رووداو دیجیتاڵ
تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی واشنتن و هەولێر بەرەو قۆناغێکی نوێی ئابووری و سەربازی هەنگاو دەنێن و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە.
سەبارەت بە پرسی بەرگری و بۆشایی ئەمنی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، تریفە عەزیز ئاماژەی بەوە کرد کەرتی تایبەتی ئەمریکا دەتوانێت لە ڕێگەی مەشق، ڕاوێژکاری و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وەک بەرگریی ئاسمانی، هاوکاریی دامەزراوە ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە بکات. جەختی لەوەش کردەوە پڕۆژەیاسای تایبەت بە پشتیوانیکردنی دارایی پێشمەرگە لە کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامە و هەردوو پارتەکە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لەبارەی دۆخی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتیشەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئاشکرای کرد ئەمریکا جەخت لەسەر پێکهێنانی خێرای حکومەتێکی یەکگرتوو دەکاتەوە، "چونکە ئەمە پێگەی کورد لە بەغدا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر دەکات و دەبێتە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بینەرانی خۆشەویستی رووداو، من نمە نەبەزم. لێرە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدام لەگەڵ خاتوو تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا. ئێوە لێرەن لە مێری. گوتتان کە یاوەریی شاندێکی زۆر گەورە و قەرەباڵخی ئەمریکیتان کردووە بۆ هەرێمی کوردستان. پێموایە لە سووریاش بوون. لە بەغدا بوون یان دەچنە...
تریفە عەزیز: نەخێر، ئێمە لە دیمەشق بووین. بەڵێ. دوای ئێرەش دەچینە سلێمانی.
رووداو: کەواتە ئەم شاندە بۆچی لێرەن؟
تریفە عەزیز: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم. خۆشحاڵم کە لێرەم. لە راستیدا ئێمە زۆر دڵخۆشین بە هێنانی شاندێکی زۆر گەورەی بازرگانیی ئەمریکی بۆ کوردستان. ئەمە بۆ یەکەمجارە شاندێکی هاوبەش دەبێت؛ ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان و هەروەها ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - سووریامان لەگەڵدایە. هەردوو شاندە بازرگانییەکە سەرەتا سەردانی سووریایان کرد کە منیش تێیدا بەشدار بووم، لە دیمەشق بۆ ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا و کۆمەڵگەی بازرگانی کۆبووینەوە. شەوی رابردووش گەیشتینە هەولێر و لێرە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و کۆمەڵگەی بازرگانی دەبێت، سبەی ئێوارەش دەچینە سلێمانی و لەوێ کۆتایی بە سەردانەکە دەهێنین. گرنگیی ئەم سەردانە تەنیا لەوەدا نییە کە شاندێکی هاوبەشە، بەڵکو ژمارەی بازرگان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان تێیدا زۆر زۆرە. شاندەکە لە زیاتر لە 25 ئەندام پێکهاتووە و نوێنەرایەتیی کەرتە جیاوازەکان دەکەن. بەڵام دوو گەورەترین کەرت بریتین لە کۆمپانیاکانی بەرگری و ئاسایش لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزە، نەوت و گاز، سەرباری بوونی کۆمپانیای دیکە لە بوارەکانی پیشەسازی، پەروەردە و گواستنەوەدا. بۆیە زۆر خۆشحاڵین کە دەیانهێنینە کوردستان. ئەمە هاوکات ئاماژە و پەیامێکی زۆر بەهێزە کە هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگ و ناوەندێکی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکامان هەیە.
رووداو: بەڵێ، وەها دیارە پلانی زۆر گەورەن. لایەنی بەرگری ئێستا زۆر جێگەی مشتومڕە.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: پلانی ئەم شاندە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان و لایەنە سیاسییەکان چییە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی بەرگرییەوە لەدوای کشانەوەی ئەمریکا؟
تریفە عەزیز: بەڵێ. ئەو کۆمپانیا بەرگرییانەی لێرەن نیەت و رۆڵیان هەیە لە پاراستنی کوردستان لە رێگەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئێستا بەهۆی رۆیشتنی سوپای ئەمریکا و هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دروستبووە. ئێستا ئەو بۆشاییە دەکرێت لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پڕبکرێتەوە. ئەم کۆمپانیا تایبەتانە دەتوانن بێن و لە چەندین بواری جیاوازدا هاوکارمان بن، وەک مەشق و راهێنان، راوێژکاری و تەنانەت پێشکێشکردنی هەندێک خزمەتگوزاری کە یارمەتیی دامەزراوە ئەمنییەکانمان و هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن بۆ ئەوەی کەرتی ئەمنیمان لێرە لە کوردستان زیاتر پێشبخەین و بەپیشەیی بکەین.
