رووداو دیجیتاڵ
قاسم تاهیر ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، داوای لە سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد یەکڕیزبن و پێکەوە کار بکەن، چونکە لاوازی و ناکۆکیی نێوخۆیی لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دژی پێگەی کورد دەقۆزرێتەوە. هاوکات تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای ئەڵمانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە "زۆر دۆستانە و ئەرێنی" ناویبردن.
قاسم تاهیر ساڵح، کە وەک ئەندامی شاندی یاوەری ریم ئالابالی رادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە قەڵای هەولێرەوە قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو دەکرد، بە پەرۆشەوە داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد دەستبەرداری ململانێ ناوخۆییەکان بن و گوتی، "کاتێک سەیری رەوشەکە دەکەم، بەتایبەتی رەوشی سیاسی، بە راستی دڵم دەئێشێت. دەبێت وەک کوردستانێکی بەهێز یەکبگرین و لایەنە کوردییەکان پێکەوە کاربکەن، چونکە لاوازیی نێوخۆیی کورد دەقۆزرێتەوە، نەوەک تەنیا لە بەغدا، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش."
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئەڵمانیا زیاتر روونیکردەوە، "داخوازیی من بۆ سەرجەم سیاسەتڤانانی کوردستان ئەوەیە: تکایە یەکبگرن، دووبارە ببنەوە بە هاوڕێ و دۆستی یەکدی و بە یەک دەنگی بەهێز بدوێن، چونکە گەلی کورد لە نێوخۆ و رەوەندی کوردیش لە ئەڵمانیا بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە ئازار دەچێژن."
قاسم تاهیر ئاماژەی بەوە کرد کە دیدارەکانیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر راشکاوانە و پڕ تەبا بوون.
ئەو پەرلەمانتارەی بوندێستاگ گوتی، "لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دیدارەکانمان زۆر دۆستانە و ئەرێنی بوون. هەردوولامان دەزانین کە دۆستی یەکدیین و ئەم هاوبەشییە مێژووییەی نێوانمان لە سەردەمی شەڕی داعشەوە بە دابینکردنی مووشەکی میلان دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆش هاوبەشییەکە بەردەوامە؛ ئەم پەیوەندییە بەهێزەش بەردەوام دەبێت و کۆتایی نایەت."
قاسم تاهیر خەڵکی شاری زاخۆیە لە پارێزگای دهۆک و پەرلەمانتاری ئەڵمانیایە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئاڵا شالیم لە هەولێرەوە. بەنێو قەڵای هەولێردا دەگەڕێین و وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەگەڵ شاندێک لە قەڵای هەولێرە و لێرە نانی نیوەڕۆ دەخۆن. منیش لێرەدەمەوێ لەگەڵ پەرلەمانتارێکی کوردی ناسراو و خۆشەویست لەنێو کورد قسە بکەم، ئەویش بەڕێز قاسم تاهیر ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان، کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندی یاوەری وەزیری ئەڵمانیا. بەڕێز قاسم، بە راستی زۆر دڵخۆشکەرە. من هەمیشە تۆم لە پەرلەمانی فیدراڵی بینیوە و پێکەوە هەڤپەیڤینمان کردووە و گفتوگۆمان لەسەر بابەتە جیاوازەکان کردووە. ئەمڕۆ لێرە لە قەڵای هەولێر، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەتبینم و زۆر خۆشحاڵم. هەستت چۆنە کە لێرەیت؟
قاسم تاهیر ساڵح: رۆژباش! زۆر دڵخۆشم، چ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بێت یان لێرە لە کوردستان، بەتایبەتی لەم کاتەدا، لە هەولێر... سوپاس بۆ خودا بێگومان کوردستان ماڵی منە. من باسی هاوکاریکردنی گەلەکەم دەکەم. سوپاس بۆ خودا من بەردەوام سەردانی کوردستان دەکەم و لە ساڵانی رابردوویشدا هەموو ساڵێک هاتوومەتە کوردستان.
