رووداو دیجیتاڵ
عێراق لە یەکەم رۆژی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رووبەڕووی گەورەترین پرسیارەکانی لەبارەی سەروەریی راستەقینە و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت دەبێتەوە؛ لە کاتێکدا حکومەتی بەغدا هەوڵ بۆ سنووردارکردنی چەک دەدات، باڵی سیاسیی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان مەرجی قورس و ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی چەکداناندا دادەنێن.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا لەگەڵ سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق کە وەک باڵی سیاسیی کەتائیبی حیزبوڵڵا دەناسرێت، باسی دیدگەی بەرەی "مقاوەمە" بۆ قۆناخی نوێی عێراق دەکات، ساعدی دووپاتی دەکاتەوە کشانەوەی سەربازیی هاوپەیمانان تەنیا هەنگاوی یەکەمە و بەبێ ئازادکردنی بڕیاری ئابووری، ئەمنی و سیاسی لە هەژموونی واشنتن، سەروەریی عێراق بە تەواوەتی بەدی نایەت.
سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداو لەبارەی پاراستنی ئاسمانی عێراق دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، پێشنیازی بەکارهێنانی تواناکانی مقاوەمە وەکو "هێزی یەدەگ و بەرپەرچدانەوە" دەکات؛ هاوکات لە دۆسیەی رادەستکردنی چەکیشدا چەندین مەرج ئاشکرا دەکات، لە سەروویانەوە: کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ دەرهێنانی داهاتی نەوتی عێراق لەژێر کۆنترۆڵ و باجگیریی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا.
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە، سعود ساعدی رووبەڕووی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانە دەکاتەوە کە لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا تەنیا هاووڵاتییانی سڤیل دەبنە قوربانی، بەڵام ساعدی رەتیدەکاتەوە خەڵکی مەدەنی کرابێتە ئامانج و هێرشەکانی کۆیە و هەولێر لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران دەبەستێتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق:
رووداو: چۆن دەڕواننە کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، دەتوانین بڵێین لە ئەمڕۆوە عێراق وڵاتێکی خاوەنی سەروەرییە
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق: بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان. کشانەوەی ئەمریکا و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی رۆژئاوایی -نەک نێودەوڵەتی، چونکە ئەوە هاوپەیمانیی هێزەکانی ناتۆیە نەک نێودەوڵەتی، هەنگاوێکی ئەرێنییە و لەسەر رێگەی بەدیهێنانی سەروەریی تەواو، کرداری و راستەقینەیە بۆ عێراق.
بێگومان ئەمە بابەتێکی گرنگ و پێویستە و دوای قوربانیدانی عێراقییەکان هات، ئەو خوێنانەی بەخشرا لە پێناو ئازادکردنی زەوی و ئاسمانی عێراق و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی بڕیاری عێراقی. ئەمە بابەتێکە پێویستە عێراقییەکان بە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە هەموو ناوچەکانی عێراق کۆدەنگییان لەسەری هەبێت، بێ گوێدانە پاشخانی نەتەوەیی، مەزهەبی، ناوچەیی یان ئاراستە سیاسییەکان؛ چونکە بنەمای نەگۆڕی نیشتمانیی عێراقی هەن ناکرێت ناکۆک بین لەسەریان، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەدیهێنانی سەروەریی عێراق، سەربەخۆیی کرداری و راستەقینە، یەکڕیزیی عێراق و بنەما نەگۆڕەکانی دیکە کە هەموو گەلانی نیشتمانەکان کۆدەنگن لەسەری.
کەواتە ناکرێت باس لە سەروەرییەکی راستەقینە و تەواو بکرێت بەبێ ئازادکردنی بڕیاری سەروەریی عێراق، مەبەستم لەوەش بڕیاری ئابووری، بڕیاری ئەمنی و رەتکردنەوەی هەر بڕیار یان ئاراستەیەکە کە پێشێلی سەروەریی عێراق بکات، کە دوایینیان بڕیاری ئەمریکا بوو بۆ قەدەخەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران و سەپاندنی مەرجی دیاریکراو بەسەر فڕۆکەخانەکانی عێراقدا.
رووداو: ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی نەمانی هاوپەیمانان و ئەمریکایە لە عێراق، یەکەم رۆژی سەروەری عێراقە، چۆن دەزانن ئەوان کشاونەتەوە، ئێستا ئەو بنکە و بارەگایانەی ئەمریکای لێ بوو کێیی لێیە، ئێوە وەکو پەرلەمان و فراکسیۆنی حقوق لەوەتان کۆڵیوەتەوە، هاوپەیمانان بە تەواوی کشاونەتەوە؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق: بەپێی ئەو داتایانەی راگەیێنراون و لەبەردەستماندان، کشانەوەیەک روویداوە و چۆڵکردنی بنکە ئەمریکی و بیانییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بەتایبەت ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور کە هێزە ئەمریکی و بیانییەکانی لێ بوون، کراوە. ئێمە چاوەڕوانی کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکانی تورکیاش دەکەین لە باکووری عێراق و دزەکردنی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق.
بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە بەرپرسیارێتیی لیژنە هونەرییەکانە سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ و بەتایبەت ئەو لیژنە باڵایەی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە؛ لایەنی ئەمنی و سەربازی هەن کە پەیوەستن بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەوان پەیوەندیدارن بە بەدواداچوونی چۆڵکردنی ئەم بنکانە و نەمانی هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق یان هەر پێشێلکارییەک بۆ زەوی و ئاسمانی عێراق، یان تەنانەت هەر هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاری سەربازی یان ئەمنی.
ئێمە لە روانگەی تەنیا چۆڵکردنی هێزە بیانییەکانەوە سەیری سەروەری ناکەین، بەڵکو لە روانگەی خاوەندارێتیی بڕیاری سەروەریی عێراقییەوە سەیری دەکەین؛ بڕیاری سەربازی، ئەمنی، ئابووری و سیاسی. کەواتە پرسی سەروەری بریتییە لە خاوەندارێتیی بڕیار، پاراستنی سامانی وڵات، سەپاندنی ئیرادە، رێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی، کە واتا پاراستنی سامانی گشتی و سەرچاوەکان و توانای بڕیاردان بەبێ کاریگەری یان دەستێوەردانی دەرەکی.
رووداو: بەڕێز ساعدی ئێستا کێ ئاسمانی عێراق دەپارێزێت؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : ئەمە لە بەرپرسیارێتیی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانە بەپێی دەستووری عێراق؛ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان پەیوەندیدارن بە دامەزراندن و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی کە توانای پاراستنی سنوورەکانی هەبێت. یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی پێشێلکردنی سەروەری، بریتی بوو لە رێگری لە پڕچەککردنی سوپا بە سیستەمی بەرگری.
رووداو: مەبەستم ئەوە نییە لەسەر کاخەز چ هەیە، لە واقیعدا عێراق دەتوانێ ئاسمانەکەی بپارێزێت، هێرشێک بکرێتە سەر عێراق کێ ئاسمانەکەی دەپارێزێت؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق: ئایا کاتێک ئەم هێزە بیانییانە لێرە بوون کە ئاسمانی عێراقیان پێشێل دەکرد و تەنانەت سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراقیان دەکردە ئامانج لە کاتی هێرشکردنە سەر وڵاتی دراوسێ ئێران و هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و هاووڵاتییانی عێراقی، سەروەری پارێزراو بوو؟ لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت عێراق بە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی تۆکمە و تەواو پڕچەک بکرێت کە لە هێزی ئاسمانی، سیستەمی بەرگری، توانای هەواڵگری و کادیری هونەری پێکبێت. ئەم بابەتە پێویستی بە بڕیارێکی سەروەریی عێراقی هەیە دوور بێت لە کێشمەکێشی لاوەکی.
رووداو: وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرت، دوێنێ هێرشکراوەتە سەر کۆیە، ئەمڕۆ هێرش بکرێتە سەر عێراق کێ ئاسمانی عێراق دەپارێزێت؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : ئەم پرسیارەی دەکرێت گریمانەییە؛ چونکە ئەوەی هێرشی دەکردە سەر عێراق هەر ئەم هێزانە بوون کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین بۆ یارمەتیدانی عێراق دژی داعش، کەچی خۆیان زیاتر بەڕێوەبردنی شەڕی داعشیان دەکرد نەک شەڕی دژی داعش. بەڵگەی زۆر هەن کە چۆن هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبییان لە رۆژانی شەڕدا دەکردە ئامانج، تەنانەت پێشێلکاریی زۆریش کران وەک تیرۆرکردنی سەرکردە شەهیدەکان قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و شەهیدانی دیکە. پێشێلکاریی زۆر مەترسیدار کران و زەوی و ئاسمانی عێراق وەک گۆڕەپانێکی پشتەوە بەکارهێنران بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێران و سەر عێراقییەکان. کەواتە دەرکردنی ئەم هێزانە هەنگاوی یەکەمە بۆ بەدیهێنانی سەروەری.
