رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وێڕای خستنەڕووی نەخشەڕێگە و قۆناخەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ ئۆجەلان داوای کردووە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات، هەروەها خوازیارە نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش رۆڵێکی گەورە و کاریگەر لەم قۆناخەی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی دانانی چەکدا بگێڕن.
تونجەر باکرهان لە هەڤپەیڤینێکدا کە دلبخوین دارا پێشکێشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی ئاشتی لە دوو قۆناخ پێکدێت و ئێستا لە کۆتایی قۆناخی یەکەمدان، چاوەڕێی دەرچوونی راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (MGK) دەکەن بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بۆ قۆناخی دووەم، کە تێیدا لە 90% بۆ 95%ی زیندانییان و دوورخراوەکانی پەکەکە دەتوانن بگەڕێنەوە و پرسی مافە دیموکراسی و یاساییەکانی کورد دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بینەرانی هێژا، دەم باش. لە باکووری کوردستان، لە تورکیا ئێستا پرۆسەیەک هەیە، هەموو کورد چاوەڕێن بزانن ئاخۆ ئەنجامەکانی ئەم پرۆسەیە چی دەبن. بۆ نموونە رەوشی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی دەبێت، ئەو گەریلایانەی لە دەرەوەن دەتوانن بگەڕێنەوە یان نا، پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچێت یان نا، یاسایەک دەردەچێت یان نا، لەو یاسایەدا مافەکانی کورد چی دەبن، ئایا کورد لە باکووری کوردستان دەبێتە خاوەن مافێکی دەستووری یان نا، بێگومان پرسیاری زۆر گرنگن. نەک تەنیا باکووری کوردستان و کوردانی باکوور، بەڵکو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش لە نزیکەوە بە راستی بەدواداچوونی بۆ دەکەن. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی میوانی منە. کاک تونجەر، بەخێر بێیت.
تونجەر باکرهان: سوپاس دەکەم، دەم باش.
رووداو: دڵخۆشم کە رووبەڕوو یەکدی دەبینین.
تونجەر باکرهان: بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ، لەمێژە... 30 ساڵ لەمەوبەر، ئا.
رووداو: 30 ساڵ، راستە. کەم نییە.
تونجەر باکرهان: زۆرە.
رووداو: باسی پرۆسەکە دەکەین. هەموو کورد چاوەڕێن. ئەمە چ پرۆسەیەکە؟ ئەم پرۆسەیە گەیشتە کوێ؟ جیدیە یان نا، کاک تونجەر؟
تونجەر باکرهان: بەڵێ، بەڵێ. لە سەرەتادا سڵاو لە بینەرانی رووداو تیڤی دەکەم. بێگومان ناوی ئەم پرۆسەیە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسییە. ئێستا مەسەلەیەکی 100 ساڵە لەسەر مێزەکەیە. بێگومان مەسەلەیەکی 100 ساڵە و شەڕێکی گەورەی 40-50 ساڵە هەیە.
رووداو: راستە.
تونجەر باکرهان: نزیکەی 100 هەزار مرۆڤ، خەڵکی ئێمە ژیانیان بەخت کرد. بە هەزاران هەڤاڵمان، خەڵک دەهێننە پێش چاو. واتە مەسەلەیەکی زۆر گەورەیە، مێژووییە. مەسەلەیەکی مێژوویی، مەسەلەیەکی 40-50-100 ساڵە لە مانگێکدا، لە دوو مانگدا، لە هەفتەیەکدا چارەسەر ناکرێت. هەندێک جار لە نێوان دوو گونددا کێشە دروست دەبێت، ساڵان دەخایەنێت.
رووداو: ساڵانی درێژ دەخایەنێت.
تونجەر باکرهان: لە نێوان ئینگلتەرا و ئای ئاڕ ئەی (IRA) چارەسەریان کرد، 22 ساڵی خایاند، 23 ساڵان هەر نەگەیشتە ئەنجام. بۆ ئەوەش، بێگومان مانای ئەوە نییە بڵێین بە هێواشی بڕۆین باشە، من وا ناڵێم. بێگومان پێویستە دەستمان بەخۆمانەوە بێت، هەنگاو بنرێت، زۆر دوا نەکەوین. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە تورکیا ئاژاوەگێڕی (پڕۆڤۆکاسیۆن) دروست دەبێت، سبەی چی بەسەر ئەم وڵاتانەدا دێت، چی بەسەر ئێمەدا دێت نازانین. بۆ ئەوەش، ئێمە لە قۆناخــی یەکەمداین. قۆناخــی یەکەم ناوی ئاشتییە، قۆناخــی ئاشتییە.
