باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لێکەوتە ئەمنییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، مەترسیی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش و هەژموونی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەکات.
باربارا لیف، رایگەیاند هیچ گەرەنتییەک نییە بەوەی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەڕەشەی گەڕانەوەی تیرۆر سەرهەڵنەداتەوە و، پێداگریی بەغدا لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەو هێزانە بە "سەرکێشییەک کە حکومەتی عێراق دەیکات" ناودەبات. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن میلیشیاکانەوە و لاوازیی بەرگریی ئاسمانی بە تایبەت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی راستەوخۆی حکومەتی فیدراڵە کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە دەستەبەری بکات. لیف جەختیش لەوە دەکاتەوە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن بەردەوام بن، بژاردەی وەڵامدانەوەی سەربازیی راستەوخۆی ئەمریکا بە تەواوی کراوەیە.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پرسێکی گەرمە؛ لەسەر ئاستی جیهانی و لەسەر ئاستی ناوچەکەش بەردەوامی قسەی لەسەر دەکرێت. ئایا ئەو کشانەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دووبارە رێکخراوە تیرۆریستییەکان ببووژێنەوە یاخود نا؟ ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەو رەوشەی لە عێراقدا هەیە تا چەند مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟ بۆ تاوتوێکردنی تەواوی ئەم تەوەرانە خاتوو باربرا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵماندایە. خاتوو باربرا لیف بەخێربێیت. دەمەوێت لەوەوە دەستپێبکەم؛ لە 2011 کە ئەمریکا کشایەوە، بۆشاییی ئەمنی دروستبوو و، لە 2014 داعش سەریهەڵدا. ئێستا بەغدا دەڵێت هیچ نیگەرانییەکی ئەمنی نییە. ئایا واشنتن دڵنیایە کشانەوەی ئەمجارەی هەمان سیناریۆی بۆشاییی ئەمنی و گەڕانەوەی تیرۆر دووبارە ناکاتەوە؟
باربارا لیف: هیچ رێگەیەک نییە گەرەنتی بدات کە هەڕەشەیەکی وا سەرهەڵنەدات. ئەمریکا لە ئیدارە جیاوازەکاندا—ئیدارەی 2011، ئیدارەی بایدن و ئێستاش لە ئیدارەی ترەمپدا—رێزی لە سەروەریی عێراق و بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە شەڕکەرەکان گرتووە. کەواتە ئەمە سەرکێشییەکە کە حکومەتی عێراق دەیکات.
رووداو: ئەم مەترسییە تەنیا مەترسیی داعشە، یان هێزی دیکەش هەن کە لەوانەیە مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی عێراق دروستبکەن؟
باربارا لیف: دەکرێت مەترسییەکە نێوخۆیی بێت، وەکو ئەوەی لە قۆناخی 2014دا بینیمان کاتێک داعش لە سنووری سووریا-عێراقەوە بەنێو عێراقدا تەقییەوە و زیاتر لە سێیەکی وڵاتەکەی داگیرکرد و بەردەوام هەڕەشەی لە بەغدا دەکرد. هەروەها بە هەبوونی دەوڵەتێکی وەکو ئێران، دەکرێت دەرەکیش بێت؛ ئێران گەلێک میکانیزمی نێوخۆیی هەیە کە گوشار لەسەر عێراق دروستدەکەن، دەشکرێت مەترسییەکە لە شێوەی ئەم میلیشیایانەدا بێت کە لەنێوخۆدان و زۆربەی کات فەرمانی حکومەتێکی بیانی جێبەجێدەکەن، کە لەم دۆخەدا ئێرانە.
