کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین

جەعفەر ئیمینکی: کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی پەیامێکی زۆر بەهێز بوو

زانیار بەهادین

زانیار بەهادین

29-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
زانیار بەهادین
زانیار بەهادین29-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

حەیدەر عەبوودی بۆ رووداو: هیچ کەس ناتوانێت پشکی بودجەی 2027ـی هەرێمی کوردستان ببڕێت
هەڤپەیڤین27-11-2026

حەیدەر عەبوودی بۆ رووداو: هیچ کەس ناتوانێت پشکی بودجەی 2027ـی هەرێمی کوردستان ببڕێت

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت
هەڤپەیڤین26-11-2026

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن
هەڤپەیڤین26-11-2026

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن

رووداو دیجیتاڵ


ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای حیزبەکەی و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە سەرکەوتوو ناودەبات و دەڵێت، "پەیامێکی زۆر بەهێز بوو".


رۆژی 29ـی تشرینی دووەمی 2026، جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی دوێنێی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە جێگەی خۆیدا بوو و ئاراستەیەکی تەندروست بوو بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ بەغداش.


جەعفەر ئیمینکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە گوتی: " کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو بوو و پەیامێکی زۆر بەهێز بوو".



دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان


رووداو: دوایین گۆڕانکاری لەبارەی دۆخەکە چییە؟

جەعفەر ئیمینکی: پشتیوان بە خودا، دەبێتە خێر. ئامادەکارییەکانی دوێنێی پارتی و یەکێتی لە جێی خۆی بوون و ئاراستەیەکی تەندروست بوو، چ بۆ هەرێم و چ بۆ بەغدا. بێگومان بەو هیوایەین هەندێک هەنگاوی خێرا بەرەو ئەوە بنێین چارەسەری گونجاو و هەمیشەیی بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە، چونکە بەڕاستی ناکرێ هەر ماوەیەک کابینەیەک (لە عێراق) بگۆڕدرێ و ئەو جۆرە فیلمانە ببینین و بە ناوی چاکسازییەوە دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروست بکەن. ئەمە شتێک نییە لە جێی خۆی بێت، نەوەک بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتێک لە دنیادا. کەواتە خوازیارین دۆخەکە بەرەو جێگیربوون بچێت و سەقامگیری سیاسی هەبێت. بەڕاستی ئەم ماوەیە هەرێمی کوردستان زۆر نیگەران بوو لەو لێدوانانە و لەو رەفتارانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە دەبوو پێچەوانە بێت. دەبوو بەڕێز زەیدی تەماشای هەرێمی کوردستان بکات، تەماشای شارەکانی دیکەی عێراق بکات، پەند و وانە لە هەرێمی کوردستان وەربگرێ. پرسی چاکسازی پرسێکی لاوەکییە و بەشێکە لە کۆی پرۆسەکە.


رووداو: هەرێمی کوردستان لەگەڵ چاکسازییە؟ لەگەڵ نەهێشتنی گەندەڵییە؟

جەعفەر ئیمینکی: بێگومان، هەرێمی کوردستان پێش ئەوان دەستی پێکردووە، بەس تۆ ناتوانی لە وڵاتێکی وەک عێراق، ناتوانیت لە پاکێجەکەت تەواو بیت و گشتگیر بیت، هەرێمی کوردستان دەستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بردووە، بەس من چی بکەم ئەم عێراقە هەموو بەو شێوازەیە کە هەیە؟ هاوکێشەی گەندەڵی لە عێراق زۆر بەرزە. عێراق وڵاتێک بووە لە کۆی 180 وڵاتی دنیادا هەمیشە لە ریزبەندی 154 بووە، ئەم کۆتاییە هاتووەتە 136.


رووداو: واتە یەکەمە لە دوای دواوە؟

جەعفەر ئیمینکی: بەڵێ، لە دوای دواوە. ؟ ئەو بەشەی خۆمان تا رادەیەک دەبێت باشتر بکەین، دەکرێ باشتر بکەین و ئەو ئیرادەیەش هەیە.


رووداو: نیگەرانن لە زەیدی؟

جەعفەر ئیمینکی: وەڵڵا پێشتر نیگەران نەبووین، بەڵام ئێستا نیگەرانین، بەڕاستی زۆر نیگەرانین. تازە ئاشنا بووین بەو کەسایەتییە. نازانم وەحی بۆ دێت و نازانم چی دەکات، ئەو قسانە زۆر مەترسیدارن.


رووداو: دەیەوێ بەرگێکی ئایینی بە بەر بڕیارەکاندا بکات؟

جەعفەر ئیمینکی: ئاخر بۆچی، لە پێناوی چی؟ ئێمە بەشەرین، خوا عەقڵی بە ئێمە داوە، شەریعەت هەیە لەوێ، قورئان هەیە لەوێ، دەستوور هەیە لەوێ، ئەمانە هەموو بۆ کەسێک لە عێراق بژیت، ئەمانە سەرچاوە دەگرن بۆ ئەوەی رەفتاری گونجاو و شیاو لە پێناوی ئەوەدا هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە هەموویان تووشی ئەوە نەکات، واتە وا بکات بە گەشبینییەوە بژین.


