کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێ

نەهرۆ محەممەد

نەهرۆ محەممەد

23-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
نەهرۆ محەممەد
نەهرۆ محەممەد23-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین
هەڤپەیڤین21-11-2026

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین

خالید نەرمۆ: حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە فرەئایینی و رێوڕەسمی ئایینە رەسەنەکان دەکات
هەڤپەیڤین21-11-2026

خالید نەرمۆ: حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە فرەئایینی و رێوڕەسمی ئایینە رەسەنەکان دەکات

یان ئیلهان کزڵهان بۆ رووداو: بەسیاسیکردنی ئایین مەترسیی دابەشبوون لەسەر کۆمەڵگەی کورد دروست دەکات
هەڤپەیڤین21-11-2026

یان ئیلهان کزڵهان بۆ رووداو: بەسیاسیکردنی ئایین مەترسیی دابەشبوون لەسەر کۆمەڵگەی کورد دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ


سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، زیاتر لە 50 شوێن دەستنیشان کراون بۆ دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێیاندا کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، راپۆرتی کۆتایی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر "بەمزووانە" رادەگەیێنرێ و لایەنی هێرشکاریش ئاشکرا دەکرێ؛ هەروەها دەڵێ، پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگەیە.


ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا تیشکی خستە سەر دۆسیەکانی بەرگریی ئاسمانی، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، جێگۆڕکێی هێزەکان لە جورف سەخر ( جورف نەسر) و هاوئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە.


زیاتر لە 50 شوێن بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاریکراون


سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمان و رێگریکردن لە هێرشەکان، سەباح نوعمان گوتی: "فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگری پلانێکی تەواوی ئامادە کردووە و لیژنەیەک زیاتر لە 50 پێگەی دەستنیشان کردووە بۆ دانانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، بەجۆرێک بە شێوەیەکی ناوەندی کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمان بکەن و رێگری لە دەستدرێژییەکان بکەن."


گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، بەشێک لەو شوێنانە لە هەرێمی کوردستان دەبن، بەڵام دیاریکردنی شوێنی وردی پێگەکان بۆ هەڵسەنگاندنە تەکنیکییەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی جێهێڵدراوە.


سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش دا کە کڕینی ئەو سیستمانە کاری پێشنۆرەی حکومەتە و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوە.


لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر؛ "ناوی لایەنی هێرشکار بڵاودەکرێتەوە"


لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، سەباح نوعمان رایگەیاند، لیژنەکە سەردانی کێڵگەکەی کردووە و تیمی تەکنیکیی بەڵگەکانی تاوان پاشماوەی درۆنەکە و رێڕۆی هێرشەکەیان پشکنیوە.

بە گوتەی سەباح نوعمان: "لیژنەکە راپۆرتی سەرەتایی پێشکێش کردووە و بەمزووانە راپۆرتی کۆتایی تەواو دەبێت. سەرۆکوەزیران سڵ ناکاتەوە لە ناوهێنانی ئەو کەس و لایەنانەی کە هۆکار بوون و تێوەگلاون، بۆیە جەختی کردووەتەوە راپۆرتەکە گشتگیر بێت و هەموو راستییەکان لەخۆبگرێ تاوەکو بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێت."


دەقی هەڤپەیڤینەکە


رووداو: دەمەوێ لەبارەی پلان و هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە پرسیارت لێبکەم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمان، بەتایبەتی پرسی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، چ هەنگاوێک نراوە لەو رووەوە؟


سەباح نوعمان: زۆر سوپاس، سڵاو لە ئێوە و بینەرانتان. فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگری پلانێکی تەواوی ئامادە کردووە و لیژنەیەکیش هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان تێدا دادەنرێ، زیاتر لە 50 پێگە دەستنیشان کراون کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان تێدا دادەنرێ، بەجۆرێک کە بە شێوەیەکی ناوەندی پارێزگاری و کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمان بکەن و رێگری لە دەستدرێژییەکان بکەن. بێگومان پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم پێگانە لەژێر رۆشنایی لایەنی تەکنیکی و لێکدانەوە هونەرییەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیدا بووە، بۆ ئەوەی کار لەسەر دابینکردنی سەروەریی ئاسمانیی تەواو بکات. بەدڵنیاییەوە بەشێک لەم پێگانە لە هەرێمی کوردستان دەبن، بەڵام سەبارەت بە دیاریکردنی شوێن و ناولێنانی پێگەکان، ئەمە بۆ هەڵسەنگاندنە تەکنیکییەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق جێهێڵدراوە.