رووداو: ئەی حکومەتی عێراق تا چەند درکی بەم مەترسییانە کردووە کاتێک بڕیاریداوە ئەم هێزانە بکشێنەوە، و چۆن دەیەوێت لە داهاتوودا رووبەرووی ئەم ئاڵنگارییانە ببێتەوە؟
باربارا لیف: پێم وایە چەند هۆکارێک هەن بەرەو ئەم ئاراستەیە پاڵ بە حکومەتەکانی عێراقەوە دەنێن. بێگومان گوشار لەلایەن ئێران و ئەو لایەنانەوە هەیە کە لەسەر فەرمانی ئێران کاردەکەن، چ ئەکتەری سیاسی بن یان میلیشیاکان. پرسی متمانەش هەیە کە لەوانەیە حکومەتی عێراق هەستی پێبکات. بێگومان لە ساڵی 2011دا حکومەتی ئەو کاتە و زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان متمانەیەکی زۆریان هەبوو بەوەی هێزەکانی عێراق دەتوانن رووبەرووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە، بەڵام وەک بینیمان ئەوە متمانەیەکی بێجێ بوو. دەمەوێت بڵێم لە ساڵانی دواییدا ئەمریکا، ناتۆ و هاوبەشەکانی دیکەی هاوپەیمانان هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ هاوکاریکردن، پاڵپشتیکردن، راهێنان و راوێژپێدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەم هێزانە بەراورد بە 12 یان 13 ساڵ لەمەوبەر لە دۆخێکی زۆر باشتردان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە نێوخۆیییەکان و لەوانەشە هەڕەشە دەرەکییەکان، بەڵام هێشتا وێنەکە بەتەواوی روون نییە.
رووداو: باسی میلیشیاکانت کرد. چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەدا بکرێت لە کاتێکدا ئەوان لەنێو سیستمی ئەمنیی عێراقدان، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی ئەجێندای خۆیانن و هەندێک جار هێرشدەکەنە سەر هەرێمی کوردستان یان هێزەکانی دیکە؟
باربارا لیف: ئەوە پەیوەستە بە سرووشتی هەڕەشەکەوە. پێموایە ئەو میلیشیایانەی ئێران لە سەردەمی جەنگ و پاش هێرشی ئەمریکا هاوکاریی لە دامەزراندنیاندا کرد، و هەمان ئەو میلیشیایانەی کە ئێران بەردەوامە لە پێدانی چەک و تەقەمەنی و راهێنانیان، رووبەرووی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بوونەتەوە. لە راستیدا ئەوان وەک ئەکتەری نێوخۆیی بوونەتە هۆی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق؛ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق چەک هەڵدەگرن و کۆنترۆڵی خاکێک دەکەن کە دەوڵەتی عێراق بۆی نییە بچێتە ناوی. ئەمە پرسێکی ئەمنی و سیاسیی زۆر مەترسیدارە بۆ حکومەتی عێراق، بەڵام شتێک نییە بتەوێت بە زەبری هێز چارەسەری بکەیت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی پرۆسەیەکی سیاسییەوە بێت، کە ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستا.
رووداو: سەبارەت بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە چەندین جار رووبەرووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە؛ تا چەند عێراق پێویستی بەوەیە تواناکانی لەم بوارەدا پەرەپێبدات، یان سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکات؟
باربارا لیف: پێموایە ئەوەی خاڵێکی لاوازیی زۆر مەترسیدارە لە بەرگرییەکانی عێراقدا، سیستمی بەرگرییە ئاسمانییەکانیەتی. بێگومان کوردستانی عێراق رووبەرووی زۆرترین هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە، هەم لەلایەن ئێران و هەم لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە. ئەمە هەڕەشەیەکە لە دوو ئاراستەوە: هەم هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەم هەڕەشەشە بۆ سەر حکومەتی ناوەندی لە بەغدا کە ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات و ناتوانێت رێگری لە ئێران بکات لە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی عێراق. پێشتریش چەندین هێرشی هاوشێوەمان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بینی کە حکومەت نەیتوانی رێگرییان لێبکات. کەواتە بەرگریی ئاسمانی زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەی ونە، نەبوونی توانایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم گرووپانە و تێگەیاندنی تاران لەوەی کە ئیتر ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆییی عێراقدا بکات، یان هێرشبکاتە سەر هاووڵاتییانی عێراق، چ لە کوردستانی عێراق بن یان لە هەر شوێنێکی دیکە.
