رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دیمەشق بە "پێشکەوتوو" وەسف دەکات و دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کونسووڵخانەی سووریا لە هەولێر دەکرێتەوە.
نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دیمەشق بە "مێژوویی و گرنگ" ناوبرد و گوتی "خواستێکی سیاسیی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان هەیە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هاریکاریی ئابووری."
سەبارەت بە کردنەوەی کونسووڵخانەی سووریاش لە هەولێر، غەزبان رایگەیاند رێککەوتنی سەرەتایی واژۆ کراوە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا و لەم ساڵدا، کونسووڵخانەکە دەست بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە رەوەندی سووریایی دەکات کە ژمارەیان نزیکەی 100 هەزار کەسە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی نێوخۆیی سووریا و مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکانی سووریا، خۆشحاڵم لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا میوانداریی بەڕێز نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا بکەم. بەڕێز نەجیب، بەخێربێیت بۆ هەولێر و بۆ رووداویش.
نەجیب غەزبان: سوپاس بۆ میواندارییەکە، خۆشحاڵم کە لەم کەناڵە و لە هەرێمی کوردستان لەگەڵتانم.
رووداو: دووبارە بەخێربێیت. ئەمە دووەم سەردانتە دوای ساڵێک بۆ هەولێر، سەرەتا هەولێرت چۆن بینی؟
نەجیب غەزبان: بێگومان هەولێر هەمیشە بە هەوڵی خەڵکەکەی و سەرکردایەتییەکەی ئاوەدان و گەشەسەندووە. سوپاس بۆ خودا، سەرەڕای گوشارەکانی ناوچەکە، توانیویەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەدا بکات، کە بێگومان کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە. بەو هیوایەی بە کردەیی ئەم قەیرانە تێپەڕێنین، تاوەکو سەرنج بخەینە سەر پرسە سەرەکییەکانمان؛ پرسەکانی گەشەپێدان، سەقامگیری و بووژانەوە.
رووداو: با بێینە سەر مژاری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا؛ ئەم پەیوەندییانە لە چ قۆناخێکدان و چۆن هەڵیاندەسەنگێنن؟
نەجیب غەزبان: پەیوەندییەکان لە قۆناخێکدان کە دەکرێت بگوترێت پێشکەوتوون، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق. لە راستیدا سەردانێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، جیا لە رەهەندە سیمبوولییەکەی. بە کردەیی باس لە چەندین دۆسیەی زۆر و گەورە کرا، لەوانە هاوئاهەنگی لە بوارە ئەمنییەکان و بواری هاریکاریی ئابووری، کە پێموایە ئەمە بوارێکی زۆر فراوانە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و سووریادایە، بێگومان لە چوارچێوەی هاریکاری لەگەڵ دەوڵەتی عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی. بە دڵنیاییەوە هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر گەلی سووریا هەمیشە ئەرێنی بوون، چ لە میوانداریکردنی پەنابەرانی سووریا لە ماوەی شۆڕش و جەنگدا، چ لە بوونی رەوەندێکی سووری لێرە. هەروەها کۆنسووڵخانەی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە بۆ ئاسانکاریکردن لە راییکردنی مامەڵەکان و هاریکاریی نێوان پێکهاتەکان، چ پێکهاتەکانی سووریا یان ئەوانەی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت لە سووریا کار و بازرگانی بکەن. لە راستیدا هەموو ئەمانە پێشهاتی ئەرێنین و لە هەموو دۆسیەکاندا ئەم سەردانە وەرچەرخانێکی جۆری بوو.