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق: هەوڵدان بۆ گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانێکی لۆجستی، هەواڵگری و بەشێک لە تیرۆری نێودەوڵەتی کە تێیدا ئەمریکا و ناتۆ هێرش و تیرۆری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ ئەنجام بدەن، پێشێلکارییەکی روونی دەستووری عێراق و سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە. ئێمە پێویستمان بە پڕچەککردنی هێزەکانمانە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پێش ئەوەش پێویستمان بە بڕیارێکی سیاسییە کە بڕیاری عێراقی پەرت نەکات، بەڵکو کۆدەنگ بێت لەسەر یەکڕیزیی عێراق. ئەگەر هەڕەشەیەک هەبێت، هەر لەو هێزانەوە دێت کە پێشتر دەستدرێژییان دەکردە سەر عێراقییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق دەتوانێت سوود لە لایەنەکانی بەرەی بەرگری گرووپەکانی مقاوەمە وەربگرێت کە سەلماندیان رێڕەوێکی نیشتمانییان هەیە و ئامانجیان سەروەریی عێراقە، دەکرێت تواناکانیان لەژێر ناوی جیاوازدا بەکاربهێنرێت وەک هێزی یەدەگ یان هێزی بەرپەرچدانەوە، بەتایبەت لە بواری بەرگریی ئاسمانی و بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیکارێک.
رووداو: ئەو گرووپە چەکدارانەی باست کردن، حکومەتی عێراق دەیەوێت چەک دابنێن، یەکێک لەو لایەنانەی رەتیدەکاتەوە چەک دابنێ، حیزبوڵڵایە، دوێنێش ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا کۆبووەوە، لەسەر چ رێککەوتن، کەی چەک دادەنێن، مەرجتان کشانەوەی هاوپەیمانان بوو، ئەوە کرا، کەواتە کەی چەکەکانتان رادەست دەکەن؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : من گوتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵا نیم، بەڵام ئێمە فراکسیۆنێکی پەرلەمانین سەر بە ژینگەی حەشدی شەعبی و بەرگریین و لە ناویاندا هاتووینەتە دەرەوە و شانازی پێوە دەکەین، کەتائیبی حیزبوڵڵا خۆیان گوزارشت لە بۆچوون و هەڵوێستەکانی خۆیان دەکەن. بەڵام بەپێی نزیکایەتیمان لەو ژینگەیە، ئەم دانوستاندن و هەوڵانە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن چەندین هەفتەیە بەردەوامە. چەکی ئەو لایەنانەی پێیان دەگوترێت "گرووپە چەکدارەکان" -کە ناونانێکی بێلایەنانەیە بەڵام دوورە لە وەسفی بابەتی-، لە راستیدا ئەوان لایەنی بەرگریی نیشتمانین کە مێژوویان دەریخستووە بەرگری لە خاکی عێراق دەکەن و یارمەتیدەری دەوڵەت بوون بۆ سەپاندنی سەروەری لە بەرامبەر داگیرکاریی ئەمریکا (2003 بۆ 2011) و لە بەرامبەر داعش و ئێستاش لە بەرامبەر هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ.
رووداو: بەڕێز ساعدی ئەو گرووپانە چەک لە کوێ وەردەگرن ؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : پیشەسازیی خۆماڵی و پەرەپێدانی چەکی ناوخۆیی هەیە؛ ئەم لایەنانە لە ساڵی 2003ـەوە و پێش نووسینەوەی دەستوور لە گۆڕەپانەکەدان و بەرەنگاری داگیرکاریی ئەمریکا بوونەتەوە، مافی خۆیانە خۆیان پڕچەک بکەن مادام چەکەکەیان بەرەوڕووی داگیرکاری و ئەو ئیرادە دەرەکییە بێت کە دەیەوێت بڕیار زەوت بکات. دەبێت ئەم رەخنانە ئاراستەی ئەو لایەنە دەرەکییانە بکرێت کە سەروەرییان پێشێل کرد، خاکیان داگیر کرد، خوێنی عێراقییەکانیان رشت و هەوڵی تاڵانکردنی سامانیان دا. ئەم هێزانە هەمیشە دەخرێنە پێگەی بەرگریکردن یان دادگاییکردن، سەرەڕای ئەوەی بەبێ بەرامبەر و بەبێ داواکاریی حیزبی خوێنیان بەخشی و داوای سەروەریی نیشتمانی دەکەن و ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ سەرجەم هێزە عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە کۆتایی بە داگیرکاری و دەستدرێژیی دەرەکی بهێنێت و سەقامگیرییەکی راستەقینە بهێنێتە کایەوە نەک سەقامگیرییەکی لەرزۆک و کاتی.
