رووداو دیجیتاڵ
فەرحان ئەلعۆوەیس، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ئاوی حەسەکە رایگەیاند کە وێستگەی عەلۆک، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەیە بۆ شارەکە، ئێستا بە 40%ی توانای خۆی کار دەکات و رۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرەو حەسەکە پەمپ دەکرێت. هەر بۆیە هەموو گەڕەکێکی شارەکە هەفتەی جارێک ئاو وەردەگرێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە نالین حەسەن کردوویەتی، ئەلعۆوەیس گوتی کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە وێستگەی عەلۆک بەردەوامن و ئەوان هیواخوازن تا کۆتایی ساڵ بگاتە تەواوی توانای خۆی. ئامانجیان ئەوەیە کاتی دابەشکردنی ئاو بەسەر گەڕەکەکاندا کەم بکەنەوە و بکرێتە هەر 2 یان 3 رۆژ جارێک.
سەبارەت بە یەکخستنی دەزگاکانی ئاوی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پێشوو، ئەلعۆوەیس ئاماژەی بەوە دا، کە پرۆسەکە کۆتایی هاتووە و نزیکەی 700 بۆ 800 کارمەند لە ناو دەزگای نوێدا یەکخراون و هیچ کەسێک لە کارەکەی دەرناکرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەڕێز فەرحان، بە خێر هاتیت بۆ سەر شاشەی رووداو.
فەرحان ئەلعۆوەیس: بە خێر هاتیت خانم نالین، سڵاوم هەیە، سوپاس بۆ میوانداریکردنتان.
رووداو: با لە دۆخی کارکردنی ئێستای وێستگەی عەلۆکەوە دەست پێ بکەین، دۆخەکە چۆنە و بڕی ئەو ئاوەی بەرەو شاری حەسەکە و لادێکانی پەمپ دەکرێت چەندە؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: ئەگەر باس لە وێستگەی ئاوی عەلۆک بکەین، وەک ناساندن، نزیکەی تەنیا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە بۆ شاری حەسەکە و بەشێک لە لادێکانی. وێستگەکە لە پێش 7 مانگەوە دەست بە کار بووە و هێشتا کار دەکات. کۆمپانیای گشتیی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوی مانگی سوور و رێکخراوی یونیسێف، کارى چاککردنەوەیان ئەنجام دا. وێستگەکە نۆژەن و چاک کرا، ئێستا بە شێوەیەکی ناتەواو کار دەکات، چونکە کار هێشتا لەم وێستگەیەدا بەردەوامە. وێستگەکە ئێستا بە 40%ی توانای گشتیی خۆی کار دەکات و کارەکان بەردەوامن تاوەکو دەگاتە تەواوی توانای خۆی.
رووداو: بەڕێز فەرحان، چەند کات پێویستە بۆ گەیشتن بە تەواوی توانای کارکردنی وێستگەی عەلۆک؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: کارەکان لە ئێستاوە تا کۆتایی ساڵ بەردەوامن، ئێمە هەوڵ دەدەین بگەیەنینە 100%ی توانای کارکردنی وێستگەی عەلۆک، چونكە کارەکان لە راستیدا دابەش دەبن بەسەر دوو بەشدا: کارەکانی چاککردنی ئامێرەکان، پەمپە هەنووکەییەکان، ترانسفۆرمەرەکانی کارەبا، پەمپە نوقمبووەکان و 34 بیر. وەک چۆن زۆرینەی چاودێران دەزانن، وێستگەی عەلۆک لە 34 بیر و 12 پەمپی ئاسۆیی پێکهاتووە، کە ئێستا لە دوا یەک ئەوانە چاک دەکەین تاوەکو لە کاتی چاککردنەوەدا دەگەینە تەواوی توانای کارکردنی وێستگەکە.
بەشی دووەمیش گۆڕینە، کە ئەو ئەو شتەیە کە زۆر پشتی پێ ببەسترێت بۆ ئەوەی وێستگەکە بە تەواوی باش ببێت و توانای خۆی بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوەی لە راستیدا ئامێرە هەنووکەیییەکانی کە ئێستا کۆمپانیا لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چاکیان دەکاتەوە، بە راستی ئامێری کۆن و رزیون و پێویستیان بە گۆڕین هەیە. پرۆسەی گۆڕین بەردەوامە، پرۆسەی کڕین بەردەوامە و هەموو پەمپ و ترانسفۆرمەرە پێویستەکان بۆ کارکردنی وێستگەی ئاوی عەلۆک دەگۆڕدرێن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە لە چاککردنەوەدا بەردەوام دەبین.