رووداو: پرسیارێکی دیکەم سەبارەت بە پرۆسەی جێگۆڕکێی هێزەکانە لە جورف سەخر، دوای دانانی بارەگای کۆنترۆڵکەر لەوێ، چ هێزێک دەچێت و چ هێزێک دەکشێتەوە؟ هەنگاوەکان گەیشتوونەتە کوێ؟


سەباح نوعمان: لە رۆژی هەینییەوە پرۆسەی جێگۆڕکێی هێزەکان لە جورف نەسر دەستی پێکردووە. دوای پێکهێنانی بارەگای کۆنترۆڵکەر، فەرماندەی نوێی بارەگای کۆنترۆڵکەر سەرپەرشتیی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی یەکە سەربازییەکان دەکات بەپێی خەمڵاندن و کاتی دیاریکراو. بەگوێرەی خەمڵاندنی دۆخەکەش، ئەوە بۆ فەرماندەکە خۆی دەگەڕێتەوە لە دیاریکردنی پێشنۆرەی ئەو پێکهاتانەی جێگۆڕکێیان پێدەکرێ لە رووی فەوجەکانەوە. پرۆسەکە یەک لە دوای یەک بەڕێوەدەچێت؛ فەوجێک شوێنی فەوجێکی دیکە دەگرێتەوە و بەم شێوەیە تاوەکو دەگاتە بارەگای فەرماندەییەکان. دواتر چاوەڕێی تەواوبوونی یەکجارەکیی پرۆسەی جێگۆڕکێی ئەو یەکانە دەکەین کە پێشتر ناوچەی جورف نەسریان بەدەستەوە بوو بە یەکە نوێیەکان، بەپێی ئەو فەرمانانەی لە بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچوون و بەپێی ژمارە و ناونیشانی ئەو پێکهاتانەی دەستنیشان کراون و بە سەرپەرشتیی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە سەرپەرشتیی ئەم پرۆسەیە دەکات. هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکرێ بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی و لە ماوەی دیاریکراودا و بەپێی ئەو رێکار و رێوشوێنانەی کە لەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا پەیڕەو دەکرێن.



رووداو: ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان ئێوە و پێشمەرگە چۆنە؟ ئایا هیچ تێبینی یان پێشنیازێک هەیە بۆ زیاترکردنی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی ئێستا ئێوە وەک حکومەتی عێراق باسی پاراستنی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن؟


سەباح نوعمان: لە راستیدا هاوئاهەنگییەکە زۆر بەرزە لە رووی ئۆپەراسیۆن، هەواڵگری و زانیارییەوە، واتە لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی هەیە. پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی ئەمنی و بەرپرسیارێتیی پاراستنی هەرێمی کوردستانی لەسەرشانە بە هەموو وردەکارییە کارگێڕی و دامەزراوەکان و هەروەها سنوورەکانی هەرێمەوە، بۆیە هاوئاهەنگی و هاوکاری لە نێوان دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە سەرپەرشتیی ئەم هاوئاهەنگییە دەکات، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە دەستەی نووسینگەکەدا هەیە کە سەرپەرشتیی هاوئاهەنگی، بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە دەکات کە لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەردەچن، لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنیان بە سەرکەوتوویی و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە رەنگە رووبدەن. بۆیە ئەمڕۆ هاوئاهەنگییەکە زۆر باشە و لە ئاستێکی قبووڵکراو و جێی رەزامەندییە، کارەکەش بە باشی بەڕێوەدەچێت؛ ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پەرۆشیی هەمووان بۆ یەکپارچەیی عێراق و ئاسایشی عێراق بە شێوەیەکی تەواوەتی.