رووداو: ئێوە لە قۆناخــی یەکەمدان؟
تونجەر باکرهان: بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ، لە قۆناخــی یەکەمدان ئێستا. قۆناخــی یەکەم ئاشتییە. واتە چییە؟ پەکەکە و با بڵێین چەکەکانیان لابدەن. بۆ نموونە با بڵێین لەسەر چەک و شەڕ نا، لەسەر سیاسەت و زەوینەی ئەوە لە شوێنی دابنێن، دیدگاکە. قۆناخــی دووەمیش دیموکراسی و مافی کوردە. ئەو مافەی کە ئێمە لەپێناویدا باجمان دا، ماڵەکان گیران، خەڵک کوژران، گوندەکانمان وێران بوون، ئێمە پەرێشان بووین. قۆناخــی دووەم ئەوەیە. ئێستا ئێمە لە کوێین؟ ئێمە لە کۆتایی قۆناخــی یەکەمداین. پەکەکە هەنگاوێکی زۆر گەورەی هاویشت. ئێوەش گوێتان لێبوو، ئەم دوو-سێ رۆژەیە با بڵێین سەرکردایەتیی پەکەکە لێدوانی جیدییان دا. ئەوەی دەکەوتە ئەستۆی ئەوان، زۆر زیاتریشیان جێبەجێ کرد.
رووداو: بەڵێ.
تونجەر باکرهان: ئێستا چی ماوە؟ راپۆرتــی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK) دەڵێن. بە تورکی دەڵێن جەختکردنەوە و بەجێکردن. ئێستا ئێمە لەسەر ئەو راپۆرتــە ماوینەتەوە. ئەو راپۆرتــە دەربچێت، ئەوکات ئەم قۆناخە دەربازی قۆناخــی دووەم دەبێت.
رووداو: پرسیارێکی دیکە هەیە، کاک تونجەر. لە قۆناخــی دووەمدا، ئایا گەریلاکانی پەکەکە کە لە دەرەوەی باکوورن، بۆ نموونە ئەو کەسانەی حوکم دراون و چوونەتە ئەورووپا، ئەو کەسانەی لە زیندانەکانن، سەرکردەکانی پەکەکە، لە ئاستی یەکەمدا، دەتوانن بگەڕێنەوە؟
تونجەر باکرهان: بێگومان راپۆرتــەکە دەرکەوت، ئەوانەی دەرەوە، ئەوانەی زیندان، هەڤاڵانی ناو زیندانمان و ئەوانەی دەرەوە، واتە 90%ـیان، 95%ـیان، لە 50 بۆ 90%ـیان دەتوانن بێن. 800 کەسی پەکەکە، با بڵێین سەرکردایەتییان دەمێنێتەوە بۆ قۆناخــی دووەم. گوتیان ئینشائەڵڵا راپۆرتــەکە دەرکەوت، سەرەتا زیندان و دواتر هەڤاڵانی دەرەوە و تاراوگەمان دێن.
رووداو: ئۆجەلان دەتوانێت سیاسەت بکات؟ سیاسەتی فەرمی (یاسایی) بکات؟
تونجەر باکرهان: بەڵێ، بەڵێ. لە بنەڕەتدا مافی خۆیەتی. ئەو کارەی ئۆجەلان کردی، کەس جورئەتی پێ ناکات. با بڵێین لە جیهانیش کێشەی وەک ئێمەی کورد هەن. ئەوان چەک و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان خستە کۆتایی. ئۆجەلان خستییە پێشەوە. ئەو راستگۆیی و دڵسۆزییەی خۆی خستە روو. بۆ ئەوەش، بێگومان داواکارییە کە سبەی هاتە دەرەوە سیاسەت بکات. بەڵام پێش ئەوەش کەمێک کات پێویستە. نابێت پارتەکەت هەڵوەشاندبێتەوە و چەکت دانابێت و نەیەنە نێو سیاسەت، نێو خەڵک و نێو تێکۆشان؛ مافی سیاسەتکردنی هەیە. باخچەلی خۆی ویستی بە چاوی خۆی بیبینێت. گوتی با بەڕێز ئۆجەلان بێتە فراکسیۆنی دەم پارتی و لە پەرلەمان قسە بکات. ئیتر بۆ ئەو کاتە پێویستە ئەم پرسیارە (داخوازییە)ی بهێنێتە دی.
رووداو: باشە، لە تورکیا بە راستی کەسانێک یان لایەنانێک هەن کە دەبنە ئاستەنگ و رێگە لەوە دەگرن ئەم پرۆسەیە بگاتە سەر؟
تونجەر باکرهان: ئێستا لە تورکیا هەندێک زەوینە هەن، دەڵێن با پرۆسەکە بە باشی تێپەڕێت و هاوکاریش دەکەن. بەڵام ئەمە 100 ساڵە کورد ئینکار کراوە، با بڵێین برینی زۆر قورس کراونەتەوە و دروست بوون. هەندێک کەس هەن نایانەوێت ئەم پرۆسەیە بەرەو چارەسەری بچێت. ئەوان دژی ئەمە شەڕ دەکەن و دەیانەوێت خراپتر بێت. بەڵام 70 بۆ 80%ی گەلی تورکیا دەیانەوێت ببێتە چارەسەری. بەرەو پێش دەچێت و ئەم پاڵپشتییە زیاد دەکات و گەورە دەبێت. ئەگەر حکومەت هەندێک هەنگاو بنێت، بە پتەوتری لەم پرۆسەیە دێتە دەرەوە. گومان و دوودڵی لای خەڵک هەیە.
