رووداو دیجیتاڵ
یان کۆ، گەشتیارێکی چینییە و لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 سەردانی عێراقی کردووە، دەڵێت، لەو کاتەدا لە بابل گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی پێکراوە و بۆ یەکەم جار چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
یان کۆ باس لەوە دەکات، لە رۆژی 17ـی کانوونی یەکەم، پیاوێک بە بیانووی نیشاندانی شوێنەوار، بردوویەتییە "شوێنێکی تاریک و چۆڵ" و دەستدرێژیی کردووەتە سەری. هاوکات، لەلایەن کۆمەڵێک مێرمنداڵەوە بەردباران کراوە.
ئەو گەشتیارە چینییە ئاماژە بەوەش دەکات، لەبەر ئەوەی نەیدەزانی متمانە بە کێ بکات، سکاڵای تۆمار نەکردووە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ چین و لەسەر داوای هاوڕێ عێراقییەکانی، بڕیاری داوە بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: یان بەخێربێیت.
یان کۆ: سوپاس.
رووداو: کەی سەردانی عێراقت کرد و چەند رۆژ لە عێراق مایتەوە؟
یان کۆ: لە 2025/12/12 بۆ 2025/12/22 سەردانی عێراقم کرد. نزیکەی 10 رۆژ لەوێ مامەوە. ئەوە یەکەم جارم بوو بچمە عێراق.
رووداو: بە تەنیا هاتبوویت یان لەگەڵ گرووپی گەشتیاریدا بوویت؟
یان کۆ: لە گەشتەکەمدا چاوم بە گەشتیارێکی چینی کەوت. بۆیە کاتێک لە بابل بووم بە تەنیا نەبووم، لەگەڵ گەشتیارێکی چینیدا بووم. سەرەتا پێکەوە بووین، بەڵام چەند گرووپێکی جیاواز لە خەڵکی دەوریان داین. ئیتر لە یەکدی دابڕاین. پاشان پیاوێک یارمەتیی دام تا هەندێک لە کوڕەکان دوور بخاتەوە. لەبەر ئەمە، وام خەیاڵ کرد کە سکیوریتییە. بۆیە لام وا بوو دەتوانم متمانەی پێبکەم. هەر بۆیە... گوتی دەتوانێت چەند بەردێکی کۆنم نیشان بدات کە نووسینی ئاسیایییان لەسەرە. داوای لێ کردم شوێنی بکەوم. ئیتر بردمی بۆ شوێنێکی تاریک و چۆڵ. لەو کاتەدا، بە تەنیا بووم.
رووداو: ئەو رووداوە کاژێر چەند بوو؟ بە دروستی کەی بوو؟ چ رۆژێک بوو؟
یان کۆ: ببوورن، دەکرێت پرسیارەکە دووبارە بکەیتەوە؟
رووداو: لە دیمەنی یەکەمدا لە بابل کۆمەڵێک مێرمنداڵ لە دەوری تۆ بوون. ئەوە کاژێر چەند بوو؟ چ رۆژێک بوو؟
یان کۆ: ئەوە لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2025 رووی دا. دەوروبەری کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ چوومە نێو بابل و دەوروبەری کاژێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆ جێمهێشت.
رووداو: چەند مێرمنداڵ لە دەوری تۆ بوون کە دوات کەوتبوون؟ چییان پێ دەگوتیت؟ یان چییان دەکرد؟
یان کۆ: باشە.راستی، ژمارەی دروستیان نازانم چونکە تا دەهات منداڵ و مێردمنداڵی زیاتر لێم کۆ دەبوونەوە. سەرەتا زۆر رووخۆش دیار بوون، وێنەیان لەگەڵ دەگرتم، گوڵیان پێ دەدام و لە دەورم گۆرانییان دەگوت و هەڵدەپەڕین. هەرچەندە لە کۆتاییدا داوای گوڵەکانیان کردەوە. پاش ئەوەی لە شوێنە تاریکەکە هاتمە دەرەوە، کەسێک دەستی لە چاوەکانم دا. یەکەم جار نەمدی کێ بوو وای کرد. گشتیان گوتیان کە ئەوان نەیانکردووە. بۆیە لام وابوو لەوانەیە تەنیا رێکەوتێک بێت.بەڵام پاشان دووبارە روویدا، زیاتر لە سێ جار. وەک یارییەک سەیریان دەکرد، هەرکێ دەستی لێ بدامایە و نەگیرایە، ئەو دەیبردەوە. کاتێکیش هەوڵمدا بڕۆم، هەندێکیان شوێنم کەوتن و بەردیان تێدەگرتم. شتێکیشیان پێدەگوتم، بەڵام من عەرەبی نازانم، بۆیە تێنەگەیشتم چییان دەگوت.
