رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق دەڵێ، نیگەرانە لەوەی دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هێرش لەلایەن هەندێک هێزەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە جەعفەر موبەشرنیا پێشکێشی کرد، گوتی، "نیگەرانم لە بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەندێک لە نەیارە کوردەکانی کە ئەگەر بنکەشیان نەبێت، لانیکەم لە بەشێک لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن؛ هەروەها نیگەرانم لەوەی ئەو میلیشیا عێراقییانەی پێشتر هێرشیان کردووەتە سەر کوردستان، رەنگە لەسەر ئەوە بەردەوام بن، زیاتریش بە مەبەستی دروستکردنی گوشاری سیاسی لەسەر حکومەتی کوردستان و کەمکردنەوەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی بەغدا."
ئەو باڵیۆزەی پێشووی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر گرنگ دەبێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ بەغدا و بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەیدی کار بکات، تاوەکو دڵنیاببێتەوە گوشاری سیاسیی بەهێز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەسەر ئەم گرووپانە دروستدەکرێت - کە هەموومان دەزانین ئەم گرووپانە کێن - بۆ ئەوەی چەکەکانیان دژی بەشەکانی عێراق بەکارنەهێنن و دژی دراوسێکانی عێراقیش بەکاری نەهێنن، وەک لە شەش مانگی رابردوودا کردیان."
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق:
رووداو: ئەمریکا دڵنیایە لەوەی هێزە عێراقییەکان دەتوانن ئاسایشی زەوینی و ئاسمانیی وڵاتەکە بپارێزن دوای کشانەوەی؟
دۆگلاس سیلیمان: پێم وایە ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگە و دەزانم لە کوردستان پرسیاری زۆر هەیە سەبارەت بە رۆیشتنی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و دەپرسن عێراق چۆن بەرگری لە کوردستان و تەواوی عێراق دەکات لە بەرامبەر دەستدرێژیی دەرەکی یان تەنانەت دەستدرێژیی هەندێک لە میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق؟ راستییەکە ئەوەیە هەندێک هەڕەشە هەن کە دەبێت سوپای عێراق و پێشمەرگە بتوانن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، تەنانەت بەبێ ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکاش. بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش کە لە لایەن پێشمەرگە، سوپای عێراق و دەزگای دژەتیرۆرەوە ئەنجامدراون زۆر پیشەگەرانە بوون، بۆیە پێم وایە لە کاتێکدا بیرۆکەی چالاکیی تووندڕەوانەی داعش ماوە، بەڵام مەترسییەکی کەمترە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوەی من نیگەرانم لێی و پێم وایە زۆرێک لە کوردەکانیش لێی نیگەرانن، ئەو راستییەیە کە سوپای عێراق لە راستیدا توانایەکی باشی بەرگریی ئاسمانیی نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق لە بەردەم مەترسیی هێرشی مووشەکی بالیستی یان درۆنی ئێران، هەروەها هێرشی درۆن و مووشەکی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراقدا دەمێننەوە. ئەوە ئەو بوارەیە کە من زۆرترین نیگەرانیم لێی هەیە و پێشبینی دەکەم کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیگەران بن لێی.