رووداو: بۆ نموونە نێوان ئێوە و باخچەلی ئیتر باش بووە؟ دەبینم لە کۆبوونەوەکاندا یەکدی دەبینن، سڵاو لە یەکدی دەکەن و...
تونجەر باکرهان: باخچەلی کارێکی زۆر گەورەی کرد. هەندێک جار دەبینین، هەندێک مرۆڤ کاتێک ئەمە دەبینن، واتە بێزار دەبن. پێشتر دژی ئەمە بوو، دژی کورد بوو، دژی ناوی ئەوان بوو، بێ مافیی ئەوان... باخچەلی لەسەر میللەت دەیگوت 'کورد بوونی نییە...' با بڵێین لە نێوان 2013 و 2015دا پەت بە دەستیەوە بوو دەیگوت لەسێدارەدان، پێش ئەوەش. ئێستا باخچەلی گەیشتووەتە ئاستێکی باش. ئەویش دەڵێت برای ئێمەن، حەقی خۆیانە، مافی خۆیانە. دەبێت مرۆڤ بایەخ بەم هەڵوێست و هاتن و راوەستانەی بدات.
رووداو: باشە، بەڵام کاک تونجەر، بۆ نموونە تاوەکو ئێستاش دەبینم لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، میدیای تورکیا، هەمیشە باسی ئەوە دەکەن کە ئەم شتەی ئێوە ناوی لێدەنێن پرۆسەی ئاشتی، لای ئەوان پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرە. واتە تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی باڵای پەکەکە بە تیرۆریست دەبینێت تورکیا؟ بۆ نموونە من لە هەڤپەیڤینی موراد قەرەیلاندا گوێم لێبوو، واتە تاوەکو ئێستاش دەڵێت بۆ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێن 'سەرۆکی تیرۆریستان'. واتە تورکیا بە راستی خۆی ئامادەیە گۆڕانکاری لە ناخی خۆشیدا بکات، بەرامبەر بە ئێوە، بەرامبەر بە پەکەکە، بەرامبەر بە کورد؟ بە راستی تورکیا راستگۆیە، یان ئامانجی تورکیا تەنیا نەهێشتنی گەریلایە؟
تونجەر باکرهان: نا، قسەکەت زۆر راستە. سەرەتا دەبێت زمان راست بکرێتەوە. ئێستا تۆ مێز دادەنێیت، واتە لێرە دانوستاندن (موزاکەرە) و دیالۆگ هەیە. با بڵێین بە بەرامبەری سەر مێزەکە دەڵێیت تیرۆر و تیرۆریست، نابێت. واتە قسەکە کەمێک خراپە. هی هەموویان نا، بەڵام قسەی هەندێکیان زۆر خراپە. ئێمە هەمیشە ئاماژەی پێ دەکەین و سەرنج دەخەینە سەر ئەوە، دەڵێین نا نابێت. دەبێت قسەکانیان بگۆڕن، دەبێت لە قسەکردندا پاک بن، کورد بێزار نەکەن، پەکەکە بێزار نەکەن، زیندانی و ئاوارە بێزار نەکەن. کورد بۆ مافی خۆی راپەڕیوە. ئەوان ئینکاریان کردن، پێیان دەگوتن ئێمە تورک نین، ئێمە کوردین. زمانمان، کلتوورمان، هونەرمان، مافی دیموکراسیمان هەیە. بۆ ئەوەیە، زمانەکە هێدی هێدی دەگۆڕێت. وەک پێشتر نییە، بۆ نموونە وەک...