رووداو: یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکان لە هەرێمی کوردستان پرسی بەرگریی ئاسمانییە. ئایا ئەم کۆمپانیایانە هیچ پڕۆژەیەکیان پەیوەست بە بەرگریی ئاسمانی هەیە؟
تریفە عەزیز: بەڵێ، هەیانە. ئەوان لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پڕۆژەیان هەیە کە دەیانەوێت گفتوگۆی لەسەر بکەن و بیهێننە کوردستان، و بێگومان نیەتیان هەیە یارمەتیدەر بن لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکاندا. یەکێک لەوانە بەرگریی ئاسمانییە، بەڵام کەرتی دیکەش لەنێو دامەزراوەی ئەمنیدا هەن کە دەتوانن تێیدا هاوکارمان بن. هەر بەیانیی ئەمڕۆش کۆبوونەوەی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و تیمەکەی و هەروەها وەزیری ناوخۆ ئەنجامدا.
رووداو: بێگومان لایەنە بەرگرییەکەی زۆر گرنگە، بەڵام پێموایە شاندەکە بۆ بازرگانیی دیکەش لێرەن. بەڵام پێش ئەوەی پرسیار لەبارەی جۆرەکانی دیکەی بازرگانی بکەم، ئایا ئەم پڕۆژانەی کە ئەم شاندە دەیهێننە هەرێمی کوردستان تەنیا وەبەرهێنانی ئەمریکین لە هەرێمی کوردستان، یان پڕۆژەی هاوبەشن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لەگەڵ کۆمپانیا کوردییەکان یان حکومەتیش؟
تریفە عەزیز: تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. واتە کۆمپانیای تەواو ئەمریکیمان هەن کە دێن لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن؛ هەندێکیان دەیان ساڵە لێرە کار دەکەن و هەندێکیشیان نوێن و بەدوای دەرفەتی نوێدا دەگەڕێن بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی ئێرە. بەڵام ئەوان باسیان لە گرنگیی کار و هەماهەنگیی هاوبەش کردووە کە رەنگە حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش لە بەغدا بگرێتەوە، هەروەها دەیانەوێت ئەزموونی هەماهەنگییەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی کەنداو بهێننە ئێرە، تاوەکو ئەو ئەزموونانە ببنە مایەی سوود بۆ کوردستان.
رووداو: ئایا هیچ ژمارەیەکمان لەبارەی قەبارەی وەبەرهێنانەکان لەبەردەستە؟
تریفە عەزیز: نەخێر، هێشتا نا.
رووداو: کەی دەبینین جێبەجێ دەکرێن؟
تریفە عەزیز: هەندێکیان لە قۆناخی یەکترناسین و سەرەتاییدان، بۆیە پێویستە بەدواداچوون لەگەڵ زۆرێک لەم کۆمپانیایانەدا بکرێت. لە ئێستادا بۆ ئەوانەی کە نوێن و بەدوای هاوبەشیدا دەگەڕێن لێرە لە هەرێمی کوردستان، پێموایە لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا بەدواداچوونمان دەبێت. بەپێی پێداویستییەکان و ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانمان و حکومەتەکەمان بەدوایدا دەگەڕێن، هیوادارین بتوانین بەمزووانە پڕۆژەکان جێبەجێ بکەین.
رووداو: چۆن توانیتان ئەم دەستپێشخەرییە گەورەیە رێکبخەن؟ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی لایەنی بەرگری زۆر هەستیارە و خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر نیگەرانن.
تریفە عەزیز: بەڵێ، بێگومان.
