رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعرووف، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رووداو جەختی کردەوە کە پێکهاتەکان دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان ناوێت و دەڵێت: "یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمانمان هەیە."
ئایدن مەعرووف، کە خۆی لە نەتەوەی تورکمانە، رایگەیاند ئەو پێکهاتەکانی هەرێم بە ناوی هەموویانەوە ناڕازین بەوەی باسی دووئیدارەیی بکرێت و ئامادە نین هیچ دەستکەوتێک لە چوارچێوەی دووئیدارەییدا وەربگرن.
لەبارەی کورسییەکانی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، وەزیرەکەی حکومەت دەڵێ 5 کورسی کەمە و شێوازی دابەشکردنیشی هەڵە بووە، و هەوڵ دەدەن ژمارەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ 11 کورسی، لەگەڵ 4 کورسی بۆ پێکهاتە ئایینییەکان. دەربارەی ئاڵنگارییەکانیشی ئاماژەی بە کۆنیی قوتابخانە تورکمانییەکان لە هەولێر و ئاڵۆزیی دۆخی پێکهاتەکان لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا کرد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئەم کاتەتان باش بەڕێزان. سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە باشووری کوردستان و دروستتر بڵێین لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا بەڕاستی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بەشداریی راستەقینەیان لە حوکمڕانیدا هەیە؟ بە پشکی خۆیان رازین؟ ئەوەی هەیە نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتەکان دەکات؟ ئایا لەلایەن کوردەوە بەکارهێندراون، یان ئەوەی لە هاوبەشیدا بەدەستی دەهێنن بە دەنگی خۆیانە؟ چ ئاڵنگارییەک لە بەردەم ئەم پێکهاتانەدا هەیە؟ بەتایبەتیش کە ئێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزیرێکیان هەیە، بەتایبەتی لەم کابینەیەدا، وەزیری هەرێمە بۆ کاروباری پێکهاتەکان. ئەم وەزیرە چی خستووەتە سەر ئەوەی کە پێکهاتەکان داواکارییان بووە؟ چی زیاد کردووە و چۆن وەڵامی داواکاریی پێکهاتەکانی داوەتەوە؟ جگە لەوەی زۆرجار دەگوترێت ئەمانە وەک پارسەنگ وان و بۆ لایەنێک دەبنە پارسەنگ. هەندێک جار دەگوترێت یەکلاییکەرەوەی دۆخەکەن، واتە لە دوو روانگەوە گرنگی بە پێکهاتەکان دەدرێت؛ روانگەیەکیان ئەوەیە کە لە دەنگداندا یەکلاییکەرەوەن و گرنگتر لەمەش ئەوەیە کە جۆرێک لە هەمەڕەنگی لە کوردستاندا نیشان دەدەن. ئەم هەمەڕەنگییە چ قازانجێک بە پێکهاتەکان خۆیان و بە کوردستانیش دەگەیەنێت و ئایا ئەوان خۆیان بە کوردستانی دەزانن یان خەیاڵێکی دیکەیان هەیە؟ ئەمڕۆ دەمەوێت لەگەڵ بەڕێز ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گفتوگۆ بکەم. بەتایبەتیش لە دوایین قسەیەوە دەست پێبکەم کە بۆ رووداوی کرد لەبارەی یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکومەتەوە. سوپاسی دەکەم کە ئەمڕۆ ئەزیەتی کێشاوە. کاک ئایدن، زۆر سوپاس. با یەکسەر لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کە بۆ رووداو قسەت کرد و بۆ من جێگەی پرسیار بوو، کاردانەوەشی لەلای خەڵک هەبوو، کە وەک وەزیری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گوتت: "یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمان." بۆچی ئەمەتان دەوێت؟
ئایدن مەعرووف: پێشەکی زۆر سوپاس دەکەم، بەخێربێن. لە راپۆرتەکەشدا باست کرد کە بوونی پێکهاتە و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگە. ئێستا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و لە رووی سیاسی، مەعنەوی و بەشداریپێکردنی نەتەوەکانەوە، بەتایبەتی لە بڕیارە سیاسییەکان و لە پەرلەماندا، ئەمە جێگەی دەستخۆشییە. لێرەدا من وا دەبینم کە ئێمە هەموومان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانین. هەرێمی کوردستان بۆ هەموومان گرنگە؛ بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بۆ پێکهاتە و نەتەوەکان گرنگە. بەداخەوە کە ئێستا بەشێک لە راگەیاندنەکان یان رێکخراوە مەدەنییەکان باسی دووئیدارەیی دەکەن و ئەمە باسکردنێکی باش نییە. ئەم شتانە پێویست ناکات، چونکە ئێمە یەک هەرێمی کوردستانین، یەک حکومەتمان هەیە، یەک پەرلەمانی کوردستانمان هەیە و یەک هەرێمیشمان هەیە. دەبێت هەموو لایەنێک، هەموو پێکهاتەکان و هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و پاڵپشتیی ئەمە بکەن. دەبێت بەم شێوەیە سەیر بکرێت و من وا دەبینم کە باسکردنی زۆر خراپە و باش نییە. خراپییەکەی لەوەدایە کە ئەمە خەیاڵە و نابێت باس بکرێتەوە. بوونی کێشەی سیاسی شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بەوەوە نییە. هەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر جیاوازە کە دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو. ئەو خەباتە سیاسییەی لە رابردوودا کراوە، کە چەندین ساڵە خەباتی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسی کراوە، لە چلەکان، پەنجاکان، شەستەکان، هەشتاکان و نەوەد و یەک، هەموو ئەمانە خەبات کراوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت و چەندین گرفت و کێشەش هەبوون.
