رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی هودا پار لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری، دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەیوەندییەکانی پارتەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
زەکەریا یاماجیئۆغڵو، سەرۆکی هودا پار سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیانە، باڵەخانەیەک بۆ کارکردنی ناوبراو دروستکراوە و شوێنێکی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە. سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنیشی، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵگەی تورکیا هێشتا بۆ ئەوە ئامادە نییە، بەڵام جەختیکردەوە: "ئەگەر خوێن بەتەواوی بوەستێت و برایەتییەکی راستەقینە دروست ببێت، ئەگەر باجەکەی ئازادکردنی ئۆجەلان بێت، ئەمە باجێکی زۆر گران نیە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەم هەموو زەحمەتەت کێشا.
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: ئەم کاتەت باش، رۆژێکی خۆش و پڕ خێرتان هەبێت.
رووداو: دەمەوێت ئەم پرسیارەتان لێ بکەین، لەبارەی ئەو رووداوەی کە لە جزیر روویدا لەسەر خێزانی محەممەد سنجار. وەک کەسێک کە خۆتان پارێزەرن، لە رووی یاساییەوە ئەمە چۆن دەبینرێت؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: ئەگەر کوشتنی محەممەد سنجار لە دۆسیەی حیزبوڵڵادا جێی گرتبێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لەو بڕیارە بکرێت. ئایا لە راستیدا، سەبارەت بە کوشتنی محەممەد سنجار، دۆسیە لەسەر ئەو کەسانە کراوەتەوە یان نا؟ باسی کراوە یان نا؟ ئەگەر نییە، لە هیچ دۆسیەیەکدا، مافێکی لەم شێوەیە نییە کە دۆسیەکە هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام ئەگەر باسی کرابێت، ئەگەر تۆمەتێکی لەو شێوەیە لەسەر ئەو کەسانە هەبێت و دادگایی کرابن، لە دادگە گفتوگۆی لەسەر کرابێت، ئەو کاتە رەنگی ئەم بابەتە دەگۆڕێت.
رووداو: ئێوە لە ئیستەنبووڵن و کارەکانی کۆنگرەتان دەستی پێکردووە. سبەینێ یەکشەممە کۆنگرەی ئیستەنبووڵتان هەیە. دیارە ئێوەش پرۆسەیەکی نوێتان دەستپێکردووە. هودا پار بۆ رۆژانی داهاتوو، بۆ پرۆسەی داهاتووتان، ئامادەکارییەکانی چۆن دەکات؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: بەڵێ. بەپێی یاسای تورکیا، پێویستە هەموو پارتێک لانیکەم 3 ساڵ جارێک کۆنگرەی خۆی نوێ بکاتەوە. واتە ئێمەش ئەم پرۆسەیە، کاتی هاتبوو. نەک بۆ ئامانجێکی تایبەت یان بۆ ئامادەکارییەکی نوێ بێت. بەسەر کۆنگرەکەماندا نزیکەی 3 ساڵ تێپەڕیبوو. ئێمەش کۆنگرەکەمان نوێ دەکەینەوە. زۆربەی شارەکانمان کۆنگرەکانیان تەواو کردووە. چەند شارێکمان ماون. شارە گەورەکان ماون، یەکێکیان ئیستەنبووڵە. سبەی ئینشائەڵڵا کۆنگرەکەمان دەکەین. تا کۆتایی مانگی 11، کۆنگرەکانمان لە ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەدەنە، مێرسین، ئامەد، روها، سامسون و چەند شارێکی دیکەش دەکرێن ئینشائەڵڵا. کۆنگرەی شارەکان تەواو دەبن. دوای ئەوە ئینشائەڵڵا، ئەگەر قیسمەت بێت، نیازمان هەیە بەهار کۆنگرەی گەورە لە مانگی نیسان یان رەنگە گوڵان ئەنجام بدەین.