رووداو: ئێستا کە هێزەکانی حکومەت دەکشێنەوە، ئێوە دەڵێن کەرتی تایبەت شوێنی ئەم لایەنە دەگرێتەوە.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: کەواتە ئەمە چۆن سەریهەڵدا؟
تریفە عەزیز: بەڵێ. سەرەتا ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان دەیان ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، بۆیە ئەوان بۆ کوردستان نوێ نین. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بەڕێز دەیڤد تەفووری، دۆستێکی ئازیز و دێرینی کوردە. ئێمەش لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن پەیوەندییەکی زۆر بەهێز و درێژخایەنمان لەگەڵ ئەنجوومەنی بازرگانیدا هەبووە. بۆیە هەموو ساڵێک شاندی کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەمریکا دەهێنینە کوردستان. ئەوەی ئەمساڵ نوێیە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - سووریا، کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان هەیە، پێیان وابوو بەسوود دەبێت ئەمساڵ شاندێکی هاوبەشمان هەبێت و سەردانەکە لەنێوان سووریا و کوردستاندا دابەش بکەین، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە پەیوەندیی نێوان سووریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فراوانبوون و بەهێزبووندایە، هەروەها خواستی بازرگانیی سنووربەزێن لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە کار دەکەن، چ لێرە لە کوردستان بن یان لە سووریا، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی ئابووریی زیاتریان هەبێت.
رووداو: ئەو پڕۆژانەی کە ئەم شاندە لە سووریا کاریان لەسەر دەکات، ئایا لە سەرتاسەری سووریا کاری لەسەر دەکەن یان تەنیا تایبەتن بە رۆژئاوا؟
تریفە عەزیز: نەخێر، بۆ هەموو سووریا دەبێت بەگشتی. زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرگری تاوتوێی پێداویستییەکانی پاراستن و ئاسایشی حکومەتی نوێی سووریا دەکەن، کەواتە ئەوە تەواوی وڵاتەکە دەگرێتەوە. ئەو کۆمپانیایانەی وزەش کە لێرەن، بێگومان زۆربەیان پێشتر لە کوردستان کار دەکەن و دەیانەوێت کارەکانیان بۆ نێو سووریا فراوان بکەن. زۆرێک لەو کێڵگە و دەرفەتانە لە رۆژئاوان، بۆیە رەنگە سەرنجی زیاتر لەسەر ئەوێ بێت، بەڵام شاندەکە بەگشتی تەماشای هەموو سووریای دەکرد.
رووداو: خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تایبەتیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: لە رووی مێژووییەوە.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: ئێستاش کاتێک هێزەکانی ئەمریکا رۆیشتوون، با بڵێین هەست بە جۆرێک لە بەجێهێشتن دەکەن. ئێوە نوێنەری ئێمەن لە ئەمریکا؛ چۆن دڵنیایی دەدەنە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ئەمریکا هێشتا هاوبەشێکی بەهێزە بۆ هەرێمەکە؟
تریفە عەزیز: دەتوانم لە سەدا سەد دڵنیاتان بکەمەوە کە کشانەوەی هێز و کارمەندانی ئەمریکا لە کوردستان بە واتای لاوازبوونی پەیوەندییەکانمان نایەت. لە راستیدا، دەبێت ئەمە وەک گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکاندا سەیر بکرێت، بە جۆرێک کە ئێمە لە دەرەوەی تەنیا هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی لێی دەڕوانین. ئێمە بەرەو پەیوەندییەکی نوێ و سەردەمێکی نوێ هەنگاو دەنێین، کە تێیدا ئێستا سەرباری پاراستن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، چاومان لە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانە. بەرکەوتنی رۆژانەی منیش لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە ئیدارەکەدا، لەگەڵ تیمەکەی دەوروبەری سەرۆک ترەمپ و ئەوانی دیکەش، دەریدەخات کە کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژی و بەهێزی ئەمریکا دەمێنێتەوە.
رووداو: سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی ئەمریکا لەم بارەیەوە چییە؟
تریفە عەزیز: بە روونی ئەمریکا دەخوازێت هەرێمی کوردستان بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنێت. ئەوان پێیان وایە کوردستانێکی یەکگرتوو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی کورد دەکات، و وا دەکات پێگەمان بەهێزتر بێت چ لە بەغدا و چ لە پایتەختە نێودەوڵەتییەکانی جیهاندا، بەتایبەتیش لە واشنتن. بۆیە وەک دۆستی ئێمە، هانیان داوین حکومەت پێکبهێنین و هەندێک لەو کێشە نێوخۆییانەی هەمانە تێپەڕێنین، و هیوادارین لەسەر رێگە بین بۆ ئەوەی بەمزووانە ئەو کارە بکەین.