رووداو: ئەمڕۆ ئێوارە، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، ئێران هیچ بیانوویەکی نییە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. پێت وایە گوتەکانی ئەم بەرپرسە عێراقییە لە کرداریش رەنگبداتەوە؟
دۆگلاس سیلیمان: لەو لێدوانەدا راستی هەیە، چونکە رۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو بیانووە لە ئێران و لایەنەکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراق دەسەنێتەوە بۆ هێشتنەوەی چەکەکانیان. بە واتایەکی دیکە، چیدیکە ناتوانن بڵێن پێویستە توانا مووشەکی و درۆنییەکانمان بهێڵینەوە بۆ ئەوەی رێگری لە زیانگەیاندنی ئەمریکا بە عێراق بکەین. ئەم بیانووە لە بەیانییەوە چی دیکە کاری پێناکرێت؛ بەڵام پێشتر لێدوانی گشتیی هەندێک لە میلیشیاکانت بینیوە سەبارەت بە نیگەرانییان لە ئامادەبوونی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان؛ بۆیە پێم وایە بەدوای بیانوویەکی سیاسیی دیکەدا دەگەڕێن تاوەکو چەکەکانیان بەدەستەوە بهێڵنەوە. راستییەکە ئەوەیە تاوەکو ئەم کاتە، حکومەتی عێراق لە بەغدا کاریگەریی سیاسی یان هێزی سەربازیی ئەوتۆی نییە بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی باشوور، یان تەنانەت بەرگریکردن لە کوێت، سعودیە، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی دراوسێی عێراق لەو هێرشانەی کە لەلایەن ئەم میلیشیایانەوە لە ناوخۆی عێراقەوە دەکرێن. بۆیە بەڵێ، ئەمە ئەو پاساوە سیاسییە کەم دەکاتەوە کە لای گرووپەکان هەیە بۆ بەردەوامبوون لە هەڵگرتنی چەک، بەڵام لە کورتخایەندا توانای ئەوان بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە ناگۆڕێت. رەنگە تێچووی سیاسیی بەکارهێنانی ئەو چەکانە بگۆڕێت، بەڵام وەک گوتم بەکارهێنانی چەکەکانیان لێ ئەستەم ناکات.
رووداو: پێت وایە ئەم کشانەوەی هێزانە تەنیا بەدڵی عێراقە و بەدڵی ئەمریکا نییە؟ پێت وایە ئەمریکا بە خواستی خۆی لە عێراق ناکشێتەوە؟
دۆگلاس سیلیمان: ئەوە پرسیارێکی قورسە، چونکە لە نێو ئەمریکادا کەسانی جیاواز بیروڕای جیاوازیان لەسەر ئەمە هەبوو. دەزانم بۆ زۆرێک لە عێراقییەکان، زۆرێک لە کورد، مەسیحی، سوننە و ئێزدییەکان، جۆرێک لە دڵنیایی هەبوو بە مانەوەی بەردەوامی هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا. من تەواو دڵنیام ئەمریکا لە باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا و لە کۆنسووڵخانەکەمان لە هەولێرەوە بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی هاوکاری بۆ پێشمەرگە و ئەو هێزە عێراقییانەی لەژێر کۆنترۆڵی راستەقینەی حکومەتی عێراقدان، واتە پاڵپشتی و هاوکاریی ئەمریکا بەردەوام دەبێت، تەنیا هێزی سەربازی لەسەر زەوی نامێنێتەوە؛ بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، زۆربەی ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەیانکرد، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، بریتی بوو لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا. ئێستاش کە بەشار ئەسەد رووخاوە و رۆژهەڵاتی سووریا، مەزڵووم عەبدی و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیان کردووە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتە نوێکەی دیمەشق، پێویستییەکی کەمتر بە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، کەواتە پێویستییەکی کەمتر بە پاڵپشتیی لۆجستی لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراقدا دەمێنێتەوە. دووبارەی دەکەمەوە، پێم وایە سەرۆک ترەمپ دەیەوێ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو شوێنانە بکشێنێتەوە کە سوودێکی تایبەتیان تێدا نەماوە. تاکە شتێک کە هێزەکانی ئەمریکا لەم دواییانەدا لە هەرێمی کوردستان دەیانتوانی بیکنە بریتی بوو لە دابینکردنی جۆرێک لە بەرگریی ئاسمانی دژی هێرشی میلیشیا عێراقییەکان یان ئێران بۆ سەر ناوچەکە. پێم وایە کەسانێکی زۆر لە ئەمریکا هەبوون حەزیان دەکرد بەشێک لە هێزەکان لە عێراق بمێننەوە، بەڵام بە روونی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن بڕیاریان دا کە دەستکەوتە سیاسییەکانی ئەوەی بتوانرێت داوا لە حکومەت بکرێت دەبێت کۆنترۆڵی ئەم میلیشیایانە بکات، زیاترە لەو دەستکەوتە مەیدانییانەی کە لە مانەوەی توانایەکی سنوورداری بەرگریی ئاسمانیدا لە وڵاتەکەدا هەیە. بۆیە ئەمە بڕیارێکی قورس نەبوو بۆ واشنتن و بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە راستیدا دوو ساڵ لەمەوبەر درابوو.