رووداو: بۆ نموونە خراپییەکەی لە چیدایە ئەگەر دووئیدارەیی هەبێت؟
ئایدن مەعرووف: یەک ئیدارە و یەک حکومەتمان هەبوو و یەک ئیدارە و یەک هەرێمی کوردستانمان هەیە. ئەم سیستەمەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، دووئیدارەیی قبووڵ ناکات.
رووداو: ئەمە بۆچوونی جەنابتە وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، یان بۆچوونی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە؟
ئایدن مەعرووف: وەک هاووڵاتییەکی هەولێر، وەک وەزیرێک، وەک پێکهاتەکان و وەک نەتەوەی تورکمان، باوەڕ ناکەم هیچ هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵ بێت کە باسی دووئیدارەیی بکرێت.
رووداو: دەتوانیت بە ناوی پێکهاتەکانەوە بڵێیت کە ئێوە وەک پێکهاتەکان ناڕازین بەوەی باسی دووئیدارەیی بکرێت لە هەرێمی کوردستان؟
ئایدن مەعرووف: بەڵێ.
رووداو: بەڵام هەندێک دەڵێن بۆ نموونە ئەگەر لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا دوو ئیدارە هەبێت، رەنگە پێکهاتەکانیش قازانج بکەن، چونکە لەولا هەندێک دەستکەوتیان دەبێت و لێرەش هەندێک. بۆ ئەمە چی دەڵێن؟
ئایدن مەعرووف: ئێمە ئەو دەستکەوتەمان ناوێت کە لە چوارچێوەی دووئیدارەییدا بێت. دەستکەوتی نەتەوەکان لە یەک ئیدارە و یەک هەرێمدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. دۆخی نەتەوەکان و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ئێستا لە ئاستێکی باشدایە، کە ئەمە جێگەی شانازییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. کوردستان لە هەموو کات زیاتر پاڵپشتی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی بووە. ئەمە زۆر گرنگە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە باس بکەم کە بابەتی پێکهاتە و نەتەوە لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر هەستیارە. لە چ روویەکەوە هەستیارە؟ دەبێت بە جددی کاری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دۆسیەی ئەم پێکهاتانە زیاتر بەرەوپێش بچێت. ئەوان گرفتی زۆریان هەیە. بۆ نموونە، لەوانەیە لە هەرێمی کوردستان گرفتێکی وایان نەبێت، بەڵام لە مووسڵ گرفتی زۆر گەورەیان هەیە.
رووداو: لە ژوورەکەدا ئەو ئاڵایانە هەبوون، ئەو چوار ئاڵایە، دەمەوێت پرسیارێکی لەسەر بکەم. ئەم چوار ئاڵایە لە ئۆفیس و ژوورەکەی خۆت لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەن. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەم باسکردنەی دووئیدارەیی یان ئەم شێوازی بەڕێوەبردنە، ئەو ئاڵایانە لێک دادەبڕێت و جیایان دەکاتەوە؟ یان دوو رای جیاواز لەناو پێکهاتەکاندا دروست دەکات؟
ئایدن مەعرووف: ئەمانە هیچ کاتێک لێک جیا نابنەوە. ئەمانە ئاڵای نەتەوەکانن؛ ئاڵای نەتەوەی تورکمان، کلدان، سریان، ئاشوور و ئەرمەن. ئێمە وەک نەتەوەکان لەگەڵ برا کوردەکانمان و نەتەوە جیاوازەکانی دیکە، کە بوونیان گرنگە، هەمیشە لەگەڵ پێکەوەژیانین. بۆ ئێمە لێرەدا سەقامگیریی سیاسی، یەکبوونی لایەنەکان، یەکڕیزی و سەقامگیریی ئەمنی لە هەرێمی کوردستاندا گرنگە. وەک گوتم، ئەم پرسیارانە باس لە شتێکی تازە و خەیاڵی دەکەن.
