رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەڵێ، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەتوانان و دەتوانن بەرپرسیارێتیی ئەمنی لەئەستۆ بگرن؛ ئاشکراشی دەکات کە وڵاتەکەی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕ دەکاتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نمە نەبەز، پێشکەشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە 30ی ئەیلوولی، هیچ هێز و کەرەستەیەکی سەربازییان لە عێراق نەماوە، بەڵام گوتی: "پابەندین بەوەی لەسەر داوای حکومەتە خۆجێییەکان بۆ مەشق و راهێنانی پێشکەوتوو، بنیاتنانی تواناکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری بەردەوام بین."
سەبارەت بە رۆڵی ناتۆ لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە، نیکۆلا فۆنتانا روونی کردەوە کە نێردەی ناتۆ لە بنکەیەکی نزیک ناپۆلی لە ئیتاڵیاوە هێشتا چالاکە و هیوای خواست لە ساڵی 2027دا ئەرکەکانی بۆ مەشقپێکردن بە شێوەیەکی مەیدانی دەستپێبکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، باڵیۆزی ئیتاڵیا هۆشداری دا لەبارەی مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و داوای لە هاووڵاتییان کرد نەبنە نێچیری باندە تاوانکارییەکان؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەورووپا کار بۆ چارەسەرکردنی رەگوڕیشەی کێشەکە دەکەن، هاوکات دەرگای زەمالەی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی ئیتاڵیا بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە راوێژ لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانیان واڵایە.
سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئیتاڵیا ئاشکرای کرد، لە مانگەکانی داهاتوودا سەرنجی سەرەکییان لەسەر هاوئاهەنگیی ئابووری دەبێت و دەرفەتی زۆر بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان هەیە تاوەکو وەبەرهێنان بکەن و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا کوردییەکان پێکبهێنن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لەگەڵ نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق باسی زۆر بابەت دەکەین؛ گرژییە سیاسییەکانی ئەم دواییە و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها پرسی کۆچبەران و پابەندیی ناتۆ. بەڕێز نیکۆلا فۆنتانا، زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانیت.
نیکۆلا فۆنتانا: زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم.
رووداو: سوپاس، کاتەکەت بەرز دەنرخێنین. ئیتاڵیا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ داهاتووی دۆخی ئەمنیی عێراق دەکات لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان؟
نیکۆلا فۆنتانا: وەکو دەزانن، 30ی ئەیلوول وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو. هەموومان بینەری رادەستکردنی بەرپرسیارێتیی ئەمنی بووین بە هێزە عێراقییەکان. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمەش، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەتوانان و دەتوانن ئەو بەرپرسیارێتییە ئەمنییانە لەئەستۆ بگرن. دەتوانم ئەوەش بڵێم کە سەرجەم ئەو سەربازانەمان کە بە درێژایی چەندین ساڵ لەگەڵ هێزە خۆجێییەکاندا هاوئاهەنگییان کردووە، هەڵسەنگاندنیان بۆ تواناکانیان کردووە.
رووداو: ئەم پرسیارەم لە هەموو دیپلۆماتکارێک کردووە؛ پابەندیی ئێوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان لەڕووی ئەمنییەوە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان چۆن دەبێت؟ دوای کشانەوەکە، چ جۆرە هاوکاری، پاڵپشتی و پابەندییەک پێشکێش دەکەن؟
نیکۆلا فۆنتانا: وەک دەزانن، لەدوای کشانەوەکە هیچ هێز و کەرەستەیەکی سەربازیمان لە تەواوی عێراق نەماوە. بەڵام بێگومان لە زیاتر لە 20 ساڵی رابردوودا ئیتاڵیا رۆڵێکی گرنگی لەم وڵاتە و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان گێڕاوە. بۆیە ئێمە ئامادەین و پابەندین کە لەسەر داوای حکومەتە خۆجێییەکان بگەڕێینەوە و لەسەر مەشق و راهێنانی پێشکەوتوو، بنیاتنانی تواناکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری بەردەوام بین.
رووداو: ئەی سەبارەت بەو بەشدارییەی کە لە رێگەی ناتۆوە هەتانە بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە، ئایا ئەوە بەردەوام دەبێت؟
نیکۆلا فۆنتانا: لەم نێوەندەدا، نێردەی ناتۆ لە عێراق هێشتا چالاکە، نەوەک لە بەغدا، بەڵکو لە ئیتاڵیا و لە بنکەیەکی نزیک شاری ناپۆلی. هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بەردەوامە، بەڵام پێمان وایە کە پێویستە ئەو ئەرکە بەردەوام بێت و هیوادارم لە ساڵی 2027دا دەستپێبکاتەوە.
رووداو: چۆن دەڕواننە ئەو ئاڵنگارییەی ئێستا لەبەردەم حکومەتی عێراقدایە بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت؟
نیکۆلا فۆنتانا: کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی چەک پێویستییەکی تەواوە. پێم وایە حکومەتی نوێی عێراق دەستی بە رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە کردووە. ئەمە پرۆسەیەکی زۆر درێژخایەن دەبێت، بەڵام گەشبینم بە ئەنجامەکەی و هەموومان هیوادارین تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2027 تەواوی پرۆسەکە یەکلایی بکرێتەوە.
