رووداو دیجیتاڵ
رێبین ئاسنگەر، ئەو گەنجە کاکەییەی خانەقین کە بەهۆی گۆڕینی تابلۆی دوکانەکەی بۆ زمانی کوردی دەستگیرکرابوو، دوای ئازادبوونی بە کەفالەت، لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا، کە پێشکێشکاری نێودار رەنج سەنگاوی لەگەڵی کرد، هەموو ئەو پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییانە ئاشکرا دەکات کە بەرامبەری کراون. رێبین باس لەوە دەکات چۆن لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە لەژێر ئەشکەنجەی تونددا داوای لێکراوە دان بە تۆمەتی 'تیرۆر' و 'کارکردن بۆ ئیسرائیل'دا بنێت. ئەو لە رێگەی ئەم هەڤپەیڤینەوە پەیامێک ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردایەتی سیاسیی کورد دەکات و دەڵێت: 'خانەقین دڵی کوردستانە، مەهێڵن بە تەنیا بمرێت'. لەم هەڤپەیڤینەدا، وردەکاریی ئەو دوو شەوە پڕ لە ئازارە دەبیستن کە تێیدا هەوڵدراوە شکۆ و زمانی نەتەوەیی ئەو گەنجە بشکێنرێت.
رووداو: کاک رێبین بەخێربێیت و سوپاس بۆ هاتنت. سڵاو و رێز و سوپاسم بۆت هەیە. هەموو کوردستانییان هاوسۆزن لەگەڵت.
رێبین: من سوپاسگوزاریانم.
رووداو: ئێستا بە (رێبینی ئاسنگەر) ناوت نابەن، دەزانیت بە چی بانگت دەکەن؟ کاوەی ئاسنگەر.
رێبین: کاوەی ئاسنگەر؟
رووداو: باشە، چی وایکرد خەڵک بەم شێوەیە هاوسۆز بن لەگەڵت و بەم جۆرە خۆشیان بوێیت و تا ئەم راددەیە کارەکەتیان خۆشبوێت؟
رێبین: یەکەم، من یەکەمین کەس بووم تابلۆکەم گۆڕی، تابلۆکەم لە خانەقین گۆڕی، دوای بەرنامەکەی ئێوە ئەم بیرۆکەیەم بۆ هات. گوتم تەنیا دەستەواژەیەکی کوردی بۆ زیاد دەکەم.
رووداو: واتە نووسینە عەرەبییەکەشت لانەبرد وەک ئەوەی لە پشتمانەوە دەردەکەوێت و بینەران دەیبینن، کە لە تەنیشت "معمل ريبين حداد" نووسیوتە "کارگەی ئاسنگەر رێبین".
رێبین: لەوە زیاترم نەکرد. ڤیدیۆیەکم بڵاوکردەوە و گوتم با خەڵک بزانن کە من یەکەم کەسم دوای بەرنامەکەی کاک رەنج ئەمەم کردووە. دواتر کاک هونەرى پەیامنێر پەیوەندی پێوەکردم و پێی گوتم دەمەوێت بێم بۆ ئەوەی بڵاوی بکەینەوە، بڕوام نەدەکرد بەم شێوەیە بڵاوببێتەوە و خەڵک بەم جۆرە پێشوازی لێ بکەن، ڤیدیۆیەکم تۆمارکرد و گوتم کاک هونەر لەگەڵ یەکێک لە بازرگانەکانی خانەقین قسەی کردووەو ئەو پیاوە دەڵێت: هەرکەسێک پارەی نییە، کاک حەسەن بۆی دەدات، بۆ ئەوەی تابلۆکانیان بکەن بە زمانی کوردی. ئەوە زمانی ئێمەیە، زمانی دایکمانە. منیش کاریگەر بووم بە قسەکەی کاک حەسەن و گوتم منیش کاری ئاسنگەرییەکە بەخۆڕایی دەکەم. تەنیا بۆ ئەوەی بیکەن بە کوردی، بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت تابلۆکەی بکات بە کوردی، بۆ ئەوەی کەسێک کە دەیبینێت نەڵێت ئەوە شارێکی عەرەبییە. هەر ئەوەندە. با بۆ عەرەب و کورد روون بێت، عەرەبییەکە بۆ عەرەبەکان نووسراوە و کوردییەکەش بۆ ئێمەیە..
رووداو: باشە، پێش ئەوەی پرسیارت لێ بکەم، دەمەوێت بینەران زیاتر بتناسن، تۆ گەنجێکی کوردی کاکەییت، لە خانەقین دەژیت و لە خێزانێکی خانەقینیت، وایە؟
رێبین: خانەقینیم و کوردێکی نیشتمانپەروەرم.
رووداو: کاتێک داعش هێرشی کرد وەک دەزانیت کاکەییەکان رووبەڕووی هێرشێکی دڕندانە بوونەوە. ئایا کەس لە خزمەکانت شەهید بوون؟
رێبین: بەڵێ ئامۆزاکەم. ئامۆزاکەم و دوو لە کوڕەکانی خاڵی باوکمیان کوشت.
رووداو: ئەی کاتێک دەستگیریان کردیت چییان پێ گوتیت؟
رێبین: کاتێک دەستگیریان کردم و من نەمدەزانی بۆچی دەستگیریان کردووم و نازانم مەسەلەکە چییە؟ یەکەم وشە کە پێیان گوتم ئەوە بوو "تۆ داعشیت". گوتم: برا ، بە خودا داعش نیم. داعش ئامۆزاکەمی کوشتووە. بە عەرەبی قسەم لەگەڵ دەکردن و چاوەکانم بەسترابوونەوە و خەریک بوو لێم بدەن. گوتی: نەخێر، پێم بڵێ چۆن ئامۆزاکەی خۆت کوشتووە؟ گوتم: بە خودا من تا زیندووبم شتی وا ناکەم، پاشان من کاکەییم.
رووداو: تێنەدەگەیشت کاتێک پێت دەگوت داعش ئامۆزاکەمی کوشتووە؟ بۆچی؟
رێبین: نەخێر، تەنیا دەیگوت "قسە بکە"، واتە بۆ ئەوەی دان بە شتێکدا بنێم و نازانم دان بە چیدا بنێم، خۆم نازانم بۆچی دەستگیریان کردووم. کاتێک ئاوای گوت زۆر ترسام.
رووداو: باشە، جاری یەکەم هاتنە دوکانەکە و دەستگیریان کردیت؟
رێبین: نەخێر، بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوەکردم و گوتیان: دەتوانیت پێوانە وەربگریت؟ دەمانەوێت سەقفێکمان لە ماڵێکدا بۆ دروست بکەیت. ناونیشانەکەیان پێدام لە شوێنێکی نزیک پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە خانەقین لەسەر رێگەی مونزیرییە، بۆ ئەوەی لە ناو بازاڕدا دەستگیرم نەکەن، شوێنەکە چۆڵە بۆ ئەوەی کەس نەیبینێت و کاردانەوەی لێ نەکەوێتەوە.
