کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین

ئەحمەد حەمید

ئەحمەد حەمید

25-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید25-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە
هەڤپەیڤین24-11-2026

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات
هەڤپەیڤین23-11-2026

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن
هەڤپەیڤین23-11-2026

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ


شارەزایەکی یاسا و دەستوور رایدەگەیێنێت، ئەو راسپاردانەی لیژنەیەکی بەغدا لەبارەی رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان، نەوت و سنوورەکان دەریکردوون، "پێچەوانەی دەستوورن" و لەڕووی رێکاریشەوە هەڵەن، چونکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند نەکراون.


هاوڕێ تۆفیق، شارەزای یاسا و دەستوور، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، دەڵێت، بەپێی دەستووری عێراق، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان پرۆسەیەکی "هاوبەشە" لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، نەک ئەوەی تەنیا لە دەستی بەغدا بێت. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان خاوەنی پێشمەرگەیە "پاسەوانی هەرێمە" کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانیەتی و بوونی گەندەڵی پاساو نییە بۆ جووڵاندنی هێز و پێشێلکردنی دەستوور.


هاوڕێ تۆفیق پێیوایە، کێشەکە "سیاسییە نەک دەستووری" و بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە پێشنیازی سێ هەنگاو دەکات؛ یەکەم، نوێنەرانی کورد لە بەغدا بۆ ماوەی هەفتەیەک بایکۆتی پەرلەمان و حکومەت بکەن. دووەم، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا بکرێت بۆ دۆزینەوەی "رێگەیەکی سێیەم". دەشڵێت، ئەگەر دادگەی فیدراڵی بە شێوەیەکی پیشەییانە بڕیار بدات، "بەشێکی زۆری لە بەرژەوەندیی کوردستان دەبێت."


دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی هاوڕێ تۆفیق:


رووداو: لە دوێنێوە زۆر باسی دەستوور دەکرێت، دەستوور دادوەر بێت، دەستوور لەبارەی ئەم کێشانەوە چی دەڵێت کە ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە؟