رووداو: هەموو ئەمە چەندە بەردەوام بوو و کێ رزگاری کردیت؟ چۆن خۆت لەوێ دوورخستەوە؟
یان کۆ: بە دروستی نازانم چەندی خایاند. چونکە گەلێک شت یەک لە دوای یەک روویاندا. ترسام و تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە چۆن بە پارێزراوی ئەوێ جێبهێڵم. پاش ئەوەی بانگی یەکێک لەو کوڕانەم کرد کە دەستی لێ دام، ئیتر نەمویست درێژە بە گەشتەکەم بدەم. تەنیا دەمویست بڕۆم. منداڵەکان دیسانەوە دەستیان کردەوە بە بەرد تێگرتنم، بۆیە رامکرد. بەڵام لە رێگەی چوونەدەرەوەماندا، چاومان بە رێبەرێکی گەشتیاری کەوت. لێمان پرسی رێی دەرچوون لە کوێیە. ئەویش رێگەکەی نیشان داین و لەگەڵماندا هات. هەندێک لە منداڵەکان هەر وا شوێنم دەکەوتن و بەردیان تێدەگرتم. زۆر سوپاسگوزاری ئەو رێبەرەم. پاراستمی و یارمەتیی دام تاوەکو بە پارێزراوی دەربازببم.
رووداو: واتە یەکێک لەوان تۆی رزگار کرد تا بگەیتە لای پۆلیسەکان.
یان کۆ: بەڵێ، چاومان بە رێبەرێکی دیکەی گەشتیاری کەوت، بەڵێ، ئەو سەردانیکەر بوو. پێموایە خەڵکی عێراق بوو.
رووداو: باشە. تۆ دواتر ڤیدیۆیەکت بڵاوکردەوە و سوپاسی هاوکاریی خەڵکت کرد. لە هەمان کاتدا باسی رووداوێکی دیکەیش دەکەیت؛ دەڵێیت لەگەڵ فەرمانبەرێکدا بووە. ئەوە لە کوێ بوو و کەی روویدا؟
یان کۆ: چونکە لەگەڵ پیاوێکی دیکەی چینیدا چوومە ئەوێ، گەلێک مێردمنداڵ دەوریان داین و وایان کرد لێک داببڕێین. بۆیە چاوم بە پیاوێکی دیکە کەوت، پێی گوتم کە لەوێ کاردەکات. وادیار بوو زۆر شارەزای شتەکانی ناو بابلی کۆن بێت. هەر بۆیە... بەم جۆرە دووەم رووداو رووی دا.
رووداو: ئەو وەک کارمەندێک، وەک رێبەرێکی گەشتیاری خۆی ناسان یان چۆن؟
یان کۆ: ناسنامەکەیم نەدی، بەڵام پێی گوتم کە لەوێ کاردەکات. سەرەتا، یارمەتیی دام تا هەندێک لە کوڕەکان دووربخاتەوە. لەنێو شوێنەوارەکەدا بوو، وادیاریش بوو زۆر باش شارەزای شوێنەکە بێت. بۆیە بڕوام کرد کە پاسەوانە. هەر لەبەر ئەوە متمانەم پێکرد و رازی بووم شوێنی بکەوم.
رووداو: یان، ببوورە بۆ ئەو پرسیارە: دەستدرێژیی جەستەیی کردە سەرت یان هەوڵی دەستدرێژی بوو؟
یان کۆ: بە راستی، زۆرم پێویستە تاوەکو ئەوەی رووی دا لە بیری بکەم. زۆر بەئازارە، بیرەوەرییەکی زۆر بەئازارە. دەستەکانی خستە سەر کەمەرم و لە پشتەوە بەشی خوارەوەی جەستەی بە منەوە نووساند. هەوڵم دا لەسەرخۆ بم چونکە لە شوێنێکی تاریکدا بە تەنیا بووم. بیانوویەکم هێنایەوە. پێمگوت دەبێت هاوڕێ چینییەکەم بدۆزمەوە. ئیدی بە تەنیا رۆیشتم. لەو ساتەدا هیچ کەسێکی دیکە لەوێ نەبوو یارمەتیم بدات.