رووداو: دێمە سەر مژاری کردنەوەی کۆنسووڵخانەی سووریا لێرە لە هەولێر، بەڵام گوتت سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق سەردانێکی مێژوویی و گرنگ بوو؛ گرنگیی ئەم سەردانە لە چیدایە و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا چییە؟
نەجیب غەزبان: یەکەم، ئەوە یەکەمین دیداری سەرکردایەتیی هەردوولا بوو لە باڵاترین ئاستدا. هەروەها وەک ئاماژەم پێدا، بۆ ئێمە وەک سوورییەکان بەشێک بوو لە داننان بەو رۆڵە ئەرێنییەی کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا گێڕاویەتی، تەنانەت لە راستیدا لە هەندێک کاتدا هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەسعود بارزانی رۆڵیان هەبووە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سووریا. ناتوانین هەڵوێستە پرەنسیپییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر رژێمی لەنێوچوو لەبیر بکەین، کە بێگومان نزیکتر بوون لە خواستەکانی گەلی سووریا و ئەمەش شتێکی روون بوو. هاوکات هەرێمی کوردستان هەوڵی دەدا رۆڵ بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێو سووریا، دوای سەردانەکەش تێبینیمان کرد چۆن کرانەوەیەک لە جێبەجێکردنی هەندێک لە رێککەوتنەکانی نێوان "هەسەدە" و دەوڵەتی سووریادا روویدا. بێگومان ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی رەنگیدایەوە و بە بڕوای من ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت.
رووداو: ئەو لایەن و کەرتانە کامانەن کە لایەنی سووری لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرنجیان دەخاتە سەر؟
نەجیب غەزبان: بێگومان بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە؛ یەکەم لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە ئەمە پرسێکی سەرەکییە، هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە لە بابەتی هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ پرسی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بابەتی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان، بێگومان هەموو ئەمانە دۆسیەیەکن. دۆسیەیەکی دیکە کە لە راستیدا زۆر گرنگە، دۆسیەی ئابووری و ئەو ئاسۆیانەیە، کە ئەم هاریکارییە دەتوانێت لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلدا بیانڕەخسێنێت. وەک باسمان کرد، قەیرانی ئەم دواییە تا رادەیەک رۆڵی جوگرافیی سووریای وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان عێراق، تورکیا، کەنداو و ئەورووپا دەرخست، سووریاش وەک دەرفەتێک تەماشای ئەم پێگەیە دەکات، کە پێویستە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت. بێگومان ئێمە لە سووریا دەوڵەتێکی بەتەواوی وێرانبوو، ئابوورییەکی داڕماو، چەندین ساڵی جەنگ و ژێرخانێکی وێرانمان بۆ ماوەتەوە، بۆیە سوورین لەسەر راکێشانی هەموو وەبەرهێنانێکی گونجاو بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا؛ لەسەر ئەم بنەمایەش هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو شوێنانەی هیوادارین لە داهاتوودا رۆڵی لە پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوەدا هەبێت.
رووداو: ئێستا لە سووریا وەبەرهێنەری کوردی هەرێمی کوردستان هەن، کە لە بواری ئاوەدانکردنەوە یان کەرتەکانی دیکەدا وەبەرهێنان بکەن؟
نەجیب غەزبان: لە راستیدا هێشتا نەخێر؛ چونکە ئێمە لە سووریا هەوڵ دەدەین ژێرخانی پێویست بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی بڕەخسێنین. رەنگە ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانی وڵاتانی کەنداو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردبێت و ئامادەیی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە هەندێک بواردا نیشان دابێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی من، نەمبیستووە تاوەکو ئێستا بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە کردەیی هاتبن. لەگەڵ ئەوەشدا، بازرگانی سووری هەن کە لێرە لە هەرێمی کوردستان کاریان هەیە و پەیوەندییان دروستکردووە، زۆریش لۆژیکییە بەشێک لەو کارانەیان بگوازنەوە بۆ سووریا؛ تەنانەت یەکێک لە کەسایەتییە ئابوورییەکان، کە برای سەرۆک بوو، لێرە لە هەرێمی کوردستان کاری هەبوو. بۆیە بێگومان پێموایە لەگەڵ ئەم کەشە ئەرێنییە و ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی کە ئێستا زۆر باشن، ئەمە تایبەتمەندییەکی زیاتر دەبەخشێت بۆ هاندانی بازرگانانی هەرێمی کوردستان تاوەکو لە سووریا وەبەرهێنان بکەن و بە پێچەوانەشەوە؛ ئەو سوورییانەی لێرە لە هەرێمی کوردستانن دەتوانن ببنە پردێک بۆ هاریکاریی ئابووری.