رووداو: ئایا بەغدا بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەولێر، یان دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی بیر لەم چارەسەرە بکاتەوە؟
باربارا لیف: پێموایە بەروونی دیارە کە حکومەت هێشتا ناتوانێت ئەو بەرگرییە دابینبکات. ئەوە لە بنەڕەتدا ئەرک و بەرپرسیارێتیی دەوڵەتێکی فیدراڵ و ناوەندییە. لە رووی سیاسی و یاسایییەوە بەتەواوی بەرپرسیارێتیی بەغدایە، بەڵام ئاشکرایە کە لە هەردوو رووی سەربازی و سیاسییەوە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە ئەو بەرگرییە دەستەبەر بکەن. وەک گوتم، ئەمە تەنیا ئەرک یان بەرپرسیارێتییەکی سەربازی نییە کە بەغدا پێویست بێت بیگرێتە ئەستۆ، بەڵکو پرسێکی سیاسییشە تاوەکو بۆ ئەم گرووپانە و بۆ تارانیش روونبکاتەوە کە ئەم دۆخە چیتر قبووڵکراو نییە.
رووداو: هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و سنووردارکردنی رۆڵی ئەم میلیشیایانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا دەتوانێت لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو بێت؟
باربارا لیف: پێموایە ئەمە رێگەیەکی زۆر دوورودرێژ و ئاڵۆز دەبێت کە ئەم حکومەتە پێیدا تێدەپەڕێت و لەوانەیە حکومەتەکانی دواتریش ناچارببن درێژەی پێبدەن. بەشێک لەم گرووپانە لە ساڵی 2003 و 2004ـەوە بەبێ لێپێچینەوە و سزا لەسەر خاکی عێراق کاردەکەن. بەرپرسیارێتیی سەرکردە سیاسییەکانی ئەم میلیشیایانەیە دڵنیاببنەوە لەوەی چەکدارەکانیان بەتەواوی ملکەچی دەوڵەت دەبن؛ ئەگەر دەوڵەت بڕیاری رادەستکردنی چەکەکانیان بدات، پێویستە جێبەجێی بکەن. بێگومان ئەرکی حکومەتی سەرۆکوەزیرانە ئەم هەنگاوانە بنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتیی سەرکردە سیاسییەکانی ئەو لایەنانەشە کە دڵنیاببنەوە ئەم گرووپانە پابەندی بڕیار و فەرمانەکانی دەوڵەت دەبن.
رووداو: ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمانان لە ناوچەکە بەردەوام بن، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا وەڵامدانەوەی سەربازیی راستەوخۆی دژی ئەم گرووپانە لەنێوخۆی عێراق یان تەنانەت لە دەرەوەی عێراقیش هەبێت؟
باربارا لیف: بۆ ئێستا روون نییە، بەڵام پێموایە ئەم ئیدارەیە بیر لە وەڵامدانەوەی سەربازی دەکاتەوە بەرامبەر هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر بەرژەوەندی و دامەزراوەکانی ئەمریکا. لە رابردووشدا بەم شێوەیە کاریان کردووە، بۆ داهاتووش پێموایە ئەمە ئەگەرێکی زۆر کراوە و بەهێزە.
رووداو: لە کۆتاییدا، پەیوەندیی سەربازیی نێوان واشنتن و بەغدا دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟ ئایا راوێژکارە سەربازییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؟
باربارا لیف: بێگومان ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا، راوێژکارە سەربازییەکانی ئەورووپا و وڵاتانی دیکە بابەتی گفتوگۆن. رۆڵیان، ژمارەیان، ئەرکەکانیان و ئەو کارانەی کە لەسەر خاکی عێراق لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامی دەدەن، هەموویان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. هەر بەشێکیان بە شێوەیەکی دووقۆڵی تاوتوێ دەکرێت. نازانم لەنێوان سەرجەم ئەو وڵاتە جیاوازانەی کە پێشتر بەشداربوون ئەم بابەتە لە چ ئاستێکدایە، بەڵام بێگومان دانوستاندنی لەسەر دەکرێت. ژمارەی هێزەکان کەمکراونەتەوە، ئەرکەکانیشیان دەکەوێتە چوارچێوەی رێککەوتنی دووقۆڵییەوە، هەر بۆیە تەواوی وردەکارییەکان هێشتا بە تەواوی ئاشکرا نین.
رووداو: خاتوو باربرا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان.
باربارا لیف: سوپاس بۆ ئێوەش.