هاوڕێ تۆفیق: ئەم رووداوە دوو لقە، لقێکی سیاسییە بە پلەیەکی نایاب، لقێکی دەستوورییە. لقە دەستوورییەکەی، ئێمە لە دەستووری عێراقدا چەسپاوە کە عێراق دەوڵەتێکی کۆماریی پەرلەمانیی فیدراڵییە. لە دەستووری عێراقدا چەسپاوە کە لە رووی کارگێڕییەوە عێراق سیستەمێکی لامەرکەزییە، پێکهاتووە لە بەغدای پایتەخت، پارێزگاکان، هەرێمەکان، کە ئێستا تەنیا هەرێمی کوردستانمان هەیە. هەر بەپێی دەستوور، مادەیەکی تیایە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی، فەرمی دانی پێدانراوە. ئەو بڕیارانەی کە دەرکراون لەلایەن لیژنەیەکی راسپاردەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە، دوو کێشەی هەیە؛ کێشەیەکیان دەستوورییە، کێشەیەکیان رووکەشی رێوشوێنە، بە عەرەبی پێیدەڵێن (إجراءات شکلیة). پێش هەموو شتێک، ئێمە ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەیە بە گوێرەی پێڕەوی ناوخۆ و بە گوێرەی دەستوور، شتێکمان نییە ناوی سەرۆکوەزیران بێت، بەڵکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەیە. ئەمە دوو دەستەواژەن جیاوازیی زمانەوانی نین، جیاوازیی ئەرکی دەستوورین. ئەم راسپاردانە نەبراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران تا پەسەند بکرێت ببێت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە کە بوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەکو رێکار شایەنی ئەوەیە تانەی لێبدرێت لە دادگای کارگێڕی یان تانەی لێبدرێت لە دادگای دەستووری. ئەمە خاڵی یەکەم. لە رووی ناوەڕۆک و جەوهەرەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی هاوسەنگ و پیشەیی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، یەکەم، هەرێمی کوردستان پاسەوانی هەرێمی هەیە، بە عەرەبی پێیدەڵێن (حرس إقلیم)، پاسەوانی هەرێم. ئەرکی پارێزگاریکردنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و سنووری هەرێمی کوردستان. بەڵام دەربارەی ئەوەی سوپای نیشتمانی یان سوپای فیدراڵی دەسەڵاتی هەیە لە سنوورەکان جێگیر بێت، بڵاوەی پێبکرێت، لە راستیدا ئەگەر بە پیشەیی قسە بکەین، ئەم مافە مافێکە کە دەتوانین بڵێین لە رووی پیشەییەوە لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا سوپا مافی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمەکان پێکەوە پارێزگاری لە سنوورەکان بکەن، بەڵام لە دەستووری عیراقدا ئەم ئەرکەش بە پاسەوانی هەرێم سپێردراوە. ئێمە پاسەوانی هەرێممان هەیە. بڕگەی دووەم، کاتێک کە باسی ئەوە دەکات لە دەروازە سنوورییەکان بە تەواوەتی رابسپێردرێت بە دەروازە سنوورییەکانی فیدراڵی، ئەمە بە تەواوەتی پێچەوانەی دەستوورە. چۆن؟ لەناو دەستووردا دەروازەی هەرێمەکان بە هاوبەشی، دەبرێت بەڕێوە. واتە پرۆسەی بەڕێوەبردن بۆ دەروازە سنوورییەکان پرۆسەیەکی هاوبەشە، پرۆسەیەکی فیدراڵی نییە. بۆیە فەرامۆشکردنی ئەمە بە تەواوەتی پێچەوانەی جەوهەری دەستوورە. خاڵێکی تر کە پەیوەندی هەیە بە مەسەلەی نەوت و کێڵگەی نەوتی؛ یەکەم، دەستوور روونی کردۆتەوە ئەو کێڵگانەی پێش 2003، ئەوە بە هاوبەشی دەبرێن بەڕێوە و ئەو کێڵگانەی دواتر، ئیدارەیەکی هاوبەشی دەبێت. لە هەردوو حاڵەتەکە ئیرادەیەک یان بڕیارێکی فیدراڵیمان نییە، هاوبەشمان هەیە. خاڵێکی تر کە زۆر بەلامەوە گرنگە بیڵێم، بەداخەوە لە بەیاننامەی زۆربەی ئەو دامودەزگایانەش کە دەرکراون ئەمەیان فەرامۆشکردووە، من هیوام وایە حکومەتی هەرێمیش ئەم بابەتە جەختی لێبکاتەوە؛ ئێمە ماددەی 140مان هەیە پێی دەگوترێت ناوچەی جێناکۆک. ماددەی 140 یانی چی؟ جێناکۆک یانی لەنێوان هەرێم و بەغدایە، نە سەر بە بەغدایە نە سەر بە هەرێمە، کەواتە جێناکۆکە. کە جێناکۆکە، مافی ئەوەت هەیە کە بە هاوبەشی بیبەینەوە بەڕێوە. چۆن پۆلیسی فیدراڵی هەیە، دەبێت پۆلیسی وەزارەتی ناوخۆش لەوێ بێت. لەبەر ئەوە، بە باوەڕی من، ئەگەر ئێمە بە مەنتقێکی دەستووری سەیری ئەم رووداوە بکەین، چونکە وەکو گوتم دوو لقە؛ لقێکی سیاسییە، لقێکی دەستوورییە، بڕگە بە بڕگە لەسەر ئەو بڕگانەی نووسراوە، هەقی خۆیەتی وەڵامی دەستووری بدرێتەوە. من باوەڕم وایە کە دەبوو یەکەم خاڵ ئەوە جەخت بکەینەوە کە ئەمە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیە، کۆمەڵێک راسپاردەی دەرکردووە، ئەمە پسپۆڕی ئەو نییە، تەنانەت نەخراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.


رووداو: ئەگەر ئەم بابەتە بچێتە دادگای فیدراڵی، لە رووی دەستووری و یاساییەوە هەرێمی کوردستان ئەیباتەوە. بەڵگە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزترن لەوەی عێراق؟


هاوڕێ تۆفیق: ئەگەر وەڵامێکی پیشەییت بدەمەوە، بەڵێ، بەڵام لە هەندێک بابەتدا دەبێت بە هاوبەشی بێت. بۆ نموونە بابەتی مەسەلەی نەوت، ئەوەی کە تۆ بە تاکلایەنانە بیبەیتە دەرەوە، ئەمە رێگەپێدراو نییە. بابەتی ئەوەی کە مامەڵە لەگەڵ هەندێک وڵات بکەیت بۆ کڕین و فرۆشتنی نەوت کە لە چوارچێوەی سزای نێودەوڵەتی و سزای هەندێک وڵاتە، رێگەپێدراو نییە. واتە ئەم بابەتە بابەتێکە ناتوانین ئاوا بە رەهایی سەیری بکەین. بەشی زۆر لەو مادانەی کە باسی کردووە، لە رووی دەستوورییەوە لەگەڵ دەستوور یەکناگرێتەوە. بەشێکیشی کە باسی کردووە، دەبێت بە دەسەڵاتێکی هاوبەش بێت. بەڵام دەربارەی ئەوەی کە ئایا چوون بۆ دادگای فیدراڵی، چونکە وەکو گوتم دوو لقە، لقێکی دەستوورییە و لقێکی سیاسییە، ئەمە وەکو کێشەیەکی دەستووری دەردەکەوێت، بەڵام جەوهەرەکەی کێشەیەکی سیاسییە. ئایا پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵی لەناو ئاڵۆزییەکی ئاوا سیاسی، کە هێشتاکە دەوڵەتی دیموکراسیی هاووڵاتیبوونی راستەقینە نەچەسپاوە، ئەو باوەڕە لەلایەن ركابەرەکان هەیە کە دادگا بە بێلایەنی و بە پیشەیی بڕیاری خۆی بدات؟ ئەمەش بەڕاستییەکەی پرسیارێکە. من گومان ناکەم لە سەروەریی دادگای فیدراڵی، بەڵام لە ئاڵۆزییەکدا لەم جۆرە، کە ئاستیشی زۆر بەرزە، ئاڵۆزییەکی زۆر زۆر گەورەیە، بۆچوونم وایە ئەمە پرسیارە کە لەسەری بوەستین. ئەگەر دادگا بەشێوەیەکی پیشەیی و بێلایەنانە بڕیار بدات، باوەڕم وایە بڕیارەکانی هاوسەنگ دەبن، بەشێکی زۆری لە بەرژەوەندیی کوردستان دەبێت و هەندێکیشی لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵ دەبێت. بەڵام وەکو رێوشوێن، وەکو هەنگاو، بە باوەڕی من ئێمە سێ قۆناخمان لە بەردەمدایە. یەکەمیان، دەکرێت هەموو نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بەبێ جیاوازیی حیزبی، بایکۆتێک بکەن بۆ ماوەی هەفتەیەک، هەم لەسەر ئاستی پەرلەمان، هەم لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران، و دەرفەت بدەن بە حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکەن بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، رێگایەکی سێیەم دۆزنەوە بۆ چارەسەر. بە باوەڕی من ئەمە رەنگە هەنگاوێکی کردەیی گونجاو بێت بۆ ئەوەی کە ئاوێک بە تووڕەیی ئەم ململانێیەدا بکات. بە پێچەوانەوە، ئەگەر هەر لایەک پێداگری بکات لەسەر ئەوەی کە هەموو مەرجەکانی من دەمەوێت، ئەوا بەرەو بارودۆخێکی بەرکەوتن و رەنگە هەموو ئەگەرێکی تری لێبکەوێتەوە.


