رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، سەرجەم گرووپە چەکدارەکان رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەت واژۆکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە تاوەکو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دۆسیەی چەک بەتەواوی کۆتایی پێدێت. راشیگەیاند کە لە ماوەی یەک مانگدا چەکدارانی چیای شنگال دێنە خوارەوە.
قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکانی عێراق و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئێران و وڵاتانی بیانی.
لەبارەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، قاسم عەبوودی گوتی: "دوای گفتوگۆی سەخت، هەموو لایەن و گرووپە چەکدارەکان رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەت واژۆکردووە، کە بەپێی ئەوە دەبێت تاوەکو حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دۆسیەی چەک بە یەکجاری کۆتایی پێبێت، لەم ماوەیەشدا هیچ جووڵە و کردارێکی سەربازی ناکەن."
سەبارەت بە هۆکاری دیاریکردنی مانگی حوزەیران، عەبوودی روونیکردەوە کە پرۆسەکە پێویستی بە کات هەیە: "سێ مانگی یەکەم بۆ دروستکردنی متمانەیە و لە سێ مانگی دووەمدا پرۆسەی رادەستکردنی کرداریی چەکەکان دەستپێدەکات." ئاشکراشی کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی لە چوار سەرکردە پێکهێناوە وەک کەفیل و گەرەنتیکاری جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە.
رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران و حیزبەکانی رۆژهەڵات
لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران، عەبوودی گوتی: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیداین. ئێمە هەمیشە سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەگەڵ ئێرانیش لە گفتوگۆداین. لە بەرامبەردا دەستوور رێگە نادات خاکەکەمان ببێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانمان."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گوتی، نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر وەرگرتنی داواکاریی پەنابەری بۆ هەزاران کەس لە ئەندامان و خێزانەکانی ئەو چوار حیزبەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هاوکات کەمپی تایبەت لە ناوچەکانی دوور لە سنوور دروستکراون. ئاشکراشی کرد کە لە 19ی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە بەغدا لەگەڵ شاندی ئێران بەڕێوەدەچێت و هەوڵ دەدات وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی سلێمانیش بەشداریی تێدا بکەن تاوەکو بەڵگەکانی بۆردوومانەکان بخەنە بەردەم تاران.
لەبارەی دۆسیەی شنگال، عەبوودی مژدەی دا کە "لە ماوەی یەک مانگدا بوونی چەکداری لە چیای شنگال کۆتایی دێت و چەکدارەکان دێنە خوارەوە و چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت دەکەن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز عەبوودی زۆر بەخێربێیت بۆ ئەم گفتوگۆ تایبەتەی رووداو، لەم کابینەی حکومەتدا بەم ئەرکە سەختە راسپێردراویت، دۆخی ئەمنیی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
قاسم عەبوودی: زۆر سوپاس لە راستیدا، ئێمە لە کاتێکی وەرچەرخانی زۆر گرنگدا بەم ئەرکە راسپێردرابووین، ئەویش تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی بوو لەگەڵ هاوپەیمانان، یان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، کە خشتەیەکی کاتی بۆ دانرابوو، ئەویش کۆتایی مانگی ئەیلوولی رابردوو بوو؛ ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ پێویستیی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، وەک لە پێشەکییەکەدا ئاماژەت پێدا. ئەرکێکی زۆر سەخت و دژوار بوو، گفتوگۆی زۆر قورسمان لەگەڵ چەندین لایەندا ئەنجامدا، بەڵام لە کۆتاییدا سوپاس بۆ خوا رێککەوتن کرا؛ یەکەم: لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بە راستی کشانەوە و ئێستا هیچ سەربازێکی هاوپەیمانان لە خاکی عێراقدا نەماوە. هەروەها لایەنە گرووپە چەکدارەکان رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەت واژۆ کرد، کە بەپێی ئەوە دەبێت تاوەکو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دۆسیەی چەک کۆتایی پێبێت، لەم ماوەیەشدا تاوەکو حوزەیرانی داهاتوو هیچ جووڵە یان کردەیەکی سەربازی نابێت، ئەمەش پابەندبوونی گرووپەکانە بەم بابەتە.
رووداو: بۆچی دواخرا بۆ ساڵی داهاتوو و بە دیاریکراوی بۆ مانگی حوزەیران و لەمساڵدا کۆتایی بەو دۆسیەیە نەهات؟
قاسم عەبوودی: لە راستییدا، بە پابەندبوون بە ئەنجامنەدانی هیچ کارێک، مەبەستم هیچ کردارێکی سەربازییە تا رادەیەکی زۆر کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش زۆر گرنگە. بەڵام پرسی رادەستکردنی چەک یان سنووردارکردنی، بابەتێکە پێویستی بە رێکار هەیە، بە راشکاوی ئەم رێکارانەش کاتیان پێویستە. کاتەکە سەرەتا بۆ ئەوەیە متمانە لە نێوان حکومەت و ئەم لایەنانەدا بەهێز بکرێت، ئەم ماوەیە لە ماوەی سێ مانگدا تاقی دەکرێتەوە؛ سێ مانگی دواتریش پرۆسەی رادەستکردنی کرداریی چەکەکەیە، هەر بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەم کاتە بوو.
رووداو: ئایا هەموو گرووپە چەکدارەکان لەگەڵتان هاوڕان؟
قاسم عەبوودی: نزیکەی هەموویان، بەڵێ هەموویان، هەموویان ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کرد.
رووداو: نزیکەی، یان بە تەواوەتی؟
قاسم عەبوودی: نا نا، هەموویان ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کرد،. ئەم رێککەوتنەش کەفیل و گەرەنتیکاری هەیە، ئەمەش زۆر گرنگە. چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی لە چوار کەسایەتیی سەرکردە پێکهێناوە، کە پرۆسەی رێکخستنی ئەم رێککەوتنەیان لە ئەستۆ گرت، ئەوان کەفیلی جێبەجێکردن و پابەندبوونن پێیەوە، لایەنەکانی دیکەش بەشدار بوون لەم رێککەوتنەدا. لەبەر ئەوە لە راستییدا بناغەیەکی بەهێز بۆ ئەم رێککەوتنە هەیە کە جێبەجێکردنی مسۆگەر دەکات.
رووداو: بێینە سەر بابەتێکی دیکە کە پەیوەستە بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێوە و ئێران، ئەم رێککەوتنە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
قاسم عەبوودی: ئەگەر مەبەستت لیژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە ئۆپۆزسیۆنی نیشتەجێی کوردستان بێت، من سەرۆکی ئەو لیژنەیەم و لەگەڵ هاوکارم بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێم لەبارەی ئەم بابەتەوە قسەم دەکرد. لە راستییدا، ئێمە لە کارکردنی بەردەوام و هاوئاهەنگیداین لەگەڵ هەرێم لەم پرسەدا بەرامبەر برایانی ئێرانی و داواکارییەکانیان. بە راشکاوی ئێمە هەمیشە سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی خاکەکەمان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە یان لەلایەن هەر وڵاتێکی دیکەوە دەکەین، ئەوە بابەتێکی تەواو روونە. لە بەرامبەردا، ئێمە پەرۆشین بۆ ئەوەی ئاسایشی دراوسێکانمان نەخرێتە مەترسییەوە و بەپێی دەستوور پابەندین بەوەی نەبینە رێڕەو بۆ هیچ گرووپێک، هەر لایەنێک بێت، بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان لەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە ئێمە پابەندین بە چارەسەرکردنی پرسی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و چوار حیزبەکەی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاشتییانە و تا رادەیەکی زۆر هەنگاوی باشمان بڕیوە، من لە گفتوگۆدام لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان.
رووداو: چ هەنگاوێک بڕدراون؟
قاسم عەبوودی: زۆر باشە، ئەمە گرنگە. گرنگترین خاڵ لە راستییدا هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە وەرگرتنی داواکاریی پەنابەری بۆ هەزاران کەس لەوان، وەک دەزانیت ئەوانە خێزانن. لە لایەن خۆمانەوە، وەک راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی هەستاوین بە دروستکردنی کەمپ بۆ نیشتەجێکردنیان لەو ناوچانەی کە سوور بووین لەسەر ئەوەی دوور بن لە سنوور، تاوەکو نەبێتە هۆی دزەکردن یان وەک ئەوەی ئێرانییەکان دەڵێن کە جاروبار رووبەڕووی هێرش یان کاری سەربازی دەبنەوە. لەم بابەتەدا لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش لەگەڵ هەرێم هەیە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەیە، هیوادارم ئەویش ئەنجامی هەبێت بۆ...
رووداو: کۆبوونەوەکە لە کوێیە؟ لێرە؟ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ؟
قاسم عەبوودی: نەخێر، لە بەغدا دەبێت،. ان شاء الله، بە دڵنیاییەوە هیوادارم وەزیری ناوخۆی هەرێم و برایانی سلێمانیش بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا بکەن، زۆر پێویستە. تاوەکو ئێستا ئەوان تا رادەیەک ناڕازین؛ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەو پێیەی ناڕازین لەو لێدان و بۆردوومانانەی رووبەڕوویان بووەتەوە و داوای پاساویان لە لایەنی ئێرانی کردووە. من هانیان دەدەم؛ ئەمڕۆ لێرە چاوپێکەوتنم لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێم هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکەم و داوای هاوکاریی لێدەکەم بۆ هاندانی برایان تا بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا بکەن.
رووداو: سەبارەت بە بەردەوامیی بۆردوومانکردنی کەمپەکان و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، ئایا لەگەڵ لایەنی ئێرانی پەیوەندیتان کردووە؟
قاسم عەبوودی: بێگومان، ئێمە هەمیشە لە گفتوگۆداین لەگەڵ لایەنی ئێرانی، گفتوگۆیەکی ئاساییش نییە؛ ئێمە هەمیشە سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی خاکەکەمان دەکەین لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت و بە هەر پاساوێک بێت. لە راستییدا، ئێرانییەکان بە درێژایی ئەم ماوەیە رەتیدەکەنەوە کە ئەوان ئەم بۆردوومانەیان کردبێت. ئەمە راستییەکەیە؛ بێگومان هەرێم باسی کرد و گوتی ئێمە دڵنیاین و بەڵگەمان لەسەر ئەم بابەتە هەیە، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا ئەم بابەتە دەخەینە بەردەمیان و بە راشکاوی دەڵێین کە دەبێت ئەم بابەتە رابگیرێت.
رووداو: سەبارەت بە رێککەوتننامەی شنگال، ئەو رێککەوتننامەیە بەکوێ گەیشتووە و کەی جێبەجێکردنی تەواو دەبێت؟
قاسم عەبوودی: پێشکەوتنی زۆر گەورەمان بەدەستهێناوە، لە ماوەی یەک مانگدا ئینشاڵلا بوونی چەکداری لە چیای شنگال کۆتایی دێت، ئەو چەکدارانە دێنە خوارەوە و چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت دەکەن، وەک چۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز عەلی فالح زەیدی رێککەوتوون. ئێمەش گەرەنتیمان پێداون کە تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکان بکرێن. بە راستی ئێمە ئەوەمان کرد، نزیکەی 1500 کەسمان لە هێزە چەکدارەکاندا تێکەڵ کردووە، 500 ژنیش لە پۆلیسی کۆمەڵگەدا لە پرۆسەی تێکەڵکردندان و نزیکەی 1500 بۆ 2000 کەسی دیکەش بەپێی زانیارییەکانم تێکەڵ دەکرێن، یان لە هێزە چەکدارەکان یان لە دەزگا مەدەنییەکاندا. بەڵام گرنگترین شت ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە؛ شارەکە وێرانکارییەکی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان کە ئێستا لە هەرێمن؛ نزیکەی 100 هەزار ئێزدی ئێستا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەژین، دەبێت بە ئاشتی بگەڕێنەوە شارەکەیان، بەڵام بەداخەوە شارەکەیان وێران بووە و ماڵەکانیان رووخاون، هەوڵی حکومەت هەیە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە.
رووداو: دوا پرسیارم سەبارەت بە دەستبەسەرکراوانە، بەتایبەت ئەوانەی تۆمەت یان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، چ سووری بن یان خەڵکی وڵاتانی بیانی، ژمارەی سوورییەکان چەندە؟ و چەندیان گەڕێنراونەتەوە بۆ سووریا؟
قاسم عەبوودی: بەڵێ، پرسیارێکی گرنگە. لە راستییدا ئێمە چەند رۆژ لەمەوبەر لە کۆنفرانسی رۆما ئەم بابەتەمان بە فراوانی تاوتوێ کرد، من سەرۆکایەتیی شاندی عێراقم دەکرد لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان، شاندی سووریاش لەوێ بوون و کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیمان لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئەوان ئەنجامدا. ئێمە ئەمڕۆ 4000 سووریمان هەیە لە کۆی 5000
رووداو: 4000 سووری؟
قاسم عەبوودی: 4000 سووری لە کۆی زیاتر لە 5000 دەستبەسەرکراو لە نەتەوە و رەگەزنامەی جیاواز، لە راستییدا نوێنەرایەتیی 62 رەگەزنامە دەکەن. لەسەر ئەمە رێککەوتن کرا، تەنانەت داوا لە عێراق کرا کە پرۆسەی گواستنەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ئەنجام بدات، واتە ئێمە خۆبەخش نەبووین...
رووداو: تەنیا لە سووریاوە؟
قاسم عەبوودی: هەموو وڵاتانی جیهان داوایان کرد، لەنێویاندا وڵاتانی هاوپەیمانان. ئەوان وەک لەبیرتە لە سووریا لای "هەسەدە" بوون و لەژێر چاودێریی هێزەکانی هاوپەیماناندا بوون، داوایان لە عێراق کرد بیانگوازێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات و ئەگەر پێویست بوو دادگاییان بکات. لە راستییدا لەگەڵ هەمووان لێکۆڵینەوەمان کرد؛ ئێستا 400 لەو سوورییانە تاوانەکەیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە، ئێمە ئامادەین رادەستی سووریایان بکەینەوە و تاوەکو ئێستاش 50 کەسیانمان رادەست کردووەتەوە و ئەوانی دیکەش بە چەند کاروانێک رادەستی سووریا دەکرێنەوە. هەر کەسێک کە تاوانی تیرۆریستی بەسەردا ساغ نەبێتەوە، ئازاد دەکرێت و بەمەش رادەستی دەوڵەتەکەی دەکرێتەوە. بێگومان دەوڵەت هەیە کە رەتیکردووەتەوە هاووڵاتییەکانی وەربگرێتەوە، بۆیە ئەوانە لە عێراق دەهێڵرێنەوە، ئێمە داوای هاوکارییشمان کردووە بۆ باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان و دروستکردنی زیندانی نوێ. ئەو دەوڵەتانەشی کە دوای دەرچوونی سزاکانیان هاووڵاتییەکانیان وەردەگرنەوە، رێککەوتن هەیە لەسەر دوو مەرج: 1- مامەڵەی هاوشێوە ، ئەمە گرنگە. 2- هەمان ئەو سزایەی دادگەی عێراق بڕیاری لێداوە لە وڵاتەکانی خۆیان تەواوی بکەن؛ ئەمە مەرجی رادەستکردنەوەیە ئەگەر رێککەوتنی دوولایەنە هەبێت بۆ رادەستکردنەوە.
رووداو: ئایا دەوڵەت هەبووە داوای رادەستکردنەوەی دەستبەسەرکراوان بکات؟
قاسم عەبوودی: پێشتر کۆمەڵێکمان رادەستی هەندێک دەوڵەت کردووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای کرد و وەریگرتنەوە، ئیسپانیا داوای وەرگرتنەوەی دوو کەسی کرد، وڵاتانی دیکەش داوای وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان کردووە، بەڵام بەپێی ئەو مەرجانەی کە پێشتر باسم کردن.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە عێراق، میوانم بوویت لەم گفتوگۆ تایبەتەدا، زۆر سوپاس.
قاسم عەبوودی: زۆر سوپاس، زۆر سوپاس.


