رووداو دیجیتاڵ
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سوپاسی ئەو لایەنانە دەکات کە کاردانەوەی ئەرێنییان بۆ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت هەبووە، داوا لە گرووپەکانی دیکەش دەکات چاویان لێ بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، فایەق زێدان لە راگەیێنراوێکیدا سوپاسی رەوتی نیشتمانى شیعە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی کرد، کە کاردانەوەی ئەرێنییان هەبووە بۆ داواکاریی مەرجەعیەتی باڵا، جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا و بڕیاری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، تایبەت بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج لایەن و گرووپی چەکداری سەرەکی رازی بوون پەیوەندییان لەگەڵ چەکدارەکانیان لەناو حەشدی شەعبی بپچڕێنن، وەک هەنگاوێک بۆ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە کرد کە چاو لەو گرووپانە بکەن بۆ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت و هێنانەدیی ئارامی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، کە دوو سەرەکیترین گرووپی چەکدارى نێو موقاوەى ئیسلامى لەعێراقن، رازی نەبوون بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت و کۆنتڕۆڵکردنی و پچڕاندنی پەیوەندیان لەگەڵ چەکدارەکانیان لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی.