رووداو: چۆن خۆت رزگار کرد؟
یان کۆ: تەنیا گوتم دەبێت هاوڕێ چینییەکەم بدۆزمەوە. ئیدی تەنیا گوتم خوات لەگەڵ، ئیدی رامکرد. چونکە لە سەرەتادا گوتی دەتوانێت چەند بەردێکی دێرینم نیشان بدات کە نووسینی دێرینیان لەسەرە. بۆیە داوای لێکردم شوێنی بکەوم. بردمی بۆ شوێنێکی زۆر تاریک. کەسی دیکەی لێنەبوو. ناچار بووم گڵۆپی مۆبایلەکەم پێبکەم تاوەکو شت ببینم. جا لە مۆبایلەکەمدا ئەگەر گڵۆپەکەی پێبکەم، ئینجا ئەگەر بمەوێت کامێراکەم بکەمەوە، ئیدی نەمدەتوانی گڵۆپەکە بەکاربهێنم. هەر بۆیە هیچ بەڵگەیەکم بە دەستەوە نەبوو لە بارەی ئەوەی لە ناوەوە رووی دەدا. هەروەها، چاوەڕێم نەدەکرد هیچ کارێکی خراپ بکات. بۆیە ئامادە نەبووم. کاتێک زیاتر چووینە نێوەوە، داوای لێکردم سەیری شتێک بکەم لەسەر زەوییەکە. بۆیە دانەویمەوە بۆ ئەوەی مۆبایلەکەم بەکاربهێنم، گڵۆپی مۆبایلەکەم بەکاربهێنم تاوەکو سەیری بکەم. پاشان ئەو... پاشان هەستم کرد جەستەی لە پشتەوە پێمەوە نووساندووە. دەمتوانی گوێم لە هەناسەدانی بێت کە زۆر لێمەوە نزیک بوو. هەر وەک لامەوە بێت. ئەوە بوو زانیم، لە مەترسیدام. بۆیە تەنیا گوتم: "باشە، دەچم هاوڕێ چینییەکەم دەدۆزمەوە. دەبێت بڕۆم. خوات لەگەڵ." ئیتر رامکرد. ئەوە هەموو ئەو شتە بوو کە روویدا.
رووداو: دوای ئەوە چیت کرد؟ سکاڵات تۆمەر نەکرد؟ لەوێ پۆلیس هەبوون، هیچ لایەنێکی فەرمیی عێراقت ئاگادار نەکردەوە؟
یان کۆ: نەخێر. لەو کاتەدا کەسم ئاگادار نەکردەوە.
رووداو: بۆچی؟
یان کۆ: چونکە ئەو پیاوە خۆی لە کارمەندی سکیوریتی دەچوو. دوای ئەوەی ئەوە روویدا نەمدەزانی دەتوانم متمانە بە کێ بکەم و داوای یارمەتی بکەم. ترسابووم. هەروەها زمانی ئەوێیشم نەدەزانی. راستییەکەی، ئینگلیزی زمانی یەکەمی من نییە، بۆیە لەو کاتەدا یەکەم شت کە بە مێشکمدا هات ئەوە بوو بە پارێزراوی لێیدەربچم. بۆیە هەوڵم دەدا لە تەواوی گەشتەکەمدا ئەوە لەبیر بکەم کە روویدا. هەر بۆیە کەسم ئاگادار نەکردەوە.
رووداو: ئەی کەی بڕیارت دا ئەو ڤیدیۆیە بڵاوبکەیتەوە؟
یان کۆ: پاش ئەوەی گەڕامەوە ماڵەوە، پاش ئەوەی گەڕامەوە بۆ چین، پێویستیم بە هەندێک کات بوو تاوەکو تێبگەم و ئەوە هەرس بکەم کە روویدابوو. دواتر کاتێک دەستم کرد بە گێڕانەوەی چیرۆکی گەشتەکەم، بڕیارم دا لە بارەی ئەم ئەزموونەوە بدوێم. بە راستی، نەمویست بەردەوام بیر لەو گێچەڵە بکەمەوە چونکە بەڕاستی بێزارکەر و بەئازارە. بەڵام هاوڕێ کچە عێراقییەکەم پشتیوانییان کردم. پێی گوتم کە قسەکردن لە بارەیەوە دەتوانێت یارمەتیی ژنانی دیکە و گەشتیارانی ئافرەت بدات. جا من هەوڵم نەدەدا هێرش بکەمە سەر عێراق یان خەڵکی عێراق. پێم وانییە رەوا بێت لەبەر چەند کەسێک بڕیار لەسەر هەموو وڵاتێک بدرێت. پاش ئەوەی ڤیدیۆکەم بڵاو بووەوە، گەلێک لە خەڵکی عێراق نامەی میهرەبانانەیان بۆ ناردم و پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕیم. تەنانەت هەندێک کەس داوای لێبووردنیان لێکردم. هەرچەندە ئەوان خودی خۆیان هیچ هەڵەیەکیان نەکردبوو. بۆیە منیش گوتم: "ننا، داوای لێبووردن مەکەن، خەفەت مەخۆن، ئەوە خەتای ئێوە نییە."نامەکانیان بە راستی ئەوەیان پیشان دام کە گەلێک لە خەڵکی عێراق میهرەبان و دادپەروەرن و ئامادەن دەنگ هەڵبڕن کاتێک شتێک هەڵە بێت. هەروەها زۆر نامەم لە ژنانی عێراقییەوە پێ گەیشت. هەندێکیان ئەزموونی گێچەڵپێکردنی خۆیان بۆ گێڕامەوە. کاتێک چیرۆکەکانیانم خوێندەوە زۆر دڵم بۆیان سووتا. هەندێک ژن سوپاسیان کردم کە بێدەنگ نەمام و قسەم کرد. بە راستی، لام وانەبوو کە ئازا بم، بەڵام نامەکانیان گەلێک کاریان تێکردم، پشتیوانییان کردم، وایان لێکردم هەست بکەم هێز و خۆشەویستییەکی زۆرم لێیانەوە وەرگرتووە. جا میهرەبانی و پشتیوانیی خەڵکی عێراقیش یارمەتیی دام تاوەکو بەرگەی ئەم ئەزموونە بگرم. هیوادارم ئەمە بەرانبەر بە ژنانی عێراقی یان سەردانیکەرانی داهاتوو دووبارە نەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمە ئەم ئەزموونانەم گێڕایەوە.