رووداو: کاک جەعفەر ئەمەی عەلی زەیدی دەیکات، پێت وایە بەڕاستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە یان ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوەیە کە بەرامبەر هەرێمی کوردستانە؟

جەعفەرئێمینکی: بە دڵنیاییەوە ئەو رۆژەش رای من وابوو، گوتم ئەگەر گوشار بێت، ئێمە لەگەڵی بچین، یەعنی خۆ دەکرێت ئێمە پاسی بدەینێ و هاوکاری بکەین، بەڵام وا پێدەچێت ئەمە بەرنامەیەکی تر بێت و بەرنامەیەکی نێودەوڵەتی بێت.


رووداو: عێراقی نییە ئەم بڕیارە؟

جەعفەر ئیمینکی: باوەڕ ناکەم ئەمە عێراقی بێت، چونکە عێراق ئێمە لە عێراق دەژین؛ ئێمە بەشێکی گرنگین لەم عێراقە. ئێمە بەشێکی دامەزرێنەرین لەم عێراقە. کەس لە ئێمە لەپێشتر نییە کە بۆ خزمەتکردنی عێراق بێت، کەس بەقەد پارتی و یەکێتی و هەرێمی کوردستان خزمەتی ئەم عێراقەی نەکردووە، هەتا پاراستنی بەغدا لە کەوتن، هەتا جەنگی دژی داعش، کێ بردییە سەرێ؟ کورد بردییە سەرێ، ئەم هەرێمە بردییە سەرێ. لەبەر ئەوە لە جیاتی ئەوەی بێت گوێ بگرێت، ئەم پیاوە گوێ بگرێت...


رووداو: گوێ ناگرێت؟

جەعفەر ئیمینکی: هەستم پێنەکردووە گوێی گرتبێت، گوێی لە کێ گرتووە؟ دەڵێت راپۆرتێکی هەواڵگریم بە دەست گەیشتووە. ئەی کاکە تۆ پەرلەمانت هەیە، پەرلەمانی عێراقت هەیە، لیژنەی هەمیشەییتان هەیە، پەرلەمانی کوردستان هەیە، حکومەتێکت هەیە، دەبێت گوێ لەمانە بگریت.


رووداو: دەگوترێت بڕیارەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش گفتوگۆیان لەسەر نەکراوە.

جەعفەر ئیمینکی: نە لەوێ باسکراون و نە لە پەرلەمان باس کراون و نە لێرە. ئێمە هەرێمی تاقانەین لەم وڵاتەدا. هەرێمی تاقانە وا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ؟ بەو شێوازە ئەوانە قسە دەکەن. دووەم، بەڕاستی هەندێک لەو رەفتارانە زۆر لە جێی خۆی نەبوون، یەعنی بەوە منی ئازار داوە.


رووداو: وەک؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەو گوتەبێژی سەربازی عێراقی بێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بە شێوازێک بخوێنێتەوە.


رووداو: پەیامی تێدایە ئەوە؟ ئاماژەی هەیە ئەمە کە گوتەبێژی سەربازی بیخوێنێتەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: بە دڵنیاییەوە ئاماژەی تێدایە، ئاماژەی زۆر خراپیش. ئەم وڵاتەی عێراق بریندارە، بە شیعەوە بریندارە، بە کورد بریندارە، هەموومان بریندارین. مێژوویەکی پڕ خوێناویمان هەیە، پڕ ئەنفالمان هەیە، تازە بێت بەو شێوازە لەگەڵ ئێمە بدوێ، بەڕاستی لە جێی خۆی نەبوو، زۆر ناشیرین بوو. باوەڕ بکە زۆر زەرەری لە خۆی دا و زۆر زەرەری لە عێراقیش دا. زیانەکان کەی دەردەچن؟ یەعنی وا لە قەڵەم بدە ئەمە هەرێمی کوردستان تووشی گومان بوو لەو وەزعە. ئەوە زۆر زۆر کەلێنێکی تر دروست دەکات لە عێراقدا.


رووداو: عەلی زەیدی ئایندەی سیاسیی خۆی خستە مەترسییەوە بەمانە؟

جەعفەر ئیمینکی: باوەڕ بکە ئایندەی خۆی خستە مەترسییەوە، ئایندەی کۆی پرۆسەی سیاسیشی خستە مەترسییەوە. واتە، تەماشا بکە ئەو رۆژە لەگەڵ لایەنی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان دانیشتووە، چی فڕێداوە؟ دەڵێت هەندێک بەرپرسن ژمارە حیسابیان 32 ملیارە، 16 ملیارە، ئێ باشە کەس نەبوو لێی بپرسێت بڵێت ژمارە حیسابی تۆ چەندە؟ تۆ بە بازرگانی تۆ لە کوێ هاتی؟ چەندە؟ بۆ؟ یەعنی ناکرێت ئەم قسانە، ئەمانە قسەی مەجلیس نەبوون. وەڵڵاهی دەبوو ئەو برادەرانەش بە تەنیا نەچن.


رووداو: رەخنەت هەیە لێیان کە بە تەنیا رۆیشتن؟

جەعفەر ئیمینکی: من بە رەخنە نایڵێم، دۆخەکەی من تەقدیری دۆخی ئەوان دەکەم لە بەغدا چۆن بوو، بەڵام دەبێت بیری لێبکەینەوە، قسەی باشیان کرد ئەم ماوەیە و دەبێت هەڵوێستەکەش پێکەوە بێت، واتای پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانە پێکەوە چووبان، لەگەڵیان دانیشتبان نەوەک ئەو دانیشێت و ئەو دابنیشێت، یەعنی ئەو لە سەرێ دانیشتبێت و ئێمە وەک دەڵێی موراجیع و موەزەفین چووین لەوێ دانیشتین. بەخوا ئەمریکاش شتی وا ناکەن، ئەوروپاش شتی وا ناکەن.


