رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە چەند گوندێکی دەشتی نەینەوا و سنووری شاری موسڵ دەکەوێتەوە و بەرگریى شارستانیی عێراق دەڵێ، لە تەلەعفەر 110 دۆنم خەلە سووتاوە.
21ى حوزەیرانی 2026 محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگرێک لە دەشتی نەینەوا کەوتووەتەوە کە هەندێک ناوچەی قەزای حەمدانییە و ناحیەی بەرتەلە و قەزای باشیکی گرتووەتەوە و تەشەنەی سەندووە بۆ گوندەکانی سەر بە ناحیەی بادوش لە شاری موسڵ".
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، سەرەتای ئاگرەکە لە سووتاندنی پووش و پەڵاشەوە بووە و دواتر تەشەنەی سەندووە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە و بەشێک لە کێڵگەکانی چاندنی گەنمی گرتووەتەوە.
کەوتنەوەی ئەو ئاگرە هاوکاتە لەگەڵ دروێنەو رادەستکردنى گەنم لە سنووری نەینەوا، نزیکەی چوار ملیۆن دۆنم زەویی سنووری ئەو پارێزگایە بە گەنم چێندراون.
نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: بەهۆی ئەو ئاگرەوە لە سنووری قەزای تەلەعفەر، 110 دۆنم خەلە سووتاوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە رێگری لە سووتانی 40 دۆنم دیکە بکەن.




