رووداو دیجیتاڵ
ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری هونەری و سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ڤێنیس) بە رووداوی گوت، کاتێک سەیری فیلمی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن بتکوژێ)ـی کردووە، بەتەواوی سەرسام بووە بە هێز و جوانییەکەی، بۆیە دەستبەجێ بڕیاری داوە بانگێشتی فێستیڤاڵەکەی بکات بۆ ئەوەی جیهان رۆڵی پێشمەرگە ببینێت.
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەلبێرتۆ باربێرا باسی لە چۆنیەتیی گەیشتنی فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بۆ کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان کرد.
باربێرا گوتی: "هیچم لەبارەی فیلمەکەوە نەدەزانی تاوەکو ئەو ساتەی رێزان خان [نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا] لینکەکەی بۆ ناردم. ئەوکات درەنگ بوو و پرۆسەی هەڵبژاردنی فیلمەکان بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەو زۆر بەپەرۆش بوو و رازی کردم سەیری بکەم. کاتێک سەیرم کرد، فیلمێکی مەزنم دۆزییەوە."
باربێرا ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێی فیلمێکی هێندە بەهێز و سەرنجڕاکێشی نەکردووە لەبارەی ئەو رۆڵەی پێشمەرگە و گەلی کورد دژی داعش گێڕایان.
سەرۆکی فێستیڤاڵەکە گوتی: "هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر بەو گەلەی کاری زۆری کرد بۆ شەڕکردن لەپێناو ئازادیی هەمووان، هەروەها لەپێناو ئازادیی وڵاتی ئێمەش جێگەی شەرمەزارییە. بۆیە بڕیارم دا دەستبەجێ بانگێشتی ڤێنیسی بکەم، چونکە دەمویست خەڵکێکی زۆر درک بەوە بکەن رۆڵی پێشمەرگە لە کاتی جەنگەکەدا چەندە گرنگ بووە."
لەبارەی لێدانی گۆرانیی کوردی لەسەر فەرشی سوور، باربێرا روونیکردەوە، ئەوە نەریتێکی فێستیڤاڵەکەیە بۆ دروستکردنی کەشێکی گونجاو لە رێگەی میوزیکی فیلمەکەوە، هاوکات دووپاتی کردەوە، بۆ لەمەودواش بەپەرۆشە و چاوەڕێی دۆزینەوەی دەنگی نوێیە لەنێو کوردەوە.
فەرشی سوور و پێشوازییەکی گەرم لە ئیتاڵیا
شەوی 7ـی ئەیلوولی 2026، لە هۆڵی مێژوویی (سەلا گراندێ) لە ڤێنیس، فیلمەکە نمایشی فەرمی بۆ کرا و بە چەپڵەڕێزانێکی گەرم لەلایەن ئامادەبووانێکی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی لێکرا.
هەڵکەوت مستەفای دەرهێنەر و بەشێک لە ئەکتەرەکان بە جلوبەرگی کوردییەوە و لەگەڵ دەنگی کیژان ئیبراهیم خەیات بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین، کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی تاراوگەش لە ئەورووپاوە بۆ پشتگیریی فیلمەکە ئامادە بوون.
مارکۆ کۆنسۆلی، رۆژنامەڤان و رەخنەگری ئیتاڵی، فیلمەکەی بە "یەکێک لە باشترینەکانی ئەم ساڵی ڤێنیس" ناوبرد. رێزان حەمەساڵحیش ئەو رۆژەی بە "رۆژێکی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد" ناوبرد و هیوای خواست بگاتە ئۆسکار.
عێراق فیلمەکە بۆ ئۆسکاری 2027 بەربژێر دەکات
لەپاڵ سەرکەوتنەکەی ڤێنیسدا، لیژنەی نیشتمانیی هەڵبژاردنی بەربژێری ئۆسکار لە عێراق بە کۆدەنگی بڕیاری دا فیلمی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن بتکوژێ) بکاتە نوێنەری فەرمیی عێراق بۆ کێبڕکێی خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی 2027.
لیژنەکە هۆکاری هەڵبژاردنەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی فیلمەکە خاوەنی "دیدێکی دەرهێنەریی پێگەیشتووە و رەگەزە تەکنیکی و بینراوەکانی تەواون،" هەروەها رەنگدانەوەی "قووڵی مرۆییە".
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی وەزارەتەکەی دەربڕی و رایگەیاند، ئەوپەڕی پشتگیری لەم بەرهەمە دەکەن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا.
چیرۆکی قارەمانێتیی ژنی کورد
فیلمەکە باس لە کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دزە دەکاتە نێو رێکخراوی داعش و رەتی دەکاتەوە لەبەردەم تاریکیدا سەردانەوێنێت. هەڵکەوت مستەفا دەڵێ، ئامانجی سەرەکیی "راکێشانی سەرنجی جیهان بووە بۆ قارەمانێتیی ژنی کورد."
دەرهێنەرەکە کە پێشتر بە فیلمەکانی (کلاسیکۆ) و دۆکیومێنتاریی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) ناوبانگی دەرکردووە، ئاماژە بەوە دەکات، زۆر دڵخۆشە بە هەڵبژاردنی فیلمەکەی لەلایەن عێراقەوە و هیوادارە هەڵمەتێکی باشی بۆ بکرێت لە ئەمریکا.
بڕیارە رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2026، ئەم بەرهەمە کە بە هاوبەشی لە نێوان کۆمپانیاکانی (هێنێ فیلم)ـی نەرویجی، (لا میدیا) لە هەرێمی کوردستان و (چیمنی پۆت)ـی سوێدی بەرهەمهێنراوە، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت.
ئەلبێرتۆ باربێرا، سەرۆکی فێستیڤاڵی ڤێنیس لەبارەی فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا
رووداو: دکتۆر باربێرا، زۆر سوپاس. هەستت چۆنە و بۆچوونت چییە لەبارەی ئەم فیلمە کوردییە کە ئێستا لەسەر فەرشی سووری کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمەکانی جیهانە.
ئەلبێرتۆ باربێرا: هیچم لەبارەی فیلمەکەوە نەدەزانی تاوەکو ئەو ساتەی [رێزان خان] لینکەکەی بۆ ناردم. ئەو کاتیش درەنگ بوو. پرۆسەی هەڵبژاردنی فیلمەکان بەڕێوەدەچوو. ئەو زۆر بەپەرۆش بوو بۆ فیلمەکە و هەوڵی دا رازیم بکات سەیری بکەم، منیش سەیرم کرد. فیلمێکی مەزنم دۆزییەوە. زۆر سەرنجڕاکێش بوو. بێگومان فیلمەکە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تایبەتەی گەلی کورد و پێشمەرگە دەکات لە کاتی جەنگی دژی داعش. بەتەواوی سەرسام بووم بە هێزی فیلمەکە، بە جوانییەکەی و بە نێوەڕۆکە سیاسییەکەی، بۆیە بڕیارم دا دەستبەجێ بانگێشتی فیلمەکە بکەم.
رووداو: دەزانم کە هێشتا فیلمەکەت نەبینیوە. راستە؟
ئەلبێرتۆ باربێرا: نەخێر، نەخێر، بینیم. بینیم.
رووداو: کەواتە بۆچوونت چییە لەسەر فیلمەکە؟
ئەلبێرتۆ باربێرا: کاتێک لینکەکەی بۆ ناردم، دەستبەجێ سەیری فیلمەکەم کرد. لینکی فیلمەکەم لەگەڵ هاوپیشەکەم لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا بەشکرد و سەرسام بووین بە فیلمەکە. چاوەڕێی فیلمێکی هێندە بەهێز و سەرنجڕاکێشم نەدەکرد لەسەر ئەم جەنگە و لەسەر ئەو رۆڵەی پێشمەرگە و گەلی کورد دژی داعش گێڕایان. بۆیە پێم وایە زۆر، زۆر گرنگە ئەم فیلمە نمایش بکرێ و پشتیوانی لێ بکرێ. هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر بەو گەلەی کە کاری زۆری کرد بۆ شەڕکردن لەپێناو ئازادیی هەموواندا، هەروەها لەپێناو ئازادیی وڵاتی ئێمەش جێگەی شەرمەزارییە. بۆیە بڕیارم دا بانگێشتی فیلمەکە بکەم بۆ ڤێنیس، چونکە دەمویست خەڵکێکی زۆر سەیری فیلمەکە بکەن و هەست بەوە بکەن کە رۆڵی پێشمەرگە لە کاتی جەنگەکەدا چەندە گرنگ بووە.
رووداو: گۆرانییەکی کوردیتان بۆ فەرشی سوور هەڵبژارد. ئەوە چۆن روویدا؟
ئەلبێرتۆ باربێرا: بەڵێ، وا دەکەین. هەمیشە وا دەکەین و بۆ هەموو فیلمەکانیش وا دەکەین. لە کاتی فەرشی سووردا هەندێک گۆرانیی فیلمەکە لێدەدەین بۆ دروستکردنی کەشێکی گونجاو تاوەکو ئامادەبووان ئامادە بکەین بۆ سەیرکردنی فیلمەکە.
رووداو: دوایین پرسیارم، نامەوێ کاتی زیاترت لێ بگرم. ئایا لەمەودوا پشتیوانیی زیاتری چیرۆک و فیلمە کوردییەکان دەکەی؟ چونکە ئێمە فیلمساز و دەرهێنەری زۆر باش و فیلمی باش و چیرۆکی باشمان هەیە.
ئەلبێرتۆ باربێرا: بێگومان. بێگومان. من زۆر بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی دۆزینەوەی دەنگی نوێم لە گەلی کوردەوە.
رووداو: زۆر سوپاس. سوپاس بۆ هەموو شتێک.

