رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن و گەیشتن بە رێککەوتن نزیکە، هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تاکە رێگە بۆ رزگارکردنی عێراق لە زیانی گەورەی دارایی و نەوتی، ئەنجامدانی "سازشکردنی دوولایەنە"ـیە و کێشەکان بە سەپاندنی ئیرادە یان شکاندنی لایەنی بەرامبەر چارەسەرنابن.
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا زەهرا کازم سەدر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی (بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم)، تیشکدەخاتە سەر هەوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رەتیدەکاتەوە بەغدا نییەتی هەنگاونانی "زۆردارانە"ـی هەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوەی هەیە بریتییە لە جیاوازی لە لێکدانەوەی دەستوور، نەک پێشێلکردنی دەستوور.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیکمە هاوکات باس لە دۆخی سەختی ئابووریی عێراق و کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و داوادەکات لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، هەردوولا بەرەو نەرمینواندن هەنگاوبنێن.
دەقی گوتەکانی زەهرا کازم سەدر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: ئەو هەڵوێستانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەن و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەتی کە ئێوە "رەوتی حیکمە" و بەڕێز عەممار حەکیم پەیوەندییەکی توندوتۆڵتان هەیە هەم لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و هەم لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە بەغدادا؟
زەهرا کازم سەدر: سەرەتا هیچ کەس ناکۆک نییە لەبارەی ئەو پەیوەندییە باشانەی کە رەوتی حیکمەی نیشتمانی و هەموو برا کوردەکانمان لە هەرێمی کوردستاندا کۆدەکاتەوە.
بابەتەکە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیی بە بڕیاری حیکمەوە نییە، لە دەرەنجامدا رێکارێکی حکومییە کە دەوڵەت ئەنجامی دەدات و سەر بە لایەنێک یان بڕیاری لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو نییە، بەڵکو حکومەتێک هەیە کە بەپێی توانا هەوڵدەدات مامەڵە لەگەڵ هەموو دۆسیەکاندا بکات و بێگومان چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بەپێی توانا هەوڵدەدات هاوکاریی سەرۆکوەزیران بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە یەک لە دوای یەک.
وەک دەزانن، بەڕێز زەیدی ئەرکی سەرۆکوەزیرانی لە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆزدا وەرگرت کە بەدەست ئاڵنگاریی زۆر گەورەوە دەناڵێنێت، ئێمە بەپێی توانا هەوڵدەدەین و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بەپێی توانا هەوڵدەدات ئەم سەختییانە ئاسانبکات، یان لانیکەم هاوکاریی بکات بۆ تێپەڕاندنیان. ئەمڕۆ ئەوەی پێشکێشکراوە یان ئەوەی تاوەکو ئێستا بەدەستهاتووە بە شتێکی زۆر گەورە دادەنرێت و دەکرێت بە گفتوگۆ و دانوستاندن و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی عێراق، هەموو کێشەکان چارەسەربکرێن.
رووداو: راگەیاندنی ئەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق و بەدیاریکراوی لەلایەن گوتەبێژی سەربازییەوە تاوەکو رادەیەک رەنگێکی سەربازی داوە بە بابەتەکە و هەرێمی کوردستان زۆر پێی هەستیار بوو، خۆتان لە بەغداوە ئەمە چۆن دەبینن؟
زەهرا کازم سەدر: سەرەتا دانوستاندنەکان هەن و هەردوولا بەپێی توانا هەوڵدەدەن، چ حکومەتی فیدراڵ بێت یان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو لایەنەکانیەوە، بەپێی توانا هەوڵدەدەن بگەنە شێوەیەک لە چارەسەر یان لانیکەم رێککەوتنێک کە هەردوولا رازیبکات. بەڵام هەروەک چۆن میدیای کوردی دەستیکردووە بە بانگەوازکردن بۆ خۆپیشاندان و بانگەوازکردن بۆ کۆبوونەوەی هەموو هێزەکان کە ئەمە حاڵەتێکی دڵەڕاوکێی لای هێزە عێراقییەکان دروستکردووە، وای لێکردن ئەوانیش لە رێگەی میدیاوە لێدوانبدەن کە لانیکەم رەنگە لە هەمان ئاستدا بن.
بە هەموو شێوەیەک ئەو هەنگاوە میدیاییانەی لەلایەن هەردوولاوە دەگیرێنەبەر، یەکلاکەرەوە نابن بۆ ئەنجامی دانوستاندنەکان و یەکلاکەرەوە نابن بۆ دەرەنجامەکان.
وەک دەزانین بە شێوەیەکی گشتی، میدیا لە زانیارییەکاندا هەڵبەزودابەز دەکات و رەنگە زۆرجاریش چەواشەکاری و دەنگۆ بوروژێندرێن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەنجامەکە بە تەواوی جیاوازدەبێت بە پشتبەستن بەوەی لەسەر زەوی روودەدات، بۆیە هەموو زانیارییەکان بڵاوناکرێنەوە و ئەوەی لە میدیادا دەخرێتەڕوو مەرج نییە ئەوە بێت کە بەراستی روودەدات.
رووداو: وەک رەوتی حیکمە پێتانوایە پێویستە چۆن ئەم بابەتە چارەسەربکرێت، چونکە حکومەتی عێراق باس لە دەستوور دەکات، هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە جەخت لە پابەندبوون بە دەستووری عێراق دەکاتەوە؛ هەڵوێستی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لەمبارەیەوە چۆنە؟
زەهرا کازم سەدر: لە راستیدا خوێندنەوەی ئێمە وەک رەوتی حیکمە وایە هەروەک چۆن پێشتر بانگهێشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە دەتوانین بڵێین ئێستا لە لووتکەی دۆخەکەیاندان، بانگهێشتی حکومەتی فیدراڵیشمان کرد بۆ گوێگرتن و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە کردەوەش میوانداریی براکانمان کرا لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گوێمان لێگرتن، ئێمەش هەوڵی زۆرمان دا لەپێناو لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان یان لانیکەم پێداگرینەکردن لەسەر بڕیارەکان.
لە بنەڕەتدا، ئەو کێشانەی ئەمڕۆ هەمانە دۆسیەی ئاڵۆزن و کێشەن لە چەندین لایەنەوە، ئەمڕۆ کێشەمان هەیە لەنێوان سلێمانی و هەولێر، کێشە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها کێشە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا کە کێشەیەکی ئەمنییە. ئەوەی دەوروژێندرێت کە پێشێلکردنی دەستوور هەیە، هیچ پێشێلکردنێکی دەستوور نییە؛ فۆرم و شێوازی لێکتێگەیشتن هەیە هەروەک چۆن چەندین شێواز هەن بۆ لێکدانەوەی دەستوور. تاوەکو ئێستا ئەگەر وێنەیەک یان بۆ نموونە نیازێک لای حکومەتی فیدراڵ هەبووایە بۆ هەنگاونان بە شێوازێکی زۆردارانە یان هەنگاونان بە شێوازی شکاندن و گوێنەگرتن لە ئەوانی دیکە، ئەوا لەم بابەتەدا دەڕۆیشت، بەڵام هەروەک چۆن دۆسیەکانی دیکەی بە گفتوگۆ چارەسەرکرد، ئێستاش دۆخەکە بەرەو گفتوگۆ دەچێت.
لە بنەڕەتدا ئێمە وەک حیکمە پشتگیریدەکەین لەوەی سازشکردن هەبێت، هەندێک سازش لەلایەن لایەنەکانەوە، بۆئەوەی چارەسەرێکی هاوبەش هەبێت کە بەپێی توانا قەبارەی زیانەکان کەمبکاتەوە. ئەمڕۆ زیانی داراییمان هەیە، زیانی نەوتیمان هەیە، کێشەمان هەیە لە پێکهێنانی حکومەتدا چ لە هەرێمی کوردستاندا بێت یان لێکەوتەکانی و کێشەکەی بە گشتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و پرسی بودجە، تاوەکو بتوانین ئەم دۆسیانە یەکلابکەینەوە و هاوکاریبکەین و بگەینە رێککەوتن بەجۆرێک کە خزمەت بە هەموو عێراق بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەنددەبێت و لە دەرەنجامدا حکومەتی فیدراڵیش سوودمەنددەبێت.
ئێمە لە بارودۆخێکی سەختداین، بارودۆخێکی ئابووریی زۆر سەخت، ئەمڕۆ بارودۆخی ئابووری گوشار دەخاتەسەر تەواوی جیهان، جا دەبێت بۆ دەوڵەتێکی لاواز لە رووی ئابوورییەوە و قەرزدار گوشارەکە چۆن بێت؟ بۆ دەوڵەتێک کە کۆنترۆڵی داهاتەکانی ناکات و کۆنترۆڵی سامانەکانی ناکات؟ ئەم بابەتانە لە ئەرکی نیشتمانیمانە کە تێیاندا پشتگیریی سەرۆکوەزیران بکەین چونکە هەنگاوێکی راستەقینەیە لە پاراستنی سامانی وڵات. لە دەرەنجامدا پشتیوان بە خودا هەوڵەکان بەردەوامن و لە نزیکترین کاتدا شێوەیەک لە رێککەوتن دروستدەبێت کە هەموو لایەنەکان رازیبکات.