رووداو: راستە، تۆ هەموو ساڵێک دێیتەوە؛ کوردییەکەت زۆر باشە، بەڵام حەز دەکەیت بە ئەڵمانی قسە بکەیت؛ بۆیە من پرسیارەکانم بە کوردی دەکەم و تۆش بە ئەڵمانی وەڵام بدەرەوە. پرسیاری من بۆ تۆ ئەوەیە: ئێوە لەگەڵ شاندەکەتان و خاتوو ریم ئالابالی رادۆڤان، وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان سەردانی بەغداتان کرد، سێ رۆژ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و ئەم بەیانییەش سەردانی موسڵتان کرد. لە بەغدا چیتان بینی؟ باسی چیتان کرد؟ کۆبوونەوەکانتان لە بەغدا چەندە گرنگ بوون؟
قاسم تاهیر ساڵح: پێش هەموو شتێک، لە دڵەوە سوپاسی خاتوو ریم ئالابالی رادۆڤان دەکەم کە لەم شاندەدا منی هێنایەوە بۆ وڵاتە رەسەنەکەم [کوردستان]. سەردانەکەمان بۆ بەغدا زۆر بەرهەمدار بوو و زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێکرا. خۆیشمان دەزانین کە عێراق یەکێکە لە هاوبەشە هەرە گەورە و بەهێزەکانمان. لە کاتی گفتوگۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەیدی، پرسی هاوئاهەنگیی دووقۆڵی بە بەهێزی هاتە بەرباس، هەروەها لێکەوتەکانی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی کشانەوەی سەربازانی سوپای ئەڵمانیا. سەرەڕای ئەوەش، ئەمە ئاماژەیەکی گرنگ بوو بۆ خاتوونی وەزیر، بۆ پەرلەمان و بۆ منیش کە لەم کاتەدا لێرەین؛ دەمانەوێ بڵێین تەنیا لەبەر ئەوەی سەربازانمان کشاونەتەوە، مانای ئەوە نییە هاوبەشییە بەهێزەکەمان لاواز دەبێت، بە پێچەوانەوە ئێمە لە پشت عێراقین و لە حکومەتی فیدراڵی و پەرلەمانەوە پاڵپشتی لە کوردستان دەکەین. ئەمەش لەنێو ئەو تەوەرانەدا بوو کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەیدی باسمان لێوە کرد.
رووداو: باسی چیتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەتایبەت کە خاتوونی وەزیر گوتوویەتی پرسی کەشوهەوا پرسێکی زۆر گرنگە؟
قاسم تاهیر ساڵح: بێگومان، باسی کشانەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەمان کرد. مژارەکانی دیکەش ئەوە بوون کە چۆن هاوئاهەنگیی ئابووریمان بەهێزتر بکەین. نەوت بابەتێکی سەرەکی بوو، هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و سووریا و لێکەوتەکانیان، هەروەها بێگومان هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا. بۆ ئێمە زۆر گرنگە عێراقێکی بەهێزمان هەبێت. عێراقی بەهێزیش بەو مانایەیە کە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت. ئەمە بۆ ئێمە زۆر بایەخدارە، سەرۆکوەزیرانیش لە بەغدا دووپاتیکردەوە کە ئەم هاوئاهەنگییە بەهێزەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەویش زۆر گرنگە. لە هەمووی گرنگتر بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا، پرسی کۆچبەری و هاوئاهەنگیی ئابووری بوون، چونکە ئێمە دەمانەوێ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بێنە ئێرە و وەبەرهێنان بکەن؛ لە هەولێر، زاخۆ، بەغدا، موسڵ و بەسرە. عێراق توانایەکی زۆر گەورەی بۆ گەشەکردن هەیە، ئێمەش لە ئەڵمانیا دەمانەوێ بە زانست، تەکنەلۆژیا و کۆمپانیاکانمانەوە ببینە بەشێک لەم پێشکەوتنە.
رووداو: ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، چونکە ئێستا لە ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێو قەیراندان و بە راستی ناوچەکە لە رەوشێکی سەختدایە. حکومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی 2004ـەوە 3 ملیار یۆرۆی بۆ هاوکاریکردنی عێراق و پڕۆژە جیاوازەکان تەرخان کردووە. ئایا ئەمجارە خاتوونی وەزیر هیچ بەڵێنێکی دا؟ پڕۆژەی دیکە لە ئارادان؟ ئەو بودجەیەی بۆ عێراق تەرخانکراوە چۆنە؟
قاسم تاهیر ساڵح: خاتوونی وەزیر دوێنێ پڕۆژەیەکی ئاویشی کردەوە. ئێمە دووپاتمان کردەوە کە ئەڵمانیا بایی ملیۆنان یۆرۆ وەبەرهێنانی لە بواری ئاودا کردووە. خاتوونی وەزیر ئەم پاڵپشتییە داراییەی لەگەڵ خۆیدا بۆ عێراق هێنا، ئەمەش زۆر گرنگە، چونکە ئاو یەکێکە لە سەرچاوە هەرە سەرەکییەکان، نەوەک تەنیا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو قەیرانەی رووبەڕووی دەبینەوە، بەڵکو دەبینین کە وڵاتی نێوان دوو رووبار، واتە عێراق، فرەڕەنگییەکی مێژوویی و کولتووریی هەیە. ئێستاش بەهۆی هۆکاری سیاسی لەگەڵ تورکیا، سووریا و ئێران، ئاستی ئاو کەمی کردووە و ئەمەش کێشەی بۆ خەڵک لە عێراق و کوردستان دروستکردووە؛ لە کەرتی کشتوکاڵ، دەستڕاگەیشتن بە ئاو و بەنداوەکان؛ هەربۆیە بۆ حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و خاتوونی وەزیر زۆر گرنگ بوو کە بە تەواوی لەو بوارانەدا وەبەرهێنان بکەین کە راستەوخۆ هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە دەکەن.