رووداو: ئایا ئێوە جارێکی دیکە خۆتان بەربژێردەکەنەوە و دەبنەوە بە سەرۆکی گشتی یان گۆڕانکارییەک هەیە؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: بەڕێز راوێن، لەسەر ئەمە با ئەمە بڵێم. ئەمە 4 جارە وەک سەرۆکی گشتی هەڵبژێردراوم. جارێکیش خۆم پاڵێوراو نەبووم. داواکارییەکی وا نەبوو. ئەگەر هاوڕێکانم، ئەگەر هاوکارانم، ئەگەر براکانم کە لە پارتەکەدا پێکەوە کار دەکەین، جارێکی دیکە داواکارییەکی لەم شێوەیە بکەن، بڵێن، "لەم ئەرکەدا، لەم بارە قورسەدا، دەمانەوێت تۆ بۆ ماوەیەکی دیکە ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەیت." ئەگەر داواکارییەکی لەم شێوەیە هەبێت، ئەو کاتە ئێمە ملی خۆمان کەچ دەکەین. ئەگەر نا، من خۆم، هەرگیز خۆم نەپاڵاوتووە. هەم بۆ سەرۆکایەتی پارت و هەم بۆ پاڵێوراوی پەرلەمانتاریش، ئێمە بەبێ راوێژ هیچ کارێک ناکەین. هەمیشە کارەکانمان بە راوێژە. ئێمە لەنێو خۆماندا راوێژ دەکەین. ئەگەر لەو راوێژەدا بڕیارێکی لەو شێوەیە دەرچوو، بڕیار چی بێت، ئێمەش جێبەجێی دەکەین.
رووداو: با بێینە سەر پرۆسەی چارەسەری کە بەردەوامە. پێشتر، تا ماوەیەک لەمەوبەر، کارەکانی هودا پار، لێدوانەکانتان زۆر لەسەر میدیا دەبینران. بەڵام بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکەکە و دەوڵەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، ناوی هودا پار کەمێک لەسەر میدیا و لە هەواڵەکاندا کەم بووەوە. ئایا ئەمە پەیوەندی بەم پرۆسەیەوە هەبوو؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت.
رووداو: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ حکومەتی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن، لەم پرۆسەی چارەسەرییەدا رۆڵتان چییە؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەت پێش ئەم پرۆسەیە چی بووبێت، ئێستاش بەردەوامە. تا ئەو کاتەی حکومەت یان سەرۆککۆمار دەیانگوت "مەسەلەی کورد، کێشەی کورد نییە" ئێمە دیسان دەمانگوت "کێشە هەیە، پێویستە چارەسەر بکرێت." ئەمڕۆش هەمان شت دەڵێین. باوەڕم وایە رەنگە کەمێک کاریگەریشمان لەسەر حکومەت دروست کردبێت. چونکە گوتمان، ئەم کێشەیە سەد ساڵەیە، بەردەوامە و پێویستە چارەسەر بکرێت. لەم پرۆسەیەدا، ئێوە دەزانن کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکهێنرا. یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە من بووم. ئەوەی لە دەستمان هاتووە، بۆ چارەسەری تاوەکو ئێستا کردوومانە و لەمەودواش دەیکەین. پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتیش، بەڵێ، ئێمە لەنێو هاوپەیمانیی جمهووردا جێمان گرت و لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا پشتگیریمان لە بەڕێز ئەردۆغان کرد. بەڵام هەرگیز ئەمەمان نەکردووەتە هۆی ئەوەی لەسەر هەڵەکانی حکومەت بێدەنگ بین، ئەگەر حکومەت هەنگاوێکی هەڵەی نابێت، ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە. هەرگیز لە هەڵوێست و بیرکردنەوەی خۆمان دوور نەکەوتووینەتەوە و بەم مەرجە لەنێو ئەو هاوپەیمانییەدا جێمان گرتووە. لەمەودواش دەڵێین، ئەگەر کەسێک یان پارتێک هەڵەیەکی کردبێت، ئەگەر بە نیازێکی پاک ئەو هەڵەیە بوترێت و رێگەی راستیشی بۆ دیاری بکرێت، ئەوە چاکەیەکە. چونکە من پێموایە ئەگەر هەڵەیەک یان کەموکوڕییەکم هەبێت و یەکێک پێم بڵێت، ئەوە چاکەیەکم لەگەڵ دەکات تاوەکو من ئەو هەڵەیە راست بکەمەوە. پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەت بەم شێوەیەیە. لەم پرۆسەیەشدا باوەڕم وایە رۆڵێکی گرنگمان گێڕاوە و لەمەودواش هەرچی بکەوێتە سەر شانمان، دەیکەین. لە راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەماندا ئاماژەمان پێکرد کە پرۆسەی 2013 کە دەستی پێکرد، رەنگە گەورەترین هەڵەی ئەوە بووبێت کە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە هەندێک مەرجەوە گرێدرا، وەک چەکدانانی پەکەکە. ئێمە گوتمان چەکدانانی پەکەکە بابەتێکی جیاوازە. بەڵێ، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، چونکە باوەڕی ئێمە وایە کە چەک لە دەستی پەکەکەدا چارەسەری ناهێنێت، بەڵکو رەنگە رێگر بێت لەبەردەم چارەسەری کێشەی کورد. ئێمە باوەڕمان وایە ئەمڕۆ کە ئەو رێگرییە لەناو بچێت، رێگەیەکی نوێ لەبەردەم خەڵک، سیاسەت و چارەسەریدا دەکرێتەوە. ئینشائەڵڵا ئەو چارەسەرییە ئاسانتر دەبێت.
