رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنەکانی سوێددا، تاوەکو ئێستا 5 پەرلەمانتاری کورد لە لیستە جیاوازەکاندا سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی هەفتە ژمارەکە بگاتە 7 پەرلەمانتار. قادر کاسرگا، پەرلەمانتاری کورد لە پارتی سۆسیال دیموکرات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کورد لەم قۆناخەدا پێگەیەکی بەهێزتریان لە کایەی سیاسیی سوێددا پەیدا کردووە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، 3 بەربژێری کورد لە لیستی سۆسیال دیموکرات، یەکێک لە لیستی دیموکراتەکانی سوێد (SD)، یەکێک لە پارتی سەوز و یەکێکی دیکەش لە پارتی چەپ سەرکەوتوون. قادر کاسرگا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی دەکەن کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بڵاو بکرێتەوە تاوەکو ژمارەی راستەقینەی پەرلەمانتارانی کورد دیاری بکرێت.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت، کاسرگا، میوانی بولتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە وەهبێ رۆمی پێشکەشی کرد گوتی، پرۆسەکە ئاسان نابێت، چونکە دوو بلۆکی سیاسی لەبەردەم یەکدیدان. ئەو گوتی: "ئێمە وەک پارتی سۆسیال دیموکرات، دەستمان بۆ 7 پارتی دیکە درێژ کردووە بۆ هاوئاهەنگی، بەڵام ئامادە نین لەگەڵ پارتی دیموکراتەکانی سوێد (SD) بکەوینە ناو هیچ دانوستاندنێکەوە، چونکە بەهای سیاسیی ئێمە زۆر لە یەکدی دوورە."
قادر کاسرگا، کە بۆ سێیەمین جارە وەک پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێتەوە، جەختی کردەوە، ئەرکی ئەوان تەنیا یاسادانان نییە، بەڵکو دەبنە پردێکی پەیوەندی لەنێوان سوێد و کوردستاندا. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، چیدی کوردانی سوێد تەنیا وەک کۆچبەر نابینرێن، بەڵکو وەک بەشێکی کاریگەر لەناو کۆمەڵگەی سوێدیدا رۆڵ دەگێڕن و لە لووتکەی بڕیارە سیاسییەکاندا ئامادەییان دەبێت.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: پیرۆزباییت لێ دەکەم کە بوویتەوە بە پەرلەمانتار. زۆر دڵخۆشین و دووبارە پیرۆزباییت لێ دەکەین. دەمەوێت لێرەوە دەستپێبکەین؛ چەند کورد سەرکەوتوون بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی پەرلەمان؟
قادر کاسرگا: شەوباش، سڵاو بۆ کارمەندان و هاوڕێیانی رووداو کە لێرە کار دەکەن. زۆر سوپاس بۆ پیرۆزباییەکەت. تاوەکو ئەمڕۆ و تاوەکو ئەم ساتەی کە ئەنجامەکان هێشتا بەتەواوی رانەگەیێندراون، 5 پەرلەمانتار کە بە رەچەڵەک کوردن و لە پارتە جیاوازەکانن، بە دڵنیایی دەرچوون. ئێمە چاوەڕێین کە سبەی یان دوو سبەی ئەنجامەکان بەتەواوی بەفەرمی رابگەیێندرێن، ئەو کاتە چانس هەیە 2 کەسی دیکەش سەرکەون و ژمارەکە ببێتە 7 پەرلەمانتار.
رووداو: کەواتە تاوەکو سبەی دەبنە 7 ئەندامی پەرلەمان. ئەی لە کام لیستانەن بەڕێز قادر؟
قادر کاسرگا: بەڵێ، ئێستا 3 کەس لە پارتی سۆسیال دیموکراتین، یەکێکی دیکەشمان هەیە چاوەڕێی دەکەین، ئەگەر ئەویش دەربچێت دەبینە 4 کەس لە پارتی سۆسیال دیموکرات. یەک کەس لە پارتی دیموکراتەکانی سوێد (SD) هەڵبژێردراوە، یەک کەس لە پارتی سەوز و یەک کەسیش لە پارتی چەپ.
رووداو: بەڕێز قادر، ئەمانە هەمووی پەرلەمانتار بوون. باشە بۆ هەرێمەکان و شارەوانییەکان چەند کورد سەرکەوتوون؟ چونکە وەک دەزانیت هەڵبژاردنی پەرلەمان، شارەوانی و هەرێمەکان لە سوێد هەمووی لە یەک رۆژدا بوون.
قادر کاسرگا: بەڵێ راستە. لە سوێد هەر سێ هەڵبژاردنەکە لە هەمان رۆژدا دەکرێن؛ بۆ شارەوانی، هەرێم و پەرلەمان. نزیکەی 200 کەسی کورد ببوونە بەربژێر لە پارتە جیاوازەکاندا. تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی وردمان لەبەردەست نییە کە چەند کەس بۆ شارەوانییەکان سەرکەوتوون، چونکە 290 شارەوانی هەن. بەڵام دەتوانم بڵێم کە ژمارەیەکی زۆر لە گەنج و ژنی کورد لەو پرۆسەیەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
رووداو: بەڕێز قادر، کەی ئەنجامە کۆتاییەکان دەردەکەون؟
قادر کاسرگا: ئێستا بۆ پەرلەمان، رۆژی پێنجشەممە ئەنجامەکان روون دەبنەوە. سەبارەت بە هەرێمەکانی سوێدیش، تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەردەکەوێت.
