رووداو دیجیتاڵ
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، نزیکەی 30 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بێ مووچەن و زیاتر لە 100 هەزار خێزانیش لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، بۆیە داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە لە بودجەی گشتیدا پارەیان بۆ تەرخان بکات.
رۆژی پێنجشەممە 17-09-2026 کوێستان محەممەد، لە هەڤپەیڤنێکدا لە رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند: "لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تۆمارکردنی کەمئەندامان راگیراوە،" و ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەمئەندام تۆمار نەکراون. ئاماژەی بەوەشکرد، ناوی زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندامیان بە بەڵگەنامەکانیانەوە ئاراستەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە."
سەبارەت بە خێزانە هەژارەکان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "زیاتر لە 100 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن،" و داوایان کردووە 100 هەزار خێزانی هەژار لە بودجەی گشتیی عێراقدا تۆمار بکرێن. گوتیشی، "هەر کاتێک بەغدا رەزامەندی بدات فۆرمی تۆمارکردنی خێزانە هەژارەکان بڵاودەکەینەوە،" بەڵام ئاشکرای کرد کە "دوو مانگە داوای کاتی چاوپێکەوتنمان لە بەغدا کردووە و تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە."
لە بواری کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیدا، کوێستان محەممەد باسی لەوە کرد کە ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو لەم کابینەیەدا "چوار هێندە زیادی کردووە" و گەیشتووەتە 320 هەزار و 959 کرێکار. هەروەها گوتی، "هیچ زیندانییەکی VIP لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە،" بەڵام چاکسازییەکان زیاتر لە توانای خۆیان زیندانیان تێدایە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئەم کاتەتان باش، وەزارەتێک هەیە کە رەنگە هەمووتان رۆژانە رێتان تێی نەکەوێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆ هەمووتان گرنگە. دەتوانم بڵێم بۆ هەموومان گرنگە، چونکە وەزارەتێکە پەیوەندیی بە کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە هەیە. ئەوەی رۆژێک بیر لە کار بکاتەوە یان ئەوەی لە کۆمەڵگەکەیدا بژیت، پێویستی بەم وەزارەتە دەبێت. وەزارەتەکە ئەرکی زۆرە و لە هەمان کاتدا زۆر چاوی لەسەرە. کە وەزیرەکەشی ژنێک بێت، زیاتر چاوی لەسەرە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە بەتایبەتی دەیەوێت بە بەردەوامی توانای ژن تاقی بکاتەوە و لەژێر چاودێریدایە. خاتوو کوێستان، زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت، بەخێربێیت.
کوێستان محەممەد: سوپاس بۆ ئێوەش.
رووداو: لە پێشەکییەکەدا خراپم نەگوت کە گوتم هەندێک...
کوێستان محەممەد: نا، دڵنیابە وایە. خۆشم دەزانم وایە، بەڵام...
رووداو: چۆن، بۆم روون بکەرەوە؟
کوێستان محەممەد: خۆی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە، بەتایبەتی پیاوان، پێیان وایە ژن و سیاسەت و ژن و دەسەڵات و حوکمڕانی پێکەوە ناگونجێن.
رووداو: ئەو پیاوانەی وا دەڕوانن، لە کام چین و توێژن؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، خۆی ناتوانم بڵێم لە کام چین و توێژن، چونکە لە هەموو چین و توێژەکاندا خەڵکێک هەن پێیان وایە ژن نابێت خۆی لە سیاسەت و حوکمڕانی هەڵبقورتێنێت. پێیان وایە ژن دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی هاوژین و منداڵەکانی بکات. ئەو ژنەی سیاسەت دەکات یان لە دەسەڵات و حکومەتدایە، هەردوو ئەرکەکە رادەپەڕێنێت. پێشم وایە، بە ئەزموونی خۆم کە 8 ساڵ پەرلەمانتار بووم و ئێستاش زیاتر لە 7 ساڵە وەزیرم، هەندێک ژن دەرکەوتوون کە ئەگەر لە پیاوان باشتر نەبووبن، لە ئاستی پیاواندا بوون.
رووداو: ئەم ئاستەی بیرکردنەوەی پیاوان بڕوایان وایە ژن بۆ سەرکردایەتی، حوکمڕانی و بەڕێوەبردن نابێت، لە سنووری دامەزراوەکانی خۆتان و لە ئاستی باڵادا هەیە؟ بۆ نموونە، لە ئەنجوومەنی وەزیران کەسانێک هەن بڕوایان وا بێت؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، هەستم پێ نەکردووە، چونکە ئەو پیاو و ژنانەی گەیشتوونەتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو قۆناغانەیان تێپەڕاندووە کە وا بیر بکەنەوە.
رووداو: لەسەر ئاستی خوێندەواران چۆنە، بۆ نموونە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە هەیە. لە هەموو ئاستێکدا هەیە.
رووداو: دەتوانیت بڵێیت سەلماندووتە وا نییە؟
کوێستان محەممەد: دەبێت خەڵک ئەو شایەتییەم بۆ بدات، نەک خۆم.
رووداو: باشە. دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەم پرسیارە، بەتایبەتی لەبارەی دەستپێکردنت وەک وەزیر و پێشتریش وەک پەرلەمانتار، بەڵام با سەرەتا باسی هەندێک بابەتی بودجە بکەین، بەتایبەتی کە ئێستا گفتوگۆی ئەوە دەکرێت لە بودجەی 2027ـدا هەر کەسێک پشک و مافی خۆی بەدەست بهێنێت. مافی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چەندە کە ئێوە داواتان کردووە؟ بێگومان هەموو وەزارەتەکان راپۆرتیان بۆ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، راپۆرتەکەی ئێوە چی تێدایە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، ئێمە کۆمەڵێک بابەت هەیە کە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ کەمئەندامێک تۆمار نەکراوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە و ئەوانەی خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی تۆمار کردووە، نزیکەی 30 هەزار کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان هەن کە ئێستا مووچەیان نییە. بۆیە ئێمە داوامان کردووە ئەم 30 هەزار کەمئەندامە تۆمار بکرێن. پێشتریش 13 هەزار و ژمارەیەکمان بە ناو و راپۆرتی پزیشکی و هەموو بەڵگەنامەکانیانەوە ناردووە بۆ وەزارەتی داراییی بەغدا.
رووداو: بۆ بەغداتان ناردووە؟
کوێستان محەممەد: بۆ بەغدا، ببورە. ناردمانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران ناردی بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی داراییی خۆشمان ناردی بۆ وەزارەتی داراییی عێراق.