رووداو: باسی پەیوەندیی سیاسیی زۆر باش و تایبەتت کرد؛ ئایا ئێستا پەیوەندییە سیاسییەکانی سووریا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە نایاب و تایبەت وەسف دەکەیت؟
نەجیب غەزبان: بەراورد بە رابردوو بەڵێ، لە راستیدا بەراورد بە زۆر شت کە پێشتر هەبوون. لەبیرمانە تەنانەت لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنیشدا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان -وەک باسمان کرد- پەیوەست بوو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، هەروەها پێکهاتەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) بەشێک بوو لەو هاوپەیمانییەی (ئیئتیلاف) کە ئێمەش بەشێک بووین لێی؛ ئەوان رۆڵیان هەبوو لە داڕشتنی هەندێک هەڵوێست و پاڵپشتیشیان لە هەرێمی کوردستانەوە پێدەگەیشت، بەڵام ئێستا باس لە پەیوەندیی سەرکردایەتی لە باڵاترین ئاستدا دەکەین و ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی، مەبەستی منیش لە پەیوەندیی تایبەت و نایاب ئەمە بوو.
رووداو: سوورییەکانی ئێرە چاوەڕێی کۆنسووڵخانەکەن، ئەم دۆسیەیە گەیشتووەتە کوێ؟ بەم دواییانە شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانەی سووریا لێرە لە هەولێر؛ دۆسیەکە گەیشتە کوێ و کەی ئەم کۆنسووڵخانەیە دەست بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە رەوەندی سووری دەکات؟
نەجیب غەزبان: بەڵێ، بەپێی زانیارییەکانی من لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەبێت. بێگومان ئێمە لە سووریا کێشەیەکمان لەگەڵ بوونی رەوەندی گەورە لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان هەبوو، چونکە باڵیۆزخانەکانی رژێمی لەنێوچوو شوێنێک بوون خەڵک لێیان دەترسا و مۆرکێکی ئەمنییان هەبوو. بۆیە گۆڕانکاری لە وەزارەتی دەرەوە کرا بۆ ئەوەی ئەم باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانانە بە کردەیی ببنە شوێنی خزمەتکردنی رەوەندی سووری؛ لەبەرئەوە نەک تەنیا باڵیۆزخانە، بەڵکو کۆنسووڵخانەش کرانەوە، بۆ نموونە لە زیاتر لە دوو شوێن لە ئەڵمانیا، هەروەها لە وڵاتانی وەک شانشینی عەرەبستانی سعودیە و تورکیا. بە دڵنیاییەوە یەکێک لە کارە لەپێشینەکان ئەوە بوو کە کۆنسووڵخانەیەک لە هەرێمی کوردستان هەبێت و رێککەوتنی سەرەتاییش واژۆ کراوە، بەڵام لە راستیدا وردەکاریی ئەوەی بە دیاریکراوی کەی دەکرێتەوە لای من نییە، بەڵام پێموایە زۆر نزیکە.
رووداو: لەم ساڵدا؟
نەجیب غەزبان: بە دڵنیاییەوە، هیوادارم لەم ساڵدا بێت؛ چونکە لەگەڵ وڵاتانی دیکەشدا هەر وا بوو، کە ئامادەکردنی شوێن و دابینکردنی هەموو پێداویستییە گرنگەکانی گرتەوە، بێگومان رەوەندێکی بەرچاوی سووریش لێرە هەیە.
رووداو: ئێستا ژمارەیان بە چەند مەزەندە دەکرێت؟
نەجیب غەزبان: لە راستیدا ئێستا ژمارەیەکی وردم لا نییە، بەڵام رەنگە لە دەوروبەری 100 هەزار کەس یان شتێکی لەو شێوەیە بێت.
