رووداو دیجیتاڵ
4800 کیلۆمەتر خاکی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان مینڕێژە یان پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی تێدایە و پاک نەکراوەتەوە، کە 1.1%ـی تێکڕای رووبەری خاکی عێراق دەکات و 10 بۆ 15 ساڵ پێویستە بۆ ئەوەی پاک بکرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی بەدواداچوونێک کە (روانگەی عێراقی سەوز) کردوویەتی کە رێکخراوێکی تایبەتە بە ژینگە.
ئەمڕۆ دووشەممە، عومەر عەبدولـلەتیف، سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لە لایەنە حکومییەکانەوە دەستیان کەوتووە، 4800 کیلۆمەتر لە رووبەری خاکی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان هێشتا مینڕێژە یان لە پاشماوەی تەقەمەنی جەنگ پاک نەکراوەتەوە و زۆرترین رووبەری ئەو زەوییە لە سنووری پارێزگای بەسرەیە.
جەنگی 8 ساڵەی عێراق-ئێران و جەنگی کەنداوی دووەم و شەڕی داعش هۆکاری بوونی مین و پاشماوەی تەقەمەنین لەو رووبەرەی خاکی عێراق.
عومەر عەبدولـلەتیف رایگەیاند، پێش جەنگی داعش (2014-2017) زۆرترین رووبەری زەوی کە مین و پاشماوەی تەقەمەنی تێدابوو لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق بوون لەگەڵ ئێران و کوێت، بەڵام دوای ئەو جەنگە نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنباریش چوونە ریزی ئەو پارێزگایانەی کە زەوییان مینڕێژکراوە و پاشماوەی تەقەمەنی تێدایە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ئەو رێکخراوە، بەشێک لەو زەوییانە کشتوکاڵین و خاوەنەکانیان ناتوانن بەکاریان بهێنن.
سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاند، ئەو رێگرییە بۆ بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت و پاککردنەوەی ئەو 4800 کیلۆمەتر زەوییە پێویستی بە 10 بۆ 15 ساڵە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە چوار ملیار مەتر زەوی کە مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی تێدابووە، 62%ـی پاککراوەتەوە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆی 776 کیلۆمەتر زەوی کە مین و پاشماوەی جەنگی تێدا بووە لە هەرێمی کوردستان، تەنیا 213 کیلۆمەتری ماوە کە پاک بکرێتەوە.