رووداو: ئەمە پێشتر بووە، لە چوارچێوەی بودجەدایە؟
کوێستان محەممەد: ئێستا داوای 30 هەزارمان کردووە و نامانەوێت کەس لە تۆمارکردنی نوێ بێبەش بێت. بابەتێکی دیکە ئەوەیە کاتی خۆی یاسای کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کرا، بەڵام وەک خۆی جێبەجێ نەکرا. ئەگەر یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، ئێستا هیچ کەمئەندامێک لە هەرێمی کوردستان مووچەکەی لە 250 هەزار دینار کەمتر نەدەبوو.
رووداو: کێ وەک خۆی جێبەجێی نەکردووە؟
کوێستان محەممەد: کاتی خۆی حکومەت جێبەجێی نەکردووە.
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، چۆن جێبەجێی کردووە؟ هاتووە ئەوەی مووچەیەکی کەمی هەبووە 100 هەزاری بۆ بڕیوەتەوە و ئەوەی هیچ مووچەیەکی نەبووە 150 هەزاری بۆ بڕیوەتەوە، لە هەردوو بارەکەدا نادادپەروەرییەکی گەورە هەیە. بۆیە ئێمە داوامان کردووە مووچەی هەموو کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان بۆ 250 هەزار دینار بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە یاساکەی خۆمانەوە نزیک بێت، چونکە لە یاساکەی ئێمەدا بەپێی رێژەکە لە 250 هەزاریش تێدەپەڕێت.
رووداو: ئەم داوایەتان لەو راپۆرتەدایە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، لەو راپۆرتەدایە، داواکارییەکی دیکەمان هەیە کە پەیوەندیی بە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. لە عێراق 9 ملیۆن خێزان لە پارەی چاودێریی خێزان سوودمەندن، بەڵام...
رووداو: 9 هەزار؟
کوێستان محەممەد: 9 ملیۆن، ببورە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان پێشتر 88 هەزار خێزان سوودمەند بوون و کۆتا مووچەیان مانگی 9ـی 2015 وەرگرتووە، کە ئەویش بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە. داوامان کردووە کە پێویستە هەژارەکانی ئێمەش، بەپێی دەستووری عێراقیش، کە چاودێریی خێزان لە ئەستۆی حکومەتە، چاودێری بکرێن. بۆیە داوامان کردووە ئەو خێزانە هەژارانەش تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی لە بودجەی گشتی سوودمەند بن.
رووداو: هەر ئەو 88 هەزار خێزانەیە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، ئەو 88 هەزار خێزانە بڕاوە و نەماوە. ئێمە ئێستا پێمان وایە زیاتر لە 100 هەزار خێزانی هەژار لە هەرێمی کوردستان هەن لە خوار هێڵی هەژارییەوەن. ئەمانە دەبێت بە فۆرمێکی نوێ تۆمار بکرێن.
رووداو: ببورە، پێتان وایە زیاتر لە 100 هەزارە، واتە دیار نییە؟
کوێستان محەممەد: ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی پلاندانانە. هەر کاتێک داوا بکەین، ئەوان هاوکارمانن. پەیوەندیمان لەگەڵ دکتۆر سیروان بە بەردەوامی هەیە.
رووداو: واتە لە راپۆرتەکەتاندا ژمارەی خێزانی هەژارتان دیاری نەکردووە؟
کوێستان محەممەد: پێشتر داوای 205 هەزارمان کردبوو، بەڵام وەزارەتی پلاندانان پێیان گوتین بەپێی ئەو رووپێو و رێکارانەی ئەوان کردوویانە، 100 هەزار خێزان هەن لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، بۆیە داوای 100 هەزارمان کردووە.
رووداو: پێوەرەکانی هێڵی هەژاری چین کە وایانکردووە بڵێن 100 هەزارە؟
کوێستان محەممەد: ئەوەیە کە هیچ موڵک و ئۆتۆمبێل و مووچە و داهاتێکی نییە. ئەوانەن کە بۆ نانی ژەمێک پێویستیان بە یارمەتییە. 100 هەزار خێزانی وا لە هەرێمی کوردستان هەن. خۆشمان بە بەردەوامی دەیانبینین کە ژنێک بە کۆمەڵێک منداڵی بێباوکەوە لە راگەیاندنەکان دەردەکەوێت و دەڵێت، "دراوسێکانمان خواردنمان بۆ دێنن." بۆیە پێمان وایە 100 هەزار خێزانی وا لە هەموو هەرێمی کوردستان هەن.
رووداو: پێم وایە ئەوە دەبێت برسییەتی بێت، نەک هەژاری.
کوێستان محەممەد: خوار هێڵی هەژارییە، واتە برسییەتییە، بەڵێ.
رووداو: واتە برسییەتییە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: چونکە هێڵی هەژاری هێشتا باشترە لە برسییەتی.
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: برسییەتی ئەوەیە هیچ شتێک نییە.
کوێستان محەممەد: هەر هیچیان نییە، بەڵێ.
رووداو: بەڵام هەژار رەنگە ژەمێک خۆراکی دەست بکەوێت.
کوێستان محەممەد: هەیە، بەڵێ.
رووداو: واتە ئەم 100 هەزارە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
رووداو: دەگەنە ئاستی برسییەتی؟
کوێستان محەممەد: لەوەیان زۆر دڵنیا نیم، بەڵام لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
رووداو: واتە هێشتا تۆماری نوێیان نییە، وانییە؟
کوێستان محەممەد: تۆمارمان نەکردوون، بەڵام دەتوانین لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار، ناوەکان تۆمار بکەین.
رووداو: ئەمانە هەژارن. ئەی ئەوانەی کەمێک لە سەرووی هێڵی هەژارییەوەن و وەکو کەم دەرامەت هەژمار دەکرێن؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بەڵام لە عێراق یاسایەک هەیە کە چاودێریی ئەو خێزانانە دەکات کە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن. ئێمە دەبێت بە شێوەیەک خۆمان بگونجێنین کە لەگەڵ یاساکەی عێراقدا یەکبگرێتەوە.
رووداو: کاتێک ئەوە پەسند کرا، ئینجا دەست دەکەن بە ناونووسکردنی خێزانە هەژارەکان. چونکە رەنگە لەدوای ئەم بەرنامەیە کۆمەڵێکی زۆر تەلەفۆن بۆ تۆ و بۆ منیش بێت و بپرسن کەی ناونووس دەکرێن؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، هەتا رەزامەندی نەبێت...
