رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئارادا نییە و لە 30ـی ئەیلوول ئۆپەراسیۆنەکانیان کۆتایی دێت؛ لەبارەی چەکی میلیشیاکانیش دەڵێت، لێکتێگەیشتنی جیدی هەیە و پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک بە خێرایی کۆتایی پێدێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگی لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان، چەکی گرووپە چەکدارەکان، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، و داهاتووی پێشمەرگە دایەوە.
سەباح نوعمان رایگەیاند: "وادەی کشانەوە جێگیرە و هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی نییە. لە 30ـی ئەیلوولی 2026 کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی کۆتایی دێت و بەمەش ئۆپەراسیۆنی 'ئیرادەی پۆڵایین' و ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق تەواو دەبێت."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردەوە کە هێزە عێراقییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان و حکومەت هیچ نیگەرانییەکی ئەمنی نییە لە دوای چوونی هاوپەیمانان.
سەبارەت بە چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکان، نوعمان گوتی: "کۆکردنەوە یان رێکخستنی چەک بڕیارێکی سەروەرییە. ئێستا لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەگەڵ لایەنەکان هەیە؛ تەنانەت گرووپی گەورە هەن چەکەکانیان رادەست کردووە و بارەگاکانیان داخستووە."
ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە رەتکردنەوەی رادەستکردنی چەک دەکەن لەلایەن هەندێک گرووپەوە و گوتی: "ئەوانەی باس دەکرێن تەنیا دزەپێکردنی سۆشیال میدیان. تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بڕیاری رادەستکردنی چەکی رەتنەکردووەتەوە، چونکە بڕیارەکە عێراقییە و دەبێت بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا بەدەست فەرماندەی گشتییەوە بێت؛ دوای 30ـی ئەیلوول هەنگاوەکان دەردەکەون."
لەبارەی بەردەوامیی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانیان، سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوەکان لە ئاستێکی بەرزی نهێنیدان و لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، کاتێک تەواو بوون دەخرێنە بەردەم رای گشتی و دەستدرێژیکاران رادەستی دادگە دەکرێن.
سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش سەباح ئاشکرای کرد: "گرێبەستمان لەگەڵ ئەمریکا، کۆریای باشوور و تورکیا کردووە بۆ کڕینی سیستەمی زۆر پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و راداری مامناوەند و دوورمەودا. ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی عێراق، و سیستەمی بەرگریی ناوەندی ئاسمانی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دەپارێزێت بەبێ هیچ جیاوازییەک."
سەباح نوعمان دڵنیایی دا کە دوای جێگیرکردنی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپا، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان سنوورەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا نەماوە و رێگە لە هەر جموجۆڵێکی پاشماوەکانی داعش گیراوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس. با لە بابەتی داهاتووی عێراقەوە دەستپێبکەین، ئایا عێراق ئامادەیە بۆ قۆناخی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی؟
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق: زۆر سوپاس، سڵاو بۆ تۆ و بۆ کارمەندان و بینەرانی کەناڵی رووداو، سوپاس بۆ ئەم میواندارییە، راستییەکەی ئەو خشتە و کاتانەی دامانناوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و دیدگەیەکی تەواو بۆ ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئاڵنگارییەکانی داهاتوو و مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان دانراون. لەبەر ئەوە کاتێک ئەم وادانە دیاریکران، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو گیران و کاتەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەلایەن لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازیی باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بووە کە لایەنی پیشەییان لەبەرچاو گرتووە لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان لە عێراق، لەبەرئەوە دوو وادە هەبوون بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان: یەکەمیان لە 30ـی ئەیلوولی 2025 بوو تێیدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەموو بنکە و سەربازگەکانی نێو شارەکانی عێراق کشانەوە جگە لە هەرێمی کوردستان، دوای دوو رۆژی دیکەش پەنابەخوا لە 30ـی ئەیلوولی 2026 کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تەواو دەبێت و بەمەش ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین" کۆتایی دێت و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق تەواو دەبێت.
رووداو: حکومەتی عێراق زیاتر بە چی نیگەران دەبێ دوای ئەم کشانەوەیە؟
سەباح نوعمان: راستییەکەی حکومەتی عێراق متمانەی تەواوی بە تواناکانی هێزە چەکدارەکانی هەیە، منیش ئەمڕۆ وەکو گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان، بە هەموو متمانەیەکەوە دەڵێم هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوپەڕی ئامادەییدان و بە تەواوی ئامادەن بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و بەرگریکردن لێی بە هەموو ئەو هێزەی هەیانە، ورەی هێزە ئەمنییەکانمان زۆر بەرزە، هاوئاهەنگی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی لەنێوان هەموو بەشەکانی هێزە چەکدارەکان لە بەرزترین ئاستدایە، هەنگاوی زۆر گەورەمان بڕیوە لە مەشق و راهێناندا، بۆیە ئەمڕۆ توانامان هەیە.
رووداو: واتە هیچ نیگەرانییەک نییە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە دوای ئەم کشانەوەیە؟ مەبەستت ئەمەیە؟
سەباح نوعمان: بەپێی متمانەی ئێمە بە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانمان، هیچ نیگەرانییەک نییە. حکومەتی عێراق پشتیوان و هاوکارە و متمانەی بە توانای هێزە چەکدارەکان هەیە، ئێمە ئەم متمانەیە لە ورەی گەلەکەمان و متمانەی ئەوان بە هێزە ئەمنییەکانیان وەردەگرین، هەروەها لە متمانەی بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە هیچ درێخیی نەکردووە لە پشتیوانیکردنی هێزەکان، لە کاتی دەستبەکاربوونی و پێکهێنانی حکومەتەوە، لە پێشینەی ئەمنیدا کێشەی سنووردارکردنی چەک بەدەست دەوڵەت، ناوەندێتیی بڕیاری ئەمنی، هەروەها پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی بە کەلوپەل و پڕچەککردنی پێشکەوتوو داناوە وەکو چۆن مەترسییەکان و ئەرکەکان دەیخوازن، بەتایبەت هێزەکانی عێراق ئەزموونێکی گەورەی مەیدانییان لە شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکاندا پەیدا کردووە، بۆیە ئەگەر چەکی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، لە بەرزترین ئاستدا دەبن.
رووداو: ئەگەر مەترسییەکی ئەمنیی گەورە لە دوای 30ـی ئەم مانگە رووبدات، ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ درێژکردنەوەی هاوئاهەنگی سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی؟
سەباح نوعمان: وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان وادەیەکی جێگیرە و چەندین جار جەختمان لێکردووەتەوە، لە لایەن خۆشیانەوە هێزەکانی هاوپەیمانان جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەرکەکەیان لە 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، هەروەها ئەوان شایەتیی تەواویان داوە بە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سوپاسی ئاستی ئەو هێزانەیان کردووە.
رووداو: واتە ناکرێت رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانان درێژ بکرێنەوە؟ هیچ درێژکردنەوەیەک نییە؟
سەباح نوعمان: هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوە نییە برای بەڕێزم، هیچ پاساوێک نییە. چەندین ساڵە ئێمە لەسەر زەوی شەڕی تیرۆر دەکەین و کارکردن لەسەر زەوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە هەموو بەشەکانییەوە و بە هاوئاهەنگی زۆر بەرز بەڕێوەدەچێت. لە قۆناخێکدا بۆشایی لە نێوان سنوورەکانی بەغدا و هەرێمدا هەبوو، رێکخراوی تیرۆریستی سوودی لێدەبینی، بەڵام ماوەی دوو ساڵە دوای پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان، ئەم لیوایانە بوونەتە نموونەیەکی گەورەی تەبایی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە یەکگرتووەکاندا، ئەمڕۆ لەو ناوچانە بەرپرسیارن و هەموو بۆشاییەکانیان گرتووە و هیچ دەرفەتێک نادەنە تیرۆریستان بۆ جموجۆڵ، هەروەها ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە هەیە لەلایەن هێزەکانەوە، دەزگەی دژەتیرۆریش رۆژانە بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی تیرۆر دەکات. دۆخی ئەمنی بەگشتی زۆر جێگیرە، تواناکان و دانایی حکومەت و سەرۆکوەزیران و سەرکردە ئەمنییەکان پەنابەخوا هاندەر دەبن بۆ ئەوەی هێزەکان ئەرکەکانیان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن.