رووداو: چۆن لەو هێرشانە دەڕوانن لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوانەش بە دەستدرێژی دادەنێن؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوون بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان، هیچ دەستدرێژییەک نەکراوەتە سەر دامەزراوەی مەدەنی، هێزی سیاسی یان کەسایەتیی حکومی
رووداو: بەڕێز ساعدی دەیان مووشەک لە ناوچەی سڤیل کەوتوونەتە خوارەوە، کۆیە هیچ بنکەیەکی ئەمریکی لێنییە، دەیان شوێن لە هەولێر هێرشیکراوەتە سەر بنکەی ئەمریکی لێ نەبووە، هەموو قوربانییانی ئەو هێرشانە خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستانن، یەک ئەمریکیش بەرنەکەوتووە، کامە بنکەی ئەمریکی باس دەکەی؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : ئەمریکییەکان باجی مانەوەی خۆیان دا و بۆیان دەرکەوت تێچووی مانەوە زیاترە لە تێچووی چوونە دەرەوە. دواتر، کێ دەڵێت ئەو هێرشانە لەلایەن ئەم لایەنانەوە بووە؟ ئەم لایەنانە بەیاننامەی فەرمییان هەیە و کاتێک بۆردومان دەکەن دەڵێن بۆردومانمان کرد و رووی چەکەکانیان بە ئاراستەی داگیرکاریی ئەمریکا بووە، نەک عێراقییەکان.
رووداو: نا من ئەوەی ئێران دەڵێم، ئەو هێرشانەی ئێران دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان، دەستدرێژی نییە، رەوایی دەدەنێ؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق : سەرەتا دەبێت رێگە نەدەین خاک و ئاسمانی ئێمە ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ، ئێمە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی لە هەر لایەنێکەوە بێت بۆ سەر خاک و ئاسمانی عێراق رەت دەکەینەوە، بەڵام رێککەوتنی ناوخۆیی و رێککەوتنی دووقۆڵیی عێراقی-ئێرانی هەیە بۆ رێگریکردن لە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراق تاوەکو خاکی عێراق بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردن یان گۆڕینی بۆ بنکەی سیخوڕیی بیانی دژی ئێران. ناکرێت ئێمە بەرپرسیارێتیی پەرچەکردار بخەینە ئەستۆی خەڵک لە کاتێکدا خۆمان بەرپرسیاری کردارەکەین! ئەگەر بەدوای سەروەریی راستەقینەدا دەگەڕێین، دەبێت بە یەک تەرازوو سەیری هەموو شتێک بکەین، نەک لە روانگەی بەرژەوەندیی حیزبی، نەتەوەیی یان تێڕوانین بۆ هاوپەیمانێتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی نیشتمانی.
رووداو: رەشنووسێک بۆ چەکدانان ئامادەکراوە، ئەو رەشنووسە چی تێدایە؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق: بەپێی زانیارییەکان، مەرجی عێراقی هەیە کە جارێک لەلایەن فەسیلەکان، جارێک چوارچێوەی هەماهەنگی یان هەندێک هێزی سیاسییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، ئەم لێکتێگەیشتنانە گەیشتوونەتە دانانی مەرجی دیاریکراو؛ یەکەمیان کشانەوەی هێزە ئەمریکی و بیانییەکانە بە هێزەکانی تورکیاشەوە، لەگەڵ رێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی و تەنانەت رزگارکردنی ئیرادەی دارایی عێراق کە بووەتە ئامرازێکی باجگیریی ئەمریکا بۆ گوشارخستنەسەر عێراقییەکان سەبارەت بە داهاتی نەوت لە بانکی فیدراڵی، لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکە. کاتێک سەروەری هاتەدی و خاوەنی بڕیاری خۆمان بووین، بێگومان ئێمە لەگەڵ کۆکردنەوەی چەکین بە دەستی دەوڵەتەوە، بەڵام کام دەوڵەت و کام چەک؟ ئەو چەکەی کە بەشێک بوو لە دەوڵەت؟ ئەو چەکەی کە بەشێک بوو لە دەوڵەت وەکو ئەوەی لەدەستی موقاوەمە بوو.
رووداو: ئەو مەرجانە، مەرجی رێگر نین بۆ ئێوە، ئاستەنگ نابێ بۆ ئەوەی چەک دانەنێن؟
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق: کێشەکە ئەوەیە کە پێوەرەکان پێچەوانە بوونەتەوە؛ واتە داگیرکەر و پێشێلکار و دزی سامانەکان وەک رزگارکەر پێشان دەدرێت، ئاگرەکە هەڵدەکات و پاشان بە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە دێت تا خۆی وەک فریادڕەس نیشان بدات! لە کاتێکدا داواکردنی سەروەری و گەڕاندنەوەی پارە و خاوەندارێتیی بڕیار وا نیشان دەدرێت کە شتێکی مەحاڵ یان خەیاڵییە! لە کاتێکدا ئەمە مافێکی سەرەتاییە لە دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا. گەڕان بەدوای سەروەریی راستەقینە کارێکی ئاسایی و سەرەتاییە بۆ هەموو عێراقییەکان، جا عەرەب بن یان کورد، سوننە بن یان شیعە، موسڵمان بن یان کریستیان، بەبێ گوێدانە جیاوازییە لاوەکییەکان.