رووداو: غرووری تێدا دەبینن کاک جەعفەر؟

جەعفەر ئیمینکی: وەڵڵاهی غروورێکی زۆر زۆری تێدایە، ئەو رۆژەی کە بینیم بە ئۆکی تۆکی لەگەڵ ئەوانە قسە دەکات قیادەی... ئەوەی چوونە جورف سەخر، ئەوە هەستم پێکرد ئەمە هەموو شۆیە. ئەگینا بەو دیمەنە و غروورە جورف سەخر چوونە ئەوێ، نە گوترا چییان کردووە، نە دەزانین چییان کردووە، نە هیچ وێنەیەک هەیە لەوێ، ئەوانە هەموو بۆ چوونە؟ بۆ شاردنەوەی شتێکی تر دەبێت، یەعنی چیرۆکێکی تر لە سەرەوە هەیە.


رووداو: جروف سەخر سیناریۆ بوو بۆ ئەمەی هەرێمی کوردستان؟

جەعفەر ئیمینکی: بەتەئکید، بە تەئکید، هەموو سیناریۆن لە زیمنی بەرنامەیەکی گەورەتر. ئەو بەرنامەش بۆ بڕینی پەڕ و باڵی هەرێمی کوردستان.


رووداو: دەتوانێت؟

جەعفەر ئیمینکی: ناتوانێت.


رووداو: چۆن؟

جەعفەر ئیمینکی: دە با خۆیشی لێکبداتەوە، ناتوانێت، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی 150 ساڵی بەردەوامی خەباتە، پێی ناکرێ. دەتوانێت زەرەرمان لێبدات، خۆ من باسی پێکدادان ناکەم، پێکدادانی لەشکری ناکەم، بەڵام تەنانەت باسی سیاسی دەکەم، ئەم هەرێمە شەرعییەتی خۆی وەرگرتووە، سەقامگیر بووە، جێگیر بووە، ئەو ناتوانێت.


رووداو: پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی هەیە

جەعفەر ئیمینکی: هەیە، هەیە بەس سنووردارە.


رووداو: سنووردارە؟

جەعفەر ئیمینکی: سنووردارە، باوەڕ بکە.


رووداو: هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەمە پێچەوانە بکاتەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: من دەڵێم هەنگاوی هەرە باش دوێنێ دەستی پێکرد، بەس هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بباتەوە، بۆچی؟ چونکە ئەو سەفقە نێودەوڵەتییە بەستراوەتەوە بە پترۆڵ و نەوت و بە ناوی قاچاخەوە، پترۆڵ هەمووی ببەن بۆ هەندێک کۆمپانیای ئەمریکی، ئەوە دیارە خۆ هاوار دەکات، ئەوەندە دیارە، ئێ ئەو پرۆسەیە خەڵکی تریش لەسەر هێڵ هەیە.


رووداو: کێ لەسەر هێڵە؟

جەعفەر ئیمینکی: ئۆپیک لەسەر هێڵە، خەڵکی تر هەیە، فرۆشتنی نەوت و دەرهێنانی نەوت شتێکی نێودەوڵەتییە. لەبەر ئەوە خەڵکی تریش دێتە سەر هێڵ، یەعنی ئەوە تەنیا بڵێین چەند کەسێکی ئەوانەی هاتوون لەگەڵ زەیدی و تەرتیباتە بکەن نەوتی عێراق هەموو بدەنە هەندێک کۆمپانیا.


رووداو: ئێوە پارتی و یەکێتی رێککەوتنتان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت و لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.

جەعفەر ئیمینکی: بەڵێ وایە.


رووداو: رای ئەوان چییە لەگەڵ ئێوە، قسەتان لەگەڵ کردوون؟

جەعفەرئێمینکی: من ئاگاداری ئەو وردەکاریانە نیم، بەڵام قسە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوام بووە، پێشتر بەردەوام بووە، برادەرانی ئێمە لە بەغدا بەردەوام لە کۆبوونەوەکان حازر دەبن و من لەوەدا باوەڕ دەکەم چوارچێوەی هەماهەنگیش لە گشتی نا، بەڵام لە زۆر بابەت لەوانە هاوڕا بن لەگەڵ ئێمە، کە دەبێت هەنگاوەکانی زەیدی راستەڕێ بکرێن، ئێستا بە لاڕێدا چووە.


رووداو: راست نین ئێستا؟

جەعفەر ئیمینکی :نا نا بە لاڕێدا چوون، لە داڕشتنەوە بە لاڕێدا چوونە، لە جێبەجێکردنیش بە لارێدا چوون. خەریک بوو هەندێک شت پەلە دەکات لە هەندێک مەسەلە. ئێستا لە هەندێک وڵاتانی دنیا لە فیدراڵی، ئەوە داهێنانێکی سویسرییە، دەڵێن ئەو ئیشەی بە هەرێمێک بکرێت، نابێت فیدراڵی دەستی بۆ ببات، ئەوەی پێدەڵێن تەناسوبی تەدەریجی. ئێ ئیشێک بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەروازەیەک فەرزەن وەک بڵێین مۆڵەتی پێنەدراوە.