رووداو: ئەڵمانیا دەیەوێت بە چ قەبارەیەک وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات؟ واتە چەند بودجە بۆ هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات؟
قاسم تاهیر ساڵح: زیاتر لە 30 ملیۆن یۆرۆیە کە تەنیا لەلایەن وەزارەتی فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانەوە تەرخان دەکرێ. ئێمە بێگومان لە رێگەی ئاژانسی GIZ و بانکی KfWـەوە کە دامەزراوەی ئەڵمانین، پارەیەکی زۆر زیاتر دەخەینە خزمەت عێراق. بەڵام تەنیا پارە سەرچاوە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو گرنگترین شت ئەو زانین و شارەزاییەیە کە ئێمە وەک ئەڵمانیا دەیهێنینە ئێرە. ئامانجی ئێمە ئەوە نییە بە تەنیا هەموو شتێک لەم وڵاتەدا دروست بکەین، بەڵکو دەمانەوێ بە زانست و شارەزایی خۆمان هاوکاریی خەڵک بکەین تاوەکو خۆیان بتوانن ئەم وڵاتە سەرلەنوێ بنیات بنێنەوە.
رووداو: با بێینەوە سەر دیدارەکانتان؛ کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چۆن بوون؟ دەتوانیت پێمان بڵێیت لەو کۆبوونەوانەدا باسی چی کرا؟
قاسم تاهیر ساڵح: لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دیدارەکانمان زۆر دۆستانە و ئەرێنی بوون لەسەر بنەمای تەبایی و یەکڕیزی. هەردوولامان دەزانین، چ ئەڵمانیا و چ کوردستان، کە دۆستی یەکدیین؛ ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە ئەمڕۆوە نییە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر. ئەم دۆستایەتییە بە دابینکردنی مووشەکی میلان دەستیپێکرد کە لە شەڕی داعشدا دامانە پێشمەرگە و تاوەکو ئەمڕۆش دۆستایەتییەکە بەردەوامە. ئەم هاوبەشییە ئەمڕۆ کۆتایی نایەت، هەر بۆیە دانیشتنەکانی هەردوولا زۆر راشکاوانە، راستگۆیانە و دۆستانە بوون.
رووداو: زۆر باشە. قاسم، تۆ بە کوردییەکی زۆر جوان قسە دەکەیت، زۆریش حەزت لە گۆرانی و خواردنی کوردییە؛ ئەمڕۆ لە هەولێر چیت خوارد؟
قاسم تاهیر ساڵح: دۆڵمە هەبوو کە زۆر حەزم لێیەتی، هەروەها برنج و شلەی فاسۆلیای هەولێریش هەبوو کە زۆر بەتامە! بەڵام بۆ من زۆر گرنگە دووبارە جەخت لەوە بکەمەوە کە هەرێمی کوردستان چەندە بۆ من گرنگە. کاتێک ئێستا سەیری رەوشەکە دەکەم، بەتایبەتی رەوشی سیاسی، بە راستی دڵم دەئێشێت. دەبێت وەک کوردستانێکی بەهێز یەکبگرین و لایەنە کوردییەکان پێکەوە کاربکەن، چونکە لاوازیی نێوخۆیی کورد دەقۆزرێتەوە، نەوەک تەنیا لە بەغدا، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش. کاتێک سەیری وڵاتانی دراوسێ دەکەم، داخوازیی من بۆ سەرجەم سیاسەتڤانانی کوردستان ئەوەیە: تکایە یەکبگرن، دووبارە ببنەوە بە هاوڕێ و دۆستی یەکدی و بە یەک دەنگی بەهێز بدوێن، چونکە گەلی کورد و رەوەندی کوردیش لە ئەڵمانیا بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە ئازار دەچێژن.
