رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەت کار لەسەر پلانێکی خێرا دەکات بۆ کڕینی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و جەختدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پشکی لەو سیستەمە دەبێت. دەشڵێت، دوای 30ی ئەیلوول "هیچ پاساوێک" بۆ هەڵگرتنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان لەگەڵی کرد، رایگەیاند، کابینەکەی عەلی زەیدی لە 100 رۆژی تەمەنیدا جەختی لەسەر بنیاتنانی ئابوورییەکی پتەو کردووەتەوە و بۆ ئەمەش سەقامگیریی ئەمنی بە پێویستییەکی سەرەکی دەزانێت.
سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی عێراق، نوعمان ئاشکرای کرد کە گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی بەهێز کراوە بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی. ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە پلانی کڕینی سیستەمەکە لە شەش ساڵەوە بۆ سێ ساڵ کورت بکرێتەوە و بودجەی پێویستیشی بۆ دابین کراوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی باسی لەوە کرد کە رۆژی 30ی ئەیلوول وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق. ئەو دەڵێت: "دوای ئەو وادەیە، هیچ پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت نامێنێت."
سەبارەت بە ئەگەری پێکدادان لەگەڵ ئەو گرووپانەی چەک رادەست ناکەن، نوعمان دڵنیایی دا کە "هیچ بوارێک بۆ شەڕی ناوخۆیی و ململانێ لە نێوان براکاندا نابێت" و ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان کراوەن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
سەبارەت بەو هێرشەی کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەباح نوعمان ئاشکرای کرد کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی راسپاردووە کە بە "نهێنی و بە شێوەیەکی تەکنیکی" لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند کە باری ئەمنی لە عێراق بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان زۆر باشە و هێزە ئەمنییەکان توانای پاراستنی تەواوی سەروەریی خاکی عێراقیان هەیە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لەو 100 رۆژەی بەسەر کابینەی زەیدیدا تێپەڕیووە، خۆتان لە دۆخی ئەمنیی عێراق رازین؟
سەباح نوعمان: ئەم حکومەتە، لە سەرەتای پێکهێنانییەوە، رێبازێکی جیاوازی لە حکومەتەکانی پێشوو گرتووەتەبەر لە رووی گرنگیدان بە بنیاتنانی ئابوورییەکی عێراقی پتەو و بەهێز، و هاندانی وەبەرهێنان بەتایبەتی وەبەرهێنانی دەرەکی. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، سەقامگیرییەکی ئەمنی و کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەبێت. ئەمەش ئەو کارەیە کە بەڕێز فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکوەزیران بەڕێز"عەلی زەیدی"، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە کاری لەسەر کردووە و کۆکردنەوەی چەکی لەژێر دەستی دەوڵەتدا خستە پێشینەی کارنامەی وەزارییەکەی، هەروەها بڕیار لای سەرۆکوەزیران و پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکان بێت. هەروەها هەوڵی دا بۆ تەواوکردنی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان تاوەکو گەیشتن بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە 30ی ئەیلوولدا. دوای 100 رۆژ، ئێمە بڕوامان بە ئەدای هێزە ئەمنییەکانمان هەیە و متمانەی تەواومان بە ئامادەییان هەیە. هەروەها عێراق سەقامگیرییەکی ئەمنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. سەرەڕای هەندێک رووداوی ئەمنی کە لێرە و لەوێ جاروبار روودەدەن، بەڵام بە گشتی و بەپێی هەڵسەنگاندنی گشتی، باری ئەمنی لە عێراقدا بەراورد بە دەوروبەری ناوچەکە سەقامگیرە. عێراق کاریگەر نەبووە و رانەکێشراوە بۆ ناو ململانێ ناوچەییەکان کە ئێستا روودەدەن، هەرچەندە کاریگەر بووین بەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە لە رووی ئابووری و هەندێک لایەنی ئەمنییەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سروشتی و بە گشتی باری ئەمنی لە عێراقدا سەقامگیرە و ئەمەش هۆکارێکی هاندەرە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کە لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن و هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیان هەیە. ئامادەن و دەتوانن سەروەریی عێراق بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا بپارێزن. هەروەها سنوورەکانی عێراق بە تەواوی پارێزراون، بۆیە ئەمڕۆ باری ئەمنی بەپێی پێوەرەکانی ئێمە وەک بەرپرسانی ئەمنی زۆر باشە.
