رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی زێڕیندان و روو لە هەڵکشانێکی خێران؛ لە بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی بۆ نیو ملیار دۆلارەوە، تاوەکو هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و یەریڤان.
روبن ساگۆیان، باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ رووداو، نەخشەڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، تەکنەلۆژی و کولتوورییەکان دەخاتەڕوو. تیشک دەخاتە سەر کردنەوەی یەکەمین تاقیگەی فێرکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری لە شاری سلێمانی و ئاسانکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ پێدانی ڤیزا بە بازرگانان و گەشتیاران. هاوکات رۆڵی کۆمەڵگەی ئەرمەنی لە کوردستان وەک پردێکی مێژوویی پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنێت و لە بەرامبەریشدا، ئاماژە بە رێزگرتنی وڵاتەکەی لە ئازادیی ئایینەکان دەدات بە کردنەوەی گەورەترین پەرستگەی کوردانی ئێزدی لەسەر خاکی ئەرمینیا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: باشە. بەڕێز، یەکەمجار، شانازییەکی گەورەیە کە لەگەڵمانن.
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: زۆر سوپاس.
رووداو: سوپاس. حەزدەکەم بە پرسیارێک دەستپێبکەم، ئایا هیچ پرۆگرام و دەستپێشخەرییەک هەیە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا بێت؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: ئێمە، بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەدەین و بەهەند وەریدەگرین. بێگومان، بایەخێکی زۆریش بە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین. قەبارەیەکی گەورەی بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمەکە هەیە، کە بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. پلانی ئێمە ئەوەیە کە زیاتر پەرەی پێبدەین، قووڵتری بکەینەوە و لەوەی کە هەیە زیاتر بڕۆین. من، توانستێکی زۆری نەقۆزراوە لە بواری بازرگانی، وەبەرهێنان و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق و بێگومان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبینم. بۆیە، ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ کەرتی تایبەت، کەرتی گشتی و حکومەت کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی ئەو بوارە. ئێمە، لیژنەیەکی نێوان حکومەتەکانمان لەگەڵ عێراق هەیە، کە یەکێکە لە کاراترین سەکۆکانی هاوکاریی دوولایەنەمان. ساڵی رابردوو، کۆبوونەوەیەکی دیکەمان هەبوو کە تێیدا چەندین بەڵگەنامەی بەسوودمان لەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە واژۆکرد. بۆیە، ئێمە لە بواری ئابووری و بێگومان لە بوارەکانی دیکەی وەک کولتوور و پەروەردەشدا زیاتر دەڕۆینە پێشەوە.
رووداو: باشە. دەمەوێت بپرسم، قەبارەی ئێستای بازرگانیی نێوان ئەرمینیا و عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چەندە؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: گەیشتووەتە 350 ملیۆن دۆلار و گەشەکردنەکەشی سەرنجڕاکێشە، چونکە ساڵانە نزیکەی 50% گەشەمان هەیە. بۆیە، چاوەڕوان دەکەین بازرگانییەکەمان بگاتە 400 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ئەمساڵیش نەبێت، ئەوا ساڵی داهاتوو بە دڵنیاییەوە. ئەگەر دینامیکییەتەکە بە هەمان شێوە بمێنێتەوە، ئامانجمان ئەوەیە وەک ئامانجێکی کورتخایەن بگەینە نیو ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
رووداو: زۆر باشە. کام کەرت زۆرترین توانستی بۆ هاوکاریی دوولایەنە هەیە؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: پێموایە، لە ئێستادا گرنگترین بواری هاوکاری، بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و بواری دیجیتاڵییە. گۆڕانی دیجیتاڵی، حکومەتی ئەلیکترۆنی، بانکی ئەلیکترۆنی و هەر شتێک کە پەیوەندیی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە هەبێت، جێگەی بایەخی ئێمەیە و دڵنیام جێگەی بایەخی عێراقیشە. بۆیە، هەوڵدەدەین زیاتر و زیاتر ئەم بوارە بگەڕێین. هەروەها، چاوەڕوانی کردنەوەی یەکەم تاقیگەی تەکنەلۆژیای زانیارین، تاقیگەی فێرکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری، لە سلێمانی ئەمساڵ. هیوادارین ئەمە دواین هەنگاو نەبێت و تەنیا یەکەمیان بێت. پێموایە، توانستێکی زۆری نەقۆزراوەمان لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و گۆڕانی دیجیتاڵیدا هەیە.
رووداو: کەواتە، ئێوە کراوەن بۆ هاوکاری لەگەڵ کوردستان و شارەکانی؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: بەڵێ، بەڵێ، ئێمە کراوەین بۆ هاوکاری لەگەڵ هاوتاکانمان لە سەرتاسەری عێراقدا و هیچ سنوورێکمان نییە. ئێمە، کراوەین و بەراستی خوازیارین هاوکارییەکانمان پەرەپێبدەین.
رووداو: زۆر باشە. پرسیاری دواترم ئەوەیە، ئایا هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و یەریڤان هەیە بۆ خێراترکردنی گەشتیاری لەنێوان هەردوو شار و وڵاتدا؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: گەشتیاری، یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی ئەرمینیا لە ئێستادا و بێگومان، حەزدەکەین گەشتیاری زیاتر لە عێراقەوە ببینین. بەداخەوە، لە ئێستادا گەشتی راستەوخۆمان نییە، نە لە بەغدا و نە لە هەولێر و شارەکانی دیکەی عێراقەوە. هیوادارین بگەینە خاڵێک کە بتوانین گەشتە راستەوخۆکان بە زووترین کات دەستپێبکەینەوە.