رووداو: ئەی سەبارەت بە پێشمەرگە؟ ئەو پشتیوانییە بەردەوامانە چین کە ئەمریکا هێشتا پێشکێشی پێشمەرگەی دەکات؟
تریفە عەزیز: بێگومان هێشتا هەست و هەڵوێست و سیاسەتی زۆر ئەرێنی بەرامبەر پێشمەرگە هەن. ئەگەر تەنیا باس لە یەک بابەت بکەم کە بە درێژایی ساڵ زۆر لە نزیکەوە کاری لەسەر دەکەین، ئەویش پڕۆژەیاسایەکە لە کۆنگرێس کە پشتیوانی لە پێشمەرگە دەکات. ئەمساڵ لە رەشنووسی یاساکەی ئەنجوومەنی پیراندا دەقێکمان جێگیر کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی دارایی بۆ پێشمەرگە لە ساڵی دارایی داهاتووشدا، کە دەکاتە 2027-2028، بەردەوام بێت. هەروەها هێشتا لە کۆنگرێسی ئەمریکادا پشتیوانییەکی زۆر بەهێزی هەردوو پارتەکەمان (کۆماری و دیموکرات) هەیە نەک تەنیا بۆ پێشمەرگە، بەڵکو بۆ کوردستانیش. بەردەوامیش دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو پشتیوانییە بە تێپەڕبوونی کات بەردەوام دەبێت و بەهێزتر دەبێت.
رووداو: ئەی سەبارەت بەو گرژی و ناکۆکییە بەردەوامانەی نێوان هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان؟ دیدگای واشنتن لەسەر ئەمە چییە و چۆن راوێژ دەدەن، یان پەیامیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش چییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە؟
تریفە عەزیز: ئەمریکا هەروەها دەخوازێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە دڵنیام ئەوانیش هەمان پەیامیان پێدەگات، پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشە لەمێژینانە. وەک پێموایە بینەرەکانتان بینیویانە، سەرۆک ترەمپ زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، جەنابی زەیدی کرد، و دەیانەوێت عێراق سەرکەوتوو بێت، بەوەی پشتیوانی و پاڵپشتیی کوردستان و سەرکردە کوردەکانیشی لەگەڵدا بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی. ئەمە بۆ هەموومان براوە - براوەیە؛ سەرکەوتنە بۆ ئەمریکا، سەرکەوتنە بۆ عێراق و سەرکەوتنە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش. بۆیە ئەوان خواستی خۆیان دەربڕیوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان و پاڵپشت بێت و هێزێکی ئەرێنی بێت لە بەغدا، ئێمەش وا دەکەین. ئەوان هەروەها پشت بە ئێمە دەبەستن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پێکەوە کار دەکەین لەسەر ئەو پرسانەی دەیان ساڵە بەردەوامن. ئەمەش بواری ئەمنی دەگرێتەوە؛ ئێستا کە هاوپەیمانان کشاونەتەوە، دەیانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی کە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە هەماهەنگییەکی نزیک پێکەوە کار دەکەن، و هەر رێککەوتنێکی ئەمنیی دووقۆڵیی داهاتوو لەنێوان عێراق و ئەمریکادا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
رووداو: سەرباری وەبەرهێنانە ئەمنییەکان و پەیوەندییە ئەمنی و بەرگرییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، ئاماژەتان بەوەش کرد کە ئەم شاندەی ئێستا لێرەیە کار لەسەر بابەتی دیکەش دەکەن. چ جۆرە پڕۆژەیەکی دیکە لەبەرچاو دەگرن و تاوتوێی دەکەن؟
تریفە عەزیز: لەنێو شاندەکەدا کەسانێکمان هەن کە لە پیشەسازی و بوارە جیاوازەکانی وەک گواستنەوە، بارهەڵگر و کۆگاکاندا کار دەکەن. هەندێکیان لە بواری بیناسازی و خانووبەرەدان و هەندێکیشیان لە کەرتی پەروەردەدا کار دەکەن. بۆیە ئەوان تەماشا دەکەن تاوەکو بزانن چۆن دەتوانن لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکان یان بە رەزامەندیی حکومەت ببنە هاوبەش بۆ کارکردن لەسەر چەند پڕۆژەیەک بە مەبەستی پێشخستنی ئەو کەرتانە. زۆرێک لەم کۆمپانیایانە یان پێشتر ئەزموونیان لە کوردستان هەبووە یان بۆ یەکەمجارە دێن. بۆیە ئەو تێڕوانینەی تاوەکو ئێستا هەیانە، هەرچەندە شەوی رابردوو گەیشتوون، زۆر ئەرێنییە و زۆر پڕ وزەن. بێگومان ئەمە نیشانەیەکی باشە کە ئەمریکا لە رێگەی کۆمپانیاکانیەوە هێشتا زۆر گرنگی بە کوردستان دەدات.
رووداو: بۆ نموونە، رەنگە هەندێک لە خاوەنکارە نێوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان سەیری ئەم هەڤپەیڤینە بکەن و بپرسن چۆن دەتوانن ببنە هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکیدا؛ چۆن پەیوەندیتان پێوە بکەن و چۆن بەشدار بن؟
تریفە عەزیز: ئێمە خۆشحاڵ دەبین بە هاوبەشیکردنی زانیارییەکانی پەیوەندیکردنمان. نووسینگەکەمان هەمیشە کراوەیە بەڕووی هەر کۆمپانیایەک و هەر لایەنێکدا لە هەرێمی کوردستان. ئێمە دەتوانین ببینە پردێک بۆ بەستنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە کۆمپانیا نێوخۆییەکانەوە. دەبێت ئەوەش بڵێم کە زۆر لە کۆمپانیا نێوخۆییە کوردییەکان سەردانی ئەمریکا دەکەن و دێن سەردانی ئێمە دەکەن، و ئێمە ئەو پردەین بۆ بەیەکگەیاندنیان. هەروەها ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان (USKBC) سەرچاوەیەکی دیکەی باشە بۆ بەستنەوەی بازرگانییە ئەمریکییەکان بە کۆمپانیا کوردییەکانی ئێرەوە.
رووداو: نووسینگەکەتان چۆن کار دەکات، بۆ نموونە رەنگە گەنجێکی زۆر لێرە لە هەرێمی کوردستان هەبن کە ئارەزووی خوێندن لە ئەمریکا بکەن، چونکە ئەمریکا بۆ هەندێک لە گەنجەکانمان خەونە کە لەوێ بن، سەردانی بکەن یان لەوێ بخوێنن؛ چ جۆرە هەماهەنگی یان پشتیوانییەک پێشکێشی ئەم گەنجانە دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەنە ئەمریکا، فێربن و پاشان خزمەتگوزارییەکانیان پێشکێشی هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟
تریفە عەزیز: ئەمە بوارێکە کە نووسینگەکەمان زۆر لە نزیکەوە کاری لەسەر دەکات. ئێمە پێشتر هاوبەشیمان لەگەڵ دامەزراوە پەروەردەییەکانی ئەمریکادا هەیە، کە تێیدا بەرنامەی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لەگەڵ زانکۆ یان قوتابخانە کوردییەکان ئەنجام دەدەن و دێنە ئەمریکا بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بخوێنن. من وەک خۆم زۆر پشتیوانی لە گەنجانی کورد دەکەم و دەمەوێت دەرفەتێکیان پێبدەم، هەروەک چۆن بۆ من رەخسا، تاوەکو خوێندن یان ئەزموونی کاریان پێشبخەن. لە میانی هەندێک لەم بەرنامانەی ئاڵوگۆڕی قوتابییاندا، میوانداریی قوتابییانی کوردمان کردووە بۆ ئەنجامدانی راهێنانی پیشەیی (ئینتێرنشیپ) لە نووسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها یارمەتیمان داون بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی راهێنان لە دامەزراوە ئەمریکییەکاندا. بۆیە ئەمە بۆ ئێمە کارێکی لەپێشینەیە و دەمانەوێت بەردەوام بین لە فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ قوتابییانی کورد یان قوتابییان لە کوردستان تاوەکو بێن و بخوێنن. بێگومان هەندێک بەربەستی یاسایی و رێوشوێنی کارگێڕی هەن کە پێویستە تێیپەڕێنن، بەڵام هەر کە دەگەنە ئەوێ، نووسینگەکەمان هەمیشە کراوەیە بۆ یارمەتیدانی ئەم قوتابییانە تاوەکو لەگەڵ بەرنامەی خوێندن یان کارەکەیان رابێن.