رووداو: هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ گلەییان لە عێراق هەیە، بە تایبەتی سعودیە و وڵاتانی دیکە لە خاکی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەریان. لە ماوەی رابردووشدا شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی سعودیەیان کرد، ئایا گەرەنتی هەیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشی لەو شێوەیە دڵنیایی دراوەتە وڵاتانی دراوسێ؟
سەباح نوعمان: واتە تائێستا لای ئێمە ئاماژەی پێ نەکراوە و هیچ بەڵگەیەک لەلایەن دراوسێکانەوە پێشکەش نەکراوە لەسەر روودانی هێرش بۆ سەر خاکەکەیان لە عێراقەوە. ئێمە داوامان کردووە بەڵگە و سەلمێنەر پێشکەش بکرێت، لەبیرمە لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە لە لێدوانێکی پێشوودا دوای دەنگۆکانی هێرش بۆ سەر سعودیە، داوامان کرد بەڵگە و سەلمێنەر و نیشانەکان لەسەر هێرشی لەو شێوەیە پێشکەش بکرێن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئێمە پەیوەندییەکی مێژوویی و زۆر باشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، بەتایبەتی شانشینی سعودیە. ماوەیەکی کەم نییە کارمان هەیە لە بواری هاوئاهەنگیی ئەمنی و هەواڵگری و لە بواری ئاڵوگۆڕی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و پەیوەندییە ئەمنییەکان لە رووی ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە. یاداشتنامەی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنی عێراقی و لایەنی سعودی لە بواری ئەمنیدا هەیە، بەتایبەتی لە وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی هەواڵگری فیدراڵی. یاداشتنامە هەبووە و سەردانی ئەم دواییەی شاندە ئەمنییەکە بۆ سعودیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقە بۆ بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییانە و ئەم پەیوەندییە، بەو بڕوایەی کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکە و دەوروبەری کەنداو و پەیوەندیمان دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێز بێت، بەتایبەتی سعودیە کە پێگەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە. بۆیە ئەمڕۆ پەیوەندیمان زۆرباشە، پەیوەندییەکی مێژووییە. پێش سەردانی وەفدە ئەمنییەکە، سەردانی وەفدێکی ئەمنی سعودیش هەبوو و لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە، هەروەها بانگهێشتنامەیەکیش بۆ سەرۆکوەزیران هێشتا ماوە و لە داهاتوودا کاتەکەی دیاری دەکرێت پشتیوان بە خودا. هەموو نیشانەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق لە خانەی گۆشەگیری دەرچووە و دەستی بە کرانەوەیەکی گەورە کردووە. بانگهێشتنامەکە هێشتا هەر ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە، واتە دواخرا بەهۆی ئەو هێرشانەی شەوی گەشتەکە روویاندا، ئەم هێرشانە روویاندا و لەبەر ئەوە سەردانەکە دواخرا و هەڵنەوەشایەوە، و دەکرێت لە کاتێکی دیکەدا بەپێی خشتەی کارەکانی سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت.
رووداو: باسی ئەوەت کرد کە ئامانجتان کۆکردنەوەی چەکە لەژێر دەستی دەوڵەتدا، رێککەوتی 30ی ئەیلوولتان وەک وادەیەک بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان داناوە. وادەکە درێژ دەکرێتەوە یان نا، هیچ گرووپێک ماوە چەک دابنێت، کێ چەکی رادەست کردووە؟
سەباح نوعمان: ئێمە باس لە 30/9 دەکەین کە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چوونە دەرەوەیانە لە عێراق و گەڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. باس لە ژمارەیەکی کەم دەکەین کە هێشتا لە هەولێر ماونەتەوە و ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو خشتە زەمەنییانەیە کە لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی عێراق رێککەوتنی لەسەر کراوە. بۆیە دوای 30/9 هیچ پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک نامێنێت. هەندێک پاساو و پاڵنەر هەبوون بۆ هەندێک لە گرووپەکان لەبەر بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمانە واتا هەندێک ناو و ناتۆرە هەبوو لە فەرهەنگی ئەواندا، کە ئەمانە هێزی داگیرکەرن. بەڵام دوای 30/9 بوونی هەموو هێزە بیانییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی کۆتایی دێت، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک نامێنێت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە کە ناونیشانەکەی سەروەری تەواوی عێراق و بڕیاری ناوەندی سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە. بۆیە دەرگاکانی گفتوگۆ ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ ئەم گرووپانە کراوەن، هەمووان خەمی عێراقیان هەڵگرتووە، هەمووان لە پێشینەی کار و ئامانجیاندا سەقامگیری عێراق و ئاسایشی عێراقە. ئەم گرووپانە جەنگاون لە تێکشکاندنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بۆیە ئەوان عێراقین و هەمووان لە خەمی عێراقدا هاوبەشن و دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەن. من جەخت دەکەمەوە و بەپێی ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانیش چەند رۆژێک لەمەوبەر جەختی لێکردەوە، هیچ بوارێک بۆ شەڕی ناوخۆیی و ململانێ لە نێوان براکاندا نابێت. ئێمە هەموومان عێراقین و هەموو ئەو نەخشە دەرەکییانە شکست پێدەهێنین کە دەیانەوێت عێراق سەقامگیر نەبێت و هەمووان گرەو لەسەر شەڕی ناوخۆ دەکەن. ئەمە روونادات پشتیوان بە خودا بە حیکمەتی هەمووان و بە توانا و دیدگە و رێبازی سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و بەشداریپێکردنی هەمووان لە بنیاتنانی عێراق، چونکە ئێمە لە قۆناخی مەیدان و شەڕی تیرۆرەوە دەچینە قۆناخی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و ئابووری. ئەمڕۆ پڕۆژەی گەورە و زۆر گرنگمان هەیە کە عێراق لە رووی ئابوورییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی بەرزتر پشتیوان بە خودا.