رووداو: بەڕێز قادر، ئایا پێکهێنانی حکومەت کارێکی ئاسان دەبێت؟ چونکە دەزانیت حکومەتەکەی پێشووی سوێد چۆن بوو.
قادر کاسرگا: بەڵێ، وەک دەزانیت پێکهێنانی حکومەت لە وڵاتانی ئەوروپایی و بەتایبەتی لە سوێد، کارێکی زۆر ئاسان نییە. ئێستا دوو بلۆک لە بەرامبەر یەکدیدان. بەڵام جیاوازیی نێوان ئەم دوو بلۆکە زۆر نییە. ئێمە وەک پارتی سۆسیال دیموکرات کە گەورەترین پارتین، دەستمان بۆ 7 پارتی دیکە درێژ کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتەکانی سوێد (SD) ناخوازین لەگەڵیان هاوکاری بکەین، چونکە نرخ و بەهاکانی ئێمە و ئەوان زۆر لە یەکدی دوورن. ئێمە دەمانەوێت سیاسەتێکی نوێ لە جیهاندا پەیڕەو بکەین، بەتایبەتی لە بەرامبەر بێکاریدا. کێشەی بێکاری پرسێکی گەورەیە، ئێستا نزیکەی 500,000 کەس لە سوێد بێکارن. بۆ دەوڵەتێکی وەک سوێد ئەمە شتێکی باش نییە. ئێمە ئامادەین چاکسازی بکەین و پێشنیازمان هەیە بۆ چارەسەری ئەم بابەتە.
رووداو: ئەی سەبارەت بە مژاری کۆچبەران و پەنابەران، ئایا گۆڕانکاری لە بنکەکاندا دەکرێت؟ وەک ئەو پارتەی پێشتر لەسەر دەسەڵات بوو و زۆر دژی ئەم بابەتە بوو.
قادر کاسرگا: بەڵێ، ئێستا مەسەلەی پەنابەر و کۆچبەران لای هەموو پارتەکانی سوێد لە هەمان هێڵدایە. واتە دەبێت کۆچبەری و پەنابەرێتی لەژێر شەرت و مەرجی ئەرێنیدا بێت. کاتێک خەڵک دێنە ئێرە، دەبێت دەرفەتی باشیان بۆ دروست بکرێت تاوەکو فێری زمان بن و بچنە ناو بازاڕی کارەوە. ئێستا لە سوێد پرۆسەی ئینتیگراسیۆن (تێکەڵبوون) لەم 8 بۆ 10 ساڵەی رابردوودا زۆر باشتر بووە. ئێمە دەمانەوێت سیاسەتەکە مرۆیی بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسانەش بێت.
رووداو: بەڕێز قادر، تۆ گوتت کە 5 پەرلەمانتار مسۆگەر بوون و ئەگەری هەیە ببنە 7 پەرلەمانتار. ئایا ئەم 7 پەرلەمانتارە لەناو پەرلەماندا دەتوانن دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدەن؟
قادر کاسرگا: هەر پەرلەمانتارێک دەتوانێت پێشنیازی یاسایی بدات، ئەوە مافی هەر پەرلەمانتارێکە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئێمە نوێنەرایەتیی پارتە جیاوازەکان دەکەین و دەبێت بەپێی پرۆگرامی پارتەکانمان هەڵسوکەوت بکەین. بوونی کورد لەناو پەرلەماندا مافێکی هەر پەرلەمانتارێکی هەیە کە پێشنیاز بنێنە ناو پەرلەمانەوە.
رووداو: هەبوونی ئەم ژمارە کوردە لەناو پەرلەماندا، بەتایبەتی بۆ جڤاکی کوردی لە سوێد چ واتایەک دەبەخشێت و دەتوانن چی پێشکەش بکەن؟
قادر کاسرگا: بەر لە هەر شتێک، ئەو 7 کەسەی دەچنە ناو پەرلەمان و ئەو کوردانەی دیکەش کە لە کایەکانی هونەر و بازرگانی و شارەوانییەکاندان، نموونەیەکی زۆر باشن بۆ جڤاکی کورد و نەوەکانی داهاتوو. بۆ ئەوان، ئێمە هیوایەکین تاوەکو ببینن کە کوردیش دەتوانێت رێگەی خۆی بکاتەوە و دەرفەت دروست بکات. ئێمە بەشێکین لە جڤاکی سوێدی، بەڵام کوردبوونی خۆمان لەبیر ناکەین. ئێمە دەتوانین وەک پردێک بین لەنێوان جڤاکی سوێد، دەوڵەتی سوێد و کوردستاندا.
رووداو: بەڕێز قادر، وا دیارە تۆ خزمەتێکی زۆر باشت کردووە، چونکە جارێکی دیکە بوویتەوە بە پەرلەمانتار، وا نییە؟
قادر کاسرگا: بەڵێ، ئەمە جێگەی کەیفخۆشییە. بۆ من ئەوپەڕی سەربەرزییە کە کاتێک ئەندامانی پارتەکەمان و گەلی سوێد لەم بوارەدا متمانەیان پێدامەوە. ئەمە بۆ سێیەمین جارە کە هەڵدەبژێردرێمەوە و زۆر کەیفخۆشم و تاوەکو هەر قۆناخێکیش بێت، بەباشی شوێنی خۆم دەگرم و خزمەت دەکەم.
رووداو: گەلێک سوپاس بۆ تۆ بەڕێز قادر کاسرگا، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات، کە میوانمان بوویت. سوپاس.
قادر کاسرگا: زۆر سوپاس، شەوباش.