رووداو: لە کوێ ناونووس دەکرێن؟ ئەمە پێویستی بەوەیە بە وردی گوێ بگرن بۆ ئەوەی جەنابی وەزیر باسی دەکات. کەی دەست دەکەن بە ناونووسکردنی خەڵک؟
کوێستان محەممەد: هەر کاتێک عێراق رەزامەندیی دا و گوتی، "ئێمە ئامادەین هاوکاریی ئەو 100 هەزار خێزانە بکەین،" کە دەبێت بیکەن چونکە بەپێی دەستووری عێراق بە راشکاوی هاتووە، ئەو کاتە ئێمە فۆرم بڵاودەکەینەوە. ئەو کاتە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنەوە فۆرم دەدەین بە خێزانەکان و دەبێت پشتڕاست بکرێتەوە کە هەژارن.
رووداو: لە 9 ملیۆن خێزان لە عێراق، داوای 100 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەم رێژەیە زۆر کەم نییە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بە بڕوای ئێمە ئەوەی لە عێراق کراوە، گەندەڵیی تێدایە. هیواخوازم وا نەبێت.
رووداو: زیاد لە پێویستە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بەڵێ.
رووداو: بەڵام رەنگە لە هەندێک شوێن راستیی هەبێت. بۆ نموونە، پارێزگایەک هەیە بەپێی رووپێوەکانیان 56%یان هەژار بوون.
کوێستان محەممەد: زۆر هەژارن، بەڵێ، سەرژمێرییەکەش دەیسەلمێنێت.
رووداو: بەڵام رووپێوەکەی ئێمەش، راسته هەژارییەکە زۆر نییە، بەڵام رەنگە لە 100 هەزاریش زیاتر بێت، چونکە لە هەندێک شوێن 13% و لە هەندێک شوێن 11%یە.
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: واتە بەپێی 6 ملیۆن، 15%ی 6 ملیۆن هێشتا...
کوێستان محەممەد: دەزانم، ئێمە پشتمان بە ئامارەکانی دەستەی ئامار بەستووە، چونکە دەزانین ئەوان بە شێوەیەکی زانستی مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکەن و پسپۆڕییەکەیان بابەتی سەرژمێرییە.
رووداو: بەڵێ، وایە. باشە، کەواتە ئەمە لە بودجەدا داوا کراوە، بەڵام پێشتریش شاندێکتان ناردبووە بەغدا، وانییە؟ خۆت رۆیشتبوویت؟
کوێستان محەممەد: خۆم چووبووم، بەڵێ، دوو جار بۆ ئەم بابەتانە چوومەتە بەغدا.
رووداو: هیچ وەڵامێک هەبوو؟
کوێستان محەممەد: هیچ نەبوو. بەتەماین و ئێستاش داوامان لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم کردووە کە کاتی چاوپێکەوتنمان بۆ وەربگرێت لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. هەرچەندە پێیان گوتین بینینی بەڕێز سەرۆکی حکومەت زەحمەتە، بەڵام...
رووداو: بۆ زەحمەتە؟
کوێستان محەممەد: ئەوان پێیان وایە زەحمەتە، من نازانم.
رووداو: بۆ وەزیرێکی هەرێمی کوردستان زەحمەتە یان بۆ خەڵکی دیکەش؟
کوێستان محەممەد: بێگومان ئەگەر بۆ وەزیرێکی هەرێم زەحمەت بێت، بۆ خەڵکی دیکە زەحمەتترە. بەڵام پێمان گوتوون کە بۆ بەڕێزان وەزیری دارایی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان کاتی چاوپێکەوتنمان بۆ وەربگرن، بۆ ئەوەی بچین لەگەڵیان دابنیشین و لە کاتی گفتوگۆی بودجەدا بەرگری لە داواکارییەکانمان بکەن.
رووداو: واتە دەتانەوێت کاتی چاوپێکەوتنەکە پێش گفتوگۆی بودجە بێت؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. ئەگەر بکەوێتە دواوە، کاریگەریی نامێنێت.
رووداو: واتە دەبێت پێش مانگی 10 بێت، بەپێی ئەوەی دەگوترێت لە مانگی 10ـدایە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بەڵام ئێمە 2 مانگە داوای ئەو کاتانەمان کردووە.
رووداو: 2 مانگە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: هێشتا وەڵام نییە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر
رووداو: وەڵام نییە یان گوتوویانە نابێت؟
کوێستان محەممەد: نا، وەڵام نییە. خۆی من دڵنیام بۆ کاک خالید شوانی ئاسانە. دڵنیام هەر کاتێک داوای کات بکەین، ئەو ئامادەیە، بەڵام دەبێت کاتەکە وا رێکبخرێت هەر سێ کۆبوونەوەکە پێکەوە بکەین. رەنگە کێشەکە لەسەر وەزیری دارایی وەستابێت.
رووداو: شاندی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو لە بەغدا بوو.
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: بێگومان لەم نزیکانەشدا دیسان دەچێتەوە. لەگەڵ ئەو شاندە فەرمییە ناچن؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، ئێمە شاندی خۆمان دەچین. شاندەکەمان پێکدێت لە خۆم، بەڕێز بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کە پەیوەندیدارن بەو بابەتانەوە.
رووداو: ئەمە باسی هەژاری بوو. بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت چیتان لە راپۆرتەکەتاندا بۆ بودجەی 2027 داوا کردووە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، ئاماژەم پێکرد. یەکەم، تۆماری نوێ. دووەم، بەرزکردنەوەی مووچەکانیان بە شێوەیەک کە هیچیان لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت. چونکە بەراستی 150 هەزار دینار رەنگە بۆ منداڵێک کە دایک و باوکی مووچەخۆر بن زۆر کەم نەبێت، بەڵام بۆ کەمئەندامێک کە سەرۆکی خێزان بێت و چەند منداڵێکیشی هەبێت، ئەوە بەڕاستی پارە نییە.
رووداو: هەموو خاوەن پێداویستییەکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، 30 هەزار کەس ئێستا ماون و تۆمار نەکراون.
رووداو: 30 هەزار کەس ماوە تۆمار بکرێن؟ چەند تۆمار کراوە؟
کوێستان محەممەد: 70 هەزار و هەندێک.
رووداو: ئەم 30 هەزارەی دەڵێیت تۆمار نەکراون، چۆن دەزانیت 30 هەزارن؟
کوێستان محەممەد: ئێمە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنمان لە هەر چوار پارێزگا و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکە هەیە، جگە لە هەندێک قەزای گەورەش. ئەو کەسانەی کەمئەندامن سەردان دەکەن، راپۆرتی پزیشکییان بۆ دەکرێت و فایلشیان بۆ دادەنرێت. بۆیە ئێمە دەزانین ئەوانەی سەردانی ئێمەیان کردووە نزیکەی 30 هەزار کەمئەندامن.
رووداو: من زۆرجار دەمبیست و نامەشم بۆ دێت کە گلەیی دەکەن و دەڵێن، "کەسێک هەیە بە ئاشکرا دیارە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، کەچی تۆمار ناکرێت." ئەم گلەییە بۆچی بەردەوام هەیە؟
کوێستان محەممەد: بەپێی بڕیارێکی کابینەی پێشووتر، لە 2013ـەوە تۆماری نوێ راگیراوە. خۆت دەزانیت ئێمە لە 2019ـدا هاتین. مانگی 11ی 2019 کۆرۆنا هات و دواتریش بووە قەیران. هەتا ئێستاش قەیرانی دارایی بەردەوامە. حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کەمئەندام تۆمار بکات و کۆمەڵێک شتی دیکەشی بۆ نەکراوە. ئێستا دەبێت هەموو تەرکیزمان لەسەر بودجەی 2027 بێت و شەڕی لەسەر بکەین. پێویستە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا داکۆکی لە داواکارییەکانمان بکەن. خۆشبەختانە خۆشیان پەیوەندییان پێوە کردووین و داواکارییان لێ وەرگرتووین. پێویستە رێکخراوەکانی کەمئەندامانیش سەردانی بەغدا بکەن.
رووداو: باشە، بۆچی لە شاندەکەتاندا نوێنەری رێکخراوەکانی کەمئەندامان لەگەڵ خۆتان نابەن؟
کوێستان محەممەد: ئەوان منیان کردووە بە نوێنەری خۆیان.
رووداو: بۆ ئەوەی لانی کەم بوونیان نوێنەریان دیار بێت. رەنگە وەک کورد دەڵێت، "ئەوەی لەبەر چاوانە، لەبەر دڵانە."
کوێستان محەممەد: ئێمە تەنیا لە سلێمانی پێم وایە 11 یان 14 رێکخراو هەیە. لە هەولێر و دهۆک و سۆرانیش هەر ئەوەندە. ئەگەر هەموویان بهێنین، کێشە دروست دەبێت. ئێمە نوێنەری ئەوانین.
رووداو: ئەم 30 هەزارە ناوەکانتان هەیە، بەڵام تۆمار نەکراون و بێ مووچەن؟
کوێستان محەممەد: تۆمار نەکراون. 13 هەزار و ژمارەیەکیان پشکنینیان بۆ کراوە و هەموو بەڵگەنامەکانیان لێ وەرگیراوە. تەنیا یەک فەرمان ماوە بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
رووداو: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی بۆ دەرکردووە؟
کوێستان محەممەد: ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی دارایی و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی لە بەغدا کردووە.
رووداو: خۆی رازییە؟
کوێستان محەممەد: ئەگەر رازی نەبێت، چۆن دەینێرێت؟ لیژنەی پێکهێنا. لە ساڵی 2019 من راپۆرتێکم لەسەر کەمئەندام و تۆماری نوێ خوێندەوە. هەر ئەو کاتە لیژنەیەکی باڵا پێکهات. لیژنەکە بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە کە پێویستە تۆماری نوێ بکرێتەوە. رۆژێک پێش کەرەنتینە راپۆرتەکە ئامادە بوو، بەڵام کەرەنتینە هات. کە بارودۆخ تۆزێک باش بووەوە، جارێکی دیکە ئەم بابەتەمان لە ئەنجوومەنی وەزیران جوڵاندەوە و رێیان پێداین. کەواتە بڕیارەکە بڕیاری ئەنجوومەنە.
رووداو: ئەم راپۆرتەی ئەنجوومەن بۆ وەزارەتی دارایی و نوێنەرایەتیی حکومەتی لە بەغدا ناردوویەتی، کەی بووە؟
کوێستان محەممەد: پێم وایە 2 ساڵ زیاترە.
رووداو: 2 ساڵە؟ بەڵام هێشتا وەڵامی نییە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر.
رووداو: ئێستا دەرگەی ناوتۆمارکردن بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت داخراوە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: بۆچی؟
کوێستان محەممەد: لە کابینەی پێشوو بە فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە. دەبێت رەزامەندیی بەغدا وەربگرین، چونکە ناکرێت کەمئەندام تووشی کێشە بکەین و ئومێدێکی پێ بدەین و دواتریش عێراق رەزامەند نەبێت.
رووداو: بەڵام ئەوە ستەمێکی زۆر گەورە نییە لە کەمئەندامێک؟ چی بکات؟ کەمئەندامە، مووچەی نییە، داهاتی نییە و ناتوانێت هیچ بکات.
کوێستان محەممەد: ئەگەر ستەم نەبووایە، من ساڵی 2019 ئەم بابەتەم نەدەبردە ئەنجوومەنی وەزیران. یەکەم ساڵ بوومە وەزیر، ئەم بابەتەم جوڵاند. دوای باشبوونی دۆخی دارایی، جارێکی دیکە ئەم بابەتەم بردووەتەوە پەرلەمان. 13 هەزار کەمئەندام پێویستیان بە یارمەتییە، تۆمارمان کردوون و ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی بەغدای کردووە. دوای ئەوە شاندێکمان رۆیشتووەتە بەغدا. کەواتە ئێمە بە ستەممان زانیوە و بۆیە بەو شێوەیە کارمان لەسەر کردووە.
رووداو: بە تێڕوانینی جەنابت، چەند کەسی دیکە هەن کە تاوەکو ئێستا ناونووس نەکراون؟
کوێستان محەممەد: ئەگەر ئەم 30 هەزارە بکرێت، تەواوە. ئێستا هەر 30 هەزار کەس هەن کە مووچەیان نییە.
رووداو: ئاخر ئەم 30 هەزارە هی 2 ساڵ پێش ئێستایە.
کوێستان محەممەد: 13 هەزاریان هی 2 ساڵ پێش ئێستایە.
رووداو: ئەی ئەوەی دیکە؟ دوایین ناو تۆمار کراوە کەی بووە؟
کوێستان محەممەد: پێم وایە ساڵی 2023 بوو.
رووداو: واتە سێ ساڵ پێش ئێستا؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بەڵام...
رووداو: سێ ساڵە کەس کەمئەندام نەبووە؟
کوێستان محەممەد: 17 هەزار هەن. دەمەوێت بۆت روون بکەمەوە. ئەوانەی تۆمارمان کردوون بریتین لە شەلەلی مێشک، ئۆتیزم، داون و هیمۆفیلیا. ژمارەیان لە 2013ـەوە تا ئێستا 13 هەزار و 200 و شتێکە. لە 2013ـەوە تا ئەمڕۆ، ئەوانەی نابینا، نابیست و کێشەی جەستەیی و بزوێنییان هەیە، 17 هەزارن کە چاوەڕێن ناویان تۆمار بکرێت.
رووداو: ئەمانە جگە لە ناوتۆمارکردن بۆ وەرگرتنی شایستەیەک، وانییە؟ گوتت کەمترینی 250 هەزارە.