رووداو: کاک هاوڕێ، لە نووسینەکەتدا باسی ئەوە دەکەیت، نابێت لەژێر ناوی گەندەڵی یان بەهەدەردان هەڕەشەی هێزجوڵاندن بکرێت. هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە، لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە جوڵاندنی هێز و بردنی بۆ سەر سنوورەکان دروستە؟


هاوڕێ تۆفیق: بێگومان بوونی گەندەڵی پاساو نییە بۆ ئەوەی کە دەستوور پێشێل بکرێت، ئەگەر ئەمە لە بەسرە بێت یان لە سلێمانی بێت یان لە هەر شوێنێکی دونیا بێت. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رێوشوێنی خۆی هەیە. دەتوانێت هەماهەنگی بکات لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات هێزی تایبەتی خۆشی بنێرێت، دەتوانێت هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکات. بەڵکو ئەوەی بۆتە مایەی دڵەڕاوکێ لەلای خەڵکی کوردستان و لەلای لایەنە سیاسییەکانیش، ئەوەیە کە ئەمە لەژێر ئەم بیانووە وا پێدەچێت ئامانجی سیاسی هەبێت بۆ بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان. چونکە کە تۆ مەسەلەی دەروازە سنوورییەکانت لێ کۆنترۆڵ بکەن و بە تاکلایەنانە ببێت بە فیدراڵی، سوپای فیدراڵی هەموو سنوورەکان، لە هەموو دەروازەکان ئەمنی وەتەنی لێبێت، پۆلیسی فیدراڵی لێبێت، ئیدی تۆ وەکو هەرێمێک هیچ دەسەڵاتێکی ئەمنی و ئابووریت بۆ نامێنێتەوە، داهاتی نانەوتیت سفر دەبێت.


رووداو: داواکارییەکانی عێراق نادەستوورین؟


هاوڕێ تۆفیق: یەک بە یەک دەبێت وردی بکەینەوە بۆ ئەوەی من وەڵامەکەم بابەتی و راست و دروست بێت. نموونە دووبارە دەکەمەوە، لە دەستووری عێراقدا لەسەر مەسەلەی دەروازەی سنووری، رەسمکردنی سیاسەتی گومرگی فیدراڵییە. مەبەستمان لەم قسەیە چییە؟ مەبەستمان لەم قسەیە ئەوەیە کە پێناسەی گومرگی فیدراڵییە، بەڵام بەڕێوەبردنی، جێبەجێکردنی دەروازەی سنووری، هاوبەشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ. ئەمە قسەی من نییە، ئەمە قسەی دەستوورە. واتە ئەوەی کە یەک لایەن بەتەنیا بیبات بەڕێوە، لەگەڵ لۆژیکی دەستوور ناگونجێت. دەستوور روونی کردووەتەوە کە بەیەکەوە. رەسمی سیاسەتەکە فیدراڵییە، جێبەجێکردنەکە هاوبەشە. بۆ نموونە، سەبارەت بەم بڕگەیە، بڕگەی دووەم، ئەوەی کە بڵێی سوپا دەنێرم، جارێ پێش هەموو شتێک، ئێمە لە دۆخی جەنگدا نین تا پێویست بەوە بکات سوپا بێت، یان هیچ وڵاتێک نەهاتووە، یان هەرێمی کوردستان نەبووەتە هەڕەشە بۆ دراوسێکانی. و ئێمە پاسەوانی هەرێممان هەیە و بۆ ئاگاداریتان، پاسەوانی سنوور ئێستا سەر بە فیدراڵییە. ئەوانەی کە هەرێمی کوردستان دەپارێزن، جگە لە هێزی پێشمەرگە، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵن، مووچەکانیشیان، فەرمانیشیان فیدراڵین، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم نین. یانی راستە وەکو کارمەند لە رووی نازنامەی نەتەوەیی کوردن و سەر بە شارەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام وەکو دامودەزگا و دەستوور، ئەمانە پاسەوانی سنوور سەر بە حکومەتی هەرێم نییە، سەر بە حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی ناوخۆیە. لەبەر ئەوە، بە باوەڕی من، دووبارەی دەکەمەوە، وەکو هەنگاوی کردەوەیی، رەنگە ئێستا زۆر دادمان نەدات ئێمە لەم دەقیقەیە بڵێین ئەمەیان دەستوورییە یاخود ئەمەیان نادەستوورییە.