رووداو: ئێوە چۆن دەبینن، دۆخی پرۆسەکە کە ئێستا بەردەوامە، دیدارەکان کە دەکرێن، بەپێی ئێوە کەموکوڕی تێدایە یان بە دڵی ئێوەیە کە بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: ئەگەر دانوستاندن بۆ نەهێشتنی پەکەکە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، بۆ بەتەواوی دەستبەرداربوون لە چەک بێت، بێگومان لەگەڵ رێکخراوەکە و سەرۆکەکەیدا قسە دەکرێت، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام لە سەرەتادا ئێمە دەڵێین، ئەم کێشەیەی کورد ناکرێت تەنیا لەگەڵ یەک رێکخراو یان یەک پارت یان یەک کەسدا قسەی لەسەر بکرێت. چونکە ئەمە بابەتێکی زۆر گەورەیە. موخاتەب هەموو گەلی کوردە. تەنانەت نەک تەنیا گەلی کورد، ئەم ئاڵۆزی و دڵگرانییەی کە 100 ساڵە بەردەوامە، بێگومان لایەنی زۆری هەیە، پێویستە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا قسە بکرێت. واتە موخاتەب گەل خۆیەتی و نوێنەرەکانی. بەڵام ئەم دیدارانەی کە ئێستا دەکرێن، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان یان لەگەڵ رێکخراوەکەی و هاوپەیمانەکانیدا، ئەوەندەی دیارە تەنیا بۆ دەستبەرداربوون لە چەک یان بۆ لەناوبردنی پەکەکەیە. ئەمەش با بڵێین کە رێبازێکی راستە. بەڵام دوای ئەوەی ئەمە تەواو بوو، تەنانەت پێش تەواوبوونیشی، پێویستە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە کە زیاتر لە 100 ساڵە بەردەوامە، هەندێک هەنگاو بنرێت.
رووداو: لە بڕوای ئێوە، خانووێک بۆ ئۆجەلان دروستکراوە یان نا؟ لە لایەکی دیکەوە، ئازادکردنی ئۆجەلان یان رۆڵی فەرمی لە کۆمیسیۆندا وەک سەرۆک، تێڕوانینی ئێوە بەرامبەر بەوە چییە؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: بۆ دانانی چەک چ رۆڵێکی هەیە، باوەڕم وایە گێڕاومانە و دەگێڕدرێت. بۆ ئەمەش رەنگە هەندێک دەرفەتی بۆ ئامادە بکرێت. بەقەدەر ئەوەی ئێمە دەزانین لە ئیمراڵی باڵەخانەیەک دروستکراوە و بۆ ئەوەی لەوێ کار و باری خۆی بکات، شوێنێک بۆ ئۆجەلان تەرخان کراوە. بەڵام ئایا ئەمە ڤێلایە، کۆشکە، خانوویەکی بچووکە، ئێمە نازانین.