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: بەرزترینی دیارە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، چونکە بەپێی رێژەی کەمئەندامییەکەیە. یاساکە هاوکێشەیەکی داناوە و بەپێی ئەو هاوکێشەیە دەبێت.
رووداو: مەبەستم لە داواکاریی نوێیە.
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بەپێی ئەو هاوکێشەیە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
رووداو: دەگاتە 1 ملیۆن؟
کوێستان محەممەد: بەڕاستی نایزانم.
رووداو: ئەمە لە رووی شایستەی داراییەوە. لە رووی خزمەتگوزاریی دیکەوە، بۆ نموونە لە سەنتەرەکان چیتان کردووە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بۆ کەمئەندامان، یەکەم، تۆمارکردن. دووەم، مۆڵەتی بەخێوکەرمان هەیە. رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ئەوانەی پێویستیان بە چاودێریکردنی کەمئەندامەکەیانە، دەتوانن مۆڵەتێکی 2 ساڵە لە ئێمە وەربگرن و بەشێک لە مووچەکەشیان وەردەگرن.
رووداو: بەشەکەی چەندەیە؟
کوێستان محەممەد: بەپێی مووچەکەیەتی. هەندێک لە دەرماڵەکانی دەبڕدرێت.
رووداو: دروستە، بەپێی مووچەکانیان دەگۆڕێت.
کوێستان محەممەد: بەڵێ، بەپێی مووچەکەیەتی.
رووداو: بەڵام دەتوانیت بڵێیت بە گشتی چەندە؟ 20% یان 30%؟
کوێستان محەممەد: زیاترە، رەنگە بگاتە 60% یان 70%.
رووداو: ئەوەندەی مووچەکەی وەردەگرێت؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ. لەگەڵ ئەوەشدا، لە کەرەنتینەدا 250 هەزار خێزانی کەمئەندام و هەژار پاکێجێکی زۆر باشی خۆراکیان پێدراوە.
رووداو: هەر یەکەیان یەک پاکێج؟
کوێستان محەممەد: یەک پاکێج، بەس پاکێجەکە زۆر گەورە بوو؛ فەردەیەک برنج، فەردەیەک ئارد، رۆن و...
رووداو: بەڵام ئەوپەڕی بۆ مانگێک یان دوو مانگ بەشی دەکات.
کوێستان محەممەد: راسته، بەڵام ئەوەی لە ئێمە کراوە...
رووداو: شەش ساڵ بە مانگێک ناژیت.
کوێستان محەممەد: نا، یەک مانگ نییە. تۆ قسەکەت پێ بڕیم. جارێکی دیکە پاکێجمان دایە 350 هەزار خێزان. جارێکی دیکە 140 هەزار خێزان هەر یەکەیان 100 هەزاریان وەرگرت. جگە لەوەش، پێش هەموو رەمەزان و جەژنێک و لە سەرەتای هەموو زستانێکدا، یان پاکێجی خۆراک یان نەوتمان بۆ کەمئەندامان دابین کردووە. راسته ئەمە زۆر نییە، بەڵام ئەمانە دەستکەوتن و بە ئاسانی نەکراون.
رووداو: ئەمانە حکومەت دابینی دەکات؟
کوێستان محەممەد: 250 هەزارەکە لەلایەن خێرخوازانی هەموو کوردستانەوە کۆکرایەوە. 140 هەزار خێزانەکە حکومەت دابینی کرد. 350 هەزار پاکێجەکە بەشێکی حکومەت و بەشێکی خێرخواز بوو. ئەوەی تریش کە باسی رەمەزان و جەژن و زستانم کرد، هەمووی لە رێگەی خێرخوازانەوە بووە. جگە لەوە، سەنتەری ئۆتیزممان هەیە. کاتێک من هاتم، 11 سەنتەری ئۆتیزم هەبوون؛ سێیان حکومی و ئەوانی دیکە ئەهلی. ئێستا 69 سەنتەری ئۆتیزم هەن کە 13ـیان حکومین.
رووداو: هێشتا هەر 13ـی حکومییە؟ واتە 2 دانەی حکومی زیاد بووە؟
کوێستان محەممەد: گوتم 11، سێیان حکومی و ئەوی دیکە ئەهلی. ئێستا 69ـە، 13ـی حکومییە و ئەوی دیکە تایبەتە. پەیمانگەی کەمئەندامانمان هەیە. راسته ناوی پەیمانگەیە، بەڵام لە دایەنگەوە تا پۆلی نۆی بنەڕەتی تێدایە. نابینا، نابیست، بیرکۆڵ و داونمان هەیە. ئەمانە لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان دەست بە خوێندن دەکەن. کاتێک من هاتم، هەموو ساڵێک لە مانگی 11 دەستیان بە خوێندن دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ پەروەردە زەنگ لێدەدەین. پاسیان هەیە، پارەی گیرفانیان هەیە و ژەمە خواردنیشیان هەیە. ئەمانە هەمووی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەتن. جگە لەوە، رەنگە بە هەزاران کورسیی کەمئەندامیمان دابەش کردبێت. لە هەمووی گرنگتر، یەکەم ساڵ کە من هاتم، مووچەی 15 هەزار کەمئەندام بە ناڕەوا راگیرابوو، بەڵام ئێمە مووچەکانمان بۆ گەڕاندنەوە. واتە 15 هەزار خێزان 150 هەزار دیناری بۆ بڕاوەتەوە، هەر کەمئەندامێک پێویستی بە داشکاندن بووبێت لە پارالێل نووسراومان کردووە و ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە.
رووداو: کەواتە جگە لە شایستە داراییەکان، ئەمانەش هاوکارییە بۆ کەمئەندامان؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، ئەمانەشمان کردووە.
رووداو: باشە. لە کەمئەندامانەوە بچینە سەر بابەتی کرێکاران. لە کوردستان هیچ داتایەک هەیە کە چەند کرێکار هەیە؟
کوێستان محەممەد: زۆر روون نییە، رەنگە نزیک بێت لە ملیۆنێک. بۆ روون نییە؟ چونکە لە هەرێمی کوردستان کرێکاری بیانی، سووری، عێراقی، ئێرانی و تورکی هەیە. جگە لەوە، خانەنشین هەیە و ئیشی دیکە دەکات، مامۆستا هەیە و ئیشی دیکە دەکات. ئەمانە نابێت بە کرێکار هەژمار بکرێن.
رووداو: داتایەک نییە ئەمانە جیا بکاتەوە؟
کوێستان محەممەد: ئێمە ئێستا سیستمێکمان دەستپێکردووە کە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) بۆمان جێبەجێی دەکات و هەموو ئەمانە جیا دەکاتەوە. بۆ نموونە لە کشتوکاڵ چەند کرێکار هەیە، چەندی فەرمانبەر و مامۆستان و چەندی کرێکارە.