رووداو: فەرمی نییە

جەعفەر ئیمینکی: فەرمی نییە. دەڵێت هێز لە بەغدا دەنێرم بۆ ئەوێ. چی پێویستیت بەوەیە؟ چی پێویستیت بەوەیە؟ هەرێمی کوردستان هێزی هەیە، پاسەوانی سنووری هەیە، واتا ئەم هەنگاوانە ئەگەر بە لاڕێدا نەبرابن، ئەوە چییە؟


رووداو: پارتی و یەکێتی ئەوە رەت دەکەنەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: بە دڵنیاییەوە، ئەمە زۆر زۆر نەگونجاوە، نەگونجاوە سەد ئیشی تر هەیە لە عێراق زۆر لەمە پێویستتر، ئێ وەرە ئەو ئیشانە بکە. خەریکە هەرێمی کوردستان، وەرن پێکەوە دابنیشن، ئەم دەسەڵاتە هاوبەشانە، پێکەوە جێبەجێ دەکەین، بۆ نەهێشتنی قاچاخچێتی مەمنوونی ئەوین، مەمنوونی هەر کەسێکین هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات پێکەوە. بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی عێراق، کێ گوتوویەتی ئەمە سەروەت و سامانی عێراق نییە؟ نەوتە و گازە ئەوانە، با بێین بە عەدالەت چاکی بکەین و دابەشی بکەین.


رووداو: کاک جەعفەر وەک لە داواکارییەکان و بڕیارەکانی عەلی زەیدییەوە دیارە، مەسەلەن مادەی 140، گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ پێش 2003، ئەوە دەکەن؟

جەعفەرئێمینکی: ئەو چی ئیشی بەوەیە؟ چی ئیشی بە مادەی 140ـە؟ مادەی 140 جارێ ئەوەی خیانەتی لەو مادەیە کردووە هاوبەشەکانمانن لە عێراق، یەعنی ئەو بڵێین لایەنەکەی ترە، هی حکومەتی فیدراڵی. جارێ ئەو مادەیە، تا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت...


رووداو: کورد دەگەڕێتەوە بۆ خەتی پێش 2003؟

جەعفەر ئیمینکی: بۆ بگەڕێتەوە؟ ئەو ناوچانەی ئێمەن، هاوبەشن جارێ هەر ئێستا هاوبەشن، تا یەکلا دەبێتەوە هاوبەشن. بۆ بە تاکلایەنە ببێتە ئەو ناوچانە؟ زۆر هەستیارن.


رووداو: ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکرێن؟

جەعفەر ئیمینکی: ناکرێت، ئەو بڕیارە بەو شێوازە نابێت جێبەجێ بکرێت، ئەو بڕیارە بڕیارێکی دەستوورییە. کێ وای کردووە جێبەجێ نەکرێ؟ ئێمە گومانمان هەیە لە تەرەفی بەرامبەر، بۆ ناهێڵن؟ دوو ئیشیان بۆ عێراق نەکرد، هەردوو ئیش ئەوە بوون کە فیدراڵی جێگیر بێت، نەیانهێشت فیدراڵی جێگیر بێت، لەگەڵ فیدراڵی نەبوون، پێیان خۆش نەبوو، لەبەر ئەوەی داوای کورد بوو، پێیان خۆش نەبوو. تەسبیت بوو، کە تەسبیت بوو شەرعییەتی خۆی وەرگرت، دەستوور پەسەند کرا، دوای ئەوە نەیانهێشت نە تەکامولی تەشریعی لە عێراق دروست بێت کە مەجلیسی ئیتتیحاد دروست بێت، بەوە تەکامولی تەشریعی دروست دەبوو، راستە، ئەوی دیکە تەکامولی جوگرافی. بۆ لە وڵاتێکدا ناوچە جێناکۆکەکان هەبن؟ بۆ کۆتاییان بەمانە نەهێنا؟ ئێ دەبێت بە چاوی گومانەوە تەماشا بکەین. ئێستا چارە نەبووە، تازە بەڕێزیان دێت دەڵێن بکشێنەوە دواوە.


رووداو:ناکشێتەوە؟ بە راشکاوی کورد ناکشێتەوە لەو ناوچانە؟

جەعفەر ئیمینکی: یەعنی ئەوەشوێنی کوردە، ئەو ناوچانە هی کوردن، کوردین، کوردستانین، مێژوو دەڵێت، هەموو شتێک لەبەردەستمانە کە ئەو ناوچانە کوردین. ئێستا تازە ئێمە دەرچین بێگانە... ئێمە بەرەو دواوە بچین کەسێکی تر بێنیت غەریب لە بەسرە و لە شوێنی تر بێت بێتە ئەو ناوچانە؟ ئەگەر متمانە بە ئێمە هەیە، نابێت ئەو قسانە بکەن. ئەگەر متمانە بە ئێمە نییە ئەوە شتێکی ترە، ئەوە بازاڕێکی ترە و بابەتێکی ترە.


رووداو: کاک جەعفەر کێ لە هەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە دەکات؟

جەعفەر ئیمینکی: سێشەممە هەر بەڕێزیان کاک مەسرور و کاک بافڵ، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، نازانم کێ تر لە بەغدایە، برادەری تر لەوێ، هەڤاڵانی ئێمە لە بەغدا لەگەڵیان دەبن.


رووداو: پێکەوە چوون یان بە جیا دەچن؟

جەعفەر ئیمینکی: وەڵڵا ئەوە نازانم، بە جیاش بچن، پێکەوەش بچن، گرفت لەوە نییە. دوێنێ پێکەوە بوون و کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بوو، پەیامێکی بەهێز بوو، پەیامێکی زۆر بەهێز بوو لە وەختێکی زۆر زۆر پێویستدا.


