رووداو دیجیتاڵ
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ زامیت بۆردا، لە کۆمیسیۆنی دەرخستنی راستییەکان بۆ ئێزدییەکان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی کۆمیسیۆنەکەیان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا دوای 12 ساڵ لە بێدەنگی هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ قەرەبووکردنەوە و بەدادگەییگەیاندنی تاوانباران و جەختیشی کردەوە کە پێویستە دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لە "تاوانی تیرۆر"ـەوە بۆ "تاوانی جینۆساید" بگۆڕدرێت.
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ کە مامۆستای یاسایە لە زانکۆی سیتی سانت جۆرجزی لەندەن، روونیکردەوە کە ئەم کۆمیسیۆنە پڕۆژەیەکی ئەکادیمیی نێودەوڵەتییە و لەلایەن سندووقی توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەریتانیاوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، هەریەک لە زانکۆی سیتی، زانکۆی مانچستەر و پەیمانگەی توێژینەوەی گیگا لە ئەڵمانیا تێیدا بەشدارن.
سەبارەت بە بەهای یاسایی شایەتییەکانیش گوتی، "رزگاربووانی جینۆساید پسپۆڕی راستەقینەن، چونکە ئەوان بە کردەیی لەنێو رووداوەکاندا ژیاون و پێموایە گوتەی ئەوان کێش و بەهای زۆر لە قسەی پارێزەران و یاساناسان زیاترە؛ بۆیە گوێگرتن لێیان ئێجگار گرنگە."
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمیسیۆنەکە شایەتیی نزیکەی 30 رزگاربووی هەڵبژاردووە بە جۆرێک کە گوزارشت لە شێوازە جیاوازەکانی تاوان، تەمەن و رەگەزی جیاواز بکەن تاوەکو کوالێتی و وردیی بەڵگەکان لە ئاستێکی باڵادا بن.
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ باسی لە رێکارەکانی پاراستنی دەروونیی قوربانییان کرد و ئاشکرای کرد کە تیمێکی تایبەت لە پێنج راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی بەردەوام لەگەڵ شایەتحاڵاندا کار دەکەن بۆ ئەوەی دوای پێشکێشکردنی شایەتییەکانیان تووشی زەبری دەروونی (تراوما) نەبن.
جیاوازیی نێوان تاوانی تیرۆر و جینۆساید
ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی راستیدۆزی رەخنەی لە شێوازی دادگاییکردنی ئەندامانی داعش گرت و گوتی، "لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا کارێکی ئەوتۆ بۆ قوربانییان نەکراوە. هەزاران چەکداری داعش دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە، کەچی ئەو کەسانەی لەسەر تاوانی جینۆساید دادگایی کراون بە پەنجەکانی یەک دەست دەژمێردرێن."
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ جەختی لەسەر جیاوازیی نێوان تیرۆر و جینۆساید کردەوە و روونیکردەوە: "دادگاییکردنەکان لەسەر بنەمای تیرۆر بوون، بەڵام تیرۆر تاوانێکە کاریگەری لەسەر دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی دادەنێت. ئێزدییەکان لەبەر ئەوە نەکرانە ئامانج کە هەڕەشە بووبن بۆ سەر دەوڵەت، بەڵکو لەبەر ئەوە کرانە ئامانج چونکە ئایدۆلۆژیای داعش وەک بێباوەڕ سەیری دەکردن و دەیویست بیانسڕێتەوە؛ بۆیە دەبێت دادپەروەری دان بەو تاوانی سڕینەوە و جینۆسایدەدا بنێت."
وادەی دەرچوونی راپۆرتی کۆتایی
سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی کارەکانیان، پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ زامیت بۆردا بە رووداوی راگەیاند، کۆمیسیارەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی شایەتییەکان دەبن و چاوەڕوان دەکرێت راپۆرتی فەرمیی کۆمیسیۆنەکە لە چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: پڕۆفیسۆر، بەخێربێیت و زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت. با لە کۆمسیۆنەکەوە دەستپێبکەین؛ کۆمەڵێک دامەزراوە و لایەن لەم کۆمسیۆنەدا کۆبوونەتەوە، ئەم دامەزراوە و کەسانە کێن؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: سوپاس. گرنگە ئەوە روونبکەینەوە کە ئەمە پڕۆژەیەکی توێژینەوەی ئەکادیمییە کە لەلایەن سندووقی توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەریتانیاوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت؛ لەم رووەوە، جیاوازە لە دەستپێشخەرییەکانی دیکە کە رەنگە لەلایەن دەوڵەتانەوە پاڵپشتی کرابن. ئەمە پڕۆژەیەکی ئەکادیمییە و لەلایەن دەزگایەکی دارایی ئەکادیمییەوە پارەدار کراوە. سێ دامەزراوەی ئەکادیمیی سەرەکی تێیدا بەشدارن: زانکۆکەی من کە زانکۆی سیتی سانت جۆرجزی لەندەنە، زانکۆی مانچستەر و پەیمانگەی توێژینەوەی گیگا لێرە لە ئەڵمانیا.
رووداو: پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ، شایەتیی رزگاربووان دەتوانێت چ کێش و بەهایەکی یاسایی هەبێت؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: من پێمخۆشە بڵێم کە رزگاربووانی جینۆساید یان ململانێکان، پسپۆڕی راستەقینەن؛ چونکە ئەوان ئەو کەسانەن کە لە نزیکەوە و بە کردەیی ئەزموونیان کردووە و پێموایە گوتەی ئەوان کێش و بەهای زیاترە لە قسەی پارێزەرانی وەک من یان هەر کەسێکی دیکە. بۆیە پێموایە گوێگرتن لە قوربانییان و رزگاربووان لە ئێجگار گرنگە، چونکە ئەوان بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەنێو ئەو ئەزموونەدا ژیاون.
رووداو: کۆمسیۆنەکە چۆن شایەتحاڵەکان لە دووبارە تووشبوونەوە بە زەبری دەروونی (تراوما) دەپارێزێت؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، ئەمە بابەتێکی لەبەرچاوگیراوی زۆر گرنگە؛ چونکە بێگومان دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی گوتەی قوربانییان و شایەتحاڵان بخرێتەڕوو بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێبگات. ئێمە پرۆسەیەکی زۆر ورد و تووندمان پەیڕەو کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی شایەتحاڵان هەر لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی. تیمێکمان هەیە لە پێنج راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی کە بەردەوام لەگەڵ قوربانییان و رزگاربووان کۆدەبنەوە؛ هەم پێش ئەوەی بە پڕۆژەکە ئاشنا بکرێن، هەم لە کاتی پڕۆژەکەدا و هەم ئێستاش کە لە کۆمسیۆنی دەرخستنی راستییەکاندا شایەتی دەدەن.
بەڵام دەمەوێت شتێکی گرنگ بڵێم: کەسانی جیاواز بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ زەبری دەروونی دەکەن؛ هەندێک لەو رزگاربووە شایەتحاڵانەی کە پەیوەندیمان پێوەکردن، بڕیاریاندا نەیانەوێت بە ئاشکرا لەبەردەم خەڵکدا باسی ئەو زەبرە دەروونییە بکەن، ئەمەش بە تەواوی ئاساییە. ئەو کەسە ئازایانەی کە ئەمڕۆ هاتوونەتە کۆمسیۆنی دەرخستنی راستییەکان، بڕیاریانداوە کە دەیانەوێت چیرۆکەکانیان بە جیهان بگات و بناسرێت، ئێمەش بێگومان لەم پرۆسەیەدا پاڵپشتیمان کردوون.
رووداو: ئامانجی کۆتایی کۆمسیۆنەکە چییە؟ بەفەرمی ناساندن، تۆمارێکی مێژوویی، قەرەبووکردنەوە، یاخود پاڵپشتیکردنە لە دادگاییکردنەکانی داهاتوو؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: دووبارە سوپاس، پرسیارێکی زۆر گرنگە؛ چونکە بێگومان هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە گەلی ئێزدی لەسەر دەستی داعش تووشی جینۆساید بوون، ئەمەش شتێکە کە عێراق، زۆر لە وڵاتانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی دیکەش دانیان پێداناوە. سەرەڕای ئەوەش، وەک دەزانین لە ماوەی 12 ساڵی دوای ئەو جینۆسایدەدا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە؛ هەندێک دادگاییکردنمان لە ئەڵمانیا و شوێنەکانی دیکە هەبووە، بەڵام زۆر کەم کراوە. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتان وشەی 'جینۆساید' بە جیددی وەربگرن و ئەرکەکانی خۆیان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی جینۆسایددا بە جیددی جێبەجێ بکەن، هەروەها دڵنیاببنەوە نەک تەنیا لە سزادانی بکەرانی ئەم جینۆسایدە، بەڵکو بە هەمان گرنگییەوە، رێگری لە جینۆسایدی داهاتوو، دڕندەیی و تاوانەکانی داهاتوو بکەن کە دەکرێنە سەر ئەم کەمینە ئایینییە بچووک و بێپەنایە.
رووداو: چاوەڕوان دەکەن کام لە دامەزراوەکان، حکومەت، نەتەوە یەکگرتووەکان، یان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، راپۆرتی کۆمسیۆنەکە وەربگرن؟ دەتانەوێت چی پێبکەن؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: جینۆساید کێشەیەکی هێندە گەورەیە کە تەنیا بە یەک دامەزراوە چارەسەر ناکرێت؛ پێویستی بە کاری هاوئاهەنگیکراوی ژمارەیەک لایەن هەیە، چ دەوڵەتان و چ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت رێکخراوە هەرێمییەکانی وەک یەکێتیی ئەورووپا، دانپێدانانی جینۆسایدێک کە دژ بە ئێزدییەکان روویداوە بە جیددی وەربگرن و بە وردی گوێ لە گوتەکانی قوربانییان و رزگاربووان بگرن لەم کۆمسیۆنەی دەرخستنی راستییەکاندا و بڵێن کە هەنگاوێک لەم بارەیەوە دەنێن.
ئەوەی دەیکەن دەکرێت شێوازی جیاوازی هەبێت: دەکرێت بە شێوەی قەرەبووکردنەوە بێت؛ پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوە هەیە وەک ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا گوێمان لێبوو، دووبارەبنیاتنانەوەی پێکهاتەکە. بێگومان پێویستییەکی زۆر زۆریش بە دادپەروەری هەیە، چونکە دەزانین هەزاران چەکداری داعش دەستیان لەم جینۆسایدەدا هەبووە. کەچی ئەگەر ئەمڕۆ سەیری ئەو کەسانە بکەیت کە لەسەر تاوانی جینۆساید دادگایی کراون، دەتوانیت بە پەنجەکانی یەک دەست بییانژمێریت. بێگومان دادگاییکردنمان لەسەر تاوانی تیرۆر هەبووە، بەڵام تیرۆر بە تەواوی تاوانێکی جیاوازە؛ تیرۆر تاوانێکە کە کاریگەری لەسەر دەوڵەت و ئاسایشی دەوڵەت دادەنێت، لە کاتێکدا ئەوەی ئێزدییەکان دەیانەوێت شتێکی زۆر روونە: ئێزدییەکان نەکراونەتە ئامانج لەبەر ئەوەی هەڕەشە بووبن بۆ سەر دەوڵەت، بەڵکو لەبەر ئەوە کراونەتە ئامانج چونکە ئایدۆلۆژیاکە وەک بێباوەڕ سەیری دەکردن، وەک ئەوەی دەیانگوت 'شەیتانپەرستن'، ئەو ئایدۆلۆژیایە دەیویست لەناویان بەرێت و بیانسڕێتەوە. ئێمەش دەمانەوێت دادپەروەری دان بەو ئایدۆلۆژیا وێرانکەر و سڕینەوەیەدا بنێت؛ جینۆساید بریتییە لەوە.