رووداو: دەستی پێکراوە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، دەستمان پێکردووە.
رووداو: کەی ئەنجامی دەبێت؟
کوێستان محەممەد: لە تەواوبوونین. دوو سیستمن. ئەوەی ILO پێم وایە لە چەند مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت. سیستمێکی دیکەش هەیە کە پێشکەوتووترە و نووسینگەی سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی دەکات. ئەوەیان ساڵێک و 8 مانگی دەوێت.
رووداو: کەواتە هێشتا ناتوانن بڵێن بە دیاریکراوی چەند کرێکار هەیە؟
کوێستان محەممەد: دەتوانین بڵێین چەند کرێکار دەستەبەر کراون.
رووداو: دەتوانن بڵێن؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: چەند دەستەبەر کراون؟
کوێستان محەممەد: کاتێک من ئەم وەزارەتەم وەرگرت، 78 هەزار و 560 کرێکار دەستەبەر بوون. ئێستا 320 هەزار و 959 کرێکار دەستەبەر کراون. واتە چوار هێندەی هەموو کابینەکانی پێشوو لە 1991ـەوە.
رووداو: بەڵام هێشتا نزیکەی 30%ی کۆی کرێکاران دەکات، وانییە؟
کوێستان محەممەد: لە 30% زیاترە، چونکە وەک باسم کرد...
رووداو: ئەگەر ملیۆنێک بن؟ بەپێی داتایەک لەلای منە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کرێکار هەیە.
کوێستان محەممەد: بەڵێ، ملیۆنەکە وەک باسم کرد بەشێکی کرێکاری بیانییە.
رووداو: بەس کرێکاری بیانی دەستەبەریی نییە؟
کوێستان محەممەد: بیانی دەستەبەر ناکرێت، نەخێر. جگە لەوە، بەشێکیان مامۆستا و فەرمانبەرن.
رووداو: ئەم کرێکارە بیانییانە چ سوودێکیان بۆ ئێمە هەیە؟
کوێستان محەممەد: بە بڕوای من، جێگەی کرێکاری خۆماڵییان گرتووەتەوە.
رووداو: جێگەیان گرتووە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، جێگەی ئەوانیان گرتووە. دەزانی بۆ؟ چونکە خاوەنکارێک کرێکارێکی سووری دەهێنێت و لە 8 کاژێر زیاتر کاری پێ دەکات، لەبەر ئەوەی بە نایاسایی هاتووە و مۆڵەتی کاری نییە، کرێی کەمتر دەداتێ و پارەی دەستەبەریشی بۆ نادات و ناچارە قبووڵی بکات.
رووداو: ئەرکی ئێوە وەک وەزارەت چییە بۆ پاراستنی مافی کرێکاری خۆماڵی؟
کوێستان محەممەد: ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر راپۆرتێکی ئێمە بڕیاری 172ی دەرکردووە. بەپێی ئەو بڕیارە، نابێت رێژەی کرێکاری بیانی لە هیچ شوێنکارێکدا لە 25% زیاتر بێت، دەبێت 75٪ـی کرێکارەکان نێوخۆی بن، هەروەها رێنماییمان دەرکردووە کە دەبێت 70٪ـی ئەو 75٪ـە گەنجی دانەمەزراو بێت و رێکارەکانیشمان دەستنیشان کردووە، هیچ شوێنکارێکیش مۆڵەتی پێنادرێت یان بۆی نوێ ناکرێتەوە ئەگەر پاکتاوی دەستەبەر نەهێنێت. ئەگەر وەزارەتەکان لەگەڵمان هاوکاربن یەک کرێکاریش نامێنێت کە دەستەبەر نەکرابێت. هەندێک شوێن هەن داوایانکردووە کە مۆڵەتی بدەینێ تاوەکو کرێکاری نێوخۆی رادەهێنێ، بەڵام هەندێک شوێن کرێکاری نێوخۆی کاری تێدا ناکات، بۆ نموونە کوورەی ئاسن توواندنەوە لە کارگەکانی ئاسن و ستیل لە تەواوی جیهان کرێکاری هندی ئەو کارە دەکەن.
رووداو: هەندێک شوێن هەن کرێکاری ناوخۆیی کاری تێدا ناکات.
کوێستان محەممەد: بەڵێ، وایە. ئێمە پۆرتاڵی کارمان هەیە. خاوەنکار دەبێت لەوێدا داوای کرێکار بکات. ئەگەر دوای دوو هەفتە کەس داواکاریی پێشکەش نەکرد، ئەو کاتە دەتوانێت داوای کرێکاری بیانی بکات.
رووداو: باشە، ئەوانەی دەیانەوێت کار بدۆزنەوە، دەتوانن بچنە پۆرتاڵی کار؟
کوێستان محەممەد: نەک هەر پۆرتاڵی کار، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاریش بکەن. لەم کابینەیەدا، ئێمە 15 هەزار و 218 کەسمان خستووەتە سەر کار.
رووداو: باشە. کاتێک دەڵێیت "لەم کابینەیە،" مەبەستت کابینەی نۆیە، کە حەوت ساڵ زیاترە؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ، کابینەیەکی حەوت ساڵییە.
رووداو: با هەندێک پرسیار لەبارەی چاکسازییەکانەوە بکەم.
کوێستان محەممەد: ئەگەر رێم بدەیت، شتێک لەسەر دەستەبەری زیاد بکەم. سەنتەری راهێنانی پیشەییمان هەیە. پێشتر ئەم سەنتەرانە داخرابوون، بەڵام ئێمە هەموومان کردەوە. لەم کابینەیەدا زیاتر لە 1000 خولمان کردووەتەوە و 14 هەزار و 320 گەنج بەشدارییان تێدا کردووە. 30%ی ئەو گەنجانە ئێستا خاوەنکاری خۆیانن.
رووداو: 30%؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ. ئێستا لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکە و تەنانەت لە چەمچەماڵ، کفری و خانەقینیش سەنتەری راهێنانی پیشەییمان کردووەتەوە.
رووداو: دەستخۆش. زیندانی VIP ماوە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر.
رووداو: کەی کۆتایی هات؟
کوێستان محەممەد: لە هەولێر پێم وایە لە 2021. رۆژێک خۆم سەردانم کرد و تێکماندا. لە سلێمانیش یەک کەس هەبوو، ئەویشمان تێکدا.
