رووداو دیجیتاڵ
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، راگەیاندنی یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە بە قۆناخی یەکەم ناودەبات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پێشمەرگە بەتەواوی لە هەژموونی حیزب دەربهێندرێت؛ هاوکات ئاشکراشی دەکات لەدوای ئەم خولە هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومی وەرناگرێتەوە.
مستەفا سەید قادر لە هەڤپەیڤینەکەی دا کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆی سلێمانی لەگەڵی کرد و لە بوڵتەنی 10:00ـی رووداو دا بڵاوکرایەوە، گوتی: "یەکخستنی پێشمەرگە کاری یەکەم و لەپێشینەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو لەم خولە دا، بەڵام ئەمەی راگەیێندراوە قۆناخی یەکەمە و کاری زۆرتری دەوێت تاوەکو پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانیی سەرتاسەری و لە چوارچێوەی حیزب دەربهێندرێت؛ چونکە هەتا مەڵبەند و مەکتەبی عەسکەریی حیزبەکان بمێنن، پێشمەرگە بەتەواوی لە حیزب دانابڕێت."
سەبارەت بە رەخنەکان لە گۆڕینی ناوی یەکەکانی 70 و 80 بۆ دەڤەری یەک و دوو لەژێر فەرماندەیی کەسایەتییە حیزبییەکان، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "راستە فەرماندەکانیان کەسانی حیزبین، چونکە لە حکومەتیش دا پۆستەکان حیزب دیارییان دەکات، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دەسەڵات لە دەڤەرەکان نەماوە و هێزەکان و بودجەکانیان خراونەتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە و دەبێت تەنیا فەرمان لە وەزارەت وەربگرن."
دەستخۆشیشی لە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە کرد بۆ قەدەخەکردنی وەرگرتنی ئابوونەی حیزبی لەنێو پێشمەرگە دا و بە هەنگاوێکی ئەرێنیی دانا. هاوکات رەخنەی لە سیستمی وەرگرتنی ئەفسەران لە کۆلێژە سەربازییەکان گرت کە بە پشتگیریی حیزبی دەکرێت و داوای کرد سیستمی وەرگرتن بکرێتە نیشتمانی تاوەکو هەموو هاووڵاتییەک مافی بوون بە پێشمەرگەی هەبێت.
لەبارەی ئەو هێزە تایبەتانەی کە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن و سەر بە بەرپرسانن، مستەفا سەید قادر گوتی: "ئەو هێزە تایبەتانەی بەرپرسان هەیانە و لە حکومەت مووچە وەردەگرن، لەدەرەوەی ئەم پرۆسەیەن؛ پێویستە لە کابینەی نوێ دا ئەم دیاردەیە کۆتایی پێبهێندرێت و هەموو هێزەکان بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ."
لەوەڵامی پرسیارێک دا سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی خۆی، مستەفا سەید قادر، کە پێشتر وەزیری پێشمەرگە و لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، رایگەیاند: "لەدوای تەواوبوونی ئەرکەکەم وەک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەمێنمەوە، بەڵام لە هیچ حیزب و حکومەتێک دا پۆست وەرناگرم؛ چونکە سنوورێک هەیە بۆ بەردەوامبوونی مرۆڤ و پێدەچێت ئێمە کاتی خۆمان زیادەڕۆییمان لە کارکردن دا کردبێت."
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
رووداو: دەتوانین بڵێن بەتەواوی هێزی پێشمەرگە یەکیگرتووەتەوە؟
مستەفا سەید قادر: دەتوانین بڵێین ئەم یەکخستنەوەیەی هێزی پێشمەرگە قۆناخی یەکەمە، لە داهاتوودا قۆناخی دیکەش دەبێت، ئەم قۆناخە بە چەند هەنگاوێک دا تێپەڕیوە، زۆر دەمێکە هەوڵ هەیە لەلایەن پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەلای منەوە ئەم قۆناخە سەرەتاییە، بەڵام باشە.