رووداو: لەبارەی ئەو رێککەوتنانەی بۆ کڕینی رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کراون لەگەڵ وڵاتان؛ لە چ وڵاتێک دەکڕدرێن و چ سیستمێکن؟ دەکرێ زانیاریمان بدەیتێ؟


سەباح نوعمان: پرۆسەی دابینکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بۆ عێراق بەردەوامە. ئەمە یەکێکە لە پێشنۆرەییەکان و دیدگاکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە چڕی کاری لەسەر دەکەن. پرۆسەی کڕینی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی پێشنۆرەیی زۆری پێدراوە و تەنانەت پارەیەکی تایبەتیشی بۆ تەرخان کراوە، بۆیە هەمووان کار دەکەن بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی ئەم دۆسیەیە و بەدەستهێنانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و دابەشکردنیان بەو شێوەیەی کە رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر دامەزراوە زیندووەکان یان هەر ناوچەیەکی عێراق بکات. پێشتر بەدەست ئەم دەستدرێژییانە و ئەو کارانەوە ناڵاندوومانە، جا چ لەسەر دامەزراوە زیندوو یان نەوتییەکان بووبێت، یان تەنانەت ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردوومانکردنی هەندێک ناوچە، بەڵام پشتیوان بە خوا بە دانانی ئەم سیستمانە، رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە دەکرێ. کارەکان بەردەوامن و بە بەدواداچوونی رۆژانەی بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و راپۆرتی خولی لەبارەی ئاستی جێبەجێکردن، گرێبەستەکان بە کوێ گەیشتوون، ئەم سیستمە گەیشتوونەتە کوێ و تواناکان چین، هەموو ئەمانە راپۆرتن کە رۆژانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەرزدەکرێنەوە بۆ بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە دەردەکرێ. هەر ئاستەنگێکیش هەبێت لە رێگەی دابینکردنی پاڵپشتی بۆ فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی چارەسەر دەکرێ تاوەکو سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی ئەم سیستمە. پرۆسەکە بەردەوامە و براکانمان درێخی ناکەن لە خێرا گەیاندنی ئەم سیستمە و بڵاوکردنەوەیان و دانانیان، تاوەکو کۆتایی بە پرسی دەستدرێژییە دووبارەبووەکان بهێنین.


رووداو: لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کەی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە رادەگەیێندرێ؟


سەباح نوعمان: لیژنەی پەیوەندیدار بە دەستدرێژییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەستبەجێ دوای روودانی هێرشەکە پێکهێنرا و راسپێردرا بە پێشکێشکردنی راپۆرتێکی ورد و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان و کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەکان و سەردانیکردنی ناوچەی بەئامانجگیراو. ئەم لیژنەیە سەردانی کێڵگەی کۆرمۆری کرد و زیانەکانی بینی، هەروەها لیژنەیەکی تەکنیکیش لە بەڵگەکانی تاوان پاشماوەکانی پشکنی و رێڕۆی هێرشەکە و ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی پشکنی کە هێرشی پێکرابووە سەر پاڵاوگەکە یان کێڵگەکە. هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەکان ئەنجام درا و گەیشتە پێشکێشکردنی راپۆرت. راپۆرتێکی سەرەتایی پێشکێش کراوە و بەمزووانە چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی دەکەین. بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لەسەر کاری ئەم لیژنەیە کردووەتەوە کە دەبێ راپۆرتێکی ورد، گشتگیر و فراوان پێشکێش بکات کە هەموو راستییەکانی تێدا باسبکرێ، بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێ سەبارەت بەم دەستدرێژییە.


رووداو: ئایا ناوی ئەو لایەنە یان گرووپەی هێرشەکەی ئەنجامداوە لەگەڵ ئامانجی هێرشەکە بڵاودەکرێتەوە؟


سەباح نوعمان: حکومەتی ئێستا و بەڕێز سەرۆکوەزیران سڵ ناکەنەوە لە ناوهێنانی ئەو کەس و لایەنانەی هۆکار بوون و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون. بۆیە بەڕێزیان جەختی لەسەر کاری ئەم لیژنەیە کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە دەبێ راپۆرتەکەیان فراوان و گشتگیر بێت و هەموو راستییەکان لەخۆبگرێ و ئەنجامدەر و لایەنە تێوەگلاوەکان لەم بەئامانجگرتنەدا دەستنیشان بکات.


