رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن دەکات و رایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ 20 ملیۆن کتێب چاپ دەکرێ و لە چەندین ناوەند خوێندن بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی دەستپێدەکات. گەشبینیی خۆیشی دەربڕی بەوەی "پرۆسەی لەجێگەدانان دەستپێبکاتەوە."
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیوا جەمال لەگەڵی ئەنجامداوە، چەندین زانیاریی ورد و ئاماری لەبارەی خوێندنی ساڵی نوێ خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد، 32 باڵەخانەی نوێ بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ئامادەکراون، "لەڕووی تەکنیکی و زانستییەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی ئامادەین، بەڵام ناتوانین تابلێت بۆ هەموو قوتابییان دابین بکەین."
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، لە 1 تاوەکو 19ی ئەیلوول خولی راهێنانی مامۆستایان بەڕێوەدەچێت، "مامۆستایان لەبارەی پلاتفۆرمی قوتابخانە، ژینگە و منداڵی بزێو راهێنانیان پێدەکرێت."
وەکو د. ئالان حەمەسەعید باسی لێوەکرد، بۆ خوێندنی دیجیتاڵی "رەچاوی باری دارایی خەڵک دەکەین." گوتیشی، "بە فەرمی داوام کردبوو ئەو تابلێتانەی بۆ سەرژمێریی بەکارهاتبوون، بدرێنە ئێمە، بەڵام بەشێکیان وەکو دیاری دراونەتە ئوردن و نەدرا بە ئێمە."
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ئامارێکی دیکەی بەم شێوەیە خستەڕوو:
- لە کابینەی نۆ 5088 مامۆستای گرێبەست کراونەتە هەمیشەیی
- لە 32 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە "رێکخستنەوەی میلاک" کراوە
- لە 2 ساڵی رابردوو 12,000 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەت خانەنشین کراون
- داوامان کردووە بڕیاری لەجێگەدانان بۆ مامۆستا کارا بکرێتەوە، تاوەکو پێش وەستانی بڕیارەکەش 1010 مامۆستا لە لەجێگەدانراون.
- لەم کابینەیەدا 274 قوتابخانەی نوێ دروستکراون
- لەم کابینەیە 3,000 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە
- 9.5%ی قوتابخانەکان کەرتی تایبەتن
- ملیۆنێک و 570 هەزار قوتابی لە قوتابخانە حکومیەکان دەخوێنن
د.ئالان حەمە سەعید گەشبینیی خۆی دەربڕی بەوەی "پڕۆسەی لەجێگەدانان دەستپێبکاتەوە" و گوتیشی، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێ.
سەبارەت بە گواستنەوەی مامۆستای گرێبەستیش وەزیرەکە گوتی، "جێگرەوەی هەبێ دەتوانێ داوای گواستنەوە بکات."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان:
رووداو: چۆن خۆتان ئامادە کردووە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بۆ ئەمساڵ؟
د. ئالان حەمەسەعید: زۆر سوپاس، سوپاس بۆ جەنابت و سوپاس بۆ کەناڵی رووداو و ئەم بەرنامەیە. وەزارەتی پەروەردە ئامادەسازییەکانی خۆی لە مانگی 6ـەوە دەستپێکردووە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027. کتێبەکانی خوێندن نێردراون بۆ چاپکردن، نزیکەی 20 ملیۆن کتێب بۆ ئەمساڵی خوێندن چاپ دەکرێت، ئێستاش زیاتر لە 131 کۆنتێنەر کتێب گەیشتووەتە نێو قەزاکانی پەروەردەی پارێزگاکان کە هەتا رۆژی 1ی 9 بەشێک لەو کتێبانە دابەش دەکرێت، وەجبەی دووەمیش لە دوای 1ی 9 دابەش دەکرێت پێش ئەوەی کە دەرگای قوتابخانەکان بە فەرمی بکرێنەوە. ئەوە لە بابەتی کتێب، لە بابەتی دابینکردنی نەوت کە لە هەندێک ناوچە لە کۆتایی مانگی 10 و سەرەتای مانگی 11 پێویستیان پێی دەبێت، پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی دیکە، هەروەها پێداویستیی قوتابخانەکان بۆ بابەتی نەوتیش، نووسراومان کردبوو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندییان داوە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەو نەوتە دابین بکەن، دانیشتنێکی تریشمان هەبوو لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی دیوان، تەئکیدمان لەو خاڵە کردووەتەوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە بڕی نەوتی پێویست بۆ قوتابخانەکان دیاری بکرێت، واتە رەزامەندیی حکومەتی لەسەرە. ئەوە خاڵی دووەم. خاڵی سێیەم، کۆبوونەوەیەکم هەبوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری بیناسازییەکانیان و پلاندانەرەکانیشیان، ئێستا هەتا رۆژی سێشەممەی رابردوو 32 باڵەخانەی نوێمان ئامادەیە کە لەسەر ئەرکی حکومەت و رێکخراوەکان، خێرخوازان دروستکراون، کە ئێستا لە قۆناخی ئەوەین کە بەشێکیان ئەرکەکەی لەسەر وەزارەتە ئامادە بکرێن، پێداویستییان بۆ دابین بکەین بۆ ئەوەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەو قوتابخانانەش ئامادە بن. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە پلاتفۆرمی قوتابخانەمان دروستکردووە، پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵییە، ئەو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە ئەمساڵ بە شێوەیەکی فەرمی لە زۆر ناوەندی خوێندن کار دەکات. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە راهێنانی مامۆستایان، کە لە 1ی 9 دەستپێدەکات هەتاکو 15ی 9، 4 تا 5 رۆژ راهێنان وەردەگرن، بەڵام بە چەندین کاژێری دیاریکراو لەسەر سێ بابەتی گرنگ، یەکێکیان تەکنەلۆژیا و پلاتفۆرمی قوتابخانەکەم و زیرەکیی دەستکرد و هەروەها ئەپڵیکەیشنی هەڵسەنگاندنە، بابەتی دووەمیشیان قوتابیی بزێوە و جیاوازی لەگەڵ قوتابیی ئاسایی، بابەتی سێیەمیشیان وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەکی ستراتیژی هەیە بۆ ژینگە، ئەویش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان. کەواتە، خاڵی ئەوەی باسمان کرد راهێنان بوو، پێداویستییە لۆجستییەکان بوو، ئێستاش لە هەمانکاتدا لە پێداویستییە لۆجستییەکان زیاتر لە 10 هەزار رەحلە لەژێر چاککردنەوەدان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کە رێکخراوەکانیش لەمبارەیەوە پاڵپشتیمان دەکەن و حکومەتیش لەمبارەیەوە پاڵپشتیی کردووین، واتە ئەوەی کە پێمان کراوە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە کتێب، لە نەوت و لە چاککردنەوەی رەحلە، دروستکردنی بینای نوێ، راهێنانی مامۆستایان، دانانی ئەو سیستەمە بۆ سەرپەرشتیکردنی کە ئەمساڵ لەسەر 50%ی قوتابخانەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و ساڵی ئاییندە ئەو 50%یەی کە دەمێنێتەوە، هەموو ئەم بابەتانە ئەو بابەتانەن کە ئامادەسازیی وەزارەتی پەروەردەن بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
رووداو: کەواتە ئەمە بە لایەنی کەمەوە 6 تەوەرەی سەرەکییە کە ئامادەکاریتان بۆ کردووە بۆ ئەمساڵ، با بڵێین بەشێکی زۆری نوێ بێت. ئینجا با یەک یەک بێینە سەر تەوەرەکان، بەتایبەتی لە بواری کتێب، 20 ملیۆن کتێب چاپ کراوە. 20 ملیۆن چاپ کراوە لەگەڵ ئەو پلاتفۆرمە تازەیەی قوتابخانەکەم؟
د. ئالان حەمەسەعید:بەڵێ.