رووداو: رەنگە زیاتریش بێت، لەنێوان پەنابەران و ئەوانەی مۆڵەتی مانەوە و کارکردنیان لێرە هەیە؟
نەجیب غەزبان: بەڵێ، بەوانەشەوە کە مۆڵەتی مانەوە و کارکردنیان هەیە، بێگومان ئەمەش ژمارەیەکی بەرچاوە بەراورد بە هەرێمی کوردستان. من لە رێگەی شارەزاییم لە هەندێک پەیوەندییەوە دەزانم ئەو سوورییانەی لێرە بوون رۆڵیان لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەبووە، لە هەمان کاتیشدا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئەرێنی بووە، کە ئەمەش جێگەی پێزانینە بۆ هەرێمی کوردستان.
رووداو: با بێینە سەر دۆخی نێوخۆیی و مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکانی سووریا؛ کورد دووەم گەورەترین نەتەوەیە لە سووریا و لەسەر خاکی خۆی دەژی و وەک ئەوەی دەگوترێت لە هیچ شوێنێکەوە کۆچی نەکردووە... دەوڵەتی سووریا چۆن گەرەنتیی ئەوە دەکات کە ئەم دەوڵەتە چۆن هی عەرەبە، بە هەمان شێوە هی پێکهاتەی کوردیش بێت؟
نەجیب غەزبان: دەتوانم لە خاڵێکی زۆر سەرەکییەوە دەستپێبکەم، ئەویش ئەوەیە کە تێڕوانینی ئێستای دەوڵەت بۆ پێکهاتەی کورد، هەمان ئەو تێڕوانینە سرووشتییەیە کە دەبوو لەمێژە هەبووایە؛ ئەویش ئەوەیە کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی گەلی سووریایە و بێگومان مافی خۆی هەیە کە پێشتر لێی بێبەش کرابوو، چ مافی زمان و کولتوور بێت یان داننان بە بوونیدا. لە راستیدا، دۆخە نوێیەکە بە پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکێک لە پێکهاتە کوردییەکان کە "هەسەدە"یە دەستیپێکرد و رێککەوتنێکی سەرەتایی واژۆ کرا؛ ئەم رێککەوتنە رووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاری بووەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەنگاوی زۆر گەورە نران کە هاوکات بوون لەگەڵ شتێکی زۆر گرنگ، ئەویش مەرسوومی سەرۆکایەتی بوو کە دانی بە پێکهاتەی کورددا نا و مافەکانی پێبەخشی، هەروەها مافی وەڵاتینامەی (رەگەزنامەی) بەخشی بەو کوردە بێ ناسنامانەی (مەکتوومین) کە لەسەردەمی رژێمی لەنێوچوودا بۆ ماوەیەکی درێژ لە وەڵاتینامە بێبەش کرابوون. بە بڕوای من، ئەم تێڕوانینە تا رادەیەکی زۆر ئەو کێشەیەی چارەسەر کردووە، بێگومان ئەمەش لە داهاتوودا پێویستی بە بەیاساییکردن و چوارچێوەدارکردنە بە شێوەیەکی دەستووری و دامەزراوەیی. هەروەها وەک باسمان دەکرد، جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە لەسەر ئاستی تێکەڵکردنی ئەمنی و سەربازیی "هەسەدە" دەستکەوتی گەورەی تێدایە، بەڵام هێشتا وردەکاریی زۆر ماون کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت، بە کردەییش ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی ئەم بابەتە هەیە.
رووداو: ئەو مافانە چین کە سووریا لە چوارچێوەی دەستووری نوێدا دەیداتە گەلی کورد؛ لە مافی سیاسی، مافی نەتەوەیی، تاوەکو دەگاتە مافی پەروەردەیی و کولتووری؟
نەجیب غەزبان: بێگومان -وەک باسمان کرد- دان بە مافە کولتوورییەکان، مافی زمان و هەموو ئەو مافانەدا نراوە، بەڵام مافی سەرەکی کە پێموایە هەموو سوورییەکان لێی بێبەش بوون، مافی هاووڵاتیبوونە؛ چونکە رژێمی لەنێوچوو وەک رەعیەت و پاشکۆ تەماشای هەموو سوورییەکانی دەکرد نەک وەک هاووڵاتی. بە بڕوای من ئەمە مافی هەموو سوورییەکانە، بەڵام هەندێک لە پێکهاتەکان پێویستیان بە داننان بە ناسنامە و کولتووریشیان هەیە. سەبارەت بە دانپێدانانی سیاسیش، لە راستیدا رەنگە گونجاوترین پێشنیاز بۆ سووریا جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) بێت کە هەر پێکهاتەیەک بە شێوەیەکی ئەرێنی لە دەوڵەت نزیک بکاتەوە، بە جۆرێک کە خزمەتگوزارییەکان و دۆسیەی ئەمنی لەلایەن خەڵکی ناوچەکە خۆیانەوە بەڕێوەببرێن.