رووداو: باشە، با لەسەر ئەو ئاڵایانە بمێنینەوە. بۆچی دڵخۆشیت کە چوار ئاڵا بە لانی کەمەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە ئازادی دەتوانرێت لەپاڵ ئاڵای کوردستان و عێراقدا دابنرێن؟ بۆچی ئەوەندە دڵخۆشیت بەو فرەڕەنگییەی هەیە؟
ئایدن مەعرووف: ئاڵا نوێنەرایەتیی نەتەوەکان دەکات و بۆ هەموو نەتەوەیەک پیرۆزە. بە دامەزراندنی ئەم وەزارەتەی تایبەتە بە کاروباری پێکهاتەکان، لێرەدا رۆڵی بەڕێز سەرۆکی حکومەت، کاک مەسروور بارزانی، زۆر گرنگە. ئەم بڕیارە، بڕیارێکی بوێرانە و پاڵپشتییەکە بۆ نەتەوەکان و پتەوکردنی پێکەوەژیانە. بوونی ئەم ئۆفیس و وەزیرە تایبەتە بە کاروباری پێکهاتەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران، شتێکی تازەیە. ئەم ئاڵایانەی تایبەتن بە نەتەوەی تورکمان، کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەن، لەگەڵ ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، جێگەی شانازین و بۆ هەموو نەتەوەکان گرنگن. لێرەدا ئەم جیاوازییە دیارە. حەز دەکەین ئەم جیاوازییەی لە هەولێر دیارە، لە بەغداش دیار بێت.
رووداو: واتە حەز دەکەن لە بەغدا و عێراقیش هەبێت... ئەم جیاوازییە لە بەغدا دیار نییە؟
ئایدن مەعرووف: نەخێر. تاوەکو ئێستا ئێمە لەوێ...
رووداو: واتە هەر هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، تایبەت بە هەر نەتەوەیەک بێت، ئاڵای خۆی خۆش دەوێت، وانییە؟
ئایدن مەعرووف: ئاڵای خۆی خۆش دەوێت، چونکە نوێنەرایەتیی ئەو نەتەوەیە دەکات.
رووداو: بە بڕوای جەنابت، هەر نەتەوەیەک لە هەر شوێنێک بێت دەبێت بە ئازادی ئاڵای خۆی هەبێت؟
ئایدن مەعرووف: بۆ نموونە، دوێنێ 17ـی 11 بوو، کە رۆژی زمان و کولتووری تورکمانییە. ئەمە بە شێوەیەکی فەرمی لە پەرلەمانی کوردستان...
رووداو: بەڵێ، 17ـی 11.
ئایدن مەعرووف: لە 17ـی 11، کە رۆژی زمان و کولتووری تورکمانە، ئەمە مێژوویەکی گرنگە کە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە.
رووداو: لە عێراق و لە بەغدا ناتوانیت بەم شێوەیەی کوردستان بە ئازادی ئاڵای نەتەوەی خۆت هەڵبکەیت؟
ئایدن مەعرووف: من لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لەناو حکومەت و دامودەزگا فەرمییەکاندا نەمبینیوە. شتێک نییە بە ناوی دۆسیەی پێکهاتەکان، وەزارەتێک، وەزیرێک یان راوێژکارێک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق یان لە ئەنجوومەنی وەزیراندا. نەبووە و نەمبینیوە. بوونی ئەمە زۆر باشە، چونکە عێراقیش وڵاتێکە کە نەتەوەی جیاوازی تێدایە؛ نەتەوەی کورد، عەرەب، تورکمان، کلدان سریان ئاشوور، ئێزدی و ئایینزاکان. بۆیە کە باسی نەتەوەی تورکمان دەکەین، نەتەوەیەکی رەسەنە لە عێراق.
رووداو: کۆتا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە. دەزانیت کە نەتەوەی تورکمان لە دەرەوەی کۆتا، ئێستا وەزیرێکیشتان هەیە، وەزیری دەوڵەتە بۆ کاروباری...
ئایدن مەعرووف: بۆ کاروباری دەرەوەیە، کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو.
رووداو: پێت خۆشە لە تورکیاش بۆ نموونە ئەم جۆرە ئاڵا رەنگاوڕەنگانە هەبن؟ بۆ نموونە ئاڵای کوردیش لە حکومەتی تورکیادا هەبێت؟
ئایدن مەعرووف: تورکیا وڵاتی هەموومانە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتێکی گرنگە. هاووڵاتیبوون لەوێ زۆر گرنگە. ئێستا تورکیا لەگەڵ عێراق و بەتایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیی زۆر باشی هەیە و کرانەوەیەک لەگەڵ کورددا هەیە.
رووداو: چاوەڕێی ئەوە دەکەیت بۆ نموونە ئاڵا...
ئایدن مەعرووف: نابێت عێراق و تورکیا بەراورد بکرێن. تورکیا وڵاتێکی کراوەتر و دیموکراترە، مافەکانی مرۆڤ فراوانترە و خەڵک ئازادترە. لە تورکیا ئەم گرفتانە نین. ئەم گرفتانە لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەردەوام هەبوون، سەد ساڵە گرفتتان هەیە. لەوێ خەڵک دەتوانێت بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و پەرلەماندا بکات، گرنگ نییە بە ناوی چ پێکهاتە و نەتەوەیەکەوە دەبێت. گرنگی لەوێ بە ناوی وڵاتی تورکیا دەدرێت و لەژێر ئەو دیموکراسییەی هەیە، دەتوانێت بەشدار بێت.