رووداو: ئەگەر بابەتی ئازادییەکەی بێتە رۆژەڤ، تێڕوانینی ئێوە چی دەبێت؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: بە باوەڕی من، کۆمەڵگەی تورکیا بۆ ئەمە ئامادە نییە. بەڵام ئەگەر خوێن بەتەواوی بوەستێت، واتە چیتر خوێن نەڕژێت، برایەتییەکی راستەقینە دروست ببێت، ئەگەر باجەکەی ئازادکردنی ئۆجەلان بێت، ئەمە باجێکی زۆر گران نییە.
رووداو: لە چارەسەری پرسی کورددا، ئەو شتەی کە ئێوە جەختی لێ دەکەنەوە چییە؟ بۆ نموونە، داواکارییەکانی وەک ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی، داواکارییەک هەیە کە ئێستا ئێوە لە بەرنامەی خۆتاندا پەسەندی دەکەن یان داواکارییەکی واتان هەیە؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: ئێمە بەرنامەی پارتەکەمانمان بڵاوکردووەتەوە. رەنگە لەوێدا درێژ بێت، بەڵام ئەوانەی مەراقیان هەیە دەتوانن بیخوێننەوە. هەم بە تورکی، هەم کوردی، هەم عەرەبی، هەم ئینگلیزی بەرنامەکەمان لە ماڵپەڕی فەرمی ئێمەدا هەیە. لە سەرەتادا ئێمە دەڵێین کێ چی دەڵێت، بیری چییە، پێویستە بە ئازادی بتوانێت بیڵێت. چی دەوێت، واتە فیدراڵی دەوێت، ئۆتۆنۆمی دەوێت، شتێکی دیکە دەوێت، با بە شێوەیەکی ئازادانە بیڵێت و با کۆمەڵگە لەسەری گفتوگۆ بکات. ئێمە خۆمان ناڵێین "ئەم سیستمە ئەمەیە." سیستم هەرچییەک بێت، ئەگەر ئەو سیستمە باش بەڕێوە نەبرێت، رەنگە زوڵمی لێ بکەوێتەوە. بۆ نموونە سەردەمی حەزرەتی پێغەمبەر (سڵاوی خوای لێ بێت) و ئەو 4 خەلیفە راشیدی، کاتێک دوای ئەوان یەزید هات، نەیگوت "من ئەم سیستمە، ئەم پەیڕەوە دەگۆڕم"، بەڵام بە کردەوە گۆڕا، زوڵمێکی گەورە هاتە ئاراوە. سیستمێک کە ئیلاهیش بێت، کاتێک ئەو کەسەی کە ئەو سیستمە بەڕێوە دەبات، لەسەر ئەو هێڵە نەوەستێت، رەنگە زوڵمی لێ بکەوێتەوە. لەبەر ئەمە ئێمە دەڵێین ئەوەی گرنگە دادپەروەرییە. بە باوەڕی ئێمە، کورد دامەزرێنەری ئەم کۆمارەیە. واتە 100 ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئەم کۆمارە دامەزرا، کورد و تورک پێکەوە بوون. رۆڵی تورک چی بێت، هی کوردیش ئەوەیە. ئێمە دەڵێین کوردیش وەک برا تورکەکانیان خاوەنی ئەم وڵاتەن. ئەگەر ئەمە لە دەستووری بنەڕەتیدا ببینرێت و دانی پێدا بنرێت، رەنگە جیاوازی لەنێوان کورد و تورکدا نەمێنێت. واتە مافی تورک چی بێت، هی کوردیش ئەوەیە. بەڵێ، ئێمە دەڵێین زیاتر لە هەزار ساڵە کورد و تورک بران، پێویستە ئەم برایەتییە برایەتییەکی راستەقینە بێت، هەم لە گوتندا و هەم لە کرداردا. تەنانەت ئێمە ئەمەمان گوت و لە راپۆرتی فەرمی پەرلەمانیشدا ئەم وشەیەی ئێمە بە سووربوونی ئێمە جێی گرت. ئێمە دەڵێین، "پێویستە یاسای برایەتی دابمەزرێت." بینیمان کە ئەدەبیاتی برایەتی زۆر کرا، گۆرانی لەسەر برایەتی گوترا، هۆنراوە نووسران. ئێمە دەڵێین، "وەرن با یاساکەی راست بکەینەوە."