رووداو: VIPـەکە چی بوو؟
کوێستان محەممەد: ئەوەی هەولێر هۆڵەکان بۆ 9 کەس دروستکراون، بەڵام ئێستا 35 بۆ 40 کەسیشی تێدایە. ئەوان چوار-پێنج کەسوکاری یەک بوون پێکەوە بوون. ژوورێکی گەورەیە تەلەڤزیۆن و دۆشەکی تێدایە و ئەوە ژووری دانیشتنە، قادرمەیەکی تێدایە دەچیتە سەرەوە ئەوە ژووری نووستنەکەیە، شوێنی حەمام و تەوالێت و تەباخ و بەفرگری تێدایە، کە چووم چەند هۆڵێکم بەسەر کردەوە بینیم دیوار و هەموو شتێکیان جیاواز بوو، هۆڵەکە پاکتر و جوانتر و خۆشترە و تەلەڤزیۆنەکەیان سینەمایەکە، ئەو تەلەفۆنەی کە دەبوو لە حەوشەکە بێت لە ژوورەوە بوو. هەموو ئەمانەمان نەهێشتووە و ئێستا هەمووی وەک یەکن.
رووداو: هەموویان هەمان شتیان بۆ دابین دەکرێت؟
کوێستان محەممەد: ئەوانەی VIP خواردنی چاکسازییان نەدەخوارد. بەیانیان قەیماغ و هەنگوینیان بۆ دەهات. نیوەڕوان کەباب و کفتەی بۆ دەهات، ئەو شتانەمان نەهێشتووە.
رووداو: باشە، واتە ئێستا کەباب و شتی وا ناچێتە ناو چاکسازی؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک.
رووداو: هیچ خواردنێک ناچێت؟
کوێستان محەممەد: مەگەر کەسوکاریان لە رۆژی بینیندا شیرینییەکی بۆ بەرن، دەنا خواردن نابێت بچێتە ژوورەوە، چونکە کۆمپانیا خواردن دابین دەکات. ئەو خۆراکەی لەوێ هەیە لە کەم ماڵ هەیە.
رووداو: واتە بەخێویان دەکەن؟
کوێستان محەممەد: خەڵک پێمان دەڵێت، "قەڵاویان دەکەن!"
رووداو: باشە، ئەمە کارێکی باشە؟ کەسێک سزادراوە و بەخێویشی بکەیت؟
کوێستان محەممەد: سزاکەی ئەوەیە 20 ساڵ لە ژوورەوەیە، بەڵام مرۆڤە و دەبێت خواردن و جلوبەرگ و شوێنی خەوتنی هەبێت. دەبێت فێری پیشەیەک بکرێت، راهێنانی پێ بکەیت چونکە هەر کەسێک تاوان دەکات و دێتە چاکسازی باری دەروونی تێکچووە، باری دەروونی چاککەیتەوە، قوتابخانەمان هەیە بخوێنێ، کتێبخانەمان هەیە 10 هەزار کتێبی تیایە بخوێنێتەوە.
رووداو: ناوەکەی چاکسازییە، بەڕاستی چاکسازییە؟
کوێستان محەممەد: دەبێت چاکسازیی تێدا بکەین، لە جیهان ئاوانەی ئازاد دەکرێن 30٪ـیان دەگەڕێنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ تاوان.
رووداو: خەڵک نییە کە تاوانێکی بچووکی کردبێت و دواتر تاوانێکی گەورەتری ئەنجام دابێت؟
کوێستان محەممەد: هەیە. بەڵام ئێمە لە چیدا چاکسازی دەکەین؟ هەموو چاکسازییەک باشترین قوتابخانەی تێدایە. هەرکەسێک پۆلی 12ی تەواو کردبێت، ناردوومانەتە زانکۆ. هەمانە ئێستا خوێندکاری ماستەر و دکتۆرایە.
رووداو: ئاوا باسی بکەیت، خەڵک دەڵێت، "بمکەن بە زیندانی!"
کوێستان محەممەد: ناخۆشە. تۆ لە چواردیواریدایت و ئاسمان نابینیت. هەفتەی جارێک ئەتبەنە بەر خۆر و ئاسمان دەبینیت، چاکسازییەکان زۆر قەرەباڵخن. بۆ نموونە، هەولێر دەبێت 900 کەسی لێبێت، بەڵام 2127 کەسی لێیە. سلێمانی 1839 کەس لە زیندانن، لە دهۆک 1551 زیندانی تێدایە. لە هۆڵێکدا کە دەبێت 9 کەس بن بەڵام 35 کەسی لێیە.
رووداو: کەواتە تاوان زۆرە؟
کوێستان محەممەد: بێگومان.
رووداو: چ تاوانێک زۆرترینە؟
کوێستان محەممەد: مادەی هۆشبەر.
رووداو: مادەی هۆشبەر؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ. خۆشبەختانە ئێستا لە هەر شەش چاکسازییەکە سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووانمان هەیە. ئەوانەی ئالوودەبوون ئەیناهێنین چارەسەر و رێنمایی و سیمینار و بە تاک و بە گرووپیش لەگەڵیان دادەنیشن، لە 2024ـەوە تاوەکو نیوەی ئەم ساڵدا، 1187 کەس بەشداریی پرۆسەکەیان کردووە و 998 کەسیان لەشیان لە مادەی هۆشبەر پاک بووەتەوە.
رووداو: رێژەی چەندی زیندانییەکان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوەیە؟
کوێستان محەممەد: یەک لەسەر پێنج.
رووداو: یەک لەسەر پێنج؟
کوێستان محەممەد: بەڵێ.
رووداو: چەند هەزار زیندانی هەیە؟
کوێستان محەممەد: 6 هەزار و ژمارەیەک.
رووداو: پێشتر گوتبووت چاکسازیی زرکا لە دهۆک باشترینە. ئێستاش هەر وایە؟
کوێستان محەممەد: دهۆک باشترینیانە.
رووداو: لەسەر چ بنەمایەک؟
کوێستان محەممەد: رێژەی سزادراوەکانی کەمترە و ئیدارەکەشیان زیاتر هاوکارییان کردوون. لە رووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی ئیدارییەوە باشن. لە 2019ـدا چووم، هەموو شتێک ئەلیکترۆنی بوو. هەموو سزادراوێک دۆسیەکەی ئەلیکترۆنی بووە.
رووداو: چاکسازییەکانی ژنانیش هەمان تایبەتمەندییان هەیە؟
کوێستان محەممەد: نا، لە رووی بیناوە زۆر خراپن، بەڵام ژمارەیان کەمە. لە هەموو جیهان زیندان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ یان وەزارەتی دادە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نەبێت. لە عێراقیش راگیراوی ژن و گەورە لای وەزارەتی ناوخۆیە، لای ئێمە ژن و نەوجەوانیش لای ئێمەیە. لە سلێمانی ژمارەی ژنان و نەوجەوانان قەت لە 100 کەس تێنەپەڕیوە. لە هەولێر لە 400 تێنەپەڕیوە و لە دهۆک نەگەیشتووەتە 50 کەسیش.