رووداو: واتە تورکیا لە عێراق دیموکراترە؟
ئایدن مەعرووف: هەر وڵاتێک دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری خۆی. من گوتم وڵاتی تورکیا بۆ ئێمە، بۆ نەتەوەی تورکمان و بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگە. تورکیا و هەرێمی کوردستان دوو دراوسێ و دوو دۆستی زۆر باشن لە ناوچەکەدا.
رووداو: چاوەڕێی چی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەیت کە ئێستا لەنێوان حکومەتی تورکیا و کورددا هەیە؟
ئایدن مەعرووف: ئێستا پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر باش و ئەرێنی و بەبێ گرفت بەڕێوە دەچێت. لێرەدا دەمەوێت بڵێم رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بەتایبەتی رۆڵی جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بە شێوەیەکی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر باشی هەبووە لە بەرگریکردن و پشتیوانیکردنی ئەم پرۆسەیەدا. لە هەموو کۆبوونەوە و کۆنفرانسە فەرمییەکاندا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکرێتەوە و ئەمە ئاشتی و پێکەوەژیان دێنێت. ئێمە، نەتەوەی تورکمان، هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیانین. نەتەوەی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە نەتەوەیەکی رەسەنە، گرنگی بە مێژوو و تایبەتمەندیی خۆی دەدات و هەمیشە لەگەڵ دۆستایەتی و برایەتی بووە و داواکارییەکانی بە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بووە. کاک هیوای بەڕێز، نەتەوەی تورکمان خۆی زۆر بە نزیک لە نەتەوەی کورد دەبینێت؛ برایەتی، دۆستایەتی و تێکەڵاویی خوێنیان هەیە. دوو نەتەوەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە زۆر لە یەکەوە نزیکن، خزمایەتی و دۆستایەتییان هەیە. بەڵام جاروبار دەسەڵاتە خراپەکان کێشەیان بۆ دروست دەکەن.
رووداو: کاتی خۆی وا بوو؟
ئایدن مەعرووف: ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو. بەهۆی خزمایەتی، دۆستایەتی و تێکەڵاوبوونی خوێنەوە، نەتەوەی تورکمان و کورد دوو نەتەوەی زۆر نزیکن لەسەر ئاستی دنیا، بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
رووداو: مادام هەر چووینە تورکیا، دواتر دێینەوە سەر عێراق و مووسڵ. دەمەوێت پرسیارێکیش لەبارەی سووریا بکەم. رەوشی تورکمانەکانی ئەوێ چۆنە؟
ئایدن مەعرووف: سووریا وڵاتێکی گرنگی دراوسێی عێراقە و ئێستا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە. سیستەمی سووریا بەرەو گۆڕانکاری و باشتربوون دەڕوات و حکومەت و پەرلەمان بە بەشداریی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پێکدێن. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە.
رووداو: تاوەکو ئێستا لەو هەنگاوانە رازین؟
ئایدن مەعرووف: بوونیان لە سووریا گرنگە. سووریاش وەک عێراق نەتەوە و ئایینی جیاوازی هەیە. من لەگەڵ ئەوەدام کە نەتەوە و پێکهاتەکان لە سووریا بەشدارییەکی باشیان هەبێت و پێکەوەژیان بە باشی دروست بکرێت. ئەمە سەرەتایە لە سووریا. دوو ساڵە ئەم گۆڕانکارییە کراوە و پەرلەمان و حکومەتیان هەیە. ناتوانم بە ناوی ئەوانەوە بڵێم رازین یان نا، بەڵام بەشدارن. نەتەوەی تورکمان نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی سووریادا هەیە. من لەگەڵ ئەوەدام کە لەناو حکومەتیشدا نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد، تورکمان و کلدان سریان هەبێت.
رووداو: چاوەڕێ دەکەن پارێزگارێکی تورکمان بۆ حەلەب دابنرێت؟
ئایدن مەعرووف: ئەوە مافە و شتێکی زۆر ئاساییە. بۆ نموونە، ئەگەر تورکمانێک لە شام بکرێتە پارێزگار یان کوردێک لە حومس، شتێکی ئاساییە.
رووداو: بەشێکی تورکمانەکان لە حەلەبن، بە مافی تورکمانی دەزانن؟
ئایدن مەعرووف: تورکمانەکان زیاتر لە حومس، حەلەب، بایر بوجاق و جەبەل تورکمان بوونیان هەیە و لەگەڵ برا کورد و عەرەبەکان پێکەوە دەژین.