رووداو: ئێوە، پلانتان بۆ ئەوە هەیە؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: بەڵێ.
رووداو: رۆڵی کۆمەڵگەی ئەرمەنی لە هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: ئەوە، یەکێکە لە گرنگترین پردەکانی نێوان گەلەکانمان. ئەرمەنییەکان، سەدەیەکە لێرە دەژین و بەشێکن لەم کۆمەڵگەیە. بێگومان، ئەوان بایەخ بە پەیوەندییەکانمان دەدەن. ئەوان، ناسراون و رێزلێگیراون. تەنیا بەهۆی ئەوەی کە ئەرمەنین، هەست دەکەین کە بنکەیەکی باشمان لێرە هەیە. بۆیە، بەڵێ، ئەوان پردێکی پەیوەندیی زۆر گرنگن لەنێوان کۆمەڵگەکاندا، بێگومان لەنێوان بواری ئابووریشدا. ئێمە، بایەخ بەم نەریتەی رێزگرتنی دوولایەنە و پێکەوەژیان دەدەین کە لێرە دەیبینین. وەک ئاماژەم پێدا، ئەمە پەیوەندییەکی زۆر گرنگە لە رێگەی ئەرمەنییەکانەوە.
رووداو: باشە. پرسیارێکی دیکەم هەیە. ئەمڕۆ، مەزارگەیەکی گەورەی ئێزدییەکان لە ئەرمینیا دەکرێتەوە. ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم مەزارگەیە چییە؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: ئێمە، یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی ئێزدی لە جیهاندا لامانە و ئارەزووی ئەوان بۆ هەبوونی مەزارگەیەک لەوێ، بنەڕەتی بوو بۆ ئەم کارە. بۆیە، ئەمە گەورەترین ئامانج بوو کە لەوێ هەبێت، ئارەزووی کۆمەڵگەی ئێزدی بوو کە مەزارگەیەکیان لەوێ هەبێت بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکانیان. بێگومان، ئێمە پێشوازی لەمە دەکەین و رێز لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی ئایینەکان دەگرین. ئێمە، بەراستی پێشوازی دەکەین و شانازی دەکەین کە یەکێک لە گەورەترین مەزارگەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەرمینیا هەبێت.
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لالش پەرستگای سەرەکیی ئێزدییەکانە، ئایا هیچ راوێژێک لەگەڵ میر یان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێزدی کراوە سەبارەت بەو مەزارگەیەی کە ئەمڕۆ لە ئەرمینیا دەکرێتەوە؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: راستییەکەی، هیچ شتێک نییە کە من ئاگاداری بم. لەوانەیە، لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدی خۆیاندا راوێژ کرابێت، بەڵام هیچ شتێک نییە کە بتوانم پشتڕاستی بکەمەوە.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم ئەوەیە، بەڕای تۆ خاڵە هاوبەشە سەرەکییەکانی نێوان کوردستان و ئەرمینیا چین، لە رووی کولتوورییەوە یان خەڵکەکەی؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: خەڵکەکەی. وەک ئاماژەت پێدا، ببورە قسەکانتم بڕی، چونکە تۆ وەڵامی پرسیارەکەت دایەوە. خەڵکەکەی. گەلانی ئێمە، زۆر شتی هاوبەشیان هەیە. ناڵێم تەنیا مێژوو، بەڵکو کولتوور، خواردن، مۆسیقا، هەموو ئەمانە کەشێکی گەورەی لێکتێگەیشتن و رێزگرتنی دوولایەنە دروست دەکەن. دەتوانم هەموو ئەوانە باس بکەم، بەڵام کورتیدەکەمەوە و دەڵێم، گەلەکەمان بەهای پەیوەندییەکانمانە. خاڵی سەرەکی و بەهای ئەم پێکەوەبوون و هاوڕێیەتییە، گەلەکەمانە.
رووداو: لە کاتی قسەکردن لەگەڵ خەڵکی کوردستان، چی شتێکی لەبیرنەکراو لە مێشکتدا دەمێنێتەوە؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: بۆ من بە شێوەیەکی کەسی، ئاهەنگی نەورۆزە. من، شانازیی ئەوەم پێبەخشرا کە دووجار بانگهێشت بکرێم و ئەمە لەبیرنەکراوترین شتە کە هەمبووە. حەزدەکەم جارێکی دیکەش لەوێ بم کاتێک رێکدەخرێتەوە.
رووداو: تەنیا جارێک روویدا؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: نەخێر، بۆ من دووجار روویدا. ئەمساڵ، بەداخەوە دواخرا، بەڵام بۆنەیەکی گەورەیە و من بەراستی پێی سەرسامم.
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەبارەی ڤیزاوە بە مێشکمدا هات، بۆ هاووڵاتیان و نوێنەرانی بازرگانی، ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئاسانتر وەریبگرن؟
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: دەزانیت، هەر وڵاتێک رێکارێکی ڤیزای خۆی هەیە و ئەرمینیاش مەرجی خۆی هەیە بۆ داواکردنی ڤیزای ئەرمینیا. ئەو کەسانەی کە مەرجەکان جێبەجێ دەکەن و بەڵگەنامەی پێویستیان هەیە، کە رێکارێکی ئاساییە، بێگومان ڤیزایان پێدەدرێت. بێگومان، جۆری جیاوازی ڤیزامان هەیە و هەوڵدەدەین هانی بازرگانان و هونەرمەندان و رۆشنبیران بدەین سەردانی ئەرمینیا بکەن. ئێمە، کراوەین و هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیارمان هەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: شایەنی نییە.
رووداو: سوپاس. خۆشحاڵبووم.
باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق: منیش خۆشحاڵبووم. زۆر سوپاس.