رووداو: بە عەرەبی پەیوەندییان پێوە کردیت؟
رێبین: نەخێر، پیاوێک بە کوردی قسەی کرد.
رووداو: بە کوردی قسەی لەگەڵ کردیت و داوای پێوانەکردنى سەقفی لێ کردیت؟.
رێبین: بەڵێ پێوانەکردنى سەقف. من ئاسنگەرم و بۆ لای هەرکەسێک دەچم کە پەیوەندیم پێوە بکات تاوەکو پێوانە وەربگرم و کارەى خۆم دەکەم. لەبەردەم پڕۆژە نیشتەجێبوونەکە تەلەفۆنم بۆ کرد و گوتم: برام ماڵەکەت لەکوێیە؟ گوتی: دوو خولەک، دەچم ئاو بۆ ماڵەوە دەهێنم و دێم. من نازانم مەسەلەکە چییە. تەنیا ئەوە دەزانم کە ئۆتۆمبێلێکی پێکابی سپی و شین لە تەنیشتم راوەستا.
رووداو : ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بوو؟
رێبین : بەڵێ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بوو و تابلۆی نەبوو، چوار کەسی لێ دابەزی و دەستبەجێ کراسەکەی خۆمیان کرد بەسەرمدا.
رووداو: دەستبەجێ دەموچاویانت بە کراسەکەت داپۆشی؟
رێبین: یەکسەر سەروچاویان بە کراسەکەم داپۆشی، نازانم چی روویدا. بۆ من شۆک بوو، نازانم مەسەلەکە چییە! چووم بۆ ئەوەی پێوانە بگرم و ئاوایان پێکردم و زۆر سەرم سوڕمابوو. مەسەلەکە چییە، مەسەلەکە چییە؟! گوتیان: "قسە مەکە". دەستی کرد بە جنێوپێدانم و دەیگوت: قسە مەکە. نازانم کێن و چییان دەوێت! دواتر لە دەنگیدا یەکێکیانم ناسییەوە و خەڵکی خانەقین بوو. لە رێگەى دەنگیەوە ناسیمەوە و پێم گوت: مەسەلەکە چییە؟ تۆ هاوڕێمی، عەیبە بۆ تۆ، تۆ دراوسێمی، با بزانم مەسەلەکە چییە. گوتی: بەڕێوەبەر تۆی دەوێت. من دەزانم لە کوێ کار دەکات. گوتم: من هیچم نەکردووە. گوتی: بەڕێوەبەر تۆی دەوێت. گوتم: با بزانم ئایا مەسەلەکە یاساییە یان پرسیارێک یان فەرمانێک هەیە؟
هەرکە گەیشتم گوتم: سڵاوى خواتان لێ بێت. دەستبەجێ لەگەڵ گوتنی سڵاوەکەدا گوتی: خێرا پێش ئەوەی نەتەوەی عەرەب لێمان راپەڕێت، واتە پێش ئەوەی خەڵک بزانن، لە خانەقین بیبەنە دەرەوە. گوتم: مەسەلە چییە؟ گوتی: بێدەنگ بە، لە بەعقووبە تۆیان دەوێت.
رووداو: یەکسەر لێیان دایت؟
رێبین: نەخێر کەس لێی نەدام. چاویان بەستم و بردمیان بۆ بەعقووبە. لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دەمگوت: مەسەلەکە چییە؟ تۆ دراوسێمی، قسە بکە.
رووداو: لە رێگە چاوەکانت بەسترابوونەوە؟
رێبین: بەڵێ. گوتم: مەسەلەکە چییە؟ گوتی: هیچ نییە، بەڕێوەبەر تۆی دەوێت. لەسەر ئەو بنەمایەی کە بەڕێوەبەر پیاوێکی باشە، دوو قسەت لەگەڵ دەکات و چەند پرسیارێکت لێ دەکات. گوتم: دەربارەی چی؟ نابێت بزانم مەسەلە چییە؟ بەڕێوەبەر چی لە من دەوێت؟
گوتی: پەیوەندی بە تۆوە نییە، ئێمە نازانین. ئێمە تەنیا جێبەجێکاری فەرمانەکانین، من کێم؟ لەگەڵیان بووم و گوتیان: گەیشتین. منیش چاوم نەیدەبینی، دەستیان گرتم و بردمیانە ژوورەوە. وێنەیەکیان بە چاوبەستراوى گرتم . دوای وێنەگرتنەکە یەکێکیان یەکەم وشەی گوت. دەستبەجێ بە تووندى دەستی کرد بە لێدانم و خەریک بوو بمکوژێت، بە سۆندەیەکی سەوز زۆرى لێدام، زۆر بە تووندی لێیدام.
رووداو: بە سۆندەکە زۆر لێی دایت؟
رێبین: لە ژێرپێمى دەدا بۆ ئەوەی شوێنەوارەکەی دەرنەکەوێت. من هاوارم دەکرد و پرسیارم دەکرد هۆکارەکەی چییە. گوتی دواتر پێت دەڵێم. بردیانمە ژوورێکی مەتر بە مەترەوە کە تاریک بوو و دەرگاکەی ئاسن بوو، مەتر بە مەتر. بە قسەی زۆر ناشیرین جنێوی پێدەدام.
رووداو: جنێوەکان کەسی بوون و ئاراستەی تۆ دەکران یان چی؟
رێبین: جنێوەکان تەنیا بۆ من نەبوون. لە سەرەتادا جنێویان بە خۆم و بە خێزانەکەم دەدا، بەڵام من هۆکارەکەم نەدەزانی. دوای ئەوە..
رووداو: هێشتا هۆکارەکەت نەدەزانی؟
رێبین: نەمدەزانی. ماوەی کاژێرێک لە ژوورەکەدا مامەوە، دواتر دەرگاکەیان کردەوە و هێشتا چاوەکانم بەسترابوون. وەرە. بردیانم بۆ لای پێنج شەش کەس کە دانیشتبوون، پێیان گوتم ئەگەر سەرت بەرزبکەیتەوە و سەیرمان بکەیت، چاوەکانت دەردەهێنین. لەو دۆخەدا گوتم با بزانم مەسەلەکە چییە، من دەترسم. گوتی: چاوت دەکەینەوە، بەڵام سەیرمان مەکە. چاویان کردمەوە و منیش سەیرى زەوییم دەکرد. گوتی: ئەوەی سەر زەوییەکە دەبینیت؟. گوتم: بەڵێ. گوتیان: چییە؟. گوتم: سیسەم. سیسەمێک بوو و بەتانییەکی لەسەربوو، گوتی چاوەکانی ببەستنەوە. ئەو پیاوەی لە پشتەمەوە وەستابوو چاوەکانی بەستم.