رووداو: نەرم بووە؟
تونجەر باکرهان: ساڵێک لەمەوبەر هێشتا زمانێکی زۆر پیس هەبوو، واتە زۆر بێزار دەبوون. بەڵام هێدی هێدی ئەوەش راست دەبێتەوە، بۆ نموونە ئێمە زمانی خۆمان گۆڕیوە، ئێمەش نامانەوێت شتێکی دیکە بڵێین. ئاشتی شتێکی وەهایە. لە ئاشتیدا دەبێت هەموو کەس هەنگاو بنێت. زۆر هەنگاو بنێت، نەک وەک 50 ساڵ، 100 ساڵ لەمەوبەر ئەو قسانە، ئەو پرسیارانە... شت ناچێتە سەر. بۆ ئەوەیە، لەو رووەوە میللەتی ئێمەش زۆر بێزارە. پێویستە تورکیا، ناڵێین هەموو تورکیا، با بڵێین هەندێک کەس، هەندێک زەوینە، دەبێت ئەو دیدگا و ئەو قسانە بگۆڕن. بەڵام بۆ راستگۆیی و دڵسۆزیش، پێت بڵێم ئێمە دڵسۆزین. ئێمە چووین بەڕێز ئۆجەلانیشمان بینی. 4 کاژێر قسەمان لەگەڵ کرد. وەڵڵاهی بەڕێز ئۆجەلانیش زۆر راستگۆ و دڵسۆزە. گوتی تاوەکو ئێستا ئێمە چەکمان هاویشت، گوتمان ئامانجی خۆمان دەهێنینە دی. ئێمە گەیشتینە قۆناخــێک، ئێستا پارتی سێیەمیین. ئێستا ئەگەر هەڵبژاردنێکی دیموکراسی هەبێت، واتە شارەکانی کورد 90%ـی دەبەینەوە. نەک تەنیا ئەوانە، لە مەترۆپۆلەکانی تورکیا ئەگەر بمانەوێت، کێمان بوێت دەیبەینە سەر دەسەڵات، کێمان بوێت دەیدۆڕێنین. واتە هێزی ئێمەش گەورەیە. ئیتر دان بە واقیعی کورددا دەنێن. رەنگە مافەکانیان هێشتا نەدابێت، هێشتا لەو رووەوە زۆر پێشنەکەوتبن، بەڵام ئیتر هەموو کەس دان بە واقیعی کورددا دەنێت. ئێمە دڵسۆزین، بەڕێز ئۆجەلان دڵسۆزە. سەیری پەکەکە بکە، دڵسۆزە. بەڕێز ئۆجەلان لێدوانی دا، چەند رۆژێک دواتر ئەوان چەکەکانیان لە سلێمانی نەسووتاند؟ پارتەکەی خۆیان هەڵنەوەشاندەوە؟
رووداو: پەکەکە گوێ لە قەندیل دەگرێت، گوێ لە بەڕێز ئۆجەلان دەگرێت؟
تونجەر باکرهان: بۆ نموونە وەک کشانەوە، با بڵێین کەمپی کشانەوە، واتە چییان گوت ئەوەیان جێبەجێ کرد. پێویستە دەوڵەتیش کەمێک دڵسۆز بێت. ئەمە شتێکی 100 ساڵەیە باسی دەکەین. بۆ ئەوەیە، با هەموو لایەک دڵسۆز بن، با هەموو لایەک ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆیان جێبەجێی بکەن. بێگومان دەوڵەت رێکخستنێکی زۆرە، واتە ئاڵۆز و تێکەڵاوە.
رووداو: تێکەڵاوە.
تونجەر باکرهان: تێکەڵاوە. هەندێکیان دەیانەوێت، هەندێکیان دژن، هەندێکیش دەیانەوێت با خراپ بێت. هەندێکیان بەرژەوەندییان لەسەر شەڕە. با بڵێین پارتێک هەیە بۆ ئەوان هەر ئاساییە با کورد کۆمەڵکوژ بکەن، بیانگرن، پارتەکانیان دابخەن، با کەس نەڵێت کورد، بۆچی دەڵێن کورد؟ بۆ ئەوەیە، بێگومان ئێمە دڵسۆزین، پێویستە ئەوانیش دڵسۆز بن.
رووداو: باشە. باسی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانت کرد. زۆر شت هەن کە کورد لە دەرەوە بە راستی حەز دەکەن بیزانن. ئێوە هەمیشە دەچن بەڕێز ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی دەبینن. ئەو شتانەی لە دەرەوە بە ناوی ئۆجەلانەوە بڵاودەبنەوە، کاک تونجەر، بە راستی قسەکانی ئۆجەلانن یان فلتەر دەکرێن؟ پرسیارێکی زۆر گرنگە بە راستی. چونکە لە هەموو شوێنێک ئەم پرسیارەم لێدەکەن، تۆ هاوسەرۆکی دەم پارتیت، ئێوە ئۆجەلانیش دەبینن، بە باشم زانی ئەم پرسیارەت لێ بکەم.
تونجەر باکرهان: ماڵت ئاوەدان، زۆر شتێکی...
رووداو: ماڵی تۆ ئاوەدانتر.