رووداو: هەڵوێستی وڵاتەکەتان چییە لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق؟
نیکۆلا فۆنتانا: وەک پێشتریش گوتم، ئیتاڵیا هەمیشە هەوڵی داوە رۆڵێکی باش لە عێراقدا بگێڕێ و لەڕووی سەقامگیری، ئاسایش و گەشەی ئابوورییەوە پاڵپشتیی عێراق بکات. بۆیە پێمان وایە ئەگەر لێکتێگەیشتنێکی باشتر لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی عێراق لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا. هەربۆیە هەوڵ دەدەین پەیام بگەیێنین بە مەبەستی یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی هێشتا لەنێوان ئەم دوو پایتەختەدا ماون.
رووداو: ئیتاڵیا یەکێکە لە رێڕەوەکانی کۆچی نایاسایی بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە. ئەوان هەوڵ دەدەن بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا و هەندێکجار لە رێگەی ئەورووپادا رووبەڕووی رووداوی ناخۆش دەبنەوە و زیانیان پێدەگات. سیاسەتە نوێیەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچ چین؟ پەیامی ئێوە بۆ ئەو کەسانە چییە کە دەیانەوێ بەم جۆرە رێگەیانەدا بپەڕنەوە؟
نیکۆلا فۆنتانا: بەڵێ، پێیان دەڵێم ئەو کارە مەکەن و مەبنە نێچیری ئەو باندە تاوانکارییانەی خەڵکی هەژار دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی قازانجیان لێ بکەن. حکومەتی ئیتاڵیا شانبەشانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵوێستێکی تووندی دژی کۆچی نایاسایی هەیە، لە کاتێکدا هەوڵ دەدەین لە کاتی پێویستدا و بەگوێرەی پشکی دیاریکراو، کارئاسانی بۆ کۆچی یاسایی بکەین.
رووداو: بەڵێ، سیاسەتەکان هەن، بەڵام هەندێکجار دۆخی مرۆییەکە بەو شێوەیە نییە...نابێت دۆخی کۆچبەران بەو جۆرە بێت؛ ئەوان زیانیان پێدەگات و لە رێگەدا رووبەڕووی چیرۆکی مەترسیدار دەبنەوە. هەڵوێستی ئیتاڵیا لەو بارەیەوە چییە؟ پێویستە یەکێتیی ئەورووپا چی بکات بۆ رێگریکردن لەمە، نەوەک تەنیا رێگری لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ سنوورەکان، بەڵکو کەمکردنەوەی قەیرانە مرۆییەکەش؟
نیکۆلا فۆنتانا: بەڵێ، لە مەبەستەکەت تێدەگەم. وەک گوتم، پێویستە رووبەڕووی ئەو باندە تاوانکارییانە ببینەوە کە دۆخی ئەو خەڵکە دەقۆزنەوە. پاشان دەبێت لە رێگەی هاوکاریی مرۆیی و پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو وڵاتانەی کە شەپۆلی کۆچەکەیان لێوە سەرهەڵدەدات، یارمەتیدەر بین لە چارەسەرکردنی رەگوڕیشەی کێشەکە.
رووداو: لە هەندێک شوێن کە جەنگیان بەخۆوە بینیوە، رەنگە خەڵک بیر لە کۆچکردن بۆ ئەورووپا بکەنەوە، بەڵام هەندێک کەس ئامادە نین خۆیان بخەنە بەر ئەو مەترسییە و بیر لە رێگە یاساییەکان دەکەنەوە. ئایا بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ رێگەیەکی یاسایی هەیە بۆ چوون بۆ ئیتاڵیا بە مەبەستی کارکردن یان خوێندن لەوێ؟
نیکۆلا فۆنتانا: بێگومان، وەک دەزانن کۆنسووڵخانەی گشتیمان لە هەولێر و نووسینگەی کۆنسووڵگەریمان لە بەغدا هەیە، هەمیشە ڤیزە دەدەینە خوێندکاران. هەروەها ژمارەیەکی باش زەمالەی خوێندنی زانکۆمان هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم ئاڵوگۆڕییەی خوێندکاران. پێشموایە ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە تەنانەت بۆ خوێندکارانی نێوخۆش تاوەکو ئاشنای کولتووری ئیتاڵیا بن.
رووداو: ئایا زەمالەکانی خوێندنی حکومەتی ئیتاڵیا بۆ خوێندکارانی کورد و عێراقی ئێستا کاران؟
نیکۆلا فۆنتانا: بەڵێ، بەڵێ، بێگومان.
رووداو: تەنیا بۆ خوێندنی زانکۆییە یان تەنانەت بۆ خوێندنی باڵاش؟
نیکۆلا فۆنتانا: نەخێر، باسی خوێندنی باڵا دەکەین، واتە مەبەستم زانکۆکانە.
رووداو: باشە. کارە لەپێشینەکانی داهاتووتان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چین؟
نیکۆلا فۆنتانا: من هەمیشە جەخت لەوە دەکەمەوە کە هاوئاهەنگییەکی سیاسیی نایابمان هەیە. بەڵام ئەوەی دەمەوێ لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر سەرنجی بخەمە سەر، هاوئاهەنگیی ئابوورییە. پێم وایە لێرە لەم هەرێمەدا دەرفەتی زۆر بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن و پڕۆژەی هاوبەشیش لەگەڵ هاوبەشە خۆجێییە متمانەپێکراوەکاندا پێکبهێنن. بۆیە ئەوە ئامانجی ئێمەیە.
رووداو: چۆن هانی ئەو کارە دەدەن و ئایا هیچ رێککەوتنێکی کۆنکریتی سەبارەت بە پڕۆژەی نوێ کراوە؟
نیکۆلا فۆنتانا: بەڵێ، چەند گرووپێکی زۆر گەورەی کوردی هەن کە ئێستا مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی ئیتاڵیدا دەکەن و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆنکریتیی زیاتر گەڵاڵە بکرێن.