رووداو: واتە دانانی پارێزگارێک بە مافی خۆیان دەزانن؟
ئایدن مەعرووف: دانانی پارێزگارێک مافی تورکمانیشە و مافی هەموو نەتەوەکانی تریشە. من لەگەڵ ئەوە نیم کە بگوترێت پارێزگایەک بۆ تورکمان و یەکێک بۆ عەرەب، بەڵام بوونی شتێکی باشە. دەڵێم دەکرێت تورکمانێک لە شامیش بکرێتە پارێزگار.
رووداو: بەڵێ، واتە لە عێراقیش بە هەمان شێوە، ئەگەر پارێزگارێک لە نەتەوەی تورکمان هەبێت، شتێکی ئاساییە و مافی خۆیەتی.
ئایدن مەعرووف: ئێستا لە عێراقدا هەیە؛ لە کەرکووک پارێزگارێکی تورکمان هەیە، کە ئەمە شتێکی تازە و گۆڕانکارییەکی باش بوو. ئەمە مافی خۆمانە، مافی نەتەوەی تورکمانە، چونکە کەرکووک شاری پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکانە. دەبێت رێزی هەموو نەتەوەکان بگرین و هەموویان مافی بەشداریکردنیان لە پرۆسەکەدا هەیە.
رووداو: ئێستا لە کەرکووک وەک تورکمان، لە دۆخەکە رازین؟ ئێستا تورکمانێک پارێزگارە، پێتان وایە مافی خۆتان وەرگرتووە؟
ئایدن مەعرووف: بوونی پارێزگارێک لە نەتەوەی تورکمان شتێکی زۆر باشە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەموو مافێک وەرگیرابێت، چونکە ئەمە پۆستێکی ئیدارییە لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق. بۆ نموونە، من دەڵێم ئەگەر برایەکی کورد لە بەغدا ببێتە پارێزگار، مافێکی زۆر ئاساییە.
رووداو: بەڵام خەڵک دەڵێت کەرکووک جیاوازە.
ئایدن مەعرووف: دەزانم کەرکووک جیاوازە. دەڵێم کەرکووک شارێکی پێکەوەژیانی نەتەوەکانە و هەر نەتەوەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
رووداو: تۆ وەک هەندێک لە تورکمانەکان کە زۆر نەتەوەییانە بیر دەکەنەوە، ناڵێیت کەرکووک تورکمانییە؟
ئایدن مەعرووف: بزانە، من ئێستا لە هەولێر دەژیم و هاووڵاتیی شاری هەولێرم. هیچ جیاوازییەک لەنێوان نەتەوەکاندا ناکەم. نەتەوەی خۆمم خۆش دەوێت و شانازی بە تورکمانبوونمەوە دەکەم. شانازی بە برایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد و برا کریستیانەکانیش دەکەم.
رووداو: پرسیارەکەم ئەوە نەبوو، پێت وایە کەرکووک شارێکی تورکمانییە؟
ئایدن مەعرووف: ئەگەر لە هاووڵاتییەکی تورکمانی کەرکووک بپرسیت، دەڵێت کەرکووک شارێکی تورکمانییە یان شارێکی عێراقییە و خەسڵەتی تورکمانی هەیە. بەڵام ئەگەر لە هاووڵاتییەکی هەولێر بپرسیت، دەڵێت شارێکی پێکەوەژیانە. شارێکە بۆ نەتەوەی تورکمان گرنگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
رووداو: لەبەر ئەوەی لە هەولێریت وا دەڵێیت، یان ئەگەر لە کەرکووکیش بوویتایە هەر وات دەگوت؟
ئایدن مەعرووف: بۆچی؟ بۆ نموونە مووسڵ وەربگرە. مووسڵیش نەتەوەی جیاوازی تێدایە و بۆ هەموو نەتەوەکان گرنگە. مووسڵ بۆ نەتەوەی تورکمان زۆر گرنگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە ئەگەر بچیتە ناو قووڵایی بابەتەکەوە.
رووداو: کەرکووک گرنگترە یان مووسڵ؟
ئایدن مەعرووف: هەموو شارەکان بۆ ئێمە گرنگن. ئەگەر بپرسیت، شاری هەولێریش بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
رووداو: ئێستا سێ شارتان هەیە، لە هەولێریش بوونەتە خاوەن پێگە.
ئایدن مەعرووف: هەولێر لام زۆر گرنگ و ئازیزە. شارێکی زۆر گرنگە و زۆر خۆشمان دەوێت. ئێمە لە هەولێر لەدایکبووین.