وەک کفن بە بەتانییەکە پێچامیانەوە و خستمیانە سەر سیسەمەکە . کاتێک لەسەر سیسەمەکە بووم. بە گوریس بە سیسەمەکەوەیان بەستمەوە. نەمدەتوانی بجووڵێم بەلای راست یان چەپدا و چاوەکانیشم بەسترابوون، دەستی کرد بە قسەکردن و منیش لە ترسان هاوارم دەکرد و نەمدەزانی مەسەلەکە چییە.
هەستم بە ترسێکی زۆر دەکرد و لە رووی دەروونییەوە خەریک بوو شێت ببم. پێی گوتم.. گەواد تۆ تیرۆریستیت. چ تیرۆریستێک؟ من؟... تۆ داعش بوویت. گوتم: برا ، داعش ئامۆزاکەمی کوشتووە، چۆن دەبمە داعش؟ گوتی: دان بەوەدا بنێ کە چۆن ئامۆزاکەی خۆت کوشتووە، ئێمە دەزانین کە تۆ ئامۆزاکەت کوشتووە. کاتێک وای پێگوتم، گوتم: چۆن
ئامۆزاکەی خۆم دەکوژم؟! ئەو لە من گەورەتر بوو، وەک برا گەورەم بوو. گریام و گوتم: برا، بەخودا من کاکەییم و نازانم چۆن نوێژ بکەم. ئەگەر داعش نوێژ دەکات، من نازانم نوێژ بکەم. دەمویست لەو ئەشکەنجەیە رزگارم بێت. گوتی: کەواتە تۆ ئیسرائیلیت. تۆ ئیسرائیلیت و شوێنی بنکە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل دیاری دەکەیت بۆ ئەوەی بۆردوومانیان بکات. شێت بووم بەو قسەیەی کە پێی گوتم، گوتم: باسی چی دەکەیت؟. گوتم: نەخێر بە خودا من وا نیم. هاوارم دەکرد و لێیان دەپاڕامەوە، کە لێم گەڕێن، بە سۆندە لە ژێر پێمیان دەدا، گوتی: کارەباکە بهێنن.
گوێم لە دەنگی ئامێری شۆکی کارەباییەکە بوو، خەریک بوو شێت ببم و هاوارم دەکرد و نەمدەزانی بۆ کوێ رابکەم؟!. بەسترابوومەوە. گوتی: پرسیارت لێ دەکەم، ئەگەر درۆ بکەیت خراپترت پێدەکەم. گوتم: باشە پرسیارەکە چییە؟ وەڵامی هەرچییەک دەدەمەوە کە دەتەوێت، تەنیا لێم مەدە. گوتی: بۆچی تابلۆی دوکانەکەت گۆڕی؟ گوتم: بەخودا هیچم نەکردووە، تەنیا بە کوردیم نووسیوە. گوتی: نەخێر، تۆ تێکدەریت و خەڵک هاندەدەیت.
گوتم: برا، من تێکدەر نیم. برا من وا نیم، بەڵام بێسوود بوو. دەستیان کرد بە لێدانی کارەبا لێم لە شوێنە هەستیارەکانی جەستەم و ژێرپێم و منیش هاوارم دەکرد. راپۆرتی پزیشکیم هەیە، دوای ئەوەی دەرچووم تاوەکو ئێستاش برینەکان بە
جەستەمەوە ماون و ساڕێژ نەبوون.
رووداو: بە تەواوی ساڕێژ نەبوون؟
رێبین: نەخێر، دوێنێش راپۆرتی پزیشکیم هەبوو، شوێنەواری ئەشکەنجەدانەکە وەک خاڵ بە جەستەمەوە دیارە و ئازارم هەیە بەهۆی شۆکی کارەباکەوە.
رووداو: ئازارەکە لەژێرپێت و هەموو جەستەت و ناوچە هەستیارەکانی جەستەتە؟
رێبین: ئازارەکە لە شوێنى دیاریکراودا نییە، بەڵکو هەموو شوێنێک دەگرێتەوە. لە ژێرپێکانم و ئەندامی زاوزێم، هەموو شتێک. ئەوان شارەزان، شارەزان. دەزانیت کە ئەوان لە ئەشکەنجەداندا شارەزان؟ جلەکانم لەبەردا بوو و بە بەتانییەک
پێچرابوومەوە، بەناو جلەکە و بەتانییەکەدا تەنیا ئازارەکە دەگات، بەڵام سووتانەکە ناگات، ئەوەش بۆ لەبەرچاوگرتنی کاتی ئامادەبوونە لەبەردەم دادوەردا.
رووداو: لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سووتاویەکە ماوە؟
رێبین: بەڵێ تاوەکو ئێستاش سووتاویەکە ماوە، دوێنێ (3-9-2026) پزیشک پشکنینی بۆ کردم و راپۆرتێکی پزیشکیی ئامادەکرد. گوتیشی: هاوار بکە و بڵێ من نیم. ئایا قسەی لەگەڵ بکەم؟ باشە بۆ نموونە ئایا ئەوەی باست کرد تاوانە؟ ئەگەر زمانی کوردی تاوان بێت، ئەوا ئێمە یەکەمین تاوانبارین.
رووداو: باشە، ئەوە بەپێی دەستوور و بەپێی ماددەی چوارەمی دەستوور، زمانی کوردی لەسەر دراو، لەسەر دامەزراوە حکومییەکان، لە قوتابخانەکان، لە زانکۆکان و لەسەر هەموو پەڕاوە فەرمییەکان، ئەوە مافی خەڵکە. ئایا دەیانگوت ئەوە کفرە؟!
رێبین: بەلای ئەوانەوە ماف نییە، دەتوانیت کفر بکەیت، بەڵام بە ناوێکى کوردى ناو نەنرێیت. جنێوی پێدەدام و پێی دەگوتم: تۆ کوردێکی پیسیت. بۆچی "پیس"؟! خودا ئێمەی بە کورد دروستکردووە، بۆچی "پیس"؟!
رووداو: ئایا فەرمانی دادوەرییان هەبوو؟
رێبین: نازانم، من نازانم بۆچی بردمیان. ئەگەر لێیان بپرسم دەمکوژن.
رووداو: بەڵام دوای ئەوە، زانیت کە ئایا بە فەرمانی دادوەری دەستگیرکراویت؟
رێبین: بەڵێ رۆژی دواتر بردمیانە بەردەم دادوەر.
رووداو: ئەی ئێستا چۆن ئازادکرایت؟
رێبین: بە کەفالەت.
رووداو: بە کەفالەت ئازادیان کردیت؟
رێبین: بەڵێ بە کەفالەت، دوای ئەو کاردانەوە زۆرانە.
رووداو: باشە لە پەڕاوە فەرمییەکەی خۆتدا تۆمەتەکەت چییە؟
رێبین: هاندان بەپێی ماددەی 200.