رووداو: پرسیارێکی کۆتاییت لێ بکەم. دیارە کە لەنێوان هودا پار و پەکەکەدا لەمێژە پەیوەندییەکان باش نین. لەم پرۆسەیەدا کە هەم لەگەڵ دەوڵەت دانوستاندن هەیە، هەم باسی ئەوە دەکرێت کە هەموو لایەنە کوردییەکان لەنێو خۆیاندا هاوئاهەنگییەک دروست بکەن، ئێوە داواکاری یان مەرجەکانی خۆتان بۆ ئەمە چۆن دەبینن؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ پەکەکەدا نەبووە. ئەوە رێکخراوێکی نایاساییە. ئێمە باسی رێکخراوی یاسایی دەکەین. لەگەڵ دەم پارتیدا پەیوەندییەکانمان نە زۆر باشن، نە زۆر بەهێزن. ئەمە شتێکی شاراوە نییە، دیارە. تەنانەت لە کۆمیسیۆندا پێکەوە کارمان کرد. بەڵام پێش ئەوەی ئەم یاسا 12 خاڵییە دەربچێت، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025، ئێمە یاسایەکمان وەک پێشنیاز ئامادە کردبوو. ئێمە ئەوەمان بەسەر پارتەکاندا دابەش کرد، دامانە دەم پارتی، ئاک پارتی، جەهەپە، مەهەپە و پارتەکانی دیکە. دوای ئەوەی رادەستمان کردن، دامانە سەرۆککۆماریش. نەمانویست راستەوخۆ پێشکەشی پەرلەمانی بکەین، گوتمان دەمانەوێت هەموو پارتەکان لەسەر ئەمە گفتوگۆ بکەن تاوەکو بتوانین دەقێکی هاوبەش ئامادە بکەین. زۆر پارت پێشنیازەکەی ئێمەیان بە ئەرێنی بینی، بەڵام دەم پارتی گوتی "هێشتا نەمانخوێندووەتەوە."
رووداو: واتە لەلایەن ئێوەوە نەرمی نواندن هەیە بەڵام لەلایەن ئەوانەوە هەنگاو نەنراوە؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: ئێمە دەڵێین، ئەو کەسەی کە دەیەوێت ئێمە نەمێنین، ئێمە دەمانەوێت ئەو بژی. ئەو کەسەی کە خراپەی ئێمەی دەوێت، ئێمە چاکەی ئەومان دەوێت. ئێمە دەڵێین سیاسەت کاری دیالۆگە. باوەڕی ئێمە وایە کە هەموو کەس وەک یەکن. ئێمە دەڵێین ئەگەر زیانێکیشمان پێ گەیشتبێت، دەڵێین خوا لێت خۆش بێت. ئێمە لایەنگری دوژمنایەتی نین، کارەکانی خۆمان بەردەوام دەکەین. ئەگەر ئەوان نەیانەوێت، ئەوەش هەڵبژاردنی خۆیانە.
رووداو: پرسیارێکی کۆتایی دەکەم. بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، رای ئێوە چییە؟ بە دڵی ئێوەیە کە ئازاد بکرێت؟
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: با راستی دڵی خۆم بڵێم. لە دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاشدا چی هەیە، ئێمە نەمانبینیوە. و لەمەودواش کاتمان بەس نییە کە سەیری دۆسیەکەی بکەین. من دەڵێم هیچ کەسێک لەبەر ناسنامەکەی، لەبەر بۆچوونە سیاسییەکانی، نابێت سزا بدرێت. ئەگەر دەمیرتاش تاوانێکی کردووە، با سزاکەی بکێشێت. ئەگەر نییەتی، با یەک کاتژمێریش لە زینداندا نەمێنێت.
رووداو: زۆر سوپاس. بەخێر بێیت، بەخێر بچیت، هەمیشە هەبیت، زۆر سوپاس.
زەکەريا ياپيجيئۆغڵو: ماڵتان ئاوەدان بێت، پەخشێکی باش بێت، بە بۆنەی خێر و خۆشییەوە ئینشائەڵڵا.