رووداو: پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ، لەسەر بنەمای ئەم سێ رۆژە، چەند شایەتحاڵیتان دەبێت؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: من پێمخۆشە بڵێم کە ئەمە زیاتر پەیوەندی بە کواڵیتییەوە هەیە نەک بڕ و ژمارە؛ ژمارەی شایەتییەکان کەمە، بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە وەک گوتم ئەمە پڕۆژەیەکی ئەکادیمییە و ئێمە ئەو بودجە و پارەیەمان نییە کە دەوڵەتان هەیانە بۆ دروستکردنی کۆمسیۆنێکی گەورەی دەرخستنی راستییەکان. بۆیە ژمارەکە لە دەوروبەری 30 شایەتیدا دەبێت. کەواتە ئاستەکەی بچووکە، بەڵام ئێمە شایەتییەکانمان بە شێوەیەک هەڵبژاردووە کە گوزارشت لە شێوازە جیاوازەکانی تاوان، ئەزموونە جیاوازەکان رەگەزە جیاوازەکان و تەمەنە جیاوازەکان بکەن؛ ئەمەش بە لایەنی کەمەوە وێنەیەک لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم جینۆسایدە لە روانگەی جیاوازەوە دەخاتەڕوو. کەواتە کواڵیتی نەک چەندایەتی؛ بەڵام هیوادارم بینەرانی ئێوە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردەوام بن لە بینینی ئەم کۆمسیۆنەی دەرخستنی راستییەکان.
رووداو: ئایا هەموو ئەو زانیارییانەی لە شایەتییەکاندا هاتوون لە راپۆرتەکەتاندا بڵاودەکەنەوە؟ چونکە لەوانەیە هەندێک زانیاریی هەستیار هەبن کە رەنگە لە ئێستادا لە رووی سیاسییەوە بۆ رای گشتی گونجاو نەبن؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە؛ بێگومان وەک کۆمسیۆنێکی دەرخستنی راستییەکان، شەفافییەت و کراوەیی بەهایەکی زۆر گرنگە. کۆمسیۆنی دەرخستنی راستییەکان راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە، راپۆرتێک کە لەلایەن ئەو کۆمسیارانەوە دەنووسرێت و دادەڕێژرێت کە ئەمڕۆ بینیتان و ئەوەیە کە بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە. بێگومان راپۆرتەکە زۆرێک لەو گوتانە لەخۆدەگرێت کە شایەتحاڵان داویانە، بەڵام دەقی تەواوی گوتەکان وەک خۆی بڵاوناکەینەوە، بەڵکو ئەو راپۆرتە بڵاودەکەینەوە کە کۆمسیاران دوای لێکدانەوەی هەموو شایەتییەکان و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کام بەشە پێویستە بخرێتە نێو راپۆرتەکەوە، ئامادەی دەکەن.
رووداو: دوایین پرسیار، پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: راپۆرتەکە کەی بڵاودەکرێتەوە؟
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: هیوادارین بەمزووانە ئەم راپۆرتە بڵاوبکەینەوە؛ مەبەستمان لە چارەکی دووەمی ساڵی داهاتووە، بۆیە هیوادارین بە زووترین کات راپۆرتەکە دەربچێت، چونکە با رووبەڕووی راستییەکان ببینەوە: هەموو کەس دەزانێت چی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، ئێمە یەکەمین کۆمسیۆنی دەرخستنی راستییەکان نین کە ئاشکرای بکەین ئەوان دووچاری جینۆساید بوونەتەوە. ئامانجی ئەم کۆمسیۆنە و ئامانجی ئەم راپۆرتە ئەوە نییە شتێکمان پێبڵێت کە پێشتر دەیزانین، بەڵکو ئامانجی ئەم راپۆرتە رازیکردنی حکومەتە جیاوازەکان و دامەزراوە جیاوازەکانە بۆ ئەوەی ئێستا هەنگاو بنێن، لەو شوێنانەی کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
پڕۆفیسۆر ئاڵدۆ: سوپاس، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە، سوپاس.