رووداو: ئاژاوەت ناوەتەوە؟
رێبین: لەسەر ئەو بنەمایەی کە گوایە ئاژاوەم ناوەتەوە و خەڵکم هانداوە بۆ گۆڕینی تابلۆکان. تەنانەت ئەگەر بیگۆڕن، کوفریان نەکردووە، گوناهیان نەکردووە. ئەوە زمانیانە، زمانی دایکیانە لەسەر دوکانەکانی خۆیان. من بە کەسێکم نەگوتووە لە ناسریە تابلۆی کوردی دابنێت. من لە شوێنی خۆمم، لە خاکی خۆمم.
رووداو: بەڵام بەپێی دەستوور تەنانەت لە ناسریەش دەبێت منداڵانی ناسریە زمانی کوردی بخوێنن و ئەوەش شتێکی ئاساییە. لە پەرلەمان، لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەسەر پاسپۆرت، دەبێت لە هەموو شوێنێک هەبێت؟
رێبین: بەلای ئەوانەوە بوونی نییە.
رووداو: زمانی تورکمانی یان سریانی یان کوردی ...
رێبین: بەلای ئەوانەوە بوونی نییە. لە کۆتاییدا دوای ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی کە رووبەڕووم بووەوە.
رووداو: چەند جار کارەبایان لێدایت؟
رێبین: لە شوێنە هەستیارەکان نزیکەی زیاتر لە دە جار. لە ژێرپێم بۆ ماوەیەکی زۆر، کە شتێکیان لە پێم کرد وایکرد ژێرپێم سڕ ببێت. بە بۆرییەک لێیان دەدام و کارەبایان لێدەدام.
رووداو: واتە بە بۆری لە ژێر پێیان دەدایت؟
رێبین: بەڵێ. کارەبایان لێدەدام، دواتر بە بۆری لێیان دەدام، لێدانێکی کارەبا و لێدانێکی بۆری. لێدانێکی کارەبا و لێدانێکی بۆری. بەڵێ.
رووداو: چەند جار؟
رێبین: نازانم چەند جار، کاتەکەم نەدەزانی.
رووداو: تاوەکو پێیەکانت سڕبوون و هەستت پێ نەدەکردن؟
رێبین: هەستم بە هیچ نەدەکرد، بەڵام تەنیا هاوارم دەکرد، هیوام دەخواست بمکوژن و بمرم، ئەوە باشتر بوو.
رووداو: ئەی دەموچاوت؟
رێبین: نەخێر لێیان نەدا. بۆ ئەوەی شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار نەبێت و لەبەردەم دادوەر دەرنەکەوێت و بڵێم لێیان داوم.
رووداو: کاتێک چوویتە بەردەم دادوەر هیچت پێی گوت؟
رێبین : لە تووندیی ئەشکەنجە و ترسدا گریام.
رووداو: دادوەر لێی نەپرسیت بۆچی دەگریت؟
رێبین: وایان لێکردم ناوى نۆ چالاکڤان بهێنم و گوتیان: دان بە کەسانی دیکەشدا دەنێیت؟! گوتیان: دان بەوەدا بنێ کە بەرپرسێک پاڵپشتى داراییمان دەکات و من و ئەو نۆ چالاکڤانەی کە ناوەکانیان نووسیبوو، خەڵکمان هانداوە بۆ ئەو کارە. دەیانویست پەنجەمۆر بکەم لەسەر ئەوەی کە ئێمە پارە وەردەگرین و خەڵک هاندەدەین لەسەر ئەوەی روویداوە، ئەگەر بڵێم نەخێر، ئەوا دەمکوژن. دەمبڕ (کەماشە)یەکی هێنا و گوتی: ئەگەر درۆ بکەیت... جگە لە شۆکی کارەبایی، ترسی دەروونی زاڵ دەبێت بەسەر مرۆڤدا و جەستە چیتر بەرگە ناگرێت.
رووداو: دوای ماوەیەک لە ئەشکەنجەدان هەستکردنت بە ئازار نەما؟
رێبین: بەڵێ راستە، تەنیا کارەباکە بوو، تەنیا هاوارکردن بوو، هیچ شتێکی دیکە نەبوو. جەستە سڕ دەبێت. دەمبڕێکى هێنا و خستییە سەر دەموچاوم، گوتی: ئەگەر درۆ بکەیت ددانەکانت دەردەهێنم. گوتی: قسە بکە. ئەو پرسیاری دەکرد و منیش وەڵامم دەدایەوە. فڵان کەس کێیە؟ لە نێو نۆ کەسەکەدا، ئەم کەسە کێیە؟ فڵان کوڕی فڵان هاوڕێمە و کارەکەی بەم شێوەیەیە،. پێی گوتم: مادام بەڕاستگۆیی قسە دەکەیت فەرموو دیارییەکەت و کارەبای لێدام. سەرم سوڕمابوو، ئەگەر راستگۆیانە قسە بکەم کارەبام لێدەدات و ئەگەر درۆش بکەم ددانەکانم دەردەهێنێت. گوێم لە دەنگی یەکێکیان بوو، پێنج شەش کەس بوون کە ئەشکەنجەیان دەدام و تەنیا یەک کەس نەبوو، یەکێکیان گوتی: دەتەوێت بمریت تا لێکۆڵینەوەکە تەواو دەکەین؟ گوتم: با بمرم. نەمدەزانی کە ئەوە بارەگایەکی حکومییە یان شتێکی لەو جۆرە، چونکە ئەوەی بەسەرمدا هات کاری حکومی نییە.
رووداو: چەند کەس لێیان دەدایت؟
رێبین: سێ کەس، بەڵام گوێم لە دەنگی پێنج شەش کەس دەبوو.
رووداو: بەپێی ئەوەی لە یادت بێت بە چی بانگی یەکدییان دەکرد؟
رێبین: ناوەکانیان نەدەهێنا. ئەوان شارەزان. چیی پێکردم؟! گوتی: دەمریت یان لێکۆڵینەوەکە تەواو بکەین؟ گوتم: با بمرم. لە دڵی خۆمدا گوتم: فیشەکم پێوە دەنێن.
گوتی: خۆت داوات کرد. کیسەیەکی نایلۆنی هێنا و خستییە سەر دەمم. نەمدەتوانی هەناسە بدەم و نەمدەتوانی بجووڵێم، پاشان شەقێکی کێشا بە سکمدا و لەهۆش چووم،. هەوڵیان دا هۆشم بێننەوە و وردە وردە هۆشم هاتەوە. پێی گوتم: ئایا خودا حەقە؟ گوتم: حەقە. گوتی: خودا حەقە؟ گوتم: حەقە. گوتی: بڕۆ لای خودا چوار جار ئەوەی دووبارە کردەوە، دواتر گوتی: پەنجەمۆر بکە لەسەر ئەم گوتانە. ئەوەم کرد و بۆ رۆژی دواتر.