رووداو: يان، ئامانجی تۆ لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە ئەوە بوو تۆ بەسەرهاتی خۆی بگێڕیتەوە یان دەتەوێت گوشار لە دەسەڵاتداران بکەیت کە رێکار بگرنە بەر؟
یان کۆ: نا، هیچ دەسەڵاتێکی عێراقی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی پێوە نەکردووم. بەڵام ئەگەر دەیانەوێت تێبگەن چی روویداوە، ئامادەم هەموو شتێک بە ڕاستگۆیی بڵێم و ئەو زانیارییانەی هەمە بیانڵێم. بەڵێ.
رووداو: ئەوان کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەیان دروست کردووە و تاوەکو ئێستا پەیوەندییان بە تۆوە نەکردووە؟
یان کۆ: نەخێر، پەیوەندییان پێوە نەکردووم.
رووداو: باشە تۆ وەک هاووڵاتییەکی چینی کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەت لە عێراق هەیە، تۆ هەوڵت نەدا لە رێگەی باڵیۆزخانەوە سکاڵا تۆمار بکەیت یان پەیوەندییەک دروست بکەیت؟
یان کۆ: نەخێر، پەیوەندیم بە باڵیۆزخانەی چینەوە نەکرد. نەخێر، پەیوەندیم بە هیچ دەسەڵاتێکی چینییەوە نەکرد، چونکە لەو ساتەدا تەنیا دەمویست بە پارێزراوی بڕۆم و درێژە بە گەشتەکەم بدەم. هەروەها دەمەوێت بە هێمنی و دادپەروەرانە لەبارەی ئەمەوە بدوێم. ئەوەی رووی دا هەڵە بوو، بەڵام نامەوێت خەڵکی لەبەر ئەمە رقیان لە عێراق یان لە خەڵکی عێراق ببێتەوە. پاش ئەوەی ئەزموونەکەم گێڕایەوە، گەلێک لە خەڵکی عێراقیش نامەی میهرەبانانەیان بۆ ناردم و پشتیوانییان کردم. ئەوان گەلێک دڵگەرم و میهرەبان و میواندۆستن. هەڵسوکەوتی کوڕەکان ترساندمی و ئازاری دام، ئەوە راستە، بەڵام ئەوان لە من گەنجترن. هیوادارم بتوانن پەند لەمە وەربگرن و گەورە ببن تاوەکو ببنە کەسانێکی پێگەیشتووی میهرەبان و بەرپرسیار.کردەوەی چەند کەسێک نوێنەرایەتیی گشت خەڵکی عێراق ناکات. بۆیە زۆربەی ئەو عێراقییانەی لە ئینتەرنێت پێیان گەیشتووم، زۆر میهرەبانن لەگەڵمدا.
رووداو: ئێستا دەتەوێت بە فەرمی سکاڵا تۆمار بکەیت؟
یان کۆ: پێم وا نییە بیکەم، چونکە پێم وا نییە بەڵگەی تەواوم بە دەستەوە بێت، چونکە ئەوەی لەناو شوێنە تاریکەکەدا رووی دا، ڤیدیۆم نەگرت. چونکە گڵۆپی مۆبایلەکەم بەکاردەهێنا. نەمدەتوانی لە هەمان کاتدا تۆماریشی بکەم. بەڵێ.
رووداو: ئێستا تەندروستیی تۆ باشتر بووە و دەروونیشت باشترە؟
یان کۆ: بەڵێ. سوپاس بۆ خەڵکی عێراق. ئەوان زۆر پشتیوانییان کردم. هەست بە باشییەکی زۆر دەکەم. سوپاس.
رووداو: هەردەم تەندروست و پارێزراو بیت. زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ میوانی رووداو بوویت و بەسەرهاتی خۆتت لە رێگەی رووداوەوە گێڕایەوە. زۆر سوپاس بۆ تۆ یان کۆ، گەشتیاری چینی کە لە چینەوە میوانی ئێمە بوویت.
یان کۆ: زۆر سوپاس.