رووداو: کاک جەعفەر جیاوازی هەیە لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی لەم بابەتەدا؟

جەعفەر ئیمینکی: لەم بابەتە باوەڕ ناکەم، من ئەوەی تێگەیشتووم یەکهەڵوێستییە، یەکدەنگی بوو بۆ یەکهەڵوێستی دوێنێ. ئەو یەکهەڵوێستییە ئینشائەڵڵا دەبێتە مایەی ئەوەی کە لە چوارشەممە بە دەستکەوتی چاکەوە دەگەڕێنەوە، من وا دەبینم.


رووداو: چوارشەممە جیاوازی دەبێت لەگەڵ دووشەممە؟

جەعفەر ئیمینکی: بە دڵنیاییەوە.


رووداو: دۆخەکە، نیگەرانی خەڵک، قەلەقی خەڵک، رۆژی چوارشەممە فەرقی دەبێت لەگەڵ رۆژی دووشەممە؟


جەعفەر ئیمینکی: من وا دەبینم، باشتر دەبێت.


رووداو: گەشبینی، کاک جەعفەر؟

جەعفەر ئیمینکی: بەڵێ.


رووداو: بۆ؟

جەعفەر ئیمینکی: دەبینم، چونکە دەزانیت چۆنە؟ گرەوی ئەوان لەسەر ئەوە بوو کە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتنە دابڕان، دەرچوو وانییە، دەرچوو پارتی و یەکێتی گەڕانەوە سەر دۆخی جارانی تەبایی و یەکڕیزی.


رووداو: ئێستا پارتی و یەکێتی تەبان؟

جەعفەرئێمینکی: وەڵڵا دوو حیزبی جیاوازن، را و بیروبۆچوونی زۆر جیاوازمان هەیە لەسەر چەندین بابەت، بەڵام نەچووە بچێ، هەردوو لا لەسەر ئەوە تەباین.


رووداو: ئەوە کاریگەری لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و پەرلەمان و ئەوانە دەبێت ؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێ تەبیعی کاریگەری دەبێت، ئێمە بەشەرین، ئێمە خوێن و گۆشتین، تەئسیرمان لێ دەکات، هەنگاوێک پێکەوە بچین، دوای فێری زۆر مەسەلەی تر دەبین و تێدەپەڕین.


رووداو: بە راشكاوی پێت بڵێم یەکێتی دەڵێت ئەوانە پەیوەندییان بە ناوخۆی کوردستانەوە نییە، شتێکی دیکەیە.

جەعفەر ئیمینکی: نا، بەس کاریگەری دەبێت، حەتمەن تەئسیری دەبێت. یەکێتی ئەو قسەیە دەکەن، رێزم بۆ ئەو قسەیەیان هەیە، ئەو لە شوێنی خۆی، ئێمە لە شوێنی خۆمان.


رووداو: دوو شتی جیاوازن؟

جەعفەر ئیمینکی: دوو بابەتی جیاوازن، دوو پاکێجن، بەڵام پاکێجی ناوخۆش گرنگە، خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو پاکێجەش یەکلایی ببێتەوە. ناکرێ هەر لە قەیران بژین، ناکرێ، دەبێت دەرباز بین. قەیرانی سیاسی زۆر کاریگەری خۆی هەیە. چاوەڕوان بکە لە بەغدا خوێندنەوەیەکی هەڵەیان بۆ دۆخی ئێمە کرد، خەریک بوو تووشی گرفتی زۆر گەورەمان بکەن.


رووداو: بە دەرفەتیان زانی کاک جەعفەر؟ پێت وایە؟

جەعفەر ئیمینکی: بەڵێ، بە تەئکید ئەوە بوو، گوتیان ئەمە دەرفەتە ئەمانە ناکۆکن. باوەڕ بکە سەد لە سەد خوێندنەوەی ئەمەیان کرد کە لەمەدا دەربازی زۆر مەسەلەی تر دەبن.


رووداو: خوێندنەوەکە هەڵە بوو؟

جەعفەر ئیمینکی: خوێندنەوەکەیان هەڵە بوو، خوێندنەوەکەیان هەڵە بوو، چونکە لە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی هێزە کوردستانییەکان... ئەو رۆژە بینیت، یەعنی مەسەلەن کەسێکی وەک کاک عەلی حەمە ساڵح قسەی جوانی دەکرد، دەڵێت ئێمە لە بەینی خۆماندا لە هەرێمی کوردستان ناکۆکین، دەمانەوێ دەسەڵات بگۆڕین، وا بکەین وا بکەین، بەس نا، پێمان خۆش نییە خەڵکی بێگانە بێت لەسەر دەستی ئەوانە بڵێن زەرەر لە هەرێمی کوردستان بدات.


رووداو: کاک جەعفەر کە مادام وایە ئەم تێگەیشتنە هەیە، بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان نەکراوە تاکوو ئێستا لە بەینی لایەنەکاندا؟

جەعفەر ئیمینکی: نەکراوە بەس باوەڕ دەکەم لە دوای چوارشەممە دەبێت لەم مەسەلانەش بکرێت.


رووداو: پێش سێشەممە زەروور نەبوو؟

جەعفەر ئیمینکی: زۆر شت زەروور بوون نەمانکرد، دواکەوتین.


رووادو: ئێوە داواتان کردبوو کۆبوونەوەی فراوان بکرێ ؟

جەعفەر ئیمینکی: من ئاگادار نەبووم، من مەشغووڵی شتی تر بووم، خەریکی کۆمیسیۆنی بەغدا بووین.