رووداو: چەند رۆژ و چەند کاژێر ئەشکەنجەیان دایت؟
رێبین: نزیکەی لە کاژێر دەی شەوەوە، رەنگە نۆ و نیو بووبێت، دەستیان کرد بە لێدانم بۆ ماوەی کاژێرێک و پاشان لێم گەڕان.
رووداو: ماوەی کاژێرێک لێیان دایت؟
رێبین: لە سەرەتادا ماوەی کاژێرێک لێیان دام، هیچ شتێک نەما پێم نەکەن.
رووداو: دوای کاژێرێک لێت گەڕان؟
رێبین: بەڵێ.
رووداو: واتە هەموو جۆرە تووندوتیژییەکی جەستەیی و جنێودان و تووندوتیژیی دەروونی و زارەکییان بەرامبەرت بەکارهێنا، هەرچییەک کە پێی بگوترێت تووندوتیژی؟
رێبین: بەڵێ هەموو ئەوانەیان کرد.
رووداو: کارەبا و سۆندەکە، کێبڵ بوو یان بۆری؟
رێبین: بۆری بوو. لەو بۆرییە سەوزانەی کە بۆ راکێشانی ئاو بەکاردەهێنرێن.
رووداو: چاوەکانیشت بەسترابوون؟
رێبین: چاوەکانم بەسترابوون، دەستەکانم کەلەپچە کرابوون و جەستەم بەسترابووەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی تابلۆکەم گۆڕیبوو.
رووداو: باشە دوای ئەو کاژێرە لەو ژوورەوە بۆ کوێیان بردیت؟
رێبین: لە سەرەتادا لێیان دام و خستیانمە ژوورێکی مەتر بە مەترەوە کە تاریک بوو و هیچم تێیدا نەدەبینی.
رووداو: لەو ژوورە بچووکە تاریکەدا بیرت لە چی دەکردەوە؟
رێبین: گوتم، کارم تەواو بوو و جارێکی دیکە کەس نامبینێتەوە.
رووداو: بیرت لە کچەکەت دەکردەوە؟
رێبین: بۆی دەگریام.
رووداو: بارودۆخت چۆن بوو؟
رێبین: لە رۆژی سێیەمدا بیرم لە دەرچوون نەدەکردەوە. تەنیا چاوەڕێی ئەوە بووم کە بمخەنە هۆڵێکەوە بۆ ئەوەی حوکمم بەسەردا بدەن، یان بمەنە شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی خەڵک ببینم، بۆ ئەوەی کەسوکارم و منداڵەکانم بێن بۆ سەردانم و بزانم چی دەکەن. نەریتم وا بوو کە کچەکەم لە باوەشمدا دەخەوت، لەگەڵ خۆمدا قسەم دەکرد. پێم دەگوت: ئاڤێستا گیان، رۆحی باوکە. لە ترسان دوو رۆژ نەخەوتم و لە رۆژی سێیەمدا بەتانییەکم لە تەنیشت بوو، پێچامەوە وەک ئەوەی کچەکەم بێت، قسەم لەگەڵ دەکرد وەک ئەوەی کچەکەم بێت.
رووداو: وەک ئەوەی ئاڤێستا بێت؟
رێبین: بەڵێ بەخودا قسەم لەگەڵ دەکرد و دەگریام.
رووداو: لەگەڵ بەتانییەکەدا؟!
رێبین: بەڵێ بەخودا.
رووداو: چیت پێ دەگوت؟ چۆن دڵنەواییت دەکرد؟
رووداو: داوای لێبوردن دەکەم.. بینەرانی خۆشەویست کاتێک ئەو پرسیارانە دەکرێن مەبەستم ئەوە نییە میوانەکەم بگریێنم، بەڵام... لە پێشوودا لە چاوپێکەوتنێکدا... دادوەر رەئووف رەشید.. پرسیاری زۆر وردم لێکرد: چی روویدا؟ چۆن روویدا؟ کەی؟ سەددام چۆن هاتە ژوورەوە؟ چی کرد و چی نەکرد؟ لە کۆتاییدا، بە دادوەر رەئووف رەشیدم گوت و بێگومان هەمان شتیشم بە دادوەر رزگار ئەمین گوت، لەگەڵ سڵاو و رێزم بۆ هەردووکیان، پێم گوت: رۆژێک دێت سینەمای کوردی پێش دەکەوێت و فیلم لەسەر ئەم چیرۆکانە دروست دەکەن و پێویستیان بەو وردەکارییە وردانە دەبێت بۆ دیمەنەکان تاوەکو راستیی رووداوەکان ببینن.
رێبین: پێش ئەوەی دەربچم، واتە رۆژێک پێش ئازادکردنم کاتێک چوومە بەردەم دادوەر، گوتم ئەوە دادوەرە، دەکرێت ئازادم بکات و لە داخی ئەو ئازارەى لە دڵمدا بوو دەگریام، گریام. دادوەر داوای سوێندخواردنی نەکرد و گوتی: تۆ پەنجەمۆرت کردووە لەسەر ئەو گەنجانە بەوەی کە بەرپرسێک پارەی پێداون و ئێوە ئاژاوە دەنێنەوە.
رووداو: دادوەر ئەوەی پێت گوت؟
رێبین: بەڵێ. ئەوان بەو شێوەیە گوتەیان لێ وەرگرتبووم.
رووداو: بەبێ ئەوەی تۆ دانت بەو شتەدا نابێت؟
رێبین: نەخێر، خۆیان نووسیبوویان. هەموو ئەو لێدانە بۆ ئەوە بوو کە لە کۆتاییدا پەنجەمۆر بکەم. پەنجەمۆرم کرد و چوومە بەردەم دادوەر. چوومە بەردەم دادوەر و پێی گوتم: تۆ فڵان و فیسار شتت کردووە. لە سەرەتادا ترسام قسە بکەم. ئەگەر قسە بکەم ئەشکەنجەم دەدەن، ئەگەر قسەش نەکەم دووچارى کێشە دەبم، دەستم بەو قورئانەوە گرت کە لەبەردەمیدا بوو، گوتم: با کچەکەم بمرێت، ئەوە قورئانە، ئەگەر ئەوانە تاوانبار بن یان من تاوانبار بم. گوتم: تاکە گوناهم ئەوەیە کە تابلۆی دوکانەکەم گۆڕیوە، تەنیا بە کوردیم نووسیوە و عەرەبییەکەشم هێشتووەتەوە. گوتی: بۆچی ئەوەت کرد؟ تەنیا بۆ ئەوەی رزگارم بێت پێم گوت: گەورەم من ئاسنگەرم، ئەوەم کرد بۆ ئەوەی خەڵک بێن بۆ لام و کاربکەم. دادوەر پێی گوتم: ئاسانە کوڕم. گوتم: تکایە مەگەڕێننەوە بۆ ئەشکەنجەدان، ئەگەر بمگەڕێننەوە بۆ ئەشکەنجەدان، ئامادەم تەنانەت شایەتییش لە دژی ئەو گەنجانە بدەم. نامەوێت بگەڕێمەوە و جارێکی دیکە لێم بدرێت. گوتی: نەخێر، بڕۆ، پەیوەندی بە تۆوە نییە.