رووداو: راستە هەندێک لە تورکمانەکان دەڵێن بناخەی هەولێر تورکمان دایناوە؟
ئایدن مەعرووف: بزانە، ئەگەر بۆ مێژووی عێراق بگەڕێیتەوە، تورکمان بناغەی داناوە. دەوڵەتی عوسمانی و پێش ئەویش، ئەو دەوڵەتانەی لە عێراقدا دروست بوون، ئەمە مێژووە. بەڵام ئێستا کەرکووک بۆ هەموو نەتەوەکان گرنگە. وەک گوتم، لە هەمان کاتدا تایبەتمەندیی شارەکە و بوونی بۆ نەتەوەی تورکمان گرنگە. بۆ مووسڵیش بە هەمان شێوە. من ئێستا شاری هەولێر لە هەموو شارەکان بۆم گرنگترە. لای ئێمە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لە دوای مەککە، شارێکی زۆر پیرۆزە بۆ ئێمە.
رووداو: هەولێر؟
ئایدن مەعرووف: هەولێر. بۆ من و بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر، بە کورد و تورکمان و کریستیانەوە. هەولێر شاری پێکەوەژیانە، سەقامگیرییەکی زۆر باشی هەیە و پێشوازییەکی زۆر جوان لەنێوان هاووڵاتییاندا هەیە. ئێمە هیچ کاتێک ئەو جیاوازییەمان لە شاری هەولێر نەبینیوە. برا کوردەکانمان زۆر خۆش دەوێت و خزمایەتیی زۆر تێکەڵاومان هەیە. لەگەڵ برا کریستیانەکانیش هەروەها.
رووداو: ئەمە لەسەر ئاستی خەڵک وایە، ئەی لەسەر ئاستی دەسەڵات و حوکمڕانیش؟
ئایدن مەعرووف: بەڵێ، ئەساس دەسەڵاتە. ئیدارەی پارێزگای هەولێر ئیدارەیەکی زۆر باشە. شارەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەبرێت، بەبێ جیاوازیی نێوان هاووڵاتییان و ئایینەکان. ئەمە شتێکی زۆر باشە.
رووداو: هەندێک لە تورکمانەکان گلەییان هەیە، بۆ نموونە دەڵێن قوتابخانەکانمان کۆنن، مامۆستای تورکمانمان بۆ دانامەزرێنن، کێشەی پەروەردەمان هەیە و دەبێت پشکی زیاترمان لە پۆستەکاندا هەبێت. ئەم گلەییە لەکوێوە دێت؟
ئایدن مەعرووف: بوونی قوتابخانەکان لە هەولێر و کفری گرنگە. بۆ نەتەوەی تورکمان و برا کریستیانەکان، لە هەولێر و دهۆک قوتابخانەی تورکمانی و سریانی هەیە. راستە، بینای قوتابخانەکان کۆنن و پێویستە گۆڕانکاری بکرێت. ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکرێت بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی مۆدێرنی تورکمانی لە هەولێر. کەمبوونەوەی قوتابی لە قوتابخانە تورکمانییەکان چەند هۆکارێکی هەیە. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئەم قوتابخانانە لە ساڵانی 1993 - 1995 دروست کراون، کاتێک نەخشەی جوگرافی و ژمارەی دانیشتووانی هەولێر زۆر کەمتر بوو.
رووداو: بەڵێ، جوگرافیاکەی...
ئایدن مەعرووف: ئێستا هەولێر شارێکی گەورەیە و ئەو قوتابخانانە هێشتا لە شوێنی کۆنی خۆیانن. پێویست بوو گۆڕانکاری لە دابەشبوونی جوگرافیی قوتابخانە تورکمانییەکاندا بکرایە. ئێستا پێویستمان بە چوار قوتابخانەی تر هەیە لە گەڕەکە نوێیەکانی دەوروبەری هەولێر.
رووداو: چونکە...
ئایدن مەعرووف: بەڵێ، کاری لەسەر دەکرێت و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ دەکات. وەک گوتم، گرفتمان تەنیا قوتابخانە نییە. یەکەم، دابەشبوونی جوگرافی دەبێت بگۆڕدرێت. دووەم، پێویستە ئەو قوتابخانانە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر دابەش بکرێن. کێشەی پێداویستییەکانی خوێندن چارەسەر کراون. لە خوێندنی باڵا، بەشی زمانی تورکیمان لە زانکۆی سەڵاحەدین هەیە، لەگەڵ بەشی سریانی. داوامان کردووە لە زانکۆی زاخۆ و زانکۆی گەرمیان لە کەلار بەشی تورکی بکرێتەوە. پەروەردە زۆر گرنگە و دەبێت گۆڕانکاری بکرێت.
رووداو: بەڵێ، بەڵێ.
ئایدن مەعرووف: قوتابییان و مامۆستایان گلەییان هەیە و کاری لەسەر دەکرێت. ئەو گۆڕانکارییانە لە رووی جوگرافی، دابەشکردن، مامۆستا، پڕۆگرامی خوێندن و وەرگێڕانەوە دەبێت بکرێن. بەشێکیان چارەسەر بوون و بەشێکیان ماون. وەزارەتی پەروەردە لە نزیکەوە بەدواداچوون دەکات. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی تورکمانی و سریانیمان هەیە کە بەدواداچوون بۆ قوتابخانەکان دەکات.
رووداو: ئاماژەت بە مووسڵ و دەشتی نەینەوا دا. دەمەوێت لەبارەی دۆخی پێکهاتەکان لەوێ بپرسم؛ تورکمان، سریان، کلدان، ئاشوور، ئێزدی و کریستیانەکان. گلەییت هەبوو، گلەییەکەت چییە؟
ئایدن مەعرووف: مووسڵ شارێکی گرنگی سیاسی، ستراتیژی، جوگرافی و پێکەوەژیانی نەتەوەکانە. گلەییەکان ئەوەن کە لە بەشداریکردن لە ئیدارەی خۆجێیی مووسڵدا رۆژانە گرفتیان هەیە.
رووداو: دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا گۆڕاوە؟
ئایدن مەعرووف: بۆ نموونە تەلەعفەر جوگرافیایەکی تورکمانی هەیە. شنگال بۆ برا ئێزدییەکانمان گرنگە. دەشتی نەینەواش بۆ برا کریستیانەکان و نەتەوەی کلدان سریان ئاشووری گرنگە. ناوچەی بەعشیقە و دەوروبەری بۆ پێکهاتە ئایینییەکان زۆر گرنگە و دەبێت لە ئیدارەدا بەشدار بن. لۆژیکی نییە لەو شارە گەورەیەدا بەڕێوەبەرێکی گشتی لە نەتەوەکان نەبێت، وەک بەڕێوەبەری پەروەردە، تەندروستی یان پۆلیس.
هەروەها دیمۆگرافیای تەلەعفەر و ئەو ناوچەیەی زۆرینەی تورکمانن، گۆڕاوە. کێشە سەربازییەکانی رابردوو کاریگەریی نەرێنییان لەسەر رەوشەکە هەبووە. دوای ئازادکردنی مووسڵ لە 2017، برا تورکمانەکان گەڕانەوە بۆ تەلەعفەر، بەڵام ئێستا بوونیان لە ئاستێکی باشدا نییە. بۆ نەتەوەکانی تریش بە هەمان شێوە. گرنگە لە شاری مووسڵ، ئەگەر پارێزگار لە نەتەوەی عەرەب بێت، دەبێت جێگرەکانی لە نەتەوەی کورد، تورکمان و مەسیحی بن. ئەم پێکەوەژیانە لە رووی مەعنەوییەوە گرنگە. چەندین ساڵە هیچ گۆڕانکارییەکی ئیداری و سیاسی لە مووسڵدا نابینرێت. برا کریستیانەکانیش رۆژانە تووشی کێشە دەبن. گرنگە رێککەوتنی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدادا جێبەجێ بکرێت. دەبێت برا ئێزدییەکانمان، کە زۆر ستەمیان لێ کراوە، بگەڕێنەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
رووداو: ئەوە چۆن دەبێت؟ بەشێک لە تورکمانەکان نەگەڕاونەتەوە.
ئایدن مەعرووف: لەوانەیە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە هەست بە سەقامگیری نەکەن. سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە مووسڵدا زۆر گرنگە. ئەگەر ئەو سەقامگیرییە نەبێت، خەڵک ناگەڕێتەوە.
رووداو: کاک ئایدن، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی خۆی قایمقامێکی بێلایەن بۆ شنگال دادەنێت، لە کاتێکدا زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردانی ئێزدین. تۆ لەگەڵ ئەوەیت؟
ئایدن مەعرووف: شارۆچکەی شنگال گرنگە. برا ئێزدییەکانمان کارەساتیان بەسەردا هات و دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە. نابێت دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباریاندا هەبێت. دەبێت بەو شێوەیە بێت کە خۆیان دەیانەوێت. بەداخەوە زۆرینەی برا ئێزدییەکان لە دەرەوەی شنگالن و لە کەمپەکاندان. پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگە، کە قایمقامەکە بێلایەن و خەڵکی شنگال بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت رۆڵی برا ئێزدییەکان بە هەند وەربگیرێت، بەتایبەتی میری ئێزدییان، بەڕێز حازم تەحسین بەگ، کە دەبێت رۆڵی لە دیاریکردنی قایمقامدا هەبێت. هەروەها پاڵپشتیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالیش زۆر گرنگە.
رووداو: باسی بەرکەوتەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا بکەین، کە لە 11 کورسییەوە بۆ 5 کورسی کەم کرایەوە. هیچ هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەکە؟
ئایدن مەعرووف: ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە. ئەو 11 کورسییە بە یاسا بۆ بەشداریی سێ نەتەوە (تورکمان، کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەن) رێکخرابوو. بەداخەوە دەستێوەردان کرا و بابەتەکە سیاسی کرا و دواتر بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2024ـدا 11 کورسییەکە هەڵوەشێندرایەوە. پاشان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 5 کورسیی بۆ نەتەوەکان دیاری کرد.
