رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ژمارەیەکی تایبەتی بۆ وەرگرتنی سکاڵا و زانیاری تایبەت بە قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن و دەستکاریکردنی مامەڵە گومرگییەکان تەرخان کرد و دەڵێ، چاودێرییەکی وردی ئەلیکترۆنی بەسەر هەموو دەروازەکاندا دەکەن.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" پڕۆژەیەکی نوێمان دەستپێکردووە کە رێگە بە هاووڵاتییان، بازرگانان و بریکارانی گومرگ دەدات لە رێگەی ژمارە (911)ەوە سکاڵا و زانیارییەکانیان سەبارەت بە هەوڵەکانی قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن یان هەر تێپەڕاندنێکی نایاسایی لە رێکارە گومرگییەکاندا بگەیێنن."
سامر قاسم داود راشیگەیاند: "بەستنەوەی سیستمەکانی دەستەی گشتی گومرگ بە بەڕێوەبەرایەتیی وەڵامدانەوە و کۆنتڕۆڵی ناوەندی (911) لە وەزارەتی ناوخۆ و ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی گومرگەوە هەنگاوێکی ستراتیژیی گرنگە لە چوارچێوەی کاری حکومەت بۆ بەهێزکردنی گۆڕانکاری دیجیتاڵی، چاودێری زیرەک، هاوئاهەنگی و تەواوکاری کار لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت."
بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگەکانی عێراق دەڵێ:"ئەم بەستنەوەیە دەبێتەهۆی خێراکردنی وەڵامدانەوەی هەواڵدەری و سکاڵاکان، بەهێزکردنی شەفافیەت و چاودێریکردنی رێکارە جۆراوجۆرەکانی گومرگ."
بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات:" بەردەوامین لە پەرەپێدانی سیستمە ئەلیکترۆنییەکان و فراوانکردنی ئاستی تەواوکاری لەگەڵ لایەنە حکومییە پشتیوانەکان، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ رێنماییەکانی وەزیری دارایی و هاوکار بێت لە بەرزکردنەوەی کارایی کاری دامەزراوەیی، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بازرگانان بەپێی بەرزترین پێوەرەکانی بەڕێوەبردن و شەفافیەت."
سامر قاسم داود گوتی:" ئەو زانیارییانەی دەگەن، بە نهێنییەکی تەواوەوە دەدرێنە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەکە. دواتر لە رێگەی بەشەکانی لێکۆڵینەوە و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی کە لە هەموو دەروازە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکان هەن، رێکاری یاسایی خێرا بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر."
بە گوتەی بەرێوەبەری دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق، سەنتەری ئۆپەرسیۆنەکە بە سیستمی پێشکەوتوو کاردەکات، ئەمەش رێگە دەدات مامەڵەکان بە شێوەیەکی ناوەندی وردبینییان بۆ بکرێ و هەر هەوڵێکی گۆڕینی جۆری کاڵاکان یان قاچاخچێتی بە خێرایی رابگیرێ.
ئێستا عێراق 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریایی هەیە، لەگەڵ یەکەی گومرگی لە هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف کە سیستەمی ئەسیکۆدایان تێدا جێبەجێ دەکرێت.
.png&w=3840&q=75)