رووداو: دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئایا پرۆسەی کۆکردنەوە و سنووردارکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە بەردەوام دەبێت، یان ئەم بابەتە کۆتایی دێت؟
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق: کۆکردنەوە یان رێکخستنی چەک بە هەر ناوێکەوە بێت، بڕیارێکی سەروەریی عێراقییە و لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە سەرۆکوەزیران پێشکێشی پەرلەمانی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە چەک تەنیا بەدەست دەوڵەت و هێزە فەرمییەکانەوە بێت، بڕیاری شەڕ بەدەست پەرلەمان، حکومەت و خودی فەرماندەی گشتییەوە بێت، بۆیە لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ برایانی نێو گرووپەکان بڕیوە، بڕیارەکە عێراقییە و هەمووان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدان، دڵنیام لە دوای 30ـی ئەیلوول هەستی پێدەکرێت.
رووداو: کەی ئەم پرۆسەیە کۆتایی دێت؟
سەباح نوعمان: راستییەکەی وادەیەک لە دوای 30ـی ئەیلوول دیاریکراوە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ برایان لە گرووپەکان بەردەوامە، گرووپی گەورە هەن چەکەکانیان رادەست کردووە و بارەگاکانیان داخستووە و کەلوپەل و کەسەکانیان رادەستی دامەزراوە و وەزارەتە ئەمنییەکان کردووە، هەندێکی دیکەش لەسەر ئەو رێگەیەن. بێگومان ئەم دۆسیەیە زۆر بە خێرایی کۆتایی پێدێت و هەمووان پێداگریی حکومەت دەبینن.
رووداو: بە خێرایی، واتە کەی؟ وادەیەکی دیاریکراوتان هەیە بۆ کۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە؟
سەباح نوعمان: بێگومان وادە هەیە و ئەو وادەیە دیاریکراوە، بەڵام پەیوەستە بە لێکتێگەیشتنەکانەوە.
رووداو: وادە دیاریکراوەکە کەی دەبێت؟ من تەنیا دەمەوێت پێم بڵێیت وادە دیاریکراوەکە کەی دەبێت؟
سەباح نوعمان: من سەرچاوەی بڕیار نیم، پێتان دەڵێم لێکتێگەیشتنەکانی نێوان سەرۆکوەزیران و سەرکردەی گرووپەکان بەردەوامە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە، بێگومان هەمووان پێداگرن لەسەر داخستنی یەکجارەکیی ئەم دۆسیەیە.
رووداو: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە دەکرێت کە رەتیدەکەنەوە چەک رادەست بکەن؟
سەباح نوعمان: تاوەکو ئێستا هەستمان نەکردووە هیچ گرووپێک ئەم پرۆسەیە رەتبکاتەوە. هەمووان عێراقین و خەمی عێراقیانە و دەیانەوێت لاپەڕەی شەڕ هەڵبدرێتەوە و لاپەڕەی ئاوەدانکردنەوە و ئابووری دەستپێبکات.
رووداو: واتە بەڕێز سەباح، هەموو گرووپەکان بەم پرۆسەیە رازین؟
سەباح نوعمان: ببوورە، با راستگۆ بم؛ ئەمانە دزەپێکردنی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، بەڵام لەسەر زەوی لێکتێگەیشتنی جیدی لە نێوان حکومەت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەموو گرووپەکان هەیە. ئەوان لە دەرەوەی عێراق نین، برای خۆمانن و پێکەوە شەڕمان کردووە و پێکەوە تیرۆرمان تێکشکاند و خوێنمان لەسەر ئەم خاکە تێکەڵ بوو، ئێمە وەکو دوژمن سەیریان ناکەین، بەڵکو بران لە قۆناخێکدا چەکیان بۆ هاوکاریی دەوڵەت هەڵگرت و ئێستا کاتی هاتووە ئەو چەکە دابنرێت و بڕیار لە دەستی فەرماندەی گشتیدا بێت.
رووداو: واتە هیچ لایەنێکی ناڕازی نییە؟
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق: تاوەکو ئێستا هیچ رەتکردنەوەیەکمان بۆ بڕیاری حکومەت نەبینیوە و هەمووان لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەردەوامن.
رووداو: هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، کێ لە پشت ئەم هێرشانەیە؟
سەباح نوعمان: لێکۆڵینەوە لە ئاستی باڵا هەیە و لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمـی کوردستان هەیە بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و لایەنە تێوەگلاوەکان، بێگومان برایان لە هەموو وردەکارییەکان ئاگادار دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا کار بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانی دەکەین بە سیستەمی پێشکەوتوو؛ بەم زووانە سیستەمی زۆر پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی دەگەنە عێراق و دەکەونە کار و توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقیان دەبێت بۆ رێگری لە هەر دەستدرێژییەکی ناڕاستەوخۆ.
