ئەم هێرشانە لە کاتێکدا بوون کە هەرێمی کوردستان رۆڵی ناوبژیوانیی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکە، وەکو ئێران و ئەمریکا، دەگێڕا. ئەمە چ پەیامێک دەگەیێنێت؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: دوێنێ هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەرمان بیست سەبارەت بە دەستپێشخەری و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کە نیشانەی ئەوەیە پێگەی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە سیاسییەکانمان دەتوانن ببنە بەشێک لە چارەسەری کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. پێمانوابوو ئێمە لە زۆنی ئاشتی و ناوبژیکردنداین، بەڵام رووداوەکەی ئەمڕۆ شۆکێکی دیکە بوو. بەداخەوە هەندێک گرووپ و لایەن هەن کە هەوڵدەدەن ئەو رۆڵ و پێگەیە لەق بکەن و تەنانەت پەلکێشمان بکەن بۆ نێو ئاگری شەڕ. بەڵام دڵنیابن کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک رێگری لەوە دەکەین و پەنا دەبەینە بەر دامەزراوە فەرمییەکان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ئاگری شەڕ بپارێزرێت.
رووداو: لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنیدا، روئیای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قۆناخی داهاتوو چییە؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی پراگماتی و کردارییە. نهێنیی بەردەوامیی بۆ ماوەی 80 ساڵ لەوەدایە کە توانیویەتی خۆی لەگەڵ زەمەن و قۆناخەکاندا بگونجێنێت. پارتی کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی هەیە کە لەسەری دامەزراوە، وەکو نیشتمانپەروەری، دادپەروەری، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە هەوڵیداوە خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی جیلی نوێ بگونجێنێت. روئیای پارتی بۆ ئەم قۆناخە زۆر سەردەمیانەیە. لە کۆنگرەی 14دا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن و دامەزراوە دەستوورییەکانی بەهێز بکرێن. هەروەها کار بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی ئابووری، خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی دەکات. لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش، هەمیشە هەوڵی داوە پەیوەندییەکی تۆکمە و ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت.
رووداو: پەیامی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چییە، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: لە پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا بە روونی هاتووە کە دەستی ئاشتی و دۆستایەتی بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان درێژ دەکەین. پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کارا بکرێنەوە. ئەم یادە بەرپرسیارێتیمان قورستر دەکات بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێم و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان. پەیامی ئێمە بە ئاراستەی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە بوونەتە هۆی ساردیی نێوان لایەنەکان.
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: پێموایە ئێستا پەیوەندییەکانمان بەرەو هێوربوونەوەیەکی زۆر باش دەڕوات. مەرج نییە هەموو هەنگاوەکانی دانوستاندنەکان لە میدیاوە باس بکرێن، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە کە هەموومان چاوەڕوانی دەرەنجامی ئەو گفتوگۆیانەین. هیوادارین بە زووترین کات دەرەنجامەکان ببینین.
رووداو: کەی دەتوانین کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوەکانی دیکە ببینین؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: ئێمە زۆر دواکەوتووین. دەبووایە زۆر زووتر دامەزراوەکانمان چالاک بکردایەتەوە. بۆیە ناتوانین بڵێین بەیانی یان مانگێکی دیکە، تەنیا دەتوانین پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە پێویستە بە زووترین کات دەرئەنجامی گفتوگۆکان ببینین. هەڕەشەکان جددین و هەرچەند یەکگرتوو بین، هێندە بەهێزتر دەتوانین رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە. هیوادارم لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستاندنەکان بە ئاشکرا ببینین و یەکەم قۆناخیش کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بێت.
رووداو: گەشبینن بەوەی ئەم هەوڵانە بۆ ئاشتەوایی سەربگرن؟
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا: بەڵێ، چونکە چەندین کەسایەتی و لایەنی سیاسی هەوڵیانداوە ناوبژیوانی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکەن. لەناو هەردوو حیزبیشدا هەوڵی جددی هەیە بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکان. ئەگەر هێزی ئاشتیخواز بەهێزتر بێت، سەرکەوتن مسۆگەرە. هیوادارین هەموو ئەو سەرکردانەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، بەرپرسانە بێنە مەیدان و ئەم گرێکوێرەیە بکەنەوە بۆ ئەوەی هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کاراتر لە جاران دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