رووداو: دوای کشانەوەی ئەمریکا، پێت وایە ئاسایشی ئاسمانیی عێراق دەکەوێتە دەست کێ؟
دۆگلاس سیلیمان: لە راستیدا هیچ کات ئاسمانی عێراق بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا نەبووە، هەرچەندە ئێمە پارێزگاریمان لەو دامەزراوانە دەکرد کە نزیک بوون لەو شوێنانەی هێزەکانمانی لێ جێگیر بوون. عێراق توانایەکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی پەرەپێنەداوە. لە دوو مانگی رابردوودا کۆمەڵێک گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی عێراق، وەزارەتی بەرگری و هێزە سەربازییەکان هەبووە بۆ کڕینی سیستەمگەلێک کە بۆ یەکەمجار بتوانن فڕۆکە، درۆن و مووشەکەکان دەستنیشان بکەن و دەست بکەن بە بەرگریکردن لە ئاسمانی وڵاتەکە. کەواتە ئەمە بەرپرسیارێتیی بەغدا و حکومەتی عێراقە. ئەوان تازە خەریکی بنیاتنانی ئەو توانایەن و تا ماوەیەکی دیکەش کاریگەر نابێت، بەڵام بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.
رووداو: ماوەیەکی زۆر لە عێراق بوویت و سەردانی هەرێمی کوردستانیشت زۆر کردووە، پێت وایە کەشی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک یەکە؟
دۆگلاس سیلیمان: ئەوە پرسیارێکی زۆر قورسە، چونکە بەندە بەوەی چ جۆرە نیگەرانییەکی ئەمنیت هەیە. من لە هەرێمی کوردستان نیگەرانم لە بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەندێک لە نەیارە کوردەکانیان کە ئەگەر بنکەشیان نەبێت، لانیکەم لە بەشێک لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. هەروەها نیگەرانم لەوەی ئەو میلیشیا عێراقییانەی پێشتر هێرشیان کردووەتە سەر کوردستان رەنگە لەسەر ئەوە بەردەوام بن، زیاتریش بە مەبەستی دروستکردنی گوشاری سیاسی لەسەر حکومەتی کوردستان و کەمکردنەوەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی بەغدا. ئەوانە نیگەرانییە سەرەکییەکانی منن بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێستا بەرگرییەکی باش لە بەرامبەریاندا نییە و زۆر گرنگ دەبێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ بەغدا و بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەیدی کار بکات تاوەکو دڵنیابێتەوە گوشاری سیاسیی بەهێز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەسەر ئەم گرووپانە دروستدەکرێ —کە هەموومان دەزانین ئەم گرووپانە کێن— بۆ ئەوەی چەکەکانیان دژی بەشەکانی عێراق بەکارنەهێنن و دژی دراوسێکانی عێراقیش بەکاری نەهێنن وەک لە شەش مانگی رابردوودا کردیان.
رووداو: پێت وایە دوای کشانەوەی هێزەکان، داعش یان گرووپێکی هاوشێوە سەرهەڵبداتەوە؟
دۆگلاس سیلیمان: ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دوای رۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا زۆر کەمە. راستییەکە ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵیی عێراق و دەزگای دژەتیرۆری عێراق هەموویان بە شێوەیەکی بەرچاو توانایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەی داعش پێشکەوتووە. روونە کە داعش هەوڵی چەکدارکردنی خەڵک دەدات و روونە کە کەسانێکی سەر بە داعش لە ئەشکەوتەکانی چیای حەمرین و دۆڵەکانی ئەنبار دەژین کە جاروبار هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی پۆلیس یان هاووڵاتییانی ئاسایی، بەڵام ئەمانە توانای بچووک و سنووردارن. من لەو بڕوایەدام سوپای عێراق، دژەتیرۆر و پێشمەرگە دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکەن هەرچەندە هەڕەشەشن و لە راستیدا پێویستیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە بۆ ئەم جۆرە هەڕەشەیە.