رووداو: هەنگاوی کردەوەیی، لە نووسینەکەتدا باسی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران دەکەیت لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، یان سەرۆککۆمار داوا بکات متمانە لە سەرۆکوەزیران وەربگیرێتەوە، بەڵام مەرجی هەیە ئەمەش، کورد دەتوانێ ئەوە بکا؟ سەرۆککۆمار ئەیکا؟


هاوڕێ تۆفیق: بێگومان لە دەستووردا چەند گەرەنتییەکی داناوە بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. یەکەمیان ئەوەیە، سەرۆکوەزیرانمان نییە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەیە، وەکو باسم کرد. دەبێت هەموو شتەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بێت. ئەنجوومەن واتە بڕیاری بەکۆمەڵ، یەعنی هاوپەیمانی، حیزب و نەتەوە و گرووپی جیاواز. بەداخەوە لە دوای کابینەکەی بەڕێز نووری مالیکی، هێواش هێواش، قۆناخ بە قۆناخ، ئەنجوومەنی وەزیران رۆڵی سەرەکیی خۆی ناگێڕێت و بەرەو دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران دەڕوات. لە دەستووردا ناتوانێت هیچ سەرۆکی دەستەیەک، دامودەزگایەک، پلەیەکی سەربازی دابنێت، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران دەنگدانی بۆ بکات. بەوەش تەواو نابێت، دەبێت بڕواتە پەرلەمان دەنگدانی بۆ بکرێت. بەوەش تەواو نابێت، دەبێت سەرۆکی کۆمار مەرسوومی بۆ دەرکات. سێ فلتەر، سێ قۆناخ، بۆ ئەوەی رێگە لە تاکڕەوی بگرێت، بۆ ئەوەی رێگە لە پێشێلکاریی دەستوور بگرێت. ئێستا بووە بە باو، سەرۆکوەزیران، جاری وایە هەر نووسینگەکەی سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووتریش، بۆ ئاگاداریت، دەڵێت فەرمانمان دا بە راسپاردنی فڵان کەس بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری کە پلەکەی وەزیرە، راسپاردنی فڵان فەریق بە فەرماندەی سەربازیی فڵان شوێن. نە ئەنجومەنی وەزیران ئاگای لێیە، نە سەرۆککۆمار ئاگای لێیە. ئەمە بۆ خۆی عورفێکی خراپە، پێشێلکارییەکی دەستووریی خراپە، حەقە دەنگی لێ هەڵببڕدرێ. کاری ئەندامانی پەرلەمانە کە چاودێری بکەن. ئێستا بۆ نموونە، سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان لەم بڕیارانە لابرا، دانانی ئەو سەرۆکی دەروازەیە کە پلەی بریکاری وەزیرە، پێچەوانەی دەستوورە، لابردنەکەشی هەر پێچەوانەی دەستوورە. چونکە خۆ نە ئەنجوومەنی وەزیران بینیویەتی، نە هێنراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، و ئەو پلەیەکی تایبەتییە و دەستوور وا دەڵێ. ئێمە لە هەردوولاوە بارودۆخێکمان هەیە، بە یانی هاوسەنگ قسە بکەین، هەندێک مادە هەیە رەنگە ئێمەش وەکو قەوارەی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پێوەی پابەند نەبووبێتین. با ئەوە نەبێت کە ئێمە هەموو شتەکە وا لێکبدەینەوە کە کێشەکان لە بەغدایە. بەشێکی زۆری لە بەغدایە کە پەیوەندی هەیە بە تێنەگەیشتن یاخود ئاڵۆزیی سیاسی کە دەقەکانی دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە. ئێمەش دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەندێک حەقیقەت هەیە کە دیفاکتۆیەک، مومارەسەمان کردووە، ئێستا دەوڵەتی عێراق بەهێز بووەتەوە، دەگەڕێتەوە سەر دەقی دەستووری، هەندێک لەو دیفاکتۆیانەمان لێدەسێنێتەوە. من باسی هەنگاوی عەمەلی دەکەم، کە بە باوەڕی من، ئێمە ئێستا لەم وەختەدا کەوتووینەتە ئاڵۆزییەک هەر دەقیقەیەک وەکو دەقیقەیەکی ئاڵتوونی وایە. ئێستا بە باوەڕی من، کاتی ئەوەیە کە هەنگاوی کردەوەیی بنێین. ئەم جۆرە گفتوگۆیانە رەنگە هەر گفتوگۆی سەرپێی بن و هیچ ئەنجامێکی نەبێت. دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر دوو هاوبەشە سەرەکییەکە بە دوو شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیە بکەن، بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز دەبێ و لە بەرژەوەندیی هەرێم تەواو نابێت. من هیوادارم هەردوو هاوبەشە سەرەکییەکە، پاشان حیزبەکانی تر، وەکو یەک پاکێج، هەرچی زووە لە بەغدا ژوورێکی ئۆپەراسیۆن دروست بکەن لە نێوان قەوارە کوردستانییەکان. ئەم ژووری ئۆپەراسیۆنە بیکات بە یەک سەنگەر. ئەم ژووری ئۆپەراسیۆنە رابسپێرن کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکات، هەم لە ئەنجوومەنی وەزیران، هەم لە پەرلەمان، چەند هەنگاوێ بنێین. هەنگاوی یەکەم، هەفتەیەک نەچین بۆ پەرلەمان وەکو ناڕەزایەتی دەربڕینێک. هەنگاوی دووەم، لە ئەنجوومەنی وەزیران بایکۆت بکەین بۆ هەفتەیەک و داوا بکەین کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەیەکەوە دابنیشن، رێگای سێیەم بدۆزنەوە. رەنگە ئەمانە هەنگاوی کرداری بن، ئەگەرنا دووربەدوور قسە بکەین لەگەڵ یەکتری، من پێم وایە بەرەو پەرچەکرداری ئاڵۆز و تووندومان دەبات. دەستوور رێگەیەکی داوە کە سەرۆکی کۆمار داوای لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی حکومەت بکات، بەڵام کاتێک کە ئەم داوایە دەکات، دەبێت پەرلەمان بە 50+1 داواکە پەسەند بکات. خۆشت دەزانیت 50+1 ئێستا لە لای پێکهاتەی برایانی شیعەیە. واتە کاتێک دەبێت تۆ ئەم داوایە بکەیت کە هەلومەرجی ناو پەرلەمان یارمەتیدەر بێت بۆ جێبەجێکردن. ئەگەرنا تۆ ئەم داوایە بکەیت و بینێری بۆ پەرلەمان و لە پەرلەمان 50+1 بەدەست نەهێنیت، ئەو کاتە بە پێچەوانەوە، رەنگە ئەو سەرۆکوەزیرانە تووشی پەرچەکردارێکی تووندتر ببێت و ئەمە لە جیاتی وای لێ بکات بەخۆیدا بچێتەوە، بەهێزتری بکات و عینادتری بکات.


رووداو: زۆر سوپاس کاک هاوڕێ.


هاوڕێ تۆفیق: زۆر سوپاس.


بابەتی پەیوەندیدار

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە
هەڤپەیڤین24-11-2026

ئاوات شێخ جەناب: مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات
هەڤپەیڤین23-11-2026

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن
هەڤپەیڤین23-11-2026

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە