رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی HWPL، چالاکییەکی ئەلیکترۆنیی لەژێر ناونیشانی "لیژنەی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (عێراق): لەپێناو داهاتوویەکی گەشدا" رێکخست. لەم چالاکییەدا ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی بواری ئایین، یاسای نێودەوڵەتی، پەروەردەی ئاشتی، میدیا و کاروباری گەنجان لە عێراق و ناوچەکە کۆبوونەوە، بە مەبەستی تاووتوێکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و بەهێزکردنی بووژانەوەی کۆمەڵایەتی؛ هاوكات تیشک خرایە سەر ئاراستە و ئامانجەکانی ئەو لیژنەیەی کە تازە راگەیێندراوە.
وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا عێراق، بەدەست ململانێی درێژخایەن، دابەشبوونی تائیفی و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتییەوە ناڵاندوویانە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی داواکارییەکان بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پەروەردە، بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە، بەشداریپێکردنی گەنجان و دروستکردنی متمانە لە نێوان ئایینەکاندا. لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی، سەرنجی زیاتر خراوەتە سەر بیرۆکە هاوبەشەکان کە کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوە ئایینییەکان، میدیا و کەرتی پەروەردە دەگرێتەوە. لەم سۆنگەیەوە و لەپێناو درێژەدان بە هاوکارییە بەردەوامەکانی لەگەڵ سەرکردە ئایینی و مەدەنییەکانی ناوچەکە، HWPL ئەم چالاکییەی بۆ تاووتوێکردنی دەستپێشخەرییە خۆجێییەکان رێکخست.
رێکخراوی (HWPL - Heavenly Culture, World Peace, and Restoration of Light) کورتکراوەی (فەرهەنگی ئاسمانی، ئاشتیی جیهانی، گەڕانەوەی رووناکی)ـە و رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ناحکومییە (NGO) کە پابەندە بە بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشی مرۆڤایەتی، کە ئەویش چەسپاندنی ئاشتی و راگرتنی جەنگەکانە.

پێکهێنانی لیژنەی نوێی ئاشتی
یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە، ناساندنی "لیژنەی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بوو. ئەم لیژنەیە نوێنەرانی پێکهاتە ئایینییەکان، شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، پەروەردەی ئاشتی، میدیا و رێکخراوەکانی گەنجان لەخۆدەگرێت، و بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ پڕۆژە هاوبەشەکان پێکهێنراوە کە ئامانجیان چارەسەرکردنی تەحەددییە خۆجێییەکان و بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاشتییە.
د. سەرتیپ عەزیز فارس، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی گوتی: "ئایین بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەهای ژیان هاتووە، نەک بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگەکان. دیالۆگی نێوان ئایینەکانیش بەواتای دەستبەرداربوون لە بیروباوەڕەکان نییە، بەڵکو بۆ قووڵکردنەوەی لێکتێگەیشتنی دوولایەنەیە، کە ئەویش لای خۆیەوە متمانە دروست دەکات و رێگە بۆ هاوکاری خۆش دەکات."
پەروین ئەمین، ئەندامی دامەزرێنەر لە لیژنەی رێکخراوی ئاسوودە (ASUDA) رایگەیاند: "بەشداریکردنم لە لووتکەی جیهانیی ئاشتیی HWPL لە ئەیلوولی 2025، دەرفەتی پێبەخشیم کە پەیوەندی لەگەڵ چالاکوانانی بواری ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا دروست بکەم. هیوادارم بەردەوام بم لە بڵاوکردنەوەی بەهاکانی خۆشەویستی و ئاشتی لە رێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە."

پلانی داهاتووی رێکخراوەکە
پشتبەستن بە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە، رێکخراوی HWPL بەنیازی راگەیاندنی پڕۆگرامی راهێنانە بۆ مامۆستایانی ئاشتی و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجوومەنە خۆجێییەکان. هاوکات رێکخراوەکە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی بەیاننامەی ئاشتی و راگرتنی جەنگ (DPCW) و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان. لە لایەکی دیکەوە، HWPL کار دەکات بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی لە عێراق لەڕێگەی تەواوکردنی رێکارە فەرمییەکانی تۆمارکردنی لقی خۆجێیی خۆی، و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.



