رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ئەو هەواڵانەی رەتدەکاتەوە کە باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک لەنێو "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" دەکەن بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
محەممەد رەعد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری، لە راگەیێندراوێکدا رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند: "بە تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک میدیا و ناوەندی سیاسی باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری دەکەن بۆ بەدواداچوونی پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا."
ئێوارەی رۆژی 1ی حوزەیرانی 2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، پاڵپشتیی دابڕاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن سیاسییەکان دەکەن، بڕیاری جەنگ و ئاشتی بەدەست دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوەیە و هەر کردەوەیەک لەدەرەوەی ئەوە بە دەرچوون لە یاسا هەژمار دەکرێت. هەروەها سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کرد لە گرتنەبەری رێکار و بڕیاری پێویست لەوەی کە پەیوەندیدارە بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە.
هەر یەک لە کەتیبەکانی ئیمام عەلی و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە دوو گرووپی چەکداری شیعەی وابەستەی ئێرانن، بە فەرمی رایانگەیاند، ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانیان لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی بپچڕێنن، وەک بەشێک لە پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی ئەمریکا.
بەڵام هەندێک گرووپی دیکەی وەکو نوجەبا و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رایانگەیاندووە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.