رووداو: پلاتفۆرمەکە جێگەی هیچ کتێبێک ناگرێتەوە کە 20 ملیۆن چاپ کراوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: خۆی ئەگەر بە وردی باسی بکەم، پلاتفۆرمەکە هەموو کتێبەکەی خۆیەتی، بە چەند شێوازێک کتێبەکەیە، یەکەم وەک چۆن ئەو کتێبە هەیە بە شێوازی کاغەزی بە دیجیتاڵی کتێبەکە هەیە لەنێو پلاتفۆرمەکە، قوتابی دەتوانێت کەرت کەرت، بەند بەند بیانبینێت. لە هەمانکاتدا بە ئینتەرئەکتیڤ هەیە، بە تەفاعولی هەیە. ئێستاش ئەو پرسیارە لە من کرا کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی راهێنەر کۆبوومەوە ئایا ئەمە جێگەی کتێب چاپکردنەوە دەگرێتەوە؟ دەبێت واقیعی بین، هێشتا خوێندن پێویستی بە کتێب هەیە بە شێوازی هارد کۆپی، ئەمە خاڵی یەکەم. خاڵی دووەم...
رووداو: هەتا کەی پێویستی دەبێت؟
د. ئالان حەمەسەعید: دوو بابەت... بە بۆچوونی من رەچاوکردنی دۆخی دارایی خێزانەکان زۆر زۆر گرنگە. ئێمە ئێستا ئامادەین وەک وەزارەتی پەروەردە کە دەڵێم ئامادەین ئامادە نین بۆ بڕیاردان، ئامادەین لەڕووی ئەوەی کە ئامادەسازیمان کردووە کە خوێندن بە تەواوی بکەینە دیجیتاڵی. بەڵێ، کە خوێندن بە تەواوی بکەینە دیجیتاڵی. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ملیۆنێک و 750 هەزار قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکان حکومەت دەتوانێت تابلێت دابین بکات بۆ هەمووی؟ بێگومان نەخێر. ئایا خۆیان دەتوانن ئەم تابلێتە دابین بکەن؟ رەنگە ئەمە بڕیارێک بێت پێویستی بە دیراساتی ورد هەبێت، پێویستی بەوە هەبێت کە بارگرانی بۆ خەڵک دروست نەکەین، دەبێت لەم حاڵەتەدا، بەتایبەتیش لەم دۆخەی ئێستا تۆزێک واقیعی بین، ئەگەر نا وەک وەزارەتی پەروەردە ئێمە ئامادەین. ئەمە خاڵی یەکەم. خاڵی دووەم، لانی کەم لە پۆلی 1 تا 3ی بنەڕەتی پێویستە خوێندنی دیجیتاڵی خوێندنێکی تەواو هاوکار بێت، جێگەی خوێندنی کاغەزی بە هیچ جۆرێک نەگرێتەوە بە تەواوەتی. لە قۆناخەکانی سەرەتای خوێندن پێویستە ئەو جۆرە لە خوێندن کە پێی دەگوترێت بلێندید لێرنینگ، خوێندنی تێکەڵ، واتە هەردوو شێوازەکە سوودی لێ وەربگیرێت. ئێستا ئێمە بەو ئاراستەیە دەڕۆین، رەچاوی دۆخی دارایی خەڵک بکەین، بارگرانی بۆ خەڵک دروست نەکەین، چونکە ئێستا ئەگەر جەنابت دوو منداڵت لە قوتابخانەیەکی حکومی بێت و بە تۆ بڵێم بۆ ئەمساڵی خوێندن دوو تابلێتیان بۆ بکڕە، دەڵێی وەزیری پەروەردە ئەو مووچە کەمەی من بە تابلێت دەڕوات، ئەمە بۆی قورسە، لەبەر ئەوە واقیعی نییە، دەبێت واقیعی بیر لەمە بکەینەوە. بەڵام...
رووداو: دکتۆر یەک پرسیارم هەیە لەگەڵ قسەکەی جەنابتدا، سەرژمێرییەک کرا لەنێو سەرژمێرییەکەدا تابلێتیش دەنووسرا، پرسیارەکەم ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە لەم روانگەیەوە سوودی لەم سەرژمێرییە بینیوە کە بزانێت چەند تابلێت لە هەرێمی کوردستان هەیە؟
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵێ بە دڵنیاییەوە سوودی لێ بینیوە، بەڵام بۆ هەموو ئامێرەکان کرا، لە نێویشیاندا ئامێرە زیرەکەکان، بەڵام ژمارەیان ئەوەندە نییە کە تۆ بتوانیت کەڤەری ئەو بابەتانەی پێ بکەیت. بەڵام لە هەمانکاتدا، تەنانەت ئەو تابلێتانەی کە ئەم پرۆسەیەیان پێ جێبەجێ کراوە، هەندێکی دراوە بە وڵاتی ئوردن بەڵام نەدراوە بە هەرێمی کوردستان.
رووداو: بۆ؟!
د. ئالان حەمەسەعید: واتە دراوە بە وڵاتی ئوردن بە دیاری بەڵام نەدراوە بە هەرێمی کوردستان، بۆ زانینیش بە فەرمی داوام کردبوو بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رووداو: لە کێ داوات کرد؟
د. ئالان حەمەسەعید: لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ بەڵام وەڵامەکانیان چی بوو؟ وەڵامەکانیان ئەوە بوو ببورن ئێمە ئەوانەمان بەخشیوە بە ئوردن، ژمارەیەکی زۆر کەممان ماوە لە کۆگاکان لای خۆمان دامانناوە. ئەوەی کە گرنگە بە شێوازێکی واقیعی بیر لەمە بکەینەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە ئەم راهێنانە بەم یاسایە راهێنان بە مامۆستا راهێنەرەکانمان دەکەین بۆی کە ئاست و ناوەندەکانی خوێندن راهێنان بە مامۆستاکان بکەن. برخوردێک لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن، دەست و پەنجەیان لەگەڵیدا نەرم بکەن، بەتایبەتی بابەتێکی تەکنەلۆژی هەیە، واتە لەڕووی جیلەوە، جیلی من و جەنابت جیاوازە لەوەی کە ئێستا هەیە کە جیلی ئەلفایە لەنێو ناوەندەکانی خوێندنمان، زیاتر رەقەمی و تەکنەلۆژین، دەبێت حیسابی ئەوە بکەین ئەمە هەیە، بۆیە پێویستیان بە زیاتر راهێنانی مامۆستاکانمان دەبێت. دەمانەوێت تۆزێک پرۆسەکە بە شێنەیی بە وردی دەستی پێ بکەین، بەڵام وەک لەڕووی تەکنیکی و لەڕووی زانستی وەزارەتی پەروەردە تەواو ئامادەیە.
رووداو: باشە، ئینجا ئەمە هاتینە نێو بابەتەکەوە، چونکە بابەتی دیکە هەیە با تەواوی بکەین مادام وایە. ئەوە، بەشی دوو بابەتت باسکرد، یەکێکیان... قوتابخانەکان بۆ قوتابخانەیەکە بۆ پۆلێکە کە وەک کۆڵێ سمارت بۆردی تێدا بێت.
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵێ.
رووداو: لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان سەتا چەندی، ئامادەیە بۆ ئەوەی کە بتوانیت پلاتفۆرمی قوتابخانەکەم ببەیتە پێشەوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: ئێمە لە 370 پۆلی خوێندن لە کوردستان سمارت بۆردمان دابینکردووە لەم ساڵی خوێندنە، چونکە...
رووداو: لە 370 پۆل؟
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵێ، ئێمە مەبەستمانە، بۆ ئەم پرۆسەیەمان کردووە؟ بە ریزبەندی پرۆژەکانمان جێبەجێ دەکەین بۆ ماوەی ساڵێک تا دوو ساڵ، هەتاکو بزانین رێژەی سەرکەوتنی لەنێو پۆلەکان چۆنە، ئەم پلاتفۆرمە خۆی یاریدەدەری فێربوونە، بۆ دەرەوەی پۆلیش دەبێت. ئەم پلاتفۆرمە کاریگەرییەکی زۆر گەورە لەسەر قوتابی دادەنێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئێمە بردوومانەتە نێو قوتابخانەکانیش. لە 41 قوتابخانەوە لە 370 پۆل ئەوەمان تێست کردووە، ئێستاش دەیانکەینە 600 تا 650 پۆلی زیرەک بۆ ئەمساڵی خوێندن، ئێستاش سمارت بۆردمان لە رێگەیە، هەندێک لە سمارت بۆردی دیکەش دابین دەکەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە فراوان بکەین. مەبەستەکەمان لەسەر ئەوەیە بزانین لەنێو پۆلدا ئاسانکارییەکان چین، تا چەند کردارییە و سوود و توانای قوتابییەکان چییە. با لێکۆڵینەوەی یەکێک لە قوتابخانەکانت پێ بڵێم بە کورتی، لە پۆلی 5 لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر دوو مامۆستا خۆیان بەبێ ئەوەی ئێمە پێیان بڵێین، دوو پۆلیان جیا کردبووەوە لەم ساڵی خوێندنی 2025-2026 کە مامۆستا دەرسی زانست دەڵێتەوە بەبێ پلاتفۆرمی قوتابخانەکەم، پۆلێکیشیان بە پلاتفۆرمی قوتابخانەکەم لەنێو پۆلدا بە سمارت بۆردەوە. کاریگەریی فێربوون و خێرایی فێربوون لەو پۆلە زیاتر بوو کە سمارت بۆردەکەی تێدا بووە و پلاتفۆرمی قوتابخانەکەمی بەکار هێناوە، بە توێژینەوەیەکی زانستیی 16 لاپەڕەیی پێشکەشیان کردین.
رووداو: دەستخۆش، خۆی ئەمە یەک شتێکی تێدایە بۆ ئەوانەی کە خۆشنووسن. با لێرەوە پرسیارێک بکەم، جاران هەمووی بە قەڵەم و کاغەز دەنووسرا، کەسی خۆشنووسیش دەردەکەوت، کەسێکی دەستوخەتی ناشیرینیش دەردەکەوت، هەندێکجاریش ئێستا لەبەر ئەوەی کە زۆر بە مۆبایل دەنووسرێت، خەڵک هەر لەبیری چووەتەوە چۆن لەسەر کاغەز و تەختە و ئەوانە بنووسێت، ئەمەش بۆ خۆی هۆکارێک دەبێت بۆ هەندێک لەبیرچوونەوە، وانییە؟ هەموو شتێک بێت بە دیجیتاڵی؟
د. ئالان حەمەسەعید: ئەوە خۆی بابەتەکەی جەنابت سەرنجڕاکێش بوو، لەنێو پلاتفۆرمەکەدا خۆشنووسی هەیە، واتە تۆ دەتوانیت بە دەست بنووسیت، بە قەڵەم بنووسیت.
رووداو: ئینجا ئەمە بیر لەوەش کراوەتەوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵێ بەڵێ، دەتوانیت بنووسیت، دەتوانیت وێنە بکێشیت، دەتوانیت هەموو ئەوانە بکەیت، بۆیە دەڵێین ئەم پلاتفۆرمە جیاوازە و ئینتەرئەکتیڤە، هیچ حکومەتێک لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو پلاتفۆرمەی نییە وەک حکومەت. ئێستاش ئەو مامۆستایانە بینییان چەند مامۆستایانی راهێنەر، چەند سەرسام بوون بە پلاتفۆرمەکە بە ناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەی. بەڵام، شتێکی تر کە وەک جەنابت دەڵێی، کاری قەڵەم گۆڕاوە.
رووداو: وایە.
د. ئالان حەمەسەعید: لە بەیانییەوە جەنابت ئەوەندەی بە ئەپڵیکەیشنەکانی نێو تەلەفۆنەکەت بەکاریدەهێنیت بۆ نووسین، ئەوەندە قەڵەم بەکارناهێنیت بۆ نووسین.
رووداو: هەندێک کەس خاوەن بەهرەن با بڵێین هونەرێکیان هەیە، بەڵام تەکنەلۆژیا ئەم لێهاتووییە دەکوژێت.
د. ئالان حەمەسەعید: ئەگەر ئاگاداری نەبیت بەڵێ، بەڵام ئێمە بیرمان لێ کردووەتەوە بۆیە توانای نووسینیش هەیە، ئەوەیە بەڵام من مەبەستم بوو شتێکی تر بە فراوانترت پێ بڵێم، کاری قەڵەم گۆڕاوە، من هەتا ئەمڕۆ کە ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ جەنابت دەکەم، بڕیاری ئیداریی خۆم، وەزارەتەکەی خۆم بە ئەلیکترۆنی واژۆم کردووە، هامیشەکانیشم بە ئەلیکترۆنی نووسیوە، نامەی خەڵکیش ئەوەندەی وەڵامم داونەتەوە بە ئەلیکترۆنی وەڵامم داونەتەوە، کەواتە نووسین شێوازەکەی گۆڕاوە، دەبێت دان بەو واقیعەدا بنێین.
رووداو: دروستە. باسی ئەو نەوەیەت کرد، باشتر فێر دەبن، زووتر فێر دەبن. با پرسیارێک لەم نەوەیە بکەم، لەنێو مامۆستاکان و راهێنەرەکاندا. تا چەند ئەمەتان لەبەرچاو گرتووە، بەتایبەتی راهێنەرەکانی ئەم بوارەی پلاتفۆرمی قوتابخانەکەم کە لە نەوەی تازە و پێگەیشتوو بن، گەنجان بن، سەرەڕای ئەوەی کە دامەزراندن نییە، هەر بەشێک لەوانەن کە ماون بەڵام لەنێو ئەوانەشدا خەڵکی رەنگە گەنج هەبێت، ئەمە تا چەند لەبەرچاو گیراوە بۆ هەڵبژاردنی راهێنەرەکان؟
د. ئالان حەمەسەعید: بۆ ئەوەی راستگۆ بم لەگەڵت، چونکە مامۆستای راهێنەر دەبێت بە پرۆسەی تاقیکردنەوەدا بڕوات، پرۆسەیەکی قورسە، 40 کاژێر تیۆری و 40 کاژێریش پراکتیکی بخوێنێت، ئینجا تاقیکردنەوە بکات، ئەوکات دەبێتە راهێنەر. ئەوانەش ئەو کەسانەن کە مامۆستان لەنێو ناوەندەکانی خوێندن پلەی مامۆستایەتییان هەبووە، بۆیە زیاتر لەو نەوەیەن کە تەمەنی من و تەمەنی ئێوەیان تێدایە، دەکرێت هەندێکجار کەمتر یان زیاتریش لە 30 ساڵەکان بن یان لە 50 ساڵەکانیش بن، بۆیە لەو نەوەی ئەلفا و نەوەی زێد نین، لە دایکبووانی 1995 تا 2010ـە، نەوەی ئەلفایە لە دایکبووانی 2010 تا 2025، لەو نەوەیە نین. لە نەوەی ئێکس و واین.
رووداو: واتە دەتوانین بڵێین لە نەوەی زێد لەو پەروەردەیەدا یان رۆڵیان نییە یان پێویستیان بە راهێنانی زیاتر هەیە یان دانەمەزراون؟
د. ئالان حەمەسەعید: رۆڵیان هەیە، دانەمەزراون بەڵام ژمارەیەکی زۆر نییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر مامۆستای گرێبەستمان هەیە کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە زیاتر دەکەونە... بەشێکیان واتە بەشێکی باشیان لە لەدایکبووانی ساڵی 95 تا 2000ـن.
رووداو: باشە. بۆ هەندێکجار سەرنج لەسەر ئەم راهێنەرانە هەیە، جاری وا هەیە بۆ نموونە مامۆستایەکی دیکە رەنگە توانای گوتنی وانەکانی یان تایبەتمەندییەکی یان زیرەکیی باڵای زیاتر بێت لە راهێنەرەکان، ئەمە کێشەی دروست نەکردووە؟
د. ئالان حەمەسەعید: ئەوە حاڵەتێکی دەگمەنە، دەکرێت لە هەموو شتێکدا حاڵەتی تایبەت هەبێت، بەڵام من نموونەیەک بۆ بەڕێزتان باس دەکەم. ساڵی 2023 لە سلێمانی، راپۆرتێکیان بۆ ناردم، بەڕێوەبەرایەتیی مەشق و راهێنانی سلێمانی 100 مامۆستای بانگ کردبوو، هەڵسەنگاندنیشی بۆ کردبوون، راپۆرتێکیان بۆ من نارد لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، لەو 100 مامۆستایە پرسیاریان لێ کرابوو لەسەر میتۆدەکانی وانەگوتنەوە؛ میتۆدی کراوە چییە، میتۆدی ئەسکەلە چییە، میتۆدی سوقرات چییە، تاوەکو ئەوەی کە پەیوەندیی هەیە بە رێگاکانی وانەوتنەوە. ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکە لە هەشت پرسیار، رێژەی دەرچوون 2.75% بوو، پاش ئەوەی کە ئەم مامۆستایانە خولیان بینی، 40 کاژێر راهێنانیان بە تیۆری وەرگرت، 40 کاژێریش بە کرداری، دووبارە تاقیکرانەوە، رێژەی دەرچوونیان بۆ 74% بەرزبووەوە.
رووداو: چەند؟
د. ئالان حەمەسەعید: لە 2.75% بووە 74%.
رووداو: زۆر جیاوازە.
د. ئالان حەمەسەعید: بۆیە ئەم راهێنەرانەش بە فیلتەرێکی زانستیدا رۆیشتوون، ئیمکانیش هەیە، رەنگە کەسانێک هەبن لەوانەش باشتر بێت، سرووشتییە، بەڵام خۆ ئێمە نەمانگوتووە پێشکەشی مەکە بۆ ئەوەی ببیتە راهێنەر، رێگەمان بۆی کردووەتەوە.
رووداو: بینینی راهێنانی پلاتفۆرمی "قوتابخانەکەم" لەسەر هەموو مامۆستایەک پێویست کراوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵێ، هەر پرۆسەیەکی راهێنان بۆ ساڵی خوێندن پرۆسەیەکی ناچارییە. واتە پێویستە هەموو مامۆستایەک لەنێو پرۆسەکەدا ئامادە بێت، ئەوانەیش کە ئامادە نابن، میکانیزمێک باس کراوە کە دواتر دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتیی مەشق و راهێنان، راهێنانەکە وەربگرێت.
رووداو: دوو پرسیار لەمبارەیەوە دەکەم، ئەمە بەتایبەتی بۆ قوتابخانەی حکومییە. قوتابخانە ئەهلییەکان چۆن دەتوانن سوود لەم پلاتفۆرمە وەربگرن؟
د. ئالان حەمەسەعید: کە پاڵپشتیی قوتابخانە حکومییەکان بکەن.
رووداو: چۆن؟
د. ئالان حەمەسەعید: تەختەی زیرەک بۆ قوتابخانەی حکومی دابین بکەن، لە بەرامبەردا ئەوانیش دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
رووداو: واتە هەر قوتابخانەیەکی ئەهلی لەسەر چی دەتوانێت؟ بۆ نموونە چەند تەختەی زیرەک بکڕێت بۆ قوتابخانەی حکومی؟
د. ئالان حەمەسەعید: بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە لەگەڵیان کۆبووەتەوە. ئەوە بۆ قوتابخانە حکومییەکانە. ئێمە وەک فرۆشتن نایفرۆشین. کارمان بەوە نییە. ئەگەر بەڕێزتان قوتابخانەیەکی ئەهلیتان هەبێت و بتانەوێت سوود لەو پلاتفۆرمە وەربگرن، چەند پۆلت هەیە؟ بۆ نموونە 5 پۆلت هەیە؟ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە خۆت بڕۆ 5 تەختەی زیرەک بکڕە، بیدە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکە بۆ ئەوەی بیداتە قوتابخانەیەکی حکومی.
رووداو: هەرزان نییە!
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵام بۆ ئێمە گرنگە کە دەمانەوێت لەم پرۆسەیەدا پاڵپشتیی قوتابخانە حکومییەکان بکەین.
رووداو: ئەگەر قوتابخانەیەکی ئەهلی بەبێ ئەوە، ئەم پلاتفۆرمە بەکاربهێنێت؟
د. ئالان حەمەسەعید: ناتوانێت، لەبەرئەوەی ئێمە کۆدەکەی بۆ کارا دەکەین. واتە کۆدی هەموو قوتابییەک ئێمە کارای دەکەین، کۆدی هەموو مامۆستایەک ئێمە کارای دەکەین.
رووداو: ئەم پلاتفۆرمە بە چەند زمان بەردەستە؟
د. ئالان حەمەسەعید: شێوەزاری بادینی، سۆرانی و زمانی ئینگلیزی. واتە کوردی و ئینگلیزی.
رووداو: بۆ عەرەبی و تورکمانی نییە؟
د. ئالان حەمەسەعید: بیرمان لێ کردووەتەوە لە ئاییندە بتوانین بۆ ئەوانیش دابینی بکەین، بەڵام بۆ 99%ی قوتابخانەکانی کوردستان ئێستا هەیە.
رووداو: بەپێی پێشبینیی بەڕێزت و بەپێی ئەزموونت، تاوەکو کەی پێویستمان بە کتێب دەبێت کە چاپی بکەین؟ تاوەکو چەند ساڵی دیکە؟
د. ئالان حەمەسەعید: ئەوە دەکەوێتە سەر ئاستی ئابووریی خەڵک. ئێمە ئامادەین، واتە ئامادەکاریمان کردووە و ئەمساڵ راهێنان بە مامۆستاکانمان دەکەین لەسەر پلاتفۆرمەکە و پلاتفۆرمەکەشمان ئامادەیە، بۆ نێو پۆل دەبێت، هەموو گونجاندنێکی بۆ کراوە بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش و زۆر ناوازە. لایەنی بەرامبەر کە قوتابییە، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە، بۆیە دەبێت بڕیاری واقیعی بدرێت. تۆ ناکرێت بڕیارێک بدەیت بڵێیت ئەوەم خستە بواری جێبەجێکردن و بەسەر هەموو قوتابییەکدا دەیسەپێنم، باوکێکیش 5 منداڵ، 4 منداڵی لە قوتابخانە بێت، نەتوانێت تابلێتیان بۆ دابین بکات، بۆیە نامانەوێت نادادی دروست بکەین.
رووداو: ئەو پلاتفۆرمە بە تەواوی بەرهەمێکی نێوخۆیی و کوردییە؟
د. ئالان حەمەسەعید: رێکخراوی یونیسێف و کوردستان فاوندەیشن پاڵپشتیی داراییان کردووە، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچمان تێدا خەرج نەکردووە.
رووداو: بە تەکنیکارەکانی خۆمان دروستکراوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: بەڵێ، تەکنیکارەکانی خۆمانن و مافی بەرهەمهێنانیشی لای خۆمانە. ئەمڕۆ کە لەگەڵ بەڕێزتان قسە دەکەم، قۆناخی چوارەمی تەندەری بۆ راگەیێندراوە، لە پەیجی وەزارەت دەتوانن بیبینن.
رووداو: باشە، ئەوە بەشێکە، بەڵام بەشێکی دیکە پەیوەندیی بە مامۆستاوە هەیە. باسی مامۆستا و راهێنانیان کرا، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان خانەنشین بوون و شوێنەکەیان تاوەکو ئێستا پڕ نەکراوەتەوە. دوو پرسیارم هەیە: یەکەم، چۆن شوێنەکانیان پڕ دەکەنەوە؟ دووەم، "لەجێدانان"تان هەبوو وەستێندرا، ئەوەشتان نەما، چۆن ئەمە چارەسەر دەکەن؟
د. ئالان حەمەسەعید: دوو کەرت هەن، کەرتی پەروەردە و کەرتی تەندروستی، کە تایبەتمەندییان هەیە بە بەراورد بە هەموو کەرتەکانی دیکە، بەو مانایە نا کە ئیشی شوێنێک تایبەتمەندیی خۆی نەبێت، بەڵام تایبەتمەندیی ئەم دوو کەرتە زۆر جیاوازە. حکومەت پاڵپشتیی زۆری ئەم بابەتەی کردووە، دەمەوێت هەندێک ژمارە بە بیربهێنمەوە. بەڕێز کاک مەسرور لەم کابینەیەدا 5,088 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی، هەروەها لە 25-8-2024، 37 هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژی کردە گرێبەست. کۆی گشتیی ئەوانەی لەسەر دەستی بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودمەند بوون، 43 هەزار و 21 مامۆستایە کە تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکانی بەڕێز سەرۆکی حکومەت سوودمەند بوون. بەڵام دوای ئەوە پرۆسەیەک روویدا، پرۆسەی خانەنشینبوونی سێ تەمەنەکە، کورتهێنانی مامۆستای دروستکرد، بە رێکخستنەوەی میلاک خەریک بووین، من رۆژانە بەدواداچوون دەکەم، بەرپرسیارێتییەکەمان سپاردووە بە مامۆستا ئەحمەد گەل وەک بەرپرسی رێکخستنی میلاکی هەموو ناوەندەکانی خوێندن، هەموو رۆژێک راپۆرت بۆ من دەنێرێت، چەند پەروەردە میلاکی تەواو بووە، رێکخستنەوەی خۆی کردووە و چەند پەروەردە ماوە، بە فایلی PDF هەموو رۆژێک بۆم دەنێرن. بۆیە رۆژانە بەدواداچوونی بۆ دەکەین، ژمارەی ئەو پەروەردانەی کە میلاکیان رێکخستووەتەوە زۆرن و ژمارەکەشیان زۆر باشە.
رووداو: چەند هەزار مامۆستا لەم کابینەیەی نۆیەمدا خانەنشین بوون و چۆن شوێنەکانیان پڕ دەکەنەوە؟ هەروەها پرۆسەی "لەجێدانان"تان هەبوو کە وەستێندرا، ئەویشتان نەما، چۆن ئەمە چارەسەر دەکەن؟
د. ئالان حەمەسەعید: نزیکەی 12 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە، نەک تەنیا لە کابینەی نۆیەم، بەڵکو لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا خانەنشین بوون. لە رووی ژمارەوە، ئێستا لە نزیکەی 40 پەروەردە، لە 32 پەروەردەدا "رێکخستنەوەی میلاک"مان کردووە. ئەو 8ـەی دیکەش لە پرۆسەکەدان. بێگومان کەموکورتی دەبێت، چونکە میلاک شتێکی جێگیر نییە؛ مامۆستای ئافرەتمان هەیە مۆڵەتی دایکایەتی وەردەگرێت، یان مۆڵەتی بێ مووچە وەردەگرێت. بەڵام ئەم پرۆسەیە بە "رێکخستنەوەی میلاک" چارەسەر دەکەین. دوێنێش کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران هەبوو، داوامان کرد بابەتی "لەجێدانان" بەردەوام بێت، چونکە ئێمە بۆ ئەو پرۆسەیە بەڵێنمان بە مامۆستایانی وانەبێژی لادراو دابوو. دڵنیام نامەی زۆرتان بۆ دێت، 995 مامۆستامان تاوەکو مانگێک لەمەوبەر دامەزراندەوە، پێش ئەوەی بڕیارەکە بوەستێت. تاوەکو 10ی 8، ئەم ژمارەیە بەرزبووەوە بۆ 1,010 مامۆستا. بەنیاز بووین ژمارەیەکی زیاتریش دابمەزرێنینەوە و تاوەکو قوتابخانەکان دەکرێنەوە، هەر میلاکێکی چۆڵمان بۆ بهاتایە لە هەر پەروەردەیەکەوە، کەسێکمان لەجێی دادەنایەوە.
رووداو: وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران چی بوو بۆ داواکارییەکەتان؟ ئایا موژدەیەکی خۆش هەیە؟
د. ئالان حەمەسەعید: ئەنجوومەنی وەزیران تێگەیشتنیان هەیە، بەڵام هەندێک رێکاری کارگێڕی هەیە. وەک موژدەی خۆش، من گەشبینم لەوەی کە پرۆسەی "لەجێدانان" دەستپێبکاتەوە، بەڵام پێویستی بە رەزامەندیی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، چونکە هەندێک کێشەی کارگێڕی هەبووە. ئەم پرسیارە زۆر رووبەڕووم دەبێتەوە کە کێ دەبێت واژۆ بکات. ئەنجوومەنی وەزیران بریتییە لە بەڕێز سەرۆکی حکومەت، بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە بەڕێزەکان، دەبێت هەمووان رازی بن. پرۆسەکە بە فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە کە دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە بۆ دەستپێکردنەوەی، هەر دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بداتەوە. چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆ ئەوەی پێش کردنەوەی قوتابخانەکان، پرۆسەکە بەردەوام بێت. پرۆسەی "لەجێدانان" پێویستە بەردەوام بێت، چونکە ئێمە جاری وا هەیە لە مانگی 4 یان 5 پێویستمان پێی دەبێت.
رووداو: گواستنەوەی مامۆستایان چۆنە؟ ئایا هەیە یان نییە؟
د. ئالان حەمەسەعید: گواستنەوە زۆر قورسە. بە مانای گواستنەوەی تەواو بۆ مامۆستای میلاک نییە، چونکە سیستمی "پەیڕۆڵ" و رێنوێنییەکانی بەغدا رێگرن. بەڵام "راسپاردن" (تەنسیب) هەیە. بەڵام بۆ مامۆستای گرێبەست، گواستنەوە هەیە، بە مەرجێک جێگرەوەی هەبێت. مامۆستای گرێبەست "راسپاردن"ی نییە، بەڵکو گواستنەوەی هەیە. ئەم بابەتە کێشەیەکی رۆژانەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو مامۆستایانەی دەیانەوێت لە شارێکی بچووکەوە بۆ شارێکی گەورە بگوازنەوە یان بە پێچەوانەوە. دەبێت دوو حاڵەت لەبەرچاو بگرین: یەکەم، بەرژەوەندیی مامۆستاکە تاوەکو بتوانین ئاسوودەی بکەین. دووەم، کە پرۆسەیەکی گەورەترە، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتییە. بۆ نموونە، ئەگەر مامۆستایەکی بیرکاری لە رانیە جێگرەوەی نەبێت و بیەوێت بگوازرێتەوە سۆران، کێ وانە بەو 150 قوتابییە دەڵێتەوە؟ بۆیە بابەتەکە ئەوە نییە ئێمە پرۆسەکە قورس بکەین، بەڵکو ئەوەیە کە نابێت قوتابی بێ مامۆستا بمێنێتەوە.
رووداو: پرۆسەی گواستنەوە و راسپاردن لە دەسەڵاتی کێدایە؟ ئایا خزم خزمێنەی تێدا ناکرێت؟
د. ئالان حەمەسەعید: راسپاردنی مامۆستای میلاک لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان خۆیاندایە. بۆ گواستنەوەی مامۆستای گرێبەستیش، دەسەڵاتیان پێدراوە دۆسیەکان بەرز بکەنەوە، بەڵام لە وەزارەت وردبینیی کۆتایی بۆ دەکرێت تاوەکو دڵنیا ببینەوە کە جێگرەوەی هەیە. من ناڵێم دادپەروەری 100%ـە، بەڵام مرۆڤ کە لە پێگەی بەرپرسیارێتیدایە، دەبێت بەرپرسیاری هەڵگرێت و جێبەجێی بکات، بە بیریشم نایەت ستەمم لە کەس کردبێت کە داوای گواستنەوەی کردبێت.
رووداو: باسی باڵەخانەی قوتابخانەت کرد کە ئەمساڵ چەند دەکرێتەوە. ئێمە ئەمڕۆش هەندێک راپۆرتمان هەبوو لەبارەی ئەوەی کە چەند قوتابخانە دوو دەوامییە. یەکێک لە هەواڵە خۆشەکان ئەوە بوو لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا 1 قوتابخانە هەیە سێ دەوامییە، ئەویش لە سلێمانییە، قوتابخانەی کانی گۆمانە. بەشی زۆری یەک دەوامی و دوو دەوامییە، بەڵام هێشتا دوو دەوامیش هەیە. پرسیارەکەم ئەوەیە کە ئایا دوودەوامی خوێندنێکی سەلامەتە؟
د. ئالان حەمەسەعید: تا رادەیەک. ئێمە کە هاتین لەم کابینەیە، 139 قوتابخانەی سێ دەوامی هەبوو. قوتابخانەی دوو دەوامی باشترە لەوەی سێ دەوامی بێت، بەڵام یەک دەوامی باشترینە، چونکە ئەو کاتە دەتوانین دەوامێکی باشتر بۆ قوتابییان دابین بکەین. ئێستا ئێمە لەم کابینەیەدا 274 قوتابخانەی نوێ کەوتووەتە بواری خزمەتەوە. تا ئەمڕۆ 32 قوتابخانەی نوێ ئامادە بووە. نزیکەی 3,000 قوتابخانەمان بە شێوەی تەواو یان بەشێکی نۆژەن کردووەتەوە و 629 ژووری خوێندنی زیادەمان لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا دروست کردووە. ئەمانە ژمارەی گەورەن، بەتایبەتی لەنێو قەیرانی داراییدا. ئەگەر بودجەیەکی تەواومان لەبەردەست بێت، دەتوانین هەموو قوتابخانەکان بکەین بە یەک دەوامی. ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە پێویستییەکی زۆرمان بە دروستکردنی باڵەخانەی نوێ هەیە. بەشێک لە قوتابخانەکانمان، بەتایبەتی لە سلێمانی، مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە و پێویستە بڕوخێنرێن و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.
رووداو: دەبینین قوتابخانەی ئەهلی زۆر دروست دەکرێت، بۆچی ئەمانە هاوکاریی حکومەت ناکەن؟ خەڵک دەڵێت حکومەت دەیەوێت هەموو شتێک بکات بە پارە.
د. ئالان حەمەسەعید: لە کوردستاندا 1,060 ناوەندی خوێندنی ئەهلی هەیە، کە دەکاتە 9.5%ی کۆی هەموو ناوەندەکانی خوێندن. ژمارەی قوتابیانی کەرتی ئەهلیش هەر 9.5%ی کۆی گشتیی قوتابییان پێکدەهێنێت. ئەم بابەتە دەستوورییە؛ ماددەی 34ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2012ی پەرلەمانی کوردستان رێگەی پێداوە. بۆیە ئەمە پەیوەندیی بە ویستی حکومەتەوە نییە بۆ بەپارەکردنی خوێندن. 90.5%ی قوتابخانەکانمان حکومین و 90.5%ی قوتابیانیش لە کەرتی حکومی دەخوێنن، کە ژمارەیان 1,750,000 قوتابییە. دەرگامان لە هیچ منداڵێک دانەخستووە بێتە قوتابخانەی حکومی.
رووداو: بەڵام بۆچی خەڵک وا هەست دەکات گرنگیی زیاتر بە کەرتی ئەهلی دەدرێت؟ بۆ نموونە دەگوترێت لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی دەبن و پرۆگرامەکانیان پێشکەوتووترە.
د. ئالان حەمەسەعید: راستییەک هەیە کە توانای مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و قوتابخانە حکومییەکان جیاوازە. کەرتی تایبەت مامۆستا تاقی دەکاتەوە ئینجا دای دەمەزرێنێت، بەڵام لە کەرتی حکومی چەندین ساڵە دامەزراندن راگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت ئەو ژمارانەمان لەبیر بچێت کە باسمان کرد؛ 90.5%ی قوتابییان لە قوتابخانە حکومییەکانن و ئێمە خۆمان بە خاوەنی هەموویان دەزانین، چ لە کەرتی ئەهلی بن یان حکومی.
رووداو: ئێستا ئێوە چ سیستەمێکی خوێندن پەیڕەو دەکەن و لە بواری بیرکاریدا چیتان کردووە؟
د. ئالان حەمەسەعید: سیستەمەکەمان سیستەمێکی کوردستانییە و پرۆگرامەکانیشمان هەر هیی کوردستانن، بەڵام نوێکردنەوەیان بە ستانداردی نێودەوڵەتی و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بەریتانی، ئەمریکی و سەنگاپووری دەبێت. بۆ نموونە، کتێبی زانستی پۆلەکانی 4، 5 و 6 بەپێی سرووشتی کوردستان داڕێژراوەتەوە. لە بیرکاریشدا، میتۆدی وانەوتنەوەی سەنگاپووری و چینی پەیڕەو دەکەین کە زیاتر پشت بە راهێنانی مامۆستایان دەبەستێت.
رووداو: ئایا گۆڕینی میتۆدەکە کێشی جانتای قوتابییان کەمدەکاتەوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ کەمکردنەوەی کێشی کتێبەکان لە رێگەی بەکارهێنانی کاغەزی سووکترەوە، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە لە رووی بەکارهێنانەوە کردەیی نییە و کتێبەکە تا نیوەی ساڵیش بەرگە ناگرێت. بەڵام لە ئاییندەدا هەندێک لەم کێشانە بە تەکنەلۆژیا چارەسەر دەبن.
رووداو: دەربارەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، کێشەی مامۆستایان چی لێهات کە دەیانەویست بچنە سەر میلاکی بەغدا؟
د. ئالان حەمەسەعید: ئێمە بۆ ئەو بابەتە چووینە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی فیدراڵی کۆبووینەوە. پێمان گوتن کە ئامادەین هەموو میلاکات و داتاکانمان رادەست بکەین، بەڵام ئەوان لە کۆنووسێکی فەرمیدا رایانگەیاند کە ناتوانن ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن و تەنانەت یەک مامۆستاش بگوازنەوە سەر میلاکی خۆیان بەهۆی نەبوونی بودجەوە. بۆیە ئەوە ئێمە نەبووین کە رێگر بووین، بەڵکو ئەوان ئامادە نەبوون ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، لە کاتێکدا ئەمە خاڵێکی نێو رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بوو.
رووداو: قوتابیانی پۆلی 12 داوای خولی سێیەم بۆ تاقیکردنەوەکان دەکەن، ئایا ئەمە روودەدات؟ هەروەها، ئێوە چاودێریی ئەو مامۆستایانە دەکەن کە وانەی تایبەت دەڵێنەوە؟
د. ئالان حەمەسەعید: سەبارەت بە خولی سێیەم، هیچ بڕیارێک نییە. دەربارەی وانەی تایبەت، کاری ئێمە نییە ماڵ بە ماڵ بگەڕێین بزانین کام مامۆستا وانەی تایبەت دەڵێتەوە. ئێمە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیمان بۆ قوتابییان دابین کردووە تا ئەگەر لە مامۆستایەک تێنەگەیشتن، بتوانن سوودی لێ ببینن. ئەگەر قوتابی خۆی مامۆستای تایبەت بۆ ماڵەوە دەهێنێت، ئەمە بابەتێک نییە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت.
رووداو: ئەم ساڵ هەندێک هەڵە لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12دا هەبوون، لە کاتێکدا باس لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجی دەکەن، هۆکار چی بوو؟
د. ئالان حەمەسەعید: تەکنەلۆژیا پرسیار دانانێت. مامۆستا پرسیار دادەنێت و مرۆڤیش هەڵە دەکات. گرنگ ئەوەیە کە مافی قوتابی نەفەوتا و قەرەبوو کرایەوە.
رووداو: بۆچی لە پۆلەکانی 11 و 12 قوتابییان فێر ناکرێن چۆن بتوانن سکۆلەرشیپ (زەمالە) بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات بەدەست بهێنن؟
د. ئالان حەمەسەعید: پێشنیاز و پرسیارێکی جوانە و کاری لەسەر دەکەین.
رووداو: پرسیاری کۆتایی دەربارەی یەکپۆشیی قوتابخانەکانە. ئایا کۆمپانیای دیاریکراو بۆ دابینکردنی جلوبەرگەکان هەیە؟ هەروەها، ئافرەتانی باڵاپۆش چۆن دەتوانن هەم یەکپۆش بن و هەم باڵاپۆش؟
د. ئالان حەمەسەعید: هیچ کۆمپانیایەک دیاری نەکراوە و هیچ قۆرخکارییەک نەکراوە. جلوبەرگەکان لە بازاڕدا بەردەستن و دایکان و باوکان ئازادن لە کوێی دەکڕن.
سەبارەت بە باڵاپۆشی، دەمەوێت پەیامم روون بێت:
یەکەم، هیچ بەڕێوەبەرێک بۆی نییە قوتابی یان دایک و باوکی ناچار بکات کە تەنیا پانتۆڵ یان تەنیا تەنورە لەبەر بکرێت. دایک و باوک و قوتابی خۆیان بڕیار دەدەن.
دووەم، هیچ کەسێک بۆی نییە رێگری لە کچانی باڵاپۆش بکات. ئەوان ئازادن جلوبەرگی باڵاپۆشیی خۆیان لەبەر بکەن، بە مەرجێک رەنگەکەی لەگەڵ رەنگی یەکپۆشیی دیاریکراوی پۆلەکەیاندا بگونجێنن. بۆ نموونە، کچێک دەتوانێت تەنورە و تیشێرتەکەی قوتابخانە لەبەر بکات و لە هەمانکاتدا عەزییەک یان هەر جلێکی تری باڵاپۆشی بە هەمان رەنگ لەسەرییەوە لەبەر بکات. هەروەها، هیچ بەڕێوەبەرێک بۆی نییە رەنگی سەرپۆش بۆ کچان دیاری بکات. هیوادارم ئەم پەیامە بە روونی بگاتە هەموو ناوەندەکانی خوێندن.
رووداو: دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، زۆر سوپاس.
د. ئالان حەمەسەعید: سوپاس بۆ ئێوەش.

.jpg&w=3840&q=75)