رووداو: ئەگەر عێراق لێکۆڵینەوەی کردووە، بۆچی ناتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، کێشەی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟
سەباح نوعمان: ئەم لێکۆڵینەوانە ئەمنین و لە ئاستێکی بەرزی نهێنین، کاتێک ئەنجامەکان روون دەبنەوە دەخرێنە بەردەم رای گشتی، بەڵام حکومەت کەمتەرخەم نەبووە و درێخی نەکردووە لە بەدواداچوونی کەمتەرخەمان و دەستدرێژیکاران تاوەکو رادەستی دادگەیان بکات، چونکە ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و زیان بە دامەزراوە هەستیارەکان دەگەیێنێت، بۆیە هەر لایەنێک بێ سزا دەدرێ و رادەستی دادگەی عێراق دەکرێ.
رووداو: ئایا عێراق توانای پاراستنی ئاسمانی خۆی دەبێت دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق؟
سەباح نوعمان: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو و راداری وردی مامناوەند و دوورمەودا، هەروەها سیستەمی مووشەکی دژەمووشەک و درۆن دەگەنە عێراق، کارێکی گەورە لەو بوارەدا کراوە.
رووداو: ئەم سیستەمە بەرگرییانە کەی دەگەن؟
سەباح نوعمان: گرێبەستمان هەیە لەگەڵ ئەمریکا، کۆریای باشوور و لایەنی تورکی، سەردانەکانی سەرۆکوەزیران هەرچەندە زۆربەی پەیوەست بوو بە ئابووری، بەڵام پرسە ئەمنیەکانیش جێگەیان گرتووە، پرۆسەی ئامادەیی هێزە عێراقییەکان لە پێشینەی کارەکانی بووە .
رووداو: ئایا ئەم سیستەمە بەرگرییانە بە هەرێمی کوردستان نادرێن؟
سەباح نوعمان: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سیستەمێکی ناوەندییە و ژووری کۆنترۆڵی ناوەندیی هەیە لەلایەن فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، چونکە ئاسمانی وڵات تێکەڵە لەنێوان درۆن و فڕۆکەی مەدەنی و عێراق رێڕەوێکی ئاسمانیی گرنگە، بۆیە بڕیارەکە ناوەندی دەبێت.
رووداو: با روون بین، بەڕێز سەباح، مەبەست و پرسیارەکەم ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان ئەو سیستەمە بەرگرییانەی پێدەدرێت؟
سەباح نوعمان: دابەشکردنی سیستەمەکان بە جۆرێک دەبێت هەموو ئاسمانی عێراق بپارێزێت بەتەواوەتی، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق و پاراستنی ئاسمانەکەی پێشینەی وەزارەتی بەرگرییە.
رووداو: لە نێویاندا هەرێمی کوردستان، وایە؟
سەباح نوعمان: بەڵێ، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بۆیە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ئەرکەکانمانە، ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی عێراق و سەلامەتیی هەرێمی کوردستان لە سەلامەتیی عێراقە، ئێمە جیاوازی ناکەین لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند. هەمووی خاکی عێراقە و ئەرکمانە وەکو هێزی ئەمنی سەروەریی خاکی، ئاسمانی و دەریایی بپارێزین. دابەشکردنی سیستەمەکانیش بەپێی میکانیزمی دیاریکراوی شارەزایانی بەرگریی ئاسمانی دەبێت بۆ پاراستنی تەواوی ئاسمانی عێراق.
رووداو: واتە خودا نەکردە ئەگەر هێرشێک بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئایا عێراق بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت؟
سەباح نوعمان: هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی هەیە هێزێکی مەشقپێکراو و بەهێزن و بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەرکی پاراستنی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانیان لە ئەستۆیە، ئێمەش وەکو هێزە چەکدارەکانی عێراق پشتیوانی لەم هێزانە دەکەین، وەزارەتی بەرگری و هەموو دەزگا ئەمنییەکان هاوئاهەنگی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە لێرە لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو دەزگاکان دەکەین و سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی پلانەکان دەکەین بۆ رێگری لە هەر پێشێلکارییەک.
رووداو: سەبارەت بە پێشمەرگە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە دەکرێت لە سیستەمی ئەمنیی داهاتووی عێراقدا؟
سەباح نوعمان: پێشمەرگە بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەکو هێزێکی ئەمنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و پشتیوانییان دەکەین لە ئەرکەکانیان بەتایبەت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، تاوەکو بتوانین هەوڵدەدەین بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و بەرزکردنەوەی کارامەییی شەڕکردنیان.
رووداو: بەڵام چۆن ماف و شایستەکانی پێشمەرگە هاوتای سوپای عێراق دەکرێت؟ ئێستا دەزانیت هێزی پێشمەرگە یەکخرایەوە؟
سەباح نوعمان: ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە و زۆر پێی دڵخۆش بووین، پیرۆزباییمان لە برایانی سەرکردەکانی پێشمەرگە کرد بۆ ئەم بڕیارە مێژووییەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بڕینی قۆناخێکی گەورە لە سەربەخۆیی ئەمنی و یەکێتیی بڕیاری ئەمنیی عێراق. ئێمە پشتیوانیانین چ پێش یەکخستن و چ دوای ئەوەش. ماف و شایستەکانیش دەکەوێتە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردن لەسەری بەردەوامە. لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەیە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی تایبەت بە بودجەی پێشمەرگە، وەکو چۆن هەوڵ هەیە بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێشمەرگەش بەشێکن لێیان.
رووداو: سەبارەت بە پرسی کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەم رۆژانەدا داعش هێرشی کردە سەر هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە پردێ لە نزیک کەرکووک، ئایا دوای کشانەوەی هاوپەیمانان مەترسیی گەڕانەوەی داعش زیاتر نابێت؟
سەباح نوعمان: نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەو زانیارییە راست دەکەمەوە: من گوتم هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق رۆژانە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە دەکەن بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد بەدواداچوونیان بۆ تیرۆریستانی داعش کرد لە کەرکووک، دوو تیرۆریست کوژران و یەکێکی دیکەش دەستگیرکرا، ئەمە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکانی دژەتیرۆردایە نەک ئەوەی کاردانەوە بێت، دەزگای دژەتیرۆر بە تەکنەلۆجیا و ئازایەتییەوە دەتوانێت بگاتە هەر شوێنێکی سەخت و دوورەدەست تیرۆریستانی لێبێت. ناوەندی شارەکان ئارامن و لەژێر کۆنترۆڵدان، بۆیە ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی راوەدوونانی داعشدایە نەک وەڵامدانەوەی هێرش.
رووداو: دەزانیت لە هەندێک ناوچە بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، کەی ئەم بۆشاییانە پڕدەکرێنەوە؟
سەباح نوعمان: ئێستا هیچ بۆشاییەک لەنێوان سنوورەکانی ناوەند و هەرێمدا نەماوە، هیچ ناوچەیەکی بێلایەن لەنێوان سنووری هێزەکانی فیدراڵ و پێشمەرگەدا نەماوە، ئەو دوو لیوا هاوبەشەی دروستکران، سنووری بەرپرسیارێتییان کەوتووەتە نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان، هەموو بۆشاییەکان پڕکراونەتەوە و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان بە جۆرێکە رێگری لە هەر دزەکردنێکی تیرۆریستان دەکات لە هەرێمەوە بۆ ناوەند یان بەپێچەوانەوە.
رووداو: ئایا هیچ هەنگاوێکی کرداریتان هەیە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەوەی خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ؟
سەباح نوعمان: دابەشکردنی کەرتەکانی بەرپرسیارێتی و رێکخستنەوەی یەکەکان کراوە، هەروەها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بادیە پێکهێنرا بۆ کۆنترۆڵکردن و بڵاوبوونەوە لە ناوچەی بیابان لە سێ پارێزگادا، هەمیشە خوێندنەوە بۆ مەترسییەکان هەیە لەلایەن سەرکردایەتییە ئەمنییەکانەوە، راپۆرتی هەواڵگری لەسەر جووڵەی دوژمن هەیە، پلانەکان بەپێی ئەم زانیارییانە دادەڕێژرێن بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەک بۆ دوژمن نەمێنێتەوە. بۆیە ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکانمان بەردەوامن و بەپێی دۆخ و پێداویستییەکان نوێ دەکرێنەوە، لەگەڵ دیدگە و خوێندندنەوەمان بۆ مامەڵەی دوژمن، هەروەها بۆ داهاتوو و ئاڵنگارییەکانی داهاتوو.