رووداو: مەبەستت ناناوەندیی (لامەرکەزی) سیاسییە بەڕێز نەجیب؟
نەجیب غەزبان: خۆبەڕێوەبەری یان حوکمڕانیی خۆجێیی جۆرێکە لە ناناوەندی (لامەرکەزی). لە راستیدا هەندێکجار لای بەشێک لە سوورییەکانی پێکهاتەی زۆرینە، هەستیارییەک بەرامبەر بیرۆکەی لامەرکەزی و بیرۆکەی فیدراڵی هەیە؛ پێموایە فیدراڵی لە عێراق گونجاو بوو لەبەر کۆبوونەوەی پێکهاتەی کورد لە شوێنێکی دیاریکراودا، بۆیە چارەسەرێکی پەسندکراو بوو، بەڵام لە دۆخی سووریادا بابەتەکە لە رووی دابەشبوونی دیمۆگرافییەوە ئاڵۆزترە.
رووداو: مۆدێلی عێراقی و هەرێمی کوردستان لێرە وەک فیدراڵی، لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریادا ناگونجێت؟
نەجیب غەزبان: پێموانییە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆیە سووریا پێویستی بە مۆدێلی تایبەت و گونجاوی خۆی هەیە، کە لە رێگەی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی پێکهاتەی کورد و دەوڵەتی سووریاوە دێتە کایەوە.
رووداو: لە میانی ئەو گفتوگۆیانەی لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کراون، گونجاوترین شێوازی حوکمڕانی لە سووریا چییە؟
نەجیب غەزبان: پێشتر باسم لەوە کردبوو کە خواستێک هەیە بۆ هەبوونی دامەزراوەی بەهێز و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، لە هەمان کاتیشدا حوکمڕانییەکی خۆجێیی کارا. تەنانەت خاتوو ئیلهام بۆ نموونە باسی "یاسای ژمارە 107"ی کرد، کە یاسای کارگێڕیی خۆجێیی سەردەمی رژێمی پێشووە و چەندین خاڵی ئەرێنیی لەبارەی کارگێڕییە خۆجێییەکانەوە تێدایە، بەڵام جێبەجێ نەدەکرا. بە بڕوای من دەکرێت ئەمە ببێتە خاڵی دەستپێک. جێگەی ئاماژەیە، ئێمە لە سووریا تەنیا وەک بابەتێکی پەیوەست بە پێکهاتەی کورد تەماشای پرسی حوکمڕانیی خۆجێیی ناکەین، بەڵکو پێموایە پێویستە هەموو پارێزگاکانی سووریا بگرێتەوە؛ واتە تەنیا بۆ ئەم پێکهاتەیە دانەڕێژراوە، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکان گونجاوە و -وەک باسمان کرد- بەشێک لە دەسەڵاتەکان لە حکومەتی دیمەشقەوە بۆ ئەو پارێزگایانە دەگوازێتەوە. لە ماوەی جەنگیشدا، خاڵێکی ئەرێنی لە ئەنجوومەنە خۆجێییەکاندا هەبوو کە لە سایەی لاوازیی دەوڵەتدا چەندین رۆڵیان گێڕا، دەکرێت سوود لەو ئەزموونانە وەربگیرێت، بۆ نموونە لە داهاتوودا ئەنجوومەنی شارەوانی و پارێزگاکان هەڵبژێردراو بن؛ ئەمانە هەندێک لەو فۆڕمانەن کە خراونەتە روو.