رووداو: دادوەرەکان دادپەروەرن لە سزادانی تۆمەتباراندا؟
کوێستان محەممەد: لەگەڵ رێزم بۆ هەموویان چەند حاڵەتێک هەیە. کوڕێک لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستدرێژی کردبووە سەر برا بچووکەکەی. 8 ساڵ حوکم درابوو. کە رۆیشتە دەرەوە، 20 ساڵ بوو. کوڕێکی دیکە لەسەر دزینی دوو کۆتر دوو ساڵ حوکم درابوو، دەڵێن رۆیشتوون بە خاوەنی کۆترەکەیان گوتبوو لێیخۆشبێ بە هەردوو دەستی کێشابووی بەسەری خۆیدا گوتبووی بۆ ئەو کوڕەی دوو کۆترەکەی منی دزیبوو دوو ساڵ سزا دراوە!؟
رووداو: دادوەرەکە واقیعبین نەبووە؟
کوێستان محەممەد: نەخێر.
رووداو: بەزەیی لە دادوەرەکانی خۆماندا نابینیت؟
کوێستان محەممەد: رەنگە لە هەندێکیاندا هەبێت، بەڵام تاکوتەرا. کوڕێک لە هەولێر لە دوکانێک یەک بیپسی هەڵدەگرێت و رادەکات، شەش مانگ حوکم دراوە.
رووداو: ئەمە نادادییە، نەک دادوەری.
کوێستان محەممەد: بەڵێ، نادادییە.
رووداو: ئێوە تەنیا ئاگاداری چاکسازییەکانن؟ ئاگەداری گرتن و گواستنەوە نین؟
کوێستان محەممەد: نەخێر، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. هەرچەندە پەیوەندیمان لەگەڵ کاک رێبەر و کاک هێمن میرانی هەیە.
رووداو: ئاگاداری دۆسیەکەی لاهوور شێخ جەنگی نین؟
کوێستان محەممەد: نەخێر.پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەگەر سزا درا ئەوکاتە دێتە لای ئێمە.
رووداو: باسی ژوورەکانی ژوانی شەرعیت دەکرد. چ تایبەتمەندییەکیان هەیە؟
کوێستان محەممەد: هەموو نهێنییەکی ئەو ژوورانە پارێزراوە و کامێرایان تێدا نییە. ژوورەکە رێک و پێکە و سیسەمی دوو نەفەری و گەرماو و هەموو شتێکی تێدایە. بەڵام تاوەکو ئەو ژنانە دەچنە لای هاوژینەکانیان کامێرایان لەسەرە بۆ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان نەبەن.
رووداو: ماوەی مانەوەی ژنێک لای هاوژینەکەی چەندە؟
کوێستان محەممەد: بەڕاستی نایزانم.
رووداو: کاتمان نەماوە، بەڵام باسی پڕۆژەی گەشانەوە و منداڵان بکە.
کوێستان محەممەد: بۆ پڕۆژەی گەشانەوە، لە ماوەیەکی کەمدا 100 پڕۆژە رادەگەیەنین. سەبارەت بە منداڵانیش، سەنتەری پاراستن و چالاکیی منداڵانمان هەیە. پێش ئەم کابینەیە 27 سەنتەر هەبوون، بەڵام داخرابوون. بە پاڵپشتیی داراییی یونسێف، هەموومان کردەوە و کردوومانن بە 31 سەنتەر. لەم کابینەیەدا، 298 هەزار و 505 منداڵ خولیان بینیوە و فێری زمان، کۆمپیوتەر و میوزیک بوون.
رووداو: دەستخۆش. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتت، "من نە یەکێتیم، نە پارتیم، گۆڕانم."
کوێستان محەممەد: بەڵێ، شانازییە.
رووداو: کام گۆڕانە؟
کوێستان محەممەد: ئەو گۆڕانەی کە ئێستا لە کۆنفرانس مۆڵەتی وەرگرتووە. ئێستا یەک گۆڕان و یەک ئاراستە هەیە.
رووداو: واتە گردەکەت بەجێهێشتووە؟
کوێستان محەممەد: ئەوانە هەموو هاوڕێی ئێمەن. هەموویان ماندوو بوون هیوادارم لە داهاتوودا پێکەوە کار بکەین.
رووداو: نزیکە پێکەوە کار بکەن؟
کوێستان محەممەد: هیوادارم.
رووداو: هیچ نزیکییەک هەیە؟
کوێستان محەممەد: پێنج رۆژی هەفتە لە هەولێرم، تەنیا رۆژانی شەممە ئەچم بۆ مەکۆ لەوێش بەس هاووڵاتی ئەبینم، بۆیە زۆر ئاگەداری رووداوە سیاسییەکان نیم. بەڵام هەوڵ هەبووە بۆ نزیکبوونەوە.
رووداو: نزیکەی 7 ساڵە وەزیریت، ماندوو نەبوویت؟
کوێستان محەممەد: مرۆڤ دەبێت هەتا دەمرێت ئامانجێکی هەبێت. بێگومان ماندوو بووم. من پێش راپەڕین سیاسەت دەکەم. دواتر لە مەڵبەندی یەک بووم کە پڕ بوو لە ململانێ، 8 ساڵ پەرلەمانتار بووم و 7 ساڵیشە وەزیرم. چۆن ماندوو نابم؟
رووداو: حەوت ساڵیشە وەزیریت.
کوێستان محەممەد: بەڵێ. ئەم 7 ساڵە بەقەدەر هەموو ژیانم ماندوو بووم، لەرووی جەستەیی و لە رووی دەروونیشەوە، کاتێک کار بۆ یەکێک ئەکەم ئەوەندە دڵخۆشم ماندووبوونەکەم ئەحەسێتەوە، ئەو رۆژە ماندوو و دڵتەنگم کە ناتوانم کار بۆ کەمئەندامێک بکەم، کە ناتوانم هاوکاری هەژارێک بکەم، ناتوانم مافی کرێکارێک وەرگرم، ئەو رۆژەی خزمەت دەکەم وا هەست دەکەم زۆر گەنجم.
رووداو: هیوادارم هەر بمێنیت. لە کابینەی داهاتووشدا هەر وەزیر دەبیت؟
کوێستان محەممەد: نامەوێت. یەکەم، گۆڕان ناچێتە حکومەت. ئەگەریش بچێت، من هیچ پۆستێکی حکومی وەرناگرم.
رووداو: زۆر سوپاس خاتوو کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
کوێستان محەممەد: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
رووداو: سوپاس بۆ ئێوەش بەڕێزان، خواتان لەگەڵ.