رووداو: لەوێ چی هەیە؟

جەعفەر ئیمینکی: لەوێش پەلەپەلە، ئیشی زۆر بە پەلە دەکەن.


رووداو: بۆچی؟

جەعفەر ئیمینکی: وەڵڵا خەریکن کۆمیسیۆن بگۆڕن و یاسای کۆمیسیۆن بگۆڕن و یاسای هەڵبژاردن بگۆڕن


رووداو: یاسای هەڵبژاردن چی لێدەکەن؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەوانیش بە تەمان هەمواری بکەن، ئێمەش حەز دەکەین بۆ ئەوە. خۆی ئێمە دەزانین ئەوان چییان دەوێ، عەینی یاسا بمێنێت پرسی دیکەی تەکنیکی بگۆڕن، بەس ئێمەش دەمانەوێ سیستمەکە بە شێوازێکی تر بگۆڕین. رۆژێک دێم بۆتان شەرح دەکەم.


رووداو: بەڵام کاک جەعفەر کورد ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنێت؟ نیگەرانییەکی زۆر هەیە، جەنابت دەزانیت، رەنگە جەنابیشت تێکەڵی خەڵک بووبیت و نیگەرانییەکی زۆر لای خەڵک هەیە.

جەعفەر ئیمینکی: لە لای هەموومان هەیە، نەک خەڵک.


رووداو: دۆخەکە بە سەلامەتی تێدەپەڕێت ؟

جەعفەر ئیمینکی: بەڵێ تێدەپەڕێت.


رووداو: دڵنیایی لە پارتی و یەکێتی، دڵنیایی دەدەن بە خەڵک کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێت؟

جەعفەر ئیمینکی: تێدەپەڕێت، لەبەر ئەوە من تەسەور دەکەم زەیدیش زۆر قووڵ نییە لە سیاسەتدا، رەنگە زۆر شت بەسەریداتێپەڕ بن، بە هەڵە تێیان گەیاندبێت. هەندێک راوێژکاری ئەومان بینی ئەم ماوەیە گوتم وەڵڵا ئەوە موصیبەتە لەگەڵ ئەمانە بژیت، ئەمانە راوێژکاری ئەو بن، ناوی چەند کەسێکی تر ناڵێم گوتم وەڵڵاهی حاڵی ئەو سەد جار خراپتر دەبێت.


رووداو :راوێژی خراپی پێدەدرێت؟

جەعفەر ئیمینکی: بە تەئکید، لەبەر ئەوە رەنگە کەسێک لە دەروونەوە پاک بێت، نیازپاک بێت، من نازانم، من تەسەوور دەکەم تووشی زۆر ئەوە بووە، وەهمێکی تر بووە، چوارشەممە تەسەور دەکەم زۆر راستییەکان.


رووداو: عەلی زەیدی لە بارودۆخەکە تووشی وەهم بووە کاک جەعفەر؟

جەعفەر ئیمینکی: من وا دەبینم، من وا تێگەیشتنم بۆ ئەو راوێژکارانەی ئەو، خوێندنەوەی من کە بینیم هەندێک راوێژکار دەڵێن ئەمە راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئەوە راوێژکاری ئەوە و ئەوەیە راوێژکاری ئەوەیە.


رووداو: بەس کاک جەعفەر یەعنی قسەیەکیش هەیە، مەسەلەن دەگوترێ بڕیارەکانی عێراق چوارچێوەی هەماهەنگییە. حکومەت چوارچێوەی هەماهەنگی دروستی کردووە، ئەوانەی لە پشتە، ئەوە راست نییە؟

جەعفەر ئیمینکی: هەمووی نییە، نا هەموو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو شتانە نییە، هەمووی لەگەڵ نییە، رەنگە هەندێک تێدا بن ناویان ناهێنم.


رووداو: هیچ پەیامێکتان پێگەیشتووە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە لە بەشێکیان کە لەگەڵ ئەو بڕیارانە نین؟

جەعفەر ئیمینکی: نا، فەرمی، بە فەرمی رایانگەیاندووە لەگەڵین، بە فەرمی.


رووداو: بە فەرمی لەگەڵن، بەڵام هیچتان پێگەیشتووە بە نافەرمی؟

جەعفەر ئیمینکی: من ئاگاداری ئەوە نیم، رەنگە بەس ئیحتیمالە هەر زۆر ئاگاداری هەڤاڵانی ئێمە سەرکردایەتی کرابێت کە هەندێک لەوانە دەبێت پێداچوونەوە پێدا بکرێ، مەسەلەن یەک لەوانە خۆیشی پاشگەز بووەوە لە ناردنی هێز.


رووداو: پاشگەز بووەتەوە لەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: حەتمەن. پاشگەز نەبێت چی دەکات یەعنی؟


رووداو: رێی تێدەچێت سوپای عێراق بێتە ناو هەرێمی کوردستان؟

جەعفەر ئیمینکی: نایەت، ئەوە گەورەترین هەڵەیە لە ژیانی خۆیدا بیکات، کام وڵاتی فیدراڵییە لەسەر گرفتێکی ناوخۆیی هێز بجووڵێنێت؟ شتی وا نییە لە دنیادا.


رووداو: ئەگەر هاتن؟

جەعفەر ئیمینکی:هاتن عێراق دەبێتە شێتخانە، یەعنی چی؟


رووداو: بۆ؟

جەعفەر ئیمینکی: ناکرێ، ناکرێ...