رووداو: لەدوای ئەم قۆناخە چاوەڕێی چی بکەین؟
مستەفا سەید قادر: شتی دیکە ماوە، بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و بۆ ئەوەی بیکەین بە هێزێکی کوردستانی و لە چوارچێوەی حیزب دەریبهێنین، چونکە هەتاوەکو مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە، یان مەکتەبی رێکخستنی پێشمەرگە هەبێت، لەلایەک بۆ یەکێتی و لەلایەکی دیکە بۆ پارتی، پێشمەرگە هەر لە چوارچێوەی حیزب دا دەبێت، بەڵام حکومەتیش حیزب رۆڵی تێیدا هەیە، سەرەڕای ئەوەش ئەمە هەنگاوێکی باشە، چونکە یەکخستنەوەی پێشمەرگە بابەتێک بووە رای گشتیی لەسەر دروستبووە، پێشتریش ئێمە ئۆپۆزیسیۆن بووین و پڕۆژەمان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە هەبوو، ئەوکاتەش کە من لە وەزارەتی پێشمەرگە بووم، هەروەها لەناو پارتی و یەکێتیش هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە هەبوو، دواتریش کە ئێمەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووین و کاک نێچیرڤان بارزانی بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و من و کاک شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بووینە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەوڵماندا پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بکەینە کاری یەکەم و لەپێشینەمان، ئەمەش بێگومان بە هاوکاری حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و پارتی و یەکێتی کاری بۆ کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەشمان ئامادە کرد و کاری لەسەر کرا، جگە لەوەش هاوپەیمانان زۆر گوشاریان هەبوو، کاری زۆریشیان کرد بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، هاوکاری و مەشقی بەردەوامیان بۆ پێشمەرگە هەبوو.
رووداو: بابەتی کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەوە بوو کە پێشمەرگە یەکبخرێتەوە؟
مستەفا سەید قادر: نا ئەوە بابەتێکی جیاوازە.
رووداو: ئەی ئەمریکا چۆن گوشاری دەکرد؟
مستەفا سەید قادر: یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەسەڵات بۆ هەرێمێکی وەک ئێمە کە لەناو عێراق داین، بوونی هێزە، هێزیش پێویستی بە رێکخستن، چاکسازی، مەشق، چەک و پێداویستییە، دەبێت هەموو کەسێک بتوانێت لەنێو ئەو هێزە دا کاربکات، نەک ئەندامی دوو حیزب کاری تێدا بکەن، ئەوان کاریان دەکرد بۆ ئەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی حیزب بێنە دەرەوە و لە چوارچێوەی حکومەت دا کاربکەن، ئێستا هێزەکان خراونەتە چوارچێوەی حکومەت، بەڵام کاری دیکەی زۆر ماوە.
رووداو: ئەو بەربەستانەی پێشتر لەبەردەم یەکخستنەوەی هێزەکان دا هەبوون نەماون؟ ئایا ئاماژەی بەحیزبیبوونی پێشمەرگە نامێنێت؟
مستەفا سەید قادر: دەبێت هیچ ئاماژەیەک بۆ بەحیزبی بوونی پێشمەرگە نەمێنێت، دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین دوای ئەم هەنگاوە چی روودەدات، گوێم لێ بوو کاک شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە گوتی، وەرگرتنی ئابوونە لەنێو پێشمەرگە نەماوە، ئەگەر وابێت، کارێکی باش کراوە، ئەوەش هەنگاوێکە لە چوارچێوەی هاتنە دەرەوەی حیزب لەناو هێزەکانی پێشمەرگە، ئەگەر مەڵبەندی پێشمەرگە و رێکخستنەکانیش لەناو هێزەکانی پێشمەرگە نەمێنن ئەوەش کارێکی باشە، بەڵام پێشمەرگە کاتێک دەچێتەوە ماڵەوە و لە ئەرکدا نییە، ئاساییە و ئازادە و دەتوانێت وەک هاونیشتمانییەک کاری حیزبی خۆی بکات.
رووداو: ئێمە ئەوە دەبینین پێشمەرگەیەکی خەڵکی بادینان بچێتە هەورامان، یان پێشمەرگەیەکی خەڵکی سلێمانی بچێتە دهۆک؟
مستەفا سەید قادر: ئێمە پێشمەرگەمان بینیوە لە هەموو ناوچەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، هیچ گلەییەک لەسەر پێشمەرگە نییە، تەنانەت فەرماندەکانیش کەمتەرخەمییان لەو کارە نەکردووە، ئەگەر سەرنج یان گلەییەک هەبێت دەبێت لە لایەنە سیاسییەکان بکرێت، چونکە ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، بۆ یەکخستنی پێشمەرگە و نەمانی جیاوازییەکان، هەموو کارێک دەکرێت، ئەگینا ئێستاش پێشمەرگەی ناوچە جیاوازەکان دەبینین، وەکو ئەرکی سەرشانیان، هێزەکانی پێشمەرگە لە هەموو ناوچەکان کاری باشیان جێبەجێ کردووە.
رووداو: دەگوترێت هێزەکانی پێشمەرگە لە 70 و 80ـەوە ناوەکانیان گۆڕاوە و ئەمە بۆ رازیکردنی هاوپەیمانان کراوە؟
مستەفا سەید قادر: راستە ناوی هێزەکان گۆڕاوە، بەڵام ئەوە کارێکی باشە و گرنگ ئەوەیە کە هێزەکان خراونەتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە، مووچەکانیشیان سەر بە وەزارەتی داراییە، جاران بودجەکەیان دەچوو بۆ هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە، لە کابینەی پێشووی حکومەتیش بڕیارێک هەبوو بۆ ئەوەی یەک یەکەی ژمێریاری دروست بکرێت و لەو چوارچێوەیە دا مووچە و بودجەیان رێکبخرێتەوە، ئەو کات جێبەجێ نەبوو، بەڵام ئەمەی ئێستا کارێکی باشە. لە کابینەکانی پێشتر چەند لیوایەکی هاوبەش دروستکران کە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، بەڵام ئێستا هەموویان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە.
رووداو: فەرمان وەرگرتن لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەبێت؟
مستەفا سەید قادر: دەبێت وابێت.
رووداو: بەڵام فەرماندەی هەردوو دەڤەرەکە کەسانی حیزبین؟
مستەفا سەید قادر: بەڵێ وایە بێگومان، چونکە لە حکومەتیش دا پۆستەکان حیزب دیاری دەکات، ئەو کەسەی پێشتر فەرماندەی هێزەکانی 80 بوو ئێستا بووەتە فەرماندەی دەڤەری یەک، ئەو کەسەی پێشتر فەرماندەی هێزەکانی 70 بوو، ئێستا بووەتە فەرماندەی دەڤەری دوو، بەڵام ئەوە باشە کە ئێستا ئەم دەڤەرانە خراوەنەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، بە بۆچوونی من ئەمە دەستپێکێکی باشە.
رووداو: ئێوە پێشتر لەناو بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەتان هەبوو بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، ئەمە لەگەڵ پڕۆژەکەی ئێوە یەکدەگرێتەوە؟
مستەفا سەید قادر: نەخێر ئەمە پڕۆژەکەی ئێمە نییە، ئەوەی ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان باشتر بوو، ئێمە دەمانەوێت پێشمەرگە ببێتە هێزێکی کوردستانی، دەبێت بەبێ پشتگیری حیزبی، هەر کەسێک ویستی ببێت بە پێشمەرگە لەناو هێزەکان دا وەربگیرێت، کەی ئەمە جێبەجێ بوو ئەو کاتە هێزێکی تەواو یەکگرتوومان هەیە.
رووداو: لە کۆلێژەکانی سەربازی پرسیار حیزبیبوون لەو کەسانە دەکرێت کە دەبنە ئەفسەر؟
مستەفا سەید قادر: یەکەی 70 لە یەکێتی و یەکەی 80 لە پارتی پێکهاتووە، ئێستاش ئەوەی من بیزانم ئەو کەسانەی لە کۆلێژی سەربازی وەردەگیرێن دەبێت پشتگیری حیزبییان هەبێت، بەڵام دەبێت ئەمە کۆتایی بێت، ئەو پڕۆژانەش کە ئێمە هەمانبوو وەک گۆڕان، بۆ ئەوە بوو بەشێک لە پێشمەرگە کۆنەکان، خانەنشین بکرێن و ژیانیان دابین بکرێت، بەڵام لە بەرامبەر دا، هێزێکی نوێی سەربازی پڕۆفیشناڵ لە رووی راهێنان و چەک و تواناوە دروست بکرێت، تاوەکو ئێستا داعش لە ناوچەکەدا جموجۆڵی هەیە و مەترسی هەیە، بۆیە پێویستمان بە هێزێکی تۆکمەیە.
رووداو: هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کۆتایی دێت، ئایا ئێستا پێشمەرگە هێزێکی تۆکمەیە کە پێویستی بە هاوکاری نەبێت؟
مستەفا سەید قادر: بێگومان پێشمەرگە ئێستا پێویستی زۆری بە هاوکاری هاوپەیمانان هەیە، ئەوەی پێشتر کرا لە راهێنان و پێداویستییەکان و هاوکارییەکانەوە، بەردەوام پێشمەرگە پێویستی پێیەتی، چونکە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان کێشەی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەیە، بەڵام بەگوێرەی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و ناوی لە دەستوور دا پاسەوانی سنوورە، جاران ئەگەر بیانوو هەبوو کە پێشمەرگە لەژێر چەتری حکومەت دا نەبوو، ئێستا ئەو بیانووە نەماوە و پێویستە مووچەی پێشمەرگە هاوتای سەربازی عێراقی بێت.
رووداو: هاوپەیمانان بۆچوونیان چییە لەسەر هاوکارییەکان دوای یەکگرتنەوەی پێشمەرگە؟
مستەفا سەید قادر: هاوپەیمانان لەسەر یەکخستنەوەی پێشمەرگەیان پێ باشە، بەڵام دوای راگەیاندنی یەکخستنەوەی پێشمەرگە نوێنەری هاوپەیمانانمان نەبینیوە، وەک باسم کرد، قۆناخێکی قورس تێپەڕێندراوە، بەڵام دەبێت کار بۆ قۆناخی داهاتوو بکەین، بۆ ئەوەی ئەو هێزی پێشمەرگەیە دروست بکەین کە پێویستە بۆ داهاتووی کوردستان.
رووداو: بابەتی هاوتاکردنی پێشمەرگە چی بۆ کراوە؟
مستەفا سەید قادر: پێویستە مووچەی پێشمەرگە هاوتای عێراق بکرێت، ئێستا هەوڵێک هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوەی هاوتای سوپای عێراق بکرێت، بەڵام هیچ شتێک گرێنتی نییە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئەمە لە بودجەی ساڵی 2027 جێگەی دەکرێتەوە یان نا.
رووداو: پێشتر دەگوترا کە پێشمەرگە لە دەنگدانی تایبەت دا بەکاردەهێنرێت و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن هەیە، ئەوە نامێنێت؟
مستەفا سەید قادر: کاریگەری پێشمەرگە لەسەر دەنگدان هەر دەمێنێت، پێشتریش هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە خودی حیزبەکان بەکارهاتووە، بەڵام یەکخستنەوەی پێشمەرگە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە دەبێت.
رووداو: کۆمەڵێک هێزی دیکەی تایبەت و کەسی هەن، ئەوانەش لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دا دەبێت؟
مستەفا سەید قادر: ئەو هێزانە لە دەرەوەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەن، بەرپرس هەیە هێزی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمانە هەموویان مووچە لە حکومەت وەردەگرن، بەڵام پێویستە ئەمە کۆتایی بێت و هەموو هێزەکان یەکبخرێنەوە، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش بن، دەبێت پرسی ئەو هێزانەش لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا یەکلایی بکرێتەوە، هەوڵەکانیش لە رابردوو بۆ ئەوەبوون سەرجەم هێزەکان یەکبخرێنەوە.
رووداو: هەوڵ هەیە هێزی لایەنەکانی دیکەش بخرێتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە؟
مستەفا سەید قادر: ئاگاداری بابەتێکی لەوشێوەیە نیم، بەڵام چۆن هێزەکانی سەر بە پارتی و یەکێتی یەکخرانەوە، پێویستە هێزی لایەنە سیاسییەکانی دیکەش یەکبخرێنەوە و جیاوازی لە بابەتەکەدا نەکرێت.
رووداو: لەدوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاری سیاسی و حکومی دەکەیت؟
مستەفا سەید قادر: نەخێر، وەک کەسایەتییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەمێنمەوە، بەڵام لە حیزب و حکومەت دا پۆست وەرناگرم، چونکە سنوورێک هەیە بۆ بەردەوامبوونی هەر کەسێک، لەوە دەچێت ئێمە زیادەڕۆییمان کردبێت لە کارکردن دا.