رووداو: بەڕێز فەرحان، چەند ئاو ئێستا بەرەو شاری حەسەکە و لادێکانی پەمپ دەکرێت؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: ئێستا بڕی ئەو ئاوەی لە هەر خولێکدا پەمپ دەکرێت، رۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجایە، کە کۆمپانیا پەمپی بکات، واتە بە حیساب رۆژانە 30 ملیۆن لیتر بەرەو شاری حەسەکە پەمپ دەکرێت. حەسەکە بەپێی دۆخی ئێستا و توانای ئێستای وێستگەکە، بەسەر 7 خولی پەمپکردندا دابەش کراوە، بۆ ئەوەی هەر گەڕەکێک هەفتەی جارێک ئاو وەردەگرێت، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئامانجی ئێمە کەمکردنەوەی ماوەکانی نێوان خولێک و ئەوی دیکەیانە، بۆ ئەوەی لە کاتی داهاتوودا ماوەی 7 رۆژ نەمێنێت، ئێمە هەوڵ دەدەین بە کەمتریشەوە هەر 2 یان 3 رۆژ جارێک هەر گەڕەکێک ئاوی بۆ بچێت.
رووداو: بەڕێز فەرحان، با بێینە سەر بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە دەزگای گشتیی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ لە حەسەکە، ئایا دووبارە رێکخستنەوەی دەزگاکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: سوپاس بۆ خوا دەتوانین بڵێین کە لە کۆمپانیای ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆدا هەنگاوی پێشکەوتوو نراون. تیمێکمان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دۆزییەوە، تیمێکی زۆر باش، تیمێکی تێگەیشتوو، ئێمە بەیەکەوە هاوکاری و هەماهەنگیمان کرد. لە راستیدا ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کە ئەم کۆمپانیایە خزمەتگوزارییە و پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە، دەبێت بێ چاوەڕوانبوونی کۆتاییهاتنی فەرمیی پرۆسەی یەکگرتن واتە ئینتیگراسیۆن بەردەوام بن. هەر بۆیە بە ئاشکرا، بۆ کۆمپانیای ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ، لەسەر زەوی هەنگاوی زۆر پێشکەوتوومان لە بابەتی یەکگرتنی فەرمی ناوە.
رووداو: ئایا ئەم پرۆسەیە پێکهات و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پێشوو لەناو دەزگای ئاوی حەسەکەدا یەکخران؟
فەرحان ئەلعۆوەیس : بە راستی ئێمە لە پێش خۆماندا تیمێکی تەکنیکیی تێگەیشتوومان دۆزییەوە و ئەمەش زۆر یارمەتی دایین. سوپاس بۆ هاوکارەکانمان کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە کۆمپانیای گشتیی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ. پرۆسەی یەکگرتن هێشتا بەردەوامە و تەنها لە چاوەڕوانی واژۆکردنی هەندێک کاغەزی فەرمیدایە، بەڵام لەسەر زەوی، هەردوو تیمەکە یەکن و هەر تیمێک تیمەکەی دیکە تەواو دەکات. رۆڵی هیچ کەسێک هەڵنەوەشایەوە، تیپی حکومەت تیپی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری تەواو کرد و هاوکاریی کرد. ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێ نەکرد، بەڵام دەتوانین بڵێین کە لەو شوێنەوە دەستمان پێ کرد، کە ئەوان لەوێدا کۆتاییان پێ هێنابوو. بەڕێوەبەرە پێشووەکانی کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوون، زۆر هاوکار بوون لەگەڵ کۆمپانیاکەدا، سوپاس بۆ ئەوان. من لە رێگەی کەناڵەکەتەوە سوپاسی هەموویان دەکەم، لەبەر ئەوەی لە راستیدا، ئەوان کارى کۆمپانیای گشتیی ئاوی خواردنەوە و ئاوڕۆیان زۆر ئاسان کرد، بە توانای زۆر زۆر کەم، گەیشتینە خزمەتگوزارییەک کە لە تواناکانی ئێمە زۆر زیاتر بوون.
رووداو: ژمارەی کادر و کارمەندانی کە تا ئێستا یەکخراون چەندە؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: بە راستی ژمارەکان بە شێوەیەکی ورد لە لای من نین.
رووداو: بە خەمڵاندن بەڕێز فەرحان؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: مەزەندە دەکەم کە نزیکەی 700 بۆ 800 کەس بێت.
رووداو: هیچ کەسێک لە دەرەوەی پرۆسەکانی یەکگرتن نامێنێتەوە؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: نا نا، بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلای من هەن، بێگومان لیژنەیەکی وەزاری و لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەن، کە بە تەواوی بەرپرسیارن لە پرۆسەکە، بۆیە زانیاریی ورد بە راستی لە لای ئەوانە. ئەوان ئێمەیان بۆ کارە تەکنیکییە پەتییەکەمان هێشتەوە، ئێمە و تیپی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەڵام کاروباری ئیداری و یەکگرتن بە تەواوی لە دەستی ئەواندا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک زانیاری دەگاتە دەستمان کە پێویستیی کۆمپانیا بە هەموو کەسێک هەیە و کۆمپانیا دەتوانێت هەموو کەسێک لە خۆ بگرێت، ئینشاڵڵا هیچ کەسێک لە کارەکەی دەرناکرێت.
رووداو: دیارترین پرۆژەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە کە دەزگا ئێستا کاری لەسەر دەکات چین؟ ئایا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا هەیە؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: دیارترین کارەکان بۆ کۆمپانیای ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ لە پارێزگای حەسەکە بێگومان گەورەترین پرۆژەیە، کە ئەویش پرۆژەی وێستگەی عەلۆکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و رێکخراوی یونیسێف، بۆ گۆڕینی هەموو ئامێرەکان و نۆژەنکردنەوەی وێستگەکە بە تەواوی. ئەم کارە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
کارەکانی چاککردنەوە لە شاری قامیشلۆ، لە وێستگە سەرەکییەکانی شارەکە، لە وێستگەی هێلیلە، لە وێستگەی جەقجەق، لە وێستگەی عەوێجە دەکرێن. ئێستا کۆمپانیا داوای پارەیەکی باشی کردووە بۆ ئەوەی پرۆژە ماوەکانی دیکەی پارێزگای حەسەکە بگرێتەوە، جا با بۆ هێڵی فورات بێت، لەبەر ئەوەی کێشەی ئاو لە حەسەکە سێ تەوەر یان سەرچاوەن، کە ئەمانەن: یەکەم، وێستگەی ئاوی عەلۆک کە حەسەکە و بەشێک لە لادێکانی حەسەکە تێر دەکات. وێستگەی دووەمی گەورە سەفان و وێستگەی هێلیلە، جەقجەق و عەوێجەن، کە قامیشلۆ و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ تاوەکو مالیکییە بە ئاوی خواردنەوە تێر دەکەن. هێڵی سێیەم لادێکانی باشوورە، کە ئەو بە راستی گەورەترین کێشەی ئێستایە، ئێستا بە تەواوی پشت بە وێستگەی پاککردنەوە دەبەستێت، چاوەڕێی دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی هێڵی فورات دەکات بۆ ئەوەی لادێکانی باشووری حەسەکەش بە ئاو تێر ببن.
بە کارخستنی ئەم سێ تەوەرە یان ئەم سێ سەرچاوەی ئاوە بۆ حەسەکە، 80 بۆ 90%ی کێشەی ئاو لە حەسەکە کۆنتڕۆڵ دەکەین. زۆر ناوچە هەن، لەبەر ئەوەی ئێمە 913 بیری ئاوی خواردنەوەمان لە حەسەکە هەیە، کە ئێستا رۆژانە ئەوانە چاک دەکەین و نۆژەنیان دەکەینەوە و دەیگەڕێنینەوە خزمەت، بۆ ئەوەی گوند و کێڵگەکانی لادێکانی حەسەکە بە ئاوی خواردنەوە تێر بکەین.
رووداو: ئێستا چەند بیر لە خزمەتدا هەن؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: بە خەمڵاندن لە نێوان 60 تا 70%ی بیرەکان لە خزمەتدان و دۆخەکە رۆژانە دەگۆڕێت.
رووداو: لە چەند بیرەوە، بەڕێز فەرحان؟
فەرحان ئەلعۆوەیس: بیرەکانی لادێکان 913 بیرن.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تو بەڕێز فەرحان ئەلعۆوەیس، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ئاوی حەسەکە، تۆ میوانم بوویت لە شاری حەسەکە.
فەرحان ئەلعۆوەیس: بە خێر هاتیت، سوپاس بۆ تۆ خانم، سوپاس بۆ کەناڵەکەت، سڵاوم هەیە.