رووداو: مەسەلەن ئەگەر هێزێک لە کەرکووکەوە جووڵان بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ نموونە، چونکە دەروازە سنوورییەکان دەڵێت کۆنترۆڵیان دەکەین.

جەعفەر ئیمینکی: چی عەلاقەی بە دەروازە سنوورییەکانەوە هەیە؟ ناکرێت و نابێت، ئەوە نامەعقولە و نامەنتیقییە بیری لێبکەنەوە.


رووداو: بۆ ئێستا عێراق رێی تێناچێت ئەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: نەخێر،عێراق رێی تێناچێت، رێی تێناچێت.


رووداو: کاک جەعفەر کورد چی و چی زەیدی رەت دەکاتەوە؟ یەعنی کام بڕیارە و کام بڕیارە رەت دەکاتەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: دەزانیت چۆنە، دەستوور دیاری کردووە. ئێستا دەستوور نەبێت، جارێ ئەوەی جێبەجێ نەکراوە کە دەبوو جێبەجێ بکرێ، ئێمە باسی ئەوانە ناکەین، چونکە زۆرمان باس کردووە، کە گوناح بوو چاکی نەکەن، مادەی 140 چ گوناحێکی ئەو خەڵکە هەیە ئێستا لەو وەزعەدایە؟ بەڵام ئێستا، مادەی 106، هەیئەیەکی ئیستیشاری هەیە، ئەو هەیئە ئیستیشارییە بۆ تەنسیقە بەینی حکومەتی ئیتتیحادی و حکومەتی هەرێم. ئەو هەیئەیە خۆ مۆدێلە لە بەلجیکا وەرگیراوە، لە کاتی خۆی ئەوانیش هەمان مۆدێلیان هەیە. هەر ئیشێک بچێتە مەحکەمەی ئیتتیحادی، ئەم هەیئەیە دەبێت بیبینێت، رەئی بدات ئینجا. خیلافەکە بەردەوام بوو دەنێردرێتە مەحکەمە، خیلافەکە بەردەوام نەبوو خۆیان حەلیان کرد ناچێتە ئەوێ. ئەو ماددەی 106 دەبێت تەفعیل بکرێت، ئەمە یەک لە ئیشانەیە. دووەم سەلاحییەتی مادەی 110ـی دەستوور، سەلاحییەتی حەسری حکومەتی ئیتتیحادی دیاری کراون، نابێت مەحکەمەی ئیتتیحادی تەفسیری زیاتری بۆ بکات، یەعنی هەر لە بەینی ماوەیەک، ئەوەش بە شێوازێکی تەعدیلی دەستوورییە، هەمواری دەستوورییە ناڕاستەوخۆ. خۆ دەبێت تەعدیل لەسەر مادەی 142 بێت، لەوێ تەعدیل دەکرێت چۆن تەعدیل دەکرێت؟ لە ئەمریکا 3 لەسەر 4ـی ویلایەت تەئیدی تەعدیل نەکەن تەعدیل ناکرێ، ئێمە بە کەیفی خۆمان مەحکەمەی ئیتتیحادی بە ئاسانی لە 7 دەنگ لەسەر 9 دەتوانێت هەندێک مەسەلە بهێنێت. لە مادەی 110 ئەو تەفسیرانە وای کردووە سەلاحییەتی خۆی زیاد کردووە سەلاحییەتی ئێمەی کەم کردووە. ئێ دەبێت بە پێی ئەوە بێت یەعنی مادە دەستوورییەکە، سەلاحییەتە هاوبەشەکان ئێمە و ئەوان پێکەوە، سەلاحییەتی حەسری، مادەی 115 سەلاحییەتی ئێمەیە، ئەوەی حەسری نەهاتووە ئەوەی تر هەمووی هەرێمە. با بێین بە پێی دەستوور لەگەڵ زەیدی، لەگەڵ حکومەتەکەی، لە هەموو بڕگەکان کەس بەقەد هەرێمی کوردستان پەرۆشی ئەو وەزعە دەستوورییە نییە.



رووداو: ئەوانە بڕیارەکانی زەیدی نادەستوورین؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەو بڕیارانە لە رووکەشەوە هەندێک لایەنی دەستووری تێدایە، یەعنی ئەوە ناڵێین رەدی هەمووی دەکەین، سەر نەوت، با بێن نەوتەکە نەهێڵین هیچ بە قاچاخ بچێت. ئێمە مەسئوولی ئەوە بووین کە لە عێراق ئەو بەرەڵاییە هەبوو لەسەر هەموو سێکتەرەکان؟ ئێستا خۆ 21 بوو، 21 لەسەر زاری وەزارەتی نەوت بوو، سەرۆککۆمار بوو 150 ملیار دۆلاری عێراقی دزراوە بۆ دەرەوە. کێ بەرپرس بوو؟ ئێمە بووین وامان کرد وەزعی نەوت و ئەمە؟


رووداو: گەندەڵی و قاچاخبردنەکە گەورەترە لە عێراقدا؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێ تەبیعی!


رووداو: ئەی بۆ گرتوویانە بە هەرێمی کوردستانەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێمە خەفەتی ئەوان دەخۆین. ئێمە دوای 250 ساڵ قوربانیدان و خەبات و ئەمانە، ئێمە دەرچین قاچاخچی لە چاوی رای گشتیی ناوچەکەدا؟


رووداو: هەڵمەتێکی گەورە هەیە لە بەغداوە

جەعفەر ئیمینکی : دەزانم، خۆ کە تەماشای میدیای ئەوان دەکەیت، خوا هاوکاری کورد بێت خەڵکی کوردستان بێت چۆن تەحەمولی دەکەین، ئەوەندە پەلاماری ئێمە دەدرێت، و شتێکی زۆر ناشیرین...