رووداو: با باسی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بکەین. لەگەڵ کێ گرێبەستتان کردووە؟ راستە لەگەڵ رووسیایە؟


سەباح نوعمان: پرۆسەی دیاریکردنی سەرچاوەکان و گرێبەستەکان لە تایبەتمەندیی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراقە. ئەوانن کە ئەو وڵاتانە دەستنیشان دەکەن کە دەکرێ سوود لە پیشەسازییەکانیان وەربگیرێ و پیشەسازیی پێشکەوتوویان هەیە. حکومەتی عێراق و بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەرۆشن بۆ ئەوەی سوپای عێراق خاوەنی نوێترین جۆرەکانی چەک بێت لە باشترین سەرچاوەکانەوە. بۆیە دیاریکردنی دامەزراوە و وڵاتان و کۆمپانیا دروستکەرەکان، لە رووی تەکنیکییەوە بۆ تایبەتمەندیی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی جێهێڵدراوە. بێگومان ئەم فەرماندەییە کار دەکات و ئێستاش بە چڕی کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی نوێترین سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە نوێترین سەرچاوە جیهانییەکانەوە، بە کردەوەش گەیشتوونەتە قۆناخی پێشکەوتوو کە رەنگە کۆتایی بن بۆ بەدەستهێنانی ئەم سیستمە لە سەرچاوە باوەڕپێکراو و باشەکانی ئەم بوارە.


رووداو: ئایا مەبەستت لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی مووشەکی دژەفڕۆکەیە یان سیستمی دژەمووشەک و درۆن؟


سەباح نوعمان: سیستمی بەرگریی ئاسمانی، سیستمێکی تەواوکارییە کە مووشەکی بەرپەرچدەرەوە، رادار بە مەودای جیاواز، هەروەها مووشەک و سیستمی بەرەنگاربوونەوە یان تێکشکاندنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لەخۆدەگرێ، واتە سیستمێکی تەواوە و دیاریکردنی جۆری چەکەکە و دانانیشی بۆ خەمڵاندنە تەکنیکییەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق دەگەڕێتەوە.


رووداو: پرسیاری کۆتاییم لەبارەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانە. وەک دەزانن ئێستا ئەم ناوچانە لەلایەن لیوا هاوبەشەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. ئایا پێتان وایە ئەم هێزانە توانای پاراستنی ئەم ناوچانەیان هەیە؟


سەباح نوعمان: ئەگەرچی من سەرم سوڕماوە لەم پرسیارە، بەڵام پێم وایە لە کەناڵەکەی ئێوە و زیاتر لە کەناڵێکی کوردیش دووپاتم کردووەتەوە کە لیوا هاوبەشەکانی یەکەم و دووەم بە کردەوە ئێستا کەرتی بەرپرسیارێتیی سنووری نێوان ناوەند و هەرێمیان بەدەستەوەیە. لەوێ ئەفسەر و سەربازانی چەندین ئاراستەی جیاواز هەن کە ئێستا بەرپرسیارێتییەکەیان بەدەستەوەیە و چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کاری ئەم دوو لیوایە هەیە. لە دوایین دیدار و کۆبوونەوەماندا لەگەڵ براکانمان لە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، جەختمان لەسەر پێشکێشکردنی پاڵپشتیی تەواوی تەکنیکی و مرۆیی بەم دوو لیوایە و پڕچەککردنیان بە تەکنەلۆژیای تەکنیکی، بەتایبەتی کامێرای گەرمی کردەوە. هەردوو لیواکە لەوێن و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، فەرماندە و دەستەی روکن و ئەندامەکانیان هەن کە ئێستا هێڵی جیاکەرەوە و ئەو خاڵ و کەلێنانەیان بەدەستەوەیە کە پێشتر چۆڵ بوون و لە کاتێک لە کاتەکاندا بۆ جووڵەی تیرۆریستان کرابوونەوە. هەردوو لیواکە لەوێن و ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی دروست و ئاسایی جێبەجێ دەکەن و ئێمەش سەرپەرشتیی کاریان دەکەین و لە قۆناخی داهاتوودا تواناکەیان پەرەپێدەدەین.


بابەتی پەیوەندیدار

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین
هەڤپەیڤین21-11-2026

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین

خالید نەرمۆ: حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە فرەئایینی و رێوڕەسمی ئایینە رەسەنەکان دەکات
هەڤپەیڤین21-11-2026

خالید نەرمۆ: حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە فرەئایینی و رێوڕەسمی ئایینە رەسەنەکان دەکات

یان ئیلهان کزڵهان بۆ رووداو: بەسیاسیکردنی ئایین مەترسیی دابەشبوون لەسەر کۆمەڵگەی کورد دروست دەکات
هەڤپەیڤین21-11-2026

یان ئیلهان کزڵهان بۆ رووداو: بەسیاسیکردنی ئایین مەترسیی دابەشبوون لەسەر کۆمەڵگەی کورد دروست دەکات

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە