رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى بازرگانیى دانەوێڵەى عێراق رایگەیاند، هەرێمى کوردستان ساڵانە پێویستى بە کەمتر لە 650 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ ئاردى بەشە خۆراکى مانگانە. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە و پێشبینیدەکەن بگاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن.
حەیدەر گەرعاوى، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى بازرگانیى دانەوێڵەى عێراق لە بەشداریکردنى لە بۆڵتەنى کاژێر 11:00ى رووداو راگەیاند، تاوتوێى ئەوە کراوە، ئەو گەنمەى لە پێویستى ناوخۆ زیاد دەبێت، هەناردە بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد و لە سلێمانی و هەڵەبجەش سبەی پرۆسەکە دەستپێدەکات.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ حەیدەر گەرعاوى:
رووداو: لەبارەى پرسی وەرگرتنى گەنم لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبوونەتەوە، گەیشتن بە چى؟ چۆن دەتوانن سوود لە گەنمى هەرێمى کوردستان وەربگرن؟
حەیدەر گەرعاوی: هاوئاهەنگییەکی باڵا هەبوو لە نێوان وەزیرى بازرگانیی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بریکاری وەزارەتەکەوە، هەروەها هاوئاهەنگی هەبوو لە نێوان بەڕێوەبەرانی لقەکانمان لە هەرێمی کوردستان. وەرگرتنی گەنم دوێنێ لە فایدە لە دهۆک دەستیپێکرد، ئەمڕۆ پشتیوان بە خوا وەرگرتنی گەنم لە هەولێر دەستیپێکرد و لە سلێمانیش بەیانی دەستپێدەکات. لەم دوو رۆژەدا دەستمان بە وەرزی 2026ی وەرگرتنی گەنم کردووە، هەروەها تاوتوێی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کراوە و دوو رۆژ پێش ئێستا بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 40 ملیار دینارمان داوە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ و بەیانی ئەو بڕە پارەیە دەگات.
ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەم وەرزە لە ئاستێکی باشدا بوو، هەموو لقەکانمان لە هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران و هەموو دەزانن کە 400 هەزار تۆن لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدراوە، کە وەربگیرێت، بە هاوشێوەی بڕی ساڵی رابردوو کە 400 هەزار تۆن بوو. ئەم ساڵ سیستەمێکمان داناوە کە نۆرەگرتنەکەی ئەلیکترۆنییە و جووتیارەکە لە ماڵەوە و دەتوانێت رۆژی رادەستکردنی گەنمەکەی دیاری بکات، لەبری ئەوەی کە سەرەی زۆری بارهەڵگرەکان لەبەردەم سایلۆکان هەبێت و دوای چوار رۆژ گەنمەکەی بار دەکات و دەینێرێت بۆ سایلۆ، لەکاتێکدا پێشتر چوار بۆ پێنج رۆژ گەنمەکەی لەناو بارهەڵگردا دەمایەوە و پارەیەکی زۆری دەدا، ئەمە ئەو رێکارە نوێیەیە کە ئەم ساڵ هێناومانە و لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان پێی گەیشتووین.
رووداو: بڕى گەنمى یەدەگ لە سایلۆکان چەندە؟
حەیدەر گەرعاوی: گەنمی پارمان لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک ماوە، ئەمساڵیش 400 هەزار تۆن وەردەگیرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا 650 هەزار تۆن تێپەڕ ناکات، لەبەر ئەوە پێویستیی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان پڕ دەبێتەوە بەو بڕە گەنمەی کە هەیە لەگەڵ ئەو گەنمەی وەردەگیرێت. سێ ساڵە لە سەریەک عێراق تەنانەت یەک تۆن گەنمیشی بۆ ئاردی کۆبۆنی خۆراک هاوردە نەکردووە، هەموو ئەو ئاردەی کە لە رێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، ئاردی عێراقییە و لە گەنمی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت. توانای کۆگاکردنمان هەیە، با هاووڵاتیانمان لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دڵنیا بن لەوەی کە ئاردی پێویست هەیە تاوەکو وەرزی وەرگرتنی گەنمی ساڵی داهاتوو.
رووداو: نرخى ئەو گەنمەی وەردەگیرێت لەسەر چ بنەمایەک دادەنرێت؟
حەیدەر گەرعاوی: تایبەتمەندیی دیاریکراومان هەیە بۆ گەنم، کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە رێگەی لیژنەیەکی تەکنیکییەوە دیاری دەکات، کە گەنم بەبێ داشکاندن و گەنم بە داشکاندنەوە هەیە. ئەوەی بەبێ داشکاندنە بەگوێرەی ئەو نرخە دەبێت کە ئەنجوومەنی وەزیران دیاری کردووە، و ئەو گەنمەی کە بە داشکاندنەوەیە، بەگوێرەی رێژەی شێو و پاکی نرخەکەی کەم دەکرێتەوە و نرخەکانیان جیاوازە بەگوێرەی تایبەتمەندییەکانیان.
رووداو: تاوەکو ئێستا بڕى ئەو گەنمە چەندە کە لەعێراق وەرگیراوە؟ پێبیشنیتان بۆ بڕى گەنمى ئەم ساڵ چەندە؟
حەیدەر گەرعاوی: هەتاوەکو ئێستا سێ ملیۆن و 100 هەزار تۆن گەنمان لە هەموو پارێزگاکان وەرگرتووە. ئەمڕۆ وەرزی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان کرایەوە و لە نەینەواش کراوەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەین بڕەکە زیاتر بێت، پێشبینیش دەکەین بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەم ساڵ بگاتە چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن بۆ پێنج ملیۆن تۆن، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنمی کۆگەکراوی ساڵی رابردوو ماوە.
رووداو: کام پارێزگا زۆرترین گەنمى لێ وەرگیراوە؟
حەیدەر گەرعاوی: بڕی گەنمی وەرگیراو بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت، زۆرترین بڕی گەنم لە سەلاحەدین بووە و بەدوایدا پارێزگاکانی ئەنبار، واست، کەرکووک، نەجەف و موسەنا دێن، کەمترین بڕیش لە بەسرە بووە، کە کەمتر بووە لە 40 هەزار تۆن.
رووداو: بڕى بەرهەمهێنراوى گەنمى ئەم ساڵ لەگەڵ پار کەمتر یان زیاتر دەبێت؟
حەیدەر گەرعاوی: هەموو ئامارەکان تاوەکو ئێستا دەڵێن کە هەمان بڕی ساڵی رابردوو دەبێت کە نزیکەی پێنج ملیۆن و 100 هەزار تۆنە، کە کەم و زیاد دەبێت و بڕەکە بە وردی دەرناکەوێت هەتاوەکو رادەستکردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان و نەینەوا تەواو نەبێت کە دوایین پارێزگاکانن، ئەگەر هەیە لە 20ی حوزەیران دەربکەوێت کە چەند گەنم وەرگیراوە.
رووداو: گەنمى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک وەردەگرن؟
حەیدەر گەرعاوی: هەتاوەکو ئێستا تەنیا ئەوەی هەمانە لە ناو پلانی کشتوکاڵییە کە بۆ پارێزگای کەرکووک دیاریکراوە و چاوەڕێی گەنمی دەرەوەی پلان دەکەین کە تاوەکو ئێستا رادەستمان نەکراوە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەو بڕە گەنمە دەزانین کە لە دەرەوەی پلانی کشتکاڵی رادەستمان دەکرێت.
رووداو : پلان هەیە ئەو گەنمەی لە پێویستی ناوخۆ زیاد دەبێت هەناردە بکرێت؟
حەیدەر گەرعاوی: هەموو ساڵێک بڕێکی زۆری گەنم وەردەگرین، لە نێوان وەزیری بازرگانی و سەرۆکوەزیران و وەزیری کشتوکاڵ گفتوگۆ کراوە لەبارەى وەرگرتنی گەنم و هەناردەکردنی، بۆچوونی جیاواز هەبووە. حکومەت جدییە لەسەر ئەوەی ئەو گەنمە وەرگیراوەی زیاترە لە پێویست لە هەرێمی کوردستان یان ناوەڕاست و باشووری عێراق، رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ هەناردەکردنی و ئاسانکاری بۆ جووتیاران یان بازرگانان بکرێت بۆ هەناردەکردنی، بەوپێیەی ساڵانە بڕی گەنمی وەرگیراو زیاد دەکات.