رووداو: مەسەلەن گوێ دەدەیتە ڕاوێژکارێکی زەیدی وەک جەنابت دەڵێیت، دەڵێت ماوەیەکی تر شتێک نامێنێت بە ناوی هەرێمی کوردستان .

جەعفەر ئیمینکی: دەبینین، نا لەوە خراپتر، لەوە خراپتر.


رووداو: تەوەجوهێکی شۆڤێنی هەیە هەست پێدەکەن لە بەغداوە ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان؟

جەعفەر ئیمینکی: باوەڕ بکە، باوەڕ بکە، ئەو بڕیارانە لەو کاتەدا وای کرد یەعنی مەسەلەی شۆڤێنییەت دەتوانم بڵێم لە 5٪ـەوە بوو بە 100٪، ئەوەندە.


رووداو: دەرکەوتەوە؟ ئەسڵەکەیان دەرکەوتەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەرێ وەڵڵا ئەسڵەکەیان دەرکەوتەوە و بە رۆژی ڕووناک، زۆر بە زەقی، زۆر بە ناشیرینی، ئەوجا خوا هاوکاری ئێمە بێت ئەگەر لەم ماوەیە نزیکەدا راستی نەکەینەوە. دوێنێ شتێکیان بڵاوکردەوە کە گوتی مەرکەزێکی رەسدمان چێکردووە بۆ ئەوەی موتەبەعەی ئەمانە بکەین. گومانم لەوەش هەبوو، گومانم لەوە بوو کە تەماشایان کرد هەرێمی کوردستان تۆزێک خیتابێکی دژ لەوانە دیار بوو بەرز بوو لە شەقامەکانی کوردستان، گوتم رەنگە هەر لە مەترسیدا بن جارێکی تر لە مەترسیدا بن، لە جیاتی ئەوەی خیتابی کەراهییەتی خۆیان بەدواداچوونی بۆ بکەن و کۆتایی پێ بهێنن.


رووداو: چاودێری ئێرە دەکەن؟


جەعفەرئێمینکی: موتابەعەی ئێرە دەکەن، بۆ ترساندنی خەڵک.


رووداو: کاک جەعفەر زۆر ئەم دۆخەی ئێستا شوبهێنرا بە 2017ـی حەیدەر عەبادی، کە جەنابت دەزانی دوای 16ـی ئۆکتۆبەر و ئەوانە هێزی هێنا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، هەروەها 2013 بوو و 14 بوو ئەگەر هەڵە نەبم هی سەردەمی نووری مالیکی کە فیرقەی... ئەوەی لە کەرکووک... یەعنی ئەم دۆخەش وایە، تێدەپەڕێت یان جیاوازە؟


جەعفەر ئیمینکی: نا، ئەم دۆخە لەوە سووکترە. لەسەر فاکتەری ناوخۆ بێت لە عێراقدا هێز نایەتە هەرێمی کوردستان، هەر روو لە هەرێمی کوردستان ناکات، ئەو کاتە نێودەوڵەتی بوو، ئەوەی 16ـی ئۆکتۆبەریش دەولی بوو، و دراوسێکان نەبوونایە قەت نەدەهاتن، ئەوان قەت نەدەهاتن. لەبەر ئەوە ئەو کاتە وەزعێکی تر بوو. ئێستاش یەعنی دەزانیت ئەمەی ئێستا تەسەوور دەکەم دانانی سیناریۆیەک و جێبەجێکردنەکەی تێدا تووشی زۆر هەڵە بوون، لەبەر ئەوە ئەمە زۆر سنووردارترە.


رووداو: ئایندەی سیاسیی عەلی زەیدی چی لێدەکات ئەم قەزیەیە؟ سەری دەخوات؟


جەعفەرئێمینکی: وەڵڵاهی ئێستا لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە چۆن چوارشەممە دوای چوارشەممە رەفتار دەکات. ئەگەر پێداچوونەوە بە بڕیارە نادەستوورییەکانی خۆی بکات، وەڵڵاهی دەبێتە پیاوێکی گەورە. ئەگەر هەر موسیر بێت لەسەر هەڵە، کە دەڵێت سوێندم خواردووە و هەر سوێند دەخوات و وا دەکات، وەڵڵاهی ئایندەی سیاسیی لە عێراق زۆر کورت دەبێت.


رووداو: هی عەلی زەیدی؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەرێ وەڵڵا.

رووداو : زۆرسوپاست دەکەم، جەعفەر ئیمینکی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر زۆر سوپاس.


جەعفەر ئیمینکی: سەر چاوان، زۆر سوپاس.


بابەتی پەیوەندیدار

حەیدەر عەبوودی بۆ رووداو: هیچ کەس ناتوانێت پشکی بودجەی 2027ـی هەرێمی کوردستان ببڕێت
هەڤپەیڤین27-11-2026

حەیدەر عەبوودی بۆ رووداو: هیچ کەس ناتوانێت پشکی بودجەی 2027ـی هەرێمی کوردستان ببڕێت

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت
هەڤپەیڤین26-11-2026

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن
هەڤپەیڤین26-11-2026

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە