رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق سەردانی چوار وەزیری حکومەتی فیدراڵ دەکات. گوتەبێژی فراکسیۆنەکە دەڵێ، پرسی مووچە، بودجە و کێشەی جووتیاران و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانیانن.
رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم وێستگەی سەردانەکەیان کۆبوونەوە بوو لەگەڵ عەبدولڕەحیم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق. وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک وەزیر، کێشە و گرفتە کشتوکاڵییەکانیان لەگەڵ تاوتوێ کردووە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە کێشەی گەنمی جووتیاران، زیادکردنی پشکی وەرگرتنی گەنم، رۆژنامەی کشتوکاڵی و ئاسانکاری بۆ ناردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق کردووە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی، دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوە کرد، کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە و پرسی مووچە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و شایستە داراییەکان تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبن.
بەگوتەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندەکەیان سەردانی هەریەک لە وەزیرانی تەندروستی و دەرەوەی عێراقیش بکەن.

.png&w=3840&q=75)