رووداو: دوایین پرسیارم لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی شاری حەسەکەیە؛ لە چەندین شاری سووریا خۆپێشاندان لەسەر گرانیی بازاڕ و چەندین داواکاریی دیکە هەن، بەڵام لە شاری حەسەکە هەندێک لە خۆپێشاندەرانی گەڕەکە عەرەبییەکان درووشمی رەگەزپەرستانەیان دژی کورد گوتەوە، تەنانەت وێنە و ئاڵای دیکەی وەک وێنەی سەدام حوسێنیان بەرزکردەوە؛ تێڕوانینی ئێوە چییە؟ چۆن ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای حەسەکە دەپارێزن؟
نەجیب غەزبان: لە راستیدا، ئەم جۆرە دیاردانە گوزارشت لە دەوڵەت و بێگومان گوزارشت لە تێڕوانینی دەوڵەتی سووریا ناکەن. لە بەرامبەریشدا تێبینیی هەندێک رووداوی بچووکی هەندێک چالاکڤانی تووندڕۆمان کردووە، کە بۆ نموونە ئاڵای سووریایان لەسەر شوێنە حکومییەکان هێناوەتە خوارەوە، بێگومان ئەم رەفتارانەش بە تەواوی رەتکراوەن. لە حەسەکە، پێویستە پارێزگار -کە خۆی کوڕی ناوچەکەیە- لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا بکات. لە راستیدا لە سووریا پێویستمان بە جڵەوکردنی هەموو جۆرە تووندڕۆییەکی مەزهەبی، نەژادی یان تائیفی هەیە. بەداخەوە، هەندێکجار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم جۆرە رووداوانە گەورە دەکەن و رەهەندێکی گەورەتریان پێدەدەن، هەروەها رەهەندێکی دەرەکیش لەپشت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە دیاریکراوی "فەیسبووک"ەوە هەیە، ئەمەشمان بینی کاتێک رووداوەکانی ناوچەی کەناراو (ساحل) و سوەیدا روویاندا. بۆیە لە راستیدا پێویستمان بە گەشەپێدانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا هەیە، ئەمەش بەرپرسیارێتیی سەرکردە کۆمەڵایەتییەکانە نەک تەنیا دەوڵەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستە دەوڵەت بەپێی یاسا رێگری لە هەر پێشێلکاری و زێدەڕۆییەک بکات، کە دەکرێتە سەر هەر پێکهاتە و هاووڵاتییەک.
رووداو: گوتم دوایین پرسیارمە، بەڵام ئەم خاڵەم بیرکەوتەوە؛ خۆپێشاندانی دیکە لەلایەن قوتابییان و خوێندکارانی کوردەوە هەن لەپێناو مافی خوێندن بە زمانی دایک، ئەوان داوا دەکەن نەک تەنیا سێ وانە بۆ بابەتی زمانی کوردی تەرخان بکرێت، بەڵکو تەواوی پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی بێت؛ ئایا حکومەتی سووریا نەرمی بەرامبەر ئەم داواکارییە دەنوێنێت؟
نەجیب غەزبان: بە بڕوای من بەڵێ، پێشموایە گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە خۆجێییەکانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکە لەگەڵ بەرپرسان هەیە، بە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەشەوە. پێموانییە پرسی زمان ببێتە کێشە؛ چونکە بە بڕوای من پرسی سەرەکی داننانە بە پێکهاتەکە و داننانە بە ماف و کولتوورەکەیدا، بۆیە لە راستیدا وەرگێڕانی ئەم بابەتە بۆ سیاسەتی پەروەردە و پرۆسەی تێکەڵکردن لە دامەزراوەکانی دیکەدا ئەو ئاڵنگارییەیە کە لە داهاتوودا لەپێشمانە، منیش بە داهاتوو گەشبینم.
رووداو: زۆر خۆشحاڵ بووم بە ئەنجامدانی ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵتدا بەڕێز نەجیب، زۆر سوپاست دەکەم. نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا میوانم بوویت، زۆر بەخێربێیت.
نەجیب غەزبان: سوپاس.