تونجەر باکرهان: باش گوتت. دەبێت هەم بینەرانتان و هەم گەلی کورد، با جیهانیش باش بزانێت. لای بەڕێز ئۆجەلان مابووینەوە، هەندێک جار بە ناوی ئەوەوە شت بڵاودەبنەوە، پێت بڵێم ئەسڵ و ئەساسیان نییە، پێت بڵێم. واتە هەڵی دەبەستن، هەندێک جار لە خۆیانەوە شتی وا دروست دەکەن، دەیخەنە پاڵ ئەو و پاڵ میللەت. دەنا بەڕێز ئۆجەلان چەندین جار گوتوویەتی بە مەسعود بارزانی بڵێن با ببێتە سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، سڵاوم بۆی هەیە. هەموویان پێشوازییان کرد. چەندین جار سوپاسی خۆی بۆ نێچیرڤان و بافڵ نارد. بۆ هەڤاڵانی هەولێر و سلێمانی هەزاران جار خەڵک چوون، ماڵیان ئاوەدان بێت، پێویست نەبوو وەک میوان تەماشامان بکەن، ماڵی خۆمان بوو. واتە ماندووبوونی ئەوان کێ دەتوانێت ئینکاری بکات؟ بەڕێز ئۆجەلانیش وا دەبینێت. ئۆجەلان کوردە. لەپێناو گەلی کورددا تێکۆشانی کرد، 27 ساڵە لە زینداندایە، لە ژوورێکی تاکەکەسی دایە. بۆچی دژی کوردانی دیکە بوەستێتەوە؟ شتی وا دەبێت؟ بۆیە ئەو شتانەی دەردەکەون، واتە من... سەیڕکە من 35 ساڵە لەنێو ئەم سیاسەتەدام، ئەم 10 ساڵەیە پەیوەندییەکانمان باشترە، دەیبینین.
رووداو: دەیبینم، راستە.
تونجەر باکرهان: بۆ نموونە سیاسەتڤانانی ئێمە دێنە نەورۆزی ئامەد...
رووداو: لە باشترین کاتدا باسی ئەوە دەکەم.
تونجەر باکرهان: خەڵکی ئێمە زیاتر پێشوازییان لێدەکەن، بەهایان پێدەدەن و رێزیان لێدەگرن. پەیوەندییەکانمان باشە، زیاتر لێک نزیک بووینەتەوە. وەڵڵاهی کاتێک تۆپ و تەیارەی ئێران روو لە هەولێر و سلێمانی دەکات، ئێمە بێزار دەبین. چەندین جار لە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا باسمان کرد، بە ئێرانمان گوت نابێت، دوژمنایەتیی کورد ناچێتە سەر. سیاسەتی خۆت بگۆڕە، خەڵکی سلێمانی و خەڵکی هەولێر بە تەنیا نین، ئێمە لەگەڵیانین، خەڵکی باکوور لەگەڵیانە. واتە ئۆجەلانیش کەسێکی وەهایە. سیاسەتی ئەو بۆ کوردە، بۆ هەژار و بەستەزمانانە. بۆچی شتی خراپ لەسەر سیاسەتڤانانی کورد و پارتەکانیان بڵێین؟ بۆیە ئەو شتانە شتی راست نین. لەم دواییانەشدا، سەیری ئەمەش بکە با خەڵکەکەشمان بیبینێت، سەیری بکات، لایەنی بەرامبەری دەرەوە با بڵێین نامەی نارد، ئێمە هەستاین گوتمان بۆ نموونە بەڕێز نێچیرڤان و بەڕێز بافڵ با رۆڵێکی گەورە بگێڕن بۆ ئەم پرۆسەیەی ئەم دواییە. بۆ نموونە لە چەکداناندا با ئەوانیش بەشدار بن. با ئەوانیش لەنێویدا بن... واتە ئەوە شتێکی باشە. ئەگەر باوەڕیان پێیان نەبێت، بۆچی هەمیشە ناویان دەهێنن، بۆچی سڵاویان بۆ دەنێرن؟ بۆیە هەندێک کەس هەن دەیانەوێت هەمیشە لە نێوان کورددا کێشە دروست بکەن. ئۆجەلان کوردە، دیموکراتە، زانایە، رووناکبیرە، زۆر چاک دەزانێت ئەگەر ئامەد نەبێت، هەولێر هیچ نییە؛ هەولێر نەبێت، قامیشلۆ و کۆبانێ هیچ نین. ئەگەر یەکێتیمان هەبێت، ئێمە شتێکین. ئەگەر یەکێتیمان هەبێت گەلانی جیهان دان بە ماف و یاسای ئێمەدا دەنێن. ئەگەر بە تەنیا بمێنینەوە، نازانین چی بەسەرماندا دێت.
رووداو: رۆژئاوای کوردستان، کاک تونجەر، پەیوەندیتان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان هەیە، شاند و دەستەکانی ئێوە دێن و دەچن و ئێوە پارتێکی گەورەن لە پەرلەمانی تورکیا، بە ملیۆنان دەنگتان لە باکووری کوردستان و تورکیا هەیە. ئێوە چۆن لە رۆژئاوای کوردستان دەڕوانن؟ چۆن دەتوانن هاوکار بن بۆ رۆژئاوا، بەتایبەتی لەم رۆژ و کاتە هەستیارانەدا؟
تونجەر باکرهان: دەبێت هاوکار بین. ئێستا لەوێ کەموکوڕی هەن. هێشتا یاسایان دروست نەکردووە، بڕیارنامە، با بڵێین هەندێک شت دەبینین. لەوێ هێشتا نوێیە. رژێم هەرچییەک بێت و چۆن بێت، ئایا بۆ کورد دیموکرات بێت، یان وەک ئەسەد با بڵێین دیسان دژی کورد بێت، ماف و زمانیان قبووڵ نەکات، مرۆڤ نابێت بخەوێت، بەڵام کەموکوڕی هەیە. بۆ نموونە لە لایەنی زمانەوە، واتە کەموکوڕییەکە زۆر گەورەیە! بۆ زمانی عەرەب مافە، بۆ فارس مافە، بۆ تورک مافە، سەرە دێتە سەر کورد ماف نییە، کێ ئەمە قبووڵ دەکات؟ شەرمە! لە رۆژئاوادا کورد هەن، زمانیان هەیە، بە کوردی قسە دەکەن. دەبێت بۆ زمانەکەیان با بڵێین مەکتەبیان هەبێت، بچنە قوتابخانەکانی خۆیان. ئەمانە دێنن با بڵێین لە تورکیاش وای دەدەن، 3 کاژێر وانە. شتی وا دەبێت؟
رووداو: لە هەفتەیەکدا سێ کاژێر، واتە سێ وانە.
تونجەر باکرهان: سێ کاژێر! میللەتێک کە با بڵێین سەدان ساڵە، هەزاران ساڵە لەوێیە، عەفرین با بڵێین شاری کوردانە، ئەمە زۆر کەمە. شەرم نییە واتە دوو کاژێر، سێ کاژێر؟ ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین. ئێمە دەمانەوێت با حکومەتی دیمەشق، لەوێ کاریگەریی تورکیاش هەیە و دەسەڵاتی تورکیاش هەیە، ئەم شەرمە لەوێ لابدەن. با ئیتر دووژمنایەتیی زمان لەنێو بچێت.
رووداو: شتێکی دیکە. زۆرجار من لێرە لە کوردستان خەڵکی مەخموور دەبینم، کاک تونجەر. قەت ئێوە بیرتان لەوان کردووەتەوە؟ واتە ساڵانێکە لێرەن، رەوشیان باش نییە، راستەوخۆ پێت بڵێم. رەوشیان لە هەموو روویەکەوە باش نییە و نادادپەروەرییان بەرامبەر دەکرێت. واتە هەندێکیان گەڕانەوە، بەڵام لەم پرۆسەی ئاشتییەدا هیچ باسی ئەوان دەکرێت؟ چارەنووسی ئەوان چی دەبێت؟
تونجەر باکرهان: بەڵێ، بەڵێ، باسی ئەوانیش دەکرێت. سەرەتا سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی باشوورمان دەکەم. واتە 30-40 ساڵە لێیان خاوەندارێتییان کرد و رێزیان لێگرتن. واتە دەزانم دەرفەتەکانی ئێوەش کەم و سنووردارن. ئێستا باسی مەخمووریش دەکرێت. لە کۆتاییدا با بڵێین بە دەسەڵاتیشمان گوت. خەڵکی ئێمەی مەخموور هەرچییەک بێت و چۆن بێت، گوندەکانیان نەماون، زەوی و دار و ماڵیان نەماون. قۆرجییەکان (جەردەوانەکان) چوونەتە نێو گوندەکان. پارەیان نییە، سەروەتیان نییە، سەرمایەیان نییە، زەوی و ماڵیان نییە، بێنە تورکیا چی بکەن؟ ئێمە گوتمان، واتە دەڵێین، لەلایەن ئەوانەوە هیچ نەگوتراوە، بەڵام دەڵێین سەرەتا گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. دواتر هەندێکیان لێرە هاتنە دونیاوە، تەمەنیان 20 بۆ 30 ساڵە و ناسنامەیان نییە. ناسنامەیان بناسن. قەرەبووی زیانەکانیان بکەنەوە. بێنە ئێرە چی بکەن؟ ماڵ نییە، گوند نییە، زەوی نییە، سەرمایە نییە. بۆ ئەوەش دەڵێین با حکومەتی تورکیا بۆ ئەوان پڕۆگرام و پلانێک دابنێت، گوندەکانیان ئاوەدان بکاتەوە، قەرەبووی زیانەکانیان بکاتەوە، ئەوانەی لێرە لەدایکبوون ناسنامەیان پێبدات، لە کاتی هاتنیشیاندا هاوکارییان بکات. ئینشائەڵڵا لە قۆناخــی دووەمدا وەک گوتمان، سەرەتا گەلی مەخموورمان و ئەوانەی بەهۆی ئەو شەڕەوە هاتوونەتە ئێرە، گەڕانەوەیان لەسەر مێزەکەیە و لەسەری دەوەستین. با خەمیان نەبێت. ئینشائەڵڵا ئەگەر پرۆسەکە بەردەوام بێت و بە باشی بڕوات، هەموو لایەک ئەو کەسانەی دەیانەوێت، لێی سوودمەند دەبن.
رووداو: گرنگە. گریمان پرۆسەکە گەیشتە سەر. پرۆسەی ئاشتی سەرکەوت. هەنگاوی یەکەم رۆیشت و سەرکەوت، دەربازی هەنگاوی دووەم بوون و هەنگاوی دووەمیش سەرکەوت. ئیتر دەستوور دەنووسرێتەوە، ئیتر لەو دەستوورەدا کورد دەبنە خاوەنی چ مافێک، کاک تونجەر؟ باسی میللەتێک دەکەین، باسی نەتەوەیەک دەکەین، 20-30 ملیۆن کورد لە باکووری کوردستان هەن. بۆ نموونە تەنیا چەکدانان نییە، بۆ نموونە تەنیا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نییە، یان گەڕانەوەی گەریلاکان و ئەو حوکمدراوانەی لە دەرەوەن، یان ئازادبوونی زیندانیان لە زیندانەکان، پرسی نەتەوەیەک هەیە. ئەو پرسە نەتەوەییە چۆن چارەسەر دەبێت؟ واتە کورد دەبنە خاوەنی چ مافێک؟
تونجەر باکرهان: بەڵێ، کاتێک لە قۆناخــی یەکەمەوە بەرەو قۆناخــی دووەم دەرباز بوون...
رووداو: باشە.
تونجەر باکرهان: قەیووم هەن، قەیووم.
رووداو: راستە.
تونجەر باکرهان: پێویستە ئەوانە نەمێنن. گەل کێی هەڵبژارد، کێی ویست، با ئەوان بگەڕێنەوە سەر شارەوانییەکان. لەوەش گەڕێ سزای هەڤاڵانی ئێمە لە تاراوگە و هەندەران، ئەوان خۆیان ئینشائەڵڵا دەگەڕێنەوە. بەڵام ئەمە مەسەلەکە تەواو ناکات، مەسەلە ئەمە نییە.
رووداو: راستە.
تونجەر باکرهان: ئەمانە لە ئەنجامی نکۆڵیکردن دەرکەوتوون. کورد پێشتر لە زینداندا نەبوون، لە تاراوگەدا نەبوون. بۆیە ئەسڵی مەسەلەکە، رێک وەک قسەکەی تۆیە، دەبێت زمان ئازاد بێت، زمان. پێویستە لە ناوچەکەدا دیموکراسی هەبێت. مافی شارەوانییەکان با بڵێین زیاد بکرێت. ئێستا لە تورکیا یاساکەیان وایە، دەستوورەکەیان وایە، 'هەموو کەسێک تورکە.' وەک ئەوەی هیچ رەنگێکی دیکە نەبێت، وەک بڵێیت هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەبێت، وەک بڵێیت هیچ باوەڕێکی دیکە نەبێت. دەبێت بزانین ئەمەش مۆزاییکی تورکیایە. واتە دەبێت وەک مۆزاییک بێت. ئێمە کوردین، تۆ تورکیت، یەکێکی دیکە چەرکەسە، یەکێکی دیکە لازە. ئێمە هاووڵاتیی تورکیان. دەبێت یاساکەشیان لە شێوەی ئەم مۆزاییکە بێت. واتە زمان و دەسەڵاتی خۆجێیی، و یاسای نکۆڵی و رەتکردنەوە و تاکڕەوی نەمێنن، لابرێن و پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت. لە شوێنی ئەوانیش تێکۆشانی ئێمە، میللەتی ئێمە، گەلی ئێمە، رێکخراوەکانی ئێمە، مرۆڤ بەقەد رێکخستنەکەی خۆیەتی. ئێستا شتێکت پێ بڵێم، سەیری بکە، ئەگەر بیانویستایە و هێزیان بەسەریدا بشکایە، وەڵڵاهی نەک ئەم پرۆسەیەی ئەم دواییە دروست نەدەبوو، بەڵکو کەس نەیدەگوت برای کوردی ئێمە.
رووداو: هێزی ئێوە وای کرد کە تورکیا ئەم هەنگاوە بنێت؟
تونجەر باکرهان: رێک وایە. سەیری رۆژئاوا بکە، بۆ ئێرەش راستییەکەت پێ بڵێم، ئەگەر باکوور نەبووایە، ئەوان زۆر بە ئاسانی قووتیان دەدا.
رووداو: کاک تونجەر، کوردییەکەت زۆر خۆش بوو!
تونجەر باکرهان: خەڵکی سەرحەدیین ئێمە.
رووداو: سەرحەدییە! پێش ئەوەی دەست بە هەڤپەیڤینەکە بکەین گوتی دڵبخوین رەنگە کوردییەکەم بەس نەبێت، کوردییەکەت زۆر خۆش بوو، زۆر خۆش بوو.
تونجەر باکرهان: سوپاس دەکەم.
رووداو: باشە، بە کورتی، کاک تونجەر، هەڤاڵانی ئێوە، بەرپرسانی دەم پارتی هەن کوردن و کوردی نازانن. بیر لەوە دەکەنەوە لەوانەشەوە دەست پێبکەن؟ ئێوە باسی مافی زمان دەکەن، بۆ نموونە دەبێت کوردی ببێتە زمانی فەرمی لە تورکیا، بەڵام زۆر لە هەڤاڵانتان هەن کوردن و کوردی نازانن. بۆ ئەوانیش خول (کۆرس) بکەنەوە تا فێری کوردی ببن؟
تونجەر باکرهان: نا، با شتێکت پێ بڵێم بەڕێزم، نا. ئەمە 40 ساڵە ئێمە تێکۆشانمان کردووە، شەڕمان کردووە. واتە کات بۆ ئەم هەڤاڵانەی تۆ دەڵێیت نەڕەخساوە. ئێمە لە زیندانەکاندا بووین، لە کەلەپچە و بەرەکانی تێکۆشاندا بووین. ئێستا مەسەلەکە بێگومان زۆر گەورەیە، بەڵام مەسەلەکە خۆی بەبێ تێکۆشان نابێت. ئێستا ئێمە باسی زمانمان نەدەکرد. لێرە، لە شوێنی ئەوەدا کاری ئێمە چییە؟ کلتوور، هونەر، زمان... خول بە تەنیا بەس نییە. لە ماوەی دوو ساڵدا، لەم دوو ساڵەدا ئێمە زۆر پێشکەوتین. شارەوانییەکانمان با بڵێین لەسەر زمان خولیان کردەوە. ئینشائەڵڵا رەنگە رۆژێک لە داهاتوودا قوتابخانە بکەینەوە. زمان، بۆ نموونە لە هەندێک لە شارەکانمان هەیە، زمانی کوردیی ئێمە زمانی ئابووری، سیاسەت و ژیانە. بەڵام دەبێت مرۆڤ حەقی باکووریش بدات، 40 ساڵە، 40 ساڵە! چل ساڵە ئێمە زوڵممان چەشتووە، ئەوەی بەسەرمان هاتووە... بێگومان زمانێکی سەپێنراوە. بەڵام لێرە لەبری ئەوە...
رووداو: پێویستیی پێ نەما.
تونجەر باکرهان: بێگومان پێویستی نەما.
رووداو: پێشتر قەدەخە هەبوو.
تونجەر باکرهان: دوو ساڵی دیکە ئینشائەڵڵا کە هاتینە ئێرە، هەر کەسێک بێتە ئێرە با بە کوردی قسە بکات.
رووداو: دەبێت بە کوردی بخوێنێت.
تونجەر باکرهان: کاری ئێمە هەر ئەوەیە.
رووداو: واتە پێشتر قەدەخە هەبوو، لەبەر زمان دەخرانە زیندان، بەڵام ئیتر ئەو سەردەمە نەماوە.
تونجەر باکرهان: کات نەبوو، وەڵڵاهی کات نەبوو. بەڵام ئێستا سیاسەتڤانانی ئێمە چاک دەزانم، لە نێوان... 3 ساڵ لە ژوورەوە، 2 ساڵ لە دەرەوە، 2 ساڵ لە ژوورەوە، 2 ساڵ... خۆ هەر بۆ زمان تێکۆشانمان نەدەکرد؟ ئێمە لەپێناو زماندا باجمان دا، لەپێناو زماندا ئەوەمان چەشت.
رووداو: زۆر سوپاس. دڵخۆش بووم. تۆ میوانم بوویت، ماڵت ئاوەدان بێت. زمانی سەرحەدییەکان خۆی لەخۆیدا زۆر... زۆر...
تونجەر باکرهان: ئینشائەڵڵا بەس بووبێت.
رووداو: بەس بوو و زۆریش بوو خۆی لەخۆیدا!
تونجەر باکرهان: ئینشائەڵڵا بینەرانمان رازی ببن.
رووداو: زۆر سوپاس، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی میوانمان بوو. بینەرانی هێژا، هیوادارم لەم هەڤپەیڤینە سوودتان وەرگرتبێت و ئیتر دەزانن داهاتووی باکووری کوردستان رووی لە کوێیە. زۆر سوپاس کاک تونجەر.
تونجەر باکرهان: سوپاس دەکەم، دەستخۆش، ماڵت ئاوەدان، سەر چاوان، سەر چاوانی من.