رووداو: بەڵام هەندێک لە گرووپەکان ئامادە نین چەکەکانیان رادەست بکەن، دوایین پەیامتان بۆ ئەوان چی بووە، ئەگەر تاوەکو 30ی 9 چەکەکانیان رادەست نەکەن چی دەبێت، هەروەک زەیدی گوتی هەنگاوی کردەیی دەنرێت هەنگاوی کردەیی چییە؟
سەباح نوعمان: دەرگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ هەمووان کراوەن و دانەخرێن پشتیوان بە خودا، لێکتێگەیشتن هەیە و ئاماژەی ئەرێنیمان لەو گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنانەوە پێگەیشتووە. ئەمڕۆ هەمووان بەشدارن لە کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. داواکاری مەرجەعییەتی باڵا لە نەجەف هەیە بۆ کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا، بۆیە ئەمە داواکارییەکی میللی و داواکارییەکی سیاسییە و هەروەها یەکێکە لەو پێشینانەی کە دەبێت حکومەت لە قۆناخی داهاتوودا پشتیوان بە خودا ئەنجامی بدات. بێگومان یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت و پەنا بۆ یاسا دەبەین لە ئەگەری هەبوونی هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا.
رووداو: شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دانوستاندن لەگەڵ گرووپەکان دروستکراوە، گفتوگۆیان کردووە؟
سەباح نوعمان: ئەمە لە پرسیاری پێشوودا باسم کرد هەمووان هاوڕان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی عێراق لەسەری تاوەکو عێراق لەم باردوخە ناخۆشە دەربچێت، عێراق دەستیکردووە بە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتان، ئەو هەنگاوەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناویەتی، لەبەر ئەوەی ئەم چوارچێوەیە لایەنی بەرپرسیارە لە پرۆسەی سیاسی و شەریکی راستیینەیە لە پێکهێنانی ئەم حکومەتە، هەروەها ئەم ئەرکانەی لەسەر شانە بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت ئەوەش وەک بەشێک لەو گفتوگۆیەیە کە ئاماژەمان پێکرد.
رووداو: بەڕێز نوعمان ئەم لیژنەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دانیشتوون، دەستیان بە گفتوگۆ کردووە؟
سەباح نوعمان: گفتوگۆکان کراوەن و هەموویان بەشدارن لەم دانوستاندنە، مەبەست و ئامانجی سەرەکیان ئەوەیە بگەنە سەقامگیری ئاسایشی عێراق و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێ.
رووداو: ئەم گرووپانە چەکیان هەیە؟ ئەم چەکانە لە چیدا خۆیان دەبیننەوە؟ جۆری چەکەکانیان چییە؟
سەباح نوعمان: من ئاگاداری وردەکارییەکانیان نیم و پەیوەندیی راستەوخۆم لەگەڵ گرووپەکاندا نییە، بەڵام بێگومان کۆمەڵێک چەکیان هەیە کە بەکارهێنراون و بێگومان دوای رێککەوتنەکان هەموو ئەم چەکانە رادەست دەکرێن بەپێی پلان و میکانیزمێک کە لەلایەن لیژنەی ناوەندییەوە دانراوە، کە پێشتر پێکهێنراوە بۆ کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا، بۆیە هەموو ئەم چەکانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبن.
رووداو: لە کاتی شەڕی ئێران و ئەمریکا هەندێک گرووپی بچووک بە ناوی جیاواز دەرکەوتن و هێرشیان دەکرد، زانیارییتان لەسەر ئەو گرووپانە هەیە؟ سەر بەم گرووپانەن؟
سەباح نوعمان: قۆناخی داهاتوو دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان رێگە نادرێت و هیچ بیانوویەک نامێنێ بۆ مانەوەی چەک لە دەستی دەوڵتدا، باسی هیچ گرووپێک ناکەم، بەڵام دەبێت هەمووان لەژێر چەتری یاسای عێراق و جڵەوی عێراقدا بن و ناوەکان گرنگ نین، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە تەنیا چەک لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت و ئەمە بڕاوەتەوە و پاشەکشەی لێ ناکرێت.
رووداو: باستان لەوە کرد کە گرێبەست هەیە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ئایا ئەمە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە چی؟ سیستمی بەرگرییان دادەنێن؟
سەباح نوعمان: گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا و وڵاتانی بەهێز کراوە لە بواری سیستەمی بەرگری ئاسمانیدا. پێش هەفتەی راڕبوردوو سەردانی بەڕێز فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هەبوو بۆ فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی و داوای دانانی پلانێکی خێرای کرد، سندوقێکی تایبەتمان دروست کرد یان بەڕێز فەرماندەی گشتی فەرمانی بە دروستکردنی دا بۆ دابینکردنی دارایی گرێبەستەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سەرەڕای تەنگژەی دارایی. بەڵام گرنگی ئەم بابەتە وای لە بەڕێز سەرۆکوەزیران کرد کە پشکی دارایی دابین بکات بۆ خێراکردن لە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی. ئەو پلانەی کە فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی دایاننابوو بۆ شەش ساڵ بوو، بەڕێز فەرماندەی گشتی فەرمانی دا کە کەم بکرێتەوە بۆ سێ ساڵ لەگەڵ پاراستنی تەواوی پلان و پێشینە و بەرنامەکان لە ناو سێ ساڵدا کۆبکرێنەوە. ئەمەش ئەوەیە کە فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی کاری لەسەر دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا پشتیوان بە خودا بینەری جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەبین بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و پاراستنی دامەزراوە گرنگەکانی نەوت و ئەوانی دیکە لە هێرشە ناڕاستەوخۆکان.
رووداو: هەر گرێبەستێک بکرێت لە سیستەمی بەرگری، ئایا ئەمە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟
سەباح نوعمان: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق، هەمیشە لە رێگەی هەموو کەناڵەکانتانەوە دووبارەی دەکەمەوە کە هەرێم بەشێکە لە خاکی عێراق، و سەلامەتی هەرێم و پاراستنی هەرێم لە ئەرکەکانی حکومەتی ناوەندی و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە بەهۆی هاوئاهەنگییەکی بەرز لە رووی سیاسییەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رووی ئەمنییەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم (پێشمەرگە) و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە. بۆیە هەرێم بەشێکە لە خاکی عێراق و پاراستنی هەرێم ئەرکێکی سەروەرییە، و بێگومان پڕۆسەی گرێبەستکردن لە رووی چەکەوە هەرێم پشکی دەبێت چ سیستەمی بەرگری ئاسمانی یان سیستەمەکانی دیکە، کە بەشدار دەبن لە بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە و پاسەوانانی هەرێم کە بەرپرسیارن لە پاراستنی هەرێم و سنوورەکانی.
رووداو: ئەو هێرشەی کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوە دەزانن هێرشەکە لە کوێوە کرابوو؟ بەدواداچوونەکان چ ئەنجامێکی هەبوو؟
سەباح نوعمان: بەڕێز فەرماندەی گشتی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە راسپاردووە و بە نهێنی و بە شێوەیەکی تەکنیکی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم کار دەکەن. سەرکۆنەیەکی تووند هەبوو لەلایەن هەموو هێزە سیاسییە فەرمی و نافەرمییەکان بۆ ئەم بەئامانجگرتنە و داوای ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی کرا. جووڵەیەک هەبوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق و جووڵەیەک لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانەوە، و بێگومان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەو کاتەدا ئەم لێژنەیەی پێکهێنا تاوەکو کارەکانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کوردستان بکات و پشتیوان بە خودا دەگەینە ئەنجامدەرانی. بەڵام پێش ئەمە دەبێت رێگەچارە بدۆزینەوە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و ئەوەش ئەوەیە کە حکومەت و هێزە ئەمنییەکان بە سەرکردایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکوەزیران کاری لەسەر دەکەن.


.jpg&w=3840&q=75)