رووداو: ئەمریکا بڕوای بەوە هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن؟
دۆگلاس سیلیمان: ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە ئەوەیە کە واشنتن پێیوایە هەندێک لەو گرووپانە چەکەکانیان رادەستی حکومەت دەکەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەخرێنە نێو حەشدی شەعبی یان سوپاوە. بەڵام یەک یان دوو گرووپ هەن کە پێدەچێت ئامادە نەبن ئەم کارە بکەن و ئەمەش دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم سەرۆکوەزیران زەیدی لە قۆناخی داهاتوودا. ئەو خشتەیەکی کاتی بۆ خۆی داناوە کە سەرنجڕاکێشە: بۆ 90 رۆژی داهاتوو نابێت هیچ هێرشێک لە لایەن گرووپەکانەوە بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێت و نابێت هیچ هێرشێکی ئەمریکاش بۆ سەر گرووپەکان لە ناوخۆی عێراقدا هەبێت. گومانم لەوە نییە ئەمە شتێکە دەتوانرێت بەدیبهێنرێت؛ بەڵام دواتر شەش مانگی دیکەی داناوە بۆ ئەوەی ئەم میلیشیایانە رازی بکات چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن و چەکدارەکانیان لەناو حەشدی شەعبی یان لە سوپادا جێگیر بکات. پێم وایە بۆ هەندێک لە گرووپەکان ئەمە جێبەجێ دەبێت. بەڵام بۆ یەک دوو گرووپ کە ئەجێندای سیاسیی ئێرانیان هەیە و بەرگری لێدەکەن و فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن، یان بۆ ئەو گرووپانەی کە دەیانەوێت هێزێکی سیاسی-سەربازیی سەربەخۆ بهێڵنەوە تاوەکو کاریگەرییان لە ناوخۆی عێراقدا پارێزراو بێت، ئەم دوو بابەتە وادەکەن بۆ حکومەت زەحمەت بێت بە ویستی خۆیان رازییان بکات دەستبەرداری چەکە قورسەکانیان، مووشەک و درۆنەکانیان بن. کەواتە وەڵامەکە بەشێکی بەڵێیە و بەشێکی نەخێرە، پێم وایە هەندێکیان وا دەکەن و دڵنیاشم هەندێکی دیکەیان وا ناکەن.
رووداو: ئەمریکا تاوەکو ئێستا لە جەنگدایە لەگەڵ ئێران، بەیانیش بە تەواوی لە عێراق دەکشێتەوە، پێتوانییە ئەمریکا نیگەرانیی هەژموونی ئێران نەبێ لە عێراق؟ واتە نایەوێ چیدیکە رێگری لە هەژموونی ئێران بکات لە عێراق؟
دۆگلاس سیلیمان: پێم وایە رێبازی ئەمریکا ئەوەیە کە مەرج نییە سەرنجی لەسەر هێزی سەربازی بێت، چونکە روونە ئێران لە رێگەی ئەو میلیشیایانەی پێشتر هاوکاریی دامەزراندنیانی کردووە، پێگەیەکی زۆری لە ناوخۆی عێراقدا هەیە. راستییەکە ئەوەیە عێراق پێویستی بە هاوکاریی زۆر زیاترە لە دەرەوەی کەرتی سەربازی، واتە پێویستی بە گەشەپێدانی ئابووری، وەبەرهێنان، کەرتی بانکی و دابینکردنی هەلی کارە بۆ گەنجانی عێراق و گەنجانی کورد. ئەمانەش ئەو شتانەن کە ئێران بە رەهایی ناتوانێت هیچ یارمەتییەکیان تێدا بدات. ئێران دەتوانێت هاوکاریی دارایی گەنجانی باشوور بکات کە بێکارن و کڵاشینکۆفێکیان بداتێ و بیانکاتە سەربازی میلیشیا، بەڵام ئەمە کارێکی باش نییە. ئەوەی عێراق پێویستی پێیەتی بریتییە لە وەبەرهێنان، سەرمایە و بەستنەوەی ئابووریی عێراق بە ئابووریی جیهانەوە. ئەمەش ئەو بوارەیە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن تێیدا و دەتوانێت کارگەلێک بکات کە ئێران هەرگیز توانای ئەنجامدانیانی نابێت.
