رووداو دیجیتاڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایانگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز لە کۆشکی سپی پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت. رۆژی سێشەممە 16-06-2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیێندراوێکی هاوبەشی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک ترەمپ بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێشوازیکردنە لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی تەممووزدا بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی ئەم پەیوەندییە گرنگە." ئەم راگەیاندنە لەگەڵ سەردانێکی باراکدایە بۆ بەغدا، کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی چەک داماڵین و هەڵوێست وەرگرتن دژی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن، تاوتوێ کرد. ئەمریکا لەم دواییانەدا گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیادکردووە بۆ چەک داماڵینی گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران. لە سەرەتای مانگی ئایاردا، واشنتن بەڵێنیدا، گواستنەوەی پارە و هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ عێراق دەستپێبکاتەوە کاتێک "هەنگاوی کرداری" دژی ئەو گرووپانە دەگیرێنەبەر. ئەم گرووپە چەکدارانە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆتایی شوباتدا هێرشیان کردبووە سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان لە عێراق، پێش ئەوەی ئاگربەست لە 8ـی نیسانی رابردوودا بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەمریکاش هێرشی کردبووە سەر هەندێک لەو گرووپانە، کە ئەمەش پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتنی گرژ کردبوو. عەلی زەیدی کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دەستبەکاربووە، بەڵێنیداوە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و هەروەها پابەندبوونی عێراقی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان لەگەڵ واشنتن دووپاتکردووەتەوە. ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، رۆژی دووشەممە رێککەوتنێکی بنەڕەتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە راگەیێندرا. عێراق ماوەیەکی درێژە بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانیش هەوڵیانداوە هاوسەنگییەکی ناسک لە نێوانیاندا بپارێزن.