رووداو: باشە. هەرێمی کوردستان تا رادەیەک بە هەندێک گرژیی وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەیەکی زۆر هەستیاردا دەورە دراوە. ئەمریکا تا چەند هێشتا هەرێمی کوردستان لە رووی دیپلۆماسییەوە بە هاوپەیمانێکی بەهێز دەزانێت و هەروەک چۆن باسمان کرد، وەک ناوەندێکی بازرگانی لێی دەڕوانێت؟ ئەمە تا چ ئاستێکە؟
تریفە عەزیز: پێموایە بەشێکی گەورەی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئەمریکا هەمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەڵکەوتەی جوگرافیی ستراتیژیمان و مێژوو و هاوبەشی و هاوپەیمانیی درێژخایەنمان لەگەڵ ئەمریکا، وا دەکات ببینە هەرێمێکی نموونەیی بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆمان چ لە رووی دیپلۆماسی و چ لە رووی ئابوورییەوە، تاوەکو ببینە هاوبەش لەگەڵ ناوچەکەمان و دراوسێکانمان. ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین هێزێکی هەوڵە ئەرێنی و ئاشتییانەکان بین. لە هەر کوێیەکیش بتوانین یارمەتیدەر بین، دەبین و بووین، هەروەک چۆن ئەمساڵ بینیتان، چ لە سووریا بێت یان لە تورکیا، تەنانەت دەتوانم بڵێم لە ئێرانیش. بەڵام پێموایە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر روون بوون لەوەی کە نامانەوێت ببینە هێزێکی ململانێ یان خۆمان بخەینە نێو ململانێی خەڵکی دیکەوە، و لێرە دەمانەوێت دراوسێیەکی باش بین بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێمان و بەدوای بازرگانیدا دەگەڕێین نەک ململانێ، ئەگەر بتوانم گوتەیەکی سەرۆک ترەمپ لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا بهێنمەوە؛ ئەمەش شتێکە کە حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت، ئەویش بردنی ناوچەکە و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بەرەو پەیوەندیی ئابووریی باشتر و دوورخستنەوەیەتی لە ململانێ.
رووداو: باشە. دوایین پرسیارم تا رادەیەک کەسییە.
تریفە عەزیز: بێگومان.
رووداو: ئێوە ژنن.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: کوردن.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: لە سیاسەتدان.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: و کارێکی زۆر هەستیار و زۆر گەورەشتان هەیە.
تریفە عەزیز: بەڵێ.
رووداو: پەیامتان چییە بۆ کچانی گەنج لە هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن، کار بەدەستبهێنن و پلە و پۆستی باڵا وەربگرن؛ بێگومان نەک تەنیا بۆ ناونیشانەکە، بەڵکو خەونی گەورەیان هەیە و دەیانەوێت لە ژیاندا سەرکەوتوو بن؟ پەیامتان بۆ ئەوان چییە؟
تریفە عەزیز: پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە خەونی گەورە ببینن و هەوڵی گەورە بدەن؛ کاری جیدی بکەن. بەڵام ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێی بەختەوەرین ئەوەیە کە دەرفەت بۆ ژنان هەیە و سەرکردایەتییەکەمان پابەندە بە پێشخستنی ماف و پێگەی ژنان. من وەک کوردێکی ئەمریکی زۆر شانازی دەکەم کە دەچمە لای ئەمریکییەکان و باس لە بەرەوپێشچوونی ماف و رۆڵی ژنان دەکەم، چ ئەوانەی لە سیاسەتدان و لە پۆستە باڵاکاندا خزمەت دەکەن، چ ئەوانەی پێشەنگکار و ژنانی خاوەنکارن، یان تەنانەت ئەو دایکانەی کە نەوەی داهاتوو پەروەردە دەکەن. ئەمە دەستکەوتێکی زۆر جێگەی شانازییە. بە نەوەی نوێش دەڵێم: ئێوە هەموو توانا و دەستڕاگەیشتن و دەرفەتێکتان لەبەردەستدایە؛ هەموو ئەوەی پێویستە بیکەن ئەوەیە کە خەونی گەورە ببینن و بەدەستی بهێنن.
رووداو: خاتوو تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، زۆر سوپاس بۆ کاتەکەتان.
تریفە عەزیز: خۆشحاڵ بووم. سوپاس.