رووداو: بەڵام بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەبێت قەرەبوو بکرێیتەوە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر تۆمەتێکی ناڕاست و شتێکی نایاسایی، ئەگەر دەوڵەت زیانی پێتگەیاندبێت ئەوا دەبێت قەرەبوو بکرێیتەوە. هیوادارم پارێزەرە کوردەکان بە ئاسانی بەسەر ئەم کەیسەدا تێنەپەڕن. دوێنێ کۆمەڵێک پارێزەرم بینی گوتیان هەرکەسێک زمانی کوردی لەسەر تابلۆکەی نەنووسێت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین. بەڕاستی ئەم کەیسە پێویستی بەوەیە کە کۆمەڵێک پارێزەری خۆبەخش مافەکانی بۆ بگەڕێننەوە و دەبێت قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێتەوە لەسەر ئەو لێدان و ئەشکەنجەدانە، چونکە هیچ شتێکی نادەستووری نەکردووە. بۆچی زمانەکەت گۆڕی؟
رێبین: ئەوە زمانی دایکمە.
رووداو: حەز دەکەم لە خۆتەوە گوێم لێی بێت. دەزانم بۆچی گۆڕیت بەڵام حەز دەکەم بزانم لە رووی دەروونییەوە چی پاڵی پێوە نایت بۆ ئەوە. تەنانەت داواشت کرد بەخۆڕایی بۆ خەڵکی بکەیت.
رێبین: حەز دەکەم خانەقین کە شوێنی ئێمەیە کوردی بێت. هاوڕێیەکم هەیە سەرتاشە، تەندروستی مۆڵەتی پێنادات ئەگەر ناوی دوکانەکەی بە عەرەبی نەنووسێت. ئەگەر لەبری "حلاق" بنووسێت "سەرتاشخانە" ئەوا مۆڵەتی پێنادەن.
رووداو: باشە لەو کاتەدا کە گوێم لێت دەگرت دەمویست کەمێک دەروونت ئارام ببێتەوە. کاتێک بەتانییەکەت وەک ئەوەی ئاڤێستا بێت لەباوەش گرتبوو و قسەت لەگەڵ دەکرد لە زیندانی تاکەکەسیدا، چۆن دڵنەواییت دەکرد و چیت پێ دەگوت؟
رێبین: دەگریام و پێم دەگوت: رۆحی باوکە. ئەو منداڵێکی تەمەن سێ ساڵانە، بەڵام قسەم لەگەڵ خۆم دەکرد وەک ئەوەی تێمبگات. دڵی باوکە، هەناسەی باوکە. من قسەم دەکرد و وەڵامی خۆمم دەدایەوە.
رووداو: واتە قسەت دەکرد وەک ئەوەی ئاڤێستا قسە بکات؟!
رێبین: دەنگی لە مێشکمدا دەزرینگایەوە.
رووداو: باشە با لەو چیرۆکە دەربچین. ئایا دادوەر جارێکی دیکە ناردیتییەوە بۆ ئەوێ یان دواتر بە کەفالەت ئازادی کردیت؟
رێبین: قسەیان نەکرد. چاویان بەستم و بە ئۆتۆمبێل بردمیانەوە بۆ دژەتیرۆر.
رووداو: ئەمانە کێ بوون؟ هەواڵگری، پۆلیس، چی بوون؟
رێبین: هەواڵگری. هەواڵگریی حکومەتی عێراق.
رووداو: هەواڵگری لەسەر ئەوەی کە تابلۆی دوکانەکەت گۆڕیوە؟! بەڵام کەی ئەوە کاری هەواڵگری بووە؟!
رێبین: کێشەی زۆر گەورەترمان هەیە. ئایا مەعقولە هەواڵگری لەسەر تابلۆیەک ئەمەم پێ بکات؟! ئەوە فەرمانڕەواییە؟!
رووداو: کەواتە دوای بینینی دادوەر، بۆ یەکەمجار دادوەر رەوانەی کردیت یان دوای لێدان و ئەشکەنجەدانەکە دادوەرت بینی؟
رێبین: دوای لێدانەکە. بۆ یەکەمجار.
رووداو: هەموو ئەوەی روویدا بەبێ فەرمانى دادوەری بوو؟
رێبین: نازانم ئایا دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنمی دابوو یان نەخێر، ئەوە نازانم. تەنیا ئەوە دەزانم کە هاتن و دەستگیریان کردم. دوای لێدان و سووکایەتیپێکردن و تۆقاندن بردمیان بۆ لای دادوەر. دوای ئەوەی لەلای دادوەر هاتمە دەرەوە، چاویان
بەستم و خستیانمە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە و بردمیان بۆ فەرمانگەی هەواڵگری، سەیرم کرد هەمان شوێن بوو. پیاوەکە پێی گوتم: نان بخۆ. گوتم: برسی نیم. خواردنەکە لەبەردەم پۆلیسەکەدا بوو.
رووداو: هەستت کرد کە ئەوانە هەمان ئەو کەسانەن کە ئەشکەنجەیان دایت و لێیان دایت؟
رێبین: نەخێر، زیندانەوانەکە جیاواز بوو. گوتی: نان بخۆ. لە ترسان گوتم برسی نیم.
رووداو: زۆر برسی بوویت؟
رێبین: بەڵێ برسیم بوو، لەو شەوەی دەستگیریان کردمەوە هیچم نەخواردبوو. ئەو رۆژە چاوەڕێم دەکرد بچمەوە و لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانم نان بخۆم. پێی گوتم: نان بخۆ. گوتم: برسی نیم. لە ترسان. گوتی: پێتدەڵێم بخۆ. خواردم، کاتێک تەواو بووم گوتی: پێم نەگوتیت کە ئەم شوێنە بۆ درۆکردن نییە؟. دواتر بەپێڵاو دەستیان کرد بە لێدانم. پاشان خستیانمە زیندانەوە.
رووداو: ئەمجارە بە پێڵاو و زللـە لێیان دایت؟ ئایا راستە پێڵاویان خستووەتە سەر سەرت؟
رێبین: بەڵێ لە رۆژی یەکەمدا، هەموو ئەوەم لەبیر دەچووەوە کە پێیان دەکردم و لەبیرم دەچووەوە کە چییان دەوێت و ژیان و ئەو شتانە کاریگەرییان لەسەرم نەبوو.
وشەیەکی پێ گوتم زۆر بەئازار بوو، لە کۆتاییدا پێڵاوەکەی خستە سەر سەرم، لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا و گوتی: بۆ ئەوەی بزانیت (.......)، ئەگەر بیانکوشتمایە باشتر بوو لەو رستەیە و زۆر خراپتر بوو لە شۆکی کارەبا و لێدان و تۆقاندن. هیچ شتێک هێندەی ئەو رستەیە ئازاری نەدام. دواتر گوتی: تۆ کوردێکی پیسیت. پیس؟! خودا بە کوردی دروستی کردووم، پێم دەڵێت: پیس. چیی پێ بڵێم؟!
رووداو: هیچ یەکێک لەمانەت بە دادوەر گوت؟ سەبارەت بە لێدانەکەی پێشوو و ئەو شتانە؟
رێبین: بە دادوەرم گوت با ئەو خوشکەی لەوێ دانیشتووە بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی پێت نیشان بدەم کە چییان پێکردووم، گوتی: پێویست ناکات.
رووداو: چەند رۆژ ئەشکەنجەیان دایت؟
رێبین: شەوی یەکشەممە (30-8-2026) دەستگیریان کردم و رۆژی دووشەممە بردمیان بۆ لای دادوەر و رۆژی سێشەممە..
رووداو: لە چ رۆژێک دەستگیرکرایت؟
رێبین: لە 30ـی مانگ.
رووداو: بۆ ماوەی دوو شەو؟
رێبین: ماوەی دوو شەو و لە رۆژی سێیەمدا، واتە سێشەممە، دەرچووم.
رووداو: بڕیار بوو خۆپیشاندانێکی کورد و حیزبە سیاسییەکان لە خانەقین لە 31ـی مانگ بەڕێوەبچێت، تۆش رۆژێک پێش ئەوە دەستگیرکرایت. گوتیان، ئێوە خەڵکتان هانداوە بۆ خۆپیشاندان. واتە دەیانویست بتترسێنن بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە نەکرێت. ئەگەر خۆپیشاندانەکە بکرایە پێتوا بوو کاریگەری دەبێت لەسەر گەڕاندنەوەی هەندێک لە مافەکانی کورد و راگرتنی شەپۆلی عەرەبە هاوردەکان؟
رێبین: بێگومان ئەوە یەکەمجار نییە خانەقین ئەوە بکات. خانەقین کاری زۆر زۆری کردووە. ماوەیەک لەمەوبەر وەک کارێکی ناڕەزایەتی هەموو دوکانەکان داخران.
رووداو: ئێستا خەڵکی خانەقین ناڕازین؟
رێبین: هەموویان.
رووداو: کاتێک ئازادکرایت خەڵک چۆن پێشوازییان لێکردیت؟
رێبین: وەک کوڕی خۆیان هەمووان دڵخۆش بوون بە دەرچوونم. کاتێک لە زیندان بووم بیرم لەوە دەکردەوە کە چارەنووسم نادیار دەبێت. گوتم چارەنووسم نادیار دەبێت و کەس نامناسێت و کێ دەزانێت لە کوێ مردووم یان ماوم؟! کاتێک هاتمە دەرەوە خەڵکم لەبەردەم بارەگای هەواڵگری بینی!
رووداو: ئەوان بە ئۆتۆمبێلی هەواڵگری گەڕاندیانیانەوە بۆ ماڵەوە؟
رێبین: نەخێر، نەخێر، خەڵک هاتنە بەردەم بارەگای هەواڵگری و ئەوان گەڕاندیانمەوە.
رووداو: هەرکە دەرچوویت یەکسەر خەڵک پێشوازییان لێکردیت. پێش ئەوەی دەربچیت چییان پێگوتیت؟
رێبین: پێیان گوتم، ئەگەر یەک وشە بدرکێنیت خۆت و باوکیشت باجەکەی دەدەن. لەوە خراپترت پێ دەکەین کە پێمان کردیت.
رووداو: کەواتە بۆچی داوات لێکردم ئەم چاوپێکەوتنە بکەین؟
رێبین: بۆ ئەوەی ئەم ستەمە نەمێنێت.
رووداو: پێت وایە خەڵکێکی زۆر هەن کە وەک تۆ ئازار دراون بەڵام چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نەکراوە؟
رێبین: با بچن بۆ زیندانی بەعقووبە و لەو زیندانەدا ببینن چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکرێت.
رووداو: کاتێک گەیشتیتە بەر دەرگای ماڵەکەت هەستت چۆن بوو؟
رێبین: بڕوام بەخۆم نەدەکرد تاوەکو گەیشتمە خانەقین.
رووداو: دەترسایت لەوەی جارێکی دیکە دەستگیر بکرێیتەوە؟
رێبین: کاک هونەری پەیامنێری رووداو هات بۆ لام. لە ترسان پێیم گوت: ناتوانم قسە بکەم. بە کاک هونەرم گوت: بە هیچ شێوەیەک قسە ناکەم. گوتی: بۆچی؟ گوتم: بە خودا زۆر بە توندی ئەشکەنجەیان داوم و ترسم لێ نیشتووە. هەردوو مۆبایلەکەم هێشتا لە هەواڵگرییە و پێیان نەداومەتەوە. سیمکارتێکی نوێم هێنا بۆ ئەوەی بەرنامە و هەژمارەکانم بهێنمەوە. چوومە ناو فەیسبووک و تیکتۆک، بۆ ئەوەی کاردانەوەی خەڵک ببینم، هەموو ئەوەم لەبیرچووەوە کە لەو سێ رۆژەدا روویدا. من ئامادەم ئەگەر دە هێندەی ئەوەشمیان پێ بکردایە پەشیمان نەدەبوومەوە.
رووداو: کەواتە پەشیمان نیت لە دانانی دەستەواژەی "کارگەی ئاسنگەری رێبین"؟
رێبین: بە خودا ئەگەر سەریشم ببڕن لای نابەم. لە چی پەشیمان بم؟! لەوەی کە کوردم؟! ئەگەر لایببەم ئەوە واتای ئەوەیە کە من کورد نیم. ئەگەر ئەوروپییەک بێت دەزانێت کە ئەم زمانە کوردییە. ئەگەر ژاپۆنییەک بێت کاتێک بە ژاپۆنی نووسرابێت دەزانێت کە ژاپۆنییە. کاتێک بە کۆری دەنووسرێت دەزانێت کە زمانی کۆرییە.
رووداو: هەڕەشەیان لە کەسوکارەکەت کرد یان تەنیا هەڕەشەیان لە خۆت کرد؟
رێبین: پێش ئازادکردنم گوتیان خۆت و باوکت.
رووداو: چی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێیت؟
رێبین: من یەکەم کەس نیم و دوایین کەسیش نابم لە خانەقین. ئەگەر منیش بڕۆم دە کەسی دیکەی وەک رێبین دێن. دە کەسی دیکەی وەک رێبین چالاک دەبن.
رووداو: دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەیامت بۆ ئەوان چییە؟
رێبین: گرنگی بە خانەقین بدەن، چونکە خانەقین دڵی کوردستانە، خانەقین دڵی کوردستانە. ئەو هەوڵەی لە خانەقین دەدرێت وەک ئەو هەوڵە نییە کە لە هەولێر دەدرێت. بۆچی؟ لە هەولێر دەتوانیت بە ئاسایی ئاڵای کوردستان بەرزبکەیتەوە، لەکاتێکدا لە خانەقین کاتێک ئاڵای کوردستان بەرزدەکەیتەوە زیاتر لە هەزار حیسابی بۆ دەکرێت. هەزاران راپۆرتی لەسەر دەنووسرێت؟ دەڵێن فڵان کەس کوردە. زیاتر لە هەزار کەس، بۆچی لە پێناوی ئێمەدا هەوڵ نادەن؟ بۆچی لەوێ بە تەنیا جێیان هێشتووین؟ ئێمە خۆمان لە خانەقین هەوڵ دەدەین، بینیتان چی بەسەر گەنجانی خانەقیندا هات. ئێمە شەهیدمان لە پێناو ئاڵادا هەیە وەک حەمە نووری رەحمەتی خوای لێبێت. لە 16ـی ئۆکتۆبەر شەهید بوو لەپێناو ئەوەی ئاڵای کوردستان نەهێنرێتە خوارەوە ، تەنیا لەبەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، تەقەیان لێکرد. ئەمەیە خانەقین.
رووداو: کەواتە بەهۆی مافێک لە مافەکانتەوە، کە ئەویش ئەوەیە بە زمانی دایکی خۆت لە تەنیشت زمانی عەرەبییەوە نووسیوتە "معمل ريبين حداد - کارگەی ئاسنگەری رێبین"، سزادرایت و کارەبات لێدرا لە شوێنە هەستیارەکانت و بە بۆری و کێبڵ لە ژێر پێیان دایت. پێڵاو خرایە سەر سەرت بەهۆی زمانی کوردییەوە، بەڵام ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت زۆر شت چاک بکات، لێرەوە چی پێدەڵێیت؟ سەیر بکە ناو کامێراکە و راستەوخۆ قسە بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیران بکە، لێرەوە چی بە بەڕێز عەلی زەیدی دەڵێیت؟
رێبین: یەکەم شت گەورەم سەرۆک، لەبری ئەوەی کارەبا بۆ خەڵک دابین بکەن دێن و بە کارەبا جەستەمان دەسوتێنن، کارەبا بۆ ماڵەکانە نەک بۆ مرۆڤەکان، ئەگەر تۆ قایل بیت بەوە ئەوا نازانم. جیاوازیی نێوان من و عەرەبێک چییە؟! بەڕێز سەرۆک، خانەقین شاری پێکەوەژیانە، ئایا تۆ قایل دەبیت بەوەی گەنجێکی کوردی خەڵکی خانەقین کە بەپێی دەستووری عێراقیش عێراقییە، پێڵاو بخەنە سەر سەری و لێی بپرسن بۆچی تابلۆی دوکانەکەت گۆڕیوە؟ هیوادارم، هیوادارم مافەکەم بۆ بگەڕێنیتەوە، دەبێت سزابدرێن.
رووداو: پێت گوترا قسە نەکەیت بەڵام قسەت کرد! کەیسەکەی خۆتت گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیامت بۆ سەرۆکی حیزبە کوردستانییەکان چییە؟
رێبین: مەترسییەکی گەورە هەیە، قوتابخانە کوردییەکان لە ناوچەکانمان خەریکە دادەخرێن، هۆکارەکەشی خەڵکی خانەقین نین بەڵکو بەرپرسە کوردەکانن، دەبێت هەموو حیزبەکان بزانن کە زانکۆیەک لە خانەقین هەیە کە دانپێدانراو نییە، چۆن تەعریب کرا و دان بەم زانکۆیەدا نانرێت، ئەوا خەڵکیش منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە کوردییەکان، زانکۆی گەرمیان، و پەیامەکە ئەوەیە کە ئەگەر بکرێت ئەم هەوڵە لە خانەقین بمێنێتەوە و خەڵک منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە کوردییەکان، ئەوا دەبێت دان بەم زانکۆیەدا بنرێت.
رووداو: بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە، منداڵانی کورد لە یەکەمە سەرکەوتووەکانن. وەک مینا هەژار کە 100%ـی بەدەستهێنا و زۆری وەک میناش هەن. بە هەزاران کەس هەن و خەڵک هێشتا پەرۆشن بۆ زمانی نەتەوەیی خۆیان سەرەڕای هەموو ئەو ستەمەی باسی دەکەیت، بەڵام هیوادارم سەلامەت بیت، خوای گەورە بتپارێزێت. بەڕاستی زۆر نیگەرانت بووم و هەموو کورد نیگەرانت بوون، بەڵام گوتت کە زۆر کەسی وەک رێبینی ئاسنگەر هەن کە سزا دەدرێن، بەڵام دەنگیان نەگەیشتووەتە کامێرا وانییە؟
رێبین: بە هەزاران کەسی وەک من هەن، زۆر لە کوردە داماوەکان لە بەعقووبە رووبەڕووی شتی زۆر خراپتر بوونەتەوە لەوەی من. تاکە شتی باش ئەوەیە کە من نەترسام، دەزانم دوای ئەم چاوپێکەوتنە هەزار کێشەم بۆ دروست دەبێت.
رووداو: بەڵام تکات لێ دەکەم باشترە ئەم چاوپێکەوتنە بڵاونەکەینەوە، چونکە من حەزناکەم بڵاوببێتەوە، بەڵام تۆ پێداگر بوویت.
رێبین: تەنیا یەک شتم دەوێت، ئەویش ئەوەیە چی بەسەرم دێت با بێت. هیچ تاوانێکم نییە و راستییەکانم گێڕاوەتەوە، چی بەسەرم دێت با بێت.
رووداو: مەبەستت ئەوەیە ئەگەر جارێکی دیکە دەستگیرکرایتەوە دەبێت خەڵک بڕوا بە هیچ تۆمەتێک نەکەن کە ئاراستەت دەکرێت، کەیسەکەی خۆتت گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حیزبە کوردییەکان، ئیتر ئەگەر توانییان لەوە زیاتر ئازارت بدەن، ئەوا ئێمە شایەنی ئەوەین.. کاک رێبین خوای گەورە بتپارێزێت. خوا ئاڤێستات بۆ بپارێزێت و تۆش بۆ ئەو بپارێزێت. هیوای تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم و هیوادارم هیچ ناخۆشییەک نەبینیت، نە خۆت و نە هیچ گەنجێکی کورد. من ئەم بەرنامەیەم لە خانەقین وەک نموونەیەک کرد و کەرکووکیش بە هەمان شێوەیە. مەخمووریش خانەقینێکی دیکەیە لە تەنیشت پایتەختی کوردستانەوە. سوپاس و هیوای تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم.
رێبین: سوپاس.