رووداو: 5 کورسی کەمە؟
ئایدن مەعرووف: بەڵێ، کەمە و شێوازی دابەشکردنەکەشی هەڵە بوو. کاک هیوای بەڕێز، دەبێت هەندێک شت باس بکرێت. گەڕاندنەوەی ئەو 5 کورسییەش، دوای ئەوەی ستەمێکی گەورە لە نەتەوەکان کرا، بە رۆڵی سەرەکیی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو. چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵمان کرد و پاڵپشتییەکی گەورەی نەتەوەکانی کرد. نیاز وابوو 11 کورسی بگەڕێتەوە، بەڵام دواتر بوو بە 5 کورسی. رۆڵی بەڕێزیان زۆر گرنگ بوو. ئێستا کۆمیسیۆن کورسییەکانی بەسەر سلێمانی، هەولێر و دهۆکدا دابەش کردووە. بۆ نموونە، نەتەوەی تورکمان کە زۆرینەیان لە دوای مووسڵ و کەرکووک لە هەولێرن، تەنیا یەک کورسییان لە هەولێر بۆ دیاری کراوە و یەکێکیش لە سلێمانی. ئەمە هەڵەیە. بۆ برا کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە.
رووداو: ئێستا تورکمان رێژەی لە سەدا چەندی دانیشتووانی هەرێمن؟
ئایدن مەعرووف: تاوەکو ئێستا سەرژمێرییەک نەکراوە، بەڵام بە چاو دیارە. بوونیان لە سەنتەری هەولێر دیارە. برا کریستیانەکانیش لە هەولێر، دهۆک و بادینان بوونیان هەیە. ئێمە هەوڵ دەدەین 11 کورسییەکە بگەڕێنینەوە یان زیاتر بکرێت، چونکە بە مافی خۆمانی دەزانین. ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا کراوەتەوە و هیوادارین لە داهاتوودا ئەمە بکرێت. ئەمە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە. ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە 5 کورسییەکە بکرێتەوە بە 11 کورسی. لە هەمان کاتدا، 4 کورسیش بۆ پێکهاتە ئایینییەکان وەک برا ئێزدییەکانمان.
رووداو: دەتانەوێت لەسەر ئاستی نەتەوە و ئایینیش بەشدارییان هەبێت؟
ئایدن مەعرووف: دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان بەم شێوە فرەڕەنگییەوە جوانە.
رووداو: دوا پرسیار؛ لەبارەی پاراستنی شوێنەواری تورکمانی لە هەولێر، هەندێک دەڵێن شوێنەوارەکان ناپارێزرێن. گلەییتان لەمە هەیە؟
ئایدن مەعرووف: شوێنەواری تورکمانی و نەتەوە و ئایینەکانی دیکە لە هەولێر، باوەڕ ناکەم بەو شێوەیە بێت. لە هەموو کات زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت و پاڵپشتی دەکرێن. هەموو شوێنەوارەکانی هەولێر، شوێنی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکانن.
رووداو: واتە شوێنەواری تورکمانی لە هەولێر نەسڕاوەتەوە؟
ئایدن مەعرووف: نەخێر، نەسڕاوەتەوە و کاری لەسەر دەکرێت گرنگیی زیاتری پێ بدرێت. ئێمە وا دەبینین کە بوونی نەتەوە و ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە هەولێر، زۆر گرنگیی پێ دەدرێت. قەڵای هەولێر هێمای پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکانە.
رووداو: لە ئەنجوومەنی وەزیراندا ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکات. پەیامت بۆیان چییە؟
ئایدن مەعرووف: بوونی کێشەی سیاسی لەنێوان لایەنەکاندا شتێکی ئاساییە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی هەموو خەڵک دەکات و بوونی یەکێتی زۆر گرنگە. پارتی و یەکێتی دوو حیزبی برا و دۆستن و لە رابردوودا پێکەوە کاریان کردووە. دوو حیزبی سەرەکین لە عێراق و هەرێمی کوردستان. دەبێت دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. من داواکارم برادەرانی یەکێتی بگەڕێنەوە و لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بن، ئێمە پێکەوە جوانین.
رووداو: ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد یەکێتی بگەڕێتەوە، ئەمە بە کۆی دەنگی وەزیرەکان بوو؟
ئایدن مەعرووف: بە کۆی دەنگی هەموو وەزیرەکان بوو.
رووداو: قسەت لەگەڵ وەزیرەکانی یەکێتی کردووە؟
ئایدن مەعرووف: نەخێر، بە شێوەی شەخسی قسەم نەکردووە. بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆکی حکومەت و هەموو وەزیرەکان بە دڵێکی فراوانەوە لەگەڵ ئەوەداین کە وەزیرە بەڕێزەکانی یەکێتی بگەڕێنەوە ناو ئەنجوومەنی وەزیران. حکومەتی هەرێمی کوردستان هی هەموومانە. ئێمە پێکەوە جوانین.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان. سوپاس کە کاتت پێداین.
ئایدن مەعرووف: سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز.

